خاکیپۆشکردنی نەورۆز لە گەرمەی قەیرانی سیاستکردن لە کوردستاندا

- Apr 14, 2025   |   سامان غەزاڵی
پێشەکی
گوتاری بەرخۆدانی مەدەنی لە دوو دەیەی ڕابردوودا نەورۆزی لە پەیوەندی ئەمری سیاسیی_فەرهەنگییدا وا بەربڵاو کردووە کە مۆرکی خۆی لە نەورۆز هەم وەک بۆنەیەکی کوردی و هەم وەک داڵی سەرەکی گوتاری کۆمەڵگای مەدەنی لێدا. کۆمەڵگای مەدەنی بەستێنیەکی گشتییە کە مەیدان و هەلی سیاستورزی و سووژەمەند بوونی جیاواز لە کۆمەڵگادا دەرەخسێنێ کە ئاراستەکەی بەرەو خۆبەرێکخستن و خۆبەرێوبەری لە ژوورترین توێیەکانی کۆمەڵایەتییە بە ئامانجی بەربەرەکانی لەبەرانبەر سەرکوتی پێکهاتەیی. بەستێنیەک کە شەڕی هێژموونیک تێیدا روودەدات، و کۆمەڵگای مەدەنی بە سازدانی داڵە سەرەکێکانی هەوڵدەدا لەبەرانبەر وەها شەرێکدا ڕاوەستێ. نەورۆز کە لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنی بە شێوەی پرفۆرمێنس دەرهات، لەو ماوەیەدا بوو بە مەیدانی سیاستکردن و بەرخۆدانی کۆمەڵگای مەدەنی لە بەرامبەر سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنی(یەکدەستسازی فەرهەنگی) حاکمییەت و هەر چەشنە سیاسەتێکی ناوەندگەرایانەی دەوڵەتی و حیزبی. سیاسەتی مەدەنی بە سازکردنی سیاسەتوەرز و چالاکی مەدەنی لە ڕێگەی کردە دیموکراتیکەکانەوە هەوڵیدا هەم مەیدانگەلێکی ڕەنگاوڕەنگ و فرەدەنگ و فرە ڕەهەند ساز بکات و هەم ئەم مەیدانە لە بەرانبەر هێزە هێژموونخوازەکان بپارێزێ. لە دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە سیاسەتی دەوڵەت لە مەڕ بەڕێوەبردنی بۆنەکانی نەورۆزەوە، لە ڕێگریکردن و شێوازی جەبرییەوە گۆڕدرا بۆ موداراکردن و کۆنترۆڵکردن، بەو پێیە مەیدانی تا ئاستێک بۆ بەڕێوەچوونی نەورۆزەکان بەکراوەیی هێشتەوە. ئەمساڵ سەرەڕای بەردەوامی وەها سیاسەتێک، چەند شوێن لە هێندێک ناوچەی وەک سەقز و مەهاباد و بۆکان و ورمێ، بۆ بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە لایەن دەوڵەتەوە دیاریکرا. دەسەڵات دەیهەوێ ڕوخسارێکی فەرهەنگی لە ژێر هەیکەلی فەرهەنگی ئێرانی بە نەورۆزەوە بلکێنێ و لە ساحەتێکی ئینسانناسانەدا نەورۆز بکاتە ئەمرێکی توریستی و مۆزەیی ، کە بە هۆیەوە ، خەڵک لە چوارقوڕنەی ئێرانەوە بێن بۆ سەیری نەورۆزی کوردستان. هەڵبەت ئەمە بە درێژایی مێژووی سیاسیبوونەوەی نەورۆز ویستی دەسەڵات بووە بەڵام ئەوەیکە وەها هەوڵێک جیا دەکاتەوە بە بنبەست گەیشتنی ئەمری سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن کە دەرهاوێژەی وەها سیاسەتێک لەم هەلومەرجەی قەیرانی سیاسەتوەرزیدا سڕینەوەی ئەمری سیاسی لێدەکەوێتەوە.
لە لایەکیتر لەم چەند ساڵەی دواییدا، سیاسەتی حیزبی کە لە قەیرانی سیاسیدا دەژیت، بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە گوشارەکانی بۆ سەر کۆمەڵگای مەدەنی زیادکردووە. سیاسەتی حیزبی دەمێک ساڵە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە خەریکە مەیدانی سیاستکردن مەدەنی بەرتەسک دەکاتەوە بەڵام لەو چەند ساڵەی دواییدا ویستی داگیرکردنی مەیدانەکانی سیاسەتی مەدەنی لە لایەن سیاسەتی حیزبییەوە لە حاڵەتی شاراوەوە گۆڕا بۆ حاڵەتی ئاشکرا، واتە سیاسەتی حیزبی نە تەنیا بە جامانە و گوڵی سوور قانع نەبوو بەڵکو بە هوتاڤ و ئاڵای حیزبیشەوە نەوەستا و ڕاستەوخۆ نەورۆزیان بە نەورۆزی خاکیپۆشان ناوزەد کرد. ئەوجار نەورۆز جلی خاکی دە بەر کرا و بوو بە مەیدانی پڕوپاگاندای حیزبی. لەو بەینەدا لایەنەکانیتری سیاسەته حیزبی کەوتنە ناو گەمەی خاکیپۆشانەوە و وەک بەرپەرچدانەوە و دژکردەوە هەر هێزێک هێماکانی خۆی بەکارهێنا. هێزەکانی ناو سیاسەتی حیزبی لە ڕێگەی تەکنیکەکانی فیلم هەڵگری وەک کلۆزئاپ یا دیپفوکوس ئاکارەکانیان بە نمایش دانا و لە گۆڕەپانی کۆمەڵگای مەدەنی خۆیان بازنەمایی کرد و وەک سەرکەوتن بۆخۆیان هەژمار کرد، لە حاڵێکدا ئەم هێزانە خەریک بوون دژی جەوهەری نەورۆز کە فرەڕەنگی و فرەدەنگییە هەنگاویان دەنا. هەرئەو جۆرەی پیەرمێرد دەڵێ “بەڵام ئەمســاڵ لە سایەی حیزبی حیزبانەوە نەورۆزەکەمان لێ تاڵ بوو”.
ئەم وتارە دەخوازێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە لە کاتێکدا کۆمەڵگای مەدەنی بە بنەماگرتنی پلۆرالیزمی سیاسی_فەرهەنگی نەورۆز وەک یەک لە داڵە سەرەکییەکانی بەرخۆدانی مەدەنی پێناسە دەکات، سیاسەتی حیزبی بە خاکیپۆشکردنی نەورۆز لە سەر بنەمای یەکڕەنگی و یەکدەنگی بەدوای چیدا دەگەڕێ؟ بەرهەمی ئەم ململانێ حیزبییە لە مەیدانی کۆمەڵگای مەدەنی چییە ؟
لەم وتارەدا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە بەشی یەکەمدا پەیوەندی نێوان سیاسەتی حیزبی و سیاسەتی مەدەنی شرۆڤە دەکەین و لە بەشی دووهەمدا پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزمی کورد و فمێنیسم لە دەلاقەی نەورۆزی “خاکیپۆشکراو”ەوە لێکدەدەینەوە.
سیاسەتی حیزبی و پارادایمی دژبەری
دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ و قەبزەکردنی دەسەڵات لەلایەن هێزە ئیسلامییەکانەوە، سازبوونی دەسەڵاتێکی تاکڕەگەزی سانتڕالیزەی مەزهەبی لێکەوتەوە و هەوڵەکان بۆ حەزف و سڕینەوەی “ئەویدی” و یەکدەستکردنی دەسەڵات و سەرکوتی نەتەوە ژێردەستەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە چڕتر بۆوە. کوردستان یەک لەم شوێنانە بوو کە لە بەرامبەر ئەو پێشهاتە و زەبر و زەنگی دەسەڵاتی نوێدا ڕاوەستا. چەوسانەوە و داگیرکاریی کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە کوردستاندا هەبوو ، قەڵشێکی گەورەی خستە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا. ئەم قەڵشە کە بەرهەمی زەخت و زۆر و چەوسانەوەی لە ڕادەبەدەری دەسەڵاتی کۆن و تازە بوو سەرچاوەی سازبوونی پارادایمێک بوو کە دەتوانین پێی بڵێین “دژبەریی”(تضاد) یان ئانتاگونیستی. ئەم پارادایمە پەیوەندی نێوان ڕەوابتی کۆمەڵایەتی و ئەمری سیاسی لە چوارچێوەی موناسباتی دەسەڵاتدارانەدا قەتیس دەکرد. ئەم پارادایمە بە پشتبەستن بە دەسەڵات پیوەندی نێوان ئەمری کۆمەڵایەتی و ئەمری سیاسی لەسەر تەوەری پیوەندی هێز سازماندا. بە جۆرێک کە کۆمەڵگای سیاسی بە پێیەی کە خۆی لەبەرانبەر سەرکوتی پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە بەشێک لە ئامانجەکانی دەبێتە گەیشتن بە هەمان پێوەرەکانی دەسەڵات، بۆیە مەیدانی بەرخۆدانی مەدەنی/کۆمەڵایەتی بە پێی مەیدانی خەباتی سیاسی/حیزبی لەسەر ئەساسی پارادایمی دژبەرانە رێکدەخسرێت.
لەو زەمەنە و لە ئاستی کۆمەڵگادا تەنیا حیزبی سیاسی توانای سازکردنی پەیوەندی نێوان ئەمری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبوو هەر بۆیە حیزب بوو بە پردی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئەمری سیاسی. نیو سەدەی دووهەمی سەدەی بیستەم لێوڕێژە لە بزووتنەوە، شۆرش و سەرهەڵدان کە لە رێگەی حیزبی سیاسییەوە لە هەر چوار بەشی کوردستان هەوڵی وەدەستخستنی مافە زەوتکراوەکان دەدرێ. لەو سەردەمەدا ئینقلابیبوون تەنیا لە حیزبیبووندا پێناسە کرابوو، بۆیەش دواتر بە پێداگری لەسەر ئەم بابەتە لەلایەن سیاسەتی حیزبی بە عەقڵییەتی دژبەرانە خۆی وەک پێکهاتەیەکی دژە ئینقلابی دەردەکەوێ. شەری ناوخۆیی نێوان هێزە سیاسیەکانی ساحەی کوردستان کە بە تەوەری دژبەرایەتی و بە پێی عەقڵییەتی دۆست/دوژمن خۆی رێکدەخات وێنایەکی تەواوی دژە ئینقلابی بوون و دژه شۆرشگێربوون بوو. پارادایمی دژبەری کە لە ڕێگەی چەوسانەوە بەسەر کۆمەڵگادا داسەپا نەک لەخزمەتی کۆمەڵگادا، بەڵکو لە خزمەت سیاسەتی حیزبیدا بوو کە بە یارمەتی وەرگرتن لە چەمک گەلی نەتەوە، پێکهاتەی چینایەتی و …. هەوڵی جێگیرکردنی خۆیدا. واتە هێزە جیاوازەکانی پێکهاتەی سیاسەتی حیزبی کە هەریەک پێناسەی جیاوازیان لەیەکتر هەبوو بە پشتبەستن بە پارادایمی دژبەرایەتی لە مەیدانی سیاسەتی حیزبیدا دەستیان بەشەری دەسەڵاتدارانە کرد و هەوڵیاندا خۆیان وەک هێزی یەکەم جێگیر بکەن. ئەمە بابەتێک بوو کە نەتەنیا پیوەندی بە خەباتی پێکهاتەی سیاسی_کۆمەڵایەتی کوردستان نەبوو بەڵکو لە چوارچێوەی دژە شۆرشگێربووندا جێی دەگرت و دەکەوتە خزمەت پیوەندی هێز و دەسەڵات.
لێرەدا گرێدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئەمری سیاسی قەتیس بە بۆنە حیزبییەکان و موناسباتی حیزبی بوو، ٢٥ی گەلاوێژ، ٢٦ی ڕێبەندان، ١٥ی تەباخ و دەیان بۆنەی حیزبیتر کۆمەڵگا و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکانی تێکەڵ بە سیاسەت دەکرد، سیاسەتێک کە لە چوارچێوەی حیزب و حیزبایەتیدا پێناسەی بۆ کرابوو. لەم بەینەدا پێناسەی دژبەریی بوو بەهۆکاری ئەوەیکە حیزب وێنایەکی ناتەواوی دەوڵەت بێ، بە واتایەکی باشتر پارادایمی دژبەریی حیزبەکانی بە جۆرێک ڕێکخست کە لە هەمبەری کۆمەڵگاش بە شێوەی دەوڵەت هەڵسوکەوت بکەن: ڕوانین و کرداری نادموکراتیک و ویستی سەرکوتکارانە.
دوای کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و ئێراق، هێدی هێدی شەڕی نێوان حیزبەکان و دەسەڵاتی ئیرانیش کۆتایی هات و هێزە کوردییەکان بەرەو باشووری کوردستان پاشەکشەیان کرد. هەبوونی جەستەیی حیزب لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی زایینی وردە وردە کەم ڕەنگ بۆوە. پەیوەندی نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگا تا هات بەرەو کزی ڕۆیی. “لە تەک کۆمەڵگایەک کە ئیدعای بازنەمایی ئەویان هەبوو پەیوەندییەکی لاوازیان هەیە و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە لە ئۆپۆزیسیۆن هەر نێوەکەی بە دوای خۆیاندا ڕادەکێشن.(عباس وەلی، ٢٠١٨) حیزبەکان کەوتنە ناو دۆخی تازەوە بەڵام جگە لە هەڵپەساردنی شەڕی چەکداری و گرتنە بەری کەمپ نشینی هیچ ستراتیژێکی نوێیان نەگرتە بەر. دیار نەبوو لەمە بەدوا سیاسەتی حیزبی چۆن دەیەوێ و دەتوانێ پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکان بە ئەمری سیاسی گرێبدات، ئەم بابەتە تا ئێستاش هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە. ” ئەم دۆخە مەیدانی گوتاریی و سیاسیی_نیزامیی و هەروەها سەربەخۆیی سیاسی لە حیزبەکانی رۆژهەڵات ئەستاند. دوورخستنەوە، گۆشەگیریی و نەبوونی چالاکی ئەوانی کردە هێزگەلێکی بێکاریگەر(وەلی، ٢٠١٨). ئەمەش بوو بە هۆکاری وەیکە پەیوەندی نێوان ڕەوابتی کۆمەڵایەتی و ئەمری سیاسی بکەوێتە ناو قەیران و بنبەستێکی مەعریفەتناسانەوە. بە واتایەکیتر سیاسەتی حیزبی لە دەستپێکی دەیەی ٩٠ی زایینییەوە کەوتە بنبەستی سیاسی و نەیتوانی ڕۆڵی پردێک بگێڕێ لە نێوان پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئەمری سیاسیدا. لێرەدا بنبەستی سیاسی بە مانای نەبوونی توانای بەرهەمهێنانەوەی فەزای سوژەمەندی سیاسی/مەدەنی و نەبوونی توانای بەرێوبەریی و بەرهەمهێنانی تاکتیکەکانی بەرخۆدان و دابڕانی پیوەندی نێوان ئەمری سیاسی و ئەمری کۆمەڵایەتییە.
دوای کەوتنە ناو قەیرانی سیاسەتی حیزبی ، ڕۆژهەڵات نیزیک بە یەک دەیە بێدەنگ بوو. ئەم بێدەنگییە بەرهەمی جێگیربوونی دەسەڵات و سەرکوتی هێزە سیاسییەکان و ئاڵوگۆڕ لە موناسباتی جیهانیدا بوو، هەروەها نەبوونی توانای ئاڵوگۆڕ و خۆڕاهێنان لە تەک وەها هەلومەرجێک لە لایەن سیاسەتی حیزبییەوە بوو بە هۆکاری قەیرانی سیاستکردن لە کوردستان.
دەستپێکی ٩٠کان هاوکات بوو لەگەڵ سەرۆک کۆماری “ڕەفسەنجانی” کە بە سەردەمی “سازندگی” ناوی دەهێنرا، دەورەیەک کە دەروازە ئابووری و فەرهەنگی ئێران بەرووی ئورووپا و وڵاتە رۆژئاواییەکاندا کرایەوە و نرخە لیبراڵی و نئۆلیبراڵییەکان لە پانتایی کۆمەڵگادا بڵاو بوونەوە. دوای گەشەکردنی ئایدۆلۆژی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەرەی ڕێفۆرمخواز کە بە ٢ی خوردادی دەناسران سەریان هەڵدا. بە هاتنە سەر دەسەڵاتی خاتەمی کە نوێنەری ڕێفۆرمخوازەکان بوو گۆمەڵگا تا ئاستێک کرانەوەی بەرەو ڕووی خۆی بینی. خوێندکاری کورد ڕژانە ناو زانکۆکانی ناوەند و پەیوندی نیوان ناوەند و کۆمەڵگای کوردی لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەت زانستیدا گەشەی کرد. کۆمەڵگای کوردستان دوای نیزیک بە یەک دەیە هەوڵیدا کە جیا لە سیاسەتی حیزبی شێوازی نوێی بەرخۆدان بێنێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان. دەستپێکی سەدەی بیستویەکەم کۆتایی بێدەنگی رۆژهەڵات بوو. ڕۆژهەڵات لەم قۆناغەدا هەوڵی ئافراندنی مەیدانی نوێی بەرخۆدان دەدات و فۆڕمە نوێیەکانی سووژەگی دەخوڵقێنێ. کۆمەڵگا هەوڵدەدا لە شێوازی سانتڕالیزەی سیاسەتی حیزبی کە پێشتر ئەزموونی کردووە دەرباز بێ و شێوازە پلۆرالیزەکانی سوژەی سیاسی تاقیبکاتەوە. بۆیە لە ٢٠٠٠ بەولاوە کۆمەڵگای مەدەنی گەشە دەکات و سوژەی سیاسی لە چوارچێوە و قالبی چالاکی مەدەنی، ژینگەیی، ژنان، ئاشتی، زمان، فەرهەنگی، مافی مرۆڤ و … دا خۆی دەبینێتەوە. ئەو شێوازە لە سووژەگیی ” چالاکبوونی سیاسی لە ڕۆژهەڵات بە شێوازی کۆنی سیاسەتی حیزبی لە بەرژەوەندی سیاسەتی کۆنشگەری مەدەنیدا ئاڵوگۆڕ پێدەدات”( ولی و روحی، ٢٠٢٠)
ئەمە بەو واتایە نییە کۆمەڵگای مەدەنی لە بەستێنیەکی تەواو سەربەخۆ و جیاواز لە سیاسەتی حیزبی سەرهەڵدەدات و کۆمەڵگا بە تەواوی لە سیاسەتی حیزبی تێپەڕ دەبێ و دادەبڕێ، بەڵکوو بەو واتایەیە کە دوای بنبەستی سیاسەتی حیزبی و یەک دەیە بێدەنگی لە ڕۆژهەڵات کۆمەڵگا هەوڵدەدات خۆی بە سیاسەتی حیزبی و قەیرانەکانی نەبەستێتەوە و لە ڕێگەی سیاسەتی مەدەنی خۆی لەو بێدەنگییە ڕزگار بکات. ڕاستە کۆمەڵگای مەدەنی لە ٢٠٠٠وە گەشە دەکات بەڵام مێژووی کۆمەڵگای مەدەنی و بەستنی جومگە سەرەتایەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەگەرێتەوە بۆ پاییزی ساڵی ١٣٥٨ و سازبوونی شورا و کومیتەکانی شاری سنە. چەند مانگ دەسەڵاتی شورایی و خۆبەرێوبەری بە شێوازی کومیتەیی و سازبوونی بنکەکان لە سنە، بوو بە هۆکاری گرێدانی توندووتۆڵی سیاسەت بە ئەمری کۆمەڵایەتێوە کە ئەزموونێکی گرینگە بۆ خەباتی ڕۆژهەڵات، ئەم خۆبەرێوبەرێیە کە بە نەورۆزی خوێناوی سنە و سەرکوتی کۆمەڵگا کۆتایی هات هەوێنی سازبوونی کۆمەڵگای مەدەنی لە ٢٠٠٠ بەوڵاوە بوو. کۆمەڵگای مەدەنی بە کەڵک وەرگرتن لەم ئەزموونە هەوڵیدا بەستێنیەکی گشتی ساز بکات و داڵە سەرەکیەکانی سازمان بدات، نەورۆز و ئێکۆلۆژی و مافی مرۆڤ دەبنە سێچوکڵەی سەرەکی داڵی بەرخۆدانی مەدەنی لە کوردستان. بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنی نە بەستێنیەکی دەوڵەتییە و نە بەستێنیەکی حیزبی، هەرچەند لە لایەک دژکردەوەیەکە بەرانبەر دەوڵەت و سیاسەتە داپڵۆسێنەرەکانی و لە لایەکی دیکەش هاودڵییە بەرانبەر بە سیاسەتی حیزبی و جۆرێک خۆڕەخنە کردنی کۆمەڵایەتییە بەڵام کۆمەڵگای مەدەنی مەودایەکی نێوان ئەم دوو بەستێنەیە کە هەوڵدەدا مەیدانگەلێکی فرەرەهەند ئاوا کات بۆ ئەوەی سوژەی سیاسی_مەدەنی باورمەند بە نرخە دیموکراتیکەکان ساز بکات. گوتاری کۆمەڵگای مەدەنی گوتارێکە کە لەوەها بەستێنیەک سەرچاوە دەگرێ و هەوڵی بەرخۆدان لەبەرانبەر گوتاری زاڵی کۆمەڵگای سیاسیدا دەدات. دەتوانین گوتار وەک ئەو کردانە چاو لێبکەین کە بەدوای مانا بەخشێدا دەگەرێن و لە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنیدا هەوڵی ئاواکردنی سوژەی بەرخۆدێر دەدەن.
ئاڵوگۆڕ لە شێوازی خەبات و بەرخۆدان لە سیاسەتی حیزبی بۆ سیاسەتی مەدەنی مژارەکانی پەیوەندیدار دەگەڵ شوناس و نەتەوە زەقدەکاتەوە. بە واتایەک مژاری شوناسخوازی و شوناسی سیاسی و بۆنە نەتەوەیەکان جێگەی سیاسەتی حیزبی و بۆنە حیزبییەکانی گرتەوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵگای مەدەنی بابەتەکانی لە نیسبەتی ئەمری فەرهەنگی_سیاسی دا پێناسەکرد. گوتاری بەرخۆدانی مەدەنی بە پێچەوانەی سیاسەتی حیزبی، ئەمری فەرهەنگی_سیاسی نەک لە چوارچێوەی پارادایمی دژبەریی(ئانتاگونیستی) بەڵکوو لە چوارچێوەی پارادایمی بەربەرەکانی(منازعە) یان ئاگونیستیدا پێناسەکردەوە. سیاسەتی حیزبی سیاسەتێکە کە ڕووی لە دەسەڵاتە(قدرت)، بۆیەش لە چوارچێوەی پارادایمی دژبەرییدا و دووئالییتەی دۆست/دوژمن پۆلێنبەندی دەبێ بەڵام سیاسەتی کۆنشگەری مەدەنی کە ڕووی لە ئەمری دیموکراتیکە خۆی لە بەربەرەکانی(منازعە) و دووئالیتەی هاوڕا/موخالف دا دەبینێتەوە.
دوو دەیە بەربەرەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە بەرامبەر ڕووخسارە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات مەیدان و فەزای جۆراوجۆری خەباتی پێشخست. نەورۆز یەک لە گرینگترین بۆنەکان بوو کە لە لایەن کۆمەلگای مەدەنی کرا بە مەیدانی خەبات و بەرخۆدان. سارۆ ئەردەڵان لە وتارێکدا هەوڵی موسادەرەی نەورۆز لە بەرژەوەندی سیاسەتی حیزبیدا دەدات و دەڵی : ”دوای بووژانەوەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت دوای ڕاسانی حدکاوە نەورۆز وەکو بۆنەیەکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووژاوەتەوە”.( ئەردەڵان، ٢٠٢٤) نرخاندنی نەورۆز وەکو کارناواڵێکی سیاسی کە دوای پرۆژەی ڕاسان ڕوودەدات، قۆرخکردنی نەورۆز و بە لاڕێدابردنی مێژوویە، وەها پێناسەیەکی ناڕاست لە نەورۆز کە له لایەن ڕووناکبیری حیزبییەوە دێتە ئاراوە ڕاستەوخۆ دەیهەوێ نەورۆز داگیربکات و بیخاتە سەر موڵک و داراییەکانی حیزب. ئەمە لە حاڵێک دایە کە نەورۆز لە مێژووی سیاسەتی حیزبیدا میکانیزم و داڵی بەرخۆدانی سیاسەتی حیزبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێکهاتەی دەسەڵات نەبووە. سیاسەتی حیزبی لە مێژووی خۆیدا نە لە ئاستی گوتاری و نەلە ئاستی پێکهاتەییدا نەورۆزی وەکو مەیدانی بەرخۆدان یان داڵی بەرخۆدانی سیاسەتی حیزبی وەک خەباتێکی دژە ستەم بەکار نەهێناوە. ئەساسەن نەورۆز بۆ سیاسەتی حیزبی پرۆبلماتیک(پرسگر) نەبووە. ڕاستە کە لە گەرمەی حکومەتی شورایی و بنکە دیموکراتیکەکانی شاری سنە نەورۆزی ساڵی ٥٩ی سنە دەبێتە ” میوانداری هەزاران میوانی نەورۆزی لە سەرانسەری ئێرانەوە کە بۆ دیدار لە کوردستانی شۆرشگێر دەهاتن” (پێشەنگ، خاکەلێوەی ٦٥) بەڵام ئەمە بابەتێکە کە تەنیا قەتیس بە ساڵی بە هەمان ساڵە و لە چوارچێوەی ئەمری سیاسیدا مانادار نییە. سیاسەتی حیزبی بە پێچەوەانەی باکوری کوردستان ناتوانێ لە ئاستی گوتاریدا ئەم گۆرانکاریانەی کە پێویستن نەورۆز وەکو داڵی بەرخۆدان پێناسە بکەن بیانپێکێ، بپیە نەورۆز وەک داڵی بەرخۆدان لە پەراوێزی سیاسەتوەرزیدا دەمێنێتەوە و تەعلیق دەبێ. بە پێچەوانەی نرخاندنی سارۆ ئەردەڵان، دوای بنبەستی سیاسەتی حیزبی ئەوە لێگەڕانی کۆمەڵگای مەدەنی و سیاسەتی مەدەنی بوو کە بۆ دۆزینەوەی ڕەهەندی دیکەی سیاستکردن لە کۆردستان و سازکردنی میکانیزمەکانی سیاستکردن دەست دەخاتە ناو پرسە تەعلیق کراوەکان و نەورۆز پرۆبلماتیزە(پرسگر) دەکات و وەکوو مەیدانی سیاسەتی بەرخۆدێرانەی دژەستەم دێهێنێتە ناو گۆرەپانی ئەمری سیاسییەوە. هەر بەو شێوەی ئاسۆ جەواهری باس دەکات کۆمەڵگای مەدەنی لە مەریوان نەورۆز دەکاتە مەیدانی بەرخۆدان و لە کۆتایەکانی دەیەی ٩٠ی زاینی هەوەڵ پرفورمێنسی نوێی نەورۆزی لەو شارە بەرێوەدەچێ.( جەواهری، ٢٠٢٤) لەو سەردەمەوە بوژانەوەی نوێ لە کوردستان روو دەدات و کۆمەڵگای مەدەنی بۆ ساز کردنی گوتاری سیاسەتی مەدەنی مکانیزمەکان و داڵە سەرەکیێەکانی خۆی ساز دەکات. نەورۆز و پرسی ئێکۆلۆژیکی بەخیرایی سیاسی دەبنەوە و دەبنە داڵی سەرەکی بەرخۆدانی مەدەنی لە کوردستان.
نەورۆز پێش کۆتایی هاتنی دەیەی ٩٠ی زاینی شێوازێکی پچڕ پچڕ و بنەماڵەیی هەبوو، بەو واتایەی کە ” چەند بنەماڵە بە شێوەی جوداجودا لە سەربان یان بەردەرگای ماڵان ئاگری نەورۆزیان دەکردەوە”(وەلی و روحی) بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا دەبێتە مژارێکی جەمعی کە بە شێوەی بەکۆمەڵ لە شوێنێکی تایبەت بەڕێوەدەچێ، لەمەو بەدوا نەورۆز دەبێتە گوتاری زاڵی کۆمەڵگای مەدەنی کە وەک هێمایەکی نەتەوەیی پێناسەی بۆ کرا. زاڵبوونی گوتاری سیاسەتی بەرخۆدانی مەدەنی و شێوازی چالاکی ( کنشمندی) سیاسیی لە ناو ئەم گوتارەدا فۆڕم و ناوەرۆکی جەژنی نەورۆزی لە ڕۆژهەڵات تووشی گۆڕانکاری بنەڕەتی کرد. “ڕێوڕەسمی نەورۆز بەشێوەیەکی واتادار ئاماژەی سیاسی جیاوازی بەخۆوە گرت و لە ڕەوتی ئەم ئاڵوگۆڕەدا دێهاتەکان بوون بە ناوەندی بەڕێوەچوونی نەورۆز کە بە شێوەی پێرفورمێنسێک دەرهات”(وەلی و روحی،1399)” پێرفرمنسێکی سیاسی کە لە هەمان کاتدا کە ئیمکانی نوێ دەخوڵقێنێ، پێشڕەوی دەکا و هێزی جیاوازی سیاسی و سووژەی سیاسی لە خۆی کۆ دەکاتەوە(جەواهری،1403). پێرفورماتیو بوونەوەی نەورۆز کە هاوتەریب لەتەک ئێکۆلۆژیک بوونەوەی بەرخۆدانی سیاسەتی مەدەنی (وەلی و روحی، 1399) ڕوو دەدات، گوتاری بەرخۆدانی مەدەنی ڕۆژهەڵات لە لایەک پلۆرالیزە دەکات و لە لایەکی دی دەبێتە سیمبولی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و لە لایەکیتریش هەلومەرجی ڕێکخستنکردنی کۆمەڵایەتی و بەرێکخستنی کۆمەڵگا دەڕەخسێنێ.(غەزالی، ٢٠٢٤) گوتاری بەرخۆدانی مەدەنی نەخشە ڕێیەکی دیموکراتیک بوو بۆ وێژمانی سیاسی لە ڕۆژهەڵات کە نەورۆز یەک لە داڵەکانی ئەم گوتارەیە(رەستگار، ٢٠٢٤).
ئافراندنی فەزاگەلێکی دیموکراتیک و مەدەنی، سازکردنی ئەنجوومەنەکان، ناوەندە سینفییەکان، کۆمیناڵ و شوڕا خەڵکییەکان لە ئاستی گەڕەکەکان و فۆرمگەلی تازەی کاری هەرەوەزی و هاوبەش ، بەرهەمی دوو دەیە بەرخۆدانی سیاسەتی مەدەنییە. سوژەی سیاسەتی مەدەنی بە کەڵکوەرگرتن لە فەزای بەربڵاوی کۆمەڵگای مەدەنی توانی خۆی سازمان بدات و لە ڕاستای شوناسی سیاسیدا هەنگاو بنێ؛ ئێکۆلۆژی و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان؛ مەدەنی و یارمەتی بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان و فۆرمە جەمعییەکان لە دەورەی گشتگیربوونی کرۆنا؛ فەرهەنگی و پەروەردەی زمانی دایکی و هەروەها کۆمەڵایەتی و بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و دەیان ئەکتیتر بەرهەمی خەباتی کۆمەلگای مەدەنییە. کۆمەڵگای مەدەنی لە ناوەرۆکی خۆیدا مەیدانی هەڵە و فێربوون و ئەزموونکردنە، مەیدانی گەشە و نەشەی کەسایەتی و خۆدیتنەوە و خۆناسین و ”’ئەویدی” ناسینە، مەیدانی سیاستکردن و بەڕێوهبەری کۆڕ و کۆمەڵەکان و کۆمەڵگایە، بۆیە سیاسەتی مەدەنی ڕووی لە ئەمری دیموکراتیکە. سارۆ ئەردەڵان لە درێژەی تێکهەڵکێشانی نەورۆز و ڕاساندا دەڵێ: ”نەورۆز سیاسیبوونەوەیەکی مۆدێرنە کە نوخبەی کورد بە گەیشتن بە ئامانجی سەروەری نەتەویی سازی کردووە”.(ئەردەلان،٢٠٢٥) مەبەستی ئەردەڵان لە سەروەری نەتەوەیی لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبییە کە دەرئەنجامەکەی دەوڵەت_نەتەوەیە. راستە کە ئامانجی نوخبەی کورد (ئێلیتی کۆمەڵگای مەدەنی) سەروەری نەتەویییە بەڵام نوخبەی کورد سەروەری نەتەویی لە کانسێپتی سیاسەتی حیزبی دا فام ناکا بەڵکو ئەو سەروەرییە لە چوارچێوەی کۆمەڵگای مەدەنی و سازدانی دامودەزگا بەربڵاوەکانی دموکراسیدا تێدەگات. واتە کۆمەڵگای مەدەنی بە پێچەوانەی سیاسەتی حیزبی ئەمری دیموکراتیک و دیموکراتیزە کردنی کۆمەڵگا بە بنەما دەگرێت. ئەمە دوو جەمسەری وەک یەک بەڵام لێک جیاوازن، سیاسەتی حیزبی ڕووخان و بەرئەندازی لە سەر ئەساسی دەسەڵات بە بنەما دەگرێ بۆ سازکردنی سەروەری نەتەویی بەڵام کۆمەڵگای مەدەنی سازکردنی بناغە دیموکراتیکەکان بە بنەما دەگرێ بۆ سازبوونی سەروەی نەتەویی. بە واتایەکیتر سەروەری نەتەوەیی لە دەلاقەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا تێپەڕ دەبێت نەک پێچەوانەکەی. هەروەها لێرەدا سیاسەتی حیزبی وەک سیاسەتی بەرخۆدێرانەی کورت خایەن دەردەکەوێ کە دوای پێکانی ئامانجەکانی(رووخانی دەسەڵات) خوی دەبێتە دەسەڵات و لە حاڵەتی بەرخۆدێرانە دەردەکەوێ. بەڵام سیاسەتی کۆمەڵگای مەدەنی سیاسەتێکی بەرخۆدێرانەی درێژخایەنە کە لە چوارچێوەی چاکسازیخوازی ڕادیکاڵدا لەبەرانبەر هەر چەشنە دەسەڵاتێک ڕادەوەستێ و هەوڵی ئاوا کردنی بنچێنە دیموکراتیکەکان دەدات.
بۆیە نوخبەی کورد نەک بۆ ڕووخانی دەسەڵات و بەرئەندازی بەڵکو بۆ گەیشتن بە بەرخۆدانێکی فرەڕەهەندی دژەستەم نەورۆز سیاسی دەکاتەوە. لێرەدایە کە سیاسەتی حیزبی بە بنەماگرتنی دەسەڵات/ڕووخان رەهەندەکەی لە ڕەهەندی هێزە سەڵتەنەتخوازەکان نیزیک دەبێتەوە.
بەڵام لە لایەک سەرکوتی پێکهاتەی دەسەڵات لە ماوەی ئەم دوو دەیەدا کە دەرئەنجامەکەی بوو بە سڕینەوە و حەزفی بەشی زۆری ئێلیتی کۆمەڵگای مەدەنی، هەروەها لە لایەکی دی ویستی دەربازبوونی سیاسەتی حیزبی لە قەیرانی بنبەستی سیاسی لە ڕێگەی خۆسەپاندن بەسەر کۆمەڵگای مەدەنی کە دەرئەنجامەکەی بەرتەسکبوونەوەی مەیدانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بوو، بوون بە هۆکار کە “گوتاری سیاسەتی بەرخۆدانی مەدەنی تووشی بنبەستی سیاسی بکات.”(غەزالی، 1403) دوای دەرکەوتنی زیاتری فۆڕمە جیاوازەکانی کاری هاوبەش لە بوومەلەرزەی کرماشان و دواتر ئێپیدێمی کۆرۆنا، سیستەمی دەسەڵات گوشارێکی زۆری خستە سەر کۆمەڵگای مەدەنی، گوشارەکانی سیاسەتی حیزبیش بۆ قۆرخکردنی مەیدانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەم زەبروزەنگەی پێکهاتەی دەسەڵاتی چەند قات کردەوە، دوای ئەم گوشارانە و سڕ کردنی ئێلیتی کۆمەڵگای مەدەنی سیاسەتی بەرخۆدانی مەدەنی تووشی بنبەستی سیاسی دەبێ کە توانایی گرێدانی پیوەندی کۆمەڵایەتی و ئەمری سیاسی لە کۆمەڵگای مەدەنی لاواز دەکات. بە ڕای نووسەر یەک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی ئەم دۆخەی کۆمەڵگای مەدەنی بوو.
سیاسەتی حیزبی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوو لەناو قەیران و بنبەستی سیاسیدا ژیانی تێپەڕ کرد، ئەمە خۆی بەرهەمی هەلومەرجێکی مێژوویی و سیاسی تایبەت بوو کە تا ڕادەیەک باس کرا، بەڵام سیاسەتی حیزبی لەو ماوەیهدا نەیتوانی ئاڵترناتیڤ بۆ هاتنەدەر لە قەیرانەکانی بدۆزێتەوە و لە سەر هەمان ڕێچکەی کۆن درێژەی بە ژیان و خەباتی خۆیدا. هەڵسوکەوتی سیاسەتی حیزبی لە هەمبەر جۆریتری سیاستکردن لە کوردستان بە پێی هەمان پارادایمی دژبەرانە بەرەوپێش چوو و بەردەوام هەوڵیدا لە گۆڕەپانی سیاسەتی بەرخۆدانی مەدەنی سوژەی حیزبی ساز بکات و مەیدانەکان لە بەرژەوەندی حیزبی دا داگیر بکات. نەورۆزی خاکیپۆشان میناکی زەقی ئەم هەلومەرجەیە کە بەرهەمی قەیرانی سیاسەتی حیزبی و بنبەستی سیاسی و دەربازنەبوون لە پارادایمی دژبەرییە. دەرئەنجامی گۆنگرەی حیزبی بەجێگەی ئەوەی تاکتیکی نوێی لێبکەوێتەوە و مەیدانی تازەی سیاسەت وەرزی حیزبی ئاوا بکات دەرئەنجامی قۆرخکاری مەیدانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لێدەکەوێتەوە و بریاری موسادرەی نەورۆز بە جلی خاکی لێدەردەچێ. خاکیپۆش کردنی نەورۆز بەرهەمی عەقلییەتی نوخبەگەرایانەی حیزبییە کە نەورۆز و پڕۆژەی ڕاسان تێکهەڵکێش دەکات. پێدەچێ مەبەستی سارۆ ئەردەڵان لە بەلاڕێدابردنی نەورۆز و تێکهەڵکێشانی نەورۆز بە پرۆژەی ڕاسان شاردنەوەی شکستی پرۆژەی ڕاسان بێ، بە واتایەکی تر سارۆ ئەردەڵان بە وەها تێکهەڵکێشانێک دەیەوێ شکستی ڕاسان پەردەپۆش بکات و بڵێ کە ڕاسان لە بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆژەکانی سەرکەوتوو بووە و شکستی نەخواردۆ، لەو نرخاندنەدا نەورۆز دەبێتە موڵکی ڕاسان و لێی بەخاوەن دەردەکەوێ و شکستەکەی لە سایەی نەورۆز و لە رێرەوی جامانەی بە حیزبیکراو و خاکیپۆشانەوە بزر دەبێ و دەشاردرێتەوە.
هەرچەند پێکهاتەی سیاسەتی حیزبی یەکدەست و یەکپارچە نییە و ڕوانینی هێزە جیاوازەکانی ناو سیاسەتی حیزبی بە نیسبەت کۆمەڵگای مەدەنی و نەورۆز لە ئاستی گوتاریدا جیاوازی هەیە بەڵام لە چوارچێوەی کرداریدا نیزیکایەتی ساز دەبێ و هێزەکان دەکەونە ناو گەمەی سیاسی یەکتر و بە شێوەی نادیموکراتیک مامەڵە دەکەن و هەوڵی خۆسەپاندن بەسەر کۆمەڵگای مەدەنیدا دەدەن.
کاتێک کۆمەڵگای مەدەنی کەوتە ناو بنبەستی سیاسی هەم لایەنی دەسەڵات و هەم سیاسەتی حیزبی ئەو دەرفەتەیان بە کار هێنا و هەوڵیاندا بە دوو جۆری جیاواز بەڵام هاوتەریب کۆمەڵگای مەدەنی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و سووژەی دەسەڵاتدار و حیزبی لە ڕاستای بەرژەوەندی خۆیاندا ساز بکەن.
پێکهاتەی دەوڵەت لە ناو ئەم بنبەستە سیاسییەدا خەریکە سیاسەتزودایی لە نەورۆز دەکات، دەسەڵات هەوڵدەدا نەورۆز کە هەڵگری پێناسەی فەرهەنگی_سیاسییە پێناسەیەکی فەرهەنگی ڕووتی پێببەخشێ و بە برەندسازی فەرهەنگی بیکاتە مۆزەخانەیەکی جوانیناسانە و بە شێوەی کاڵایی و توریستی نەمایشی کات. بەڵام سیاسەتی حیزبی هەوڵ دەدا نەورۆز بکاتە بۆنەیەکی حیزبی و لە سەر ئەو بنەمایە سیمبۆل و نەماد و ویستی حیزبی دەخزێنێتە ناو بۆنەکانەوە. حیزبیبوونەوەی بۆنەیەکی نەتەوەیی چەند ئاکامی لێدەکەوێتەوە:
یەکەم؛ ئیزۆلەکردنی نەورۆز، چونکە نەورۆز یەک لە داڵە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە و دانی پێناسەی حیزبی بە مانای بەرتەسککردنەوەی نەورۆز لە چوارچێوەی خەباتی حیزبی دایە و لە هەمان کاتیشدا لەمپەرخستنە بۆ بەشداری هەموو چین و توێژەکانیی کۆمەڵگا.
دووهەم؛ نەمایشی هێز، نەمایشێک کە هەم ڕووی لە خودی سیاسەتی حیزبییە هەم ڕووی لە کۆمەڵگای مەدەنییە و هەم ڕووی لە لایەنی دەسەڵاتە. بە واتایەک سیاسەتی حیزبی هەم بەگژ خۆیدا دەچێتەوە هەم بە گژ کۆمەڵگادا. ئەمە بەو واتایەیە کە گرێدانی پیوەندی کۆمەڵایەتی لە تەک ئەمری سیاسی هیچ بابەتییەتی(موضوعیت) نییە و ئەوەی گرینگە نەمایشی هێز لە ڕێگەی جلی خاکی و جامانەیە. تێکۆشانی بەرخۆدانی مەدەنی لە ماوەی دوو دەیە نەورۆزی کردە مەیدانی بەرخۆدانی کۆمەڵگا، خاکیپۆش کردنەوەی و بەحیزبیکردنی نەورۆز جۆرێک گواستنەوەی ڕێڕەوی شەڕە لە دەسەڵاتەوە بۆ کۆمەڵگا، سیاسەتی حیزبی خەریکە شەر لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکات.
سێهەم؛ بە فەرهەنگیکردنیی ئەمری سیاسی. سەرمەستی لە سەرکەوتنی خۆ بە نەمایشدەرهێنان چاوپۆشی لە فەرهەنگیبوونەوەی ئەمری سیاسی لێدەکەوێتەوە، ویستی نەمایشی لباس و جامانە کە تەنیا لە ڕمبازێنی پیاوانەدا مەجال پەیدا دەکا ، نەورۆزی تەنیا کردۆتە شایی و هەڵپەڕین کە لە داوێنی سروشتەوە بەڕێوەدەچێ بێ ئەوەی هەڵگری هیچ گوتەیەکی سیاسی بێ. نەورۆز دەبێتە شوێنی نەمایشی سووژەی حیزبی بێ ئەوەی هیچ سیاستکردنیک ڕووی دابێت.
چوارەم؛ بەرهەمهێنانەوەی موناسباتی دژە ژنانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا. سیاسەتی حیزبی تا ئێستاشی لەگەڵ بێ سیاسەتێکی مەعتووف بە ڕەگەزی پیاوە، حیزبیکردنەوەی نەورۆز، نەورۆز دەکاتە شوێنێکی پیاوانە کە ڕێگە لە بەشداری کردنی ژنان دەگرێت. ئەمە جۆرێک پاڵاوتن ساز دەکات کە ژن بۆ بەشداربوون لە مەیدانی حیزبیدا تەنیا دەتوانێ بە نەمادی پیاوانەوە بەشدار بێ. بە جۆرێک نیزامیکردنەوەی گۆڕەپانی مەدەنی لێدەکەوێتەوە.
پێنجەم؛ یەکدەستسازی فەرهەنگی بەپێی نەمادگەلی حیزبی. خاکیپۆشکردنی نەورۆز بە واتای سڕینەوەی ڕەنگەکانە. نەورۆز لە مەیدانی سیاسەتی مەدەنی بە تەنەوعی ڕەنگەکانەوە کە خۆی بە مانای پلۆرالیزمی فکری و سیاسی دێ بەستێنێکی پلۆرالیزە و بەربڵاو ساز دەکات، یەکدەستکردنی نەورۆز بە جلی خاکی و جامانە یان هەر جلێکیتر کە وێنایەکی سیاسی_نیزامی هەیە خۆی وێنایەکە لە لۆژیکی داگیرکەر کە بە پێی مێشکی پیاو سالارانەوە ویستی یەکڕەنگکردن و یەکدەنگکردنی هەیە.
بە گشتی سیاسەتی حیزبی لە جێگەی وەیکە بەخۆیدا بچێتەوە و و هەوڵی دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی بدات بە شێوازی دژبەرانە خەریکە خۆی بەسەر مەیدانەکانی گوتاری سیاسەتی مەدەنیدا دەسەپێنێ. خاکیپۆشکردنی نەورۆز یان باشتر بڵێین بە حیزبیکردنی مەیدانی مەدەنی ئاماژە بە قەیرانێکی قووڵە کە سیاسەتی حیزبی نەیتوانیوە لێی دەرباز بێ. سیاسەتی حیزبی بە جێگەی ئەوەی هاوڕا و هاوتەریب لە تەک کۆمەڵگای مەدەنی فەزا و مەیدانی چالاکی ( کنشمندی) و چالاکبوونی خۆی ساز کات و کەموکوڕییەکانی سیاسەتی مەدەنی دابپۆشێ، خۆی بەسەر کۆمەڵگای مەدەنیدا فەڕز دەکات بە جۆرێک کە کۆمەڵگای مەدەنی وەک پێکهاتەی دەسەڵات لە نەزەر دەگیرێ کە دەبێ داگیر بکرێ. بۆیەش بۆنەیەکی نەتەوەیی کە کۆمەڵگای مەدەنی وەک مەیدانی سیاسەتکردنی مەدەنی و بەرخۆدانی مەدەنی پێناسەی کردووە ، لە لایەن سیاسەتی حیزبی خاکیپۆش و حیزبی دەکرێتەوە.
بابەتی جێی سرنج ئەوەیە کە پێکهاتەیەک کە لە لایەک سەرکوت دەکرێ و لە لایەکی دی ویستی سەرکوتی هەیە چۆن دەتوانێ ئیدعای ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بکات. پێگەی ژێردەستبوون لە چوارچێوەی پارادایمی دژبەری مەشرووعیەتی بۆ ژێردەستکردن ساز کردووە. سیاسەتی حیزبی کە بەشێكی گرینگی سیاستکردنه کە کوردستاندا بە هۆی پێشینە و مێژووەکەی و هەروەها پێگەیەک کە ڕەهەندی موبارزە/قوربانی پێی بەخشیوە، خەریکە مامەڵەیەک لە تەک کۆمەلگادا دەکات کە دەوڵەت_نەتەوەی تەکڕەگەی مەزهەبی ناوەند لەگەڵ پێکهاتەی حیزبی کردوویەتی. ئەمە هەلومەرجی کۆمەڵگای مەدەنی وا لێدەکات کە خۆی لەبەرانبەر چەند جۆرە سەرکوت و چەوسانەوەدا ببینێتەوە.
ناسیونالیزمی کوردی و فێمێنیسم لە دەلاقەی نەورۆزوە
پەیوەندی و وێککەوتنی نێوان سیاسەتی حیزبی و بابەتی جینسییەتی ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو مژارەکانی ناسیونالیزم و فێمێنیزمەوە، هەرچەند شیکردنەوەی چەمکی ناسیونالیزم و فیمنیسم لە تاقەتی ئەو نووسراوەدا نییە بەڵام ناسینی جۆری بەریەککەوتنەکان و پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی تیۆریکی و شرۆڤەکارانەوە گرینگە.
لە لایەک؛ لەگەڵ مەکتەبە نەزەرییەکانی ناسیونالیزمی کوردی بەرەوڕووین کە رۆڵی ژنان لە پێکهێنانی چەمکی نەتەوە لەبەر چاو ناگرن و رۆڵی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی و بیولۆژیکی ژنان لە سازبوون و بەرەوپێشچوونی ناسیونالیزمی کوردی پەردەپۆش دەکەن. بۆیە گێڕانەوەی زاڵی ناسیونالیزمی کوردی ، بزوتنەوەی کوردی لە چوارچێوەی ڕەگەزیدا بە شێوازێکی یەکپارچە سەیر دەکات کە لە چوارچێوەی گێڕانەوەی پیاوانەدا شکڵی گرتووە. فاتحی دەڵی تێزەکانی پەیوەندیدار بە سەرهەڵدان و بەردەوامی ناسیونالیزمی کوردی لە جومگەبەندی تێزەکانیاندا لە بەکارهێنانی جنسییەت چاوپۆشیان کردووە و نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی یەکدەست بە سنوورە دیاریکراوەکانییەوە وێنا کراوە. (فاتحی،٢٠٢٥) ئەم تێزانەی سەرهەڵدان و بەردەوامی ناسیونالیزمی کوردی[1] وێڕای وەیکە مژارە پەیوەندیدارەکان بە بزووتنەوەی کوردی دێنیتە بەر باس بەڵام نەیتوانیوە مژارەکانی چەمکی نەتەوە بە جنسییەت گرێبداتەوە.
لە لایەکیتر لەگەڵ ڕەوتێکی زاڵی فێمێنیستی بەرەوڕووین کە ناسیونالیزم یەکپارچە دەبینێ و پێیوایە ناسیونالیزم لەبەرانبەر فێمێنیزمدا جێگە دەگرێ. ئەم تێزانە[2] رۆڵی ناسیونالیزمی کوردی نەرێنی دەنرخێنن و پێیان وایە دوو چەمکی دژ بە یەکن. بەڵام لە لایەکیتر ڕەوتێکی سێهەم هەیە[3] وێڕای وەیکە کەمایەسییەکانی ناسیونالیزمی کوردی لە پەیوەندی بە فێمێنیسمەوە لەبەر چاو دەگرن بەڵام قایل بە رۆڵێکی ئەرێنیشن. ئەم ڕوانگەیە پێی وایە ناسیونالیزمی کوردی رووخسارێکی ژانووسواری ( ژانووس خواوەندگاری یونانییەکانە کە دوو ڕوخساری ڕوو لە پێش و ڕوو لەدواوەی هەیە) هەیە کە هەم قەتیسکەرە هەم مەیدان دەکاتەوە بۆ هەبوونی ژن.
بەڵام بە ڕەهەندێکی جیاواز دەتوانین دوو دەستە لێکدانەوە و نرخاندن لە چوارچێوەی بەریەککەوتن و پەیوەندی نێوان ناسیونالیسم و فمێنیسم لە بەستێنی کۆمەڵگای کوردیدا دەستنیشان بکەین. دەستەی یەکەم ناسیونالیسمی کوردی چ لە ئاستی گوتاری و چ لە ئاستی پێکهاتەیی(ساختاری) یەکپارچە و یەکدەست دەبینێ و شرۆڤەکانی لەسەر بنەمای یەکپارچەیی دادەڕێژێ. ئەم دەستەیە خۆی بە سەر دوو لایەندا دابەش دەبێ، لایەنێک کە لە دەلاقەی کوردایەتییەوە چاو لە فێمێنیسم و مژارەکانی تایبەت بە ژنان دەکات و لایەنەکەیتر لە گۆشە نیگای فمێنیسمی ڕۆژئاوایی کە بە فێمێنیسمی سپی دەناسرێ دەڕوانێتە ناسیونالیزم . لایەنی کوردایەتی ناسیۆنالیزمی کوردی بە هەوێنی خەباتێکی فرەڕەهەندی دژەستەم دەزانێ. ” واتە کوردایەتی بەرەوڕووی هەر جۆرە ستەمێکی نەتەوەیی، چینایەتی، جێندەری و ژینگەیی دەبێتەوە”(ئەردەلان،٢٠٢٤) لەڕوانگەی کوردایەتییەوە ، ستەم و هەڵاواردنی جنسییەتی دێتە ژێر هەیکەلی ستەمی نەتەوایەتی و ئازادی جنسییەتی لە دەروازەی ڕزگاری نەتەوایەتی فام دەکرێ. واتە سوژەمەندی ژنی کورد لە دڵی سوژەی کورد دا کە پێشفەرز سوژەیەکی پیاوانەیە لەبەر چاو ناگیرێ یان دەتوێتەوە. کوردایەتی بە جومگەبەندی بابەتی ژن لە ئامێزی ناسیۆنالیزمی کوردیدا خەریکە بە بەردەوامی لایەنی دژبەرانە و دژوازانەی(پارادۆکسیکال) خۆی بە نیسبەت فمێنیسم و بابەتی ژنەوە بشارێتەوە و چاوپۆشی لە قەتیسکردنەوەی سوژەمەندی و بکەری ژنانە لە لایەن ناسیۆنالیزمی کوردیدا بکات.
لە لایەکیتر لەگەڵ فێمێنیسمی ڕۆژئاوایی یان فێمێنیسمی سپی ڕووبەڕووین کە بە بەردەوامی قامک لەسەر دژوازییەکانی(پارادۆکسەکانی) ناوخۆی ناسیونالیسم دادەنێ. شەهرزاد موجاب لە کتێبی دژبەری مێژووی فێمێنیسم و ناسیونالیسم( موجاب،٢٠٠١)دا باس لە ناکۆکی تئوریک، سیاسی و مێژوویی نێوان فێمێنیسم و ناسیونالیسم لە بەستێنی خەباتی ژنی کورد دا دەکات، موجاب “وەفاداری دژواز” بەکار دێنێ بۆ پەیوەندی نێوان فێمێنیسم و ناسیونالیسم لە کوردستان، بەو مانایە کە فێمێنیسم بە دوای لەناوبردنی پێکهاتەی پیاوسالار دا دەگەڕێ، بەڵام ناسیونالیسم مەیلی هەیە ئەو پێکهاتانە بە پێداگری لەسەر ڕۆلەکانی جنسییەتی سوننەتی بە ناوی پاراستنی فەرهەنگ و بەرخۆدان بەهێز بکات(فاتحی، ٢٠٢٥) ڕوانگەی زاڵی فێمێنیسمی ڕۆژئاوایی پێیوایە کە ناسیونالیسم نکوڵی لە سوژەمەندی ژنان دەکات، توێژەرانی فێمێنیسمە ڕۆژئاواییەکان دەڵێن کە جەستە و کرداری ژنان وەک سیمبول لە بزووتنەوەی نەتەوەخوازانە عەمەل دەکات و ژنان لە پێگەیەکی پاسیڤ و ناچالاکی سیمبولیکدا دادەندرێت. (حاتەمی تاهر، ٢٠٢٤)
لە ڕوانگەی سومەیە فاتحی کەم و کووڕی ڕەهەندی فێمێنیسمی سپی ئەوەیە کە ئەزموونی هەموو ژنان و بزوتنەوەکانی ژنان وەک یەک فەرز دەگرێ و تەعمیم گەرایانەیە(فاتحی، ٢٠٢٥) فاتحی دەڵێ موجاب ئەو ڕوانگە نەرێنییەی فمێنیسمی سپی لە ناسیۆنالیزم بە بەستێنی کوردی تەعمیم دەدات و ژنی کورد وەک قوربانی پەسیڤ و فریوخواردووی ناسیۆنالیزم وێنا دەکا(فاتحی،٢٠٢٥)
ڕەخنەکانی فردوس حاتەمی و سومەیە فاتحی پەلکێشمان دەکەن بۆ سەرنجدان بە دەستەی دووهەم، بەواتایەک دەتوانین بڵێین کە دەستەی دووهەم بە جۆرێک دژکردەوەن(واکنش) لەبەرانبەر دەستەی یەکەمدا. دەستەی دووهەم ڕوانینی یەکپارچە و تەک لایەنەی ناسیۆنالیزم ڕەد دەکەنەوە وێرای وەیکە جەبرەکانی ناسیۆنالیزم کوردی لەبەر چاو دەگرن. ئەم ڕوانگەیە پێی وایە لەئاستی گوتاریدا ناسیۆنالیزم ڕوخسارێکی ژانووسی هەیە و وێرای لایەنی نەرێنی هەڵگری لایەنی ئەرێنیشە(حاتەمی تاهر، ٢٠٢٤؛ فاتحی، ٢٠٢٥) بە پێی ئەو ڕوانگەیە پیوەندی نێوان ناسیۆنالیزم و فێمێنیزم پیوەندی دوو لایەنەیە، واتە ئەگەر ناسیۆنالیزم کەڵکی لە ژنان وەرگرتۆ بۆ پێش خستنی بەرخۆدانی نەتەوایەتی، ژنانیش کەڵکیان لە ناسیۆنالیزم وەرگرتۆ بۆ خەباتی جنسییەتی. لە ڕوانگەی حاتەمی ژنی نوێی کورد کە لەبەرانبەر ژنی سوونەتیدا دادەندرێ کە دوای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی ساز دەبێ.
بەڵام تەنانەت ئەو لێکدانەوانەی کە جەخت لەسەر ژانووس وار بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەنەوە لە ئاستی پێکهاتەییدا ناسیۆنالیزم یەکپارچە فەرز دەگرن و ناسیۆنالیزمی کوردی و سیاسەتی حیزبی تێکهەڵکێش دەکەن. واتە ئەو قەوارەی بۆ ناسیۆنالیزمی کورد قائیل دەبن تەنیا لە ئامێزی سیاسەتی حیزبیدا سنووردار کراوە و لەدەرەوەی سیاسەتی حیزبی نەیان توانیوە ناسیۆنالیزمی کوردی بنرخێن. خوێندنەوەی فمێنیستی لە کوردستان ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیا بە حیزب دەبەستێتەوە و گۆڕانکاری لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بە نیسبەت فێمێنیزم و ژنی کورد قەتیس بەو گۆڕانکاریەک دەکات کە لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبی و مژارە پەیوەندیدارەکان بە حیزب ڕوو دەدەن.
وەها وێکگرتنێک تووشی هەڵەی شیکارانەمان دەکات. حاتەمی بەو فاکت و دەیتایانە پشت دەبەستێ کە لە ئاستی سیاسەتی حیزبی دیموکرات دا بوونی هەیە و بەو پێیە گۆرانکاری لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی دا قەتیس بە گۆڕانکاری گوتاری حیزبی دەبێ. ئەمە لەحالێک دایە کە حاتەمی بە پشت بەستن بە فاکتی دوو دەیەی رابردووی ناو چوارچێوەی حیزبی باس لە گۆڕانکاری گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات بێ ئەوەی بەشێک لە سیاسەت وەرزی لە کوردستان یانی گوتاری کۆمەڵگای مەدەنی لەبەرچاو گرێ. واتە حاتەمی دەیتای زەمەنێک دەکاتە بنەمای لێکدانەوە کە لەلایەک سیاسەتی حیزبی لە قەیران و بن بەستی سیاسی دایە و لەلایەکیتر گوتاری بەرخۆدانی مەدەنی سەریهەڵداوە.
حاتەمی بە درووستی ئاماژە بە ژن بوونەوەی نیشتمان لە ناو گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەکات کە نیشتمان وەک نامووس پێناسەی بۆدەکرێ، لێرەدا ناسیۆنالیزمی کوردی کە بەپێی خویندنەوەی فێمێنیسمی کورد هەمان سیاسەتی حیزبییە بەرگری لە نیشتمان نەتەنیا قەتیس بە پیاو ناکاتەوە و ڕۆڵی ژنیش دیاری دەکات بەلام ژن بوونەوەی نیشتمان لەسەر ئەساسی پێکهاتەی پیاو سالار ڕوو دەدات کە نیشتمان وەک ژن دەبێ داگیر بکات(حاتەمی) پێناسەی ناموس کە دوای کۆماری کوردستان لە ڕێگەی سیاسەتی حیزبێوە دێتە ناو گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردێوە لەئاستی کرداری تائێستاش بەردەوامە.
پێکهاتەی هیرارشی و دەسەڵاتی حیزبی لەهەمبەر بابەتی ژن دەرخەری ئەو ڕوانگەیە کە ژن لە ناو سیاسەته حیزبیدا بابەتێکی پاشکۆیە و بە گشتی لە خزمەت بابەتی نەتەوەیی یان چێنایەتی دایە تا ئازادی جنسییەتی. هەرچەند ناکرێ نکۆلی لە هەنگاوگەلێک بکرێ کە سیاسەتی حیزبی لە چوارچێوەی پرسی ژن لە مەیدانە جەمعێکاندا پێشێ خستۆ بەڵام ئەمە قەتیس بە هەنگاو گەلێکی دیاریکراو بوون. واتە هەرچەند دیواری پیاوانەی سیاسەتوەرزی لە کوردستان لە دەیەی ٨٠ی زاینیدا بە بەشداری ژنان لە ڕیزەکانی خەباتی سیاسەتی حیزبی چرژێکی گەورەی برد بەڵام ئەوە بزوتنەوەی نوێی کوردستان لە ژێر ناوی بەرخۆدانی سیاسەتی مەدەنی بوو کە ئەو دیوارەی ڕووخاند و بەشێوەیەکی مانادار سیاسەتوەرزی بردە ئەودیوەی سنوورەکانی گوتاری پیاوانەوە. بۆیە ئەگەر ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیا لە ئاستی سیاسەتی حیزبیدا لێک بدرێتەوە ئەوا بە رێگەی هەڵەدا دەروا. لێرەدا بە یارمەتی وەرگرتن لە وتاری “نێوان نەزمی زاڵ و جیابوونەوەی دموکراتیک” عەباسی وەلی و مراد روحی سنوورەکانمان لەگەل دوو دەستەی باس کراو دیاری دەکەین، ئەم دەقە بە شێوەیەکی یەکپارچە چاو لە ناسیۆنالیزمی کوردی ناکات و هەروەها ڕوخساری ژانووس واری ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیا لەئاستی گوتاریدا شرۆڤە ناکات. بەو پێیە هەر ئەوجۆری ئەمری سیاسی لە کوردستاندا بە دوو ئاراستەی هاوتەریبدا دابەش دەبن ناسیۆنالیزمی کوردیش چ لە ئاستی گوتاری و چ پێکهاتەیی دوو لایەن لەخۆ دەگرێ، لایەنی ناسیۆنالیزمی سیاسەتی حیزبی و لایەنی ناسیۆنالیزمی سیاسەتی مەدەنی.[4]
بەڕای ئەم نووسراوەیە جیاکردنەوەی ئەو دوو ئاراستەی ناسیۆنالیزمی کوردی و هەروەها ڕزگارکردنی ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگای مەدەنی لە ناسیۆنالیزمی حیزبی لە ئاستی گوتاری و شرۆڤەیی دا بابەتێکی پێویستە. گوتاری بەرخۆدانی مەدەنی لە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنیدا، لە لایەک گوتاری مەدەنی نوێی هێناوەتە ناو گوتاری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردیوە. ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگای مەدەنی، پرسی ئێکۆلۆژی، پرسی ژن و سازکردنی چەمکی ژنی کورد و …. بە پشتبەستن بە زانستە بەڕۆژکراوەکانی جیهانی بەشێک لەم گوتارە نوێیەی بەرخۆدانی سیاسەتی مەدەنین، لەلایەکیتر مەیدانەکانی پراکتیکی ئەم گوتارگەلەی لە بەستێنی کۆمەڵگای کوردیدا ساز کردووە بۆ ئەوەی لایەنی تئوریک و پراتیکی پێک ببەستێتەوە، نەورۆز میناکی بەرچاوی ئەم بابەتەیە.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر بنچینەکانی ناسیۆنالیزمی سیاسەتی حیزبی بە فۆرم و قەوارەی جیاوازەوە سەریهەڵداوە کە فاکتگەلی جۆراوجۆر وەک بنبەستی سیاسی و فاکتی دەرەکی و ناوخۆیی هۆکاری ئەم سەرهەڵدانەن.
ئەم دوو ئاراستەی ناسیۆنالیزم چ لە ئاستی گوتاریدا و چ لە ئاستی مەیدانیدا یارمەتیدەری یەکترن و لە زۆر جێگە هاوتەریب دەبن بەڵام بەریەککەوتنیش ئەزموون دەکەن.
ئێمە وەک گوتاری کوردایەتی ستەمی ژنان ناخەینە ئامێزی ستەمی نەتەوایەتی بەڵکوو بە پێچەوانەوە، گوتاری کوردایەتی ستەمی ژنان هاوکێش و هاوتەریب لەگەڵ ستەمی نەتەوەیی دەزانین. هەروەها بە شێوەی موجاب کە لە جیاوازی نێوان ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی و ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانەدا بە نیسبەت بابەتی ژن چاوپۆشی دەکات ئێمە جیاوازی دادەنێین لە نێوان ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی و ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانە. بەو جۆرەی نەحلا عەبدۆ باسی دەکات جیاوازی هەیە لە نێوان ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی نەهادینەبوو کە به درێژایی مێژوو بە کەرەسەکردنی ژنان کەڵکی لێوەرگرتوون لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کە هەلومەرجی هەبوونی(حزوور) ژنان دەڕەخسێنێ.(فاتحی، 2025) بەڵام لەهەمان کاتدا ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانە هەڵگری بەشێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتییە. ئەم خەسڵەتەی ناسیۆنالیزمی کوردی کە لە ناو شرۆڤەکاندا دەگەڵ سیاسەتی حیزبی وێکگیراو و تێکهەڵکێشکراون، ڕوخساری ژانووسواری لە ناسیۆنالیزمی کوردی ساز کردووە. ناسیۆنالیزمی کوردی، یان باشتر وایە بڵێین ناسیۆنالیزمی سیاسەتی حیزبی وێڕای ئەوەیکە دژی ڕەگەزپەرەستی و قۆرخکاری ناسیۆنالیزمی زاڵە بەڵام خۆی هەڵگری ئاستێک لەم خەسڵەتانەیە کە بە هۆی ناوەڕۆکی ویستی دەسەڵات دژ کردەوەیەکە لە بەرانبەر قۆرخکاری ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی. هەرچەند ئەم ڕوخسارە ژانووسییە لە شرۆڤەی دەستەی دووهەمی توێژەرانی فێمێنیسمی کورددا دەرکەوتووە بەڵام لە ئاستی پێکهاتەییدا ناسیۆنالیزمی کوردی یەکپارچە سەیر دەکەن و تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتی حیزبیدا خوێندنەوەی بۆدەکەن. سیاسەتی حیزبی بەهۆی وەیکە سیاسەتێکی ڕوو لە دەسەڵاتە و دەسەڵات بە بنەما دەگرێ لە ئاستی مەیدانیدا وێکچوونێکی کرداری لە نێوان سیاسەتی دەوڵەتی و سیاسەتی حیزبیدا ساز دەبێ. ڕوخسارە قەتیسکەرانەکەی ژانووس، ڕوخسارێکە کە ڕووی لە دەسەڵاتە، بۆیە ڕوخسارە چەوسێنەرانەکەی ناسیۆنالیزمی کوردی هەڵقوڵاوی سیاسەتی حیزبییە. ئەمە بەو مانایە نییە کە سیاسەتی حیزبی وێنایەکی تەواوی سیاسەتی دەوڵەتییە بەڵکوو بە مانای دوو روخسارەبوونی سیاسەتی حیزبی و ناسیونالیزمی کوردییە.
ئەو داتایانەی حاتەمی لەچوارچێوەی سیاسەتی حیزبیدا پشتی پێدەبەستێ دەکەونە قۆناغێک لە مێژووی سیاسەتی حیزبییەوە کە سیاسەتی مەدەنی لە بەستێنی کۆمەڵگای کوردیدا سەڕیهەڵداوە و جۆرەکانی دیکەی سوژەمەندی لە ژینگەپارێزی ڕا هەتا نەورۆز و بابەتی ژنان هێناوەتە ناو گەمە سیاسیەکانەوە. سوژەی ژنی کورد بە یارمەتی سیاسەتی بەرخۆدانی مەدەنی دەیەوێ خۆی لە جەغزی سیاسەتی حیزبی دەرکێشێ و لە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنی بە بیرێکی فرەڕەهەندەوە گوتاری تایبەت بە خۆی ساز بکات. لەم قۆناغە دایە کە سیاسەتی حیزبی هەم بە هۆی گوشاری کۆمەڵگای مەدەنی و هەم بە هۆی پێشکەوتنی فێمێنیزمی جیهانییەوە هەوڵی گۆڕانکاری گوتاری بە شێوەیەکی مانادار بە نیسبەت پرسی ژنان دەدات. بۆیە ئەو داتایانەی کە حاتەمی وەک فاکتی گۆڕانکاری لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی پشتی پێبەستوون پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سەرهەڵدانی گوتاری کۆمەڵگای مەدەنی هەیە کە لە شیکاری فێمێنیستی کورددا چاوپۆشی لێکراوە.
ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر تەوەری سیاسەتی حیزبی دوای هاتنە مەیدانی سیاسەتی مەدەنی هەوڵی داوە سرنجێکی زیاتر بخاتە سەر پرسی ژنان بەڵام لە ئاستی مەیدانیدا هەنگاوەکان مەیلیان بە قەتیس کردنەوە و سەرکوتکردن هەیە. لەو بەینەدا نەورۆز وێنایەکی گرینگە بۆ لێکدانەوە.
ئەوجۆرەی پێشتر باس کرا نەورۆز داڵی سەرەکی گوتاری سیاسەتی مەدەنییە و کۆمەڵگای مەدەنی وەک مەیدانی خەبات و بەرخۆدان هەوڵی بۆ داوە و بەکاریهێناوە. لەو چوارچێوەدا نەورۆز وەک میکانیزمی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنی کە لەناو ناسیۆنالیزمی سیاسەتی مەدەنیدا پۆلێنبەندی دەکرێ هەوڵی داوە چ لە ئاستی گوتاریدا و چ لەئاستی پێکهاتەیی، هەڵسوکەوتی دیموکراتیک لە بەرانبەر سیاسەتی حیزبی و ناوخۆی سیاسەتی مەدەنی هەبێ. بۆیە نەورۆز لە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنی تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگە کە نە تەنیا نیشان لە هەبوونی فرەبیری و فرەدەنگی هەیە بەڵکوو هەوڵدەدات سوژەگی جۆراوجۆر و جیاواز بخوڵقێنێ. نەورۆز بە درێژایی تەمەنی سیاسی خۆی هەوڵیداوە ئەو پلۆرالیزمە نێوخۆییەی بپارێزێ و هەڵسوکەوتێکی دیموکراتیکی هەبێ. بۆیە نەورۆز لە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنی نە تەنیا سوژەمەندی ژن قەتیس ناکاتەوە بەڵکوو زیاتری دەردەخات و بەستێنێک دەخوڵقێنێ کە ژن لە دەلاقەی ژن بوونییەوە بە فرەڕەنگی دەرکەوێ. نەورۆزی بەرخۆدانی مەدەنی لە بەرانبەر یەکڕەنگی، یەکدەنگی و هێمۆژێنە(یەکدەست)کردنی فەزای سیاسی_فەرهەنگیدا ڕادەوەستێ. لەبەرانبەردا نەورۆزی حیزبی کە لە سەر ناوی نەورۆزی خاکیپۆشان خۆی دەرخستووە بە نمایشی هێز و دەسەڵات دەیەوێ بەستێنی مەدەنی موسادرە بکات. سیاسەتی حیزبی کە سیاسەتێکی پیاوانەیە فەزای نەورۆزی پیاوانە و مەیدانی حوزووری ژنی بەرتەسک کردۆتەوە. حیزبیکردنەوەی نەورۆز لە ئاستی مەیدانیدا پیاوانەبوونەوەی نەورۆزی لێکەوتۆتەوە. جلی خاکی کە نمادی بەشێک لە سیاسەتی حیزبییە بۆتە هۆکاری دژکردەوەی لایەنەکانیتری سیاسەتی حیزبی کە ئاکامەکەی شەڕی نەمادەکان لە چوارچێوەی جلی حیزبی و جامانەی حیزبییە. وەها مەیدانێک نە تەنیا لە بەرژەوەندی ئەمری سیاسی لە کوردستاندا نییه بەڵکوو نرخە دیموکراتیکەکان دەخاتە پەراوێزەوە و سوژە جیاوازەکان دەسڕێتەوە، مەیدانێک کە دەبێتە جێگای ڕمبازێنی پیاوانە و پەرە بە موناسباتی دژە ژنانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا دەدات. سیاسەتی حیزبی بۆ مەیدانداری لە ناو گۆڕەپانی کۆمەڵگای مەدەنی چاو بە سەر کردە نادیموکراتیکەکاندا دەبەستێ. لەو بەینەدا هەبوونی ژن تەنیا لە پاڵاوگەی سیاسەتی حیزبی و نمادەکانی تێپەڕ دەبێت. به نیزامیکردنەوەی مەیدانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێگەی یەکدەستکردنی جل یان شەڕە جل ئاکامێکی جگە لە سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی، سوژەکانی، ڕەنگەکانی،دەنگەکانی و بیرەکانی لێناکەوێتەوە. ئەمە ڕوخسارە قەتیس کەرەوەکەی ناسیونالیسمی کوردییە کە لە سیاسەتی حیزبییەوە سەرچاوەی گرتووە.
کۆتایی
نەورۆز بە ڕێڕەوێکی باریک لە نێوان سیاسەتی حیزبی و سیاسەتێکی دەوڵەتیدا تێپەڕ دەبێت، ڕاستە کە سیاسەتی حیزبی جیاوازی لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتی هەیە بەلام بە هۆی ناوەڕۆکی ویستی دەسەڵات لە هێندێک شوێن وێکچوویان دەبێ. بە هۆی بنبەستی سیاسی و ڕۆچوون لە قەیرانی سیاستکردن و نەبوونی ئاڵتەرناتیڤ، سیاسەتی حیزبی خەسڵەتە دەسەڵاتخوازەکان و نادیموکراتیکەکانی زیاتر دەردەخات و هەوڵدەدات قەیرانەکانی لە ڕێگەی کۆمەڵگای مەدەنییەوە چارەسەر بکات بۆیە جۆرێک لە داگیرکاری مەیدانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دێتە ئاراوە. لە ئاستی مەیدانیدا ئاماژەکان و هەنگاوەکان دەرخەری ئەو فەزا نادیموکراتیکەن. مەیدانەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕێگەی حیزبیکردنەوەی شوێنەکان، خاکیپۆشکردنی بۆنەکان و هوتاڤ و ئاڵای حیزبییەوە قۆرخ کراون. ئەم هەلومەرجە پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزمی کوردی و فێمێنیسمی لە هاوتەریببوون و پێکەوەژیان گواستۆتەوە بۆ بەریەککەوتن. ژن لە مەیدانی حیزبی پیاوانەدا مەجالی هەبوونی بەرتەسک بۆتەوە و ئەمە دەکەوێتە خزمەت بەرهەمهێنانەوەی موناسباتی زاڵی پیاوسالارانەوە. سیاسەتی حیزبی بە پارادایمی دژبەری هەم مەیدانی سیاستکردن لە کۆمەڵگای مەدەنی دەستێنێ و هەم مەیدانی ژنی کورد بەرتەسک دەکاتەوە و هەم گوشارەکانی دەسەڵاتیش زیاتر دەکات. هەوڵەکان بە جێگەی ئەوەیکە لە خزمەت رەوابتی دیموکراتیک و هەنگاوی یارمەتیدەرانەدا بن لە خزمەت دەسەلات دان. سیاسەتی حیزبی بە جێگەی ئەو قۆرخکارییانە دەبێ ئەو کەلێن و قوژبنەی کە سیاسەتی مەدەنی بۆی پڕنابێتەوە ، کاری لە سەر بکات و دایپۆشێ، چوونکه دوای نەمانی جەستەی فیزیکی سیاسەتی حیزبی سەنگەری پێشەوەی سیاسەتوەرزی لە کوردستان کۆمەڵگای مەدەنییە نەک سیاسەتی حیزبی.
بۆ دەرباز بوون لە قەیران نابێ قەیرانیتر سازبکرێت، سیاسەتی حیزبی دەبێ مەیدان و میکانیزمی خەباتی خۆی ساز کات و ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەم دۆخە چەقبەستوویەی خۆی بدۆزێتەوە. حیزبیکردنەوەی نەورۆز قەیرانی سیاسەتی حیزبی دەکێشێتە ناو مەیدانی کۆمەڵگای مەدەنی کە ئەمە دەتوانێ کۆمەڵگای مەدەنی تووشی خەساری جدی بکات.
- لە کۆتاییدا سپاس و رێزم هەیە بۆ هەموو ئەو هاورێیانەی کە بە تێبینی و بۆچوونەکانیان ئەم نووسراوەیان دەوڵەمەندتر کرد.
سەرچاوەکان
- عەباس وەلی، سکوت ڕۆژهەڵات https://pecritique.com/2018/04/09
- عەباس وەلی و مراد روحی، لە نێوان نەزمی زاڵ و جیابوونەوەی دموکراتیک https://pecritique.com/2020/09/19
- سارۆ ئەردەڵان،(1403) شیکاریی گوتاری نەورۆزی دژەکۆلۆنیالیستی لە کوردستان https://govartishk.com/?p=21581
- ئاسۆ جەواهری،(1403) نەورۆ، سیاسی بوونەوەی ئۆستوورەی فەرهەنگی و رووبەروو بوونەوەی دەوڵەت https://govarikomar.org
- سامان غەزالی(1403)، نەورۆز داڵی بەرخۆدانی گوتاری سیاسەتی مەدەنی لە کوردستاندا https://www.radiozamaneh.com/810258 /
- هیوا رەستگار، نەورۆز لەکوردستاندا: سیاسی کردنەوەی فەرهەنگ یان فەرهەنگی بوونەوەی ئەمری سیاسی. https://www.radiozamaneh.com/808090/
- فردوس حاتەمی تاهر، نێوان گوتاریەت، ناسیونالیزمی کوردی و ژنانەگی https://govarikomar.org
- سوومەیە فاتحی، شنەوکەو کردنی ژنی کورد لە (نێوان) تێز و عەمەڵ لە بەستێنی ئێستای ئێراندا
- گۆڤاری پێشەنگ ژمارە (۲) کانونی هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان خاکەلێوەی ۱۳٦٥ / مارسی ۱۹٨٦
- ئەمیر حەسەنپوور، (٢٠٠٣)، سازبوونی شوناسی کوردی
- عەباس وەلی، (2003)ناسیونالیزم و پرسی ئاخێزگەکان
- کامران مەتین و جەهانگیر مەحموودی، ژانووسی کوردی: سەرهەڵدانی نێوان کۆمەڵگەیی نەتەوەکان، ٢٠٢٣
١. بۆ میناک دەتوانن چاو لەم نووسەرانە بکەن: ئەمیری حەسەنپوور١٩٩٢،٢٠٠٣،عەباس وەلی،٢٠٠٣،٢٠١١، کامران مەتین و جهانگیر محمودی،٢٠٢٣
٢. ڕوانگەی شهرزاد مجاب٢٠٠١ نوێنەرایەتی ئەم تێزانە دەکات.
٣. فردوس حاتەمی تاهر ٢٠٢٤ و سومەیە فاتحی ٢٠٢٥ نوێنەری ڕەوتی سێهەمن.
[4] مەبەست لە ناسیۆنالیزمی کۆمەڵگای مەدەنی، ناسیۆنالیزمی مەدەنی یان دەوڵەت_نەتەوەی شارومەندی نییە کە سەرچاوەگرتوو لە ئایدۆلۆژیای لیبراڵییە. ناسیونالیزمی مەدەنی کە بایەخ بۆ مافی شارومەندی، نرخە لیبراڵێکان و دیموکراسی پلۆرالیزمی و ئازادی تاکەکەسی دادەنێ لە ناوخۆی دەوڵەت_نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە بەرانبەر ناسیونالیزمی ئێتنیکیدا زەق دەکرێتەوە تا لەو ڕێگەوە نەتەوەکانی ناو سنووری دەوڵەت_نەتەوە بە ناوەندەوە ببەستێتەوە و پارێزگاری لە سنوورەکانی سەروەری نەتەوەیی بکات.