سوڵتانیزم و شکستی سیاسەت: ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە دۆخی هەنووکەی سیاسەت و کۆمەڵگا لە کوردستاندا

  • Oct 7, 2024   |   وتووێژێک لەگەڵ مەریوان وریا قانع

داگرتنی PDF

ئاماژە

ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە هەموو کوردستان و بەتایبەت لە باشووردا، وەک لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم، گواستنەوەی بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، داگیرکردنی هەندێ ناوچەی باشوور لە لایەن ئەرتەشی تورکیاوە و…، نیگەرانییەکی زۆری لە لای خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە لای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دروست کردووە. ئەگەرچی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات هەمیشە هەستیارییەکی تایبەتی بەرانبەر بە گۆڕانکارییە پۆزەتیڤ و نیگەتیڤەکانی باشوور هەبووە، بەڵام ئەم هەستیارییە لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە ئاقارێکی بەبڕشتتری وەرگرتووە.

دوای ئەوەی کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سەرەتا کوردستان و دواتر ئێرانی گرتەوە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو هەوڵ و توانای خۆی خستە گەڕ بۆ سەرکوتکردنی سەرچاوەکانی ئەم بزووتنەوەیە. ئەو هەوڵە سەرکوتکارانەیە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای راپەڕینی خەڵکەوە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی تێپەڕاند و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستانن، بوونە ئامانجی هێرشی مووشەک و درۆنەکانی ئێران. ئەگەرچی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا و دوای جێگیربوونی بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی تیرۆر و هێرشی سەربازییەوە لە ناو خاکی باشووردا بەردەوام هەوڵی داوە ئەو حیزبانە لاواز و بگرە بنبڕ بکات، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی گوشار خستنەسەر دەوڵەتی ئێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زۆر جیدیتر هەنگاوی بۆ لەخشتەبردنی هێزی سیاسی و چەکداریی ڕۆژهەڵات هەڵگرتووە و هەندێک سەرکەوتنی بەرچاویشی بە دەست هێناوە. یەک لەو دەسکەوتانە چۆڵکردن یان گواستنەوەی بنکە و بارەگای هەندێک لە حیزبەکان و دوورخستنەوەیان لە سنووری ڕۆژهەڵات و چەککردنیان بووە. دیارە ئەم دەسکەوتانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ هاوکاری و هاودەستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان مومکین نەدەبوو. حکومەتێک کە تاکە پێکهاتەی دەسەڵاتی فەرمیی کوردییە لە ئاستی حوکمڕانیدا و خۆی یەکێکە لە گرنگترین دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا، ئێستا لە دۆخێکدایە کە نەک تەنها ناتوانێت لە ئاست چاوەڕوانییەکانی بزووتنەوەی کورددا دەربکەوێت، بەڵکوو زۆرجار ملکەچ و بەڕێوەبەری داگیرکەرانی کوردستان (تورکیا و ئێران)ـە بۆ تەنگهەڵچنین بە حیزب و شۆڕشی پارچەکانی تر.

تێگەیشتن لە هۆکارەکان و ئاڕاستەی دواڕۆژی ئەم گۆڕانکاریانە پێویستی بە خوێندنەوەی زانستی و لە هەمان کاتدا ڕەخنەگرانە هەیە، خوێندنەوەیەک بتوانێت بە یارمەتیی زانست و تیۆری و لە ڕێگای بنکۆڵکردنی مێژووی هاوچەرخەوە، دەرفەتی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە دۆخی ئێستا دەستەبەر بکات بەڵکوو لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێگەیشتنەدا بیر لە ڕێگا و ئەگەرەکانی دەربازکردنی قەیرانەکان بکرێتەوە. وەک هەوڵێک لە پێناو ئەم مەبەستەدا، «کۆمار» وتووێژێکی لەگەڵ «مەریوان وریا قانع»، نووسەر، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆی ئەمستردام ئەنجام داوە. ئامانجی ئەم وتووێژە ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە لە دۆخی کۆمەڵگا، سیاسەت و دەسەڵاتداریی حیزبی لە هەرێمی کوردستاندا و کاریگەریی گۆڕانکارییەکان لەسەر پارچەکانی تری کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. مەریوان وریا قانع ساڵانێکە سەرقاڵی توێژینەوەیە لە کۆمەڵە بابەتێکی وەک ناسیۆنالیزم، ئایین و دەسەڵات لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناویندا و بەرهەمەکانی بوونەتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لە پێوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا بەتایبەت لە باشووری کوردستاندا.

هەرجارە کە ڕووداوێکی وەک گواستنەوەی بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەقەومێت، شەپۆلێک لە هەڵوێست و ڕادەربڕینی زۆرجار سۆزەکی و هەندێ جاریش پڕ لە تووڕەیی یان شەرم گۆڕەپانی گشتیی کوردستان دادەگرێت. بەڵام سەرەڕای مێژووی دوورودرێژی ئەم دیاردەیە کە خەڵک بە دروست یان هەڵە بە هەندێ دەستەواژەی وەک «خیانەت» پێناسەی دەکەن، هێشتا تێڕامانێکی قووڵ و زانستیی بۆ نەکراوە. زۆربەی هەرەزۆری شیکردنەوەکان لە سنووری شرۆڤەکردنی هاوکێشەکانی دونیای ڕیال پۆلەتیک یان هەمان هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکاندا قەتیس دەمێنێت، تەنانەت هەندێ جار کۆی ڕووداوەکان دادەبەزێنرێت بۆ شەڕی نێوان هەردوو هێزی سەرەکیی باشوور و لە ئەنجامی ئەم دابەزاندنەدا کۆمەڵگایش بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت. ئاخۆ هۆکاری ئەم ڕووکەشبینی و قووڵنەبوونەوەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە و چ شتێک وای کردووە دیاردەیەکی هەناسەدرێژی پڕخەسار لە مێژووی نەتەوەیەکی بندەستکراو و پەراوێزخراوی وەک کورددا تا ئەم ئاستە بە نەناسراوی و شرۆڤەنەکراوی بمێنێتەوە؟

 

«سۆز» و «تووڕەیی» و «شەرم» لە هەستە گرنگ و سەرەکییەکانی دروستکردنی نەتەوە و نیشتیمانسازین. کێشە لە دەربڕینی هەستەکاندا نییە، چونکە ئەم هەستانە تەنها هەستی ئینسانی و تاکەکەسی نین، بەڵکوو هەستی سیاسی و رەمزیی دەستەجەمعین کە هێما بۆ خراپی و قەیرانی ئەو جیهانە پێکەوەییەی کە دروست کراوە، دەکەن. چەمکی «خیانەت» خۆیشی دیسانەوە چەمکێکی گرنگە و هەمان رۆڵ لە دروستکردنی چەمکی نەتەوە و نیشتیماندا دەبینێت. ئەم هەستانە لە ئێستادا هەستی پەرش و بڵاو و پەراوێزخراون، پرۆژەیەکی سیاسی نییە کۆیان بکاتەوە و ئەو ڕەهەندە دروستکەرەیان پێ ببەخشێت کە پێویستە. دەنا چى لەو هەستە گرنگترە شەرم لەوە بکەیت و تەریق ببیتەوە پەناهەندە یان چالاکوانێکی سیاسیی ڕۆژهەڵات تەسلیم بە رژێمی ئاخوندەکانی ئێران بکرێتەوە. ئەوەی لای ئێمە غائیبە ئەو چوارچێوە گشتی و دەستەجەمعیانەیە کە هەستە تاکەکەسی و گشتییەکان کۆ بکاتەوە و مانایەکی مێژووییان پێ ببەخشێت، قورساییەکی ئەخلاقییان بۆ دروست بکات، سیستمێکی تایبەتی حەڵاڵ و حەرامی پێ دروست بکرێت کە سنووری ئەخلاقی و ویژدانیی تایبەت بۆ کردە و هەڵسوکەوتی سیاسیی هێزەکان دابنێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی سیاسەتی کوردی لە ئێستادا ڕووتبوونەوەیەتی لەم هەستانە، هەستنەکردن بە شەرم و سۆز و تەریقبوونەوەی سیاسیی تایبەت کە لە پشتیانەوە بەرگریکردن لە پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و لە پرۆژەی دروستکردنی مرۆڤ و تاکەکەسی خاوەن ماف وەستابێت. هەستنەکردن بە تێوەگلان لە خیانەتەوە لە کاتی ئەنجامدانی خیانەتدا هێما بۆ ئەو ئیفلیجبوونە ئینسانی و ئەخلاقی و نیشتیمانییە دەکات کە هەموو توانایەک بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن وێران دەکات.

بە بۆچوونی من، کێشەکە لە بوون و ئامادەگیی هەستکردنەکاندا نییە، بەڵکوو لە نەبوونی ئەو توانایانەدایە کە دەتوانن ڕەهەندێکی سیاسی و کۆیی بەو هەستانە ببەخشن و ئەو هەستانە لە هەستی ئینسانیی سادە و ئاساییەوە بگۆڕن بۆ جۆرێک لە ویژدانی ئەخلاقی-سیاسی کە سنوورێک بۆ ئازادیی هێزە سیاسییەکان لە ئەنجامدانی خراپەکاریدا دابنێت و مرۆڤی ئێمە وەک بوونەوەرێکی خاوەن‌ماف بپارێزێت. ئەو هەستانە ئیشارەت و هێما و ئاماژەی سیاسیین، زۆربەی جاریش هیى ئەو کەس و گرووپ و بەشانەی کۆمەڵگان کە دەسەڵاتی سیاسییان نییە بەڵام خاوەنی ویژدانێکی سیاسیی زیندوون.

بێگومان هەندێک ڕاستیی سیاسی هەن کە ناکرێت پشتگوێ یان بێبایەخ بکرێن، لەوانە ئەو ڕاستییەی کە کورد کەمینەیەکی ئەتنی یان میللەتێکی لاوازە کە هێز و دەسەڵاتی بەسەر هاوکێشە هەرێمی و جیهانییەکاندا ناشکێت. مێژووی دەسەڵات لە ناوچەکەدا مێژوویەکە لە دەرەوەی میللەتی ئێمەدا بەرهەم دێت و ئاڕاستە دەکرێت. هێزی ئەم هاوکێشە هەرێمی و جیهانیانە، لە هێزی ناوەکیی میللەتی ئێمە گەورەترن. مۆدێلی حەڵەب و غەزە و یەمەن و لوبنانیش، کە سەر بە هەمان مۆدێلی ئەنفالن، فۆرمێک لە بێدەربەستیی دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە لە ئەنجامدانی تاوان و وێرانکردن و سڕینەوەدا نیشان ئەدات کە وا دەکات هەر کردەیەکی سیاسیی شێلگیر پێویستی بە دەیان جار بیرلێکردنەوەی زیاتر و زیاتر بێت. ئەوەش ڕاستە کە باشوور بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە و هەردوو بەرەکەش تەواو نابەرپرسیار و بێدەربەستن. بەڵام هەموو ئەمانە نابێت ڕێ لەوە بگرێت کاری سیاسی لە کوردستاندا لە غیابی سیستمێکی گشتیی حەڵاڵ و حەرامی سیاسی و نیشتیمانیدا، کار بکات. وا بکات هیچ فۆرمێکی لێپرسینەوەی سیاسی و بەرپرسیارکردن لە ئارادا نەبێت، تاوانی جۆربەجۆری یەک‌بەدوای یەکدا و بەبێ هەوڵێک بۆ سنووربۆدانان و میکانیزمێک بۆ بەرپرسیارکردن درێژەی هەبێت. دووبارەبوونەوەی ئەم دۆخە لە مێژووی ئێمەدا هێما بۆ فەشەلیی سیاسەت و فەشەلیی کاری پێکەوەیی ئێمە لە بەرهەمهێنانی ئەم توانا ناوەکییەی لێپرسینەوە و سنووردانان و چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی سیاسی دەکات.

نەبوونی ئەمەش، لە ئاستێک لە ئاستەکاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە سیاسەتی کوردی لە هەردوو چەمکە سەرەکییەکەی سیاسەتکردن لە دونیای ئەمرۆدا، دابڕاوە. یەکەمیان، چەمکی نیشتیمانە وەک جوگرافیایەکی سیاسیی گشتی و فۆرمێکیش لە ناسنامە کە پێویستی بە تێپەڕاندنی پێناسە بچووک و بەرتەسکەکانی پێش دروستبوونی نیشتیمانە. دووهەمیان، چەمکی نەتەوە وەک کۆمەڵەیەکی سیاسیی خەیاڵکرد کە جێی شوناسەکانی بەر لە خۆی دەگرێتەوە، لە شوناسی خێڵ و قەبیلە و ناوچەوە بگرە بۆ سەرجەمی شوناسە دینی و مەزهەبییە تایبەتەکان. لە فیکری تیۆریدا هەم نیشتیمان و هەم نەتەوە دوو دروستکراوی مێژوویین، لە سەردەمانێکی مێژوویی تایبەتدا دروست دەکرێن و دەشێت لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیکەدا شوێنیان بە شوناس و شێوازی ڕێکخستنی تری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بگیرێتەوە.

لە دونیای ئێمەدا دروستکردنی نەتەوە و نیشتیمان تا ئێستاش سنووری دروستکراوە کولتورییەکانیان تێنەپەڕاندوە و نەبوون بە دروستکراوی سیاسی. تا ئێستاش هێندەی لە هونەر و شیعر و ئەدەبیاتدا ئامادەن، هێندە لە ناو تێگەیشتن لە سیاسەت و عەقڵ و کردەی سیاسیدا ئامادە نین. مەسەلەکەش پەیوەندیی بەوەوە نییە مرۆڤی ئێمە توانای بیرکردنەوەی نییە، یان خاوەنی عەقڵێکی بیرنەکەرەوەیە، یاخود کولتوورێکی گەشەنەکردوومان هەیە کە توانای بینینی دیاردەکانی ناو خۆی و جیهانی نییە، ئەم لێکدانەوە کولتورالیست و ئینتلێکتوالیستانە ڕاست نین. ئەوەی لەم دۆخە بەرپرسیارە باڵادەستیی جۆرێک لە بکەریی کۆمەڵایەتیی سیاسییە، گەرچی بە ناوی نەتەوە و نیشتیمانەوە دەدوێن و سیاسەت دەکەن، بەڵام زۆرینە و بەهێزەکانیان بە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و دروستبوونی نیشتمان کار دەکەن و بیر دەکەنەوە. کایەیەکی سیاسییشیان دروست کردوە کە بکەری سیاسیی کورتبین و داخراو دروست دەکات، مۆدێلێک لە حیزبایەتی سەروەر دەکات توانای دەستگۆڕکێی دەسەڵات و گۆڕانکاریی ناوەکی و تازەکردنەوەی سەرکردەکانی خۆی نییە، ئەوەی یەک جار ببێت بە سەرۆکی حیزب، تا نەمرێت یان بەزۆر لا نەبرێت یان نەکوژرێت، لا ناچێت و دوای خۆیشی، زۆربەی جار، سەرجەمی دەسەڵاتەکانی بۆ نەوەکانی جێ دەهێڵێت.

ئەم داخرانە گەورەیە و ئەم بەخێزانیکردنەی سیاسەت زۆربەی پێگەکانی تری ناو کۆمەڵگاکەش هەم دادەخات و هەم بەخێزانیی دەکات. کاری پێکەوەیی لە ناو دەبات و ڕێ لە تێگەیشتنی گشتی و هاوبەش دەگرێت. بە کورتییەکەی، دەکرێت بڵێین ئێمە کولتوور و هونەر و ئەدەبیات و سایکۆلۆژیای نیشتیمانی و نەتەوەییمان هەیە، شتێکمان هەیە ناوی ناسیۆنالیزمە لەم ئاستەدا، بەڵام ئەوەی نیمانە بکەری سیاسیی نیشتیمانی و نەتەوەییە. بە مانایەکی دیکە ئێمە ناسیۆنالیزممان هەیە، بەڵام ئەم ناسیۆنالیزمە بکەری بەر لە دروستبوونی ناسیۆنالیزم ئاڕاستەی دەکات. نەتەوەمان لە ئاستی فەرهەنگی و کولتووری و شیعر و ئەدەبیات و هونەر و مۆسیقادا هەیە، لە دەرەوەشڕا ئەوانیتر وەک نەتەوە و خاوەن نیشتیمان سەیرمان دەکەن، بەڵام تەرجەمەکردنەکانی ئەم پێدراوە کولتووری و ڕوانینە دەرەکیانە لە دونیای ئێمەدا بۆ حیزب و بزاوت و دەزگا و ئەخلاقیاتی سیاسی، واتە تەرجەمەکردنیان بۆ بکەری سیاسیی نیشتیمانی، ونە. بەرهەمنەهێنانی بکەری نیشتیمانی و نەتەوەیی پەیوەندیی بە فیکر و توانای فیکرییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە جۆری ململانێی سیاسی و بە مۆدێلی حیزبی و بە تێگەیشتنەوە لە بیرۆکەی «پێشڕەو»بوون هەیە، پەیوەندیی بە باڵادەستیی هەندێک بنەماڵەی سیاسییەوە هەیە کە بەسەریەکەوە دۆخێک دروست دەکەن شتێک لە ناویدا بە ناوی هاودەردیی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە دروست نەبێت، یان بە ئاسانی لە ناو بچێت و نەمێنێت. بە مانایەکی دیکە، زیاد لە سەدەیەکە بەشێکی زۆر و گرنگی خوێندەواران و ڕۆشنبیران و شاعیران و ئەدیبان و هونەرمەندان، سەرقاڵی دروستکردنی نەتەوە و نیشتیمانن لە ناو زمان و تێکست و گۆرانی و شیعر و ئەدەبیات و ئیحساسات و خەیاڵ و وێناکردنەکانی ئینسانی ئێمەدا، بەڵام زۆربەی جار، سیاسەت و هێزە سیاسییەکان هاتوون و ئەم دروستکراوە کولتووری و خەیاڵییەیان وێران کردووە و هەموانیان گەڕاندووەتەوە بۆ قۆناعی بەر لە دروستبوونی نەتەوە و نیشتیمان.

 

دیارە دابەشبوونی ژیۆپۆلەتیکی کوردستان وای کردووە بەرژەوەندی و هاوکێشەکانی بەشە جیاوازەکان بە سەختی یەک بگرنەوە و زۆرجار بکەونە دژایەتیی یەکتریشەوە. بەڵام هەندێ هەڵسوکەوتی دیکەیش هەن کە ئەستەمە بتوانین تەنها بە بیانووی ژیۆپۆلەتیک پاساوی بۆ بهێنینەوە و پێناسەی بکەین، بۆ وێنە بوون بە بەشێک لە ئەرتەشی تورکیا یاخود ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە ئێران. کە وایە با بازێک بەسەر بەستێنی هاوکێشە سیاسییە ڕووتەکاندا بدەین و لە سۆنگەیەکی ڕەخنەگرانەوە بپرسین کە ئایا دەتوانین بڵێین ناسیۆنالیزم یاخود بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە دروستکردنی شوناسێکی سەرتاپاگیر و بەرهەستکردنەوەی چەمکی نیشتماندا شکستی هێناوە و ئێستایشی لەگەڵ بێ شوناسە وردترەکانی وەک زاراوە و ناوچە و عەشیرە و حیزب و تاقم و گرووپ، لە گەورەشوناسی نەتەوە باڵادەستتر و هەستپێکراوترن؟

 

بەشێکی وەڵامی ئەم پرسیارەم لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا دایەوە. ئەگەر سیاسەتی کوردی لەوەدا سەر نەکەوتبێت نەتەوە و نیشتمان دروست بکات، ئەگەر ئەوەیش چالاکییە ناسیاسییەکانی تری ناو کۆمەڵگاکەش لەم بوارەدا دروستیان کردبێت، بۆ نموونە شیعر و ئەدەبیات و نووسین، سیاسەت ڕۆڵی بەرچاوی بینیبێت لە وردوخاشکردن و لەناوبردن و لە باشترین دۆخدا پەراوێزخستنیدا، ئەمە دۆخێک دروست دەکات نەتوانین شتێک بەناوی «بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان»ـەوە ببینین کە بیەوێت «شوناسێکی سەرتاپاگیر» لە ئاستی سیاسیدا دروست بکات و بپارێزێت. ڕاستت دەوێت نەک تەنها لە نێوان پارچەکاندا، بەڵکوو لە یەک پارچەشدا بە زەحمەت شوناسێکی سەرتاپاگیری سیاسی ئەدۆزینەوە. وەک باسم کرد، ئەم شوناسە سەرتاپاگیرە لە ئاستی کولتووری و ڕەمزیدا بوونی هەیە، جۆرێک لە هاودەردی و هاوچارەنووسی و بەدەمیەکەوەچوونی کردەیی و ڕەمزیی نەتەوەیی هەیە، بەڵام ئەم شوناسە کولتووری و ڕەمزی و ئەو سایکۆلۆژیای هاودەردی و بەدەمیەکەوەچوونە، نەک نەتوانراوە بۆ ئاستی سیاسی بگوازرێتەوە و شوناسێکی سیاسیی کۆگیری لێ دروست بکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، سیاسەت و هێزە سیاسییەکان ڕێگرن لە بەردەم خودی ئەم گواستنەوە و دروستبوونەدا. بوون بە بەشێک لە ئەرتەشی تورکیا یاخود ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە ئێران، لە نموونەی ئەو کردە سیاسیانەن کە دروستبوونی ئەم شوناسە سیاسییە نەک تەنها پەک دەخات، بەڵکوو بوونی شوناسە کولتووری و ڕەمزییەکەش، تەواو بریندار و تەواو بێنرخیش دەکات، درزی گەورە و هەمەجۆری تێدا دروست دەکات.

وەک پێشتریش هێمام پێ کرد، بەشێکی زۆری سیاسەتی کوردی لە قۆناغی تەڵاقدانی هەموو فۆرمەکانی ئەخلاقی سیاسی و هەموو حەرام و نەشیاوێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا دەژی. لە هەر شوێنێکیشدا سیاسەت سیستمێکی تایبەتی حەڵاڵ و حەرامی ئاشکرا و پەیڕەوکراوی نەبوو، دەشێت چاوەڕێی هەموو خراپەکارییەکی لێ بکەین.

هەرچی ئەو شوناسە بەرتەسک و بەر لە نیشتیمانیانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسی دەکەن، واتە شوناسەکانی بەر لە دروستبوونی نەتەوە، «وەک زاراوە و ناوچە و عەشیرە و حیزب و تاقم و گرووپ»، شوناسی ئەبەدی و هەمیشەیی نین، بەشێکیشیان لەگەڵ پرۆژەی تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مەدەنیدا، لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا، لاواز و پەراوێز کەوتوون. بەڵام بە درێژایی سەدەی بیستەم هەوڵی سەرلەنوێ زیندووکردنەوە و ژیاندنەوەی ئەو شوناسە بەرتەسکانە هەبووە. هەرە دیارەکەیان هەوڵەکانی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین بوو. سەدام حوسەین لە ڕێگای سیستمی موستەشارەکانەوە ئەو شوناسە ناوچەیی و خێڵەکیانەی زیندوو کردەوە، دەرچووی زانکۆکانی لە دەوری سەرۆک خێلەکان کۆ دەکردەوە و یەکەیەکی سەربازیشی بەناوی موستەشارەوە بۆ ئەو سەرۆک خێڵانە دروست دەکرد. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە سیاسەتی هێزە باڵادەستەکانی باشوور بە هەمان ڕێچکەدا ڕۆیشتن و کەوتنەوە گرنگیدان بە خێڵ و ناوچە و شوناسە بەرتەسکەکان. بۆیە ئەوەی لە باشووردا دەیبینین، سیاسەت و پرۆسەی سەرلەنوێ بەناوچەییکردنەوە و بەعەشیرەتکردنەوە و بەگروپ و تاقمی داخراوکردنەوەن، ئەوەشی زیندووی کردوونەتەوە و ئەو هێزەی ئەمڕۆکەی پێ بەخشیون، ئەو مۆدێلی حوکمڕانییەیە کە دەشێت بە سوڵتانیزمی سیاسی ناونووسی بکەین. سوڵتانیزمێک بە شێوەیەکی سیستماتیک لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا کار بۆ چەسپاندن و بەهێزکردنی کراوە. سوڵتانیزم ئەو مۆدێلەیە لە حوکمڕانی کە سێنتەرەکەی خێزان یان بنەماڵەیەکی سیاسییە و ئەم سێنتەرەش سێنتەرێکی بێلێپرسینەوە و بێچاودێریکردنی داخراوە. دەسەڵاتیش لە ناویدا بە جەستە و سایکۆلۆژیای سوڵتانەکە و بە منداڵ و کەسوکار و هاوڕێ و دۆستە نزیکەکانیەوە  گرێ دراوە. دروستکردنی ئەم مۆدێلە سوڵتانییە لە دەوری شوناسی داخراوی خێزان و بنەماڵەیەک، پێویستی بە پرۆسەیەکی بەرفراوانی زیندووکردنەوەی سەرلەنوێی خێڵ و عەشیرەت و ناوچە و گرووپە بچووکەکانی تر هەیە. ئەم سەرلەنوێ زیندووکردنەوەیە بەشێکی سەرەکیی ستراتیژییەتی چەسپاندنی خودی مۆدێلە سیاسییە سوڵتانییەکەیە.

ئەم مۆدێلە سوڵتانییە ماوەیەکی درێژە لە ناو پارتە سیاسییەکانیشدا کار دەکات. وەک وتم، ئەوەی بۆ جارێک دەبێت بە سەرۆکی حیزب، ئیتر وەکوو سوڵتانی ئەو حیزبە تا کۆتایی تەمەنی دەمێنێتەوە، مەگەر بکوژرێت یان بە زۆر لا ببرێت یان خۆی بمرێت، بۆئەوەی شوێنەکەی چۆڵ ببێت و یەکێکی دیکە پڕی بکاتەوە.

ئەم دۆخە وای کردوە و وا دەکات هیچ دینامیکییەتیکی سیاسی لە ناو هیچ حیزبێکی سیاسیدا بوونی نەبێت و بوونی نەمێنێت، سەرۆک و سەرکردەکان تا دەمرن سەرۆک و سەرکردە بن، بەمەش هەموو دینامیکییەتی ناوەکیی حیزبە سیاسییەکە و لەوێشەوە ناو کایە سیاسییەکە دەکوژرێت. کایە سیاسییەکەیش بە دەوری خۆیدا سەرجەمی دینامیکییەتە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگاکە وێران دەکات، یان وایان دادەڕێژێتەوە کە سڕینەوەی دینامیکییەتی ناوەکیی ناو کایە سیاسییەکە وەک دۆخێکی ئاسایی و سروشتی مامەڵە بکرێت. بۆ نموونە، ئاسایی و سروشتی بێت تا ڕۆژی قیامەت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی حوکمڕانی حیزبەکانیان و لەوێشەوە حوکمڕانی وڵاتەکە بن. هەر ئەوانیش سەرجەمی پێگە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ناو سیستمە بیرۆکراسییەکە و سیستمە سەربازییەکە و سیستمە ئابوورییەکە و سیستمە میدییایەکەشیان لە ژێردەستدا بێت و بەو شێوەیەش بیانخەنە گەڕ کە لەگەڵ ئەو بەسروشتیکردن و بەئەبەدیکردنەی پێگەکانی خۆیاندا بگونجێت. مارکس قسەیەکی هەیە کە دەڵێت ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بەبێ ڕەخنەی دین مانایەکی ئەوتۆی نابێت. پێم وایە هاوکێشەکە لە دونیای ئێمەدا شتێک جیاوازە و دەکرێت بڵێین بەبێ ڕەخنەکردنی سیاسەت مانایەکی ئەوتۆ بۆ ڕەخنەکردنەکانی تر نامێنێتەوە. سیاسەت هێزی ژمارە یەکی گۆڕانکاری و ڕێگرتن لە گۆڕانکارییە لە دونیای ئێمەدا.

 

ئەگەر بە شێوەیەکی بابەتییانە ئاوڕ لە ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان بەتایبەت لە شکست یاخود پاشەکشەکان بدەینەوە، بێگومان هەمیشە نەبوونی سەروەریی سیاسی کە بە واتایەک هەمان نەبوونی دەوڵەتە لە فۆرمی دەوڵەت-نەتەوەی پارێزراودا، یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکی و بنەماییەکانی ئەو دیاردەیەی دەتوانین بە شێوەیەکی هێمایین ناوی «ملکەچبوون»ی لەسەر دابنێین. وەک ئەو دۆخەی ئێستا کە یەکێتی و پارتی تا ڕادەیەکی زۆر ملکەچی خواست و بگرە فەرمانەکانی ئێران و تورکیان. لەم سۆنگەیەوە، ئاخۆ ڕەوایە بڵێین کورد لە ئەزموونی مۆدێرنیتیدا شکستی هێناوە و سەرکەوتنی لەم ئەزموونەدا بە تەواوی گرێدراوی دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسییە لە فۆرمی دەوڵەتی مۆدێرن یان هەمان دەوڵەت-نەتەوەدا؟ هەروەها ئایا هێشتا دەرفەت و ئیمکانمان بۆ وەرگرتنەوەی سەروەریی سیاسی و پێکهێنانی دەوڵەت هەیە؟ بەتایبەت دوای لەکیسچوونی دەرفەتی بەدەوڵەتبوون لە قۆناغی دوای شەڕی یەکەمی جیهانیدا و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانە قووڵانەی، بەراورد بە سەدەیەک لەمەوپێش، لە بەستێنی یاسا و ڕێسا سیاسی و ئابوورییەکانی دونیادا ڕوویان داوە.

 

بە بۆچوونی من، «ملکەچبوون» دیاردەیەکی سەرتاسەری نییە، ئیرادە و ویستێکی بەهێزی بەرگریکردنیش لە مێژووی ئێمەدا هەبووە و کاری کردووە. ملکەچیی پارتی و یەکێتی ملکەچیی هەموو نەتەوەکە نییە، یان ملکەچیی نیشتیمانێک بە درێژایی مێژووی ئەو نیشتیمانە نییە. مێژووی ئەم ناوچەیە شایەتی نەمان و سەرنگونبوونی چەندان گرووپ و ئەتنییەتی جیاوازە، ئەوەی کورد لە ناو نەچووە و تا ئەمڕۆ لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا ماوەتەوە و دەژی و بە شێوازی جیاواز خەریکی دەسکاریکردن و باشترکردنی پێگە و مێژووی خۆیەتی لە جیهاندا، هێما بۆ ئەو ڕاستییە دەکات. ئەو ملکەچییەی ئێوە باسی دەکەن، ملکەچیی دوو هێزی سیاسییە کە لە زۆر سەرەوە لەوە کەوتوون هێزی سیاسی بن، بوون بە دوو کۆمپانیا، دوو پرۆژەی ئابووریی زەبەلاح کە خاڵە هەرەسەرەکی و بنەرەتییەکانیان موڵکی دوو خێزان و بنەماڵەی سیاسیین. شتێکیش بە ناوی نیشتیمان و نەتەوە و خەمی گشتی و بەرپرسیارییەت و حەرامی سیاسییەوە لەناو ئەو کۆمپانیا و بزنسە مەڵتی ملیۆن و مەڵتی ملیارە قۆرخکراوەدا، نەماوەتەوە.

بە بۆچوونی من، ملکەچبوونی سیاسی پەیوەندیی بە شکستی مۆدێرنە یان مۆدێرنیتەوە نییە وەک پرۆسەیەکی گشتی، بەڵکوو پەیوەندیی بە شکستی مۆدێرنەی سیاسییەوە هەیە، ئەمەش بە پلە و دەرەجەی جیاواز. بە درێژایی مێژووی مۆدێرن دۆخی کورد، بۆ نموونە، لە باکوور و رۆژئاوادا بە ڕادەی ئەمڕۆ هەنووکەیی و بەهێز و ئامادە نەبووە. مەترسیی تواندنەوە و نەمان لەسەر ئەو دوو پارچەیە نەماوە، فۆرمی جیاوازی خەباتی سیاسی و فەرهەنگییش لە هەردووکیاندا ئامادەیە کە ئەگەری گەورەی پێشخستنی مەسەلەکەیان لە هەردوو پارچەکەدا لە بەردەستدایە. شتێکی لەو بابەتەش، بە پلەیەکی کەمتر، لە پەیوەندیدا بە کوردانی ڕۆژهەڵاتیشەوە هەر ڕاستە، شتێک هەیە لەو بەشەی کوردستاندا بەناوی «مەسەلەی کورد»ـەوە و ئەم مەسەلەیە لەمڕۆدا تەواو زیندوو و ئامادەیە.

هەرچی باشوورە، کێشەکەی جیاوازە. باشوور دوای زیاد لە سێ دەیە رزگاربوون و هەبوونی سەربەخۆبوونێکی گەورە و هەمەلایەن، لەباتیی ئەوەی مۆدێلێک لە دەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانیی دیموکراس و دادپەروەر و کراوە و مافپارێز و ئەخلاقی پێشکەش بکات کە بتوانێت وەک مۆدێل بۆ سەرجەمی ناوچەکە کار بکات، کەچی گۆڕاوە بۆ ئەزموونێکی سوڵتانیی داخراو لەسەر مۆدێلی سیاسیی شێخنشینەکانی کەنداوی عەرەبی. ساڵانێکە شتێک بە ناوی «ڕزگاریخوازی و دادپەروەری و مافپەروەری» لە ناو ئەم ئەزموونەدا نەماوەتەوە. ئەم دۆخە پەیوەندیی بە فەشەلیی مۆدێرنەوە نییە، لە زیاد لە ئاستێکدا کۆمەڵگای باشوور تەواو جیاوازە لەوەی پەنجا ساڵی رابوردووی، باشوور ئەو باشوورە نییە کە من منداڵی و گەنجێتیی خۆمم لە ناودا بردە سەر و لە زیاد لە بوارێکدا کۆمەڵگاکە گۆڕاوە و تازە بووەتەوە. ڕاستت دەوێت هیچ شتێکی ئەمڕۆکە هەمان شتی پەنجا ساڵ لەمەوبەر نییە، نە سیاسەت، نە دین، نە ئەخلاقی کۆمەلایەتی، نە ئەدەبیات، نە فیکر، نە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگاکە، نە ئەرشیتێکتی شارەکان، نە شێوازەکانی پەیوەندیکردن، نە پەیوەندییەکانی کۆمەڵگاکە بە خۆی و بە دەرەوەی خۆیەوە، نە ئابوورییەکەی. هەموو ئەمانە گۆڕانکاریی گەورە و هەمەلایەنیان بەسەردا هاتووە و بە زۆر مانا بە ناو پرۆسەی تازەبوونەوەیەکی بەرفراواندا تێپەڕیون. بێگومان هەندێکیان باش و هەندێکیان خراپ. ئەو خاڵەی من دەمەوێت لێرەدا بەرگریی لێ بکەم ئەوەیە کە کۆمەڵگاکە نەوەستاوە و لە ئاستی جیاوازدا بە ناو پرۆسەی مۆدێرنیزەکردنی تایبەتدا تێپەڕیوە. لە پارچەکانی تری کوردستانیشدا دۆخێکی هاوشێوە لە ئارادایە.

ئەوەی لە باشووردا شکستی هێناوە، ئەزموونی سیاسیی هێزە باڵادەستەکان و بکەرە سەرەکییەکانی ناویەتی. بە درێژایی سەدەی بیستەم خەمی سەرەکی لە باشووردا خەمی سڕینەوە و لەناوچوون و تواندنەوەی شوناسی ئەتنیی میللەتی ئێمە وەک کورد نەبووە. ڕاستە ئێمە کەمینەیەک بووین لە ناو دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە وەک دەوڵەت لە ساڵانی بیستەوە، شتێک لە دانپیانانی سیاسی بە شوناسی کوردانی باشووردا لە ناو دۆکۆمێنت و سیاسەتی سەردەمی پادشایەتی و کۆماریی عێراقدا هەبووە. هەڕەشەی لەناوچوون لە سەردەمی بەعسدا دروست دەبێت و لە پەلامارەکانی ئەنفالدا بەشێکی جێبەجێ دەکرێت. بەڵام ئەنفال لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرەو ئەوە دەچوو ببێت بە ڕابردوو، ببێت بە بەشێک لە مێژووی کەمینەبوونی کورد لە ناو عێرقدا. من ناڵێم ئەگەری ڕوودانی ئەنفال لە باشووردا نەماوە، بە پێچەوانەوە، عێراق پڕ بووە لە میلیشیای دڕ و پڕچەکی تائیفی و ناتائیفی، بەڵام هاوکات شتێک بە ناوی فیدراڵیزم و هەرێمێکی سەربەخۆوە هەیە و کار دەکات کە لە هەندێک قۆناغدا باشوور وەک دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا کاری تێدا کردووە.

کێشەی ژمارە یەکی باشوور کێشەی ئەو هێزە سیاسیانەیە کە تیایدا حوکمڕانن. ئەم هێزانە وایان کردووە سیاسەت لەوە بکەوێت سیاسەت بێت، واتە چالاکیی دروستکردن و ڕێکخستن و ئاڕاستەکردنی ژیانی پێکەوەیی و گشتیی کۆمەڵگا بێت لە ژێر سایەی کۆمەڵێک پرەنسیپدا کە لانیکەمی ماف و دادپەروەری لەناو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیدا دابین بکات کە کۆمەڵگاکە دروست و قبووڵی کردبێت. سیاسەت وەک کردەی بەخشینی کۆمەڵێک مژدە و بەڵێنی ئایندەییانەی عەقڵانی کە رەوتێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ڕەمزی پێشنیار بکات. سیاسەت لە باشووردا لەوە کەوتوە ئەو کارانە ئەنجام بدات، وەک وتم سیاسەت بووە بە بزنس، بزنسێکی ناشیرینی پڕ لە دزی و گەندەڵی و کەڵەکەکردنێکی نایاسایی و نائەخلاقییانەی سەرمایە. دەسەڵاتداران و منداڵەکانیان گۆڕاون بۆ ملیاردێر و بزنسمانی خاوەن فڕۆکە و کەشتیی تایبەت و کۆشکی گرانبەها لە شارە گەورەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو خودی حیزب خۆیشی بووە بە کۆمپانیا، کۆمپانیایەکی زەبەلاح بە ئاست و توانایەکی گەورەی قۆرخکارییەوە. تێکەڵبوونی سیاسەت لە باشووردا بە ئابووریی نەوت بەرپرسە لە دروستبوونی بەشێکی گەورەی ئەو دۆخەدا. ئەوەی لە باشووردا لە پەیوەندیدا بە «مەسەلەی کورد»ـەوە رووی دا، داماڵینی ئەم مەسەلەیە بوو لە بەشی هەرەزۆری ڕەهەندە ئەخلاقی و ئازادیخوازەکەی و گۆڕینی بۆ بزنسێکی نیمچەمافیاییانەی دەرەوەی هیچ زەبت و ڕەبتێکی یاسایی و ئەخلاقی. ئەو ملکەچییەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسی دەکەن، پەیوەندییەکی پتەوی بەم دۆخە تایبەتەوە هەیە. لە کوێدا بزنس باشتر بەڕێوە چوو، کێ هاریکار بوو لەمەدا، کێ ئەو پێگانەی دەسەڵاتی ئەم هێزانەی پاراست وەک بزنسمان و کێ پرۆسەی بەرهەمهێنانی ملیۆنێر و ملیاردێرەکانی لە هەرێمەکەدا پاراست، ئەوان دەبنە دەستنیشانکەری ئەوەی ئەم هێزە بزنسکارانە لە ئاسی سیاسیدا چی بکەن و چ جۆرە هەڵسوکەوتێک نیشان بدەن. بە مانایەکی دیکە، لۆژیکی پابەستبوونەکە لۆژیکی سیاسەت نییە، بەڵکوو لۆژیکی بزنس و قازانجە، لۆژیکی کەڵەکەبوونێکی مافیاییانەی سەرمایە ئاڕاستەی دەکات. هاوکات لۆژیکی پابەستبوونەکە هەڵگری هیچ ڕەهەندێکی ئایدیۆلۆژی و فیکری و فەرهەنگی نییە تا بە مۆدێرنە یان هەر شتێکی دیکەی لەو بابەتەوە گڕێی بدەین. ئەوی ئیش دەکات لۆژیکی بزنس و لۆژیکی پاراستنی ئەو پێگانەی دەسەڵاتە کە توانای ئەو تەرجەمەکردنە ترسناکەی سیاسەت بۆ بزنس دەپارێزێت و درێژەی پێ ئەدات.

بێگومان بوونی دەوڵەت کۆمەڵێک کێشەی بۆ میللەتی ئێمە چارەسەر دەکرد، لەوانە بۆ نموونە چارەسەریی کێشەی کەمینەبوونی ئەتنی لەناو کۆمەڵێک دەوڵەتی تائیفی و مەزهەبی و دەسەڵاتگەری نادیموکراس و توندوتیژدا. بەڵام لە سی ساڵی ڕابردوودا ئەزموونی باشوور نیشانی داین کە هەبوونی دەوڵەتیش لەو کێشانەی لە بوونی ئەم مۆدیلە لە پارت و بکەری سیاسییەوە دروست دەبن، لەوانەش گۆڕانی سیاسەت  بۆ بزنس و گۆڕانی حوکمڕانی بۆ میراتی ئەم یان ئەو بنەماڵە و خێزانی سیاسی و هتد…، ڕزگاری نەدەکردین.

بەڵام ئایا هەلی دروستکردنی دەوڵەت بۆ میللەتی ئێمە ماوە و لە ئارادایە؟

لە ڕووی تیۆرییەوە مادام شتێک هەیە ناوی مێژووە بەبێ بوونی هیچ حەتمییەتێکی ناوەکی، ئەوەی هیگڵ ناوی «فێڵی مێژوو»ی لێ دەنێت، یان ئەوەی هانا ئارێنت ناوی ئەگەری دروستبوونی «سەرەتای تازە»ی لێ دەنێت، دەکرێت بڵێین دەشێت یەکێک لە ئەگەرەکانی ناو مێژووی ئێمە، جا چ لە فۆرمی فێڵی مێژوودا بێت یان لە فۆرمی سەرەتای تازەدا، دروستکردنی دەوڵەت بێت. بەڵام ئەم ئەگەرە تەنها ئەگەرێکی تیۆریی رووتە، ئەگەرێکی بێبکەر و بێستراتیژ و بێپلان. لە ناو سیاسەتی کوریدا نەک تەنها هیچ بکەرێکی سیاسیی دروستکردنی دەوڵەت ئامادە نییە، بەڵکوو بکەری دروستکردنی خودی نەتەوە و نیشتیمان خۆیشیان، بوونیان نییە. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک پارتی سیاسیی لینینییە کە لەژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی کۆمەڵێک سەرۆکی هەمیشەیی و «دەبیرکوللی» ئەبەدی و «مەرجەعی خورافی»ی سەر بەم یان بەو بنەماڵەی سیاسیی دیاریکراودان، ئەمانەش جگە لە پاراستنی پیگە سیاسییەکانی خۆیان هیچ شتێکی دیکەیان پێ دروست ناکرێت. ئەمە جگە لە غیابی ژینگەیەکی دەرەکیی ناوچەیی و جیهانی و گونجاو بۆ دروستکردنی دەوڵەت.

 

با لە گۆشەنیگایەکی دیکەیشەوە هەمان ئەو پرسیارەی پێشوو گەڵاڵە بکەینەوە: ئاخۆ ئەم جۆرە ملکەچییەی حکومەتی هەرێم بۆ دەوڵەتانی تورکیا و ئێران بەتەنها دەرئەنجامی شکستهێنانی سیاسەتەکانی پارتی دیمۆکرات و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە یاخود کێشەیەکی پێکهاتەیی و بنەڕەتیترە و تا وەختێک کورد نەبێتە ئەکتەرێکی دەوڵەتی لە ئاست ناوچەکە و جیهاندا هەر گیرۆدەی ئەم شێوازە لە پێوەندیی ملکەچانە دەبێت؟

 

بە بۆچوونی من، ئەو ملکەچییە نە چارەنووس و قەدەرێکی مێژووییە، نە پەیوەندیی بە بوون یان نەبوونی دەوڵەتەوە هەیە. ملکەچبوون دیاردەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتیی مرۆڤکرد و دروستکراوە. لە دونیای ئێمەدا پابەستی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە لە ناو کایەی سیاسیی کوردیدا دروست بوون کە لە سەرەوە هەندێک لە دەرکەوتە سەرەکییەکانیم باس کرد. سەرەتا بوونی حیزب بە کۆمپانیا و تێکەڵبوونی ئەو کۆمپانیانەش بە ئابووریی نەوت و بازرگانیی قاچاغ و ناقاچاغ لە ناوچەکەدا، ئینجا گرێدانێکی ڕاستەوخۆی پێگە سیاسییەکان و تواناکانی بازرگانیکردن بەیەکەوە. باڵادەستبوونی مۆدێلێکی حیزبی کە حیزب کورت دەکاتەوە بۆ ئۆرگانی ژێردەستی چەند سەرۆکێکی ئەبەدی و چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسی. ئەوەی ئەمانەیش دەجووڵێنێت خواست و ویست و تەماح و قازانجە تاکەکەسی و بنەماڵەییەکانی خۆیانە کە زۆرجار ناکۆکە بە خواست و ویستی کۆمەڵگاکانیان و یەکانگیرە لەگەڵ قازانج و مەسڵەحەتی دەوڵەتە ئیقلیمییەکاندا. ملکەچبوون بە پلەی یەکەم دیاردەیەکی سیاسییە و ڕەگوڕیشەکانی لە ناو کردەی سیاسی خۆیدایە، دواتر ئەوەی کە ئاڕاستەی دەکات لۆژیکی بەبازاڕکردن و بەبزنسکردنی سیاسەت خۆیەتی.

لە مێژووی هەندێک میللەتدا هەندێک جار و لە هەندێک ساتدا سیاسەت دەگۆڕرێت بۆ لەعنەت، ئەوەی لە باشووردا ڕووی داوە ئەم میتامۆرفۆسە کافکاییەی گۆڕانی سیاسەتە بۆ لەعنەت. گۆڕانی سیاسەتە لە چالاکیی دروستکردن و بەڕێوەبردنی ژیانی گشتی و دەستەبەرکردنی قازانجی گشتیی کۆمەڵگاکەوە بۆ بزنسی ژێردەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەک و ئەو نوخبە سەربازی و بیرۆکراسی و ئەمنییەی بە دەوری ئەو خێزان و بنەماڵە سیاسییە دەسەڵاتدارانەدا دروست بوون. ئەوەیش لۆژیکی بزنس ئاڕاستە دەکات قازانجی ڕاستەوخۆیە، جا ئەگەر ئەم قازانجکردنە پێویستی بە ملکەچبوون بێت، ملکەچبوون دەبێت بە ئاکاری باڵادەست. دەکرێت بە زمانێکی مارکسییانە بڵێین پاراستن و کەڵەکەبوونی سەرمایەی پارتە سیاسییەکان و لە ڕێگای ئەوانیشەوە سەرمایەی بنەماڵە حوکمڕانەکان، بە ناو کردەی ملکەچبووندا تێدەپەڕێت. واتە ملکەچبوون دیاردەیەکی سیاسی-ئابوورییە، ملکەچبوون ئابووریی سیاسییە.

بوون بە بکەری دەوڵەتییش مەسەلەیەکی ڕێژەییە، وەک پێشتریش وتم، باشوور بە کردەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە جۆرێک لە دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا بوو. لە سەردەمی پلانی ئەمریکاشەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین و بە تایبەتیتریش لە دوای دروستبوونی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا، باشوور ئەکتەرێکی گرنگی ناو سیاسەتی ئەمریکی و سیاسەتی جیهانی بوو لەم ناوچەیەدا. ئەوەی ئەم ئەکتەربوونەی کوشت، یەکەم، دابەشبوونە ناوخۆییە گەورەکان بوو لەسەر دەسەڵات و سامان و پێگە، دووهەم، هەڵە ستراتیژی و گەورەکەی بارزانی بوو، مەبەستم هەڵەی ڕیفراندۆمە، کە وای کرد هەم هاوکێشە سیاسییەکان بگۆڕدرێن و هەم پێگە و هێزی کورد لە باشوور لە ناو واقیعی سیاسیی ڕۆژی دوای ڕیفراندۆمەکەدا وێران ببێت.

 

کۆمەڵگای مەدەنیی باشووری کوردستان لە بەرانبەر داگیرکاریی ئاشکرای تورکیا و دەستێوەردانەکانی ئێراندا بەتەواوی کپ و بێدەنگە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مێژووی پاش دابەشبوونی کوردستاندا و تا ئەم دواییانەیش، باشوور ڕەوتێکی پێچەوانە ژیاوە و جیا لە هەناسەدرێژبوونی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی، هاوکات دەورێکی سەرەکیشی هەبووە لە پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی کوردستاندا. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا جۆرێک لە پاشەکشە و نسکۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ڕوخساری باشوورەوە دەبینرێت. تەنانەت گەڕانەوە بۆ لای ئایین لە وێنای ڕزگاریدەردا -اسلام هوالحل- بووەتە دیمەنێکی ڕۆژانە کە لە جادە و میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی باشووردا تا دێت زیاتر خۆی دەسەپێنێت. لە کاتێکدا لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان وەک سووژەیەکی سیاسیی بەهێز دەردەکەون و لە ڕۆژهەڵات بزووتنەوەیەکی ژنانە بە تەوژمێکی گەورەوە دەکەوێتە سەر جادە، کەچی باشوور کە لە پێشەنگترین پارچەکانی کوردستان بووە، لە ئاست پرسی ژندا پاشەکشەیەکی گەورە دەژی. لە ڕۆژهەڵات بە هەزاران ژن لەچکەکانیان فڕێ دەدەن بەڵام لە باشوور جێژنی باڵاپۆشی بۆ هەزاران ژنی گەنج دەگیرێت. دۆخەکە هێندە ئاڵۆز بووە کە بە واتای خۆتان جۆرێک لە «قەیرانی ئینتیما» بەرانبەر بە کوردبوونیش هاتووەتە ئاراوە. بە ئاستی یەکەم، هۆکار یان باشترە بڵێین هۆکارەکانی ئەم پاشەکشە گەورەیە چییە، ئایا ئەمە نیشانەی هەرەسهێنانی ناسیۆنالیزمی کوردییە یاخود بەرئەنجامی ئایدۆلۆژیای حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوورە؟ بە ئاستی دووەم، ئایا دەتوانین گەشبین بین کە ئەمە دیاردەیەکی کاتییە و دەشێت لە داهاتوودا کۆتایی پێ بێت و باشوور دەوری پێشڕەوانەی پێشووی خۆی وەربگرێتەوە؟

 

هێزەکانی باشوور نە ناسیۆنالیستن تا ناسیۆنالیزم ئایدیۆلۆژیا یان پرەنسیپی ژمارە یەکی ناو بیرکردنەوەی سیاسییان بێت، نە هەڵگری ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسییشن. هەم ناسیۆنالیزم و هەم هەر ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە بەتەواوی لە ناو بیرکردنەوە و ڕوانین و پراکتیکی سیاسیی ئەواندا غائیبە. سیاسەت لە هەرێم یان لە باشووردا بەبێ جیهانبینی و بەبێ ئایدیۆلۆژیا و بەبێ فیکر کار دەکات. ئەوەی کار دەکات فۆرمێکی تایبەتی سوڵتانیزمی سیاسییە و لە ناو ئەم جۆرە سیستمەشدا خواست و ویست و قازانج و ئاستی تێگەیشتن و بیرکردنەوە و بیرنەکردنەوەی سوڵتانەکە، یان نوخبە سوڵتانییەکە کە زۆرجار نوخبەیەکی خێزانی و بنەماڵەییە، کار دەکات. ئەوەی سیاسەتی باشوور ئاڕاستە دەکات سێ شتە: قازانجی بنەماڵە حوکمڕانەکان، خواستی دەوڵەتانی دراوسێ، سایکۆلۆژیای کەسی یەکەمی ناو سیستمە دەسەڵاتدارییەکە کە لەسەر مۆدێلی خومەینی و سیستانی بە «مەرجەع» ناوی دەبەن. هەموو ئەمانەش ناچنەوە ناو پێدراو و پێشمەرج و ڕەگەزەکانی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک لە ئایدیۆلۆژیاکانەوە. تا بەر لە ڕیفراندۆم، لە پاڵ پارەی نەوتدا بەرخۆری و بەرخۆریزم، واتە خواست و ویست و توانای مەسرەفکردن و مەسرەفگەرایی، ئایدیۆلۆژیای باڵادەست بوو، لە دوای ڕیفراندۆمەوە ئەم ئایدیۆلۆژیایەش لاواز بووە و بەشێکی گەورەی ژیانی کۆمەڵگاکە تەواو پەیوەستە بە هاتن یان نەهاتنی مووچە لە بەغداوە.

زۆرینەی کۆمەڵگاکەش هەم سیاسەتی تەڵاق داوە هەم هەرجۆرە پەیوەندییەک بە هێزە حوکمڕانەکانەوە، بە ئیسلامییەکان و بەو هێزانەشەوە کە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن. لە دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، نزیکە ٧٠ لەسەدی خەڵک بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان نەکرد. نەمانی متمانە و نەمانی باوەڕ بە سیاسەت و بە هێزە سیاسییەکان، سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیی باڵادەستە لە هەرێمدا. ئەو ٣٠ لەسەدەش کە لە هەڵبژاردندا بەشدار بوون، دابەش بووبوون بەسەر هەموو هێزەکاندا، بە هێزەکانی ئیسلامی سیاسییشەوە. من ئەم قسانە بۆیە لێرەدا باس دەکەم بۆ ئەوەی ئەو وێنە هەڵەیە ڕاست بکەمەوە کە پێی وایە هێزە سیاسییەکانی باشوور، بە ئیسلامییەکان و ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، کۆمەڵگاکەیان لەگەڵدایە و نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو کۆمەڵگایەن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە مەسافەیەکی سیاسی و ئەخلاقی و ڕەمزیی گەورە لە نێوان بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە و هێزە سیاسییەکاندا هەیە.

بەشی زۆری کۆمەڵگای مەدەنیی باشووریش، بەشێکە لەو ٧٠ لە سەدەی کە بایکۆتی سیاسەت و کایە سیاسییەکەیان کردووە، یان ئاکارێکی ناسیاسییان هەیە و خەریکی کاروباری تری دەرەوەی سیاسەتن. هێزە سیاسییە حوکمڕانەکانیش ئیشێکی زۆر و سیستماتیکیان بۆ لاوازکردن و پەراوێزخستن و بێدەنگکردنی کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجام داوە و ئەنجام ئەدەن. بەڵام هەموو ئەمانە ڕێگر نەبووە لە بەردەم بەشە زیندوو و چالاکەکەی کۆمەڵگای مەدەنیدا بۆ ئەوەی کاردانەوەی تەندروستیان بەرامبەر بە ڕووداوەکان هەبێت و گوتاری تایبەت بە خۆیان لەسەر ئەو ڕووداوانە هەبێت. بزووتنەوەی ژنان بە نموونە، بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و مافی ئازادیی ڕادەربڕین، هتد…

بە دیوێکی دیکەدا، پێم وا نییە پاشەکشە لە باشووردا لە هەموو بوارەکاندا هەبێت، ڕاستە پاشەکشەی سیاسی هەیە و لە هەندێک ناوەنددا ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی سەلەفی گەشەیان کردووە، بەڵام ناکرێت بە زمانی پاشەکشە قسە لەسەر دۆخی کۆمەڵگاکە وەک گشتێک بکەین. بۆ نموونە بەم زمانە قسە لەسەر بواری هونەر و کولتوور و نووسین و زمان و ڕووناکبیری بکەین. لە زۆر بواردا دەنگی تازە و گرنگ پەیدا بوون و کار دەکەن.

ڕاستە ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی سەلەفی، بە بەراورد بە سەرەتای ساڵانی نەوەد، گەشەیان کردووە، ڕاستە کایەی دین لە هەرێمەکەدا بووە بە کایەیەکی تەواو ئاوساو. کتێبێکی تازەی من بە ناونیشانی «بەهەشتی ئیجباری» لەسەر دین و دینداری و بکەرە دینییە تازەکان لە باشووردا بەڕێوەیە و لەوێدا بە وردی لەسەر دۆخی دین و دینداری لە باشووردا وەستاوم. بۆ نموونە، دین لە باشووردا خاوەنی وەزارەتێکە کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری دینییە. ئەم وەزارەتە وەزیر و جێگری وەزیر و چەندان بەڕێوەبەری گشتی و هەزاران فەرمانبەری هەیە. ژمارەی ئەو کەسانەی لەم وەزارەتەدا کاردەکەن ١٢ هه‌زار و ٢١٨ كه‌سن، لەوانە بە فەرمی ٨ هه‌زار و ٧ كه‌سیان فەرمانبەری خزمەتگوزار و بانگبێژ و پێشنوێژ و وتارخوێن و قورئانخوێنن. جگە لەمە لە هەرێمدا ٥ هه‌زار و ٧١٧ مزگەوت هەن کە لە ناو ٣ هه‌زار و ٣١٧ مزگەوتیاندا هەموو هەفتەیەک وتاری هەینی دەخوێندرێتەوە و پیاوانی دین، قسەی دینی بۆ بەشێکی کۆمەڵگاکە دەکەن. لە پاڵ ئەم ژمارە گەورەیەدا لە مزگەوت، ١٨٩ تەکیە و خانەقای جۆربەجۆر هەن کە تەرخانن بۆ پەرەدان بە دین و دینداری. ئینجا ١١٦ حوجرە و ٨٥ بنکەی لەبەرکردنی قورئانیش هەن کە منداڵان، کچان و کوڕان، تیایاندا کۆ دەکرێنەوە بۆ فێربوونی دەرس و وانەی دینی و لەبەرکردنی قورئان. ئەمە جگە لە بوونی ١٧٢ مەرقەد و مەزاری دینی کە کەسانی دیندار سەریان لێ ده‌دەن و زیارەتیان دەکەن. بە کورتییەکەی، لە هەرێمدا بەسەریەکەوە 6 هه‌زار و 279 مزگەوت و دەزگا و ناوەندی دینی هەیە. ئەم ژمارەیە بە بەراوردکردن بە هەر بوارێکی تری ژیان لە هەرێمدا، هێجگار گەورەتر و قەبەترە. ژمارەی بنکە و مقەڕ و مەڵبەند و لقە حیزبییەکانی هەموو پارتە سیاسییەکان بەسەریەکەوە، هەرگیز بەو ژمارەیە ناگەن. کۆی ژمارەی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە هەموو قۆناغەکانیانەوە، لە باخچەی ساوایانەوە بۆ دواناوەندییەکان و قوتابخانە پیشەییەکان و قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری، تا بە پەیمانگاکانیش دەگات، 6 هه‌زار و 758 قوتابخانەیە کە شتێکی کەمی لە ژمارەی مزگەوت و دەزگا و بنکە دینییەکان زیاترە. هاوکات لە هەرێمدا تا ساڵی ٢٠١٨، بە فەرمی ٢٣ کەناڵی ڕادیۆی دینی هەبوون و کاریان کردووە کە ڕەنگە لە ئێستادا ئەو ژمارەیە زیاتر و گەورەتریش بووبێت. ئەمە جگە لە بوونی زیاد لە ٣٠ کەناڵی تەلەفیزیۆنیی دینی. ئینجا ئەو ئیمپراتۆرییەتە میدیا دينييەش کە چ بە دەنگ و بە وێنە و بە کاغەز و چ لە فۆرمی دیجیتاڵیدا هەیە و کار دەکات. ئەو ژێرخانە دینییەی لە هەرێمدا بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی هەیە، گەورەترە لەوەی لە عەرەبستانی سعوودیە و کوەیت و ئەردەن و زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی دراوسێدا هەن. دروستکردنی ئەم ئیمپراتۆرییەتە دینییە بە نهێنی و بە دزیی هێزە حوکمڕانەکانی هەرێمەوە نەبووە، بەڵکوو زۆرجار بە هاریکاری و دەستخۆشیی ئەوان بووە.

سەرەڕای ئەو دۆخە دینییە ئاوساوە، هێشتا کۆمەڵگاکە توانایەکی بەرچاوی بەرگریکردنی لە خۆی و لەو ئازادییە سادانەی تێدایە کە بەشە نادینی و عەلمانی و ڕۆشنگەرەکەی کۆمەڵگاکە لە مێژووی خۆیدا بەرهەمی هێناوە. هەرکەسێک سەرێک لە سلێمانی یان لە هەر شارێکی دیکە لە شارە گەورەکانی هەرێم بدات، ئەم دیوەی کۆمەڵگاکەش بە ئاشکرا دەبینێت. مەبەستم دیوە نادینی و عەلمانییەکەی کۆمەڵگاکەیە.

ئەم دۆخە، لەسەرێکی دیکەوە، پەیوەندیی بە گۆڕان لە ستراتیژییەتی هێزە ئیسلامییەکانەوە هەیە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە نووسینێکدا باسم لەوە کردووە کە ئیسلامییەکان بەو ڕاستییە گەیشتوون کە ناتوانن دەسەڵاتی سیاسی لە دوو خێزانە سیاسییەکەی هەرێم بسێننەوە، بۆیە بڕێکی بەرچاوی کارکردنیان لە ئاستی سیاسییەوە گواستووەتەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگا و دەیانەوێت لە ڕێگای دروستکردنی دەسەڵاتێکی دینییەوە لە کۆمەڵگاکەدا پێگەیەک بۆ خۆیان دروست بکەن و هاوکات هێزی ئەو پێگەیەش، نمایش بکەن. ئەو فێستیڤاڵ و بۆنانەی بۆ باڵاپۆشکردن و حیجابلەسەرکردنی کچانی گەنج و ژنان ئەنجامی ئەدەن، بەشێکە لەم وەرچەرخانە لە ستراتیژییەتی کارکردنیاندا. لەوەشدا هەموو توانا مادی و میدیایی و مرۆییەکەی خۆیان خستووەتە کارەوە و وێنەیەکی تایبەت، زۆرجار وێنەیەکی ناڕاست، بۆ دەسەڵاتی دینی و کۆمەڵایەتیی خۆیان دروست دەکەن.  کێشەکە لەوەدایە حوکمڕانانی هەرێمەکە مامەڵە لەگەڵ ئەو وێنەیەدا دەکەن، نەک لەگەڵ هەقیقەتی دەسەڵاتی ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگاکەدا. بە بۆچوونی من، دیوە عەلمانییەکەی کۆمەڵگاکە لە دیوە دینییەکەی بەهێزتر نەبێت لاوازتر نییە. مەبەستم لە دیوە دینییە سیاسییەکەی کۆمەڵگاکەیە. بەڵام ئێوە لەو خاڵەدا ڕاست دەکەن کە بڕی دینداری لە ئێستای کۆمەڵگاکەدا، بەراورد بە بیست یان سی ساڵی ڕابردوو، زیادی کردووە. ئەو ژێرخانە دینییەی لە سەرەوە هێمام پێ کرد، هەم هۆکارەکەیەتی و هەم نیشاندەرە بەردەوامەکەیەتی.

 

 

لە دە ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک ڕووداوی گرنگ لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، بۆ وێنە سەرهەڵدان و شکستی داعش، دروستبوونی کیانێکی نوێی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لێکەوتەکانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی. دوای ئەم ڕووداوانە، پێگەی حکومەتی هەرێم لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا چ گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە و ئەمانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر پێوەندیی باشوور لەگەڵ ئێران و تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی ئێراقیش هەبووە؟

 

بە بۆچوونی من، ڕیفراندۆم ڕووداوێکی گرنگ و گەورە نەبوو، بەڵکوو گەورەترین هەڵەی سیاسی و ستراتیژیی دونیای دوای ڕاپەڕین بوو. لە سپێدەی دوای ڕیفراندۆمدا هەرێمی کوردستان بە کردەوە لە دۆخی «دەوڵەت لەناو دەوڵەت»دا گەڕایەوە بۆ قۆناغی «حوکمی زاتی»یەکەی سەردەمی بەعس لە عێراقدا. ئەو پێگە فیدراڵی و سەربەخۆ بەهێزەی کە هەرێم هەیبوو، دۆراندی و مێژووی دوای ڕۆژی ڕیفراندۆمەکە، تا ئەم ساتە، مێژووی لاوازبوونی بونیادی و ستراتیژیی هەرێمە لە بەرامبەر سەرجەمی ئەو دەسەڵاتانەدا کە هەن و کار دەکەن، بەر لە هەموان دەسەڵاتی ناوەند لە بەغداد. ڕیفراندۆم بڕیارێکی هەڵە و بیرلێنەکراوەی مەسعوود بارزانیی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم بوو، نەک ئەوەی بەشێک بێت لە بزاوتێکی کارلەسەرکراو و کاربۆکراو، نە بەشێکیش بوو لە گۆڕانی هاوکێشەکانی دەسەڵات، چ لە ناو عێراق و چ لە ناوچەکەدا، نە پەیوەندیی بە ویست و خواستی زلهێزە گەورەکانی جیهانەوە هەبوو، نە کۆمەڵگای کوردی خۆیشی ئامادەیی و توانای بەرگریکردنی لە دروستکردنی کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ هەبوو، نە ئەو مۆدێلە سیاسییەیش کە لە هەرێمدا لەسەر مۆدێلی شێخنشینەکانی خەلیج دروست کرابوو کەس دەیویست و کەس ئامادە بوو بەرگریی لێ بکات. لەمەش بترازێت، وەک وتم، هەرێمی کوردستان بەر لە ڕیفراندۆم و لە واقیعدا دەوڵەت بوو لەناو دەوڵەتدا، لە هیچ شتێکدا نەدەگەڕایەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەند لە بەغداد. کەچی ڕۆژی دوای ڕیفراندۆمەکە سەرجەمی هاوکێشەکان بە زیانی هەرێم گۆڕان. بەشی هەرەزۆری ئەو خاکەی کە کورد بە خاکی خۆی دەزانی کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە، هەرێم لە ڕووی سیاسییەوە تەواو تەنیا کەوت و بەشێکی گەورەی دۆستەکانی لێی تەکینەوە، دەروازەکانی هەرێم بە ڕووی دونیای دەرەوەدا داخران، ئەوەی ناو نرابوو «ئابووریی سەربەخۆ»، کە پەیوەندیی بە دەرهێنان و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت لە لایەن هەرێمەوە هەبوو، کۆتایی هات و هەرێم مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی لێ سەندرایەوە. بە کورتییەکەی، ڕیفراندۆم هەرێمی ناچار بە گەڕانەوەیەکی سەرتاسەری بۆ بەغدا کرد و بەمەش پێگەی کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی لەناو عێراقدا بە تەواوی لاواز کرد.  قسەیەکی لینین هەیە دەڵێت «سیاسیی باش ئەو کەسە نییە کە هەڵە ناکات، بەڵکوو ئەو کەسەیە کە هەڵەی ستراتیژی ناکات». ڕیفراندۆم هەڵەیەکی سیاسیی ستراتیژی بوو، ئەندازیاری ئەم هەڵەیەش مەسعوود بارزانیی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم بوو. ڕیفراندۆم دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەیەکی زانستییانەی هاوکێشەکانی هێز و ویستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و توانا ناوەکییەکانی کۆمەڵگای کوردی نەبوو. سەرەتا و کۆتایی بڕیاری ڕیفراندۆم سایکۆلۆژیای بارازنی لێی بەرپرس بوو.

ثا ئێستاش هەرێم باجی ئەو هەڵە ستراتیژییە ئەدات و لاوازترین ساتەوەختەکانی قۆناغی دوای ڕاپەڕین دەژی؛ سوپای تورکیا بەشێکی بەرچاوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیی داگیر کردووە، ئێران لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا بە ئاسانی هەموو کارێکی بۆ ئەنجام ئەدرێت، حکومەتی هەرێم بەشێکی گەورەی دەسەڵاتەکانی بۆ بەغدا گەڕاندووەتەوە، کۆمەڵگاکە خۆیشی متمانەی بە سەرجەمی نوخبە سیاسییەکە لە دەست داوە.

 

وەک دواپرسیار، هەندێ جار بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سەردەمی شەڕی چەکداری بەسەر چووە و حیزبەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات باشترە واز لە خەباتی چەکداری بهێنن و ڕوو بکەنە خەباتی سیاسی و مەدەنی. ئەم بانگەشەیە ئێستە یەکانگیر بووە لەگەڵ پڕۆژەی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بەرتەسککردنەوەی مەیدانی چالاکیی ئەوان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا. ئەگەر واز لە بەستێنە ئەخلاقی و نیشتمانییەکەی ئەو بانگەشەیە و ئەم پرۆژەیە بهێنین و تەنها لە سۆنگەی پراتیکی و سیاسییەوە لێیان بکۆڵینەوە، لە ئەگەری وازهێنان یاخود بنبڕکردنی خەباتی چەکداریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باکووردا، ئەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر خەباتی خودی ئەو پارچانە بە ئاستی یەکەم و دۆخی حکومەتی هەرێم بە ئاستی دووهەم؟ ئایا وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەمە بە سوودی باشوور دەکەوێتەوە و جۆرێک لە پارێزراوبوون لە شەڕ و هێرشی دراوسێکانی بۆ بەرهەم دەهێنێت، یاخود هەڵەیەکی ستراتیژییە و حکومەتی هەرێم بە دەستی خۆی خەریکە کارتەکانی دەسووتێنێت؟

 

چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەلات و بەرتەسککردنەوەی چالاکییەکانی پارتی کرێکاران شتێکە و بیرکردنەوە لە گۆڕانی شێواز و ستراتیژییەکانی خەباتکردن شتێکی دیکەیە. نووسینی زیاد لە بیست ساڵێک لەمەوبەری من هەیە باس لە گرنگیی وازهێنان لە خەباتی چەکداری دەکات. ئەودەم نە چەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەلات و نە بەرتەسککردنەوەی چالاکییەکانی پارتی کرێکاران، بەو شێوەیەی ئەوڕۆ هەبوون و لە ئارادا بوون. بە بۆچوونی من، خەباتی چەکداری توانای دەستەبەرکردنی مافە سیاسی و کولتووری و ناوچەییەکانی خەڵکی کوردستانی نییە. بەر لە هەموو شتێک، ئەو دەوڵەتانەی کورد لەگەڵیاندا لە ناکۆکیدایە، گوێ بە ژمارەی سەربازی کوژراو و برینداری خۆیان و بە زیانی مادی و گیانیی خەڵکی کوردستان و خەڵکی دەرەوەی کوردستانیش نادەن. بەکارهێنانی هەموو چەکێکی کوشندەش لە هەر سەرکوتکردنێکی ناوەکیدا، بە مافی پاراستنی سەروەریی خۆیان دەزانن. ئێمە لە بەردەم کۆمەڵێک دەوڵەتداین کە ئامادەن تا ئاستی جینۆسایدکردن بڕۆن و ئامادەن هەزاران هەزار گوند و شارۆچکە لەسەر نەخشە بسڕنەوە، سەدان هەزار مرۆڤ ڕابگوێزن و بێجێگە و بێڕێگەیان بکەن. بە هیچ شێوەیەکیش تەکنۆلۆژیای کوشتنی ئەم دەوڵەتانە و چەکی بەرگریکردنی هێزە کوردییەکان بەیەکتری بەراورد ناکرێت. بە بۆچوونی من، هێزی سەربازی مەسەلەی میللەتی ئێمە بە بارێکدا ناخات و هێزی سەربازی ئەو هێزە نییە کۆمەڵگای ئێمە لە پاراستنی مافەکانی تا بەدەستهێنانی سەروەریی سیاسی، نزیک بخاتەوە.

لە دەرەوەی کوردستانیسدا هەمان ئەزموون لە ئارادایە. بۆ نموونە، ئەوەی دەوڵەتی سریلانکا دوای ٢٥ ساڵ خەباتی چەکداری بە پڵنگەکانی تامیل (Tamil Tigers)ی کرد، یان ئەوەی ئیسراییل بە غەزە، ئەوەی بەشار ئەسەد بە حەڵەب، ئەوەی سوپای تورکی لە ساڵانی نەوەددا بە خەڵکی هەزاران گوندی باکوور و ئەوەی بەعسی عێراقیش لە ئەنفالدا بە کوردانی باشووری کرد، نموونەی ئەو شێوازەی مامەڵەکردنی دەوڵەتانن بۆ هەر بزاوتێکی سیاسی کە لە ڕێگای چەکەوە خواستی وەدەستهێنانی مافی هەبێت.

لە سەرێکی دیکەوە، ئەگەری ئەوەی کورد لە دونیای ئەمڕۆدا وەک میللەت بتوێتەوە و کۆتایی بە زمان و شوناس و فەرهەنگەکەی بهێندرێت، کە بەشێکی گەورەی مەسەلەی کوردە، بوونی نەماوە. شێوازی پاراستنی زمان و شوناس و کولتوور و گەشەپێدانی هەریەکێکیان ئەمڕۆ ئیتر لە ژێردەستی دەوڵەت نەتەوەکاندا نییە و نەماوە و ئەم شوناسانە دەکرێت لە ئاست جیهانیدا بپارێزرێن. کورد هەم لە ناو کوردستان خۆی و هەم لە دەرەوەی کوردستاندا خاوەنی ژێرخانێکی مادی و مرۆیی و تەکنۆلۆژیی وایە کە توانای پاراستنی هەرشتێکی هەیە کورد بە شوناس بە کولتووری خۆیی بزانێت و ببینێت.

خاڵێکی پۆزەتیڤی دیکە ئەوەیە کورد ئەمڕۆکە خاوەنی دیاسپۆرایەکی گەورەیە لە دەرەوەی کوردستاندا، بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکادا، کە دەتوانن ڕۆڵی گەورە و گرنگ بگێڕن لە بەسیاسیکردنی مەسەلەی کورد و لە بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە ناوەندە جیهانییەکاندا. چالاککردن و بەگەڕخستنی ئەم دیاسپۆرایە ساڵانێکی درێژی کارکردنی دەوێت.

گۆڕانێکی دیکە کە دروست بووە، گۆڕانە لە ژینگە سیاسییەکەی ئەو وڵاتانەدا کە کورد لە ناویاندا وەک کەمینە ئامادەیە. بۆ نموونە، تورکیای ئەمڕۆکە تورکیای ساڵانی بیست و سیی سەردەمی ئەتاتورک و ساڵانی کۆدەتا سەربازییەکان نییە. لە ناو وڵاتەکەدا سیستم و ژینگەیەکی سیاسی هەیە کە مەودای کارکردن، هەرچەند سەخت و سنووردار، بە کورد و خەڵکی کوردستان دەبەخشێت و دەکرێت لەم ڕێگایەوە هەندێک لە مافە سیاسی و کولتوورییەکان وەدەست بهێنرێن. ئەم دۆخە لەم ساتەدا، بە لەمپەر و ڕێگری جیاوازەوە، لە بەشەکانی تری کوردستانیشدا لە ئارادایە و ئەگەری بچووک و سەرەتایی بۆ ڕیفۆرمکردن لە ئارادایە. باشووریش بە کردەوە ئازادە و ئازادییەکەشی پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە بوونی هێزی چەکدار و خەباتی چەکدارییەوە نەبووە و نییە. ڕۆژئاوایش خاوەنی ئازادیی خۆیەتی و لەوێدا هێزی سەربازی بۆ خۆپاراستن بەرامبەر بە هەر هێرش و پەلامارێکی ناوەکی و دەرەکی پێویستە، بەڵام لێرەشدا مۆدێلی حوکمڕانییەکە و ئەو قورساییە ئەخلاقییەی ئەم مۆدێلە هەیەتی بەقەد هێزە چەکدارەکەی گرنگە، ئەگەر گرنگتر نەبێت. بۆ ڕۆژهەڵاتیش هەمان دۆخ لە ئارادایە؛ کورد توانای ڕووخاندنی دەوڵەتی لە ئێراندا نییە، بەڵام دەتوانێت لە ناو ئەو خەباتە مەدەنییەدا بەشدار بێت کە دەشێت لەو وڵاتەدا دروست ببێت، خەباتێکی مەدەنیی سەخت و قورس.


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

3 × 5 =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان