بێدەوڵەتی؛ ترۆمایەکی کەلتووری یان بەستێنی ترۆماسازی؟

- Jun 8, 2025   |   نینا کەریمی
داگرتنی فایلی PDF
کورد وەکوو گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهان زیاتر لە یەک سەدەیە لەگەڵ ئەنجامەکانی دابەشبوونی وڵاتەکەیدا دەستەویەخەیە. پەیماننامەکانی سایکس-پیکۆ (١٩١٦) و لۆزان (١٩٢٣) لە کاتێکدا مافی هەبوونی دەوڵەتێکی کوردییان پێشل کرد کە وڵاتە دراوسێیەکان بە بەهای سەرکوتکردنی هەر کەمینەیەک لە چوارچێوەی سنوورە تازەکانیاندا، خەریکی دروستکردنی دەوڵەت- نەتەوەی خۆیان بوون. ئەم دابەشبوونە و سەرکوتکارییەکانی پاش ئەوە ئەزموونێکی ئاڵۆزیان لە بەرخۆدان، خەباتکاری و هەروەها خەیاڵی سیاسی بۆ کوردەکان پێکهێنا کە دەرەنجامەکانی لە شەڕی چەکدارییەوە تا جینۆساید وەکوو ترۆمایەک لە یادگەی گشتیی کۆمەڵگای کوردیدا جێگربوو. لەم ڕوانگەیەوە دوکتۆر محەمەد حەقمورادی لە وتارە تازەکەیدا بە ناوی ” ژیان و سیاسەت لە نێوان ترۆما و خەیاڵدا: ڕامانێک لە سەر بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە” بێدەوڵەتیش وەکوو ترۆمایەکی گشتی پێناسە دەکات، بەڵام چەند پرسیارێک سەبارەت بە چییەتی ترۆما و چۆنیەتی ترۆماتیک بوونی بێدەوڵەتیی کورد بێ وڵام دەهێڵێتەوە. ئایا بێدەوڵەتی دەتوانێت بە تەنهایی ترۆمایەکی کەلتووری بێت یاخود بەستێنێکە بۆ ڕوودانی ترۆماگەلێکی بە کۆمەڵ؟ هەروەها خەیاڵی گشتی کێ دروستی دەکات و هەڵوەشانەوەی تا چە ڕادەیەک دەتوانێت لەسەر داهاتووی نەتەوەیەک کاریگەر بێت؟
جێفری ئەلێکسەندەر لە کتێبی “ترۆما: تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی”دا(٢٠١٢) ترۆمای عامیانە (lay trauma)و ترۆمای کەلتووری لە یەک جیا دەکاتەوە. بە ڕای ئەو ترۆمای کەلتووری بە پێچەوانەی ترۆمای عامیانە، ئەزموونێکی بە کۆمەڵە کە پاش ڕووداوێکی تایبەت لە ڕێگای پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان، گێڕانەوەکان و هەروەها گرووپە هەڵگرەکانەوە[1] (یان ماناسازەکان وەکوو ڕیبەرانی سیاسی یان ڕووناکبیران) بنیات دەنرێت و مانای پێ دەبەخشرێت. ئەلێکسەندەر جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ڕووداوەکان تەنها کاتێک دەبن بە هۆی ترۆمای کەلتووری کە لە لایەن گرووپێکەوە وەکوو مەترسییەک بۆ شوناسی بەکۆمەڵیان لێکبدرێتەوە. واتە ئەو کاتەی ئەندامەکانی گرووپێک هەست بکەن لە ژێر کاریگەری ڕووداوێکدان کە شوێنپەنجەکەی لەسەر هوشیاری بە کۆمەڵیان (ئاگاهی جەمعی) ناسڕدرێتەوە، یادەوەرییەکانیان بۆ هەمیشە دەگۆڕدرێت و شوناسی داهاتوویان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و غەیری قابلی گەڕانەوە ژێروژوور دەبێت. (الکساندر، ١٤٠٢:٢٥)
بە پێی ئەم تەعریفە ترۆما دەرەنجامی ڕووداو یان مەترسییەکی تایبەتە و نەک دۆخێکی بەردەوام. کەواتە بێدەوڵەتی خۆی بە تەنهایی ناتوانێت دیاردەیەکی ترۆماتیک بێت مەگەر ئەوەیکە لە ڕێگای دروستکردنی بەستێنێکەوە، ڕێگا بۆ بڕێک پرۆسەی کۆمەڵایەتی و ڕووداوی مەترسیدار بۆ شوناسی گرووپێک کەس (لێرەدا گرووپی هەڵگران) دروست بکات و لە ئاگاهی و یادەگەی بەکۆمەڵیاندا بمێنێتەوە. بۆ نموونە ئەو ڕووداو و کارەساتانەی لە ڕێگای هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردییەوە ڕوویان داوە و هەروەها دەرەنجامەکانیان کە ئاشبەتاڵ یەکێک لەوانەیە.
حەقمورادی لە وتارەکەیدا لەگەڵ ئەوەیکە “ئاشبەتاڵی” بە هەلومەرجێک دەزانێت کە تێیدا “بزووتنەوەیەک کە بەگەیشتن بە ئامانجەکانی نزیک بۆتەوە، بە هۆکارێک وەک ڕێکەوتنێکی دەرەکی، هەموو دەسکەوتەکانی لە باردەچێت” (حەقمورادی، ٢٠٢٥)؛ ئەزموونی ئاشبەتاڵەکانی کورد بە تایبەت لەم نموونەی ئەخیرەدا وەکوو “کۆتایی هێنان بە شکەست” و نەک خودی شکەست پێناسە دەکات چونکە پێێ وایە ئەوەی پێش ئاشبەتاڵەکان ڕووی داوە “قوربانی دانێکی بێ دەسکەوتی بەرابەر” بووە. هەرچەند دواتر ئاماژە بە “بۆشایی زەینی” و “داڕمانی” شوناسی ئەو کەسانەش دەکات کە خەباتی هەمەلایەنەی حیزبی، شوناسی پێ بەخشیون بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەیکە ئاشبەتاڵ بە هۆکاری دروستبوونی ترۆمایەکی بە کۆمەڵ بزانێت. لێرەدایە کە قەیرانی کۆمەڵناسی دیاردەناسانە و قووڵبوونەوە لە ئەزموونە تاک و بەکۆمەڵەکانی ئەو کەسانەی خەریکی خەباتکردنن لە ئەدەبیاتی زانستی کوردیدا زەق دەبێتەوە. ترۆما ئەگەر ئەو دیاردەیە بێت کە لە کاتی ڕوودانیدا بە تەواوی دەرکی پێناکرێت یان دەرفەتی ڕوخساربەندیکردنی لە لایەن کەسی لێقەوماوەوە دەست ناکەوێت و دواتر لە ڕێگەی گێڕانەوە و یادەوەرییەکانەوە خۆی دەنوێنێتەوە(Caruth: 1996) ، دەتوانێت هەر ئەو “بۆشاییە زەینی” و “داڕمانی شوناسە” بێت کە بۆ کۆمەڵێک کەس ڕوویداوە؛ ئەو کەسانەی کە لێرەدا هەڵگری ڕەوایەتی کوردبوون و نوێنەری خەیاڵی بە کۆمەڵ و سیاسی دەوڵەتێکی کوردستانین.
ئەوانەی کە لە بازنەی ژیانی ئاساییدا نەماون و لە بارودۆخێکی نائاسایی و چەکدارانەدا لە سۆنگەی ئامانجێکی جیاوازەوە شوناسێکی تازەیان بۆ خۆیان دروست کردووە و بە پێی ئەو ئامانج و شوناسە دۆخی نائاسایی خۆیانیان ڕوخساربەندی کردووەتەوە، ئەگەر لە ئان و ساتێکدا خاڵی بنەوە لەو شوناسە و ئامانجەکەیان وەک ئەمری بەتاڵ پێناسە بکرێت، لەبەر نەبوونی دەرفەت بۆ ڕوخساربەندیکردنەوەی وەزعییەتی تازەی خۆیان دوچاری ئەزموونێکی ترۆماتیک دەبن. بۆ نموونە کاتێک ئووجەڵان لە دواهەمین پەیامەکەیدا بە ڕاشکاوی دەڵێت “لە ٩٠ەکانەوە پەکەکە مانای خۆی لە دەست داوە و بووە بە دووپاتبوونەوەیەکی بێ مانا” ئەو “بێماناییە” کە تا دوێنێ وەک ئەمرێکی پیرۆز خەریکی قوربانیگرتن بووە، لە چاوترووکانێکدا بە سەر کۆمەڵێک کەسدا دەسەپێت و تووشی حەپەسانیانی دەکات. دیارە کەمترین کاریگەری ئاوەها حەپەسانێکیش لە خۆ نامۆ بوون و سەرلێشواوییەکی مێژووییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کەسانەی تووشی ئەو بێماناییە دەبن، نەک هاووڵاتییانی ئاسایی بەڵکوو بەشێک لە هەڵگرانی ئیدعای کوردایەتین. ئەوان هەم وەک هێما و هەم وەک دامەزراوەیەکی ماناساز، خاوەنی بەشێک لە ڕەوایەتەکانی خەباتن و دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە چارەنووس و گێڕانەوەکانیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دزە بکاتە نێو یادگەی گشتیی کۆمەڵگای کوردییەوە.
لە لایەکی ترەوە حەقمورادی بە دروستی ئاماژە بە وەرچەرخانی گوتاری پەکەکە لە “یەک کوردستان، یەک وڵات”ەوە بۆ سەر گوتاری دێمۆکراسی و برایەتی گەلان و لادان لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات. دیارە ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەیەکی فیکریدا بە ئاوەها ئەندێشەیەکەوە ڕاهاتوون و لەو ڕێگایەدا گیان و ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆیانیان بەختکردووە، پاش بە بێمانا زانینی کردەوە و ئامانجەکانیان لە دۆخێکی تاکەدەنگ و غەیری دێمۆکراتیدا تووشی خاڵیبوونەوە لە مانایەک دەبن کە بەشێکی گەورە لە خەون و خەیاڵی سیاسییانی پێکهێناوە.
لەم نموونە تایبەتەدا دەکرێت خەیاڵی سیاسی وەکوو خەیاڵی کۆمەڵایەتی مانا بکرێتەوە[2]؛ واتە پرۆسەیەکی زەینی-ڕۆنراوەیی کە بە پێی ئەزموونەکان، پەیوەندییەکان و هەروەها کردەوە دوولایەنەکان (کنش متقابل) شکڵ دەگرێت و بەردەوام و بە پێی ئەو پارامێترانە دەگۆڕدرێت. لەم تەعریفەدا چەمکی خەیاڵی کۆمەڵایەتی نەک بە واتای خەونی ناڕاستەقینە بەڵکوو ڕۆنەری ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕەهەندی زەینیدایە کە هەم مانا دەبەخشێتە واقەعییەت و هەم لە گۆڕانی دۆخە واقەعییەکاندا بەشداری دەکات ( خسروخاور و دیگران: ١٣٩٩).
گوتارەکانی پەکەکە هەم لە شکڵی “یەک کوردستان یەک وڵات” و هەم لە فۆرمی “دێمۆکراسی و برایەتی گەلاندا” جۆرێک لە خەیاڵی کۆمەڵایەتی و سیاسییان لە نێوان هێز و هۆگرەکانی خۆیاندا دروست کردووە و لە ڕێگای نواندنەوەی سەمبۆلیک و کردەوەی چەکدارانە و غەیری چەکدارانەوە هەوڵیان داوە دۆخی ڕاستەقینەی مرۆڤی کورد بگۆڕن و بەرەو ژیان و شوناسێکی تایبەت و جیاوازی ببەن. بەم پێێە دەکرێ بوترێت کە هەرەس هێنانی خەیاڵی کۆمەڵایەتی یان سیاسی لانیکەم لە ئاوەها پرۆسەیەک و لەگەڵ تۆمەتباربوون بە بێمانایی، ڕێگا بۆ توانەوە لە دۆخێکی ڕاستەقینەدا خۆش دەکات کە دەرەنجامی خواست و سیاسەتی دەسەڵاتی باڵادەستە. بۆ نموونە وازهێنان لە ویستی نەتەوەخوازی و بەرابەریخوازی و هەوڵدان بۆ بوون بە هاووڵاتییەکی تورکیەیی کە خۆی لە چوارچێوەی تیۆرییەکەی ئەلەکسەندەردا ئەو ڕووداوەیە کە شوناسی داهاتووی کۆمەڵێک کەس ژێروژوور دەکات.
کە واتە دەکرێت بڵێین بێدەوڵەتی نەتەوەی کورد دەرەنجامی ڕووداوێک نییە تا وەکوو ترۆمای کەلتووری سەیری بکرێت، بەڵکوو وەک دۆخێکی بەردەوام بەستێنێکە کە ڕێگای بۆ دروستبوونی زۆرێک ترۆمای بەکۆمەڵ و کەلتووری خۆش کردووە. یەکێک لەو ڕووداوە ترۆماتیکانە ئاشبەتاڵێكە کە بە ڕووخاندنی خەیاڵی کۆمەڵایەتی، بێماناکردنی مێژووی بزووتنەوە و هەروەها گۆڕانی زەینییەتی کۆمەڵێک گێڕەوەر و هەڵگری کەلتووری، بەشێک لە شوناسی بە کۆمەڵی کوردەکان ڕۆدەنێتەوە. بەم پێێە ئایا ناکرێت خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە تایبەت بەو شێوازەی کە ڕوویداوە، لانیکەم لە بوارێکی چەمکتەوەردا بە شکەستێکی مێژوویی لە چوارچێوەی ترۆما و خەیاڵدا بزانین؟
پەراوێز و سەرچاوەکان:
الکساندر، جفری سی. (١٤٠٢). تروما یک تئوری اجتماعی. مترجم: فاطمه کریمخان. نشر روششناسان و جامعهشناسان.
حەقمورادی، محەمەد. (٢٠٢٥). ژیان و سیاسەت لە نێوان ترۆما و خەیاڵدا: تێڕامانێک لە سەر بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. گۆڤاری کۆمار.
خسروخار، فەرهاد، و سعید پیوندی و محسن متقی. (١٣٩٩) تخیل (انگاره) اجتماعی و دولت در ایران. مجله آزادی اندیشه. (٢). ١١-٥٦.
Caruth, Cathy. (1996). UNCLAIMED EXPERIENCE: Trauma, Narrative, and History. the johns hopkins university press baltimore and london.
[1] ئەلێکسەندەر گرووپە هەڵگرەکان بە مانا ڤێبێرییەکەی بەکار دەهێنێت. واتە ئەو کەسانەی کە جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە و توانای ئەوەیان هەیە لە بوارە گشتییەکاندا ماناسازی بکەن.
[2] حیزب و گرووپە کۆمەڵایەتییەکان توانای ئەوەیان هەیە لە ڕێگای خەیاڵی گشتیی، پێشکەشکردنی بیرۆکەی جیاواز و هەروەها پراکتیزە کردنی خواستەکانیان، کۆمەڵگا تووشی گۆڕانکاری بکەن. بۆ نموونە هەبوونی دەوڵەتێکی مۆدێڕنی کوردی هەرچەند لە ڕابردوودا ئەزموون نەکراوە و بەشێک نەبووە لە مێژووی ڕاستەقینەی کورد، بەڵام لە ڕێگەی هەوڵی بیرمەندان، چالاکوانان و حیزبە سیاسییەکانەوە بە چەشنێک ڕیشەی لە خەیاڵی کۆمەڵایەتی کوردەکاندا کوتاوە کە وەکوو واقەعیەتێکی زەینی لە لایەن کۆمەڵگای کوردییەوە قەبووڵ کراوە؛ بۆیە دەکرێ بڵێین گەورەترین خەیاڵی کۆمەڵایەتی هاوبەشیانە.