سومێریەل کێ بوون؟ لە ئەمەرگی تا سەرمەتی

  • Oct 30, 2024   |   هادی موحەممەدی (هێدین)

 

داگرتنی PDF

لەم دواساڵانەدا بەزۆری لەمەر ناسنامەی سومێر قسە و باس دەکرێ، بەڵام کەم وشە و کەم خەدەنگ هەیە کە هێندە دوورئەنگێو بێ کە بە دروستی ڕەمز و نیشانەکان بشکێنێ و گەوهەری ڕاستیەکان بپێکێ. بەدەر لە ڕوانگەی پرۆمتەئوس، دوو ڕوانگە هەن کە هەر دوو نادروستن: یەکەم ڕوانگەی ڕۆژاواییەکانە کە دەڵێ ناسنامەی سومێر هێشتا دیار نییە و ناشیەوێ کە ناسنامەی وان ڕوون بێتەوە، چون بەم جۆرە ڕاستیەکی هەرەسامناک دەردەکەوێ و سیمای درۆزنی شارستانی مۆدێرنی ڕۆژاوا ڕسوا دەبێ؛ دووهەم ڕوانگەش بیرێکی زڕەناسیۆناڵیستی بێ‌مایەیە کە میدیۆم و هەڵقەکانی پێوەندی کونکرێت نابینێ و دەیەوێ بەشێوەی ئابستراکت لە ڕێگەی “کوردی سۆرانی”ـەوه کورد و سومێر پێکەوە پێوەند بدات!

 بەڵام دەکرێ لێرەدا ڕوانگەی سێهەم بێنینە ئاراوە:

ساموئێل کریمێر، نووسەر و توێژەری ئاڵمانی، لە کتێبی «مێژوو بە سومێر دەست پێ دەکا» ئاماژە بە خاڵێ دەکا کە زۆر سەرنجڕاکێشە و دواتریش موری بووکچین لە «ئێکۆلۆژی ئازادی»دا ئاماژەی پێ کردووە:

کریمێر دەنووسێ: «وشەی ئازادی بۆ یەکەم جار لە خشتنووسێکی سومێردا وەدەر کەوت، ئەویش باسی شۆڕشێکی مەزن دەکا لە دژی پاتشایەکی زاڵم و غەدار. ئێمە لەم خشتەدا دەبینین کە وشەی ئازادی بۆ یەکەم جار لە مێژووی بەشەردا تۆمار کراوە. ئەم وشەیە بریتییە لە ئەمەرگی / Amargi، بەمانای “گەڕانەوە بۆ باوەشی دایک!” ئێمە هێشتا نازانین کە چما وەها دەربڕینێ بە مانای ئازادی بە کار هاتووە (Kramer, p. 79)!».

 بەڵام م. بووکچین لەم بارەوە دەنووسێ: «جێگەی داخە کە کریمێر لەم خاڵە تێنەگەیشتووە. لەو شۆڕشە بەدواوە، وشەی ئازادی خەسڵەت و مانای خۆی وەک حەز و تاسەی گەڕانەوە بۆ باوەشی دایک، بۆ جڤاتی ئۆرگانیکی دایکسالار و، بۆ باوەشی سروشت وەک دایکێکی مێهرەبان، دەرخستووە. (بوکچین، ص ٣١٣)».

بووکچین ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکا، بەڵام وا دیارە نە کریمێر و نە بووکچین هیچیان ڕیشە و مانای ئەم وشەیان بە دروستی نەناسیوە. لێرەدا پێویستە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم باسە ئاوڕێک لە مێژووی کەڤنار بدەینەوە: کێ بوون ئەو هۆز و گرووپانەی کە بناغەی زمان و کولتوور و ژیاری مرۆڤانتی و دایکشاییان داڕشت؟ کێ بوون ئەو خەڵکانەی کە ژیاری سومێر و بناغەی مێژوویان دانیا؟ کەی و لە کوێ لە جڤاتی دایکشایی دابڕان و بناغەی جڤاتی هیرارشیکیان پێک هێنا؟

ژیاری سومێر لە میزۆپۆتامیای خوارین و، لە تەنیشت دیجلە و فەرات بووە، بەڵام دەسکەوتەکانی زەویناسی و ئارکۆلۆژی ئەو ڕاستیەیان دەرخستووە کە لە باری سروشتی، جوگرافی و تاریخیەوە سەرەتا پێشمەرجی ژیانی مرۆڤ لە میزۆپوتامیای ژوورین ڕەخساوە: وەختێ کە 75000 ساڵ پێش ئێستا مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان ژیاون، خاک و جوگرافی سومێر هێشتا لە ژێر ئاودا بووە…

وەک لەم وتارەدا ڕوون دەبێتەوە، ژیاری سومێر، یانکوو کۆڵەکەی سەرەکی شارستانی سومێر، لە هۆزەیل هوری، گوتی، لۆلۆ و کاسی و… پێک هاتووە. ئێمە ئەوەش دەزانین کە هەموو ئەم هۆزانە لە چاخی کۆندا لە کوردستان (و لە مێزۆپۆتامیای ژوورین) ژیاون و بەپێی سیستمی بەڕێوەبەری دایکشایی بەڕێوە چووگن، لە بواری میتۆلۆژیدا خاوەن سیستمی فرەخودایی و جۆرێک دینی لادینی سروشتی بووگن. لێرەدا بۆ بەرچاوڕوونی ئاماژەیەکی کورت بە دوو هۆزی مەزنی هوری و گوتی دەکەم:

هوری: هۆزی هوری لە مێژوودا ڕۆڵی دایکی گێڕاوە؛ دایکی ژیان و ژیار، کولتوور و زمان. بەپێی زۆر بەڵگە و دۆکیۆمێنتی مێژوویی و ئارکۆلۆژی، زمانی، میتۆلۆژی و ئێتنۆلۆژی، هورییەکان لە شەش هەزار ساڵ پێش زایینەوە لە دەشت و چیاکانی کوردستان لە دەڤەری میزۆپۆتامیای ژوورین ژیاون و ئاسەوار و شوێن پەنجەی خۆیان بەجێ هێشتووە. دوو شۆڕشی گرنگی زمان و کشتوکاڵیان بەئەنجام گەیاندووە و لەوەش سەرنج ڕاکێشتر، خاوەن سیستمی ڕێوەبەری دایکسالار (ژنیکۆکرات) بووگن. شێوازێ لە بەڕێوەبەری کە فیلسووفان و کۆماڵناسانێکی وەکوو مارکس و باخۆفێن بە دەورانی زێڕینی مێژووی مرۆڤی دەزانن. واوەتر لە خودی هوری، هۆزەیل هیتی، میتان، کاسی، گوتی، لۆلۆ، سەکا، ماد، سەرمەتی و… هەموویان لە زمان و ئێتنیسیتە و دیندا هوری بووگن.

لەم بارەوە «ئێنسکلۆپیدیای دنیای پێشکەوتوو» دەنووسێ: «ئەو کوردانەی کە لە چیاکانی کوردستان دەژین دەگەنەوە بە کولتووری ٨٠٠٠ ساڵەی تەل خەلەف (لە ئورفا تا سەرێکانی، هەولێر بەرەو مێردین و…) ئەمە سەردەمی کولتووری «هوری»یە کە ٤٠٠٠ ساڵ درێژەی هەبووە… هورییەکان بەسەر زۆر کۆمۆن، جڤات و گرووپدا دابەش بووگن، دەوڵەت شار و پاتشایی و ئەمپراتۆریان پێک هێناوە. ٤٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا یەکەم پێشەنگانی هندوئوروپی ئاخێڤ خەڵکی کوردستان بوون. ئەمانە سیستمی ئاریستۆکراسی و پاتشایی هیتی، میتانی و کاسییان پێک هێناوە» (Encyclopedia of the Developing World, p. 922).

گوتی/ گورتی: هوزی گورتی کە لە زمان، ڕەگەز و ئێتنیسیتەدا ئەویش هەر «هوری»یە، لە ناوەکەیدا هەم گڕی ئاگرەکەی زورڤانی هەڵگرتووە، هەم فەڕ و هاتی مێهر. هەر دوو وشەی کورد و گورد ژی هەر دەگەنەوە بە گورتی. هەموو هێما و نیشانەکان دەیسەلمێنن کە گوتیان دایکسالار بووگن. شایانی سەرنجە کە گوتیان شایان نەبووە. یانی دەورانی سەرۆکایەتی لای وان سێ تا حەوت ساڵ بووە. وەک سیستمی کۆماری دنیای مۆدێڕن. ئەم پرسە زۆربەی توێژەرانی ئوروپایی تووشی حەپەسان کردووە. بەڵام ئەمە تایبەتمەندی بنەمایی سیستمی دایکسالارە، چون جڤات بە شێوەی کۆمۆنیکاڵ (و بەدەر لە هیرارشی) بەڕێوە دەچێ، ئەوان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سەرۆکی خۆیان بژارتووە…

لە جڤاتی گوتی بەملاوە، سیستمی کۆیلەداری پێک دێ و پەرە دەستێنێ. بەپێی تۆژینەوەکانی ئارکۆلۆژی لە “گوت تەپە” هەندێ لە گۆڕەکان جگە لە تەرمی خاوەن دەسەڵات، تەرمی کۆیلەکان و ژنەکەیشیان لەگەڵدا نێژراون. ئەمە نیشان دەدات کە ئەو جڤاتە هاتۆتە سەردەمی باوکشایی و سیستم بووە بە چینایەتی (دیاکونوف، ص. ١٦٠).

بە سەرنجدان بە کۆمەڵێ بەڵگە و ئارگومێنتی مێژوویی، ئارکۆلۆژیک، میتولۆژیک، تیۆلۆژیک و زمانناسانە، دەکرێ بێژین کە ژیاری سومێر هەر لەو گرووپە هوری، کاسی، لۆلۆ و گوتیانە پێک هاتووە کە لە میزۆپۆتامیای ژوورین، لە چیاکانی توروس، زاگرۆس، داگەڕاون و هاتوون لە دەڤەری خوارین نیشتەجێ بووگن.

 

ئەوان لە سومێر شارەکان دەسازن و تێکەڵ بە ژیانی شارنشینی دەبن. ئەوە لە “ئوروک” لە پایتەختی سومێردایە کە دابڕان لە سیستمی دایکسالاری ڕوو دەدا و بۆ یەکەم جار دین و دەوڵەت پێک دێ، هیرارشی پیاوانە و جڤاتی چینایەتی پێک دێ، معماری و زیگورات ساز دەکرێ. کاهنی مەزن (خودا شاه) لە قاتی سێهەمی زیگورات جێ دەگرێ و خۆی بە نوێنەری خودا دەزانێ، چینی کاهنان ژی لە قاتی دووهەم دادەنیشن و کاری دینی و بەڕێوەبەری دەکەن؛ خەڵکی ئاسایی ژی لە قاتی خوارین هەموو کارێکی سەخت ئەنجام دەدەن. بێگومان ئەو کارە کە کاهنی مەزن کردی و خۆی بە نوێنەری خودا زانی، وەرچەرخانێکی چەوت و مەزن بوو کە دواتر بوو بە هەوێن و ئیلهام بەخشی هەر سێ دینی ئیبراهیمی و دینی زەردەشتیش… هەر لە سومێریشدایە کە مرۆڤ خەت و نووسین دادەهێنێ، هەروەها بناغەی معماری، پەیکەرسازی و ئارشیتیکت و هەموو زانستەکانی تر دادەڕێژێ و ئابەم جۆرە مێژووی مرۆڤ دەست پێ دەکا و تۆمار دەکرێ…

 

    شەڕی دوایی سومێر لەگەل هۆزەکانی هوری، گوتی، لۆلۆ و کاسی، شەڕی دوو لایەنی شار و چیا و، دوو بەرەی دژبەرە. بەتایبەت لەو دەمەوە کە سیستمی دایکسالار لێک دەترازێ، ئەم کونفلێکت و شەڕانە وەک شەڕی دوو بەرەی ژنیکۆکرات و مێردوکرات، کۆیلەکان و کۆیلەداران دەرکەوتووە. ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە کریمێر ئاماژەی پێ کردووە، بەڵام گەوهەری ڕاستیەکەی نەپێکاوە. ئەم خاڵە لە حەماسەی گێل گەمێش‌ـ یشدا دەرکەوتووە. بەتایبەت لە شەڕی ئەنکیدۆ و گێل گەمێش لە هەمبەر هوم بابا.

 

توێژەر بۆ ئەوە کە بتوانێ بە دروستی سیستمی فرەخودایی سومێر بناسێ، دەبێ دنیای هێما و نیشانەکان و میتۆلۆژی هوری و لۆلۆ و… بناسێ. بۆ نموونە هوری هورپەرستە، یەک لە خودایانی هورییان ئور/ هور/ خۆرە. هۆزی مەزنی هوری لە هەر کوێ دەگیرسێنەوە، ئەو شوێنە بە ناوی خۆیانەوە ناو دەنێن: وەک ئور، ئورامان، ئورمیە، ئورفا، هوریان، ئوراتو، ئورلێر (هەولێر)، هورکانا، ئورال و هیتر. لەم نێوەدا بەپێی یەکەم خشتنووسی داستانی گێل گەمێش، ناوی پایتەختی سومێریش ئوروک (Uruk) بووە، ڕەنگە لە ئەسڵدا ئورکانا بووبێ. ئێمە دەزانین کە دین و خودای سومێر ژی ناوی ئور بووە. هەر ئەم وشەیەشە کە دواتر لای ئێزیدیان دەبێ بە ئۆل. وەک خۆیان دبێژن: «ئۆلا مە نە زەردەشتی یە، ئۆلا مە ئێزیدیە، داسنی یە!» (مێهردینی).

 یانکوو خودای شەمەش/ شەمشی (ژنخودای ڕۆژ لە سومێر) لە بناغەدا ژنخودای ڕۆژی گوتی ـ هوری بووە. ئەم وشەیە تەنیا لە زمانی هەورامیدا بە دروستی ئێتمۆلۆژی دەکرێ. شەمشی: شەوەکی. چیای شەمشی کە بەسەر شاری نەوسوودا دەڕوانێ، یادگاری ئەو سەردەمەیە. یانکوو ئینانا کە لە سەرەتای دەسەڵاتی سومێردا ژنخودای ئەڤینە، لە بناغەدا ژنخودای لۆلۆ بووە (بۆ دڵنیایی زیاتر، بڕوانە بۆ بەردنەخشی ئانوبانینی لە پاتاق، لە پشت زەهاو)، ئەوە لە سومێردایە کە ئینکی (خودای پیاگ) دەسکەوتەکانی ئینانا دەدزێ و دواتر خۆشی یەخسیر دەکا…

بەڵام گوتیان، کە خزم و هاوتیرەی هۆزی لۆلۆن، هەروا بەئاسانی لەم غەدرە خۆش نابن، ئەوان لە شەڕێکدا هەم نارام سین، سەرۆکی ئاکێد/ سومێر دەکوژن، هەم پەیکەری ئیناناش دەبەنەوە.

بەپێی کرۆنۆلۆژی مێژوویی مارکوارت ئاڵمانی، ساڵانی٢٣٠٠ بەر لە زایین گوتیانی ئیلام بە ڕێبەری سەرۆکی بەهێزی خۆیان، گۆتا، لە شوش و ئیلامەوە بە چیاکانی ماددا تێپەڕیون و وەڵاتی سومێریان گرتووە و دووسەد ساڵێ لەوێ دەسەڵاتدار بووگن. لە پاش ئەم ماوەیەش، وەختێ کە سومێر بەجێ دێڵن، پەیکەری زێڕینی ئینانا وەک ڕەمز و هێمای ژنسالاری دەبەنەوە بۆ شوش (کرۆنۆلۆژی مێژوویی، مارکوارت ئاڵمانی).

یەک لە گرنگترین پەیکەرەکانی سومێر پەیکەری گۆتیا (Gotea/ Godea) یە کە ئێستا لە موزەی لۆڤردایە. تۆژینەوەکان بە گشتی ئەم کەسە بە گۆتیای لاگەش (Lagash) دەناسێنن کە لە سەدەی 22ی بەر لە زایین ژیاوە و گرنگترین سەرۆکی گوتیانی سومێر بووە. وە لە هەمان حاڵدا بەناوبانگترین کارەکتەری سومێر و میزۆپۆتامیاش بووە کە بە خاتر پەیکەرەکانی بە نەمری گەیشتووە. گۆتیا مێردی نینالە و جێنشینی ئوربابا بووە. ئەگەر ئەم ئوربابا هەر هەمان هوم بابا (هو واوا) بێت، زۆر شت ڕوون دەکاتەوە: کۆتایی سەروەری هوم بابا و دابڕان لە دایکشایی… ئەو لە بەردنووسی خۆیدا دبێژێ: “نە دایکی هەیە و نە باب”! (ئایا ئەمە تایبەتمەندی جڤاتی کۆمۆنیکاڵ نییە؟ کە لەودا مرۆڤ ڕۆڵەی هۆز و جڤاتێکە، نەک دایک و بابێ، چون هێشتا سازەی ماڵبات پێک نەهاتووە؟)؛ سەرچاوەکان دبێژن گوتیا یەکەم فەرمانڕەوای زانا و عادڵ بووە. وەک پێشتریش ئاماژەی پێ کرا، سیستمی دایکشایی گوتی ـ هوری دەورانی زێڕینی مێژووی مرۆڤ بووە. بەڵام سەیر لەوەدایە کە تۆژینەوە ڕۆژاواییەکان بە گشتی دەڵێن ناسنامەی گۆتیا لێڵ و نادیارە! ئەوان تا ئێستاش نازانن کە ئەو لە نێوان لاگەش و سومێر و گوتیدا چۆن بناسێنن…

بەڵام هەموو هێما و نیشانە و ناوەکان، خەسڵەت و تایبەتمەندی، ڕێکەوت و کرۆنۆلۆژی (مارکوارت)، هەموو پێمان دەڵێن کە گۆتیا هەر هەمان گۆتای ڕێبەری مەزنی گوتی بووە. ئەوەی لە ژێرەوە دێت زیاتر دروستی ئەم ڕوانگەیە دەسەلمێنێ:

لە خشتنووسێکی سومێردا کە ساڵانی٢١٠٠ی پێش زایین نەخشاوە، ئاتوخیگال، پاشای سومێر، توانیویە تیریکان، دواسەرۆکی گوتی، تێک بشکێنێ و سەرلەنوێ دەسەڵاتی سومێر/ ئاکێد بژێنێتەوە، ئەو لەوێ دەنووسێ:

«گوتی دێوی کێون و دوژمنی خودا، دەسەڵاتیان لە ئێمە سەندەوە و بردیانەوە چیا (مەبەست پەیکەری ئینانایە کە گوتییان بردیان) وەڵاتی سومریان بەرەو نسکۆ برد و پیاو و ژن و مناڵیان بە دیل گرت. تا ئەوە کە خودای بەدەسەڵات، ئێنلیل، فەرمانی بە من دا کە دەسەڵاتی گوتی بشکێنم و لە وەڵات ڕاویان بنێم» (کەماڵ بۆرکای، ل. ٦٤).

یان بە ڕەوایەتێکی تر:

«گوتی وەک و مار و ئەژدیها وان، هیچ هێزێ دەرەقەتیان نایە. نە دینیان هەیە و نە خودا دەپەرستن. مەردۆخ دەیانپارێزێ و پێشیان پێ ناگرێ».

 

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵ بکەین: یەکەم، نووسینی سەر ئەم خشتانە هۆزی گوتی بە بێدین و دوژمنی خودا دەناسێنێ. ئەوان بە چیایی دەناسێنێ کە وەڵاتی سومێریان تێک شکاندووە. وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئەوان سروشت دەپەرستن و لە دینی متافیزیکی بەدوورن. دووهەم، ئەگەرچی دەڵێ ژن و مناڵیان یەخسیر کردووە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. ئەوان سیستمی دایکشاییان بەڕێوە بردووە کە لەودا هەموان ئازادن. ئێنلیل ژی کە یارمەتی شای سومێری داوە تا بەسەر گوتیدا سەر کەوێت، هێما و سەمبوڵی باوک ـ خودایە و کۆتایی سیستمی ژنیکۆکراتی. سێهەم، ئالێرەدا دابڕان لە جڤاتی دایکسالار ڕوو دەدا و سیستمی باوکسالار و جڤاتی چینایەتی پێک دێت. شایانی باسە کە مەردۆخ، کە دواتر وەک هێما و سەمبولی مێردۆکراتی دەردەکەوێ و دەبێ بە خودای سەرەکی بابل، لە جڤاتی گوتیدا هەر نەبووە. تەنیا بە لەناوچونی سیستمی ژنیکۆکراتی هوری ـ گوتی شێوازی مەردوخی (مێردوکراتی) زاڵ دەبێ و جێگەی سیستمی پێشوو دەگرێتەوە. هۆزی مەردۆخیەکانی کوردستان کە بەزۆری شێخن و لە خزمەتی دیندان، لەگەڵ ئەم مەردوخە خزمایەتی دینی و مێژووییان هەیە.

 هەر لەم پێوەندییەدا خشتنووسی ئاشور بانیپال کە لە نێوان ساڵانی ٦٦٨- ٦٢٦ی پێش زاین پاتشای ئاشور بووە، گومانێک ناهێڵێتەوە کە شەڕڤانانی گوتی ساڵانی ٢٣٠٠ی پیش زایین سومێر/ئاکدیان گرتووە و نزیکەی ٢٠٠ ساڵ فەرمانڕەوای ئەوێ بووگن. دواتر لە پاش ئەوەی کە شەڕ و کونفلێکتی دوو لایەن پەرە دەستێنێ و پیلان و فریوی کاهنان زاڵ دەبێ، ئەوان پەیکەری “ئینانا” دەبەن و دەچنەوە بۆ چیا. چون ئاشور بانیپال لە پاش هێرشکردن بۆ سەر ئیلام و سووتاندنی شاری شوش، لە خشتنووسی خۆیدا دەنووسێ: من پەیکەری ئینانام هێنایەوە، پەیکەرێ کە ١٦٣٥ ساڵ پێش ئێستا بە تاڵان برابوو… (مارکوارت کرۆنۆلۆژی ئەم دوو ڕێکەوتەی بە دروستی دیاری کردووە).

واوەتر لە هوری و گوتی، وەختێ کاسییەکان لە ١٦٠٠ی بەر لە زایین لەگەڵ هیتی یەک دەگرن و هێرش دەکەن و بابل دەگرن، لەوە بەدوا شاری سەرەکی ناو دەنێنە کاسیفیا (تورات، کتاب ئزرا)، هەمان شار کە دواتر لە سەردەمی سۆلوکی و پارتەکاندا بە تیسفون ناسرا. لە سەردەمی ساسانیشدا بوو بە کەسرا (کەی سەرا)؛ ئەم شارە لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بابل، ئاشور و ئاکێد، نزیکەی هەزار ساڵ پایتەختی سۆلوکیان، پارتەکان و ساسانیان بوو.

   بێگومان وەک ئاماژەی پێ کرا، ئەم شەڕانە واوەتر لە شەڕی دوو بەرەی شار و چیا، شەڕی ملهوڕانەی دەوڵەتانی کۆلۆنیالیستی (سومێر، ئاشور، ئاکێد) بووە بە مەبەستی داگیرکردنی شاخ و وەڵاتانی دەوروبەر. لە درێژەی ئەم شەڕانەدا لە ئوروک شەمەش و ئینانا، دوو هێمای هەرەگرنگی ژنیکۆکراتی، سەرکوت کران و دەنگی ئینلیل (خودای پیاو) زاڵ بوو؛ دواتر لە بابل ژی خوێنی دیامات ڕژیا و ئیشتار یەخسیر کرا و دەنگی مەردۆخ زاڵ بوو. ئەم شەڕانە شەڕە لەسەر ئینانا، لەسەر لەشی ئینانا، لەسەر دەسکەوتی شەش هەزار ساڵەی ئینانا و، لەسەر پەیکەری زێڕینی ئینانا، چ وەک زێڕ و تەڵا، چ وەک ڕەمز و هێما. ئەم ڕاستییە بەتایبەت هەم لە شەڕالۆگی* نێوان ئەنکی و ئینانادا دەرکەوتووە، هەم لە کونفلێکتی نێوان ئینانا و گێل گەمێشدا، هەم لە بەردنووسی ئانوبانینی شای لۆلۆدا، کە لەودا ئینانا دیلەکانی سومێری لە ئانوبانینی وەرگرتووە، هەم لە خشتنووسی ئاشور بانیپاڵدا، لەوێ کە دەڵێ من شوشم کاول کرد و پەیکەری دزراوی ئینانام سەرلەنوێ هێنایەوە بۆ نەینەوا (لە کاتێکدا کە دزی ڕاستەقینە هەر خۆیەتی)؛ هەم لە بەردنووسی سارگۆنی دووهەمدا کە بەشێک لە مادی داگیر کرد و لە نزیک تەنگیوەر یادگاری خۆی نەخشاند…

 

 بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بوویەرانە، سەد ساڵ دواتر، لە ٦١٢ی پێش زاییندا، ماد و بابل یەکیان گرت و بەتەواوی نەینەوای پایتەختی ئاشور (میراتداری سومێر)یان تێک ڕووخاند. لەم شەڕەدا دەسەڵاتی ئاشوور بەتەواوی ڕووخا و هەموو کتێبخانەی ئاشور بانیپاڵ و هەموو خشتنووسەکانی گێل گەمێش و… لەژێر وێرانەکانی نەینەوادا نوقم بوون، تا ئەوە کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا بە ڕێکەوت سەرلەنوێ نەخش و نیگارەکان دۆزرانەوە و ئەوجار دیالۆگ لەگەڵ دنیای کەڤنار دەستی پێ کرد.

 

با بێینەوە سەر وشەکەی ساموئێل کریمێر. شایانی سەرنجە کە وشەی “ئەمەرگی” کە لە خشتنووسێکی سومێردا هاتووە و بەو جۆرە کریمێری ئاڵمانی حەپەساندووە و ئەو بە “گەڕانەوە بۆ باوەشی دایک” (بەمانای ئازادی) ڕاڤەی کردووە، وشەیەکی «هورـ مادی»یە. ئەم وشەیە لە ئەڤێستادا بە شێوەی ئەمرتات، لە یەشتەکان و دینکرددا بە شێوەی ئەمەرگ و بەمانای “نەمری” هاتووە: ئە+ مەرگ+ ی؛ “ئە” لە ئەڤێستادا پێشگری نەفیە، وەختێ کە لەگەڵ “مەرگی” دێت، مانای نەمری دەدا. لە فەرهەنگی ئاڵمانی بارتۆلۆمەشدا هەر بەمانای نەمری هاتووە. لێرەدا ئیتر خوێنەری وردبین تێدەگا و دەزانێ کە چما دەبێ تیپیکترین شای سومێر گۆتای ڕێبەری گوتی بێ و، تیپیکترین وشەش لەسەر خشتێکی سومێری، هەر وشەیەکی هوری بێ…!

 

ئەڵبەت لێرەدا دەربڕینێ “ئەمەرگی” لەمەڕ سیستمی ژنیکۆکرات (دایکسالار) زۆر قووڵ و پڕمانایە. چون ئەم تێرم و مانایە لەمەڕ ناوی “سارومات”ژی ڕووی داوە. هۆزی سارومات/ سەرمەتی ژی کە سەردەمانێ بەڕێوەبەری باکووری کوردستان بوون، مات سەروەر/ مەدسەروەر/ دایکسالار بوون (ئەنگێوەری دووربین لەم کونتێکستەدا وشەی “مەتێ”ی هەورامی و کورمانجی و، تێرمی مەد/ مات و مادیان لە مێژوودا دەخوێنێتەوە.) شایانی سەرنجە کە وشەی سەرمەتی دواتر لە زمانی پاڵەیی (و فارسی)دا دەبێ بە سەرمەدی، بە مانای ئەبەدی و ئەمەرگی. بەڵام هیچ نووسەر و فەرهەنگنووسێکی ئێرانی تا ئێستا لە ڕیشە و کۆنتێکستی ئەم وشەیە تێنەگەیشتووە. وە چەندە ڕەمزاوی لە کۆتایی “منطق الطیر”ی “عطار”دا لەمەڕ سێحری سیمرخ دەرکەوتووە. لە یەشتەکانی ئەڤێستاش دەڵێ: لە سەردەمی جەمە (دیاکۆی میدی)دا ژیان وەکوو بەهەشت وا بوو، دیاکۆ بەپێی ڕێوەبەری سەرمەتی مرۆڤ و ئاژەڵانی بە نەمری گەیاند (Geldner, p 17).

 

بۆچی وایە؟ چما سەرمەدی بەم مانایە؟

 یەکەم، چون لە سیستمی سەرمەدی (ژنیکۆکرات)دا دین و دەسەڵاتی زاڵمانە نییە، قانوون نییە، ئەقڵی فریوکار نییە، ماڵبات نییە، ڕەوشی چینایەتی نییە. ئەڤین پێوەرە، نەک دەسەڵات. مرۆڤ تێر و پاراوە. تێر لە سروشت و لە باوەشی دایک، تێر لە جەم و لە جڤاتی کۆمۆنیکاڵ. بەپێی زۆربەی هێما و نیشانەکان، ئەو بەهەشتە کە تێکڕای دینەیل ئیبراهیمی بۆ ئەو دنیا موژدەیان بە پێڕەوانیان داوە، پێشتر هورییەکان هەر لەم دنیا بەدییان هێناوە، خاتوو حۆری بەهەشت ژی هەر لە کچە هوری وەرگیراوە، هەر ئینانا بووە…

دووهەم، چون لە کولتوور و جیهانبینی سروشتباوەڕی دایکسالاردا هەموو شتێ لە سروشتی دایک بەدی دێ و هەر لە سروشتیشدا دووناودوون دەبێ. مەرگ بێمانایە، مەرگ بە گەرووی مێتامۆرفۆسدا ڕۆ دەچێ و ژیانی نوێی لێ بەرهەم دێ؛ مەرگ بە “کراس گهۆرین” دەزانرێ… کە وا بوو، ئەو گەڕانەوە کە کریمێر بە دروستی لێی نەگەیشتووە، گەڕانەوە بۆ ڕەوشی دایکسالاری (هوری، لۆلۆ، گوتی) بووە. ئازادی ڕاستەقینەش هەر لە وەها ڕەوشێکدا بەدی دێت…

سەرچاوەکان:

 اکولوژی (بوم‌شناسی) آزادی، م. بوکچین، روبرت سپانیان، چاپ طبیعتگرایی دیالکتیکی ٢٠٢٣

تاریخ ماد، ایگور میخائیلوویچ دیاکونوف، ترجمه کریم کشاورز، تهران ١٣٤٥

 کورد و کوردستان، کەماڵ بۆرکای، عەلی فەتحی، بەرگی

Eranshar nach der Geographie, Dr. J. Marquart. 1901, Berlin

Sumerin, Samuel. N. Kramer,1963 Chicago university

Encyclopedia of the Developing World, Band, Kurdenartike l,2006, Publishing New York

Karl Geldner,1886- 1895 Avesta die Heilegen Bücher der Parsen, III Bände, Stutgart

Das Gilgamesch-Epos. Eine Dichtung Aus Dem Alten Orient Zu Einem Ganzen Gestaltet Von Georg Burckhardt

Altiranisches wörterbuch,1904 von Christian Bartholomae, Strassburg

 


One thought on "سومێریەل کێ بوون؟ لە ئەمەرگی تا سەرمەتی"

  1. ئاونگ says:

    ئاخ كە چەند چێژم لێبرد ، دەستان خۆش بێ و بەردەوام بن. ئاخ كە ڕەسانایەتی ئاوها چ هەستێكی خۆشی پێدام😭

بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

seventeen − six =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان