سهبارهت به ئێمە
کۆمار ناوی خۆی لە ڕووداوێکی گرنگی مێژووییەوە وەرگرتووە کە دەلالەت لە بونیادی خەڵک و دەسەڵاتی خەڵک دەکات لە چوارچێوەی کۆماری کوردستاندا. ئەم ناونیشانە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییشدا بە شەهیدبوونی «کۆمار دەرئوفتادە» بۆ جارێکی تر لە دڵی بزاڤێکی سیاسیدا سەریهەڵدایەوە. ئەو بزاڤەی کۆمەڵێک ئاسۆی نوێی بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردوستان کردووەتەوە و خوێندنەوەی مێژوویی ساتەوەختی ئێستای ئێمەی لە هەموو کاتێک زیاتر وەک پێویستییەکی سیاسی خستۆتە ڕۆژەڤەوە.
کاپیتالیزم و قەوارەی دەوڵەت-نەتەوە، هەر یەک لەو دوو هێزە سەرەکییەی بڕیار لە چارەنووسی ئێستای ئێمە دەدەن، گۆڕانکاریی گەورەیان لە هەرتک کایەکانی ئابووریی و سیاسەتدا هێناوەتە ئارا و سیستەمی نوێیان چەسپاندووە. ئەم دوو سیستەمە لانیکەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک پەیوەندیی هیرارکیانەی نوێیان لەنێو کۆمەڵگاکانی هەر چوار قوڕنەی جیهاندا هێناوەتە گۆڕێ و کاریگەریی گەورەیان لەسەر جێهێشتووە. بەم پێیە، وێڕای چارەنووسی هاوشێوەی کۆمەڵگە و وڵاتانی جیاواز لەنێو پێکهاتەیەکی جیهانیدا و سەرباری هەموو ئەو لایەنە بەرچاوە هاوبەشانەی هەیانە، بەڵام هەر یەکەو بەشێوەی جیاواز ئەم ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانە سیاسی و ئابوورییانە تاقی دەکەنەوە. دیارە پشتگوێخستنی ئەو جیاوازییانە لە هەر شیکار و توێژینەوەیەکدا، هەموو ئەگەر و بوارێکی گۆڕانکاریی پەردەپۆش دەکات.
کوردستان وەک یەکەیەکی جوگرافی بێدەوڵەتی داگیرکراو لەلایەن هەر چوار دەوڵەتی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریاوە، پاش زیاتر لە سەدەیەک بەرخۆدان و خەبات دژی هەموو پەیوەندییەکی داسەپاوی کۆلۆنیالیستیی لە لایەن ئەم وڵاتانەوە، بە شێوەیەکی جیاواز و زۆر خراپ کەوتۆتە ژێر کارتێکەریی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم چوار دەسەڵاتەوە. بۆیە هەرچەند کوردستان بەشێکە لەو سیستەمە جیهانییە، بەڵام شیکردنەوەی دۆخی کوردستان وەک «تاکێکی مێژووی» گرێدراوی تێڕامان و وردبوونەوەی ئەوتۆیە لەو دۆخە ئاوارتە و تایبەتەی هەیەتی.
ئەوەی هەر دوو سیستەمی کاپیتالیزم و قەوارەی دەوڵەت-نەتەوە لە کوردستاندا بە چ شێواز و میکانیزمێک ئیشیان کردووە و بە چ وەرچەرخانێکدا تێپەڕیون، کامە فۆرمی جیاوازی بەرەنگاربوونەوەیان تاقی کردۆتەوە و چ هەل و دەرفەتێک بۆ بەهێزبوون و پێکهێنانی فۆرمی تازەی بەرخۆدانیان بۆ هەڵکەوتووە، هەر هەموو پرسیاری زۆر بنەڕەتین کە تا ئێستا وەڵامی پێویست و گونجاویان نەدراوەتێ.
بە پێچەوانەی ئەو ڕەوتانەی ئاستی ڕووداو و پێشهاتەکان بچووک دەکەنەوە و تەنها ئەیانەوێت بە گەڕانەوە بۆ سروشتی ئەتنیانەی ئەو چوار دەوڵەتە دەسەڵاتدارە، پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کوردستاندا شڕۆڤە بکەن، یان دەیانەوێت تەنها بە پێداگرتن لەسەر سروشتی چینایەتیی، شیکردنەوە بۆ قەوارەی دەوڵەت بکەن، ئەوا بەپێچەوانەی ئەو ڕەوتانە ئێمە بڕوامان وایە بۆ فۆرمەلەکردنی ناوەندەکانی بەرەنگاریی و هەموو ئەو خواست و داخوازاییانەی هەیانە، لەهەناو گوتارێکی پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازدا دەشێت تەرکیز بکرێتە سەر سروشتی فرەلایەنی دەسەڵات و زەبروزەنگ لەم وڵاتانەدا.
ئەگەرچی رەوتە ڕاستڕەوەکان، بەشی هەرە زۆری ڕووبەری سیاسیی ئەوڕۆی دونیایان پاوان کردووە و جیهانیان بەرەو شەڕی ماڵوێرانکەر پەلکێش کردووە، بەڵام هێشتا لە هەندێک ناوچەی پەراوێزخراوی جیهان دژایەتی ئەم کاولکارییانە دەکرێت و خەبات بۆ ژیان گرنگییەکی ئەوتۆی هەیە. لە جەرگەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی پڕ شەڕ و شۆڕ، بە درێژایی سەدەی بیست و ساڵانی سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، کوردستان یەکێکە لەو مەڵبەندانەی شێوازێکی تایبەتی بەرخۆدان و خەباتی ڕزگاریخوازیی داهێناوە و بۆتە هێزێکی کاریگەر بۆ جۆشدانی هەموو دەنگێکی یەکسانیخواز و دادپەروەر لە ناوچەکەدا.
بۆیە کۆمار دەیەوێت ببێتە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی نێوان ئەو دەنگ و بۆچوون و قەناعەتە جیاوازە پشتگوێخراو و پەرتوبڵاوانەی بەستێنی یەکسانیخوازیی نێو کوردوستان کە ڕوانین و هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانەیان بۆ دۆخی ئێستای ئێمە هەیە و پەرۆشی خستنە سەرپێی کۆمەڵگایەکی سەربەست و یەکسانن. ئێمە دەمانەوێت مینبەرێک بین بۆ بڵاوکردنەوەی بیرێکی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی هەتا هاوکات بەوەی ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەمان بۆ ئەو دۆخە هەبێت کە فەرز کراوە بەسەر ئەم وڵاتەدا و بوارێک بۆ فۆرمەلەکردنی دۆزی کورد و کوردستان لەهەناو گوتارێکی دیمۆکراتیی و یەکسانیخوازدا بخەینە سەر پشت. لەپاڵ ئەمەش ببینە پاڵپشتێک بۆ بەهێزکردنی هەموو پارت و لایەنە سیاسییە ڕزگاریخوازەکانی کوردستان.
لێرەوە داوا لە هەموو ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەم و هۆگر و پەرۆشانی ئەم بوارە دەکەین تا لە بیروڕا و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیانمان بێبەش نەکەن.