سه‌باره‌ت به ئێمە

کۆمار ناوی خۆی لە ڕووداوێکی گرنگی مێژووییەوە وەرگرتووە کە دەلالەت لە بونیادی خەڵک و دەسەڵاتی خەڵک دەکات لە چوارچێوەی کۆماری کوردستاندا. ئەم ناونیشانە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییشدا بە شەهیدبوونی «کۆمار دەرئوفتادە» بۆ جارێکی تر لە دڵی بزاڤێکی سیاسیدا سەریهەڵدایەوە. ئەو بزاڤەی کۆمەڵێک ئاسۆی نوێی بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئەمڕۆی کوردوستان کردووەتەوە و خوێندنەوەی مێژوویی ساتەوەختی ئێستای ئێمەی لە هەموو کاتێک زیاتر وەک پێویستییەکی سیاسی خستۆتە ڕۆژەڤەوە.

کاپیتالیزم و قەوارەی دەوڵەت-نەتەوە، هەر یەک لەو دوو هێزە سەرەکییەی بڕیار لە چارەنووسی ئێستای ئێمە دەدەن، گۆڕانکاریی گەورەیان لە هەرتک کایەکانی ئابووریی و سیاسەتدا هێناوەتە ئارا و سیستەمی نوێیان چەسپاندووە. ئەم دوو سیستەمە لانیکەم لە سەد ساڵی ڕابردوودا زنجیرەیەک پەیوەندیی هیرارکیانەی نوێیان لەنێو کۆمەڵگاکانی هەر چوار قوڕنەی جیهاندا هێناوەتە گۆڕێ و کاریگەریی گەورەیان لەسەر جێهێشتووە. بەم پێیە، وێڕای چارەنووسی هاوشێوەی کۆمەڵگە و وڵاتانی جیاواز لەنێو پێکهاتەیەکی جیهانیدا و سەرباری هەموو ئەو لایەنە بەرچاوە هاوبەشانەی هەیانە، بەڵام هەر یەکەو بەشێوەی جیاواز ئەم ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانە سیاسی و ئابوورییانە تاقی دەکەنەوە. دیارە پشتگوێخستنی ئەو جیاوازییانە لە هەر شیکار و توێژینەوەیەکدا، هەموو ئەگەر و بوارێکی گۆڕانکاریی پەردەپۆش دەکات.

کوردستان وەک یەکەیەکی جوگرافی بێدەوڵەتی داگیرکراو لەلایەن هەر چوار دەوڵەتی ئێران و تورکیا و عێراق و سووریاوە، پاش زیاتر لە سەدەیەک بەرخۆدان و خەبات دژی هەموو پەیوەندییەکی داسەپاوی کۆلۆنیالیستیی لە لایەن ئەم وڵاتانەوە، بە شێوەیەکی جیاواز و زۆر خراپ کەوتۆتە ژێر کارتێکەریی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم چوار دەسەڵاتەوە. بۆیە هەرچەند کوردستان بەشێکە لەو سیستەمە جیهانییە، بەڵام شیکردنەوەی دۆخی کوردستان وەک «تاکێکی مێژووی» گرێدراوی تێڕامان و وردبوونەوەی ئەوتۆیە لەو دۆخە ئاوارتە و تایبەتەی هەیەتی.

ئەوەی کە هەر دوو سیستەمی کاپیتالیزم و قەوارەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە کوردستاندا بە چ شێواز و میکانیزمێک ئیشیان کردووە و بە چ وەرچەرخانێکدا تێپەڕیون، کامە فۆرمی جیاوازی بەرەنگاربوونەوەیان تاقی کردۆتەوە و چ هەل و دەرفەتێک بۆ بەهێزبوون و پێکهێنانی فۆرمی تازەی بەرخۆدانیان بۆ هەڵکەوتووە، هەر هەموو پرسیاری زۆر بنەڕەتین کە تا ئێستا وەڵامی پێویست و گونجاویان نەدراوەتێ.

گۆڤاری کۆمار دەیەوێت ببێتە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی نێوان ئەو دەنگ و بۆچوون و قەناعەتە جیاوازە پشتگوێخراو و پەرتوبڵاوانەی بەستێنی یەکسانیخوازیی نێو کوردوستان. ئێمە دەمانەوێت مینبەرێک بین بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و بۆچوونی ڕادیکاڵ و ڕیشەیی هەتا هاوکات بەوەی ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەمان بۆ ئەو دۆخە هەبێت کە فەرز کراوە بەسەر ئەم وڵاتەدا و بوارێک بۆ فۆرمەلەکردنی دۆزی کوردستان لەهەناو گوتارێکی دیمۆکراتیی و یەکسانیخوازدا بخەینە سەر پشت. لەپاڵ ئەمەش ببینە پاڵپشتێک بۆ بەهێزکردنی هەموو پارت و لایەنە سیاسییە ڕزگاریخوازەکانی کوردستان.

کۆمار گۆڤارێکی سەربەخۆ و قازانجنەویسته؛ بەو مانایەی کە لە ڕووی دارایی و هزرییەوە وابەستەی هیچ ڕەوت، پارتێکی سیاسی یان دەوڵەتێک نییە. تیمی بەڕێوەبەری گۆڤار، سەرپەرشتی تەواوی قۆناغەکانی وەرگرتن، پێداچوونەوە و بڵاوکردنەوەی وتارەکان دەکەن و بە هاوکاریی داوەرانی پسپۆڕ، دڵنیا دەبنەوە لەوەی بابەتەکان بە وردی، دروستی و کوالێتییەکی زانستیی شیاو بڵاودەکرێنەوە.

لێرەوە داوا لە هەموو ڕۆشنبیر و خاوەن قەڵەم و هۆگر و پەرۆشانی ئەم بوارە دەکەین تا لە بیروڕا و سەرنج و تێبینییەکانی خۆیانمان بێبەش نەکەن.

 

بەڕێوەبەری و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری کۆمار

  • جەمیل ڕەحمانی:  دکتۆرا لە کۆمەڵناسی و توێژەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
  • سەحەر باقری:  دکتۆرا لە ئابووریی سیاسی و توێژەری بواری ئابووریی سیاسیی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و گەشەپێدان.
دکمه بازگشت به بالا