
ناساندنی کتێبی «مێژووی کوردســتان» لە نوسینی جووزەپێ کامپانیلە
کۆمەڵناسیی نەتەوە و تایەفە ئايينییەکانی کوردستان
سەدەی نۆزدەهەم لە مێژووی کورددا گەرچی سەدەیەکی دوور و درێژ بووە و شایەتحاڵی هەرەسهێنان و ڕوخانی تەواوی میرنشینەکانی کورد بووە، کە بەلای کەمییەوە کورستان بۆ ماوەی چوار سەدە زیاتر وڵاتێکی فرە میرنشین بوو و وەک دابەشبوونی جوگرافیایی و پەرشوبڵاوی هۆزەکان، ئەم میرنشینانە بەناو تەواوی کوردستاندا بە پەرشوبڵاویی حوکمڕانی هەموو بەشەکانی کوردستانیان دەکرد و جۆرێک لە دەستەڵاتی ناوخۆیی بوون، کە هەر تەنیا بە ڕەسمیی سەر بە دەوڵەتی عوسمانی یان دەوڵەتی ئێران بوون. بەداخەوە مێژوونووسیی کوردیی میرنشینە کوردییەکان و بە تایبەتی لە ڕووی کۆمەڵناسیییەوە زۆر هەژار و دەگمەنە و مەگەر زۆر بە کورتی و پچڕ پچڕ دەنا هیچ سەرچاوەیەکی ئاوای دەستی یەکەممان لەبەر دەست نییە تا وێنەیەکی کۆمەڵناسییانەی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردیمان لەبەر دەستدابێ بە تایبەتی لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، بەجۆرێک زانیارییەکان زۆر دەگمەن و ونن و ئێمە بۆ خۆمان هیچ سەرچاوەیەکی دەستی یەکەمی ئاوامان لەبەردەستدا نییە، بۆیە یەکێک لەو بوارانەی کە توانیویە حەشارگەیەکی گەورەمان لەم بوارەدا بۆ پڕ بکاتەوە، بە دڵنیاییەوە سەفەرنامە و گەشتنامەی گەڕۆک و مسیۆنێر و دیپلۆماتە ئاوروپاییەکانە کە لە سەدەی نۆزدەهەم بە حوکمی کرانەوە و باشتربوونی ڕێگەکانی هاتووچۆ و تاڕادەیەک بە ئاسانیی گەشتکردن لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، لە چاو سەدەکانی دیکەدا، دەبینین سەدەی زێڕینیی بواری کوردناسیی بووە و سەرچاوە و سەفەرنامەکانی کوردناسین ئەوهێندە زۆرن کە بە ترۆپکی دەورانی بواری کوردناسی دادەنرێت.
کوردناسی لای ئیتالییەکان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و بەتایبەتی مسیۆنێرە دۆمینیکەکانی ئیتالیا لە مووسڵ هەر لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەمەوە لە مووسڵ جێگیر بوو بوون: دۆمینیکۆ لانزا (1718-1782) و دوای ئەو مۆریزۆ گارزۆنی (1734-1804)، کە بە باوکی کوردناسی کوردی دادەنرێت. نۆ ساڵ دوای جێگیربوونی مسیۆنێرە دۆمینکاییەکان لە مووسڵ، ساڵی 1759 مسیۆنی دۆمینیکان لە ئامێدی کرایەوە بەڵام هێندەی نەبرد و لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی هەژدەهەم تا سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم مسیۆنی ئامێدی داخرا بوو. ساڵی 1802 نووسیاری ئەم کتێبە، باوکە جۆزەپێ کامپانیلە گەیشتە مووسڵ و شەش ساڵ دواتر کرا بە پرێفێتی ئاپۆستۆلیکی مێزۆپۆتامیا و کوردستان و دوای ئەوە مسیۆنی دۆمینیکانی لە ئامێدی زیندووکردەوە و خۆیشی تا ساڵی 1815 لە کوردستان مایەوە، بەڵام دوای گەڕانەوەی باوکە کامپانیلە بۆ ئیتالیا هێندەی نەبرد مسیۆنەکە لە کوردستان داخرا. باوکە کامپانیلە وەک ئەوەی قەشەیەکی خوێندەوار بووە و کۆمەڵێک زمانی زیندووشی زانیوە و لەناویشیاندا زمانی عەرەبی و کوردیشی زانیوە بۆیە زۆر لە نزیکەوە لەناو کۆمەڵگەی کوردیی دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا ژیاوە و لەم کتێبەیدا کە وا دیارە لە دوای ساڵی 1808 ەوە دەستی بە نووسینەوەی کردووە، بە ئامانجی نووسینەوەی ئەم کتێبە و پەیداکردنی زانیاریی ورد و دروست زۆر بە پشوودرێژی بەناو ورد و درشتی کۆمەڵگەی کوردستان ڕۆچووە و سەفەری هەر چوار گۆشەی کوردستانی عوسمانی کردووە، سەرکردە کوردەکانی لە نزیکەوە بینیوە : عەبدوڕڕەحمان پاشای بابان، سولێمان پاشا و تامر پاشا و تەمەر ئاغا و زوبێر پاشای ئامێدی لە نزیکەوە بینیوە و زانیاریی لەسەر هەموو تایەفە و گرووپە ئیتنییەکانی کوردستانی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بۆ تۆمار کردووین. ڕاستییەکەی ئەم کتێبە یەکەمین کتێبێکی ئاوروپاییە کە سەرومڕ تەرخانی مێژووی کوردستان کرا بێت و پێش ئەو هیچ کتێبێکی ئاوا سەربەخۆ و تێروتەسەڵ لەسەر مێژووی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵناسیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکانی کوردستان بە هیچ زمانێکی ئاوروپایی نەنووسراوەتەوە. پێش ئەم کتێبە هیچ سەفەرنامەیەک یا هیچ کتێبێک سەرومڕ ئاوا تەرخانی مێژووی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی نەکراوە. بۆیە ئەم کتێبە تا ئێستەیش گرینگی خۆی لە دەست نەداوە و لە بواری کوردناسیدا کاریگەرییەکی زۆری لە دوای خۆیەوە بەجێهێشت.
لە سایەی ئەم کتێبەوە ئێمە خاوەنی کۆمەڵێک زانیاری و داتای زۆر وردین لەبارەی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمی کوردستان. هەر لەڕێگەی ئەم سەرچاوەیە بۆیەکەمجار زانیاری ئەوەمان بۆ ساغ بۆوە، کە شاری سلێمانی لە ساڵی 1789 درووست کراوە نەک ساڵی 1784 وەک ئەوەی تا ئێستە لە مێژوونووسیی کوردی باوە. زانیاری تازەمان سەبارەت بە (سەرا) و (دیوان)ی سلێمانی و زانیاری ورد لە بارەی دانیشتوانی شاری سلێمانی و پێکهاتەکانی دانیشتوانی شارەکە لە ساڵی 1810 و داتای ورد لەبارەی قەرەدار (قەرەداغ) و قەرەچواڵان و بازیان و ژمارەی دانیشتوان و گوندەکانی، بەروبوومەکانی و شێوازی کەڵەگیی خانووبەرە و خواردن، لەبارەی کۆیسنجەق، ئەربیل، شێخان و بادینان و زۆر بواری دیکە بەردەست کەوت، کە دەتوانین لە ڕێگەی ئەم زانیارییانەوە ئەمرۆ دووبارە سکێچی وێنەیەکی ژیانی کوردستانی دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدە بکێشینەوە.
ئەم سەفەرنامەیە سەرچاوەیەکی زۆر گرینگی دوو دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمی مێژووی ئێمەیە و دەبوایە زۆر زووتر بە کوردی بڵاو بکرێتەوە، بەڵام لەبەر چەند پرۆژەیەکی دیکە کارەکە بە دواکەوت. ئەم سەفەرنامەیە ساڵی 1818 بۆ یەکەمجار لە ئیتالیا لە ناپۆلی بڵاوکرایەوە و لە شێستەکانی سەدەی ڕابردوو کوردناسی ناوداری فەرەنسایی باوکە تۆما بوا (1) لە ئیتالیاییەوە کردوویە بە فەرەنسایی و تا ساڵی 2004 هەر بە دەستنووسی مابۆوە و تا دواجار دەستنووسی وەرگێراوە فەرەنساییەکە لە لایەن ئەنیستووتی کورد لە پاریس بۆ یەکەمجار بە فەرەنسایی بڵاوکرایەوە(2). ڕاستییەکەی دەقە ئیتالیاییەکە بە زمانێکی زۆر کۆن نووسراوەتەوە و خوێندنەوە و تێگەیشتنی زۆر قوورسە، بۆیە بەڕاستی ئێمە زۆر قەرزارباری باوکە تۆمابواین بۆ وەرگێڕانی ئەم تێکستە بۆسەر زمانی فەرەنسایی و وەرگێڕانەکە تا دوا ڕادە ورد و بە ئەمانەتەوە تەرجەمە کراوە و وەرگێڕانە فەرەنساییەکە هێندە هاوتای دەقە ئیتالییەکەیە، وەکوو تۆمابوا خۆی گوتەنی هەر بەڕاستی هەموو جوانی و ڕۆحی دەقەکەی پاراستووە، بەڵام یەک خەوشی وەرگێڕانە فەرەنساییەکە ئەوە بوو کە دوو پێشەکی نووسیاری کتێبەکە لە لایەن تومابوا نەکرابوونە کوردی، بۆچی نەکراون نازانم بۆ؟ بەڵام ئێمە لەم چاپە کوردییەدا ئەم دوو پێشەکیەشمان کرد بە کوردی، ئێستە چاپی کوردیی ئەم کتێبە ڕێک وەکوو چاپی ئیتالیایی کتێبەکە وایە، بە یەک جیاوازی زۆر بچووک، تاقە کارێک کە چاپی کوردیی کتیبەکە لەگەڵ چاپە ئیتالیاییەکە جیاوازی هەبێ ئەوەیە لە دوو سێ جێگەی زۆر بچووکدا تەنیا چەند وشەیەکی نەشیاو هەبوو و بۆ چاپی کوردیی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کورد نەدەشیا، وەلامان ناون و کە پێمان وایە هیچ تاسیرێکی ئاوایان لەسەر دەقەکە دانەناوە و ئەو دوو سێ جێگەیەش کە لابردراون بە ئەمانەتەوە خراونەتە ناو دوو کەوانە و بەم شێوەیە [..] دیاری کراون بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێ ئەوانە چەند وشەیەکی زۆر بچووکن و لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا لابردراون.
خاڵێکی دیکە کە من دەمەوێ باسی ئەوە بکەم کە نووسەر بەداخەوە ڕەچاوی ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵگەی کوردی نەکردووە و لە زۆر جێگە زۆر بە خراپی باسی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی کردووە، کە خۆزگە وا نەبووایە، بەڵام لە زۆر جێگەشدا باسی ئازایەتی و جوامێریی کردوون. شایانی گوتنە ئەم داشۆرین و بە خراپی باسکردنە مەسیحییەکان ( نەستووری و ئەرمەن) و عەرەبەکانیشی نەبواردووە بۆیە من بە هیچ شێوەیەک ڕێگەم بەخۆم نەدا دەستکاریی دەقەکە بکەم و لەبەر ئەمانەتی وەرگێڕان دەستکاریی یەک وشەی نووسەرەکەیشم نەکردووە و زۆرم مەبەست بووە، خوێنەر خۆی ئاگەداری بیرکردنەوەی نووسەر بێت و ئەوەی بۆ ئێمە زیاتر گرینگە و قورسایی کارەکە لە زانیارییە زۆرو زەوەندەکانی دایە نەک لەو چەند ڕستەیەی ئەگەر لە شوێنێکدا دوو قسەی نەشیاوی کرد بێت. من وەک وەرگێر هیچ بەرپرسیاریەتی مۆرالی و قانوونی قسەکانی نووسەر لە ئەستۆ ناگرم بەڵام من بەرپرسیارم لە ئەمانەتی وەرگێڕانەکە و دەستپاکی لە گەیاندنی پەیامی وەرگێڕانەکەدا وەک چۆن بەوجۆرەی لە دەقە ئەسڵییەکەدا هاتووە.
بە کورتی و بە پوختی ئەم کتێبە لەڕووی کۆمەڵناسی و ئیتنۆگرافیا و مێژووەوە بەردی بناغەی کوردناسی لە ڕۆژئاوا داڕشت و لەگەڵ کتێبەکەی ماوریزۆ گارزۆنی بوون بە دوو سەرچاوە و کۆڵەگەی زۆر گرینگی بواری کوردناسی لە سەدەی نۆزدەهەمدا، بۆیە زۆر خۆشحاڵم ئەو شەرەفە بەر من کەوت ئەم کتێبە وەکوو خۆی بهێنمەوە ناو کتێبخانەی کوردی و هیوادارم بەم کارەم ڕۆحی کتێبەکەم بە کوردیی پاراستبێت و زۆریش هیوادارم ناوەندێک لە یەکێک زانکۆکانی کوردستان بۆ کوردناسیی ئیتالیایی بکرێتەوە، کە ئەو هێندە زۆر خزمەتی کوردناسییان کردووە و سەرچاوەکان هێندە زۆر و زەوەندەن، دەتوانن هێشتە زۆر لایەنی تاریک و نووتەکی مێژووی کوردستان ڕوون بکەنەوە و یارمەتیدەرێکی باشی دووبارە نووسینەوەی مێژووی ئێمە بن.
پێشەکی وەرگێڕی فەرەنسایی تۆمابوا
لە ساڵی 1818دا كتێبێك بهناوی: مێژووی ههرێمی كوردستان و تایهفه ئایینییهكانی (xx + 216 لاپەڕە) لە شاری ناپۆلی لە چاپخانەی برایانی فێرناندز، کە دەکەوێتە ستراد تریبۆناڵی ژمارە 287، بڵاو كرایهوه. وێرای ناونیشانەکەی، بهڵام ڕاستییەکەی ئهوەیە ئەم کتێبە به مانای تهواوی وشهكه هەر تەنیا كتێبێکی مێژوویی نییه، بهقهد ئهوهی وەسفێکی کوردستان دهكات لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا. بێگومان نووسەر هەندێک ڕووداوی دیاریكراوی سەردەمانی ڕابردووش وەبیر دەهێنێتەوە، وەک دامهزراندنی شاری كۆنی ئامێدی و نوێتریش لهوه ڕووداوهكانی سلێمانی یان گۆڕینی ساختەی ڕێوڕەسمی یهعقوبییه خۆرپەرستهكانی ماردین، بەڵام وا پێدەچێت ئهو مەبەستی زیاتر لەوە ئهوه بێت کە زانیاریمان پێ بدات لەبارهی ئهو دابونەریتانەی کە ئهو بینیویه و ئهو ڕاستییانەی کە ئهو شایەتحاڵی بوون و ههروهها ناوی ئهو كهسایهتییه زۆر یا كهمتر گرینگانەیش بهێنێتەوە کە ئهو چاوی پێیان كهوتوون. هەموو ئەو زانیارییانهی لەبارەی جوگرافیا و دۆخی ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئایینی پێمان دهڵێت، بەشێوهیەكی گشتی ڕاست و وردن و لەو کاتەوە گۆڕینکارییەکی ئاوا زۆریان بەسەردا نەهاتووە، چونکە ئەو باش ئهو دهروناوچانهی ناسیوه و بۆ ماوهی دوانزه ساڵ به ههموو ناوچهكهدا سهفهری كردووه و گهڕاوه. بۆیە شایەتحاڵییەکەی سەرنجڕاکێشە، بەتایبەتی کە نووسەر یەکێک لە یهكهمین ئهو ئهوروپاییانه بووە کە لەناو کورددا ژیاوە. جگە لە نیبۆر کە گهشته زانستییهكهی (1766) پێش ئهو کەوتۆتهوە (3)، ئهو گهشتیارانهی دیكه کە بە کوردستاندا تێپەڕیون هەموویان لە دوای ئەوەوە هاتوون و ئەو زانیارییانەی کە ئەوان پێشکەشی دەکەن، هەرچەنده گهوره و جێگەی پێزانین بن، ئهوا لەگەڵ ئەوەشدا هەر پچڕپچر و جێی متمانە نیین، زانیارییهكانی ئهوان بە گشتی وهك تابلۆیهك وان کە ڕێکنەخرابن و وهك ئەوە نییە کە وەک ئەوەی لای نووسیاری ئهم سهفهرنامهیه دهبینرێت. ڕەنگە بهداخ بین لهبهرانبهر ئهوهی، کە نووسیار لێرە و لەوێ، به تۆنێکی تووندوتیژ له بهرانبهر هەندێک كهسایهتی دیاریكراو و هەندێک ههڵسوكهوتی دیاریكراو نووسیوویە.
نووسیاری کتێبەکە بهڕێز باوكه جووزەپێ کامپانیلە، لە گوندی سانت ئەنتیمۆ لە نزیک شاری ناپۆلی لەدایک بووە. دوای ئەوەی بوو بە قهشهی دۆمینیکان، لە ساڵی 1802دا لەژێر دەسەڵاتی پاپای پیۆسی حەوتەمدا لەلایەن «ئەنجومەنی پڕوپاگەندەی مەسیحایەتیی» ڕەوانەی مووسڵ کرا، و لە ساڵی 1809دا وەک نوێنهرایهتیی ئاپۆستۆلیكی میزۆپۆتامیا و کوردستان دەستنیشان کرا. ئهو خۆی لە پێشەکی كتێبهكهیدا پێمان دەڵێت، کە توانیویەتی ئهركهكانی خۆی ڕابپهرێنێت، چونکە زمانی عەرەبی زانیوه، و لهسایهی ئهوهی كاری پزیشكی كردووه، بهوه کاریگەریی بەسەر پاشاکانی مووسڵ و ئامێدی هەبووە. لە ساڵی 1809 یادداشتنامەیەکی نووسراو لەبارهی کوردستان دەدا بە جەنەڕاڵ گاردان کە لە میسیۆنێک لە وڵاتی ئێران گهڕابۆوه، هەروەها زانیاری لەبارەی کوردهكان داوه بە مسیۆ جۆزێف ڕۆسۆ کونسوڵی فەرەنسا لە بەغدا. لە کتێبەکەیدا چالاکییەکانی كهسه ناسراوهكانی پێش خۆی باس دهكات، لەوانە: باوکه پۆلدۆ سۆڵدینی کە لە ساڵی 1779 کۆچی دوایی کردووە، کە تا ئێستەیش گۆڕەکەی شوێنی زیارەتکردنە لە زاخۆ، باوک ڤینسێنزۆ ڕوڤۆ کە لە ساڵی 1785 لەلایەن میری جهزیره تیرۆرکرا و باوکه ماوریزیۆ گارزۆنی، كه ساڵی 1791 کۆچی دوایی کردووە و، لە ڕۆما لە ساڵی 1787، یەکەمین (ڕێزمانی زمانی کوردی) نووسی و بڵاوی كردهوه. هەروەها نووسیار باس لە پهیوهندییه زۆر دۆستایهتییهكانی خۆی دهكات لەگەڵ پاشاكان و ئاغاوهتهكانی کوردستان. سەرباری ئەوەش یارمەتی دامەزراندنی دێرهی کلدانیی ڕابان هورمزی داوە، ههروهها دەیان گوندی نهستووریی هێناوەتەوە سهر ئایینی کاتۆلیکیی و کاری کرد بۆ نەهێشتنی بەپشتاوپشتکردنی دەستەڵاتی لاوەکیی (4) لەناو پاتریارکە کلدانییهكاندا. بەڵام شۆڕشی فەرەنسا و شەڕە ئیمپراتۆرییهكان ژیانی ئایینیی لە ئەوروپا بە قووڵی گۆڕی. دێرەکان زۆربەیان تاڵانوبڕۆ دەکران و، ئیتر نوێ نهدهكرانهوه. لە ساڵی 1815 باوکه کامپانیلە بەرەو ناپۆلی دهگهڕێتهوه، بهڵام بهر له گهڕانهوه له پێشدا حاکمی کوردی زاخۆ، بۆ چاکەی قهشه كلدانهكان ڕادەسپێرێت و دواجاریش میسیۆنی دۆمینیکان لە میزۆپۆتامیا بەهۆی کەمی ئەندامەکانییەوە دادەخرێ. دوای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی، باوکه كامپانیلە بوو بە مامۆستای زمانی عەرەبی لە زانکۆی ناپۆلی. حهزی زۆری له ئهدهبیات بوو، لەژێر ناوی خوازراوهی لیسیس دو مێتیمن Lysis de Méthymne لیسید مێتیمنێۆLiside Metimneo ، بوو به ئهندامی ئهكادیمای ئارکادیا (5) هەروەها لە هەمان کاتدا ئهكادیمای پیلۆرۆش ناسناوی خۆڕاگر (ئیل دیلیبێراتۆ il Deliberato) یان پێ بهخشی. ساڵی 1818 بوو کە کتێبەکەی لەسەر کوردستان چاپ و بڵاو کردەوە. بههره ئەدەبییەکانی بەشێوهیهكی تایبەتی لە وەسفکردنی شوێنی ئەفسووناوی سهرێ ئامێدیێ و، لە گۆرانی پرسەی گەنجێکی عاشقدا و بە تایبەتی لە وەرگێڕانەکەیدا، یان باشتر بڵێین له دووباره داڕشتنهوهی ئەو گۆرانییە کوردییەدا، کە کۆتایی كتێبهی پێ دەهێنێت، بهدیار دهكهوێت. هێشتە نووسینی دیکەی ئهو نووسەرەمان لهبهر دهست دایه: گێستا دی ئێس ئەنتیمۆ و س.ئەنتیمۆ تراژیدیا (6) ، كه هەردووکیان لە ساڵی 1829دا بڵاو کراونەتەوە. باوكه كامپانیلە مامۆستای لاهوتی پیرۆز بوو «ماستهری له لاهوتیی پیرۆز دا وهرگرت بوو» و لە 12ی ئاداری 1835 کۆچی دوایی کرد.
بە پێویستم نەزانی پێشەکی نووسەرەکە وەربگێڕمە سەر زمانی فەڕەنسایی (7)، بەڵام ئهوهی دیكه تهواوی كارهكهم بە تەواویی وەرگێڕاوه. وەک چۆن نووسینەوەی ناوی تایبەتی كهسهكان و شار و هۆزەکان زۆربهی جار شتێکی ههر لێوه كهم دهبێت، بۆیه منیش ڕێگهم بهخۆم دا تا ناوەکان ڕاست بکەمەوە. بۆ نموونه بۆ ناوی كهسهكان و وشە باوه عەرەبییهكانم، به ڕێنووسی فهرەنسایی نووسییەوە، بەڵام من ناوی شارەکانم بە ڕێنووسی ئینگلیزی نووسیونەتەوە، چونکە نەخشە بەکارهێنراوەکان بە شێوەیەکی سەرەکی له بنهواندا بەریتانیایین و كتێبگەلێکی زۆریش لەسەر کورد بە زمانی ئینگلیزی نووسراوه (8). بۆ نووسینەوەی وشە کوردییەکان، کە نووسەرەکەمان له نووسینهكهیدا بهكاری هێناوه، من سیستێمی گۆڤاری (هاوار)م بەکارهێنا، کە سیستێمێكی فۆنێتیکی سادەیە و بە ڕادەی پێویست ڕاست و دروسته، ههروهها له نووسینهوهی ئهو وشه كوردییانهی كه لهم كتێبهدا هاتونهته پێشەوە سیستێمی فهرههنگی كوردیی-ڕووسی (مۆسکۆ، 1960) ی قهناتی كوردۆ و فەرهەنگی ڕووسی-کوردی ئی. ئۆ. فاریزۆڤ (مۆسکۆ، 1957)م بهكارهێناوه. ئەو چەند وشە تورکییە كهمهیش كه ههبوون بە پێی بەکارهێنانی نوێی زمانی توركی نووسراونهتهوه.
بۆ وەرگێڕانەکە چەند تێبینییەکی بچووك له ههرجێیهك کە به پێویستم زانیبێ ڕاستبكرێنهوه یا ڕوون بكرێنهوه، بۆ زیادهی زانیارییهكانی نووسهر زیادم کردوون، کە بە پیتەکانی (تێبینییهكانی وهرگێر N.D.T) نیشانه كراون. پێموایە لهم وهرگێڕانهدا کارەكهی باوکه کامپانیلە هەموو ئهفسوون و سوود و بەهاکەی خۆی پاراستبێت.
بەیرووت، 22ی تشرینی دووەمی 1962
تۆما بوا
پێشەکی نووسەر بۆ چاپی ئیتالیایی کتێبەکە
پێشکەش بە: خاوەندشکۆ و باوکی ڕۆحانیی فرە هێژا
مۆنسەنیۆر د. ئۆگۆستینۆ تۆمازی، ئەسقۆفی ئاڤێرسا هتاد.، هتاد.،هتاد زۆر بەڕێز مۆنسەنیۆری شکۆمەند،
دوای ئەوەی لەو میسیۆنە پیرۆزانەی کە بۆ ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژ لە ئاسیەدا سەرۆکایەتیم دەکرد، گەڕامەوە، کە پڕاوپڕ بوون لە هەواڵی ڕەوشی ئایینی و سیاسی و ئابووری ئەو هەرێمانە و من بۆ ماوەی چواردە ساڵان گەشتم تێیدا کردوون. بوێریی دەدەمە خۆم بەرانبەر خاوەند شکۆی بەڕێزتان بە پێشکەشکردنی ڕێزی بێ پایانم، لەگەڵ پێشکەشکردنی ئەم بەرهەمە، کە تەرخانکراوە بۆ وەسفی تێروتەسەلی کوردستان پێشکەش بە جەنابی بەڕێزتان دەکەم. لەناو ئەو وەهمەی کە ئەم گەلانە نوقمی بوون، کە کەم نین ئەوەیە کە دەرگە بەڕووی هەر بێگانەیەک دابخەن کە بچێتە ناویان، لێرەوە ئاستەنگ و مەترسی بێشومار بە زیانی هەر کەسێک دێتە پێشەوە کە بیەوێ بچێتە ناویانەوە. بۆیە نابێ پێمان سەیر بێ کە ببینین لە کتێبی جوگرافیناسان و گەڕیدەکاندا کە تا ئەمڕۆ چاپ کراون جگە لە هەواڵی دەگمەن و ناڕاست هیچێکی وا لە بارەیانەوە تۆمار کرابن.
لە بەرامبەردا گرینگی ئەم ناوچانە، لەوەدایە کە کەوتوونەتە سەرنجڕاکێشترین سێگۆشەی بایەخپێدانی نێوان ڕووسیا و ئێران و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە کەناری بەناوبانگترین ڕووبار و بەتەک ئەو دەروناوچانەی کە شاکارە گەورەکانی ئافەریدەکاری تێدا هاتۆتە بوون. بۆیە من خۆم باش درکم بەوە کرد و خۆم ئاگەدار کردەوە، کە من ئەگەر لەپێناو جێبەجێکردنی ئەرکە پیرۆزەکەمدا، ناچار بووم ژیانی خۆم بەرەو ڕووی هەموو ترسناکییەکان بکەمەوە، ئەوا من پێم وایە سوودەکەی هەروەها بە قازانجی (کۆماری ئەدەب)دا شکابێتەوە. من هەموو ئەو هەواڵانەی کە تایبەتن بەم گەلە نەناسراوانە تۆمارم کردوون و بەمشێوەیە شوێنپێی زۆر لە مسیۆنێرە گرانقەدرەکانم گرتۆتەبەر، کە لە سایەی کۆشیی ئەوان دەستمان بە وردترین گێڕانەوە گەیشتوە لەبارەی ئەو گەلانەی سەردانیان کردوون بۆ فێرکردنی پرەنسیپەکانی ئایینە شکۆمەندەکەمان.
ئەم بەرهەمە ناوێکی بەرزی کەم بوو بۆ ئەوەی لە پێشەکیەکەیدا دابنرێ بۆ ئەوەی بتوانێت بە بێ ئاستەنگ لەناو جیهانی زاناکاندا پشتگیریم بکات، و بەم شێوەیە هاندەری نووسەرە شەرمنەکەی بێت. ئێستەیش ئەگەر ئەم چیرۆکە کارێکی کاریگەرانە نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە کارێکی ڕاستگۆیانەیە بۆیە بە شایەستەگیەکەوە شایانی ئەوەیە پیشکەش بە شکۆی ڕێزدارتان بکرێت، کە لەوەتای نزیکەی پێنج دەیە دەبێ، لەو کاتەوەی کە من شەرەفی ناسینی ئێوەم بووە، بە سەرسامییەکی قووڵەوە بەو سیفەتە دەگمەنانەی ئێوە کە هەمیشە پێیان درەوشاویتەوە قەرزاربارم، و ئێستەیش وەک گەرەنتییەک بۆ شکۆی زیاتری بردوون، بەرەو بەرزترین پۆستی ئۆسقۆفگەریی لە شانشینیدا بردوون، کە ئەمە بە حیکمەتی (مینێرڤا) minerva لە سینەیدا و (ئاستریا) Astrea ی تووند لە دەستیدا هەڵگرتووە و کێ دەتوانێ نکوڵی لە ئاوەزمەندیی سروشتی بەرهەمدارانەتان بکات، کە وای لێ کردوون هەمیشە بۆ بەرزبوونەوەی زانستەکان بەرچاوبن و هەمیشەیش وەک مەقامێکی چاودێریی بەخشندە بدرەوشێنەوە؟
جگە لەوەیش سەرباری ئەوە ئەگەر من وەک ئەندامێکی قەشەیی ئەپستۆریای ئەڤێرسایی تۆمارکراوم، ئەوە من قەرزارباری چاودێرەکەمم بە گوێڕایەڵییەکی ملکەچانە. ئەم ئەرکە لە ئەوی دیکە کەمتر نییە: کە دانپێدانان بە سەماحەتی شکۆمەندانەیە بە برایەکی شایان بە ڕێزگرتن، بۆ بەرێز مارکیز تۆمازی نەمر دەرببڕین، کە شانشین قەرزاری سامانێکی نەبڕاوەی ئەوە، چونکە ئەو زانیارییە زانستی و ئەدەبییە بەرفراوانەکانی خۆی بەشێوەیەکی قازانجبەخش بۆخزمەتی حوکمڕانییەکی پێشکەوتووی گەلان و خزمەتی بەسوودی دەوڵەت بەکارهێنا.
لەبەر ئەم هۆیانە نەک بۆ مەرایی کردن، داواتان لێدەکەم ئەم بەرچاوخستنەم وەک دیاریی پێشکەشتان بکەم، کە ئەوە ئەنجامی ئەو ڕەنجکێشانە دڵەتەپەیە کە لە گەشتە دوور و درێژ و پڕ لە سەختەکەمدا بەرگەیم گرتووە. ئەگەر قەبووڵتان کرد پێزانینی زیاتر بۆ ڕۆحی پێشکەشکار وەربگرن زیاتر لە گرینگی کارەکە. لە کاتێکدا من بە خاکەڕاییەوە دەستتان ماچ دەکەم و لێتان دەپارێمەوە پیرۆزیی پێببەخشن، شانازی دەکەم بەوەی جارێکی دیکە ڕاگەیاندنی گوێڕایەڵیی هەمیشەییم دووپاتە بکەمەوە .
کوڕی شکۆمەندی گوێڕایەل و خاکەڕاتان.
باوکە جووزەپێ کامپانیلە
دۆمینیکی پێشوو و کۆنە پرێفێتی پێشووی مسیۆنەرەکانی وڵاتی میزۆپۆتامیا و کوردستان
پەراوێزەکان
(1) دۆمینیکان، وەرگێڕ و پسپۆری بواری کوردناسین، تۆما بوا Thomas Bois لە 6ی ئایاری 1900 لە شاری دونکێرک لە باکووری فەرەنسا لە خێزانێکی کاسۆلیک لەدایک بووە و زۆر گەنج بووە کاتێک چووەتە ناو مسیۆنی باوکە دۆمینیکەکان. زمانەکانی: لاتینی، یۆنانی، ئینگلیزی، عیبری، ئیتاڵیایی، ڕووسی خوێندووە. ڕەهبانییەتی سانت-دۆمینیکانی لە ساڵی 1919 وەرگرتووە و ساڵی 1925 بووەتە قەشە و دوو ساڵ دواتر تۆمابوا لە ساڵی 1927 فەرمانی بۆ دێت بڕوات بۆ مسیۆنی دۆمینیکان لە مووسڵ و لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا گەیشتۆتە ئەوێ و بووەتە سەرۆکی دێرەی مار یەعقوب. دوای تەواوبوونی مسیۆنی دۆمینیکە ئیتالییەکان لە مووسڵ لە کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، مسیۆنی برایانی سانت دۆمینیکانی فەرەنسایی ساڵی 1856 لە مووسڵ شوێنیان گرتنەوە. تۆمابوا دوایەمین وەچەی ئەو مسیۆنە فەرەنساییە بوو، کە لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیستەم گەیشتە مووسڵ و دواتر لەگەڵ ڕۆژەر لیسکۆ و پیێر ڕۆندۆ بە دواین سێ کوچکەی کوردناسانی فەرەنسایی دادەنرێن، کە بایەخیان بە بواری کوردناسی داوە و ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە پێشخستنی کوردناسی و لێکۆڵینەوەی کوردی لە فەرەنسا لەنێوان ساڵانی هەردوو جەنگ و تاوەکوو شێستەکانی سەدەی بیستەم. لەسەر شێوەی دۆمینیکە ئیتالیاییەکان، بایەخی یەکەمی تۆما بوا بۆ بوارگەلی کوردناسی بوو، کە هاندەری پێویستییەکانی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیی و نەبوونی لێکۆڵینەوە بوو لە بواری کوردناسیندا. تۆما بوا وەک بەشێکی ڕۆژهەڵاتناسەکانی نێوان هەردوو جەنگ، بە تایبەتی سەرنجی بۆ لای کەمینە ئایینییەکان چوو، بەشێوەیەکی تایبەتیش گرینگی بە ئێزیدییەکان و ئەهلی هەقەکان داوە. ساڵی 1936 تۆما بوا دەستنیشان کرا بۆ مسیۆنێکی نوێی دۆمینیکان لە جەزیرەی سەروو la Haute-Djézire لە سووریە، کە کۆمیۆنیتەیەکی گەورەی کوردی لێ بوو، بەرپرسی مسیۆنەکە دونکێرک، تۆمابوای ڕا سپارد تا لێکۆڵینەوە لەسەر نەستووری و کوردەکان بکات. لە ساڵی 1940 لەبەر نەخۆشی، جەزیرەی سووریە بەجێدەهێڵێ و دەبێتە پرۆفیسۆری فەلسەفە لای برایانی قوتابخانەی مەسیحی لە تەرابلووس لە لوبنان، بەڵام وێرای دووری، کەچی تۆمابوا پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد ناپچرێنێ هەر وتار بۆ (ڕۆژا نوو) دەنووسێ، لەسەر جگەر خوێن و چیای شنگاڵ لە سەدەی نۆزدەهەمی نووسیوە. ئەم هاریکارییە زیاتر بوو کاتێک تۆمابوا لە بەیرووت لەگەڵ کامەران بەدرخان بیرەوەرییەکانی بۆ دەنووسێتەوە. لەوساتەوە تۆما بوا ژمارەیەک کاری گرینگی لە بوارەکانی کوردناسی، زمانەوانی، ئایینی، فۆلکلۆر، مێژوو و سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی کوردستان نووسی. تۆما بوا لە ساڵی 1966 تا 1970 وانەکانی، فۆلکلۆر، ئەدەب، شانۆ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئایینی کوردیی لە پاریس لە لانگزۆ وتووەتەوە. تۆما بوا لە 5ی سێپتامبەری ساڵی 1975 لە تەمەنی (75) ساڵیدا لە پاریس کۆچی دوایی کرد. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە: نەجاتی عەبدولڵا، گەڕان بەدوای مرواری، کتێبی دووەم، بەرگی یەکەم، بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی، هەولێر، 2022 ل. 377-380
(2) R.P. Giuseppe Campanile, Histoire du Kurdistan , Traduit de l’italien par le R.P. Thomas BOIS, O.P. In (études kurdes N° Hors série 1, Avril 2004), Paris, ( 140 p).
(3) راستییەکەی بەر لە باوکە کامپانیلە زۆر گەڕۆک و گەڕاڵی دیکەی ئەوروپایی سەری کوردستانیان داوە و بە ناوچە کوردنشینەکانی دەوڵەتی عوسمانی و ئێراندا تێپەڕ بوون، جگە لە نیبۆر، کە تۆمابوا ناوی هێناوە، دەتوانین تەنیا بۆ سەدەی هەژدەهەم ناوی ئەو گەڕۆکانەیش ببەین کە پێش کامپانیلە لە کوردستان بوون: ڕیچار پۆ کۆسکی ( 1743-1754)، ژان ئۆتەر (1748)، باوکە دۆمینیکۆ سیستێنی (1781)، ئەنتوان گیوم ئۆلیڤیێ ( 1796)، کۆنستەنتین فرانسوا ڤۆللنی (1783-1785)، تۆماس هاویل (1796)، ژ. بێرگیێ (1799)، ژۆن ژاکسۆن (1799)، و بە دڵنیاییەوە هی دیکەیش ڕەنگە هەبن (وەرگێری کوردی).
(4) l’hérédité collatérale الوراثة الجانبية:
(5) ئهكادیمیای ئاركادیا یا ئهكادیمیای ئاركادهكانی ڕۆم له 5ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1690 له لایهن كۆمهڵێك لهو شاعیرانهوه دامهزرا كه نزیك بوون له شاژنی سوێد كریستین و ناوهندێكی بازنهی ئهدیبان بوو له ئیتالیادا (وهرگێری كوردی).
(6) Gesta di S. Antimo et S. Antimo Tragedia
(7) ئێمە لەم وەرگێڕانە کوردییەدا کردوومانەتە کوردی (وەرگێڕی کوردی).