هەنگاوێک بۆ یەکانگیری ناسنامەی کوردی

  • Jun 12, 2025   |   حوسێن محەمەدزادە

داگرتنی PDF

پوختە

کورد گەلێکی دابەشکراوە. ئەم دابەشبوونە بە دەست  و حەزی خۆی نەبووە، هێزی بیانی،جوگرافیا،زاراوە،دەوڵەتان و… ناسنامەی کوردیان لەت لەت کردووە. بۆیە ناسنامەی کورد لە نێو کۆمەڵەی کوردی و لە دەرەوە (یانی لای ئەویدی ­کورد) نە تەنیا یەک مانای نییە بەڵکو مانای شلوێ و ئالۆزە. ئامانجی ئەم لێکۆلینەوە، وردبوونە لە هۆکار و و ئاکامەکانی ئەم پێناسەیە و پیشنیاری هەندێ چەمک و هێما بۆ یەکانگیری ئەو ناسنامەیە. بنەمای تیۆری توێژینەوە لە تیۆری جنیکێنز و تاجفیل و سیاسەتی پێناسەی رێکخراودایە. ڕێکاری لێکۆڵینەوە بە شیوەی بەڵگەیی و هەر وەها ژینی ئەزموون کراوە. زانیارییەکان نیشان دەدەن کە ناسنامەی کوردی جگە لەوەی لە لایەن ئەویدی نارێک، ناڕوون و چەوت تاریف کراوە، بەڵکوو ئەم پێناسەیە لە نێو خۆدی کوردیشدا دابەشکراوە، زەینی هەندێ مرۆڤی کورد سەبارت بە خۆی نەبانە. بەشێک لە کورد ئەویدی نییە و هەندێکێش ئەویدی نێو خۆیی هەیە! یانی خۆی لە بەرانبەر پارچەیی­تر، ناوچەیێ­تر،شارێ­تر، زاراوەیێ­تر،چینێ­تر جیادەکاتەوە. ناسنامە شتێکی کانسترکتیڤە(constructive)، واتە دروست­کراوە، یانی کورد و ئەویدی دەتوانن ناسنامە بۆ کورد دروست بکەن. بۆیە بیرکردنەوە لە سازدانی شتێک بە ناوی “ناسنامەی رێکخراو”(corporate identity) دەتوانی تێگەیشتنێکی یەکدەست لە نێو خۆدی کورد دروست. پێناسەی رێکخراو لە ڕێگای “پێناسەی دیدەنی”(visual identity) خۆی دەردەخات. دیاردەی باستانی وەک خرێ مرازان،دیاردەی مێژووی وەک چاندنی گەنم و جۆ، کەسایەتی ئایینی ،سیاسی و ئەدەبی مەزن، میوەی هەنار، ئاژەلێ نەتەوەیی وەک گەماڵ و ئەسپ، دەتوانن ئەم دەورە ببینن. پیشنیاز ئەوەیە کە هەندێ هێما و چەمک لەم چوار چیوەیە بۆ کورد دروست بکرێت، ئەم ناسنامە نوێیە هەم بۆچوونێکی یەکدەست لە نێوخۆی کورد دروست دەکات و هەمیش وێنەیەکی یەکانگیر بە دەرەوە نیشاندەدات.

وشە سەرکییەکان: کورد، ناسنامەی رێکخراو، ئەویدی، ناسنامەی دیدە

 

پێشەکی

ناسنامه هێنده به گرینگی باسی لێوه كراوه كه هه‌ندێ له نووسه‌ران به پێوستی مرۆڤ بوون ناویان هێناوه(ربانی،٢١:١٣٨١؛رجایی،٤٠:١٣٨٥). “ناسنامە دوو جۆری تاک و کۆی هەیە”(جنکینز،٨:١٣٨١). ناسنامە هەندێ تایبەتمەندییە کە لە بەشی تاکدا “من” لە “تۆ” و لە بەشی کۆدا “ئێمە” لە “ئەوان” جیا دەکاتەوە. ناسنامە سەنەدێکە کە سنووری نێوان ئێمە و ئەوان دیاری دەکات. پێناسە کەریگەری لە سەر رۆح و پەیوەندی ئێمە و ئەوان هەیە.  “پێناسە مانایەکی سەرەکی هەیە. خەڵک بەوانیتر دەڵێن کێن و گرینگتر لەوە بە خۆیشیان دەڵێن کێن”(گل محمدی،١٣٨٠). ناسنامه له به‌رانبه‌ری ئه‌ویتردا شكل ده‌گرێ و به مانایێكی دیكه دیالكتیكی نێوان ئێمه و ئه‌وان پرسی ناسنامه دروست ده‌کات(جنکینز، ١:١٣٨١).  ئێمە سەبارەت بەم پێناسەیە هەستیارین،دەروەستین و کاری بۆ دەکەین و ئەوانیش بۆ پێناسەی خۆیان هەروان. “ناسنامە کۆمەڵیك هەست،وەڵام، تایبەتمەندی و پێواژۆیە کە تاک یان کۆ بۆ ناسین و جیاکردنەوەی خۆی و ناساندنی خۆی بەوانی دیکە بە کار دێنێت”(شێخی،٣٨:١٣٨٦). پێناسە تەنیا بە خۆیەوە ناوەستێ و هەموو ژیان و پەلەکانی دەگرێتەوە. پەیوەندی نێوان ناسنامەی ئێمە و ئەوان دەتوانی حاڵەتی دۆستانە یا دوژمنانە بۆ خۆوە بگرێ.

ناسنامه شتێکی مێژووییە و بەپێ رەوتی زەمان دەگۆڕدڕی، ئەو شتانە کە ناسنامەی دروست دەکەن دەتوانی مێژوویی،فەرهەنگی،دینی یان سیاسی بێت. وەک دەڵێن:”پێناسە لە دە‌یان سه‌رچاوه كاریگه‌ری وه‌رده‌گرێ”(الطایی،١٣٨٥،مالشویچ،١٣٩٠).  ناسنامه­ی کۆ ده‌توانێ شكل و شێوازی جواروجۆر به خۆه‌ بگرێ. لە بەشی کۆدا ده‌كرێ باسی ناسنامه‌ی پیشه‌یی،سیاسی،ئایینی،ره‌‌گه‌زی، له‌ش(body identity)، ئه‌تنیكی و نه‌تە‌وە‌یی بكرێت(stanrock,2001,305). کە وایە پێناسە تەنیا قاوخێک نییە و کاکڵێ هەیە. ئێمە لەم لێکدانەوەیەدا دەپەرژینە سەر پێناسەی کۆی کورد. چونکە ئەوان لە بەر پێناسەی کورد بوون تووشی دەیان کێشمەکێش بوونەتەوە و ناسنامەی ئەوان بە جۆرێکیتر دیاری کراوە یان سڕاوەتەوە،نەفی کراوە و جاری وایە کراوە بە هیچ. کورد بەرانبەر بەم رەوتە،دژکردەوەی جۆر بە جۆری لە قبوولكردن تا پەرچدانەوە ئەنجام داوە. “کورد چوارەمین خەڵکی ئەتنیکی رۆژهەڵاتی ناوەراستە،گەورەترین گەلی بێ­دەوڵەتی جیهانە، ناسنامەی نەتەوەیی،فەرهەنگ و زمانی ئەوان لە لایەن ئەویترەوە قەدەغە یان بۆ سەدان ساڵ سەرکوت کراوە”(Hendessi,2024).

 هەر بۆیە کوردەکان بە هۆکاری جۆراوجۆر وێنەیەکی یەکدەستیان لە پێناسەی خۆیان نییە، هەر وەها ئەویدیش روانینێکی یەکدەستی لە کورد نییە، ئەمە لە خۆیدا کێشەیە! ئەمە تەنیا کێشەیەکی فیکری و زەینی نییە بەلکوو لق و پۆی بۆ ناو فەرهەنگ ، سیاسەت و ئابووری درێژ بوەتەوە و مێژوو نیشانی داوە ئەمە سەرێشەی زۆری بۆ کورد دروست کردووە و تەنانەت هەڕەشەی لە سڕینەوەی کردووە، ئامانجی ئەم توێژینەوە دیالکتیکی پێناسەی کورد لە خۆی لە گەڵ پێناسەی ئەویدی لە کورد و کەڵک وەرگرتن لە هەندێ ماکی مێژویی،کەلتوری و سیاسی بۆ سازدانی “پیناسەی رێکخراو[1]ە. ئەم پێناسەیە لە رێگای “پێناسەی دیدەنی[2]” خۆی دەدەخات ومسۆگەر دەبێ.

گرینگی ئەم بابەتە ئەوەیە کە کورد پێویستی بە ناسنامەیەکی یەکگرتووە، کورد نە تەنیا لە دۆخێکی پرش و بڵاویدایە بەلکوو مەترسی لێک ترازانی زیاتریشی هەیە، لە ئێران زمانی لەکەکان بە زمان ناسراوە لە کاتێکدا ئەمە بۆ زمانی کوردی نەکراوە، ئەوان هێستا لە سەر زمانی پێوەندیش ڕێک نەکەوتوون. رۆژێک نووسەریێکی کرماشانی بە منی وت ئێمە شەش پیتی “ک” کاف مان هەیە، وتم باشە تۆ ئەتەوێت خۆت لە بەرانبەر سۆرانیدا بسەلمێنێ؟… هەندێ کورد جلی کوردی نەک لە بەر ناکا بەڵکوو پێی سووکایەتییە،هەندێ بۆ قسەکردن وان. رۆژێک لە نەخۆشخانەی مەریوان پەرستارێک بە خانمە دوکتۆرێکی وت:ئێوە بۆ چی بە کوردی قسە ناکەن؟ وتی:اخر فارنژیت میگیرم(واتە ئیلتهابی حەنجەرە دەگرم)!. بۆیە هەندێ کورد خۆی بە کورد نازانێ، بۆ کورد بوونی لەلا شان کزییە، کەسێکی زۆر خانەدان لە شاری سنە بە منی وت: “تا ئیستە لە ماڵی ئێمە گوێ لە گۆرانی کوردی نەگیراوە”، یان کورد بۆ ژن لە گەلانی­تر دەخوازێ، یان شوویان پێدەکات، دێنە شارەکەی یان دەڕواتە شارەکەیان زمانی خۆی بیر دەچێتەوە، بۆ کاتێ بە زمانی دوژمنی خۆی قسە دەکات شەرم ناکات. جگە لەمانە گەر سبەی وڵاتێک،کۆمپانیایەک ویستی زمانی کوردی بە بەرنامەکەی ئیزافە بکات، کام زاراوەی کوردی بە کار بێنێت؟ خۆ کورد نابێ تەنیا بیر لە خۆی بکاتەوە!

 لە سەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد چەندان توێژینەوە کراوە. شیخی(١٣٨٦) باس لەوە دەکات کە ناسنامە لە خۆگری سێ بەشی دڵ،مێشک و بەشی عەینییە کە لەش تا شتی فەرهەنگی وەک فەرهەنگ و زمان لە خۆ دەگرێ. عەلیزادە(١٣٩٤) باسی ناسنامە کورد دەکات و ئەمە بە دەوڵەتی نەتەوەیی گرێ دەدات. کووهی کەمالی(٢٠٠٤) لە کارەکەی خۆیدا ناسنامەی کوردی بە ئاستی پەرەسەندوویی ئابووری دەبەستێتەوە. عەباسی وەلی(٢٠٠٥) ناسنامەی کوردی بە لەت لەت دەزانێ و ئەم لەت لەت بوونە بە هۆی سیاسیەوە دەبەستێتەوە. ئینتسار(١٩٩٢) هۆکارەکانی ناسنامەی کوردی لە زمان،دین، نابەرابەری سیاسی و ئابووریدا دەبینێ. هەندی نووسەری دیکە پیناسە خوازی کورد بۆ چەندان تایبەتمەندی سیاسی،کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دیکە وەرد دەکەنەوە وپێیان وایە دەیان هۆکاری سیاسی،نێونەتەوەیی، ئابووری، بەرهەست و دەرهەست لە سەر ئەم پێناسەیە کاریگەرن(محمدزادە،١٣٨٠،١٣٩٠،محمدزادە و قادرزادە،١٣٩٦،احمدی،١٣٧٤،صالحی امیری،١٣٨٥،مقصودی،١٣٨٠). لە راستیدا  هیچکام لەم کارانە نەپەرژاونەتە سەر پێناسەی رێکخراو و دیدەنی. گەرچی ئەم لێکۆلەوانە زۆر بابەتی وردیان باسکردووە بەڵام بۆ باسەکەی ئێمە کارێک گەر ببێ بەر دەستی من نەکەوتووە.

 

لێکدانەوەی تیۆری

ئێمە لەم بەشەدا بە کورتی دەپەرژینە دوو تیۆری کە بۆ کاری ئێمە بە کەڵکن هەرچەند ئەوان رێگا چارە بە ئێمە نیشان نادەن و بۆ ئەم مەبەستە کەڵک لە چەمک و بنەمای فیکری پێناسەی رێکخراو و دیدەنی وەردەگرین.

 

تیۆری جنیکینز

لە روانگەی جنیکینز پێناسەی کۆمەڵایەتی مەرجێکی پێویستی ژیانی کۆمەڵایەتییە. ئەو دەڵێت پێناسەی کۆمەڵایەتی تایبەتمەندی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، پێناسە سەرچاوەی مانایە و شتێکی لە پێشدا دارێژراو نییە، پێناسەی کۆمەڵایەتی تێگەیشتنی ئێمەیە کە کێێن و ئەوان کێین. هەر وەها تێگەیشتنی ئەوان لە خۆیان و ئێمەیە ،کە وابوو پێناسەی کۆمەڵایەتی شتێکی جەوهەری نییە و بەرهەمی پێک هاتنە و باس و خواسی لە سەرە(جنکینز،١٣٨١:٨). ئەوی کە ئێمە لە ئەوان جوداین، ریشەی لە کەلتوور دایە، زمان، ئایین، جل وبەرگ، هەستی هۆنەری، (نان)غەزا لەو ماکە فەرهەنگییانەن کە دەبنە هۆی جیاوازی ئێمە و ئەوان. ئەم ماکە فەرهەنگییانە سیستمێکی مانایی دروست دەکەن  و بەم شێوە وێکچوونی ناوخۆیی دروست دەکەن. هەروەها ئەم ماکە فەرهەنگییانە سنووری جیاوازی لە گەل دەرەوە دروست دەکەن.

 

تیۆری تاجفیل و تیرنیر

هینری تاجفیل لە پێشدا لە ساڵی ١٩٧٨ و دواتر لە گەل تیرنیر 1979 پەرەیان بە تیۆری پێوەندی کۆمەڵایەتی­دا. ئەوان پێیان وابوو پیناسەی کۆ بۆ تاک شتێکی پیویستە. چونکە ئەم پەیوەست بوونە وا لە تاک دەکات هەست بە ئەرخەیینی و دلۆڤانی بکات. چه‌مكه سه‌ره‌كیه‌كانی ئە‌م تیۆریه بریتین له پۆلێن­به‌ندی categorization، ناسنامه‌یی­كردن Identification و به‌راوردكاری comparison. هه‌ر له‌م سۆرخه‌وه به تیۆری cic ناسراوه. ئەوان لە سەر دوو خاڵ چڕ دەبنەوە، ئێمە لە چ شتگەلێک لێک دەچین، ئێمە لە چ شتگەلێکی­تر لەوان جیاوازین(Tajfel,1978).

ئه‌م تیۆریه باس له‌وه ده‌كات که ریشه‌ی ناسنامه له كۆمه‌لدایه و له لایه‌ن كۆمه‌له‌وه پێناسه ده‌كرێت. ناسنامه‌ی كۆ، له تایبه‌تمه‌ندی فه‌رهه‌نگی كۆمه­ڵ. كاریگه‌ری وە‌رده‌گرێ و له راستیدا له سه‌ر بناغه‌ی لێكدانه‌وه‌ی ناوخۆ و ده‌روه‌ی كۆ، پێڕه‌و‌كه ده‌بێ(34: 1998, Turner). له روانگه‌ی تاجیفله‌وه جیاوازی دانان له نێوان گروپی وێمانه (خۆمانه) و ناوێمانه (ئێمه و ئه‌وان) بیچمی ناسنامه‌ی كۆمه‌لایه‌تی داده‌رێژیێ. به پێی ئه‌م دابه‌شكردنه تاك سه‌باره‌ت به ده‌سته‌ی “ئێمه” هە‌ستی ئه‌رێنی و لایه‌نگرانه په‌یدا ده‌كات و له‌و لاوه سه‌باره‌ت به ده‌سته‌ی “ئه‌وان” هە‌ستی هە‌ڵاواردن و نه‌رێنی. ئه‌ندام بوون له دە‌سته “ئێمه” هێز و توانای پێ ده‌به‌خشێ و له ره‌فتار و كرده‌ودا ئه‌و شتانه هه‌لده‌بژێرێ كه له قازانجی ده‌سته و لایه‌نی خۆیه‌تی.

بە بڕوای ئەوان ئەندامەتی پێناسەی کۆمەڵایەتی سێ ماکی هەیە:

١.ماکی ناسینەوە، تاک دەزانێ سەر بە کام دەستەیە

٢.ماکی بایەخداری: ئەو دەزانێ ئەندام بوون لەو ناسنامە بایەخی باشی هەیە یان خراپ

٣.ماکی هەستەکی: ئەو بەم ناسنامەیە هەستیار دەبێ و داکۆکی لێ دەکات(Tajfel&Turner,1979). تاجفیل لەم بیرۆکەی لە ژێر کاریگەری بارس دایە. بارس باسی ئه‌وه ده‌كات له زه‌ینی كە‌س/ كه‌سه‌كان سنووری فه‌رهه‌نگی نێوان ئێمه و ئه‌وان له كوێدا ره‌سم ده‌كە‌ن(میرزایی،٧٩:١٣٨٨). بارس دەڵیت ناسنامە پەیام دەنێرێ، پیویستە ئەو پەیامە لە لایەن ئەوان بە گرینگ وەربگیرێ.

لە پرسی ناسنامە هەست،عەقڵ ،دەروەستی و رەفتار هەیە، یانی تاک سەبارەت بە ناسنامەی خۆیان هەستیارن، خۆشیان دەوێ، پییان عاقڵانەیە و بەرنگاری لێوە دەکەن، دەروەستن بۆیە دەیپارێزن، هەر وەها ئەمە لە رەفتار و کردەیاندا رەنگ دەداتەوە

 

خشتەی ژمارە١.بەشەکانی پێناسە،کاری وان و بیرمەندان

 

کە ئێمە باسی گرینگی  پەیوەندی ئێمە و ئەوان دەکەین و سەرنجی دۆخی کورد دەدەین، دەبینین ئەم بەشانە لای کورد کێشەیان هەیە، یەکەم پێناسەی کورد لە لایەن ئەوانیتر دیاریکراوە، لەئێران پێناسەی کورد خراوەتە ناو چەمکێکی گەورە بە ناوی ئێران، یانی کورد لێرە دا سنوری نییە، یان پێناسەی کورد گەمارۆ دراوە. لە تورکیا پێناسەی کورد، ئینکار کراوە. لەوێ کورد حاشای لێکراوە یان بە کێوی ناسێندراوە، لە سووریا کەتمان کراوە. کورد لە گەل ئەوان بەم نهێنییەی نەزانیوە.هەوڵی نەداوە یەک ناسنامە بۆ خۆی دروست بکات،ئەو هەوڵە بە نرخانە کە دراون زیاتر تاکەکەسی،تاک لایەنە بوونە و ناوەندێک نەبووە بە بەردەوامی ئەمە رێک بخات،نوێ کاتەوە و بیباتە پێش. ئەمەی وایکردووە بەشێ لە خەڵکی کورد زمانی خۆیان بیر بچێتەوە، یان خاکی خۆیان جێ بهێڵن، مێژووی خۆیان بزر بکەن، لە گەل منداڵیان بە زمانی ناسنامەیەکی تر قسە بکە. بۆیە بە پێی تیۆری تاجفیل و جنکینز ئێمە لە ناسینی خۆمان و تۆفیری خۆمان لە گەل ئەوان بەرچاومان لێڵە. هەندێ کورد سنوورێک لە نێوان ئێمە و ئەوان نابینێ و بەم شێوە قەیرانێک لە ئارادایە. هەر بۆیە ئەو چەمکە لە ناسنامە کە رەنگە یارمەتی ئەم بەرچاو روونییە بدات ناسنامەی رێکخراوە(Corporate Identity).

ناسنامەی رێکخراو باسێکە بۆ زیندوو کردنەوە، واژووڕ هێنانەوەی وێنەیەکی یەکگرتوو لە ئێمە، کاری ناسنامەی رێکخراو، دروستکردنی ناسنامەیەکی یەکگرتوو بۆ خۆمان تا ئێمە وەک یەکەیەکی جیاواز نیشان بدات، کە وابوو ناسنامەی رێکخراو بەرنامەیە، بەرنامەیە بۆ دروست کردنی ناسنامەیەکی یەکە. ئەم بەرنامەیە بەشێکی لە رێگای کاری فەرهەنگی و لەوانە بە ناسنامەی دیدەنی بکرێت.

بیرمەندانی پێناسەی رێکخراو پەیجۆری ئەوەن کە چۆن چۆنی ئەندامانی دەستەی ئێمە گەشە دەکەن، چۆن چۆنی هەستی خۆیان لە رێکخراو پەرەپێدەدەن، بەیانی دەکەن. بۆ ئەم مەنزوورە ئەوان هەوڵ ئەدەن ناسنامەی خۆیان بە هێما، چەمک و وێنەوە ببەستنەوە. هێماکان،چەمکەکان و وێنەکانن کە لە درێژەی زەمەندا ناوبانگ پەیدا دەکەن، دواتر تێکەڵ بە فەرهەنگدەبن، دەبنە داستان و دەیان گیڕنەوە.

ناسنامەی دیتراو(Visual identity) هەندێ تایبەتمەندی دیتراوی شتێکە کە ئەو شتە لە شتانی دیکە جوێ دەکاتەوە و ئەبێتە هۆی مانایەکی تایبەت لە بیری بەردەنگدا. ئەم ناسنامەیە لە پەیوەندیدا زیاتر لە جۆرەکانیتر دەردەکەوێ، کاریگەرترە، هێزێکی هەیە کە لە پەیوەندی نووسراو یان زارەکیدا نییە. ناسنامەی دیتراو دەبێتە هۆی جووڵانی هەست،عەقڵ،بیرهێنانەوە و قانیع کردن. هەر بۆیە کۆرزون دەڵیت: فەرهەنگی دیدەنی ، ئاوێنەی نەتەوە نییە، بەڵکوو بەستێنێک بۆ راڤەکردنە،شوێنێکە کە لەودا خەلکی ئاگا دەبنەوە کە ئەندامی کۆمەڵگایەکی دیاریکراون(Curzon,2003). ناسنامەی دیدەنی کارێکی فەرهەنگییە، ئەم کارە بەرهەم دێت و لە خۆوە لە دایک نابێ، بیرمەندان پەیوەندی لە نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و بەرهەمی فەرهەنگیدا دەبیننەوە(Martinez,2016).

 

ڕێبازی لێکۆڵینەوە

ئەم لێکۆڵینەوە کەڵک لە شێوەو ڕێبازی بەڵگەیی بۆ وەڵام بە پرسیارەکان کەڵک وەر دەگرێ، بۆ ئەم مەبەستە  لە پێشدا کەلین و دۆزی ناسنامەی کوردی دیاری دەکات و دواتر بە گەڕان بە دوای هەندێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو و زانستیدا هەندێ هێما و چەمک کە بنەمای مێژووی،کەلتوورییان هەیە و بۆ کاری فەرهەنگی دەشێن پێشنیار دەکات، لێکۆڵینەوە هەر وەها لە رێبازی ژینی ئەزموون کراو کەڵک وەردەگرێت،چونکە توێژەر لە ئەزموونی خۆیدا بە دەیان جار تووشی ئەوە بووە کە نە کوردەکان وێنەیەکی یەکەیان لە خۆیان هەیە و نە ئەوانیتریش یەک وێنایان لە کورد هەیە، هەر وەها هەندێ ئەزموونی ژینی ئەزموون کراو نیشانی داوە کە ناسنامەی رێکخراو لە رێگای ناسنامەی دیدەنی دەتوانێ وێنەیەکی یەکدەست دروست بکات.

لێکدانەوەی بابەت

گرینگ تەنیا ئەوە نییە کە کام ناسنامە بە کام هێما، یان وێنە و چەمک خۆی دیاری دەکات،گرێنگ ئەوەیە کێ ئەم پێناسە دیاری دەکات و بە کام مەبەست دیاری دەکات. جاری وایە ئەم پێناسەیە هێرشبەرە لە بەر ئەوەی پێناسەی ئەوی دیکە لە خۆیدا قووت بدا، لە راستیدا ئەم پێناسەیە کەرەسەیە بۆ تاڵان کردنی ئابووری ئەوی دیکە، بۆ کز کردن و دوور خستنەوەی ئەویدیکە لە دەسەڵات، یان چکولە کردن و بەردەست کردنی،بە جۆرێکی دیکە پێناسە لە خۆیدا ئامانج نییە بەلکو کەرەسەیە.دوکتور هێرش قادری(١٤٠٣) باس لەوە دەکات کە  بۆ وێنە “شێر” هێمایەکی کوردی بووە کە لە پێشدا لە لایەن نەتەوەی فارسەوە کوژراوە و دواتر کراوەتە هێمای خۆیان. هەر وەها چۆن لە وڵاتی تورکیا قاوەی کوردی کراوەتە قاوەی تورکی، یان لە ئێران زەعفەرانی کرماشان گۆازراوەتەوە بۆ خۆراسان، یان ئەوەی چۆن لە تورکیا کورد نەفی کراوە، و “کوردی قسەکردن کراوەتە تاوان”(Hassanpour,et all,2012) و خەڵک لە بەر باس کردنی لە کورد زیندانی کراوە(بێشکچی،2024) چۆن ناسنامە بە کوردی سووریا نەدراوە(Yildiz,2022) چۆن ناوی مەکتومین، مخربین، غائلە و چەتە و ترۆریستی لە سەر دانراوە. چۆن هیچ شتێک بۆ کورد بە جێ نەماوە وەک بڵێێ کە کورد لە ماوەی مێژوودا تەنیا حەماڵی کارو باری خەڵکیتر بووە و هیچی نەکردووە، بۆ نموونە دەڵێن کورد شێعری لە عەرەب وەرگرتووە، چیرۆکی لە هێند وەرگرتووە، بۆیە تەنیا شتێک کە نەیان توانیوە ئینکاری بکەن زمانی کوردییە، ناتوانن بڵێن زمانی کوردی ئەویدی سازیکردووە، کە وابوو ئەو خەڵکەی کە ئەم زمانەیان دروست کردووە، دواتر ناوی شتیان ناوە، گۆرانییان پێ وتووە،مەتەڵیان پێ داهێناوە. کە وابوو ئەم دەوڵەتانە بە هۆی بیرتەنگی، یان حەسوودی یان سوودی ئابووری و تەماحی سیاسی کوردیان رووتاندوەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە پێشدا پێناسەیەکی ساختەیان بۆ دروست کردووە تا ئاگای لە خۆی و مێژووی و فەرهەنگی خۆی نەمێنێ. ئەمە جاری وایە بە سوودی ئەوان بووە، کەم نە­بون ئەو کوردانەی کە بە دژی نەتەوەی خۆیان وەستانەوە، ئینکاری داب و نەریتی خۆیان کرد و تەنانەت نەک چاو ساخی، بەلکوو داردەستی و نۆکەری ناسنامەی خەلکیتریان کرد. یەک لەو کەسانە زیاگۆگ ئالپ کوردی خەلکی دیاربەکرە کە بناغەدانەری پان تورکیسمە(بێشکچی،٢٠٢٤)، خشتەی ژمارە ٢ هەندێ پێناسە نیشان دەدات کە ئەوان بۆ ئێمەیان سازکردووە.

 

خشتەی ژمارە٢.وڵات پێناسە،خۆیان و کورد

ئەمە لە لایەک نیشان دەدات کە ئەوان بە ویستی خۆیان ئێمەیان ناساندووە، هەر جارە ناسنامەی ئێمەیان بۆ شتێ داشکاندووە کە بە جۆرێک ئێمەیان لە مرۆڤ بوون و عاقڵ بوون و ساخ بوون خستوە. لەم رەوتەدا چوار چیوەی مێژووی کوردیان شێواندووە،ناوی دی و شار و کوێستانیان گۆڕیوە،ئێمەیان لە گەڵا و لقی فەرهەنگی داماڵیوە تا هەست بە بێ ناسنامەیی و لاوازی و لارەملی بکەین. دوکتور شەفیعی کەدکەنی کە یەکێک لە زاناترین ئەدیبانی ئێرانە دەڵێت کە هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی بە زمانی ناوچەیی قسە بکەن و دواتر شیعر و داستان بڵێن کاری ئیستعمارە، ئەو خەڵکانە لە باشترین حاڵەتدا ناتوانن لە چەن شیعری شڕو شیتاڵی شتێکی دیکە بڵێن و بۆیە بەم جۆرە لە حافز و سەعدی دادەبڕێن و دەچنە باوەشی ئیستعمار(بڕوانە یوتیوب،شفیعیکدکنی،زبان­های محلی).

لە لایەکی ترەوە ئێمەش خۆمان دابەش کردووە، بە کوردی ئێرانی و عیراقی، بە بادینی و سۆرانی، بە ڕێنووسی ئارامی و لاتینی، بە کوردی رەسەن و کوردی پلاستیکی، بە کوردی سوننە و ناسوننە، بەشێ لە چەپ و دینی ئێمە دژ بە گەلی خۆیان وەستاون. بۆ وێنە هەڤال کویستانی(٢٠١٧) دەڵێت ئێمە کۆمەڵەیەکی مارکسیستی بۆین بەڵام لایەنی نەتەوەییمان بە هێز بوو. لەو لاتر بەختیار پیرخزری کە دانیشتووی لەندەنە” یانی لە چەقی سەرمایەداریی دەژیت”، لە یادداشتێکی فەیسبووکیدا لە یادی هاوڕێ یەکی بە زمانی فارسی دەنوسێت: ئێمە لە سەر سێ شت لە کورتیمان نەدا: هیچکات باجمان بە دین نەدا، هیچکات سەرمایەداریمان پەسەند نەکرد و هیچکات خۆمان بە کورد نەزانی و ئەمە بە کوردی زیاد دەکا:(ئاغا گیان ئێمە کورد نین،کۆمۆنیستین). هەندێ خەڵکی دینی ئێمە دژی کورد بوونی خۆیان وەستاون و خۆیان بە ئومەتی ئیسلامی گرێ داوە، لە حاڵێکدا هیچ عەرەبێ بە ئینکاری عەرەب بوونی خۆی بە ئیسلام نەزانیوە. “سەرانی کورد بە ئاشکرا و پیاوانە دەڵێن ئیمە کورد نین، بەڵام گەورەکانی تورک بە بێ ئەوەی شەرم لە خۆیان بکەنەوە لە بەر دەم گەلی تورک و کورد و هەموو جیهان دەڵێن ئێمە تورکین”(عەنتەر،٤٣٦:٢٠٢٤).

  بە گشتی کورد لە سێ ئاستدا خۆی لە بەرانبەر ئەویدیدا دروست دەکات: لە ئاستی خواردا لە بەرانبەر خۆی، لە ئاستی نەتەوەییدا لە بەرانبەر گەلانیتر، لە بەرانبەر عەرەب و تورک و فارس و لە ئاستی بان نەتەوەیی لە بەرانبەر رۆژئاوادا خۆیان لە بەرەی رۆژهەڵاتدا دەبینن. کورد بە چیدا خۆی دەناسێتەوە، جاری وایە ئەمە زەینییە، جاری وایە ئەمە دەرەکی و دەرهەستە. زۆربەی کوردەکان لە سەر زمان پێداگرن، چونکە تەنیا زمان ئەوان لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، چونکە دین کورد  لە گەل دینی هەندێ لە گەلانی ناوچەکە یەکێکە. هەر بۆیە کورد لە سەر ماکە فەرهەنگییەکانی خۆیان هێشتا لە گەل یەک ناکۆکن.

ئەو بابەتانە کە چەمک و هێمایان لە سەر دروست دەکرێت زۆرن. بە گشتی گەلان بۆ ئەم بەشانە هێما و چەمکی نەتەوەیی خۆیان دیاری دەکەن: بەشی مێژوویی، بەشی باستانی، بەشی کەلتووری و هێماکان و هەر وەها بەشی ئامێرە مووسیقاییەکان،  بەشی گیانلەبەران، بەشی روەک، بەشی هۆنەرە دەستییەکان،بەشی ئوستوورە، بەشی وەرزشی، بەشی کەسایەتییەکان کە بۆ خۆی چەن لقی وەک ئەدیبان،شاعیران،کەسانی زانستی لە خۆ دەگرێ.

 وڵاتان هەرکامەیان بە پێی مێژوو،سروشت و فەرهەنگی خۆیان چەمک و هێمایان بۆ وڵاتەکەیان دروست کردووە، بۆ وێنە لێرەدا دەتوانین لە هێمای روەک، هێمای ئاژەڵ، هێمای دینی، هێمای کەسایەتی وەک میناک ناو بەرین.

هێمای روەک: هەندێ لە وڵاتان لە دار یان گیایەکی سروشت و جوگرافی وڵاتی خۆیان بۆ مەبەستی پێناسەی نەتەوەیی کەڵکیان وەرگرتووە و وێنەیەکیان لە وڵاتی خۆیان هەڵبژاردووە بۆ وێنە وڵاتی کانادا لە گەڵای(چنار یان پەڵک) و وڵاتی لوبنان لە داری”زەیتوون” بۆ مەبەستی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە،

هێمای ئاژەڵ: هەندێ وڵات وێنەی حەیوانێکیان هەڵبژاردووە کە تایبەتی خۆیانە، هەندێ حەیوان لە چەندین وڵات وەک هێما دیاریکراوە، هێمای وڵاتی دومینیکا(جۆری تووتی تایبەت). هیی بوتان”ئەژدیها”یە. هەر وەها وڵاتی وەک مکزیک وێنەی(هەلۆ،مار) سریلانکا وێنەی(شێر)،ئوگاندا وێنەی”کەڵەشێر” بۆ مەبەستی خۆیان هەڵبژاردووە.

هێمای دینی: وڵاتی عەربستان هێمای دینی و مێژووی واتە “لا الە الا اللە” و “شمشێر“ێ داناوە، ئیسرائیل ئەستیرەی داوود، مانگ و خۆر لە زۆر وڵات و لە هەندێ شوێن تێکەڵێک لەمانی دیاری کراوە. ئەستێرە لە وڵاتی جین نیشانەی خەڵک یان گەلە و لە پەرچەمی ئامریکا نیشانەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتەیە.

هێمای کەسایەتی: وڵاتی تورکیا ئاتاتورکیان کردوەتە کەسایەتی نەتەوەیی خۆیان، پێی دەڵێن باوکی تورک، لە کاتێکدا دوکتور شەریعەتی دەڵیت کە ئەو باوە پیارە بوو ،باوکی یۆنانی و دایکی ئەرمەنی بوو، بەڵام ئەوە گرینگ نییە، گرینگ ئەویە کە ئەو روومەتە، دەوری یەکگرتوویی بۆ تورکیا گیراوە. وڵاتی ئێران دوو کەسایەتی عەربی بە ناوی حەزرەتی عەلی و ئیمام حوسەینی کردوەتە هێمای یەکگرتووی خۆی. وڵاتی ئەمریکا کە مێژوویەکی دێرینی نییە هاتووە چوار سەرۆک کۆماری خۆی وەک کەسایەتی دیاریکردووە، بە جۆرێک کە کیوێکی داتاشیوە تا وێنەی ئەوان لە سەر شاخ هەڵکەنێ.

بۆیە ئێمەش پێویستە هەندێ هێما،چەمک و شتی دیدەنی لە میژوو، فەرهەنگ، ئوستوورەی خۆمان دەربێنین و بەرجەستەیان بکەین، هەر وەک چۆن خەلکانی تر کردیان. کامیاری عەبدی(2001,2008) باس لەوە دەکات کە چۆن دوو وڵاتی ئێران و عیراق کەڵکیان لە هێما و نەخش و نیگاری باستانی بۆ ناسنامەی میللی خۆیان وەر گرتووە.کورد بە هۆی ریشەی قووڵی لە مێژوودا دەتوانی کەڵکی زۆر لەو بوارە وەر بگرێ.

 

مەرجەکان

ئەو کەس و هیمایانە دەبێ  گشتی بن، سەر بە حزبێکی تایبەت نەبن، ژنان وەری بگرن، منداڵان حەزی لێبکەن، ئامادەی گۆڕانی تێدا بێ، بۆ کاری هۆنەری،لۆگۆ،پەیکەرتاشی گونجاو بێت، دژی بایەخی ئایینی نەبێ،جوان بێت، بە ئاسانی بە کار بێت، سانا بێت، سانا بنوسرێت، زۆر تێچووی نەبیت، هەست بزوێن و عەقڵگر بێ. ئەو هێمایانە  دەبێ ئێمە لە گەڵ خەڵک ئاشت کەنەوە نەک بە شەڕمان بدەن. ئەو هێمایانە دەبێ خۆشەویستی ژیان بنوێین،نەک دەرگا لە سەر پەیوەندی ئێمە و ئەوان داخەن.  بۆ ئەم مەبەستی هەندێ لەو شتانەی تا ئیستە ئیمە لە سەریان پێک هاتوین کامانەن؟

لە هێچ وتارێکدا هەموو بابەت و باسەکان جێگایان نابێتەوە، هەر بۆیە ئێمەش هەندێک لەو ماکانە وەک نموونە و پێشنیار دەخەینە بەردەست ،بۆ ئەو هێمایانە کەڵک لە سەرچاوەی جۆر بە جۆر وەرگیراوە و لە خوارەوە ناوی هەندێکیان وەک میناک هاتووە.

هێمای مێژووی

گرێ مرازان یان خرابەرەشکێ(گوبەکلی تەپە)

ئەمە کۆنترین پەرستەگەی مرۆڤە،لە شانلی ئۆرفایە. لێکۆلینەوە لەم شوێنە لە ساڵی ١٩٩٥ لە ژێرسەرپەرشتی کلاوس ئشمیت دەستی پێکردووە، میژووەکەی بۆ ساڵی ٩٥٠٠تا ٨٠٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە،ئەم کارە پێش دەورەی گڵینە،ئاسن و نووسین بووە، بەردی زۆر گەورە کە ئەویش دیار نییە بە چ شتێک و لە بەر چی بە شێوەی کۆڵەکە و سەرکۆڵەکە تاشراوە و وێنەی نزیک ١٦ ئاژەڵی لە سەر هەڵکەنراوە(Actual archeology,2012).

 

هێمای کەلتووری

خواردن

بەشی خواردن زۆر گرینگە، لەم ساڵانەدا دەیان خۆراکی کوردی لە لایەن وڵاتانی تورکیا،ئەرمەنستان،ئازەربایجان بە ناوی ئەوانەوە تاپۆ کراوە، بەڵام هێشتا زۆر خواردن هەیە کە کوردین  و دەکرین وەک خۆراکی کوردی ناودێر بکرێن وەک هاڵاو،نان قەیسی، خۆشاو، مێوژاو،ئاشی پیر،…

هەڵپەڕکێ

هەڵپەڕكیی کوردی بۆ خۆی خەزێنەیەکە، خۆی ناسنامەیە، جەماڵ لەحافیان لە بەرد هەڵکەنراوەکانی کوردستاندا میژویەکی ٣٠٠٠ ساڵە بۆ ئەم کارە دەبینێتەوە، کە ژن و پیاو پیکەوە هەڵدەپەڕن (لحافیان،126:1395). ناوی گەنم و جۆ هەر لێرەوە هاتووە.

ئەنفال،حەڵەبجە

چەندان ترۆما[3]ی گەورە و لە بیر نەکراوی وەک ئەنفال،حەڵەبجە، درسیم لە مێژووی کورددا هەن. ئەمانە وەک زامی فەرهەنگی لە سەر جەستە دەمێننەوە، هەرگیز خۆش نابنەوە و نامرن.  بۆ وێنە وڵات هەیە تۆ بە بینین هەندێ ناونیشان بۆت دەردەکەوێت کە سەر بە کام نەتەوەیە بۆ نموونە یەهوودیەکان کڵاوی تایبەت، ئەستیرەی داوود و چەمکی هۆلۆکاستیان هەیە.

 

هێمای سیاسی

ئاڵا

پێم وابێ پەرچەمی کوردستان لەو شتانەی کە تا ڕادەیەک چەسپاوە بەڵام هێشتا لە پەرچەمی هەندێ وڵاتیتر وەک تاجیکستان و مجارستان دەچێ،پێچەوانەی پەرچەمی ئێرانە و هەر لە سەر ئەمەش پێشەوا موحاکمە کرا. لە هیی هیندیش نزیکە، بۆیە دەکرێ رەنگی تەختەکەی بگۆڕدرێ.

سروودی ئەی رەقیب

ئەم سروودە جێ کەوتووە، هەرچەن هەندێ لایەن رەخنەیان لێی گرتووە، جارێ لەو دەگمەن شتانەیە کە کورد تا ئیستا لە سەری کۆکە.

هێمای سروشتی

کێو

وەک دەزانین کیو وەک وڵاتی کورد ناوی هاتووە، وەک وڵاتی جبال یان ئەو پەندە کە دەڵیت کورد هیچ دۆستێکی نییە جگە لە چیاکان و بیهرۆز بۆچانی کتێبێکی هەر بەم ناوە چاپ کردووە، کێو هەر لە مێژە شوێنی پاراستنی کورد بووە و لە راستیدا ئەمە خسڵەتێکی تێدا دروست کردووە کە سەر بۆ کەس نەوی نەکات، فرام دەڵێت: خەڵکی کارلا(شوێنێک لە هەورامان) عادەتیان نەبوو لە هیچ حکوومەتی فەرمان وەرگرن و بە کێوە سەختەکانی خۆیان پشت ئەستوور بوون(Frame,1999:41).

بەرو

دارێکی سەختەداری کیویە، بە ڕەقی و سەرسەختی لە بەرانبەر سەرما و باو و بۆران ناسراوە، ناوەندی ڤەژین[4] ئەم هێمایە وەک خەڵاتێکی ساڵانە دیاری کردوە. لە ئەدەبیاتی کلاسیک ناوی هاتووە بۆ نمونە مەلا حەسەن دزڵی(١٣٧٩،بە وتەی یووسفی،١٣٩٨) لە شیعرێکدا باسی ئاردی بەڕوو دەکات:

ئارد بەڕووست نانم،گزگل خورشت و خوانم   بر سفرەام نباشد جز نان و دۆخەوارا

هەنار

میوەیەکی جوانە، لە زۆربەی ناوچەکان هەیە، دەیان جۆری هەیە،دوکتور ئیرەج رەزایی دەڵێت جۆرێک لەوانە بە ناو هەناری کراڵی مێژوویەکی ٣٠٠٠ ساڵەی هەیە چونکە ناوی کراڵ لە نووسراوەکانی سارگۆنی دوو دا هاتووە، ئەو دەڵێت ئەم هەنارە جیاوازە،پێستەکەی کاڵە یان کەسکێکی کاڵە،دانەکانی ئاڵە و تامی شیرینە.ئاسەواری زمان ناسی،ژنتیکی و دینی نیشان دەدات کە سەدان ساڵە هەنار لە کرمانشاە و هەورامان هەیە(رضایی،123:1398).یاریەکان هەنار بە میوەیەکی پیرۆز و دینی دەناسن و لەو دەگمەن میوانەیە کە ئیزن دەدرێ بۆ رەسمی نیاز دەسچین بکرێت(Weightman,1964:83). سەفیزادە (٦٨:١٣٦٠) دەنووسێ دادە سارا کچی پێشخزمەتی سوڵتان سەهاک بە خواردنی یەک دانە هەنار دووگیان بوو و باوەیادگار بەرهەمی ئەو هەنارەیە. هەر وەها دەزانین کە چێشتی پیر شالیار بە هەنار دروست دەکرێ.

 

هێمای کەسایەتی

هەندێ لە ڕێبەرانی کورد لە چوار چێوەی حزب دەرباز بوونە و لە لایەن خەڵکەوە وەک رێبەر وەرگیراون. یەکێک لەو کەسانە کە لە ئاستی دونیادا بە ناوبانگە سەلاحەدینی ئەییوبیە. ئەو رێبەر و فەرماندە و بیرمەندێکی گەورە بووە(جانپۆرت،١٣٩٢). بەڵام دەکرێ چەن کەسی تر دیاری بکرێن و یادیان بکرێتەوە، ئەمریکیەکان لە بەر ئەوەی ئەم شتە دروست بکەن هاتن کێوێکیان تاشی و چوار ڕێبەریان جیا کردەوە تا خەڵک یادیان بکەن.

 

خشتەی ژمارە٣.جۆری هێما و وێنە و سەرچاوە

 

ئاکام

وەک زانیمان کورد پێناسەیەکی یەکەی نییە ، تا ئێستە بە شێوەی رێکخراو نەپەرژاوەتە سەر ئەم بوارە، ئەوانیش بە پێی سیاسەتی خۆیان پێناسەیان بۆ کورد دروست کردووە،پێناسەی ئەوان و خۆمان تا ئیستە بە سوودی ئەوان بووە تا خۆمان. ئێمە لە ناوخۆماندا لە باتی ئەوەی لێکچوونەکانمان لە یەکتری زیاتر بکەین کەمترمان کردووە، ئەوان تا ئیستە پێناسەی ئێمەیان وەک مرۆڤی خاوەن کەرامەت و ماف نە­سەلماندووە، ئێمە یان زۆربەی ئێمە وێنەیەکی یەکدەستمان لە پێناسەی خۆمان نە­بووە، پێناسەی خۆمان خۆش نەویستووە، دەروەستی نە­بووین، هەر بۆیە بە ئاسانی وڵاتی خۆمان بە جێ هێشتوە، زمانی خۆمان وە­لا ناوە، گوێمان لە گۆرانی خۆمان نەگرتوە، لێکۆڵینەوە لە تورکیا نیشانی داوە تا ئیستا ٣٠ لە سەدی کورد، زمانی کوردی نازانی و گرینگ ئەوەیە بۆیشیان گرینگ نییە، ئەگینا بە خێرایی فێری دەبوون.

کە وابوو پێویستە سەرنجی مێژوو،ئوستوورە،کارەسات،کەلتوور و جوگرافیای خۆمان بدرێت، ئەو شتانەی کە هێی ئێمەن بیان ناسێنن، ناسنامەی خۆمانی پێ دیاری بکەین، ئەم هێما و چەمکانە لە خوێندنگە،ماڵ و مزگەوت فێری منداڵان بکرێن، لە رادیو و تی ڤی هەڵالەیان بۆ بکرێت، هەندێ وێنە لەمانە ساز بکرێت، داستانەکانیان ببوژێنێنەوە، ئەم کارە هەر چەن بە دێرەوە پێویستە، ئەم هێما و وێنانە هەم بۆچوونی خۆمان لە یەکتری نزیک دەکاتەوە و هەمیش وێنەیەکی یەکە لە فەرهەنگی ئێمە بە ئەوان نیشان دەدات، ئەم هێمایانە زۆر فەرهەنگین،دژ بە کەس نین و ژیان دۆستن. ئەم کارە لە دوارۆژدا کاریگەری باشی بۆ ناسنامەی کورد دەبێ.

 بۆیە پێویستە یەکەم کۆڕێک لە کەسانی شارەزا بۆ تاوتۆی ئەم باسە دابمەزرێت، ئەو هێما و چەمکانەی کە تا ئیستا چەسپاون لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن هەڵالەیان بۆ بکرێ، ئەم هێمایانە لە هەموو قوتابخانە ئەهلی و دەوڵەتی یەکان بخوێنرێ، چوارچێوە یان ریسایەک بۆ قوتابخانە ئەهلییەکان دابنرێ تا لە پەنای هەر زمانێکی دیکە، کوردی بخوێنن، ناوەندی لێکۆڵینە بۆ هێما نەتەوەییەکان دابمەزرێت. ژنان و هۆنەرمەندان هان بدرێن کە ئەم هێمایانە بە کاری هۆنەری دروست بکەن.

 

سەرچاوەکان

ئا. کوردی

-ئاندراس جۆزیف(١٤٠٣)لە سەر خاکی کوردستان، وەرگێڕانی کافیە جوانڕودی،سنە،تاڤگە.

-بێشکچی ئیسماعیل(٢٠٢٤) یادەوەریەکان،وەرگێڕانی محەمەدعزەدین،چاپی دووەم،دەزگای فام.

-رەفعەت عەبدوڵلا پیر داوود(شەهید رێباز)(٢٠١٧) قەندیل بەغدای هەژاند.هەولێر،چاپخانەی رۆژهەڵات.

-شێرکو بێکه­س(2014) نووسێن به ئاوی خۆله­مێش،سلێمانی، غه­زه­­لنووس.

-عەلیزادە خالید(١٣٩٤)لێبوردەیی و جیاوازی،سەقز،گوتار.

-عەنتەر مووسا(٢٠٢٤)،بیرەوەرییەکانم،وەرگێڕ محەمەد عزەدین، هەولێر، فام.

-عەلیزادە خالید(١٣٩٤)لێبوردەیی و جیاوازی، کۆمەڵە وتار، سەقز، گوتار.

-کوێستانی هەڤال(٢٠٢٤) ئەو رۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو،چاپی دوانزەیەم،سلێمانی،کارۆ.

ب.فارسی

احمدی  حمید(1374) قومیت در ایران از افسانه تا واقعیت، تهران، نشر نی.

-الطایی، علی (1385) بحران هویت قومی در ایران، تهران، شادگان.

-جنگیز، ریچارد (1381) هویت اجتماعی، ترجمه تورج یاراحمدی، تهران نشر شیرزاه.

-داونپورت جان(1392) در باره رهبران،صلاح الدین، ترجمه لیلا علی مددی زنوزی، تهران، گروه انتشارات ققنوس.

-دیاکونوف ا.م.(1402) تاریخ ماد، ترجمه کریم کشاورز،چاپ چهاردهم، تهران، انتشارات علمی و فرهنگی.

-ربانی جعفر (1381) هویت ملی، انجمن اولیا و مربیان

-رجایی فرهنگ (1385) شكل هویت ایرانیان امروز، تهران، نی.

-رضایی ایرج(1398) انارستان های اورامانات ودریچه­ای به کارالی باستان، پژوهش­های باستان شناسی ایران، شماره 115،صص:115-134.

-سنیشا مالیوچ (1391) جامعه شناسی تربیت، ترجمه یعقوب احمدی، حسین محمدزاده، تهران، جهاد دانشگاهی.

-شیخی خالد(1386) هویت و مدرنیته،مجله ولات،دانشگاه تربیت معلم تهران، سال چهارم، دوره جدید،شماره36،1-43.

-صالحی امیری رضا(1385) مدیریت منازعات قومی در ایران،تهران،مرکز تحقیقات استراتژیک.

-صفی­زاده صدیق(1360) مشاهیر اهل حق، تهران،کتابخانه طهوری.

-قادرزاده امید(1388) هویت جمعی غالب کردها در ایران و عراق،رساله دکتری،دانشکده علوم اجتماعی،دانشگاه علامه طباطبای.

-قادرزاده امید،محمدزاده حسین(1396) مطالعه پیمایشی هویت طلبی قومی و سیاسی شدن قومیت کردهای ایران،پژوهش های راهبردی امنیت و نظم اجتماعی،سال هفتم، شماره1،بهار.

-قادری هیرش(1403) عقل سیاسی ایرانی و هویت خواهی کردها،

-کریمیان سردشتی نادرونقیب سردشت بهزاد(1385) نگرشی بر ساز شناسی موسیقی کردی، تهران، توکلی.

-مقصودی مجتبی(1380) تحولات قومی در ایران،علل و زمینه ها، تهران،کوثر.

-محمدزاده حسین(1380) تاثیر تمرکزگرایی بر  قوم گرایی،پایان نامه کارشناسی ارشد، دانشگاه علامه طباطبایی.

-محمدزاده حسین(1390) عوامل مرتبط با انواع قوم گرایی در میان کردهای ایران،رساله دکتری جامعه شناسی، دانشگاه علامه طباطبایی.

-یوسفی هادی(1389) بازتاب فقر در دواوین شعرای کرد،نخستین همایش بینالمللی ادبیات کردی، سنندج.

جێ:ئینگلیزی

-Abdi,K.(2008) Archelogy and nation building in Modern Iraq, journal of Archeology Science,vol,48,1-18.

-Abdi,K.(2001) Nationalism, politics and Development of Archeology in Iran, American journal of archeology,

-Actual archelogy, the great mystery of Anatolia, the first temple of the word, summer, 2012.

-Charvat,P.(2002) Mesopotamia before history, London and New York, Rutledge.

-Curzon,L.(2003) Introduction: Visual Culture and National identity.

-Eaglton,W.(1988) An introduction to Kurdish Rugs and other weaving, Interlink pub Group inc.

-Entessar, N. (1992). Kurdish ethno nationalism, Lynne Reiner publisher, United States.

 – Frame, G., 1999, “The Inscription of Sargon II at Tang-i var”. Oriental, New Series, No. 68, Pp: 31-57.

-Hassanpour,A.Sheholislami,J.Skutnabb,T.(2012) Introduction, Kurdish ,lingucide, resistance and hope,International journal of sociology literature,No,217,1-18.

-Hendessi ,M.(2024)the Kurds, Agendapress.

-Koohi Kamali.F (2004). The political Development of the Kurds in Iran, Macmillan.

Lortz, Michael G. (2005). Willing to Face Death: A History of Kurdish Military Forces – the Peshmerga – from the Ottoman Empire to Present-Day Iraq (MA thesis). Florida State University.

-Martinez,J,G.(2016) Design and National identity, Bloomsbury Academic.

-Staniock, j,w (2001) lescence, New York, Mc Graw Hill.

-Tajfel,H.(1978) the social psychology of minority, minority right group press.

-Tajfel, H.& Turner, J.C.(1979) An Integration theory of inter group conflict,In,W.G.Austin,S,Worche(Eds) the social psychology of inter group relation,pp33-47.

Turner, C Haslam. S (2001) Soad Identity organization, leadership, London, lowerence Eelbaum Assouation.

-Vali, A. (2005). “The Kurds and Their Others: Fragmented Identity and Fragmented Politics ,”SAQE, London

-Warona,K.Z.(2015)  Visual identity and rebranding ,institute of anition,Warsaw.

-Weightman,S.C.R.(1964) The signifince of Kitab Burhan al Haqq,Iran,vol,2,pp 83-103.

-Yildiz,K.(2022) the Kurds in Syria,the forgotten people,London,pluto press with Kurdish Human Right project.

1.Corporate identity

2.Visual identity

[3] .Truma

[4] ١.ناوەندێکی کەلتووری بە هێزە لە شاری مەریوان بە هاوکاری خۆبەخشانەی هەندێ کوڕو کچی هێژا دامەزراوە،دوکتور حامید کۆنەپۆشی سەرپەرشتی دەکا،فەرهەنگی ڤەژینلیکس لە کارە بەرچاوەکانیەتی


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

4 × three =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان