وەستانێکی ڕەخنەیی لەسەر وتاری «جنگ ایران و اسرائیل: تشدید تناقضات چپ مرکزگرا و مسئله ملت‌های تحت ستم»

  • Jul 3, 2025   |   هیوا خاکپوور

 

پوختەی باس

نووسراوەی بەردەست، زۆر بە کورتی دەیهەوێت ئەو مەسەلە سەرنجراکێشەی کە نووسەر لەم چرکەساتە هەستیارەدا  قامکی بۆ ڕاکێشاوە، واتە پارادۆکسی چەپی ناوەندخوازی ئێرانی کە بە تایبەت لە خاڵە لێواری و قەیراناوییەکاندا سەر دەکێشێت بۆ ناسیۆنالیزمی ڕاستڕەو، هەندێک زیاتر پرۆبلماتیزەی بکات و بڵێت: نووسەر لە ئاستی تەوسیفی مەسەلەدا ماوەتەوە و نەیتوانیوە تەبیینێکی بنەڕەتی و بەڵگەمەند لە بابەتەکە بخاتەڕوو. هەروەها لە ئاستی نۆرمەتیڤیشدا دیسانەوە جۆرێک لە تەمەنای دیمۆکراسی لە باڵادەستان، لە چەپی ئێرانی، و کردنەوەی فەزای دیمۆکراتیک و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە وتارەکەدا بەدی دەکرێت کە بە بۆچوونی من ئەمەش، تەقەلای بێهوودەیە و “هیلاکی ڕەنجێکمان دەکات کە ڕەنجی ئێمە نییە”.

 

وتارێکی جێگەی سەرنج لە چرکەساتێکی مێژوویی چارەنووسسازدا

نووسەر “سامانی غەزاڵی” لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری “کۆمار”دا بڵاو بۆتەوە[1]، لە دەستنیشانکردنی مەسەلەکە بە درووسی دەپەڕژێتە سەر ئەوەی چەپی ئێرانی لە چرکەساتە لێوارییەکان و لە کاتە لێقەوماوییەکاندا وەک چرکەساتی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هەموویان دەبنە ناسیۆنالیست یان بە تەعبیری نووسەر دەبنە “چەپی ناوەندخواز” و بە تێگەی “یەکپارچەیی سەرزەوینی” مەسەلەی نەتەوە ناسەروەرە ستەملێکراوەکانی ئێران تێرۆری مەعریفەتی دەکەن. ئەپیستیمەی چەپی ناوەندخوازی ئێرانی بە بۆڵدکردنەوە خەباتی چینایەتی  و خەبات دژی ئیمپریالیزم، بە “سیاسەتی ناسنامەیی” تاکڕەهەندی فارسیزم “مامی وەتەنی” دەپارێزێت و بەرهەمی دێنێتەوە و دەیکاتە چقڵی چاوی نەتەوە ژێردەستەکان بە تایبەتی نەتەوەی کورد. ئەوا دەبینین لەم شەڕەدا و پاش هێرشەکانی ئەم دواییە کلکی ڕێوی زیاتر وەدەرکەوت و هەموویان بوونە بەرەی ڕاستی ئێرانی لە قەبارەیەکی یەکگرتوودا بۆ سەرکوتی ژێردەستان.

بەڵام ئەم تەوسیفە درووسەی نووسەر پاڵ نادات بە تەبیینێکی قووڵەوە. بە باوەڕی من نووسراوەکە لە تەبیینێکی چڕ و قوڵبوونەوەی تێروتەسەل لەوەیکە بۆچی چەپی ئێرانی، ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەرهەم دێننەوە، ئەگەر نەڵێم هەژارە دەتوانم بڵێم لاوازە. نووسەر پرسیارەکەی تا سەر حەدی نەهایەتی خۆی نەبردووە و خوێنەر تێناگات بۆچی  چەپی ئێرانی ناسیۆنالیستی ناوەندخوازن؟ وەڵامی ئەمە کە ئەسڵی باسەکەیەتی ناداتەوە و بەجێگەی ئەوە شتانێک باس دەکات کە کەسانی تریش بە ڕاوێژی جۆراوجۆر وتوویانە بۆ نموونە گوزارەی “ڕۆشنیری ئێرانی هەموویان ناسیۆنالیستن” تەقریبەن ئێستە لە ناو فەزای فیکری-رۆشنبیریی ڕۆژهەڵاتدا گوزارەیەکە کە بە ئاسانی ڕەت ناکرێتەوە. ئێستە با هەندێک زیاتر ئەم باسە شەنوکەو بکەین کە بۆچی چەپی ئێرانی لە ئاکامدا ڕاستەرەو و ناوەندخواز دەردەچن؟ ئەم باسە لایەن و رهەندی جۆراوجۆری هەیە و دەتوانرێت لە سوێنگەی کۆمەڵناسیی مێژوویی، ئەزموونناسیی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤەڕاست لە مۆدێرنیتە و ناسیۆنالیزم، دەروونناسیی مێژوویی و هەبیتووسی فەرهەنگی، مرۆڤناسی سیاسیی و هەروەها ناسیۆنالیزمناسی و… وەردوشەن بدرێت. لەم کوررتەباسەدا زیاتر هەوڵ دەدرێت لایەنی ناسیۆنالیزمناسی بابەتەکە و پێوەندی ناسیۆنالیزم  بە ژیانی سووژەی مۆدێرنەوە هەڵبدرێتەوە. لەم بارەوە دەتوانین پرسیارێکی ڕوونکەرەوە بپرسین: ئایا چەپ و خوێندنەوە جۆراوجۆرەکانی نوێ و کلاسیک لە میراتی مارکسیزم تەنیا لە ئێراندایە ئەو ڕەوشەی هەیە؟ یان لە تەواوی جیهاندا چەپ لە ئاستی درووژمدا نەبێت، نەیتوانیییە سنوورەکانی ناسیۆنالیزم تێپەڕێنێت؟، ئەم پرسیارە پەلمان دەکێشێت بۆ لای ناسینی زیاتری ناسیۆنالیزم. ناسیۆنالیزم، بە هەر پێناسەیەک، وەک سەرچەشنی سیاسیی سەردەمی مۆدێرن هێندە داگر و بەرگرە کە ئایدیۆلۆژییەکانی تر وەک ئیسلامیزم و مارکسیزم و فیمنیزم و… لە خۆیدا لووش دەدات. “حەوالەتێکی مێژوویی” ژیانی مرۆڤە لە دەوڕانی مۆدێرندا. ئالتێرناتیڤە بۆ دین لە سەردەمی سکۆلاریزم و کاڵبوونەوەی دیندا. بە چەمکاندنێک “دینی دونیای مۆدێرنە”[2]. بەم شێوازە باشتر بۆمان دەردەکەوێت بۆچی ئایدیۆلۆژییەکانی تر دەبنە تابع و پاشکۆی ناسیۆنالیزم.  لەلایەکی دیکەوە ئایا موحاسەباتی ناسیۆنالیزم تەنیا بە موناسەباتی سەرمایەداری دەورانی مۆدێرن دەتوانێت مەسەلەی ناسیۆنالیزم شیکاری بکات؟ یان ئەوەیکە پێویستە ناسیۆنالیزم وەک پارادایمێک( تەعبیری مایکل بیلیگە[3]) ببینرێت کە تەواوی کەلێن و قو‌ژبنەکانی ژیانی  بەشەر دەگرێتەوە، و هەڵقووڵاو و تێکەڵاوی سیستەمێکی بەهاییشە؟ واتە لە بەها و کردەوە و ڕوانینە درووشت و وردەکانی مرۆڤ دەستێوەردان دەکات و بە وتەی ئەتین بالیبار “مرۆڤ-ناسیۆنالیست”( homo-nationalist) ساز دەکات. بۆیە دەرچوون لەو پارادایمە زاڵە ئەستەم دەنوێنێت. کەوایە بە پێی ئاسۆی واقعی بەرچاو و زاڵ، نزیکەو مەحاڵە چەپ بتوانێت لە سنووری ناسیۆنالیزم دەرباز بێت. هەربۆیە زۆر جێگەی سەرسووڕمان نییە سوپێرڕادیکاڵی چەپ لە ئێران نەتوانێت لە قاپووری ناسیۆنالیزم دەرچێت. وێدەچێت ئەمە تەنیا تایبەتمەندی جیهانی ئێرانی نەبێت، ئەوا لە جیهانی عەرەبیشدا زۆربەی خوێندنەوە مارکسیستییەکان نەیانتوانیوە ناسیۆنالیزمی عەرەبی تێپەڕێنن. بۆ نموونە “حەسەن حەنەفی” خاوەنی پڕۆژەی چڕوپڕی ” التراث و التجدید” کە خۆی بە میراتبەری مارکسیزم دەزانێت و لەو دەزگا تیۆرییانە لە کارەکانیدا کەڵکی وەرگردووە، هەمووی ئەو پڕۆژە زەبەلاحە پێشکەش دەکات بەوانەی بەشدارن لە جومگەبەندی و سازاندنی پڕۆژەی نەتەوەییدا[4].

ئێستە با بپرسین دەی دەرد لە کوێوە و ڕەنج لە کوێوە؟ بە بۆچوونی من کێشە لەوەدایە چاویلکەی ئایدیۆلۆژیکی نەتەوە ژێردەستەکان لە نێو فانتازیایەکی ئینتزاعیی و دەرهەستی زریقە و بریقەدارا گیری کردوووە  و بەردەوام خۆی دووپات دەکاتەوە و دڵخۆشە بە هاوپەیمانییەکی لەرزۆکی نیوەچڵ لەگەڵ لایەنی چەپ لە نەتەوە سەردەستەکانیدا. پێویستە چاویلکەکە بگۆڕدرێت و لە جیهانێکدا کە دەسەڵات زاڵە و سیاسەت شانی لەسەر “ئەویترسازی” داناوە، پڕ هەڵەیە هێشتا تەمەنای چۆڕێک ئاو لە “برایەتی و خۆشکایەتی” و هاوپەیمانی دیمۆکراتیک بکرێت کە بە شێوەی ئەزموونی مێژووییش بۆمان دەرکەوتووە و لەقاو دراوە کە هەمووی ئەو درووژمە جوانانە خۆڵکردنە چاوی ژێردەستانە.

زیاد لەمانەیش لایەنێکی دیکەی تەبیینی ئەم باسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە، پێویستە ناسیۆنالیزم وەک “بابەتێکی وجوودی: Existential” و ئەرزشیش ببیندرێت تا بتوانین دەرکی بکەین کە بۆچی وەتەنخوازی لە چرکەساتە تایبەتەکاندا تەقریبەن لە هەموو مرۆڤەکاندا دەگەشێتەوە. هەربۆیە ئەوە بەسەندە نییە کە ناسیۆنالیزم دابشکێندرێت بە سازێندراوی موناسەباتی ئابووری. ناسیۆنالیزم گرێدراوی لایەنگەلێکی وجوودی و بگرە ئەخلاقیشە کە وجوودی مرۆڤەکان دەرگیری خاک و وەتەن و میللەت و… دەکات، بۆیە لەم ڕەهەندەوە دەتوانین دەرکی ئەوە بکەین بۆچی چەپ کاتێک سەرزەمینەکەی دەکەوێتە بەر هێرش، هەر چەندە ئەو سەرزەوینەش “سازێندراوێکی دەستکردی زۆرەملێی مێژووی هاوچەرخ بێت” دەبێتە وەتەنپەرەست چونکە لایەنە ئیگزیستانس و بوونناسانەکەی کەوتەتە بەر هێرش و ئیزتراب و لەرزۆکی وجوودی بۆ درووس بووە. تا ئێرەیش ئەو جۆر هەڵسووکەوتەیان پاساوهەڵگرە هەر چەند بەڵگەهەڵگر نییە، بەڵام لە جێگەیەکەوە گەر بێتوو مەنعی سیاسەتی ناسنامەیی و نیشتمانپەروەری ژێردەستەکانیان بکەن و تێخی ڕەتدانەوە بدەن لە بۆ وێنە ناسیۆنالیزمی کوردی، ئەوە نەک تەنیا پاساوهەڵگر نییە بەڵکوو جۆرێکە لە شەییادی فیکری و گەوجەناندی نەتەوە ستەملێکراوەکان.تێگەیشتن لەم لایەنە قووڵە وجوودییە بۆ ناسیۆنالیزم بە چاویلکەی مارکسیستی تاکڕەهەند سەخت دیاری دەکات.

 

نووسەر و گەڕانەوە بۆ بوتی دیمۆکراسی وەک “ئیکسیری ڕزگاریی”

جیا لەم باسانەی سەرەوە، سامان غەزاڵی پۆزیشنێکی نۆرمەتیڤیش دەگرێت و دەڵێت: “چپ ایرانی باید هرچه سریع‌تر از نفی و تخطئه مبارزات رهایی‌بخش ملت‌های تحت ستم دست بردارد و این مبارزات را به رسمیت بشناسد. بازاندیشی در مفهوم ایران که قرن‌ها همپوشان سرکوب و تبعیض بوده، نقطه عطف چنین تحولی است”. نووسەر خاڵێکی درووس دەڵێت بەڵام بە جێگەی ئەوەی “دابڕانێکی مەعریفەتی و ئایدیۆلۆژیک” لە ئەپیستیمەی ئێرانی ( بە چەپ و راستییەوە) بکات، دیسان مەیلی ئێرانێکی دیمۆکراتیک بە هیمەتی بەرزی جەریانی چەپ و ئیسڵاحی شێوەی ڕوانینیان بۆ نەتەوەکانی دیکە لە ئێران و کردنەوەی فەزاگەلی دیمۆکراتیک و ئاشتیانە دەکات: “برای همین، چپ ایرانی باید از ایران تقدس‌زدایی کند و با بازاندیشی در مفهوم آن، فضاهای دمکراتیک و همزیستانه‌ای را برای همه فراهم آورد”. ئەم خاڵەش دیسانەی دووپاتکردنەوەی زەینییەتی دیمۆکراسی بۆ باڵادەستانە کە نزیکەی سەدەیەکە فەزای زەینی کوردستانی تەسخیر کردووە و وەک بوت دەپەرسترێت لە واقعیشدا “خەیاڵێکی خاوە”. “بوتی دیمۆکراسیخوازی[5]” لە نێو وڵاتە سەردەستەکان و لە کیانی سیاسیی ئەواندا، زەینی مرۆڤی کوردی بەشێوەیەک داگیر کردووە کە هەر جۆرە باسێکی تر بە نامومکین دبینرێت و واقعگەراییەکی خاو، کە لەم ماوەدا دیتمان ڕووداوەکان دەتوانن چلۆن واقع ورد و خاش بکەن، دەکەنە پێوەر بۆ ڕەتدانەوەی بۆ نموونە سەربەخۆییخوازی یان هەر ئالتێرناتیڤێکی دیکە. بۆیە نووسەریش لە ئەنجامدا بە جێگەی دابڕانی مەعریفەتی لە ئەپیستیمەی زاڵ، دیسانەوە دەخزێتە ناو بازنەی قەتیسماوی دیمۆکراتیزەکردنی باڵادەستان. هیوایەکی واهی و گەشبینییەکی لەڕادەبەر کە پێی وایە پێکهاتە و بکەرە زاڵەکان لە عەینی چاونووقاندێکدا دیمۆکراتیزە دەبن و “چرکەساتی بەرابەری” بۆ دیمۆسی کوردیش لەگەڵ ئەوان هەر خێرا دێتە کوڵ.  ئەم باسەمان لە چەندین وتاردا وەبەر تیشکی ڕەخنە داوە و نووسیمانە  زاڵیەتی گوتاری دیمۆکراتیزەکردنی سەردەستان چ کێشەگەلێک بۆ نەتەوەی ژێردەست دەخولقێنێت[6].ئیکسیری دیمۆکراسی، چ دیمۆکراسی باوی نوێنەرایەتی چ دیمۆکراسی ڕادیکاڵ، ئەگەر وەردوشەنێکی ڕەخنەیی جیدیی نەدرێت مومکینە مرۆڤی کورد بخاتە نێو ڕەنجێکی بێبڕانەوە. لەوەش گەڕێین کە بە باوەری من ناکرێت لەلایەک نووسەر باسی نەتەوە بوونی مرۆڤی کورد بکات و ئینجا باسی دیمۆکراسی ڕادیکاڵ بێنێتە ئاراوە. یەکەی شیکاری و جومگەبەندی دیمۆکراسی ڕادیکاڵ نەتەوە نییە، مۆڵتیتیۆد یان گەل یان خەڵکە.ئەمە بە ئیستیلاح بابەتەکە لە یەکانگیری چەمکیی ” Conceptual  consistency ” دەخات. نەتەوە چەمکێکی مۆدێرنە و ڕیشەی لە فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرندایە و بارگاویی بە مانای سیاسییە مۆدێرنەکەی، لەکاتێکدا دیمۆکراسی ڕادیکاڵ سەردەکێشێت بۆ دەرچوون لە فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرن و خولقاندنی جیهانێکی تر و مۆدێرنیتەیەکی دیکە( Alter modernity). هەر بۆیە ئەم باسەش واتە بە نەتەوە ناوزەدکردنی کورد وەک نەتەوەی ستەملێکراو، لەگەڵ دیمۆکراسی ڕادیکاڵ وەک ئالتێرناتیڤی نووسەر، پارادۆکسیکاڵ و نایەکانگیر دەنوێنێت[7].

لەم سوێنگەنیگاوە، ڕوانگەی نۆڕماتیڤی من بە پێچەوانەی ڕوانگەی نووسەر، ئەوەیە کە لەو تەوسیفە درووسەی بەڕێزیان لە چەپی ئێرانی، بەرەو ئەو ڕەهەندە بچین کە مرۆڤی کورد پێویستە دابڕانی مەعریفی و ئایدیۆلۆژیک بکات لە ئەپیستیمە زاڵ و هیوای دیمۆکراتیزەکردنی باندەستان و بەرەولای ئایدیای “کوردستان بۆ کورد و یەکسانی بۆ گەڵ و ئازادی بۆ هەموان” بڕوات. ئەمە بە بەدیلێکی باشتر و ڕەواتر دەبێنم بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد لەسەردەمی زاڵییەتی مۆدێرنیتە و ناسیۆنالیزمدا ژیانێکی هەندێک کەمتر ڕەنجاوی هەبێت. داهاتوو بەرەو کوێ دەڕوات، هیچ کەس ناتوانێت پێشبینی بکات و ناتوانرێت گەرەنتی ئەوەش بکات کە بۆ نموونە دیمۆکراسی ڕادیکاڵ، بە دڵنیاییەوە جیهانێکی باشتر بۆ مرۆڤ دەخولقێنێت، چونکه بەشەر یەکجار ئالۆزترە لەوەی پێشبینی داهاتووی چاکتری بۆ بکرێت.  هەربۆیە ئەو هەمووە وزە و هێزدانانە بۆ دیمۆکراتیزەکردنی سەردەستەکان ئەویش لەسەر شانی لاوازترین مرۆڤەکان واتە مرۆڤی نەتەوەی بێدەوڵەت، بە ڕەنج بە خەساری دەبینم و “هیلاکی ڕەنجێکم کە ڕەنجی من نییە”.

لەوانەیش زیاتر، هەندێک ڕستە لەو نووسراوەدا هەیە کە جێگەی ڕامانێکی ڕەخنەیی سەربەخۆیە و لێرەدا زۆر بە کورتی ئاماژەی پێدەکەم، وەک بۆ نموونە “خەباتی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات جودایی خواز نەبووە و ئەساسەن ناسیۆنالیزمی کوردی ( بە نەقڵ لە کامران مەتین) پەرچەکردارە بە باڵادەستان”، ئەم جۆرە دەربڕینانە نیشان لە نائاشنایی نووسەرە لەگەڵ  دەق و کۆدەقی  سەرهەڵدان و گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی، چونکە لە دیدی نووسەرەوە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە هەمبەر  مۆدێرنیتەی ئێرانی و سیاسەتی هۆمۆژینیزەکەری فارسیزم هاتووەتە دی، لە کاتێکدا بەپێچەوانەی ئیدعای نووسەر و سەرچاوەکانی باسەکەی، ئەزموونی کورد لە مۆدێرنیتە و  ناسیۆنالیزمی کوردی هاوکات لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانی بیچمی گرتووە، بەڵام ئاراستەی خۆی لە قەڵێشتی بێدەوڵەتیدا بە تەواوی نەبڕیوە. ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتیش بەشێوەی نێواندەقی و نێوانزەینی و نێوان کۆمەڵگەیی کاروەرگریی لە ڕەوتی ئەزموونی کورد لە مۆدێرنیتە و ڕۆشەنگەری و ناسیۆنالیزم کردووە. بۆ نموونە زۆربەی ڕۆشنبیرانی ژکاف وەک هێمن و هەژار و زەبێحی و… بە خەستی لە ژێر باندۆری ڕۆشنبیرێکی مەرجەع وەک “حاجی قادری کۆیی”دان کە بە ڕوانینێک سەرباشقەی ناسیۆنالیزمی کوردییە. هێمن، حاجی قادربە “ڕۆڵەی زمانە” و “پیری دانا” ناوزەد دەکات کە چرای کوردایەتی و ڕۆشنبیری هەڵکردووە. لێرەوەیە خوێندنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی وەک پەرچەکردار بە ناسیۆنالیزمی سەردەستان، داشکاندن و سەقەتکردنی ناسیۆنالیزمی کوردییە.  لەسەر ئەم باسە لە داهاتوودا زیاتر دەنووسین و وەردوشەنی دەدەین[8].

بە گشتی سەرهەڵدانی ئەم ڕوانگە ڕەخنەییانە، وەک ئەم وتارەی سامان غەاڵی، لەسەر نەزمی فیکری نەتەوە سەردەستەکان جێگەی ڕێزە و شایانی خوێندنەوەیە، بەڵام دیالۆگی ڕەخنەییش وەک ئەوەی لەم نووسراوەدا خراوەتە ڕوو، دەتوانێت کەڵکەڵەی لایەنە جیاوازەکانیش بە مەسەلەی کورد بخاتە پێکدادان بۆ ڕوونکاری زیاتری چوار پرسیاری : ئێمە کێین؟ ئێمە چین؟ ئێمە لە چ دۆخێکداین؟ و ئێمە چیمان دەوێت؟

 

پەراوێز و  سەرچاوەکان:

[1] https://govarikomar.org/%D8%AC%D9%86%DA%AF-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D9%88-%D8%A7%D8%B3%D8%B1%D8%A7%D8%A6%DB%8C%D9%84-%D8%AA%D8%B4%D8%AF%DB%8C%D8%AF-%D8%AA%D9%86%D8%A7%D9%82%D8%B6%D8%A7%D8%AA-%DA%86%D9%BE-%D9%85%D8%B1/

[2] . بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ ئەم باسانە خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی ” ناسیۆنالیزم و بێدەوڵەتی : کۆمەڵەوتار” لە وەرگێرانی خاوەنی ئەم قەڵەمە. بە تایبەتی وتاری ” ئایین و ناسیۆنالیزم : چوار ڕەهەند”.

[3] . بڕواننە کتێبی Banal natiomalism” کە نووسەر بە وردی ناسیۆنالیزم وەک پارادایمێکی هەمەلایەنە شەنوکەو دەکات.

[4] . لە لاپەڕەی پێشکەشی بەشی یەکەمی ئەو پڕۆژەدا کە خاوەنی ئەم وتارە بە ناوی ” سنت و نوسازی” بە فارسی وەریگێڕاوە حەنەفی ئاوا دەنووسێت:” الی من یساهم فی صیاغة مشروعنا القومی.

[5] . خوێنەر دەتوانێت لەم بارەوە بڕوانێتە وتاری خاوەنی ئەم قەڵەمە لە ڕەخنە لە بوتی دیمۆکراسی لەم بەستەرەدا:

https://sekokurd.org/?p=6263

[6] .خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە وتاری ” سوبژکتیویتەی کوردی و دموکراسی خواهی در سایه عقل سیاسی ایرانی: یک واکاوی انتقادی” لە گۆڤاری کۆماردا.

هەروەها لەم وتارە : https://sekokurd.org/?p=7340

[7] خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە  کتێبی ”  Antonio Negri : modernity and the multitude / Timothy S. Murphy

[8] بۆ ئاشنایی زیاتر لەسەر ڕەوتی گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی، خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی ” ڕابردووە هاودژەکان: خوێندنەوەیەکی دیسکۆرسیڤ لەسەر ناسیۆنالیزمی کورد” ئازاد حاجی ئاقایی، هەروەها کتێبی ” گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی” عەتا قەرەداخی


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

thirteen − 12 =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان