پیاوبوونی کوردی، وەکوو پیاوبوونێکی پەراوێزخراو

  • Oct 9, 2025   |   هانا ڕە‌حیمی

 

ڕۆڵ و پێگەی پیاوی کورد لە دەسەڵاتی پیاوسالاری و پێکهاتەی پیاوبووندا چییە، پێوەندیی لەگەڵ فێمێنیزم و ژنی کورددا چییە. مەبەستی  سەرەکیی من لەم وتارەدا ئاکامبەندییەکی یەکجاری نییە، بەڵکوو سازکردنی پرسیارێکە سەبارەت بە بۆشاییەکی گەورە لە وێژمانی کوردیدا. ڕیوەین کانێل لە کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی [1]Masculinities، کە توێژینەوەیەکی زانستی، مێژوویی و کۆمەڵایەتییە لەسەر پیاوبوون، چوار دەستەی سەرکی بۆ جۆری پیاوبوون لە کۆمەڵگادا باس ئەکات. کە لە بەشێکی سەرەکیی کتێبەکەیدا، بۆ هەر دەستە وتووێژێکی ژیاننامەیی لەگەڵ پیاوانی ئۆستراڵیایی کردووە. بەڵام من لێرەدا هەوڵ ئەدەم ئەم تێبینییە تا ڕادەیەک لەسەر کۆمەڵگای ئێران و پیاوی کورد بگونجێنم.

 

 

جۆرەکانی پیاوبوون[2]

 دەستەی یەکەم یا بنەمایی پیاوبوون، کە بە پیاوبوونی هێژمۆنیک (Hegemonic) ناو ئەبرێت. دیارە کانێل، چەمکی هێژمۆنیکی لە گرامشی وەرگرتووە و بە جۆرێک لە پیاوبوون ئەوترێت کە لە ئاستی کلتورییەوە زاڵە و لە ڕاستیدا کۆیەکە لە تایبەتمەندییەکانی ئایدیاڵ، لە بواری جەستەیی، هێز و دەسەڵات بۆ پیاوبوون، بەو شێوەیە کە بتوانێت باڵادەستبوونی پیاو بەسەر ژن و بەردەوامبوونی دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاری زەمانەت بکات، یا گوایە قەرارە بیکات. پیاوبوونی هێژمۆنیک وەک پێکهاتەیەک لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی لە بنکە کۆمەڵەیاتییەکاندا ڕوو ئەدات، ئەگینا وەکوو تاک، زۆر ئەستەم و دەگمەنە کە پیاوێک هەبێت کە خاوەنی تەواوی ئەو تایبەتمەندییانە بێت.

دەستەی دووهەم، پیاوبوونی ژێردەستە (Subordinate) کە لێرەدا مەبەست لە ژێردەستبوون لە بواری جەندەرییەوەیە، واتە لە ئاستی پیاوی هێژمۆن ژێردەستە. بە هۆی ئەوەی یەکێ لە مەرجە سەرەکییەکانی پیاوبوونی هێژمۆنیک، سەپێنراوبوونی بەتەواوەتی هێترۆسێکشواڵ (دیترخواز)بوون بۆ پیاوانە.  ئەم جۆرە لە پیاوبوون، پیاوی هێمۆسێکشواڵ (هاوڕەگەزخواز) ئەگرێتە خۆ. لێرەدا پیاوی گەی، پیاوێکی ژن‌نوێن دەرئەکەوێت و بە هۆی ئەو لێکچوونەوە لە ئاستی بندەست جێگیر ئەبێت.

دەسەی سێیەم پیاوبوونی هاودەستە (Complicit)، کە بە کۆمەڵێک لەو پیاوانە ئەوترێت کە ڕەنگە تایبەتمەندییەکانی پیاوبوونی هێژمۆن لە نێوانیاندا بەرجەستە نەبێت و تەنانەت ڕۆڵێکی زۆر گرینگ و ئەکتیڤیان لە بەردەوامبوون و بەرهەم هێنانەوەی پیاوسالاری نەبێت، بەڵام هاوکات لەو سەرترییانەی کە سیستەم بۆی بەرهەم هێناوە سوود ئەبینێ. ئەم دەستە، پیاوانێک ئەگرێتە خۆ کە ڕەنگە بەرامبەر بە ژنان زۆر هێدی و لەسەرخۆ بن و هاوکات لە فێمێنیستەکان بێزار بن وا بە بڕوای ئەوان بۆڵەبۆڵی زۆر ئەکەن. کانێل وەسفێکی جوان بۆ ئەم دەستە ئەکات کە ئەم پیاوانە ئەو کەسانەن کە وەکوو بینەرێک سەیری یارییەکی وەرزشی ئەکەن و بێئەوەی زەحمەتی چوونە ناو گۆڕەپان بە خۆیان بدەن، لە دوورەوە هاندەری یاریزانەکان واتە پیاوبوونی هێژمۆن ئەکەن.

دەستەی چوارەم پیاوبوونی پەراوێزخراو (Marginalized)، جۆرێک لە پیاوبوون ئەگرێتە خۆ کە نەک بە هۆکاری جەندەری، بەڵکوو بە هۆکارەکانی تر لە ئاستی پیاوبوونی هێژمۆن کەمینە و ژێردەستن، وەکوو ژێردەستیی چینی کۆمەڵایەتی یا کەمینەکانی ڕەگەزی و زمانی و ئایینی. بە هۆی دوورکەوتنەوە و بێبەش کردنیان لە دەسەڵات، لە ئاستی پیاوبوونی هێژمۆنیک، ئەخرێنە پەراوێزەوە.

پیاوی کورد، لە دەستەی پیاوبوونی پەراوێزخراودا

لێرەدا من ئەمەوێ پیاوی کورد وەکوو جۆرێک لە پیاوبوونی پەراوێزخراو لە کۆمەڵگای ئێران تاوتوێ بکەم. لە سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی کە پتر لە سەد ساڵ لەمەو پێش دامەزراوە، وەکوو دەوڵەت نەتەوە کانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جۆرێک لاساییکردنەوە لە دەوڵەت نەتەوەی ڕۆژئاواییە و پیاوسالاری ڕۆڵێکی سەرەکی لە دامەرزاندنی دەوڵەت نەتەوەکاندا هەیە. لێرەدا پیاوی فارسی شێعەی خاوەن دەسەڵات و سامان، هێمای سەرەکیی پیاوبوونی هێژمۆنە (سەیر ئەوەیە کە لە چاوی پیاوی  ڕۆژئاوایی خۆیشی لە ڕیزی پیاوی باشووری جیهانی ناوزەد ئەکرێت و لە ئاستی جیهانیدا پیاوبوونێکی پەراوێزخراوە) بەپێی دوورکەوتن لەو چەمکە و بەپێی هاوپەیمانی لە گەڵ چەمکی پیاوی فارسی شێعە، ئەو پیاوبوونانەی تر یان هاودەس و هاوپەیمان لە قەڵەم ئەدرێن یان ئەخرێنە پەراوێزەوە. واتە پیاوی کورد ڕەنگە لێرەدا پێگەیەکی ئاڵۆز و تا ڕادەیەک ناڕوونی هەبێت. بۆ نموونە پیاوی کوردی سوننی، لە ئاستی پیاوی کوردی شێعە، یان پیاوی کوردی موسڵمان بەرامبەر بە ناموسڵمان. گەر بابەتی چینایەتی یا جەندەریشی پێ زیاد کەین هێندەی تر بابەتە کە ئاڵۆز و تێکەڵاو ئەبێت.

 من لێرەدا زۆرتر سەرنجی کوردبوونیان ئەدەم وەکوو کەمینە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵی خۆم ئەدەم کە بابەتەکانی تریش لە بیر نەکەم. بۆ نموونە پیاوی کوردی شێعە لە زۆریەکە لە بوارەکاندا ڕەنگە زۆرتر هەلی ئەوەی  بۆ بڕەخسێ کە لە پیاوبوونی هێژمۆن نزیک بێتەوە، لە ئاستی پێگە و دەسەڵات. هەر وەک چۆن بینیومانە و نموونەکانی لە مێژوودا بەردەستە کە وەکوو تاک بتوانێت بە پلە باڵاکانی دەسەڵات نزیک بێتەوە و تەنانەت بتوانێت ببێتە یەکێک لەوان، واتە پیاوبوونی هێژمۆن لە ئێراندا. بەڵام، گەر بێین لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، سەرنجی ئەو ناوچانەی کوردستان بدەین کە لەسەر ئایینی شێعەن، شتێک کە زۆر ڕوونە ڕێژەیەکی زۆر دیار لە بێبەشی لە دەسەڵات و سامانی ناوەندی بەدی ئەکرێت، کە کاریگەرییەکی سەرەکی هەیە لە بەدیهاتنی پیاوبوونی پەراوێزخراودا. واتە ئەتوانین پیاوی کورد بەگشتی، لە دەستەی پیاوبوونی پەراوێزخراودا دابنێن. بەڵام ئەزانین ڕادەی پەراوێز خراوبوون لە نێوانیان دا جیاوازە.

 لەهەمان کاتدا ئێمە کۆمەڵێک پیاوی کورد ئەبینین کە بە هۆی کوردبوونیانەوە خراونەتە پەراوێز، بە پێی چین، پیشە و خوێندەواری یا نیشتەجێ بوون لە شارە گەورەکاندا، تێکەڵاوبوونێکی کلتوریی زۆریان لە گەڵ پیاوبوونی هاودەس هەیە یان تەنانەت لە نێو گۆڕەپانی وەرزش و سینەما و تەنانەت سیاسەتیش ئەتوانین پیاوانێکی کورد بەدی بکەین کە بە جۆرێک نوێنەری پیاوبوونی هێژمۆنیکن. لێرەدا کانێل ڕوونکردنەوەیەکمان بۆ ئەکات، کاتێک باسی زۆر یەکە لە پیاوانی رەش پێست ئەکات کە وەکوو تاک، زۆر جار لەو بوارانەدا کە هێمای پیاوبوونی هێژمۆنیکن چالاکن، بەڵام پیاوی ڕەش پێست بەگشتی وەکوو کەمینەیەک، لە ناو دەستەی پیاوانی پەراوێزخراودا جێ ئەگرن و لێرەدا ئەتوانین  بەهەمان شێوە بۆ پیاوبوونی کوردی بڕوانین.

 

پەیوەندیی جەستەیی و تایبەتمەندییەکانی تری پیاوبوونیی پەراوێزخراوی کوردی

 لێرەدا ئەمەوێ لە پیاوبوونی پەراوێزخراودا سەرنجی ئەو تایبەمەندییانە بدەم کە کانێل باسی کردووە، بۆ ئەوەی بزانین کە چەندە لە گەڵ پیاوی کورد ڕێک ئەکەون. هەڵبەت کانێل لە کتێبەکەیدا، وەکوو نموونەی پیاوبوونی پەراوێزخراو، وتووێژی لە گەڵ چەند پیاوی چینی کرێکاری ئۆسترالیا کردووە کە بە ڕەگەز سپی پێستن. واتە پیاوانێک وا بە پێی چینی ئابووری و کۆمەڵایەتی پەراوێزخراون. لێرەدا من هەوڵ ئەدەم باس لەو بوارانە بکەم کە زیاتر لێکچوونیان هەیە، لە هەمان کاتدا باسی جیاوازییەکانی تایبەت بە پیاوی کوردیش ئەکەم.

بە بڕوای کانێل، لەش یان جەستە، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە درووستبوونی چەمکی پیاوبوون. بناغەی ئەو بیرە کە پیاوەکان ناتوانن بگۆڕدرێن ئەوەیە کە پیاوبوون بەستراوەتەوە بە لەشیانەوە. بۆ ئەوەی کە جۆرێکی تر لە پیاوبوون درووست بێت یەکێ لە بنەما سەرەکییەکانی ئەوەیە کە پێویستە بیرۆکە و ناوەڕۆکێکی جەستەیی هەبێت، واتە لە دووبارە سازکردنی لەش و جەستەی پیاوانەوە هەڵقووڵێت. بۆ لێدوان سەبارەت بە جەستەی پیاوان لە تیۆریی ڕاهێنانی ڕەنگدانەوی جەستەیی (body-reflecting practice) کەڵک وەرئەگرێت، واتە جەستە وەک بەشدارێک لە ئەمری کۆمەڵایەتیدا بەشدارە، نەک تەنیا وەکوو دیاردەیەکی بیۆلۆژیکی، وەک چۆن زۆریەکە لە پسپۆڕانی زانستی بیۆلۆژی ئەیڵێن، یاکوو هێمایەکی پاسیڤی کۆمەڵایەتییە وەک چۆن زۆریەک لە پسپۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەیڵێن.

دیارە پێگە کەلتوورییەکانی پێوەندیی نێوان پیاوبوونی کورد و جەستەی، لەگەڵ ڕۆژئاوا هەندێ جیاوازی هەیە بەڵام لێکچوونی زۆریشی تێدایە. سەرەکیترین لێکچوون هەمان دیاردەی سەپێنراوبوونی هێترۆسێکشواڵیتە بەسەر پیاوان و دیاردەی هێمۆفۆبیایە. لە کلتووری کوردیشدا، پیاوی گەی بە واتای ژن‌‌نوێن بوون بەسووکی چاوی لێ ئەکرێت. وەکوو زۆریەکە لە کۆمەڵگا گەشەنەکردووەکان کە هێشتا هەندێ نیشانەی کلتوری پێش مۆدێڕنیزاسیۆنی تێدا ماوە، کۆمەڵێک پیاو (زۆرتر لە ناو بە ساڵاچووەکان) هەن کە  لە نێو کۆمەڵگادا بە «منداڵباز» یا «نێرباز» ناسراو بن کە هیچیان لە ژن ناچێت. واتە ڕەنگە لە ئاستی حەزی سێکسی لە گەڵ پیاوانی تر جیاوازیان هەبێت، بەڵام لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا وەکوو پیاوانی هێترۆسێکشواڵ هەڵسوکەوت ئەکەن و تەنانەت هاوسەر و منداڵیشیان هەیە.

  بەڵام هەندێ جیاوازیش بوونی هەیە. بۆ نموونە نێوان پیاوی کورد، پێوەندی جەستەیی وەکوو یەکتر ماچکردنی پیاوان لە کاتی دەستومشتاق لە گەڵ یەک باوە، بەڵام لە نموونە ڕۆژئاواییەکەی پیاوبووندا، ئەمە کارێکی زۆر ئاسایی هەژمار ناکرێت. بەڵام دیسان ئەتوانین بڵێین پیاوی کوردیش بەگشتی پێیوەندییەکی لاواز و پچڕاوی لەگەڵ لەشیدا هەیە. ئەویش وەکوو نموونەی باوی پیاوبوون، لەشی وەکوو ئامراز بەکار ئەهێنێت و بێ سەرنجدان لە سنوورەکانی کەڵکی لێ وەرئەگرێت. بەتایبەت کە خۆی لە باری توانای جەستەییەوە زۆر بەهێز ئەزانێت، وەکوو نمونەی باوی پیاوبوون، بەرامبەر بە سڵامەتی جەستەیی زۆر کەمتەرخەمە، کە لە پیاوی مۆدێڕنی کورد بەپێی دورکەوتنەوەی زیاتری لە سروشت، تا دێت ئەو پێوەندییە پتر لاواز ئەبێت.

شتێکی تریش کە لە بواری پێوەندیی نێوان پیاوی کورد و جەستەی بۆ من جێگای سەرنجە، جلی کوردی پیاوانەیە کە بە پێچەوانەی ژنانەکەی، سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە شێوازی ژیانی ڕۆژانەی تاکی کورد وەدیهاتووە، هێشتا لە ئاستی ژیانی ڕۆژانە زۆر بە کار ئەهێنرێت. گەر سەیری شەقامەکانی زۆربەی شارەکانی کوردستان بکەین تێئەگەین کە ئەو شتە بەردەوامە. ڕاستە ئەم جلە ئەتوانێ ڕاحەتییەکی زۆر لە ھەڵسووڕان و جووڵەی لەش بەدی بێنێت و گەر لەو پیاوانەی کە بەردەوام لەبەری ئەکەن پرسیار بکەین کە بۆ بەکاری دێنن ئەمە سەرەکیترین وەڵامیانە. یان ڕەنگە زۆر کەس بڵێن چوون ئەم جلە پێوەندی بە ڕابردووی سیاسی  کوردەوە هەیە بۆیە لای تاکی کورد، جێی ڕێزە. بەڵام من زۆر لە گەڵ ئەمەدا نیم چونکو باسی پۆشینی جلی کوردی و بەتایبەت پاتۆڵ لە ژیانی ڕۆژانەی پیاوی کوردە نەک هەندێ بۆنەی تایبەت و هەروەها ئەزانین لە شارەکانی کوردستاندا، بەتایبەت ئەوانەی کە ئایینیترن، تا چەن ساڵ لەمەو پێش و ڕەنگە ئێستاش، پاتۆڵ لەپێنەکردن بۆ پیاو وەک عەیبە و شورەیی بوو کە لێرەدا پێموانەبێ ئەوەی پێشووتر گوترا هۆکارەکەی بێت. بۆیە لە لای من جلی کوردی پیاوانە، دیوێکی کەمتر بینراو و باس نەکراوی هەیە، ئەویش ئەوەی کە ئامرازێکی زۆر باشە بۆ شاردنەوەی لەش، دیارە من لێرەدا مەبەستم لە شاردنەوە، پۆشراوبوون نیە، چوون زۆربەی جلە کان پۆشراون. بەڵکو مەبەستم داهۆڕی و هەراوبوونی زۆری جلی کوردیی پیاوانەیە ، بە جۆرێک کە جەستە لە خۆیدا نوقم ئەکات. لێرەدا دوو ڕۆڵی دژ بەیەکی لێ ئەبینن، واتە ئەو کراسەی کە قەرارە جووڵانەوەیەکی زیاتر بۆ لەش دابین بکات لە هەمان کاتدا بزریشی ئەکات. کە وابوو ئایا ئەتوانین بڵێن پیاوی کورد پێوەندییەکی شەرمێونانەی لە گەڵ لەشی هەیە؟ گەر وابێت، لەسەر بنەمای ڕاهێنانی ڕەنگدانەوەی جەستەیی لە ئاستی دەرکەوتنی کۆمەڵایەتی پیاوی کورد و لاوازکردنی پێوەندی خۆی لە گەڵ جەستەی، ئەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت. مەیلی شاردنەوە، جۆرێک لە خواستە بۆ نکۆڵیکردن. کە وا بوو پیاوبوونی کورد لە ئاستی پیاوبوونی هێژمۆن شەرمنتر دەر ئەکەوێ، هەڵبەت من لێرە مەبەستم ئەوە نییە هۆکاری تەواوی ئەم دەرکەوتنە ببەستم بەم بابەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەوە بابەتێکە، توێژینەوەیەکی زۆر ڕێکتر و وردتری پێویستە و هەر وەکوو پێشتر وتم مەبەست زیاتر، داڕشتنی پرسێکی باس نەکراوە سەبارەت بە سازبوونی  پیاوبوون لە قەڵافەتی  ئەمرێکی بە کۆمەڵ. بۆیە گۆڕانەکەیشی ئەبێت لە قەڵافەتی ئەمرێکی بە کۆمەڵ ڕوو بدات. کۆمەڵ و کۆی پیاوان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە هاتنەدی پیاوبوون، لە نموونەی پیاوبوونی کوردیشدا ئەم کۆمەڵ و کۆبوونەوە پیاوانە لە مێژەوە هەر بووە. ئەو پیاوانەی وا وەکوو دەستە ئەچوون بۆ یاریکردنی یارییە کوردییەکان وەکوو کڵاوێن و…، یان ئەچوون  بۆ ڕاوکردن ، مەلەکردن و دەشت و کێو و …  وەکوو گەشتکردن و کات ڕابواردنێکی  پیاوانە، کە ژنان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لێیان دور خراونەتەوە. لە ئاستی سیاسیش ئەم دوورخستنەوەیە ڕوو ئەدات. بەڵام لە کۆڕ و گرووپە پیاوانەکاندا، هەوڵێک بۆ گۆڕان و بەرەنگاریکردنی پیاوبوونی هێژمۆن ڕوو نادات و زۆرتر پێگەیەکە بۆ زیادکردن و بەهێزکردنی پیاوبوون و پیاوسالاری.

 تایبەتمەندیی سەرەکیی پیاوبوونی پەراوێزخراو لە وتووێژەکانی کانێل، توندوتیژییە، بەتایبەت لە ئاستێکی ڕاشکاو. ئەو پیاوانە وا کانێل باسی کردوون، کەسانێکن کە لە ژیانی ڕۆژانە یان ڕووبەڕووی توندوتیژی جۆراوجۆر ئەبنەوە، یاکوو خۆیان توندوتیژی دەر ئەبڕن. کە ڕەنگە هەندێجار لە دژی سیستەم وەکوو قەڵافەتی پیاوبوونی بەرهەڵستکارانە  (protest-masculinity) ، دەرکەوێت. چوون یەکەمجار ئەوە سیستەمە کە لە ڕێگای سیستەمی پەروەردە و پۆلیس و …، توندوتیژی ئەنوێنێ بەرامبەر بەوان، ئەوانیش هەندێ جار لە کاتی خۆی بەرامبەر بە سیستەم توندوتیژی ئەنوێنن.

 وەکوو پێشتر وتم ئەم بابەتە لە سەر پیاوی کورد هەستیار و ئاڵۆزە. ئێمە ئەزانین لە ڕوانگەی ناوەندەوە، پیاوی کورد وەکوو پیاوێکی توندوتیژ و زبر و ئۆڵتراماسکولین (زۆر پیاوانە) پیشان ئەدرێت و کاتێک باسی ئاماری توندوتێژی دژ بە ژنان و ژنکوژی ئەکرێت پیاوی کورد خێرا لە ڕێژەی یەکەمی تۆمەتبارەکان دا ئەنرێت، ئەم بابەتە دوو پرسیاری لێ ئەبێتەوە. ئەم گێڕانەوەیە تا چ ڕادەیەک ڕاستە کە پیاوی کورد، توندوتیژترە؟ دیارە لەم بابەتەدا وردبینی و توێژینەوەی زۆر کراوە و تا ڕادەیەکی زۆر ڕەتکراوەتەوە. بەڵام بەپێی ئەم گێڕانەوە، پیاوبوونی کوردی وەکوو پیاوبوونێکی پەراوێزخراو تا چ ڕادەیەک ڕۆڵی لە توندوتیژی هەیە و تا چ ڕادەیەک خۆی بەرهەمی توندوتیژیە؟

 توندوتیژی یەکێ لە پێکهاتە سەرەکییەکانی پیاوبوونە و جۆری ڕاشکاوەکەی لە نێوان پیاوانی پەراوێزخراودا زۆرتر ئەبینرێت. بۆ نمونە گەر سەرنجی پرسی ژنکوژی بدەین دیاردەیەکە کە ڕەنگە لە تەواوی چینەکان و جۆرەکانی پیاوبوون ڕوو بدات بەڵام زۆرتر لە پیاوی بەتایبەت لە باری چینایەتییەوە پەراوێزخراودا، ڕوو ئەدات ـ یان لانی کەم ئامارەکان و ڕەوایەتەکان وای پیشان ئەدەن. گەر سەرنجی گێڕانەوەکانی ژنکوژی بدەین چ کورد بێت چ ناوچەیەکی تری ئێران، زۆرتر لە گەڵ خوارترین چینەکانی ئابووری کۆمەڵگا ڕووبەڕوو ئەبینەوە کە ئەمە پرسیارێکی گەورەمان بۆ ساز ئەکات کە چ توندوتیژییەکی پێکهاتەیی لە پەراوێزخستندا هەیە کە بۆتە هۆی ژنکوژی. هەروەکوو پێشتر وتم لێرەدا مەبەست ئەوە نییە بە دوای ئەو پرسیارە کەوین کە ئایا ژنکوژی لە کوردستان زۆرترە یان نە.  بەڵکو ئەمانەوێ لەوە تێبگەین ئەم سیمای پیاوی توندوتیژی کورد کە لە گێرانەوەی ناوەنددا زەقە، تا چ ڕادەیەک لەسەر خودی پیاوبوونی کورد ئەتوانێ کاریگەر بێت؟ بەڵێ پیاوی کورد ڕەنگە پۆتانسیەڵی ئەوەی هەبێت کە ڕاشکاوانەتر توندوتیژی دەرببڕێت، چوون لە هەمان کاتدا خۆی زیاتری ئامانجی توندتیژییەکی بنەمایی و هەمە لایەنە لە لایەن پیاوبوونی هێژمۆنیکی ئێرانییە. لێرە دا کانێل بۆمان ڕوون ئەکاتەوە کە توندوتیژی لە بنەمادا بەرهەمی پیاوبوونی هێژمۆنیک و هاودەستە، نەک پیاوبوونی پەراوێزخراو و یان ژێردەست. بەڵام لێرەدا مەبەست پاکانەکردن بۆ پیاوبوونی پەراوێزخراو نییە کە خۆی توندوتیژییەکی ڕاشکاوتر (نەک لە ئاستی ژن بەڵکوو بەگشتی) ئەنوێنی، بەڵکوو ڕوونکردنەوەی ڕۆڵەکانە لە پێکهاتنی توندوتیژی.

 

ڕۆڵی پیاوی پەراوێزخراو لە پیاوسالاری و پڕۆسەی یەکسانیی کۆمەڵایەتی

بە پێی وتەکانی کانێل، ئێمە زۆرناتوانین لە پیاوبوونی هاودەس چاوەڕێی خواستی گۆڕانی چەمکی پیاوبوون و دژایەتیکردنی پیاوسالاری بین، چوون ئەوان لە ڕیزی ئەو کەسانەن کە سیستەم زۆرترین سوودیان بۆ بەرهەم دێنێت. وا دیارە کە پیاوبوونی پەراوێزخراو و ژێردەست، بەپێی ئەوەی کە ئەوانیش وەکوو ژنان لە ژێر دەسەڵاتی پیاوبوونی هێژمۆنیک سەرکوت و بێبەش ئەکرێن، پۆتانسیەڵ و توانای زۆرتریان هەیە کە گۆڕان لە پێکهاتەی پیاوبووندا درووس بکەن و دژی پیاوسالاری تێکۆشن. بەڵام ئایا ئەمە ڕوو ئەدات؟ لە لێکۆڵینەوەکەی کانێلدا ئەمە شتێک نیە کە زۆر ڕوو بدات و زۆرجار هەمان پیاوبوونی پەراوێزخراو لە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ پیاوبوونی هێژمۆن نەک بە دوای بەرەنگاریکردنی نییە، بەڵکوو بەنیازە وایە هاودەنگی بێت. زۆربەی کات، بەگشتی لە ناو پێکهاتەکەی خۆیدا، دیسان پیاوبوونی هێژمۆنیک بە جۆرێکیتر وەرئەگێڕێتەوە و سازی ئەکات. واتە پیاوی پەراوێزخراو هەوڵ ئەدات جۆرێک لە پیاوبوونی هێژمۆنیک لە ناو خۆیدا درووس بکات و ئەو توندوتیژییەی کە پیاوبوونی هێژمۆن بە سەریدا سەپاندووە بە جۆرێک ئەیگەڕێنێتەوە بۆخۆی و ژێردەستتر لە خۆی کە زۆربەی کات ژن یا کەمینەکانی تری نێوان خودی پیاوانە.

 بە بەراوردی کانێل لە وتووێژەکانیدا زۆربەی پیاوانی دەستەی پەراوێزخراو و تەنانەت ژێردەستیش، هەمان هەڵوێستی دوودڵانەیان بەرامبەر بە فێمێنیزم هەیە و زۆرتر لەوەی کە هاودڵ و هاوڕا بن لە گەڵیدا، بە چاوی گوومان  و هەڕەشە بۆ سەر خۆیان سەیری ئەکەن. گەر لێرەدا دیسان بگەڕێینەوە سەر بابەتی پیاوی کورد، بەپێی دیتراوەکانی خۆم هەمان دوودڵی کە لە پیاوی فارس یان پیاوانی تر هەیە لەوانیشدا ئەبینرێت. بەڵام جیاوازییەک کە سەرنجمی بۆ لای خۆی ڕاکێشا ئەوەیە کە بە پێچەوانەی پیاوی ناوەندی ئێران کە  دوودڵییەکەی بەرامبەر بە فێمێنیزم، لەوەوە سەرچاوە ئەگرێت کە هەست بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی و ئەو سەرترییانە ئەکات کە ئەم ناتەرازییەی پێک هێناوە. بەگومانبوونی پیاوی ئاسایی و تەنانەت ڕۆشنبیری کورد لە بێئاگاییەکی زۆر گەورە بەرامبەر بە فێمێنیزم و پیاوسالارییەوە دێت. پیاوی کورد لە لایەن فێمێنیزمەوە  هەست بە هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی خۆی ناکات ( چوون هەر وەک وتمان، خاوەن دەسەڵات و پێگەیەکی زۆر نییە)، بەڵکوو پێی وایە فێمێنیزم  دوژمنیەتی و ئەیەوێ زیاتر بیخاتە پەراوێزەوە. واتە دوودڵییەکەی زۆرتر لە ڕووی ناوشیاری و نەبوونی لە ڕادەبەدەری  زانیارییەتی. لێرە دا ئەو نائاگاییە، هیچ لە بەرپرسیارێتییەکەی (بە تایبەت پیاوی ڕووناکبیر و سیاسی کورد) کەم ناکاتەوە، بەڵکوو بەتایبەت سەبارەت بەو ناڕەواییانەی بەرامبەر ژنی کورد ئەیکات و ئەو سەرترییانەی وا لە ئاستی ژنی کورد هەیەتی،ئەو بەرپرسیارێتییە زیاتر ئەکات. وەک دیارە لێرەدا باسی جیاوازی شێوەی پیاوسالارییە، نەک باسی بوون یا نەبوونی و شتێک کە زۆر دیارە پیاوی کورد زۆرجار بە هەر دوو جۆری ئاسایی و سیاسییەکانیانەوە هەوڵێکی ئەوتۆی نەداوە کە ئەو بۆشاییەی کە لە نەبوونی زانیاری لەبارەی فێمێنیزم و دۆسیەی ژنی کوردەوە هەیەتی، قەرەبووی بکاتەوە و جۆرێک لە پێکهاتەی پیاوبوونی هێژمۆندا خۆی نووقم کردووە کە ناتوانێ ڕۆڵی خۆی لە پیاوسالاریدا بناسێتەوە. لە هەمان کاتدا بەپێی ئەوەی کە خۆی لە لایەن پیاوبوونی هێژمۆن سەرکوت ئەکرێت، بە شێوەیەکی پەنگراو( بالقوە) ئەتوانێ لەگەڵ فێمێنیزمی کوردی هاوپەیمان بێت. هاوپەیمانییەک کە بەدەگمەن ڕوویداوە. هەروەک ئەیبینین زۆرجار پیاوی کورد خۆی دیلی ئەو سیما ئۆڵتراماسکولین و توندوتیژە ئەبێت کە لێی درووس کراوە و پەرەی پێ ئەدات و ئەم شتە هەم  لە سەردەمی پێشتریش بووە و لە سەردەمی ئێستاش بە ڕێژەیەکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بلاگێرە کوردەکان ئەبینرێت. تەنها کاتێک کە تاوانبار ئەکرێت بە ژنکوژی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بیری ئەکەوێتەوە دەنگ هەڵبرێت و تۆزێک بەگژی ئەو سیمایەدا بچێ کە لێی ساز کراوە. بەڵام گەر مێژووی بزووتنەوەی کوردی وەکوو نەتەوەی بندەست بکۆڵینەوە، ئەیبیینن کە ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا ئەو دژایەتییە سەرەکییە بەرامبەر بە ژن بوونی نەبێت، بەڵام لە یەکەمین ڕەوایەتەکانی ناسیۆناڵیزمی کوردی ژن وەکوو بەشداربوویەک لە پڕۆسەکەدا، زۆر بوونی نەبووە، بەڵکوو زیاتر وەکوو هێمایەکی نیشتمانی و بە پەیڕەوی لە ناسیۆناڵیزمە کانی تر زۆرتر هەوڵ دراوە ژنی کابانی ماڵی خوێندەوار، کە دەستکردێکی مۆدێڕنە درووس بکات. دیارە دواتر گۆڕان بە سەر سیمای ژنی کورد و بەشداریکردنی لە پڕۆسەی ناسیۆناڵیزمی کوردیدا هاتووە، بە شێوەیەک کە ڕۆڵێکی ئەکتیڤتری لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام هێشتا ڕۆڵیکی دژبەیەکی هەیە لەبەر ئەوەی کە هێشتا وەکوو هێمای نیشتمان و ڕەسەنایەتییە و  نیشتمان هێشتا ژنێکە کە سنوورەکانی «شەرەف» دیاری ئەکات!

بابەتی گۆڕانی سیما و ڕۆڵی ژنی کورد لە بزوتنەوەی کوردیدا خۆی باسێکی تێروتەسەلی پێویستە کە لێرەدا جێی نابێتەوە. بەڵام ئەتوانین بڵێین بزووتنەوە کوردی، بەگشتی پێکهاتەیەکی پیاوانەی هەیە و پیاو سالاری بە سەریدا زاڵە و لە هەمان کاتدا پێشهاتووە کە لە پێگەی پیاوبوونی پەراوێزخراوەوە هاودەنگی ژنان بێت لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی پیاوبوونی هێژمۆنیکی ناوەندی. هاودەنگییەک کە زۆرجار زوو تێکچووە، بەڵام پرسیار ئەمەیە کە چۆن ئەکرێ ئەو هاودەنگییە بەهێزتر و بەردەوامتر بێت؟ هاودەنگییەک وا لە مێژووی وڵاتە جۆراوجۆرەکانی تریشدا خێرا تێکچووە. بە تایبەت گەر سەرنجی مێژو و ئاکامی زۆربەی شۆڕشە دژە کۆڵۆنیاڵیزمەکان بدەین، هەر وەک ماریا مییز لە کتێبی Patriarchy and Accumulation On A World Scale، 1986دا باسی ئەکات، کە سەرەڕای بەشداریکردنی زۆر و سەرەکیی ژنان لەو شۆڕشانەدا، پاشان دەرکەوت ژنانیان زیاتر وەکوو ئامرازێک بۆ سەرکەوتن بەکارهێناوە و دواتر ویستوویانە بیانگەڕێننەوە بۆ پشت سنوورەکانی کۆیلەتی و دیلی کە پێشتر لەوێ بوون.

بەبڕوای کانێل بۆ گەیشتن بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی پێویستە پیاوبوون گۆڕانی بەسەردا بێت، چوون بەشێکی سەرەکی و ڕەنگە ئامرازی سەرەکیی پیاوسالاریی سەرمایەدار- من لێرەدا بە پەیڕەوی “مییز” پێم باشترە لەم دەستەواژەیە بۆ وەسفی سیستەمی زاڵ بە سەر جیهاندا کەڵک وەرگرم- بێت. لێرەدا گەر ئێمە باسی کۆمەڵگای ئێران بکەین، پێویستە بپرسین کە پیاوبوونی کورد چەندە هەوڵی بۆ ئەو گۆڕانە داوە. دیارە ئێمە پیاوبوون وەکوو تاک و کەسایەتی پێناسە ناکەین، بەڵکوو باسی پیاوبوون وەکوو بنکە و بناغەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەکەین. بە پێی هەمان ڕا گەر پیاوبوونی کوردی بیەوێت لە پڕۆژەی یەکسانیی کۆمەڵایەتی، وەکوو بێبەشێک لە عەداڵەت، بەرامبەر بە دەسەڵاتی پیاوبوونی هێژمۆنیکی ناوەند بەشدار بێت، پێویستە هەوڵ بۆ سازدانی جۆرێکی تر لە پیاوبوون یان گۆڕانێکی بنەمایی لە چەمکی ئێستای پیاوبووندا بدات. گۆڕانێک کە نەک وەکوو تاک، بەڵکوو پێویستە لە پڕۆژەیەکی بەکۆمەڵ ڕوو بدات و سەرەکیترین و پێویستترین شت ئەوەیە کە سەرەتا جێگای خۆی لە پێکهاتەی پیاوبوون و پیاوسالاریدا بناسێتەوە. دیارە ئەم وتارە هەوڵێکی بچووک بوو بۆ ناسینی ئەو پێگەیە.

 

په‌راوێزه‌کان

[1] Connell, R. W. (2005). Masculinities (2nd ed.). University of California Press.

[2] دیارە وشەی ‘پیاوبوون’ ده‌سه‌واژه‌یه‌کی باو بۆ واتای Masculinity لە ڕووی زمانەوانییەوە نییە. بەڵام لەبەر ئەوەی وشە باوەکانی کوردیوەک ‘پیاوەتی’ یان ‘پیاوانەتی’، بارێکی ئەخلاقی و مانایەکی تایبەتیان هەیە کە لە بابەتی ناوەڕۆکی ئەم وتارە زۆر دوورە و ڕەنگە خوێنەر بەبینینی سه‌ردێڕی وتارەکە بە هەڵەدا بچێت سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەی، بۆیە من وشه‌ی ‘پیاوبوون’ کە لە ڕووی ماناییەوە بێلایەنتر (یانگشتگیرترە)، به‌کار دێنم.


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

5 + 17 =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان