ژیان و سیاسەت لە نێوان ترۆما و خەیاڵدا: تێڕامانێک لە سەر بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە

  • Jun 1, 2025   |   محەمەد حەقمورادی

داگرتنی فایلی PDF

 

 

بێدەوڵەتبوونی کورد لە سەردەمی مۆدێڕندا[1]، وەکوو ترۆمایەک، لە ناخی کورددا کاریگەری قووڵی داناوە و لە ئەدەبیات و هونەردا بە شێوەگەل جۆراوجۆر، نوێندراوە. هەروەها بوەتە هۆی تێڕامانێکی فیکری لە نێو فەزای ڕۆشنبیری کوردستاندا. ترۆمایەک کە بە هۆی کۆمەڵکوژیی و ستەم و ئازارە لەڕادەبەدەرەکانەوە، بەرودەوام کولاوەتەوە و ئەزموونی کوردی لە مۆدێڕنیتە پێکهێناوە. لە هەمان کاتدا کورد بەدەوڵەتبوونی وەکوو خەونێک لە ئاسۆی چاوەڕوانی خۆیدا ون نەکردوە و بەردەوام لە خەیاڵی سیاسی خۆیدا زیندووی ڕاگرتوە. لە سەر ئەم بنەمایە دەتوانین ئەزموونی مۆدێڕنیتەی کورد لە ژێر کاریگەری ئەم دوو ساتە مێژووییەدا شرۆڤە بکەین. مەودایێک لە نێوان ساتی لەدەست­چوو و ساتێکی دانەهاتوو.

لە بەیەکگەیشتنی دوو ڕەوتی مێژوویی تێریتوریاڵیتی[2] و گاوێرمێنتاڵیتی[3]دا، دۆخێکی تایبەت بۆگەلی بێدەوڵەت، پێکدێت و لە سەر ژیان و بەرخودانی لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا کاریگەری دادەنێت و ژیان و خەباتی پیکەوە گرێدەدات. لە سەر ئەم بنەمایە دەتوانین ئەم پرسە ئاوا ڕوخساربەندی بکەین کە بزاڤی کورد، بە خەباتی چەکداری و سیاسی و فەرهەنگییەوە، بەرهەڤدان لە بەرانبەر دوو جەمسەری ترۆما-خەیاڵ بوە کە لە دەرئەنجامی ئەو دوو ڕەوتە مێژوویەدا بەرهەمهاتوە.

ژیانی مرۆڤی کورد لە سەردەمی مۆدێڕندا لە نێوان ترۆمای کورد و خەونی کورددا  تێپەڕیوە و هەروەها سیاسەتی کوردیش لە ژێر کاریگەری ئەم دوو ساتە مێژووییەدا بەڕێوەدەچێت. بە زاراوەیەکی­تر لە نێوان ساتێکی لە دەست چوو و ساتێکی دانەهاتوودا هەڵواسراوە. بۆیە ئەزموونی ژیانی کورد لە سەردەمی مۆدێڕن و بابەتی سیاسی کورد دەکرێت بە گرێدان بە ئەم دوو چەمکە کە ئاماژە بە ئەم دوو سات[4] یان دۆخی مێژووییە دەکات، شرۆڤە بکەین.

 

کوردستان و تورکەکان

بەپێچەوانەی کورد کە لە ئەو خاکەی کە تێیدا دەژین، وەکوو نیشتمانی دێرین و سروشتی خۆیان، مانای دەکەنەوە، تورکەکان خاوەن نیشتمانێکی مێژوویی کە وەکوو زێد و نیشتمانی تورکان بناسرێت لەو ناوچەی کە ئێستا تێیدا دەژین و بە سەریدا دەسەڵاتیان هەیە، نین؛ بۆیە تورکەکانیش تووشی دوو ترۆمای مێژوویین: ئاگایی بە داگیرکەربوونی خۆیان لە جوگرافیای سیاسی تورکیادا و دووهەم لەدەستدانی بەشی هەرە زۆری مەڵبەندێک[5] کە لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتووری عوسمانیدا بوو. ئەم دوو ترۆمایە کە بە زاراوەیەکیتر پرسی خاک و تورکبوون و پێوەندی ئەم دوو بابەتەیە، کاردانەوی هۆڤانەی تورک لەبەرانبەر ئەو مەترسییانە کە ئەم دوو کەڵکەڵەیە، تووشی داڕمان بکەن، شرۆڤە دەکات.

دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کورد، لە کورد بوونی خۆی وەرگەڕێت، ئەشکەنجەیەکی  لەڕادەبەری بەسەر کورددا سەپاندوە تاکوو کورد، کوردبوونی خۆی وەکوو تاوان بزانێت و بچێتە ژێر پێناسەی تورک بوون و ئەمە وەکوو حەقیقەتێک بدرکێنێت. بەرخۆدانی کورد لە هەمبەر ئەم ئەشکەنجەیەدا، بۆ  دان پێنان[6] بە ئەوەی کە کورد نیە و تورک بوونی خۆی بدرکێنێت، سەدان کارەسات و توندوتیژی وەک دێرسیم، زیلان، شڕناخ و ڕوبوسکی لێکەوتوەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە تورک خاک و مێژوو و فەرهەنگی کوردی داگیر کردوە، بەڵام کورد کەمتر لە سەر ئەم داگیرکەرییە، پێداگری کردوە و پێشوازی لە ئەوە کردوە کە بەشێوەی هاوسان لە سەر ئەو وڵاتەدا پێکەوە بژین. لە مێژووی چەند سەد ساڵەی هاتنی تورک بۆ خاکی کوردستان کە بە واتای داگیرکارییە، تورکەکان لە چەمکی برایەتیی تەنیا وەکوو ئامرازێک کەڵکیان وەرگرتوە بۆ ئەوەی لە شەڕدا کوردەکان هاوڕای خۆیان بکەن و وەکوو سەرباز بەکاریان بهێنن و دواتر دوای بەهێزبوون و بەتایبەت لە ئاکامی سەقامگیربوونی دەوڵەت-نەتەوەی تورکدا، دەستیان داوەتە کۆمەڵکوژکردنی کوردان. بۆیە ناکرێت ئەو هەلومەرجە وەک هاوپەیمانی و برایەتی ناودێربکرێت و لە شتێک باس بکرێت کە بوونی نەبوە و لە سەر نەبوون سیاسەت دابڕێژیت.

زیاگۆکاڵپ کە بەڕەچەڵەک کوردە و بە باوکی پانتورکیزم بە ئەژمار دێت وتەیەکی هەیە کە لەم دواییەدا لە لایەن ئەردوغانەوە دووپات بۆتەوە. گوکاڵپ دەڵێت: “ئەو کوردەی، تورکی خۆش ناوێت، کورد نیە و ئەو تورکەی، کوردی خۆش ناوێت. ئەوە تورک نیە” ئەم وتەیە ئەگەر لە بەرانبەر ستراتیژی کردەیی تورکدا هەڵیبسەنگێنین کە لە سەر سیاسەتێک داڕێژراوە کە “کورد لە تورکیا بوونی نییە و ئەوەی بڵێ من کوردم و کوردستانیم، ئەوە تێرۆریستە”، دریدەخات کە دەوڵەتی تورک، پرسی کورد لەتەک “نەهێشتنی تێرۆردا”هاوسان دەکات و هەر سیاسەتێک پەیڕەو دەکات لە ژێر هەر ڕێتۆریکێکدا، تەنیا بۆ سڕینەوەی کورد و کوردستان، دەیگرێتەبەر.

 

باکووری کوردستان؛ تێرۆریزم یان داماڵین لە خاک

داماڵین لە خاک و سەروەرنەبوون بە سەر خۆتدا، نێزیک سەدەیەک پێش دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن دەستی پێکردوە کە ئاماژەیە بە داگیرکردنی خاکی کوردستان و زاڵبوونی ئەویدی بە سەر چارەنووسی کورددا. بەڵام لە دەرئەنجامی سەقامگیربوونی دەوڵەتی مۆدێڕندا، مسۆگەربوە.کورد لەم دۆخە مێژووییەدا بۆ پاراستنی خۆی خەباتی کردوە و تایبەتمەندی بزووتنەوەی کورد و خاڵە لاوازەکانی بە تایبەت شکست و نسکۆکانی بۆ ئەم هەلومەرجە مێژووییە دەگەڕێتەوە کە تێیدا هەڵکەوتوە.

دەرکەوتنی چەمکی تێرۆریسم لە بەستێنی مۆدێڕنیتەدا سەرهەڵدەدات و گرێدراوی فۆرمی دەوڵەتی مۆدێڕن و ئایدۆلۆژیای ئەم پێکهاتە سیاسییە واتا ناسیۆنالیزمە.تێرۆریست لە نزامی زانینی دەوڵەتی مۆدێڕندا، سوژەیەکی سیاسییە کە سەروەری دەوڵەت لانیکەم بەسەر بەشێک لە جوگرافیای ژێر دەسەڵاتیدا قەبووڵ ناکات و بە داگیرکەری ناودێری دەکات. بۆیە دەوڵەتە زاڵەکان بە سەر خەڵکی کورد و خاکی کوردستاندا، هەموو بزووتنەوە و خەباتی کورد کە داوای سەروەری و خاوەنێتی بە سەرخۆیان و خاکی کوردستاندا دەکەن، دخەنە ژێر چەمکی تێرۆریزمەوە و بڕیاری هەموو چەشنێکی توندوتیژی و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە دژی دەدەن. ئەم فەرمانە تەنیا بۆ لایەنی نیزامی خەباتی کورد دەرناکرێت و هەموو نەتەوەی کورد لە سەر ئاخی کوردستاندا دەگرێتەبەر. لە سەر ئەم بنەمایە کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورک، پرسی کورد وەکوو تێرۆریزم، پێناسە دەکات و ئەو پێواژۆیەی کە لەم دواییەدا هاتوەتە ئاراوە، بە سڕینەوەی تێرۆریزم ڕوخساربەندی دەکات، باوەڕی بە شتێک بە نێوی پرۆسەی ئاشتی نییە و دەیەوێت لە ئاکامدا، شتێک بە ناوی پرسی کورد بسڕێتەوە. ستراتیژییەک کە لە بیرۆکەی داوودئوغلوودا سەبارەت بە سیفر گەیاندنی کێشەکانی تورکیا، وەرگیراوە.

مووسا عەنتەر  ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەوانی کورد ئاماژە بە دۆخێک دەکات کە لە دەرنجامی توندوتیژی هۆڤانەی تورک کە بە “خاوێنکردنەوە” ناویان لێدەبرد و لە هەمان کاتدا بێهێزی و بێدەسەڵاتی کوود، گەلی کورد وەکوو مێگەلی لێهاتبوو. مووسا عەنتەر بە ئاماژە بە ئەم دۆخە دەڵێت،”دۆخی کورد لەو ساڵانەدا وەکوو مێگەلێک بوو کە بێ شوان گورگ تێیان بەربووبێت. بە زۆری زۆرداری دەکرانە پەناهەندە و گولەباران دەکران و کۆمەڵکوژ دەکران و هەموو ئەمانەشیان بەرانبەریان بەڕەوا دەزانی[7]“. محەمەد شوکروو سەکبان لە ساڵی 1925دا  پەرتووکێک دەنووسێت بە ناوی “کوردەکان تورکن”  کە خۆی دەڵێت بۆ ئەوەی ستەم و زۆر لە سەر کورد کەم بکەمەوە، ئەم کتێبەم نوسیوە[8]. لە ئاوا هەلومەرجێکدا و لە دۆخێکدا کە دەربڕینی یەک وشەش بە زمانی کوردی، تاوان بوو و سزای بەدوادا بوو، سەرهەڵدانی پەکەکە بوە هۆی بووژانەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی باکوور و کێشەی کوردی هێنایە ڕۆژەڤەوە[9].

 

تەڤگەری پەکەکە و دۆزی کورد

ئاخێزگەی مرۆیی و فیکری و ڕۆحی پەکەکە، کۆمەڵگای کوردستانە و گرێدراوی ئەم نیشتمانەیە، بۆیە  دەتوانین بە شێوەیەک وەک بزاڤێکی نەتەوەیی کوردی پیناسەی بکەین. جیا لەمەش ئەم تەڤگەرە سەرەڕای روانگەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی مۆدێڕنی خۆی، بەرهەمی ڕەنج و ئازاری کورد لە باکووری کوردستانە و هەروەها لە پێناو ئەو خەباتەدا، کورد گیان و ماڵی خۆی بەخت کردوە.

پەکەکە لە کردەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگای جەخت کردن لە سەر وڵاتی کوردستان(یەک کوردستان یەک وڵات)، دەرهێنانی چوارپارچەی کوردستان لە نەخشەی داگیرکەران و ناولێنانیان وەکوو چوار قوژبنی یەک وڵات، زەقکردنی دێرین بوونی شارستانیەتی کورد، ئاماژەکردن بە روانگەی جیاوازی کورد بۆ ژن و ژینگە، ئافراندنی پێناسەیەکی مۆدێڕن بۆ مرۆڤی کورد و هەروەها ئافراندنی ڕۆژئاوا وەکوو چەمک و ئیمکانێکی مێژوویی، کاریگەری بەرچاوی لە سەر بیری نەتەوەیی کورد و ڕەوتی شوناسخوازی کورد داناوە و دەتوانین وەکوو رەوتێکی نەتەوەیی کوردی پێناسەی بکەین. بەگشتی دەتوانین بڵێین ئایدیاکان و پراکتیکەکانی ئەم حیزبە کاریگەری بەرچاوی هەبوە لە سەر بزووتنەوەی کورد و بەرزڕاگرتن و ژیاننەوەی بەردەوامی پرسی کورد.

 

خەبات لە دۆخی گەمارۆدراویدا

دوای بڕیاری پەکەکە لە سەر داخوازی ئوجالان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە، بەشێک لە ئەو کەسانەی کە لە پانتایی گشتی کوردستاندا چالاکن، سەرەڕای کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەگەل جیاواز، ئەم دۆخەیان وەک ئاشبەتاڵبوون شرۆڤە دەکرد. خوێندنەوەی بەرایی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە، وەک شکست یان ئاشبەتاڵبوون، ڕێگا لە ئەگەر و ئیمکانەکان دەگرێت و ئەم داوەرییە لە دەرئەنجامی ئەم بڕیارە و ئاکام و دەسکەوتەکانیدا دەردەکەوێت، دیارە لێکدانەوەی داهاتووی ئەم پڕۆژە یان پرۆسەیە و ڕامان لە سەر ئەگەرەکان و هەلومەرجەکانی، لە باری هزری سیاسیەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و لە پێڤاژۆیەکدا کە لایەنێکی دەوڵەتێکی فاشیستی بێت، دڵەڕاوکێ سیاسی، ئەخلاقی و هزرییەکان، ئاسایی بەئەژمار دێن.

ئەم شکست و داخرانە بە واتای بەئاکام نەگەیشتنی شەڕی چەکداری، تەنیا دوایین نموونە لە زایەڵەیەکی دوور و درێژە لە شکستە یەک لە دوای یەکەکانی کورد لە بەرخودانی قەڵای دەمدم و بزووتنەوەکانی سەدەی بیستەم تا دەگاتە قەڵای قەندیل. ئەم شکستانە، دووپاتەیەکی جیاوازن کە لۆژیکێکی یەکسان شرۆڤەیان دەکات. بۆیە ئەگەر ئەم کۆتایی پێهینانە بە ئاشبەتاڵی بخوێنینەوە، دەبێت هەموو جووڵانەوەکانی کورد، بەئاشبەتاڵ بزانین. سەرەڕای ئەوەی کە نموونە پێشوەکان لە شەڕ و پێکداناندا، تووشی شکست هاتوون و ئەم نموونە دوایینە، تەنانەت ئەگەر وەکوو شکستیش هەڵیبسەنگێنین، بڕیاری کۆتایی هێنان بە شکستە نە خۆدی شکست.

ئەگەر شکستی نیزامی و بەئاکام نەگەیشتنی شۆڕشی چەکداری، بە ئاشبەتاڵی شرۆڤە بکەین، هەموو شۆڕشەکانی کورد دەبێ بەئاشبەتاڵ ڕاڤەبکەین، چۆن هەموویان دوای ماوەیەکی کورت ڕووخان و بەئاکامی خوازراو نەگەیشتن. ئاشبەتاڵی ئاکامی شۆڕشی نیزامی ناوچەییە بە بێ لاینگرێکی ستراتیژیک لە “دۆخی گەمارۆدراوی”[10] کورددا. بۆیە ئەمە پرسیارێکی مێژووییە کە دەتوانین لە بەرانبەر هەموو خەباتە چەکدارییەکانی کورددا دایبنین کە بۆچی کورد خۆی قوربانی جووڵانەوەیەک کردوە کە هەر لە سەرەتادا شکست­هێنانی دیار بوە. هەروەها دەکرێت ئەنفاڵ و کۆمەڵکوژیەکانی دیکەی کورد وەک ئەنفال و هەڵەبجە و هتد وەکوو ئاکامی شکستی جووڵانەوی نیزامی کورد شرۆڤە بکەین.

لە سەر ئەم بنەمایە ناکرێت ئاوا گریمانە بکەین کە کورد ستراتیژی ئاشبەتاڵی گرتوەتە پێش، بەڵکوو دۆخی مێژوویی و هەڵکەوتەیی ژێئۆپولیتیکی کوردە کە شکستی نیزامی و بەئاکام نەگەیشتن تەنیا لە ڕێگای خەباتی چەکدارییەوە، ئەم ستراتیژییە، ئاشبەتاڵ دەکاتەوە. لەسەر ئەم بناغەیە، بەرخودان و دواتر تێکشکانی قەڵای دمدم هەتا دەگاتە قەڵای قەندیل -بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیەکان و لێکچووەکانیان- و بەتایبەت لە دۆخی هەنووکەییدا کە بەرتەسکبوونەوەی جوگرافیایی و کەوتنە بەرگوشاری هەمە لایەنە، دۆخێکی ئاڵۆزاوی پێکهێناوە، پرسیار لە ئیمکانی مانەوە لە چیا و درێژەدان بەشەڕی چەکداری، وەک مژارێکی سەرەکی بۆ تێڕامانی سیاسی زەقدبێتەوە.

  ئاشبەتاڵی ئاماژە بە هەلومەرجێک دەکات کە بزووتنەوەیەک کە بەگەیشتن بە ئامانجەکانی نزیک بۆتەوە، بە هۆکارێک وەک ڕێکەوتنێکی دەرەکی، هەموو دەسکەوتەکانی لەباربچێت. لە سەر ئەم پێناسەیە، دەتوانین ئەم دۆخە ئاوا بخوێنینەوە کە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بە واتای هەڵپەساردنی چەک و ڕاگرتنی شەڕی چەکداری، بەمانای نامومکینبوونی درێژەدان بە خەباتی چەکداری و کۆتایی پێهێنان بە قوربانیدان بە بێ دەسکەوتێکی بەرانبەرە، بۆیە ئەگەر ئەم خوێندنەوە بەڕاست بزانین، ئەمە بەواتای کۆتایی پێهێنان بە شکستە نە خودی شکست. هەروەها ئەگەر دەسکەوتەکانی پەکەکە تا ئێستا و هەروەها ئاماژەکانی بۆ کردنەوەی رێبازێکی نوی بۆ خەبات، لەبەرچاوبگرین، ناتوانین لانیکەم لە ژێر چەمکی ئاشبەتاڵیدا شرۆڤەی بکەین.

 

ئاشبەتاڵبوونی” ڕۆشنبیران”

بڕێک لەو هەڵوێستاانەی کە دژ بە بڕیاری پەکەکەن و ئەم بڕیارە بە کردەوەیەکی خائینانە بەرانبەر بە کورد دەزانن و لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەم بڕیارە بۆ ناکوردبوونی بنەڕەتی ئەم تەڤگەرە دەگەڕێننەوە، ناڕاستەوخۆ دان بە کاریگەری گەورەی ئەم بزووتنەوەیە لە سەر پرسی کورددا دەنن. هەروەها ئەمە بەو مانایەیە کە هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتە، دەبێتە هۆی ئاشبەتاڵبوونی هەوێنی مەعریفی بۆ کەسانێک کە هیچ مژارێکی زانستی و  کەڵکەڵەیەکی ئەخلاقی و سیاسییان بۆ باسکردن لە سەر پرسی کورد نییە بێجگە لە تاوانبارکردن و لێدانی پەکەکە نەبێت.

بەشێک لە شرۆڤەکارانی کورد، بیروکەی ئوجالان و پەکەکە لە بەرژەوەندی تورکیا و لە درێژەی سیاسەتی نوێ­عوسمانیگەری تورکیادا دەزانن کە بۆ سڕینەوە یان بێ­هێز و ژێردەستکردنی کورد داڕێژراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نیگایان لەو شەڕ و تۆپباران و هێرشی ڕۆژانە بۆ سەر قەندیل و ناوچە هەرێمیەکانی باشوور و باکووری کوردستان وەردەچەرخێنن. بۆ ئەوەی بوارێک بۆ ڕەخنە و نووسین لە دەست ئەدەن. چونکوو دەیانەوێت لە ڕێگای دژ بە پەکەکە بوونەوە، پێگە و شوناسێکی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی بۆ خۆیان بسازێنن.  هەروەها لە بنیاتنانی ڕۆژئاوا و دەسکەوتەکانی دیکەی ئەم بزاڤە، چاودادەگرن و ئەم هەڵوێستەشیان بەرانبەر بە ڕۆژئاو دەکاردەکرد. بۆیە ئەم پرسیارە زەقدەبێتەوە کە کێ لە “ڕۆژئاوا” دەترسێت؟.

دژیەکییەک کە بڕێک لە شرۆڤەکاران و بەشێک لە خەڵک تووشی دەبن ئەوەیە کە پەکەکە بە ڕەوت و لایەنێکی کوردی نازانن، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە هەڵوەشاندنەوەی دەگرن. بۆیە ئەو کەسانە یان ئەبێت پەکەکە بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی پێناسەبکەن و دان بە دەور و کاریگەری ئەم تەڤگەرە لە سەر پرسی کورددا بنێن؛ یان ئەگەر لەسەر ئەوەی کە ئەم رەوتە سیاسی- نیزامییە دژەنەتەوەییە، جەخت دەکەن، دەبێت لە بریاری پەکەکە پێشوازی بکەن کە رەوتێکی نانەتەوەیی کۆتایی پێهاتوە.

 

نادیارکردنی ترۆما وخەونی کورد

یەکێ لەکێشەکانی ئایدیای کۆمەڵگای دیمۆکراتیک ئەوەیە کە بنیاتنانی ئەم کۆمەڵگایە دەخاتە ئەستۆی لایەنی بێهێز و بێدەسەڵات و لە هەمان کاتدا هۆکاری ڕێگری لە دامەزراندنی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک کە دەوڵەتی نادیمۆکراتیک و نەژادپەرەستە نەبینراو دەکات. هەروەها بنیاتنانی کۆمەڵگا و دەوڵەتێکی کوردی دیمۆکراتیک بە ڕاسپاردەیەکی ناموکین دەزانێت، بەڵام چێبوونی کومەڵگەی دیمۆکراتیک لە نێو دەوڵەت-نەتەوەیەکی نادیموکراتیکدا، شیاو و موکین دەزانێت.

تەڤگەری پەکەکە بۆ زاڵکردنی شێوەی ڕوخساربەندی کردنی خۆی لە دۆزی کورد، شەڕێکی دیسکورسیڤی ناوخۆیی لە بەرانبەر شێوەگەلی دیکەی بیچمگرتنی دۆزی کورد وەک ناسیۆنالیزمی کوردی و سەربەخۆیی خوازیدا پەیڕەوکرد. لە کاتێکدا بەئەویدیکردنی[11] ناسیۆنالیزمی کوردی بەئامانج گرت کە لە بەرانبەر  ناسیۆنالیزمی نەتەوە زاڵەکاندا، بەشێوەی دیسکورسیڤ و ئایدولۆژیک هەڵوێستێکی بەرچاوی نەگرت.

یەکێ لە هەڵەکانی پەکەکە لەم بوارەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بۆ دژایەتی کردن لەتەک حیزبێکی کوردی کە وەک ڕکابەری خۆی لە مەیدانی سیاسی کوردستاندا پێناسەی دەکات، ناسیۆنالیزمی کوردی بە ئەو حیزبەوە گرێدەدات. حیزبێک کە تەنیا لە دورشمەکانیدا هەڵگری گوتاری نەتەوەییە و لە مێژوو و لە سیاسەتی کردەیی خۆیدا، ڕێکارێکی نەتەوەیی نەگرتوەتەبەر. بۆیە لە ڕێگەی هاوسانکردنی لایەنێکی سیاسی لەتەک ماکی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، هەم گوتاری نەتەوەیی کورد و هەم حیزبی ڕکابەری خۆی. قیزەون و بێبایەخ دەکات.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە بوە هۆی لاوازبوونی پەکەکە لە نێو ئەو پانتاییەی کە تێیدا چالاک بوو، دژایەتی کردنیەتی لە بەرانبەر خەونی کورد بۆ خۆییبوون کە لێکەوتەکەی هاوتەریبە لە تەک سیاسەتی داگیرکەران لە درێژەی یەک سەدەی ڕابردوودا. هەر لەم ڕێروەدایە کە دەتوانین بڵێین خاڵی جێی ڕەخنە ئەوە نییە کە پەکەکە ناسیۆنالیزمی کوردی قیزەون و بێبایەخ و دەوڵاتی کوردستان پاشڤەڕۆیانە دەزانێت، بەڵکوو ئەوەیە کە هەبوونی ناسیۆنالیزمە سەردەستەکان و دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە شتێکی ئاسایی و ڕەوا دەزانێت. بە کورتی خولیای خۆبوونی کورد کە لە دەوڵەت یان فۆرمێکی سیاسی سەربەخۆدا،پێناسە دەکرێت، لە ئایدۆلۆژیا سیاسیەکەیدا ڕەنگناداتەوە.

وەرچەرخان لە سەربەخۆیی بۆ فیدڕالیزم و کۆنفێدرالیزم و دواتر بۆ جڤاکی دیمۆکراتیک، دابەزاندنێکی بەردەوام لە بواری فکری و سیاسییەوە لە ڕوخساربەندیکردنی دۆزی کورد بەرهەمدێنێت، بۆیە  داهێزیایی پەکەکە، بەهۆی لاوازبوون و کاڵبوونەوەی لایەنی کوردی و نەتەوەیی پڕۆژە فکری و سیاسیەکەیەتی کە دەرفەت و هەلی بۆ بەرهەمهێناننەوەی خۆی لێدەستێنێت،. بە زاراوەیەکیتر ئیمکانی بەرهەمێنانەوەی خۆی لە باری ئایدولۆژیک و هێزی مرۆییەوە لاوازکردەوەتەوە و لە هەمانکاتدا، بەهێزبوونی بزاڤی نەتەوەیی کورد، پەکەکەی تووشی قەیران کردوە.

دەرئەنجامی فەلسەفەیەک ناتوانێ قەبووڵکردن و رازی بوون بە دۆخی ژێردەستی بێت، بۆیە ئایدۆلۆژیایەک کە ئایدۆلۆژیای خۆی بە حەقیقەت بزانێت و بێ ڕچاوکردنی ئایدیا و خەونەکانی ئەو کۆمەڵگایە، تەنیا بۆ ئەو ئایدولۆژیایە چالاکی بکات، یان تووشی نسکۆ دەبێت و لە لایەن خەڵکەوە وەلادەنرێت یان ئاکامی کارەساتباری بۆ ئەو کۆمەڵگایە دەبێت. هیچ فەلسەفەیەکی سیاسی ناتوانێت دژایەتی هەتاهەتایی ویست و خەونی کورد بۆ خۆیبوون بکات.

 

لە سەر چی دەپەیڤین

زۆربەی ئەو دەقانەی کە سەبارەت بەم هەلومەرجانەی باکوور نووسراون، ئاوڕێک لە تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکانی باکووری کوردستان نادەنەوە و لە شرۆڤەکانیاندا کۆمەڵگەی کورد لە باکوور، هەڵدەسپێرن. شیکردنەوەی ئەم ڕووداوانەی کە پەیوەستن بە پرسی باکوورەوە، پێویستی بەوەیە کە سەرەتا دەبێت وڵامی ئەم دوو پرسیارانە بدرێتەوەکە کورد لە باکوور پرسی خۆیان چۆن ڕوخساربەندی دەکەن و پێش لەوەش تایبەتمەندییەکانی دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کورد لە باکوور چین؟. هەروەها ئایا بزاڤێکی کوردی گشتگیر و بەهێز کە پاڵپشتی درێژەدان و زیندووڕاگرتنی پرسی کورد لە باکوور بێت هەیە؟. شرۆڤەی ئەم بنەما کۆمەڵناسانەیە، ڕەهەندێکی مێژویی بە شیکاریەکان دەدات و هەروەها، بڕیاری پەکەکە بۆ ڕاگرتنی شەڕی چەکداری ڕوونتردەکاتەوە. خوێندنەوەی دۆخی ناوخۆیی دەوڵەتی تورک و دۆخی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، فاکتەرە سەرەکییەکانی دیکەن کە جێگای سەرنج و تێڕامانن.

پرسیاری مێژوویی ئەوەیە کە ئایا ئیمکانی درێژەدان بە شەڕی چەکداری لە قەندیل، لەباربوو و دەسکەوتەکانی پەێڕەوکردنی ئەم خەباتە چی دەبوون و هەروەها ئەمە پرسیارێکی دیکە دەخاتەڕوو کە چی پەکەکەی بەو بڕیارە گەیاند کە کۆتایی بە بەشێک لە مێژوو و پێناسەی خۆی وەک هێزێکی نیزامی بهێنێت کە خۆلقێنەری سووژەی گەریلا و دەیان چەمک و هێما و ئاوازی چیا بوو؟.

 خاڵی جێی سەرنج و ڕامان ئەوەیە کە ئایا بەکۆتایهاتنی خەباتی چەکداری پەکەکە[12]، ئەم شتانەش دەمرن یان وەکوو نوستالۆژیا لە خەیاڵی سیاسیدا دەمێننەوە و ورە و وزە دەبەخشن و بە شێوەیەکیتر و لە شوێنێکیتر سەرهەڵدەدەن؟هەروەها چ فیگوور و ئیماژگەلێکی نوێ، ئایدیا و ورە و وزە بۆ رزگاری دەئافرێنێنن؟.

قەندیل تەنیا ئاماژەیەکی جوگرافیایی نییە و ئاماژە بە هێمای وڵاتی کوردان و هیوای کورد بۆ رزگارییە. بۆیە لە ئەگەری ڕادەستکردنی ئەو مەڵبەندە بۆ هێزێکی غەیری کوردی، بۆشاییەکی جوگرافیایی و زەینی بەرهەمدێت. هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە خەباتی هەمە لایەنەی ئەو حیزبە شوناسی پێیان بەخشیوە، ئەگەر نۆژەنکردنەوەیەکی بەهێز نەخۆلقێت، تووشی داڕمان دەبن. هەر لێرەدا ئەم پرسیارە دەردەکەوێت کە ئەو بۆشاییە کێ و چی پڕی دەکاتەوە؟.

ئاسۆی چاوەڕوانی؛ گەڕانەوە بۆ خەونی کورد

ڕەخنەی تیۆریک لە ئەم ڕوداوانەی پێوەندیدار بە باکوورەوە کە لە ژێر تێگەگەلێک وەک سڕینەوەی تێرۆریزم، پرۆسەی ئاشتی، برایەتی و خۆهەڵوەشاندنەوە هاتوەتە ئاخافتن، بە واتای نکوولیکردن لە ئیمکانگەل کرداری نییە و نایەوێت ڕێگە لە هەلومەرجیک کە ڕەنگە ئیمکانگەلێک بۆ بەرەوپێشچوونی دۆخی کورد لە باکووری کوردستان و هەنگاونان بۆ چارەسەری دۆزی کورد بڕەخسێنێت، بگرێت.

  ئاشکریایە کە دۆخی کورد بە هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانیەوە، بەرهەمی خەباتی چەکداری بوە. لێکدانەوەی ئەم دوو لایەنە و خەسارناسی کردنی، بۆ هەر پرۆژەیەکی سیاسی و فیکری کارێکی بنگەهینە. سەرەڕای ئەم بیروڕایە من لە سەر ئەو باوەڕەم کە زیندووڕاگرتنی پرسی کورد و وەرە و وزەبەخشین بە گەلی کورد، لێکەوتەی خەباتی چەکداری بوە. ئەگەر ئێستاش تورکیە ئامادە بێت بۆ دانوستان و پێڤاژۆیەکی ئاشتی دەستپێبکات، ئەوە هەر لە دەرنجامی خەباتێکی پڕ قوربانی وگیانفیدایی بوە. شەڕی ڕەوا بۆ خۆپاراستن.

ئەگەر دەوڵەتی تورک، پرسی کورد بۆ پەکەکە دابەزێنێت و لە هەمان کاتدا وەکوو کێشەی تێرۆریسم پێناسەی بکات، ناکرێت چاوەڕێی ئەوە ببین کە لە بەرانبەر وەلانان وکۆتایی پێهێنانی ئەو هەلومەرجەی کە خۆی وەکوو تێرۆریزم باسی لێدەکات، خۆی بەرپرس بزانێت و ئیمتیاز بدات و هەوڵ بۆ بەرابەری بدات کە خۆی لە خۆیدا نامومکینە. بۆیە لە باشترین ئاستدا ئاماژە بە برایەتی دەکات.  بە هەر حاڵ لە ژێر چەمکی تێرۆریزم و برایەتیدا، پرسی بەرابەری نادیاردەکرێت،کە بە مانای ئەوەیە کە سەروەری تورک بە سەر کورددا ڕەوایە و کورد دەبێت لە پێناو ئەم برایەتییەدا کە پێی بەخشراوە بۆ نەتەوە و دەوڵەتی تورک تێبکۆشێت و لە بەرانبەردا گیان و ماڵی کورد پارێزراوە و تەنانەت دتوانێت چالاکی فەرهەنگی بکات و هەروەها بە هەر سەرکەوتنێک وەک وەرگرتنی پلە و پایەش بگات[13]. بە کورتی ئەمە تەنیا یەک مانای هەیە، ڕادەستکردنی سەروەری و خاوەنێتی بە سەرخۆت و وڵاتدا: ڕاگرتنی ژیان لە دۆخی ژێردەستیدا و چێژبردن لە ژێردەستی، لە پێناو برایەتیدا.

دەوڵەتی تورک، بەردەوام جیا لە پەکەکە، هێز و دەسەڵاتی ڕۆژئاواش وەک کێشەی تێرۆریزم ناودەبات. بۆیە لە هەوێنی ئەم دانوستانە شاراوەیانەدا، پڕۆژەیەکی ئەمنیەتی دەکاردەکات کە زیاتر لەوەی کە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بێت، ئامانجی سەرەکییەکەی، داهێزیان و لەدەسەڵات خستنی هێزی ڕۆژئاوایە کە وەک مەترسیەکی ڕاستەقینە لێی دەڕوانێت. بۆیە ڕۆژئاوا ئەگەر بەشێک لە ئەو دانوستانانەیە، پێویستە سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بپارێزێت.

لە شەڕی نێوان لایەنی کورد(پەکەکە) و ئەرتەشی تورکدا هەم لە کورد و لە هەم تورک کوژراون، جیا لەوەش کە تورک لە کۆمەڵکوژی دیرسیم­دا شەست هەزار خەڵکی سیڤیلی کوشتوە و لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی و توندوتێژیەکانی دیکەدا، کە شەڕی یەک لایەنەی تورک دژ بە کورد بوە، جەماوەرێکی زۆر لە گەلی کورد بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژراون.

تورکیا دەبێت خەباتی کورد نە تەنیا بە تێروریزم ناونەبات بەڵکوو دان بە ستەم و ئازارێکی گەورە و هەمە لایەنە کە بەرانبەر بە کورد کردویە بنێت. هەروەها بۆ پێشڤەچوونی پێڤاژۆی ئاشتی، دەبێ داوای لێبورین لە کورد بکات و دیارە دەبێ ئەم داوای لێبوورینە قەبووڵ بکرێت. بەڵام هەروا کە ئادورنۆ دەبێژێت دەبێ کارێک بکرێت کە ئیمکانی دووپات بوونەوەی ئەو کارەساتانە نەمێنێت.

دەوڵەتی تورک، هەموو ستراتیژیە نیزامی و قانوونی و دەروونییەکانی دەکارکردوە کە کورد، لە کوردبوونی خۆی پاشگەز ببێتەوە و بچێتە ژێر ئەو دەربڕینە فاشیستییە کە ‘من تورکم’، بۆیە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی پێویستی بەوەیە کە بە شێوەی سیاسی و قانوونی دان بەوەدا بنێت کە لە جوگرافیای سیاسی تورکیەدا، کورد وەکوو نەتەوە و کوردستان وەک وڵات هەیە.

برایەتی لە دەرئەنجامی بەرابەریدا بەرهەم دێت نە پێچەوانەکەی. دەنا ژێردەستبوونی لایەنی بێهێز، هەتاهەتایی دەکاتەوە. هەروا کە ئادۆرنۆ[14] دەبێژێت ناکرێت لە ژیانێکی خراپدا، بەچاکی ژیان بکەیت. لە سەر ئەم بنەمایە ئەم پرسیارە دەورووژێت کە پێوەندی جڤاکی دیمۆکراتیک لە گەڵ ئازادی و بەرابەریدا چییە؟ یان برایەتی و بەرابەری لە نێو پێکهاتە و فەرهەنگێکی ڕەگەزپەرستانەدا، چۆن یەکدەگرنەوە؟. بۆیە ئەو مەترسییە هەیە لە نەبوونی بەرابەریدا، ڕەنگە ئەو ئاشتییە، هەموو ئاشتییەکان بداتە دەم باوە[15] و شەڕێکی بەرفراوانتر و هەمەلایەنەتر هەڵبگرسێنێت،کاتێک لە ژێر چەمکی برایەتیدا لە سیاسەت باس بکرێت؛ لە ڕاستیدا “بابەتی سیاسی”[16] دادەخرێت. بۆیە ئەگەر دۆزی خۆت وەک پرسی سەروەری و خاوەندارێتی و بەرابەری روخساربەندی بکەیت، هزرین لە ژێر چەمکی برایەتیدا، ئەم ئامانجانە نادیار و سیاسەت ناموکین دەکات. سیاسەتسڕینەوە لە دۆزی کورد لە ژێر چەمکی برایەتی و جڤاکی دیمۆکراتیکدا، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای باکووری کوردستان و تێک­هەڵکێشان و تواندنەوەی کوردی لێدەکەوێتەوە. بەگشتی بۆگەلی بێدەوڵەت وەک سووژەیەکی ژێردەست کە بەرهەمی “مۆدێڕنیتەی کاپیتالیستییە”، ئایدیای جڤاکی دیمۆکراتیک، هەڵگری پڕۆژەیەکی فکری و سیاسی رزگاریدەر-لانیکەم لە کورتماوەدا- نییە و لە بانترین ئاستدا زیاتر لە سەرچەشنە لیبراڵییەکان نزیک دەبێتەوە.

بە پێشگریمانەگرتنی نەگۆڕانی دەوڵەت-نەتەوی زاڵ و پێکهاتەی سیاسی و فەرهەنگی سیاسی کە بە شوناسی ئەتنیکی تەندراوە، هەر پرۆژەیەکی فکری و سیاسی لە سەر بنەمای ئاشتی و بەرانبەری و برایەتی هەر لە خاڵی دەستپێکدا، هەڵدەوەشێتەوە. بۆیە ئەگەر برایەتی و جڤاکی دیمۆکراتیک بە بنەما و پێوەر بگرین، پرسیار ئەوەیە پڕۆژەی سیاسی بۆ بەرابەری چییە؟. بە زاراوەیەکیتر ئەگەر خەڵکێک بە نەتەوە پێناسە بکەین، بەرابەری نەتەوەیی یان سەروەری نەتەوە، لەو چوارچێوە پارێزراو و پێشگریمانەکراوەدا، چۆن واتادەکرێتەوە؟.

من لە سەر ئەو باوەڕەنیم شتێک بە نێوی پرۆسەئی ئاشتی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ئارادا بێت، مەگەر ئەوەی کە بۆ چوونە نێو یەکیەتی ئوروپاوە ڕێگە بدات هەندێک کرانەوەی ڕوکەشیانە لە دۆخی کورددا پێک بێت یان پیلانێک بۆ لەدەسەڵات خستنی کورد لە ڕۆژئاوادا بگێڕێت. بەڵام ئەگەر لە دەرنجامی دانوستانەکان، کرانەوەیەکی سیاسی لە یاسای بنەڕەتیدا و لە ڕێکخراوە و دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا مسۆگەر ببێت، دیارە دەسکەوتێکی بەرچاوە بۆ کورد لە باکووری کوردستان. بەڵام بەردەوام ئەو مەترسیە هەیە کە حاکم دەتوانێت قانوون سڕ بکات[17] و قانوون لە بەرژەوەندی خۆیدا هەڵبوەشێنێتەوە.  لێرەدا ئەم پرسیارە ڕەوایێتی دەبێت کە ئەگەر کورد قەڵای چیاکان بەجێبهێلێت، چۆن دەتوانێت خاوەنی ئەو ستراتیژیە بێت کە بچێتە نێو قەڵای داگیرکەرەوە و لەوێدا  هێزی خۆی تەیار و چالاکی بکات وهەروەها قەڵاکان کامانەن و چۆن دەتوانێت داگیریان بکات؟.

ناسیۆنالیزم بە شێوەیەک کە من واتای دەکەمەوە، هەڵگری ڕاڤەیەکی رزگاری بەخشە، کە بریتیە لە پێکهێنانی بەرابەری نەتەوەکان، ئەوەی کە چ فۆرمێکی سیاسی ئەم مافە دابین دەکات، دەکرێت وەک مژارێکی سیاسی، بخرێتە ژێر تێڕامان و هزرینەوە. بەڵام دیارە دەتوانین ئەم پرسە لە ڕوانگەیەکی غەیری ناسیۆنالیستیشەوە بێنینە ئاراوە، دیارە باوەڕ بە بەرابەری، بەردی بناغەی روانگەی چەپ پێک­دێنێت، لە سەر ئەم بنەمایە، ناکرێ بەرابەری بە چینایەتی و ڕەگەزی و سووژە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە کورت بکەینەوە و بەرابەری جەماوەرێکی مرۆیی کە وەک نەتەوە دەناسرێن، نەبینراوبکەین، دەوڵەت بۆ کورد تەنیا ئاماژە بە ڕێکخراوە و دامودەزگایەکی حکوومی سەربەخۆ نیە کە رزگاری لە ژێردەستی بەرهەم بێنێت، بەڵکوو لایەنێکی زەینی هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ترۆمای بێدەوڵەتی و هێمایەکە بۆ نوێنەرایەتی نەتەوەیەکی لەت­لەتکراو کە نوێنەرایەتی خۆی لێسەندراوەتەوە.

 

پەراوێزەکان

* ئەم نووسراوەیە ناپەرژێتە سەر ئەو ئەگەرانەی کە لە درێژەی ئەم دانوستانەدا لە هەر دوو لایەنی کورد و تورکەوە، بێتە ئاراوە و ئەم پێڤاژۆیە بەرەو ئاقارێکی دیکە ببات.

[1] بۆ خوێندنەوەی باسێک سەبارەت بەم مژارە بڕواننە: حەقمورادی، محەممەد(2021)ئەزموونی کورد لە مۆدێڕنیتی لە دۆخی دابڕاندا، گۆڤاری پۆلیتیا، ژمارەی سێهەم.

[2]territoriality

[3]governmentality

[4] ئاماژەکردن بە ساتی مێژوویی دانەهاتوو وەک دۆخێکی مێژوویی، بە هۆی ئەوەیە کە دۆخی مێژوویی هەنووکە، دەخاتە ژێر باندۆری خۆیەوە.

territory[5]

[6] confession

[7] مووسا  عەنتەر(2021)، بیرەوەرییەکانم، وەرگێڕاوی محەمەد عزەدین، چاپ و بڵاوکردنەوە دەزگای فام

[8] هەمان سەرچاوە

[9] دیارە ژیاننەوەی کورد و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستاندا، دەرئەنجامی کۆمەڵێک گۆڕانی کۆمەڵاتییانەیە و بە خەباتی پەکەکە کورت ناکرێتەوە.

[10] بۆ خوێندنەوەی زیاتر لە سەر ئەم چەمکە بڕواننە: حەقمورادی، محەممەد(2021) ئەزموونی کورد لە مۆدێڕنیتی لە دۆخی دابڕاندا، گۆڤاری پۆلیتیا، ژمارەی سێهەم

[11] othering

[12] لێرەدا تەنیا مەبەست  هەڵوەشاندنەوەی لایەنی سەربازی ئەو حیزبەیە و هەروەها لە سەر ئەو پێشگریمانەیە نووسراوە کە هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان جێبەجێبکرێت.

[13] ئەو سەرۆک وەزیر وەزیر و پلەداراە کوردانەی لە سەرەتی دەمەزراندنی  کۆمەری تورکەوە تا دەگاتە هاکان فیدان، ئاماژەیە بە ئەم ئایدولۆژیایە.

[14] آدورنو، تئودور( 1402) مسائل فلسفه اخلاق، ترجمه صالح نجفی نشر هرمس

[15] David Henry Fromkin(1989)A Peace to End All Peace: The Fall of the Ottoman Empire and the Creation of the Modern Middle East

[16] Schmitt, Carl (1979), The Concept of the Political, translated by George Schwab, Rutgers University Press

[17] آگامبن، جورجو(1395) وضعیت استثنایی، ترجمه پویا ایمانی، نشر نی


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

thirteen − 7 =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان