بزاڤی کوردستان لە بارودۆخی نادیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: گفتوگۆ لەگەڵ حەمید بۆزئەرسلان

داگرتنی فایلی PDF

پێشەکی

ڕەوتی وەرچەرخان و خێرای گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، پرسیار و مشتومڕی بەرفرەوانی لە کۆڕی سیاسی و فیکریی ڕۆژهەڵاتدا ورووژاندووە. تەوەری سەرەکی ئەم باسانە، ئایندەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بزاڤی نەتەوەییی کوردستانە لە بەشە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت لە ڕۆژاڤا، باکوور و ڕۆژهەڵات. ئەگەرچی لە ئێستەدا ڕۆژاڤا و باکوور ناوەندی ئەم پێشهاتانەن، بەڵام بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە ئاستی سیاسی و ئایدۆلۆجیدا کاریگەری لەسەر خەباتی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتیش دادەنێن. ئەم تێکۆشانە لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان یەک خاڵی هاوبەشی بنەڕەتییان هەیە – ئەویش پرسی کوردە – لەگەڵ ئەمەشدا پارچەپارچەبوون و دابەشبوونی کوردستان لە نێوان دەوڵەت-نەتەوە جیاوازەکاندا، تایبەتمەندییەکی تایبەتی بە پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەر بەشێک داوە کە هەم لەسەر ئاستی شیکاری و هەم لەسەر ئاستی سیاسی یەکلاکەرەوەن. لەم ڕووەوە، تێگەیشتنێکی دروست و بەستێنی پێشهاتەکانی ئێستەی باکوور پێویستی بە شیکاری مێژوویی و کۆمەڵناسی ئەوانە. ئەم بابەتە بۆ ڕۆژهەڵات کە چارەنووسە سیاسییەکەی بە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە گرێ دراوە، گرنگە. بەتایبەت ئەوەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ساتەوەختێکی قەیراناوییدایە و دوور نییە بەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە ماوەیەکی کورتدا ئێرانیش بگرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ حەمید بۆزئەرسلان ساز دراوە. ئەو یەکێکە لە توێژەرە دیارەکانی کورد لە بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا و پرسی کورد و لە ئێستەدا پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی باڵایە لە قوتابخانەی باڵای زانستی کۆمەڵایەتی (EHESS) لە پاریس. لێکۆڵینەوەکانی زیاتر لەسەر توندوتیژی سیاسی، توتالیتاریزم، شکڵگرتنی دەوڵەتان و دینامیزمە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چڕ بووەتەوە. لە بەرهەمە گرنگەکانی دەتوانین ئاماژە بەم کتێبانە بکەین: پرسی کورد؛ دەوڵەت و کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (١٩٩٧)، لە خەباتی سیاسییەوە بۆ خۆبەختکردن؛ توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (٢٠٠٤)، مێژووی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆتاییی ئیمپراتۆری عوسمانییەوە تا ئەلقاعیدە (٢٠٠٨)، مێژووی تورکیا، لە ئیمپراتۆرییەوە بۆ ئێستە (٢٠١٣)[١]، شۆڕش و دەوڵەتی توندوتیژی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٢٠١١-٢٠١٥ (٢٠١٥)، قەیران، توندوتیژی و دژە شارستانیەت (٢٠١٩)[٢]، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر سێبەری توتالیتاریزم (٢٠٢١)، دژە دیموکراسی سەدەی بیست و یەکەم: ئێران، ڕووسیا و تورکیا (٢٠٢٣)، ئۆکراینا: کوێری دووانە (٢٠٢٣).

هەروەها چەندان بابەتی بە زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی لەم بوارەدا نووسیوە. پاشخانی لێکۆڵینەوەی پڕبەرهەمی حەمید بۆزئەرسلان لەبارەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکهاتەی دەوڵەتە توتالیتارەکان، دەتوانێت تێڕوانینگەلێکی بەنرخ بۆ باسەکانی ئێستەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات زیاد بکات و یارمەتیدەرمان بێت لە باشتر تێگەیشتن لە دینامیکی گۆڕانکارییەکانی باکوور. ئەم چاوپێکەوتنە بە زمانی فەرەنسی کراوە و ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە وەرگێڕانە کوردییەکەیەتی.

ڕێگە بدەن بە گۆڕانکارییە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی  دەست پێ بکەین. لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ڕووداوگەلێکی سیاسی گرنگ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هەژاندووە و مشتومڕەکان سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی نەزمێکی نوێی ناوچەیی کە پێدەچێت میراتی دەستتێوەردانەکانی ئیمپریالیزمی و کۆلۆنیالیزمی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بێت، دەستیان پێ کردووە. ئێوە چۆن ئەم گۆڕانکارییانە شی دەکەنەوە؟ پێت وایە ئەم نەزمە نوێیە چۆن دەبێت و کوردستان چ پێگەیەکی تێدا دەبێت؟

باشە، ئەمانە پرسیاری زۆر دژوارن و منیش وەڵامی پرسیاری زۆر گەورەم نییە. هۆکارێکی سادەشی هەیە ئەوەش ئەوەی کە ئێمە لە قۆناغێکی دیارینەکراوداین[٣] و ئەم یەکلایینەبوونەوەیە لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ نییە هەر جۆرە پێشبینییەک لە ڕادەبەدەر دژوار دەکات. ئەمە یەکەمجار نییە باس لە نەزمێکی نوێی جیهانی یان نەزمێکی نوێی ناوچەیی دەکرێت. دوای شەڕی کوەیت و کاتێک سەددام حوسێن کوەیتی داگیر کرد، باس لە نەزمی نوێی جیهانی دەکرا. دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، جارێکی دیکە پرسی پێکهێنانی نەزمی نوێی جیهانی خرایە ڕوو. لەڕاستیدا لانی کەم ئەمە سێیەم یان چوارەم جارە لە مێژووی هاوچەرخدا کە باس لە پێکهێنانی نەزمی نوێ دەکرێت.

یەکێک لە هۆکارەکان کە ناتوانین پێشبینی داهاتوو بکەین، سیاسەتەکانی ئەمریکایە کە تا ڕادەیەکی زۆر نادیار ماوەتەوە. بابەتێک کە پێشتریش پێشینەی هەبووە. ئەمریکایییەکان لە سەردەمی بووشی باوکدا، لە دواساتدا بڕیاریان دا سەددام حوسێن بڕووخێنن، بەڵام جێبەجێیان نەکرد. لە پێوەند لەگەڵ ئێرانیش بەم شێوەیە پێشبینی دەکرێت، بەڵام ئەم کارەیان نەکرد و سیاسەتەکانی نێوان هاوکاری و پێکەوەهەڵکردنیان گرتەبەر، هەمان سیاسەتی دەسەڵاتی دووفاقەی بیل کلینتۆن.

وا دیارە بەردەوام دیارینەکراوی لە سیاسەتەکانی ئەمریکادا هەیە. لەم ساتەدا کە سەرۆک ترەمپ سیاسەتێکی سەنگەڵای و وەرچەرخانی دەگرێتەبەر هیچ ڕەگ و ڕیشەی لە کات و دوورەدیمەنێکی درێژخایەندا نییە، دۆخەکە تەنانەت لەوەش سەختتر دەکات. سەرەڕای هەموو ئەمانە ڕەنگە بتوانین بڵێین دوو گۆڕانکاری نوێ ڕوویان داوە. یەکەم گۆڕانکاری لاوازبوونی بەرچاوی سووریایە لە دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣. لاوازی سووریا بە مانای بەهێزی هەیئەی تەحریری شام نییە کە سەرکەوتووە. ڕاستییەکەی لاوازی سووریا بەو مانایەیە کە هەم ڕووسیا و هەم حیزبوڵڵا بەتوندی لاواز بوون. ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٣ەوە تا ئێستە بەبێ بەشداری حیزبوڵڵا نەیدەتوانی بەردەوام بێت. هۆکاری مانەوەی ڕژێمی ئەسەد ئەمە بوو کە حیزبوڵڵا شاری قوسەیری لەسەر سنووری سووریا و لوبنان داگیر کرد و بەشار ئەسەد توانی ناوچەیەکی ستراتیجی پەناگەیی دروست بکات. پاشان لە ساڵی ٢٠١٥، ئەوە دەستتێوەردانی ڕووسیا بوو کە بەشار ئەسەدی ڕزگار کرد. ئەمڕۆ ئەم دۆخە دووچاری داڕمان بووەتەوە و ڕەنگە مێژوونووسانی داهاتوو بڵێن کە بونیادنەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەیەکانی ٢٠١٠ و ٢٠٢٠دا یەحیا سینوار و حەسەن نەسروڵڵا بوون، لە داڕمانی ڕووتی عەقڵانییەت و لە شێتییاندا.

من تەنانەت لە چوارچێوەی ئەخلاقی قسە ناکەم. بۆ من، هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر بە تاوانێکی کۆمەڵی دادەنرێت، هەروەک چۆن وەڵامی ئیسرائیلیش تاوانێکی کۆمەڵییە کە ڕەنگە لە داهاتوودا وەک جینۆساید بناسێنرێت. من لە حەقیقەدا لەبارەی داڕمانی ڕووتی عەقڵانییەت دەدوێم. ئەم لەناوچوونی عەقڵانییەتە، هەم بەرەی فەلەستین، هەم حیزبوڵڵا و هەم بە شێوەیەکی گشتی بەرەی ئێرانی بەتوندی لاواز کردووە. کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد نیشانەیەکی زۆر ڕوونە لەم بوارەدا.

لاوازی ئەم بەرەیە وا دیارە ڕێگەی بە ئیسرائیلیش داوە قورسایی و دەسەڵاتی خۆی بە بەراورد بە ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر بکات. ئەگەر بارودۆخی ئێستە لەگەڵ ٤٠ ساڵ لەمەوبەر یان تەنانەت ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بەراورد بکەین لە پێوەند لەگەڵ پرسی کورددا چوار ئەکتەری سەرەکی هەبوون: تورکیا و ئێران، عێراق و سووریا. ئەمڕۆ، وا دیارە سەرەڕای هەموو ئەم پێشهاتانە، دوو ئەکتەری سەرەکی ماونەتەوە: ئێران و تورکیا، بە هەموو هێز و لاوازییەکانیان. هێزیان هێشتا لە سەرکوت و زیانپێگەیاندنەکانیاندا[٤] شاراوەتەوە، بەڵام لاوازییان لە پرسی کوردەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەردووکیان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، هەروەها ئەو قەیرانەی کە هەردوو ڕژێمەکە تێیدان.

ئەمڕۆ سووریا و عێراق بەکردەوە لە حاڵەتی وابەستەییدان. کەواتە ئیتر هیچ ئەکتەرێکی عەرەبی گرنگ لە گۆڕەپانەکەدا نییە. دەڵێی گەڕاوینەتەوە بۆ سەدەی شازدە، حەڤدە، یان هەژدە. پرسی کوردەکان بووەتە پرسێکی نێوان ئیمپراتۆری. زۆرێک لە گۆڕانکارییەکان بە شێوەگەلی دیکە لە ڕۆژاڤا ڕوو دەدەن. چونکە تورکیا بەئاسانی دروستبوونی کوردستانێکی سەربەخۆی لە عێراق قەبووڵ نەکرد و ئێرانیش بە هەمان شێوە. لە دەیەی ٢٠١٠، ئێران و تورکیا گوشارێکی بێسنووریان لەسەر کوردستانی عێراق دروست کرد، بە فەرمی ددانیان بە کوردستاندا نەنابوو. ئەمڕۆ، ئەم ددانپێدانەنانە ئاراستەی کوردستانی سووریایە. بۆیە زۆرێک لە پێشهاتەکان بەندە بەم بابەتانەوە. ئایا کوردستانی سووریا بە فەرمی دەناسێنرێت؟ سیاسەتی ئەمریکا چی دەبێت؟ سیاسەتی ئیسرائیل چۆن دەبێت؟ دەسەڵاتێکی زۆر دەدرێتە پاڵ ئیسرائیل، بەڵام ئایا بەڕاستی ئیسرائیل دەسەڵاتێکی وای هەیە؟ بۆیە پرسیارگەلی زۆر هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە.

لە پێوەند بە ئیسرائیل چۆن بیر دەکەنەوە؟ چ ڕۆڵێک لە پێوەند بە پرسی کورد لەم بارودۆخەی ئێستەدا دەگێڕێت؟ ئایا ئەو پەیامە ڕوونانەی کە بۆ سەرکردەکانی کورد لە ڕۆژاڤا دەینێرن، نیشانەی ستراتیجییەکی دیاریکراون؟

باشە لە پێوەند بە ئیسرائیل من ناتوانم بەباشی لە پەراوێزەکانی مانۆڕەکەی تێبگەم. بەڵام شتێک ڕوونە: ئیسرائیل نە خوازیاری ئامادەیی ئێرانە لە ناوچەکە و نە تورکیا. ئیسرائیل چاوی لە درووز، کورد و ڕەنگە عەلەوییەکانە لە سووریا؛ واتە جۆرێک لە کۆمەڵگە کە لە ڕووی چەندایەتییەوە کەمینەن بەڵام خاوەنی ناسنامەیەکی مێژوویی بەهێزن. ئیسرائیل ئەمڕۆ بە شێوەیەکی ئاشکرا پێوەندییەکانی لەگەڵ کوردستانی سووریا دامەزراندووە کە لە لایەن هەردوولاوە ددانی پێدانراوە. ئیسرائیل بەڕاستی قورسایییەکی زۆری لە کۆشکی سپیدا هەیە. کەواتە، بۆ گوشار خستنەسەر کۆشکی سپی، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەنقەرە، و ڕەنگە بۆ پاراستنی کوردەکانی سووریا، بە شێوەیەک کە کوردەکانی سووریا بتوانن ڕۆڵێک لە سووریای نوێدا ببینن – ڕۆڵێک کە ئەمریکایییەکان توانای ئەوەیان نییە بیگێڕن – ئیسرائیل دەتوانێت کاریگەر بێت. بۆیە، گوشارێکی زۆر هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت زۆر زۆر دوورنواڕ بیت. لەوانەیە ئەم گوشارانە بەس نەبن، چونکە هیچ کەس نازانێت سیاسەتەکانی داهاتووی ئەمریکا چۆن دەبێت.

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ دەوڵەت باخچەلی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت و لە پەرلەمانی تورکیادا هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت، ئەو سەرۆکی ناسیۆنالیستیترین پارتە لە تورکیا (مەهەپە)، هەروەها گوتی هەموو پرسێک و هەموو قەیرانێک دەبێت لە پەرلەمان بخرێتە ڕوو و چاکسازیی دیموکراتیکی پێویست بۆ لابردنی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی کورد بەڕێوە بچێت. لەو کاتەوە تا ئێستە گومان و پرسیارگەلی زۆر لە دەوری ئەم پرسە دروست بووە. بێگومان یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئەم حاڵەتە ئەمەیە بزانین چ هۆکارێک هەبووە و هەیە بۆ سەرۆکی یەکێک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە دژایەتیکردنی مافەکانی کوردانی هەیە بەم شێوەیە دەستپێکردنی خولێکی نوێی دانوستاندن (یان بەخۆپارێزییەوە ئەگەر بڵین، پرۆسەی ئاشتی) خستە ڕوو؟ گەڵاڵەی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان بەزۆری کاتێک لە لایەن حکوومەتەکانەوە نیشان دەدرێت کە حکوومەت گەیشتووەتە بنبەستێکی سەربازی لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە یان ئەوەی کە ترسی لە ئەگەری بەهێزبوونی ڕەوتی ئۆپۆزسیۆن هەبێت؟ ئایا لە ئێستەدا حکوومەتی تورکیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پەکەکە لە دۆخێکی وادایە یان ئەوەی کە هۆکارگەلێکی تر هەیە تاکوو پرسێکی لەم شێوەیە لە لایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا بخرێتە ڕوو؟

سەیرکە یەک شت ڕوونە: ئەمرۆ پەکەکە لە ڕووی سەربازییەوە بە مەترسی بۆ سەر حکوومەتی تورکیا دانانرێت، دە ساڵە لە هیچ شوێنێکی کوردستانی تورکیا خەباتی چەکداری نییە. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە. دووەم، بەڕاستی دەیان ساڵە سەرکوتکردن لە دژی بزاڤی سیاسیی کوردەکان هەبووە، کە نە لە پەکەکە جیایە و نە توانای بچووککردنەوەی پەکەکە. ئەم سەرکوتکردنە جیا نییە لە پەکەکە چونکە هەمان پرسی کوردە. بۆیە لە باکوور ئەکتەرێکی مەرجەع هەیە کە پەکەکەیە و ئەکتەرێکی نوێنەریش هەیە کە هەدەپە یان دەم پارتی و ئەوانی دیکەن. ئەم بزاڤە، سەرەڕای هەموو سەرکوتکردنەکان، توانیوییەتی زیندوو بمێنێتەوە.

لە سەددا نەوەد و نۆی ئەوەی بە چالاکیی کوردی دادەنرێت قانوونییە. ئەمەش واتە تاکەکان مل لە چەقۆ دەسوون. چوار مامۆستا کتێبێکیان بۆ منداڵان نووسیوە هیچ شتێکی سیاسی تێدا نییە، بەڵام دیسانەوە دەستگیر کراون. بۆیە تاکەکان لە مەترسیدان. ئەمەش مانای ئەوەیە چیتر پێویست بەخۆشاردنەوە لە ژێرزەمین ناکات بۆ بەڕێوەبردنی چالاکیی کوردی. لە ئەنجامدا، پەکەکە کە لەڕاستیدا جووڵانەوەیەکی گەریلای دەست پێ کردبوو، کوردستانی تورکیای گۆڕیوە. هەرچەند ئەو تاکە فاکتەری ئەم گۆڕانکارییە نەبوو. لەگەڵ ئەمەشدا کۆمەڵگەی کوردی زۆر لەوە زیاتر گۆڕا کە پەکەکە وێنای دەکرد. ئەم گۆڕانکارییانە، گۆڕانکاریی کۆمەڵناسیشن. چل ساڵ لەمەوبەر، لە سەددا حەفتا و پێنجی کوردستان لادێی بوو، بەڵام ئەمڕۆ، لە سەددا حەفتا و پێنجی کۆمەڵگەی کوردستان شارنشینە. وەک کوردستانی ئێران، چل ساڵ پێش، هەر بنەماڵەیەکی کورد حەوت یان هەشت منداڵی هەبوو. ئەمڕۆ، ناونجی منداڵ بۆ خێزان ١.٦٢. چل ساڵ پێش، چینێکی ناوەند لە کوردستان نەبوو. ئەمڕۆ، چینی ناوەند هەیە. چل ساڵ پێش، ئەگەر گرووپێکی کوردی مۆسیقای ڕۆکی لێبدابا، پەکەکە ئەوەی بە خراپ[٥] دادەنا. ئەمڕۆ، گرووپگەلی مۆسیقای کوردی، ڕۆک، ڕاپ، فیلم، ئەدەبیات و هتد هەن. کەواتە، گۆڕانکارییەکی زۆر زیاد ڕووی داوە. پەکەکە کە ئاریکار و بزوێنەر بوو، خۆی بە بەجێماو لەم گۆڕانکارییانە بینییەوە.

کەواتە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەی کە لە تورکیا چی دەگوزەرێت، ڕاستگۆیانە بڵێم، هیچ کەس نازانێت. وا دیارە، هەروەک ئاماژەت پێدا، پارتی ڕاستڕۆی توندڕۆ مەهەپە دژە کورد، دژە ئەرمەنی، دژە یۆنانی، دژە جوو، دژە سوننە و دژە ژنە. بەڕاستی ئەمە خراپترین جۆری ڕاستڕۆی توندڕۆیە کە دەتوانیت وێنای بکەیت. بەم پێیە، توانایی دەستپێشخەری لێرەوە دەستی پێ کرد. ئێستە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە کولتووری سیاسیی تورکیا وەک کولتووری سیاسیی ئێران زۆر پارانۆیایە، هەرچەند لە چوارچێوەیەکی مێژوویی تەواو جیاواز لە ئێران. واتە بەڕاستی ئەم وەسوەسەیە سەبارەت بەو “بێگانانەی کە ڕەنگە دوا پارچەی تورکیامان لێ وەربگرن”، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تورکیا هێشتا تورکیا بمێنێتەوە. بۆ تێگەیشتنی ئەم بابەتە، دەبێت ئاوڕ لەوە بدەیتەوە کە لە مەقدۆنیا لە باڵکان ڕووی دا. مەقدۆنیای عوسمانی بەشێک لە یۆنان، کۆسۆڤۆ، مەقدۆنیای ئێستە و بەشێک لە خاکە فرەوانەکانی لەخۆ دەگرت. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تورکیا، یان ئیمپراتۆری عوسمانی، لە کاتی جەنگی یەکەمی بەڵکان لە ساڵی ١٩١٢ ئەو ناوچانەی لەدەست دا.

لەدەستدانی هەموو ئەم خاکە ئەورووپایییانە بۆ تورکیا وەک تڕۆما و برینێک سەیر دەکرێن و لەو کاتەوە ئەم وەسوەسەیە بۆ کوردستان دروست بووە، واتە مەقدۆنیای نوێیە. ئەرمینیا، مەقدۆنیای نوێ بوو. جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەگەڵ ئەم پرسە شیاوی ڕوونکردنەوەیە. زۆرجار لە ئەدەبیاتی تورکیدا دەبیستین کە لەڕاستیدا مەقدۆنیای نوێی تورکیا، کوردستانە. کەواتە، بە لۆژیکی باخچەلی، “ئەگەر ئێمە دەستتێوەردان نەکەین، ئیسرائیل دەستتێوەردان دەکات.” ئەمەش پێش شەڕی لوبنان لە ساڵی ٢٠٢٤ خراوەتە ڕوو. واتە پێش تیرۆرکردنی نەسروڵڵا، پێش دوایین شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل. واتە ئێمە لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ داین. هێشتا هیچ نیشانەیەک نییە کە شەڕ لە لوبنان ڕوو دەدات، کە سەرۆکی حیزبوڵڵا تیرۆر دەکرێت. بەڕواڵەتیش هیچ شتێک ئەوە نیشان نادات کە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەڕووخێت. بەڵام لە زەینی باخچەلیدا “کاتی ئەوە هاتووە و دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکەین. دەبێت کێشەی کورد چارەسەر بکەین تاکوو بێگانەکان نەیەنە ناوەوە.” بەڕاستی ئەم خاڵە جێی سەرنجە کە هەم لە وتارەکەی باخچەلی و هەم لە وتارەکەی ئەردۆغان وشەی “ئیمپریالیزم” بەکار هاتووە: “بۆ ئەوەی هێزە ئیمپریالیستییەکان نەیەنە ناوەوە.”

لە پێوەند بە دەستپێشخەری ئەم گفتوگۆیە دوو یان سێ داواکاری لە لایەن باخچەلی و ئەردۆغان خرابووە ڕوو کە من پێم وایە بەم هۆکارە، ئەوان زۆر نائومێد بوونە. دەبێت دەقەکەی ئۆجەلان بخوێنیتەوە، ئەوەی کە دەیڵێت ئەوەی کە نایڵێت. سەرەتا ئەوەی کە باخچەلی و ئەردۆغان دەیانویست ئۆجەلان بڵێت پرسی کورد، پرسی تیرۆرە. ئێمە چل ساڵ لەمەوبەر بانگەشەی توندوتیژی و تیرۆرمان تێپەڕاند. ئەمڕۆ، کۆتایی بەم قۆناغەی تیرۆرە دەهێنین. بە دەربڕینێکی تر واتە پرسی کورد بوونی نییە. کوردستان بوونی نییە. هەموو ئەمانە تەنیا لەبەر ئەوەیە کێشەی نائەمنی تیرۆر هەیە. بەڵام ئۆجەلان ئەمەی نەگوت. ئەو گوتی “باشە، ئێمە تەنانەت فوڕمولەی ئۆتۆنۆمی کولتووریشمان ناوێت.” بەڵام پرسی کورد بوونی هەیە، پرسی کورد لە ١٠٠ ساڵ پێش بوونی هەیە. پرسی کورد بەم هۆکارە بوونی هەیە کە جەنگی یەکەمی جیهانی، جەنگی دووەمی جیهانی، جەنگی سارد و زەمینەگەلی جۆراوجۆری مێژوویی هەبووە. دووەم ئەوەی کە، ئەردۆغان و باخچەلی دەیانویست ئۆجەلان داوا لە کوردەکانی سووریاش بکات چەکەکانیان دابنێن. بەڵام ئەو ئەم کارەی نەکرد. بەڵێ، ئەو ئەم کارەشی نەکرد. ئەمە خاڵێکی گرنگە. پاشان خاڵی سێیەم کە بەکورتی و پوخت لە دەقەکەی ئۆجەلاندا هاتووە. پرسی دیموکراسی و پرسی کوردە. ئەوەی کە ئەم دوو پرسە پێکەوە پێوەستن و ئەمڕۆ، بەڕاستی دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵوو ئەم بابەتەی نیشان دا. ئایا دەتوانیت ئەو شتە کەمەی لە دیموکراسی ماوەتەوە لەناو ببەیت و پرسی کورد چارەسەر بکەی؟ ئەوەندە سادە نییە.

سەبارەت بە پرسی گفتوگۆ، دوو سیناریۆ هەیە. یەکێکیان ئەوەی کە گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە پێوەندی بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە هەیە، وەک ئەوەی لە سەرەتاوە ئاماژەتان پێدا. دووەم ئەوەی کە هیچ ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لە لایەن ئەردۆغانەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە، بەڵکوو ئەو پرسە پێوەندی بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ٢٠٢٨ و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغانەوە هەیە. ئەم سیناریۆیە بەتایبەتی دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو هاتە ئاراوە. واتە ئەردۆغان لە کورد نزیک بووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت شکست بە ڕکابەرە سەرەکییەکەی لە تورکیا بهێنێت. ئەم سیناریۆیە تا چەند واقیعییە؟ ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

بەهەرحاڵ دەبێت ئەوە بزانرێت کە ڕژێمی ئەردۆغان ناگۆڕێت. لەوانەیە ساتگەلێک لە کراوەییی پراگماتیک هەبن کە ساتەوەختین، بەڵام هێشتا ڕێسا و بنەما هەن کە پایەدارن. ئەمە لە سیاسەتی ئێرانیشدا دەبینین، هەندێک جار لەناکاو ساتەکانی ڕیفۆرمخوازی سەر هەڵدەدەن، بەڵام بنەما و بارودۆخێک هەیە کە ناگۆڕێن. ئەردۆغان ڕاشکاوانە پێی وایە نەتەوەی تورکیا مافی دەکارهێنی دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکانی تردا هەیە. ئەردۆغان هەرگیز نکۆڵی لە بوونی کوردەکان نەکردووە، بەڵام بە مەرجێک کوردەکان سووژەیەکی بەکۆمەڵ نەبن، بە مەرجێک کوردەکان قەبووڵی بکەن کە هێزێکی بەکرێگیراو، یان هێزێکی پاڵپشتی “تورکخوازی” بن. لێرەدا بەڕاستی دەتوانێت لێکچوونگەلێک لە نێوان ئەوەی لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا ڕووی دا و ئەوەی لە ڕۆژاڤا لە ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٤دا ڕووی دا، پێک بهێنیت. ڕێک پێش جینۆسایدی ئەرمەنییەکان، گوتاری تورک ئەمە بوو. “ئێمە ئێوەی ئەرمەنییەکان بە فەرمی دەناسین و قەبووڵی دەکەین کە نادادپەروەریمان لەگەڵتاندا کردووە.” بەڵام ئێستە کە ئەم بە فەرمیناسینە ڕووی داوە، ئێوەی ئەرمەنییەکان دەبێت لە خزمەتی نەتەوەی تورک بن. وەلێ بە پێچەوانەوە چونکە ئەرمەنییەکان خوازیاری گۆڕانکارییەکی دیموکراتیکییانەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوون و قەبووڵیان نەکرد لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی تورکەکان بن، جینوسایدی ئەرمەنییەکان ڕووی دا. هەرچەندە تاکە هۆکاری کاریگەر لە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان نەبوو، بەڵام یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان بوو.

لە ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٤ گوتاری ئەردۆغان سەبارەت بە کوردەکانی تورکیا و سووریا ڕێک ئەمە بوو. بەستێن، بەستێنی جینۆساید نەبوو، بەڵام گوتارەکە وەک یەک بوو. ئێمە ئێوەی کوردەکان بە فەرمی دەناسین. ئێمە تەنانەت زۆر نادادپەروەرانە ڕەفتارمان لەگەڵتاندا کردووە. ئەو ئاماژەی بە دێرسیم و شێخ سەعید کرد. بەڵام ئێستە کە ئەم بە فەرمیناسینە ڕووی داوە، ئێوە پێویستە خۆتان بخەنە خزمەت نەتەوەی تورکی سوننەوە. بەو پێیەی ڕۆژاڤا و کوردستانی تورکیا ئەم داوایەیان ڕەد کردەوە، دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی لەناوبردنی کوردەکانی گرتەبەر. بەڕای من هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە ئەردۆغان ئەم ڕێڕەوە بەلاوەبنێت. ئەردۆغان بەردەوام دەڵێت “نیشتمانی ئێمە ٢٠ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو، بەڵام بەشێکی زۆرمان لێ وەرگیرا. لە کاتێکدا ئێمە مافی بەکاربردنی دەسەڵاتمان هەیە.”

بۆ ئەردۆغان، ساڵی ٢٠٥٣ زۆر گرنگە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ ٦٠٠ ساڵەی یادی داگیرکردنی قوستەنتینییە، واتە کاتێک تورکەکان بوونە ئیمپراتۆر. هەروەها ساڵی ٢٠٧١ زۆر گرنگە و زۆرجار دەڵێت میللەت بەسەر دوو دەستە دابەش دەبێت: دۆستانی ساڵی ٢٠٧١ و دوژمنانی ساڵی ٢٠٧١. ساڵی ٢٠٧١ چییە؟ هەزارساڵە شەڕی مەلازگیرد.[٦] بۆ یەکەم جار کە عوسمانییەکان توانییان بە هاوکاری کوردەکان شکست بە ئیمپراتۆری بیزەنتی بهێنن. بۆ ئەردۆغان، ئەمە سەرەتای ئەرکی مێژوویی دەکارهێنی دەسەڵاتی نەتەوەی تورکە. بۆیە پێم وایە لەبیرکردنی ئەم پاشخانە مێژوویییە لە شرۆڤەدا زۆر مەترسیدار دەبێت. هەروەها لە بیرمان نەچێت ئەردۆغان بە درێژایی ژیانی لە ١٠ یان ١٥ کتێب زیاتری نەخوێندووەتەوە. خامنەیی لەو زیاتری خوێندووەتەوە.

ئەم ١٠ یان ١٥ کتێبە کە ئەردۆغان خوێندوویەتییەوە، کتێبگەلێکن بە بابەتی پیلانگێڕی. ئیمپریالیزمێک کە ئیمپراتۆری عوسمانی دابەش کرد، جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ لەناوبردنی ئیمپراتۆری عوسمانی بوو و هتد. کەواتە لەم ڕوانگەیەوە، پێم وایە نابێت چاوەڕوانی پەرجوو بین. هەڵبەتە بێ دوودڵی ئەگەر کوردەکان خۆیان قەبووڵی بکەن کە سووژەی بەکۆمەڵ نەبن، بەڵکوو تەنیا ئۆبژە یان هێزی پاڵپشت بۆ سیاسەتەکانی ئاکەپە بن، لەو حاڵەتە هیچ کێشەیەک نابێت.

ئێستە، هێزە کوردییەکان چۆن بەرانبەر ئەم بابەتە کاردانەوەیان دەبێت؟ پێم وایە ڕووناکبیرانی کورد بەتەواوی بەئاگان. دەم پارتیش بەتەواوی هۆشیارە. کەواتە لەم حاڵەتەدا، چ جۆرە نزیکایەتییەک دەتوانێت هەبێت؟ ئایا کوردەکان دەتوانن خۆیان، بەبێ بەستراوەیی بە جووڵانەوەی دیموکراتیکی تورکیا، بەدوای ئەم ئامانجەوە بن؟ چونکە تا ئێستە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە تورکیا هیچ کارێکیان بۆ کوردەکان نەکردووە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کوردەکان دەتوانن بە تەنیا خۆیان پرسی دیموکراسی بەرەوپێش ببەن؟ یان ئایا پێویستە دیموکراتیزەبوونێک لەناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا ڕوو بدات؟ بەو مانایەی هێزێکی دیموکراتیک لەناو ئۆپۆزسیۆندا سەر هەڵبدات کە ئەم ئامانجە دیموکراتیکە لە تورکیا بەرەوپێش ببات. بەتایبەت لە پێوەند لەگەڵ پرسەکانی تورکیا.

هەر بۆیە من بەردەوام باس لە ئەزموونی ئیسپانیا لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ تاکوو ١٩٧٨ دەکەم. چونکە لەم ماوەیەدا، سێ ڕژێمی دوایین دیکتاتۆری لە ئەورووپای ڕۆژئاوا داڕووخان: یۆنان، پورتوگال و ئیسپانیا. یۆنان و پورتوگال، پرسی “کەمینەکان”یان لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا نەبوو، بەڵام ئیسپانیا؟ بەڵێ. ئەوەی ڕووی دا ئەمە بوو چەپی ئیسپانیایی، کە ئەکتەری سەرەکی گۆڕانکارییەکان بوو، هەم شەرعییەتی بە خەباتی دیموکراتیک دا و هەم پرسەکانی باسک و کەتەلۆنی وەک پرسگەلی نەتەوەیی دیموکراتیک و ڕەوا قەبووڵ کرد. بۆیە ئەم جۆرە لە شەرعییەتدان ڕووی دا. ئایا چەپی تورکیاش، کە خۆی بە چەپی کەمالیستی دەزانێت، توانای هەمان کاری هەیە؟ من نازانم، پێناچێت وا بێت، من هیچ گۆڕانکارییەک لەم ڕووەوە نابینم، بەڵام دیسانەوەش دەبێت ببینین. لەگەڵ ئەمەشدا من پێم وایە تەنیا گۆڕانی ئەم پرۆسەیە دەتوانێت یارمەتی کوردەکان بدات تاکوو ئامانجی دیموکراسی لە تورکیا بەرەوپێش ببەن. کەواتە دەبێت لێرەوە دەست پێ بکات.

وەک دەزانین لە تورکیا حیزبی جیاواز هەیە و ئەم لایەنانە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا ڕوانگەی جیاوازیان بۆ پرسی کورد لەم وڵاتەدا هەبووە، بە بۆچوونی ئێوە بەرەنجامی تێڕوانین و هەڵوێستی ئەم لایەنانە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕە دەسەڵاتەی کە هەر لایەنێک لەناو سیستمدا هەیەتی لە هەلومەرجی ئێستەدا سەبارەت بە پرسی کورد دەشێت چ ئاراستەیەک بگرێتەبەر و تا چ ڕادەیەک لە پرۆسەی پەرەسەندنی ئەم دانوستاندنانەدا دەتوانێت کاریگەر بێت؟

باشە دەبێت بزانیت لە تورکیا ١٤٠ حیزب هەیە و لەم ژمارەیە کەم تا زۆر ١٠ حیزبی گرنگ هەن. بۆ نموونە، نەک تەنیا یەک حیزبی ئیسلامخواز، بەڵکوو سێ حیزبی ئیسلامی هەیە. نەک تەنیا یەک حیزبی ڕاستڕۆی توندڕۆ، بەڵکوو سێ حیزبی ڕاستڕۆی توندڕۆ لە پەرلەمانی تورکیا هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا سێ حیزب لە هەموو ئەوانی تر گرنگترن. حیزبێک کە بەتەواوی بووەتە توێکڵێکی بەتاڵ، چیتر پێکهاتەیەکی لەباری نییە، توانای بەرهەمهێنانی سیاسەت و پێشبینی بۆ داهاتوو نییە. ئەمە حیزبی سەرۆک کۆمارە، واتە ئاک پارتی.

حیزبی دووەم، حیزبی مەهەپەیە، کە ڕێک لە دۆخێکی هاوشێوەدایە. واتە لەڕاستیدا، ئەوە سەرۆکی حیزبە قسە دەکات و حیزبیش ئیتر ئەو دینامیزمە پێویستەی نییە بۆ کارکردن. دەمێنێتەوە حیزبی سێیەم کە حیزبی جەهەپەیە و نزیکەی لە سەددا ٣٠ی دەنگدەرەکانی لەگەڵدایە. هەموو شتێک بەندە بەوەوە کە لەناو ئەم حیزبەدا چی ڕوو دەدات. ئەم حیزبە نوێنەرایەتی شتێکی سەیروسەمەرە دەکات، حیزبی جینۆسایدکەرەکانە. حیزبێکە کە جینۆسایدی ئەرمەنییەکانی کرد، حیزبی کەمالیستەکانە. ئەم حیزبە حیزبێکە کە لە سەردەمی مستەفا کەمالدا ڕێنوێنی سیاسەتی کوردی کرد. لەم حیزبەدا، خەڵکێکی زۆر هەن، لەوانە مەنسوور یاڤاش، سەرۆک شارەوانی ئەنقەرە، کە فاشیستێکی ڕاستڕۆی توندڕۆیە. لە لایەکی تریشەوە، ڕەوتێکی دیموکراتیکیش هەیە کە لە حاڵەتی سەرهەڵدانە. کەسانێک هەن کە زۆر لە ئیمام ئۆغڵوو دیموکراتیکترن و دەزانن لەڕاستیدا، پرسی کورد بوونی هەیە. ئەوان چەند مانگێکە دەڵێن پرسی کورد بوونی هەیە و پرسی دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنە. پێشتر ئەوان ئەمەیان نەدەگوت. بەم پێیە، لەم حیزبەدا ئەم باڵە و ئەو باڵە هەیە. کەواتە، دەبێت لە چاوتروکانێکدا بڕیار بدەن کە ئەم حیزبە دەیەوێت بەرەو کام ئامانج، کام ئاراستە، بڕوات.

واتە دوو ڕەوت لەناو ئەم حیزبەدا هەیە؟

بەڵێ، ڕاستە. هەموو شتێک دواتر بەندە بەوەوە کە کام ڕەوت هێزی زیاتر بەدەست دەهێنێت. کێشەکە ئەمەیە ئەم حیزبەش لە خراپترین دۆخدایە، واتە ئیفلیج بووە و پازدە ساڵە لەم دۆخەدایە. حیزب بەتەواوی ئیفلیج بووە. چونکە دەبێت لە نێوان دوو شتی ناسازگار سازشێک بەدی بهێنێت، واتە دەبێت ئەم دوو ڕەوتە دژبەیەکە ڕازی بهێڵێتەوە. لە ئەنجامدا حیزب بە جۆرێک لە ناوەوە خۆی لەناو دەبات و خۆی لە هەر بوارێک بۆ مانۆڕ بێبەش دەکات. چونکە ناتوانێت سیاسەتی دیموکراتیزەکردنێک بەرەوپێش ببات کە پرسی کورد لەخۆ بگرێت.

وەک دەزانین لایەنی کوردستانیش لەخۆیدا خاوەنی یەک ناوەندی بڕیاردان نییە و پێدەچێت ئەو بڕیارانەی دراوە بەرەنجامی بۆچوون و هەڵوێستی لانی کەم سێ توخمی بنەڕەتی بن واتە پەکەکە، دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان. بە ڕای ئێوە ئەو هۆکارانە چین کە دەتوانن ببنە هۆی ناکۆکی و دواجاریش لاوازی بەرەی کوردستانی؟ ئەم بەرەیە چۆن دەتوانێت میحوەری خۆی بەهێز بکات و لە حاڵەتی بەردەوامیی پرۆسەی گفتوگۆکان زۆرترین دەستکەوت بۆ کورد بەدەست بهێنێت؟

ئۆجەلان بەدڵنیایییەوە فاکتەری یەکلاکەرەوەیە. چونکە دوای ٤٠ ساڵ لە خەباتی چەکداری و سەرەڕای ئەوەی ٢٥ ساڵە لە زینداندایە، هێشتا قورساییی سەمبولی ئەو کەم نەبووەتەوە. ئەم قورسایییە سەمبولییە لە پراکتیکیشدا ڕەنگ دەداتەوە. سەردەمێک لە جیهانی عەرەبیدا بۆ کەسێک کە لە دۆخێکی وادا بوو دەستەواژەی “زین”یان بەکار دەهێنا. بەو مانایەی ئۆجەلان دەتوانێت چارەنووسساز بێت. ئەو دەتوانێت ڕەنگی ئاگر بگۆڕێت لە سوورەوە بیکات بە سەوز. لە هەمان کاتدا ئەوەندە قورسایی هەیە تاکوو پەکەکە پەیڕەوی لێ بکات و دەم پارتیش پشتیوانی لێ بکات. بەڵام بۆ ئەم کارە، پێویستە لە قۆناغێکدا، بە جۆرێک، ڕژێمی ئەردۆغان ئیمتیازاتێک بە کورد بدات. باشە، ئەم ئیمتیازە چی دەبێت؟ گرەنتیدان بە ئەکتەرە سەرەکییەکان، بۆ نموونە بە لایەنی دەم پارتی. بوونی ڕۆژاڤا قەبووڵ بکات. چونکە باوەڕم وایە کە ئەمڕۆ زۆر بابەتی پێوەست بە ڕۆژاڤا هەیە و هەمووان ئاگاداری ئەوەن. بۆیە پاراستن و پارێزگاری لە ڕۆژاڤا و ئیمتیازدان لەم بوارەوە. واتە لەم بوارەوە ڕێککەوتنگەلێک بکرێت. ئێمە ئەمڕۆ لەم خاڵەداین و ئەم سێ ئەکتەرە لە لایەک نە لە یەکتر جیاکراوەن و نە بچووککراوە.

بەم پێیە، لە هەر ئاستێکدا ئەگەری ئەوە هەیە جۆرێک لە سەربەخۆیی لە پراکتیکدا دروست بێت یان توخمگەلێک بۆ خاوکردنەوەی پرۆسەکە بێنە ناوەوە. لەبەر ئەم هۆکارەیە جەخت دەکەمەوە – و چەند جارێکیش ئەمەم گوتووە – ئەم باسە دەبێت لەم سێگۆشەیە سەرتر بڕوات. پێویستە کۆمەڵگەی کوردی خۆی دەستتێوەردان بکات، بابەتەکان بخاتە دەستی خۆی، بەڵام ئەم دەستتێوەردانە دەبێت بە هەموو هەمەچەشنی و ئاڵۆزییەکانییەوە، و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو هەستیارییەکانی هەن جێبەجێ بکرێت. ئەم هەستیارییانە زۆرن و لەخۆگری جیاوازی نەوەکان دەبن. هیچ کام لەم هەستیارییانە، جگە لە ڕەوتە پەراوێز و بچووکەکان، نە دژە پەکەکەن، نە دژە دەم پارتی و نە دژە ئۆجەلانن. بەم پێیە هەستیاریگەلی نەوەیی هەن، هەستیاریگەلی نەتەوەییش هەن، هەروەها جۆرەکانی تری هەستیارییەکان. سەرەڕای ئەمەش، ترسی ئاشبەتاڵێکی[٧] تر هەیە. وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٥ لە باشووری کوردستان ڕووی دا. هەروەها هەستیاریگەلی ناسنامەیش هەن. کەواتە، ئێمە بەڕاستی ڕووبەڕووی پرسگەلێکی فرەوان بووینەتەوە. لە ئەنجامدا، دەبێت لە قۆناغێکدا ئەم پرسە بە شێوەیەک بەرەوپێش بچێت کە پرسی کورد بەڕاستی ببێتە پرسێک کە کۆمەڵگەی کوردی خۆی پانتایی و سەکۆی سەرەکی ئەم باسە بێت. دەزانم پرسیار و گفتوگۆی زۆر هەن. پێویستە ئەم باسانە بگەنە ئاستی گشتی و هزر بورووژێنن.

ئەو بابەتەی دەمێنێتەوە، کۆمەڵگەی تورکیایە. ئەمە ئەو شتەیە کە لەم بارەیەوە بیری لێ دەکەمەوە. کۆمەڵگەی تورکیا ئەمڕۆ بەتەواوی سەبارەت بە پرسی کورد بێباکە. بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئۆپۆزسیۆن هەیە. لەم ڕۆژانە پەرجوویەک خەریکە ڕوو دەدات – خوێندکاران لە ماوەی چوار یان پێنج ڕۆژی ڕابردوو دەستیان بە جووڵانەوەی جددی کردووە و ئێستە سەدان هەزار کەس لەسەر شەقامەکانن و ئەمە هەمان دۆخە – ئاشتی و دیموکراسی لەرزۆک لە تورکیا. لە قۆناغێکدا، هەستی “ئیتر بەسە” سەر هەڵدەدات. بەڵێ، بەسە، ئیتر بەسە. ساڵانێکە ئەردۆغان هەموو شتێک دەگۆڕێت. کێشەکە لەوەدایە کە لە شوێنێکدا، هەنگاوێکی لە ڕادەبەدەر دەنێت. ئەو هەنگاوە زیادەیە مانای چییە؟ واتە ئەوەی کە ئەردۆغان بەڕاستی، ئێمەی بە چی داناوە؟ ئێمەی بە ڕەعییەتی خۆی دەزانێت؟ با بزانین لەم بارەیەوە چی ڕوو دەدات؟ بەڵام تا ئەم ساتەوەختە، لەڕاستیدا، کۆمەڵگەی تورکیا خۆی هیچ هەنگاوێکی نەناوە و پرسی کورد وەک بابەتێک کە دەبێت لەبارەیەوە گفتوگۆ بکرێت، بە پرسی خۆی نەزانیوە. بۆیە دەبێت بزانین لەم بوارەدا چی ڕوو دەدات.

کەواتە، وەک گوتم، کۆمەڵگەی کوردی پێویستە کەشگەلێک بۆ دەربڕینی بۆچوون بدۆزێتەوە و ئەمەش تەنیا بەرتەسک نییە بە کوردستانی تورکیا، بەڵکوو پێوەندی بە هەموو ناوچەکەوە دەبێت. واتە بەڕاستی، ڕۆژاڤا بیر لە چی دەکاتەوە؟ باشوور چ بۆچوونێکی هەیە؟ پێم وایە ئەمە یەکەم جارە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا کە پێوەندییەکی وەها نزیک لە نێوان ڕۆژاڤا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە. ئەمە بێ پێشینەیە. واتە ئەوەی کە، لە قۆناغێکدا، کوردەکان دەڵێن: “ئێمە ئامرازی دەستی ئێرانی و تورکەکان نین. لە چوارچێوەی ئەو سنوورداربوونەی کە هەمانە، دەمانەوێت سووژەی مێژووی خۆمان بین.” و ئێمە دەزانین لەم یەکبوونە بە ئاشکرا ئەمریکایییەکان و فەرەنسییەکان ڕۆڵێکی بەتەواوی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە.

لەم بارەوە ڕێگە بدەن با پرسیارێکی تایبەتیتر لە پێوەند بە ڕۆڵی ئۆجەلان بپرسم. زۆرێک لەبەر نیگەرانی یان لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە پرسیار دەکەن چۆن سەرکردەی حیزبێک کە ساڵانێکە زیندانی بووە دەبێت بە تەنیا خۆی بڕیار لە چارەنووسی نەک تەنیا حیزبێک بەڵکوو گەلێک لەسەر ئاستی ناوچەکە بدات. ئێوە لە پێوەند بە ڕۆڵی ئەو وەک ڕێبەرێک لە زیندان چ بۆچوونێکتان هەیە؟

ڕۆڵی ئۆجەلان زۆر گرنگە، چونکە کەسایەتی ئەو نوێنەرایەتی پرسی کورد دەکات. بە نوێنەرایەتیکردنی ئەم ڕۆڵە بە شێوەیەکی تاکەکەسی، ئەو تەواوی ئایدۆلۆجیای تورکیا، کە لەسەر نکۆڵی کوردستان ڕۆ نراوە، دەڕووخێنێت. ئایدۆلۆجیایەک کە پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی تاوانبار و تیرۆریستی وەسف دەکرد و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کوردەکان بوونیان نییە، یان ئەوەی کە کوردەکان لەڕاستیدا تورکێکن لە ناسنامەی خۆیان نامۆن. بەم پێیە، بۆ چاودێرێکی غەیرە کورد، بارودۆخی هەنووکە تەواو سەرسوڕهێنەرە. لە لایەک، یەک کەس هەیە و لە لایەکی تر، دەوڵەتێکی سەدساڵە لەگەڵ سوپا، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی داد و هەموو دامودەزگانی. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە. ئەم دۆخە نیشاندەری ئەمەیە کە سیاسەتی سەدساڵەی تورکیا ناکارامە بووە و شکستی هێناوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا پرسیاری زۆر هەن و داهاتوو دەبێت بەکراوەیی بهێڵرێتەوە. بۆ من و ڕەنگە بۆ زۆرێک لە کوردانی تورکیا و لەوانەیە بۆ زۆرێک لە کوردانی ناوچەکە، پرسی سەرەکی ڕۆژاڤایە. پرسیار ئەمەیە ئایا ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی پاراستن و بەردەوامیی ڕۆژاڤا یان نا؟ پێم وایە ئەگەر ئەمە بەدی هات، دوای ئەوە، دەسەڵاتی ئۆجەلان نابێتە جێی مشتومڕ. هەموو لایەنە کوردییەکان ئەمڕۆ دەزانن کە دوێنێ کێشە کوردستانی عێراق بوو، ئێستە کێشە ڕۆژاڤایە. واتە لەدایکبوونی کوردستانی دووەم. لێرەدا، دەسەڵاتی ئۆجەلان کارساز دەبێت. سەرەڕای ئەمەش ئەوەی کە دەسەڵاتی ئۆجەلان ئەمڕۆ کاریگەرە و قورساییی سەمبولییەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نییە کە دەزانین دواڕۆژی کوردستان چۆن دەبێت. پێش هەموو شتێک، دەبێت بڵێین پەکەکە سبەی چۆن دەبێت. سەرەتا دەبێت بپرسیم کە پەکەکە چ چارەنووسێکی دەبێت. پەکەکە چییە؟ ئەمە ڕێکخراوێکی سەربازی و ئایدیۆلۆجی داخراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەیان هەزار ڕووناکبیر، هونەرمەند و کەسانی جۆراوجۆر لە دەوروبەریدایە. تۆ دەتوانی نیگارکێش یان سینەماکار بیت کە ڕەخنە لە نوخبەی سیاسیی کورد دەگرێت و لە هەمان کاتدا بڵێت “منیش پەکەکەم.”

جگە لەمەش، سەدان هەزار کەس هەن کە هیچ پێوەندییەکی ڕێکخراوەیی ڕاستەوخۆیان بە پەکەکەوە نییە. بەم پێیە، پەکەکە لەناو ناچێت. ئەمڕۆ وا مەزەندە دەکرێت کە پەکەکە لە نێوان ١٠ بۆ ١٥ هەزار هێزی چەکداری هەیە. ئایا ئەم هێزانە لە سروشتدا لەناو دەچن؟ یان ئەوەی کە ئاوێتەی پێکهاتەیەکی تر دەبن؟ هیچ کەس، بە خۆمەوە، ناتوانێت پێشبینی بکات کە سبەی چ ڕوو دەدات و پەکەکە چ پێگەیەکی لە تەڤگەڕی داهاتووی کۆمەڵگەی کوردی دەبێت.

هەروەها پرسیارگەلێک لەبارەی ڕۆژهەڵات (کوردستانی ئێران)یش هەیە. ئەمڕۆ هیچ کام لە لایەنە کوردییەکانی ئەم ناوچەیە، خۆشبەختانە، پەنایان بۆ خەباتی چەکداری نەبردووە. لە ساڵی ٢٠٢٢ (لە کاتی ڕووداوەکانی جووڵانەوەی ژن، ژیان، ئازادی)، ڕێژیمی ئێران بە ناردنی تانک و گەمارۆدانی شارەکان هەوڵی دا کۆنتڕۆڵ بەدەست بگرێت، بەڵام خۆشبەختانە کوردەکان فریوی ئەم داوەیان نەخوارد. وەلێ ئەگەر وا دابنێین کە ڕێژیمی ئێران زۆر لاواز بێت، ڕەنگە ڕێکخراوە کوردییەکان لە پێکهاتەی سەربازی خۆیاندا تووشی داڕووخان بن – نەک لە پێکهاتەی سیاسی یان توانای نوێنەرایەتییان، بەڵکوو لە ڕەهەندی سەربازی. ڕەنگە پێکهاتە سەربازییەکانی ڕێکخراوە کوردییەکان لە دۆخێکی ئاڵوگۆڕی سیاسیدا وردە وردە ناپێویست یان بێ کەڵک بن. ئەمەش بە مانای نەمانی ئەوان وەک ئەکتەرانی سیاسی نییە، بەڵام پرسیارێک دێتە ئاراوە لەبارەی پێکەوەگونجانیان لەگەڵ دۆخە نوێیەکە.

بەم پێیە، ئەگەر لە کوردستانی تورکیا پرۆسەیەکی ئاشتی دەست پێ بکات، دینامیکەکانی داهاتووی چی دەبێت؟ سەرەڕای ئەمانە، تا ڕادەیەک جیهانبینی ئایدیۆلۆجی ئەردۆغانم پێتان ناساند. پێکەوەلکاوییەک هەیە کە من پێی دەڵێم ئایدۆلۆجیای تورکی. ئایدۆلۆجیایەکی تورکی هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٨٦٧-١٨٧٧، واتە سەردەمی عەبدولحەمید، قۆناغی پاشەکشە لە بەشێک لە باڵکان لەو سەردەمەدا. بۆ عەبدولحەمید زۆر ڕوون بوو کە “تورکبوون” گرنگی هەیە. ئێمە لەم کەشەداین، ئێستە پرسیار ئەوەیە ئایا ڕژێمی تورکیا دەتوانێت لەم ئایدۆلۆجیایە بێتە دەرەوە؟ هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو خاڵە، کەواتە لەم سۆنگەیەوە من دەڵێم هەنگاو بە هەنگاو و لەم پرۆسەیەی هەنگاو بە هەنگاوە، ئەگەر بمەوێت پلەبەندی ڕاستەقینە بکەم، ئەولەوییەت ڕۆژاڤایە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا کە لە ٢٧ی فێبریوەریدا لە لایەن ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد خوێندرایەوە خوازیاری چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بوو، بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتەی ئەم حیزبە و هەروەها پێشینەی خەباتیشی وەک یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین حیزبی کوردی، ئەم پێشنیازەی ئۆجەلان تا چ ڕادەیەک شیاوی پراکتیزەبوونی هەیە؟ لە ئەگەری پراکتیزەبوون یان نەبوونی هەریەک لەم دوو حاڵەتە، چ دەرهاویشتەیەکیان بۆ بزاڤی کوردستانی تورکیا دەبێت؟

دەرهاویشتەکانی ئەم بابەتە دەتوانێت زۆر هەمەچەشن و هەم ئەرێنی و هەم نەرێنی بن. لە لایەک، کۆمەڵگەی کوردی زۆر بزۆزە، لەگەڵ نەوەیەک کە بەردەوام خەریکی نوێکردنەوەی خۆیەتی. لە تورکیا کاتێک باسی نەوەی سیاسی دەکەین، مەبەستمان ئەو نەوەیەیە کە لە ساڵی ١٩٦٨ هاتە گۆڕەپانەکە، پاشان لە ساڵی ١٩٧٨ و دواتر هیچ، بەڵام لە کوردستان، نەوەکانی ١٩٦٨، ١٩٧٨، ١٩٨٨، ٢٠٠٨، ٢٠١٦ و ڕەنگە ئێستە ٢٠٢٤-٢٠٢٥ هەن. ڕووبەڕووبوونەوە و گۆڕانکارییەکانی نێوان نەوەکان، هەروەها بوونی بەهێزی ژنان لە بزاڤی کوردیدا بەردەوام هەبووە. بەڵام ئەمڕۆ ئەم ئامادەبوونە زۆر لە ڕابردوو بەهێزترە. داواکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی زۆر هەمەچەشن بووە و ئیتر بەتەواوی یەک جۆر نین، لەگەڵ ئەم ناسنامەی کوردییە هێشتا بنەمایەکی هاوبەش لە نێوانیاندایە، بەڵام کاتێک باس لە داواکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت، جیاوازیگەلی ئاشکرا دەبینرێت. بەم پێیە، لە کەشێکی ئاشتەواییدا کۆمەڵگەی کوردی دەتوانێت سوود لە سەرچاوە کولتووری و سیاسییەکانی خۆی وەربگرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی کاروباری خۆی بەڕێوە ببات – تەنانەت ئەگەر ئەم دۆخە بە شێوەیەکی فەرمی ناوی “خۆبەڕێوەبەری” لێ نەنرێت. ئەگەر پەکەکە چیتر وەک ڕێکخراوێکی چەکدار نەمێنێت، ناوی “ڕێکخراوی تیرۆریستی” کە تورکیا لێی ناوە و ئەورووپاش قەبووڵی کردووە، چیتر هیچ مانایەکی نامێنێت. لە وەها هەلومەرجێکدا، تورکیا خۆی لە دۆخێکی دژواردا دەبینێتەوە.

وەلێ لە لایەکی ترەوە، ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری کوردانی سووریا بێت، ئەگەر بارودۆخ لە ڕۆژاڤا خراپتر بێت و ئەگەر سەرکوت لە ڕۆژهەڵات بگاتە لووتکە، داهاتوو بە شێوەیەکی گشتی تاریک دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، نابێت بکەویتە داوی ڕەشبینی یان گەشبینی تەواوەوە. نابێت هەموو شتێک بۆ قەزاوقەدەر و چارەنووس جێ بهێڵیت. دەبێت جەخت لەوە بکەیتەوە کە کوردەکان قوربانی چارەنووسی حەتمی نین، بەڵکوو دەتوانن مێژووی خۆیان دروست بکەن. ئەوان سەبجێکتیڤیتییان (خۆیەتی) هەیە – واتە پرۆسەی بوون بە سووژەیەکی چالاک لە چارەنووسی خۆیاندا. ئەم سەبجێکتیڤیتییە بەکۆمەڵە، فرەچەشن و ئاڵۆزە. کوردەکان تەنیا ئۆبژەیەک نین بۆ سەرکوت؛ بەڵکوو دەتوانن خۆیان دروست بکەن. کەواتە، دەبێت زۆرترین وەبەرهێنان لەم لایەنەدا بکەین، نە بکەوینە تەڵەی ڕەشبینی ڕەهاوە و نە فریوی ئەردۆغان یان باخچەلی بخوێن.

بە بۆچوونی ئێوە دەرهاویشتەکانی ئەوەی لە باکوور دەگوزەرێت چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر بارودۆخی خەباتی کوردەکان لە پارچەکانی تری کوردستان بەتایبەتی ڕۆژاڤا و ڕۆژهەلات دابنێت؟

سەبارەت بە ڕۆژهەڵات، بەهەرحاڵ، من بە هەموو ئەوانەی گرنگی بە ئێران و هەروەها تورکیا دەدەن ڕادەسپێرم کە کتێبی پاییزی باوکسالار لە نووسینی گابرێل گارسیا مارکێز بخوێننەوە. ئەم ڕۆمانە لە ئەمریکای ناوەندی ڕوو دەدات، باس لە ڕژێمێک دەکات لە حاڵەتی بێهۆشیدایە؛ ڕژێمێک کە لە سەرەمەرگدایە بەڵام هێشتا بەردەوامە لە سەرکوتکردن و لەسێدارەدان. ئەمەش ڕێک هاوشێوەی بارودۆخی ئێرانە. پێم وایە ئەم کتێبە بەڕاستی کلیلێکی ڕوونکردنەوەمان پێ دەبەخشێت. ڕێژیمی ئێران، لەڕاستیدا، مردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا، هێشتا توانای کار و جووڵەی هەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا، ئێمە دەزانین ڕژێم لە ناوەوە خاڵی بووەتەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر، خامنەیی گوتبووی: “ڕۆژێ کە ئێمە ببینە تەنیا کۆمارێکی ئیسلامی، ڕۆژئاوا بە فەرمی دەمانناسێت. بەڵام ئێمە هەرگیز تەنیا کۆمارێکی ئیسلامی نابین، ئێمە هەمیشە کۆمارێک و شۆڕشێکی ئیسلامی دەبین.” ئەمڕۆ، لەسەر ئاستی ناوچەیی، بۆ ڕژیم زۆر دژوارە قسەی وا بکات. کام شۆڕش؟ حیزبوڵڵا شکستی خواردووە، ئیسرائیل لەسەر خاکی خۆی ئێرانی زەلیل کردووە، ڕژێمی بەشار ئەسەد کەوتووە. لە ئەنجامدا، ڕێژیمی ئێران بەتوندی لە تەنگژەدایە.

هەڵبەتە ناتوانی ئەگەری بەردەوامی ئەم ڕژێمە ڕەد بکەیتەوە. ڕەنگە ئەم ڕژێمە دە ساڵ یان تەنانەت پازدە ساڵی تر بەردەوام بێت، بەڵام وەک چۆن ڕژێمی سۆڤیەت لە قۆناغێکدا تووشی داڕمانی ناوخۆیی بوو، ڕەنگە هەمان شت بەسەر ئێرانیشدا بێت. ڕژێمی سۆڤیەت نەک تەنیا بە هۆکاری ئابووری، بەڵکوو بەهۆی ململانێ نەژادییەکان و سەرتر لەو ڕووخا. لە کۆتاییدا، ناوەکی ناوەندی ئەم ئیمپراتۆرییە ئیتر توانای باوەڕپێهێنانی خۆی نەبوو. نوخبەی بۆڵشەڤیکی ڕووس چیتر نەیاندەتوانی مانا بۆ سیستەم بەرهەم بهێنن. بۆچی ئێمە ئەم کارە دەکەین؟

هەست دەکەم لە ئێرانیش ڕووبەڕووی قەیرانێکی هاوشێوە بووینەتەوە. هەندێک جار کە گوێم لە قسەکانی سەرۆک کۆمار دەبێت، لە خۆم دەپرسم ئایا ئەو خۆی ئاگاداری ئەم قەیرانی ناسینە نییە؟ ڕژیم چیتر باوەڕی بە بوونی خۆی نییە. من پێم وایە ئەگەر قەیرانێکی لەو شێوەیە ڕوو بدات، لێکەوتەکانی بۆ کوردستان زۆر فرەوان دەبێت. تەنیا شتێک کە دەتوانم بیڵێم – ئێوە لە من باشتر دۆخەکە دەناسیی – ئەوەیە کە لە کوردستان دینامیزمێکی زۆر بەهێز هەیە. دینامیزمێک کە شاراوەیە، بەڵام شاراوە بە مانای ناقانوونی یان نهێنی نییە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە تۆڕەکانی یەکانگیری، لێکتێگەیشتنی یەکتر، گوێگرتن لە مۆسیقا پێکەوە، گفتوگۆکردن، هەموویان بەشێکن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی سیاسەت.

لەگەڵ ئەمەشدا، شتێکیش ڕوونە: ئەگەر سبەی قەیرانێکی جددی لە ئێران سەر هەڵبدات، لایەنە کوردییەکان دەبێت ئامادەی دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی تورکیا بن. ئەمە بابەتێکی گرنگە. لێرەدا، ئێمە ڕووبەڕووی دوو ڕەهەند دەبینەوە: ڕەهەندی ئازەری و ڕەهەندی شیعی. چونکە بەڕاستی دیار نییە شیعەیەکی شکستخواردوو لە گۆڕەپانی سیاسیدا چۆن کاردانەوە نیشان دەادت. بەڵام لێرەدا، ئەوەی پێم وایە زۆر گرنگە، جەخت لەسەر پێویستی بوون بە سووژەیەکی چالاکە. چونکە بوون بە سووژەیەک واتە گەشەپێدانی سەبجێکتیڤیتییەکی سەربەخۆ و زەینباوەڕی، چونکە سەبجێکتیڤیتیی کوردی ناتوانێت چەندلایەنە نەبێت. ئەگەرچی ئەم سەبجێکتیڤیتییە دەبێت بە تواناسازیش وەربگێڕدرێت.

لەمبارەوە پرسیارێکی گرنگ کە دێتە ئاراوە ئەوەیە سووژە ڕزگاریخوازەکان لە ئێران و تورکیادا چ گرووپگەلێکن کە دەتوانن نوێنەرایەتی بیری دیموکراتیکی بەکۆمەڵ بکەن؟ لە ئێران ئەم سووژە ڕزگاریخوازانە نەتەوە چەوساوەکان و بەتایبەت کوردەکانن کە پێشینەیەکی خەباتێکی بەهێزشیان هەیە، هەروەها بەلووچەکان و ژنان، بەهۆی بەرخۆدانێک کە لە بەرانبەر سەرکوتێکی سیستماتیکیدا کردوویانە. ڕەنگە لەم دواییە لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز شایەدی ڕووداوەکانی ورمێ بووبن، ئەوەی کە کۆمەڵێک لە پانتورکەکان بە دارەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی فاشیستییان دژی کورد دەگوتەوە. ئەو پرسیارەی دێتە ئاراوە ئەمەیە: لە هەلومەرجێکدا کە لە کۆمەڵگەی تورک و ئازەری ئێران بەهۆی نەبوونی جووڵانەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەڤگەڕ کە بتوانێت نوێنەرایەتی بیرە دیموکراتیکییەکان بکات و هەروەها ئاوێتەبوونی قووڵی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەوانە لە پێکهاتەی دەوڵەت لە ئێران چی ڕوو دەدات؟ کوردەکان دەبێت لەم بارودۆخەدا چۆن هەڵسوکەوت بکەن؟

پێم وایە دەبێت زۆر دوورنواڕ بی. ئێران دەبێت سیکۆلاریزە بکرێت. سیکۆلاریزەبوونی ئێران یانی چی؟ واتە هێنانەدەرەوەی ئایین لە دەوڵەت. من پێم وایە پێوەندی نێوان ئازەرییەکان و حکوومەتی ناوەندی لە ڕێگەی شیعەگەرییەوە دامەزراوە. ئەم پێوەندییە نەک لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامییەوە، بەڵکوو پێش ئەویش هەبووە. لە ئەنجامدا، پێم وایە دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە لە ئێرانی ئایندەدا، چەمکی بانئایینیبوون دەبێت لە چەقی سیکۆلاریزم دابنرێت. بەو مانایە کە ئایینەکان نابێت بە بنەمای پێکهاتەی دەوڵەت یان پێکهاتەی ئیمپراتۆری قەبووڵ بکرێن. لەم ڕوانگەیەوە، ئێران پێویستی بە فێرکارییەکی دیموکراتیک دەبێت. لەم فێرکارییە دیموکراتیکەدا، کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. بەڵام لە کۆتاییدا، ڕەنگە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی دۆخێک ببینەوە کە چیتر گوتەکان و گفتوگۆکان بە تەنیا بەس نەبن.

———————————————————

ئەم چاوپێکەوتنە سەحەر باقری ئامادەی کردووە و بە ناونیشانی (کوردستان در وضعیت نامتعین خاورمیانه: گفتگو با حمید بوزارسلان)، ٣٠ی مارچی ٢٠٢٥، لە سایتی گۆڤاری کۆمار بڵاو کراوەتەوە.

پەراوێزەکان

[۱] https://www.tallandier.com/livre/histoire-de-la-turquie/

[۲] لیستێک لە کتێبەکانی لە لایەن سەنتەری نیشتمانی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی بڵاو کراوەتەوە: https://www.cnrseditions.fr/auteur/hamit-bozarslan/

[۳] Indétermination

[٤] Pouvoir de nuisance

[٥] Dégénéré

[٦]شەڕی مەلازگیرد، شەڕێک بوو لە نێوان هێزەکانی ئیمپراتۆری سەلجووقی بە فەرماندەیی ئالپ ئەرسلان و هێزەکانی ئیمپراتۆری بیزەنتین بە فەرماندەیی ڕۆمانۆس دیۆجینێس و لە نزیک شاری مەنزیکێرت (مەلازگیردی ئێستە لە پارێزگای مووش) لە ٢٦ی ئۆگەستی ١٠٧١ ڕووی دا. ئەم شەڕە بە یەکێک لە شەڕە کاریگەرەکانی مێژوو دادەنرێت و سەرەتای بە تورککردنی ئەنادۆڵ بوو.

[٧] ئاشبەتاڵ لە کوردیدا بە مانای وازهێنان لە کارێک دێت. ئەم دەستەواژەیە لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردستاندا، ئاماژەیە بۆ ڕاگەیاندنی کۆتاییی خەباتی چەکداری کوردانی باشوور لە دژی حکوومەتی عێراق بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی. ئەمەش لە ساڵی ١٩٧٥ دوای ئەوەی شای ئێران کۆتایی بە پشتیوانییەکانی بۆ بزووتنەوەی چەکداری کوردستانی عێراق هێنا.

دکمه بازگشت به بالا