هەرەس هێنانی «وەهمی کوردی» و گەڕانەوە بۆ سیاسەتی نەتەوەیی؛ چەند وانەیەک لە ئەزموونی ڕۆژئاوا

داگرتنی فایلی PDF

پێشەکی

نزیکەی ٢٧ ساڵ بەر لە ئێستا، باش له بیرم نەماوە کە چ بەروارێک، بەڵام هەر لە کات و ساتێکی وەکوو ئێستا، زستان بوو، ئەمن ١٥ ساڵان و لە سنە خوێندەکار بووم. کۆتاییی حەفتەکان بە «مینی بووس»ی گوندەکەمان، کە زیاتر لە ئوتۆمبێل لە ڕادیۆیەکی زەبەلاح دەچوو کە هەواڵی یەک حەفتەی ڕابردوو تێدا لە سەر زاری ئەم و ئەو دووپات ئەکرایەوە، ئەگەڕامەوە بۆ گۆند. ئەو دەم مینی بووسی ١٧ کەسی، زیاتر لە سی کەسی لێ سوار ئەبوون. فەزا تەنگ و ترش بوو، و هەر کەسەو باسی شتێکی ئەکرد. ڕێک وەکوو ئەوەی ئێستا لە گوێمدا بزرینگێتەوە کەسێک بە نێوی کاک «ح.» باسی ڕەوشی باکوور پاش دەسبەرکردنی ئاپۆی دەکرد. ئەو کەسە لە بنەماڵەیەکی سیاسی و برازاگێکی شەهیدی حێزبی دیموکرات بوو کە کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان تێرۆری کردبوو. نازانم بە چ هۆکارێک بەڵام خەڵک نازناوی «کرماج»یان بەم کابرایە دا بوو و کە لە زاراوەی لادێی دەروبەری سنە مەبەست هەر ئەو «کرامانج»ەیە. کاک «ح. کرماج» بە زمانی خۆی باسی ئەوەی ئەکرد کە «عەبدۆڵا ئۆجلان داوای لە مەردمەکەی کردیە چەک دابنن». خەڵکەکە باوڕیان نەدەکرد و ئەویش پێداگری ئەکرد و ئەیگوت کە بۆ خۆێ گوێ لە هەواڵەکە بووگە. مێشکی منیش لە لاێ کلیپەکانی «MED TV» بوو؛ ڕێزی گەریلا لە سەر شاخ و سروودەکانی شوان پەروەر کە لە سەر کاسێتی ڤیدیۆ تۆمار دەکران و وەک کاڵایەکی قاچاخ، لەگەڵ ئامێری ڤیدیۆکەدا دەپێچرانەوە و ماڵ بە ماڵ دەگێڕدران. شەوانی زستان، دەیان پیر و لاو لەبەردەم ئەو کلیپانەدا دادەنیشتن و خەیاڵیان بەرەو جوگرافیای باکوور و بیری مێژووییشیان بەرەو یەک دوو دەیە پێشتر دەفڕی؛ بۆ ئەو کاتەی شاخەکانی ڕۆژهەڵاتیش پشت و پەنای ئەوەڵ و ئاخری پۆلە پێشمەرگەی کۆمەڵە و دێموکرات بوون. ئەوانەی باکوور و هێزی پەکەکەیان باش دەناسی، پێیان وانەبوو شتی وا ڕوو بدات و گەریلا چەک دابنێت. هەواڵی ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی ئاپۆ شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی بەرفراوانی لێ کەوتەوە، کە دواتر لە شاری سنە بووە هەوێنی ڕاپەڕین و ڕووداوە خوێناوییەکانی «٣ی ڕەشەمەی ١٣٧٧». ئەوەی هێشتا دڵی بۆ کوردایەتی لێی دەدا و کڕوکپیی دوای داگیرکردنی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بێهیوای نەکردبوو، بە بیستنی هەواڵی ڕفاندنی ئاپۆ و داواکارییەکەی، دیسان خوێ دەکرایە سەر برینەکەی؛ برینێک کە ئەو کات بە عەقڵی مێرمنداڵیی من نەدەگەیشت کە بتوانێت لە دەیەکانی داهاتوودا چەندین جاری دیکه بکولێتەوە؛ برینێک کە لە کۆتاییدا گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کوردی باکوور و ڕۆژئاوا (و بگرە هەموو کوردستانیش) لە ناو خوێندا بخنکێنێت. بە بڕوای من، ئەزموونی ڕۆژئاوا و ئەو ڕەوشەی کە ئێستا کورد بە گشتی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا ڕووبەڕووی بووەتەوە، پتر لە هەر شتێک، بانگەوازێکی گەورەیە بۆ پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە کۆی سیاسەتی کوردیدا. دیارە ئەم پێداچوونەوەیە پێویستی بە دەیان وتار و وروژاندنی دەیان بابەت هەیە، کە بە بڕوای من ماوەیەکی درێژە لەسەر یەک کەڵەکە بووگن و فەزای ڕووناکبیریی کوردی زۆر بە درەنگی خەریکە دەست بۆ ئەو بابەتە دەبات. من لێرەدا بەش بە حاڵی خۆم، هەوڵ دەدەم تیشک بخەمە سەر یەک دوو بابەت کە شرۆڤەکردنیان بۆ تێگەیشتنێکی دروست لە ڕەوشی ئێستا و ئەو ڕەوتە مێژووییەی ئێمەی بەم قۆناغە گەیاندووە، بە زەروورەتێکی گرنگ دەزانم.

لە «سەدەی کورد»ەوە تا «قەیرانی ستراتیژی» و هەستی نوێی کوردایەتی

ئەگەر لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا تەنیا چارەنووسی کەسێک لە مەترسیدا بوو، ئەوا ئێستا چارەنووسی هەموو کوردستان کەوتووەتە مەترسییەوە. دەوروبەری دەیەیەک پێش ئێستا دەگوترا کە سەدەی بیست و یەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێتە «سەدەی کورد»؛ مخابن ئەو مژدەیە بنەمایەکی زانستیی نەبوو و بنیاتی لەسەر خۆشبڕوایی بەو دەستکەوتانە بوو کە دوای ڕووخانی سەدام و لاوازبوونی بەشار ئەسەد بەدەست هاتبوون. ئەو مژدەیە و ئەو بڕوایەی کە چیدی کورد لە پەراوێزی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نامێنێتەوە و زلهێزە جیهانییەکان و دەوڵەتە ناوچەییەکان حیسابمان بۆ دەکەن، وەک بڵقی سەر ئاو دەرچوون. هەزار مەخابن کە ناهۆشیاریی سیاسی و نەبوونی ستراتیژیی نەتەوەیی، دەرفەتەکانی کوردی بەبادا؛ ئەو دەرفەتانەی کە ڕەنگە لە هەر سەدەیەکدا تنیا یەک جار بڕەخسێن. ئەوەتا دیزاینی ناوچەکە گۆڕدرا و دیسان پلان وایە کە وەک سەد ساڵ لەمەوبەر، ئێمەی کورد هەر لەسەر خاکی خۆمان کرێچی بین و ببینەوە بە پەراوێزی مێژووی نوێی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە. لە ئێستادا ڕەخنەی هاودڵانە لە بزووتنەوەکە و پێداچوونەوە بەو هەڵە ستراتیژییانەی کە کورد لانیکەم لەم یەک دوو دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای ٢٠١٧ کردوویەتی، زەروورەتێکی حەیاتییە. من بەش بەحاڵی خۆم لەم وتارە کورتەدا هەوڵ دەدەم هەندێکیان بخەمە بەر باس. بە پێویستی دەزانم جەخت لەوە بکەمەوە کە مەبەستی من لە ڕەخنەگرتن لێرەدا تۆمەتبارکردن نییە؛ هەروەها نێیەتم ئەوە نییە شکستەکانی ئێستا بخەمە ئەستۆی لایەنێک کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بێوچان خەبات دەکات، دەیان دەستکەوتی بۆ بزووتنەوەی کورد دەستەبەر کردووە و خەون و ئارەزووی دەیان ملیۆن کوردی لە خۆ گرتووە، کە لە ئێستاشدا گەورەترین سازمان و ڕێکخراوی کوردییە چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە تاراوگە. ئەوەی ئێستا و دوای گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوا نکووڵی لێ ناکرێت، قەیرانێکی گەورەی سیاسەتی کوردییە و دەربازبوون لەو قەیرانەش تنیا و تنیا لە ڕێگەی ڕەخنەوە مومکین دەبێت.

ئەزموونی ڕۆژئاوا سەلماندی کە کورد جگە لە خۆی، هیچ دۆست و یارێکی ڕاستەقینەی نییە. دیارە لێرەدا مەبەستی من پاڵپشتیی دەوڵەتەکانە، کە کورد هەرگیز نەیبووگە و بە ئەگەری زۆریشەوە تا بە هێزی خۆی نەبێتە دەوڵەت، ئەو پاڵپشتییەی نابێت. کورد لە گەمەی جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ کات ئەو فاکتۆرە نەبووه کە دەوڵەتان لەسەری سیاسەتی دوورمەودا دابڕێژن. ئێمە هەمیشە وەک کارتێکی کاتی بۆ گوشارخستنە سەر ئەم لایەن و ئەو لایەن حەسێبمان بۆ کراوە. هەر لە کۆماری کوردستانەوە تا ڕێککەوتننامەی جەزائیر و ڕێکەوتنە نوێیەکەی نێوان سووریا و ئیسرائیل و ئەمریکا، کورد لە ئاستی جیۆپۆلیتیکدا هەمیشە بازرگانیی پێوە کراوە و فرۆشراوە، بێ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لەسەر ئەو سەودایانە هەبێت کە لە پشتی دەرگا داخراوەکانەوە لەسەری دەکرێن. لە گەمەی جیۆپۆلیتیکدا، کورد دۆڕاوی یەکەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. مەبەستی من لە تەنیا بوونی کورد لێرەدا ئەوە نییە کە هیچ دەوڵەتێکی لە پشت نییە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە لە ئاستی مەدەنی و لە پانتایی فەزای گشتیدا، کورد ئێستا لە هەموو کاتێک تەنیاترە. فەزای میدیا زەبەلاحەکانی جیهانی عەرەبی و لە سەرووی هەموویانەوە کەناڵی «ئەلجەزیرە»، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لێوانلێون لە شۆڤێنیزمی عەرەبی و تورکی. لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا، پێموایە تەنیا لە بەیرووت[1] بوو کە کورد توانی بڕژێتە سەر شەقام و هاواری پاراستنی ڕۆژئاوا بکات. لە ئاستی جیهانی ڕۆژئاوایشدا، ئەو کەسانەی کە دۆستی فەلەستین و دۆزی ڕەوای ئەو گەلەن، لەسەر پرسی کورد یان بێدەنگن، یان زۆر ڕاشکاوانە دوژمنایەتیی کورد و بزووتنەوەی کوردستان دەکەن. کورد ئێستا تەنیا خۆیەتی و کۆمەڵگەی مەدەنی، چەک و دەشت و چیاکانی خۆی. ڕەنگە ئەمە زۆر خراپیش نەبێت؛ لانیکەم پێویستیی ئەوەی بۆ دەرخستین کە کورد دەبێت لە سەرەتا و کۆتاییدا هەر پشت بە یەکتری ببەستێت. ڕەنگە هەستی بەکۆمەڵ بەو تەنیاییە بوو کە دوای هێرشەکانی جۆلانی و سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژاوا، شەقامی کوردی هەژاند و کردی بە شانۆی یەکڕێزیی نەتەوەیی. ئەو دیمەنانەی لەم ماوەیەدا بینیمان، کارناڤاڵی یەکڕێزی و یەکگرتوویی کورد بوو؛ لەبەردەم «باخی گشتی»ی سلێمانییەوە تا بەر «قەڵا»ی هەولێر و شاربەشاری باشوور، لە شەقامەکانی نسێبین و قامیشلۆوە تا دەگاتە تاراوگەی کورد لە سەرتاسەری جیهان، یەکدەنگ یەک شتی داوا دەکرد: «یەکێتیا گەلێ کورد!». ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە بە دروستی ناونراوە «دروستکردنی نەتەوە لە خوارەوە[2]»؛ فۆرمێک لە «نەتەوەسازیی خۆڕسک» کە نەک لە دەفتەری سیاسیی ئەم حیزب و ئەو حیزب، یان بە پلانی ئەم نوخبە و ئەو نوخبەی سیاسی، بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەی سیاسەتی حیزبی و نوخبەتەوەر، هەڵقوڵاوی سەر شەقامی کوردی و پانتایی گشتیی کوردستانە؛ ئەو پانتاییە گشتییەی کە سنوور ناناسێت و نیشتمانی کوردستان بە یەکەیەکی دانەبڕاو دەبینێت.

دیارە پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٤ و لە سەردەمی بەرخۆدانی کۆبانێدا ئەو کۆدەنگییە هەبوو، بەڵام ئەوەی ئەمجارە دەیبینین زۆر جیاوازە. شەقامی کوردی بە خرۆشەوە دنیای تەسک و بیرکورتیی سیاسەتی حیزبیی تێپەڕاند و بانگی نەتەوەبوونی بە گوێی تەواوی نوخبەی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان دا و پێی سەلماندن کە کورد لەسەر شەقام، سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەیی دەوێت. ئەمڕۆ کارناڤاڵەکانی پشتگیریی ڕۆژاوا، بە ئاڵای کوردستان ڕازاونەتەوە؛ هاوشان لەگەڵ ئاڵای دەیان جەریان و حیزبی جۆراوجۆر کە زۆربەیان بە درێژایی مێژوویان کاریان بۆ پەرتەوازەکردنی کورد و پارچەپارچەکردنی بەرخۆدانی گەلی کوردستان کردووە. دڵخۆشیی سەرەکی و دڵگەرمیی قووڵی ئەم شەپۆلە لە نیشتمانپەروەری، ئەوەیە کە نەوەی نوێی باشوور —کە زۆر کەس پێیان وابوو لە کوردایەتی دابڕاوە و فڕی بەسەر کوردبوونەوە نەماوە— ئێستا هێزی سەرەکیی خۆپێشاندانەکانە. ئەو نەوەیە لەژێر خۆڵەمێشی سیاسەتی دووبەرەکیی حیزبەکان و لەژێر کاریگەریی ئیمپریالیزمی ناوچەیی و زنجیرەدراما تورکی و فارسییەکاندا سەری هەڵهێنایەوە و بە هەموو گیانیەوە هاوار دەکات: «کوردن ئەم» و «کوردستان یەکە و نابێت بە چوار». باشوور و بەتایبەت سلێمانی، سەلماندیان کە هێشتا کانگای شۆڕشی کوردیە و نیشانی دا کە قەڵای پۆڵایینی بەرگری لە هەستی نەتەوایەتیە. ئەمڕۆ کوردایەتی لە باشووردا، وەک قەقنەس لەناو خۆڵەمێشی جەستەی سووتاوی سێ-چوار دەیەی ڕابردووی خۆیدا هەستاوەتەوە؛ بەڵام ئەم هەستانەوەیە تەنیا کاژخستن یان زیندووبوونەوەی هەمان جەستەی پێشوو نییە، بەڵکو ژیانەوەیەکە لە چەشنی ئەو زیندووبوونەوەیەی هێگڵ باسی دەکات: جەستە شێوەی هەمان جەستەی کۆنی هەیە، بەڵام ڕۆحێکی نوێ و بەرزەفڕتری تێدایە! ئەوە جەستەیە کە لە دڵی خۆڵەمێشی لەشە سووتاوەکەی خۆیەوە ژیاوەتەوە، بەڵام لە ئاستێکی سیاسیی بەرزتر، هەنووکەییتر و سەردەمیانەتردا؛ لە ئاستێکدا کە هەنگاوی ناوە بۆ تێپەڕبوون لە چوارچێوە سیاسییە کۆنەکانی کوردستان. بەرخۆدانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەو هەناسە ژیانبەخشە بوو کە مژدەی لەدایکبوونەوەی کوردایەتیی نوێی بۆ هەموو کوردستان پێ بوو؛ ئەمجارە باشووری کوردستان بوو بەو لانکەیەی کە ئەو ژیانەوەیە تێیدا کەوتە گڕوگاڵ. ئەوە خۆشترین هەواڵی ئەم ڕۆژە تاڵانەی ئێمەی کوردە. بە دڵسۆزییەوە پەروەردەکردنی ئەو هەستە نوێیەی کوردایەتی، ئەرکی سەر شانی هەموو ئەوانەیە کە دڵیان بۆ نیشتمان لێ دەدات. دیارە ئەو ژیانەوەیە پێویستی بەوەیە سازمان و ڕێکخراوی خۆی دروست بکات، هەرچەندە ڕەنگە نەتوانێت وەک هێزێکی دەستبەجێ خۆی دابمەزرێنێت و بێتە ناو مەیدانی سیاسەتی کوردییەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کوردستان نەوەیەکی هەیە کە نیشتمانپەروەرە و دڵی لە گرەوی یەکێتیی کورددایە؛ چیدی گوتاری کۆنی ئەم حیزب و ئەو حیزب ناتوانێت خواستی سیاسیی ئەو نەوەیە بەیان بکات. ڕەنگە لە باشوور و لە تاراوگە ئەم نەوەیە بە هێزتر خۆی بنوێنێت، بەڵام دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی هەموو کوردستان، نەوەیەکی نیشتمانپەروەرمان هەیە کە گوشاری ئاسیمیلاسیۆنی سەد ساڵەی تورک و فارس و عەرەب نەیتوانیوە بیانتوێنێتەوە و هەستی جیاوازی نەتەوایەتییان بسڕێتەوە؛ هاوکاتیش چوارچێوە حیزبییەکانی ئێستای کوردستان، تەنگتر و بەرتەسکترن لەوەی ئیرادە و خواستی سیاسیی ئەوان لەخۆ بگرن. ئەوەی کە ئایا ئەم نەوەیە دەتوانێت ڕێکخراوی خۆی دروست بکات و مۆرکی خۆی لەسەر سیاسەتی دامەزراوەیی کوردستان بدات، تەنیا پرسێکی ژوورنالیستی و ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی ستراتیژیی نەتەوەییە کە ئەم وتارە کورتە ناتوانێت بپەرژێتە سەری.

هەرەس هێنانی «هەسەدە» و کۆتایی «وەهمی کوردی»

هەرەس هێنانی هێزەکانی سووریای دموکراتیک (هەسەدە) وکوو نسکۆی ١٩٧٥ پێناسە کراوە.[3] بە بڕوای من، کارەساتەکە زۆر گەورەترە لە ڕێککەوتننامەی جەزائیر و تەنانەت زۆر کارەساتبارترە لە ڕووخانی کۆماری کوردستان. ساڵی ١٩٧٥ کورد هێشتا لە ناو جەرگەی شەڕدا بوو و قەوارەیەکی جێگیری بەدەستەوە نەبوو؛ ساڵی ١٩٤٦یش تەنیا ١١ مانگ بەسەر دامەزرانی کۆماردا تێپەڕیبوو و کۆمار نەیتوانیبوو لە جوگرافیای موکریان تێپەڕێت. بەڵام لە ڕۆژئاوا، پازدە ساڵ بوو خۆبەڕێوەبەرییەک دامەزرابوو، نەوەیەکی پێ پەروەردە کرابوو و هەزاران گیان لە پێناو دروستکردنی ئەو سیستەمەدا فیدا کرابوون؛ هێزێک کە دوو لەسەر سێی خاکی سووریای لە داعش پاک کردەوە، کەچی لە کۆتاییدا و لە یەک دوو ڕۆژدا، هەموو شتێک وەک ئەوەی هەر نەبووبێت، کۆتایی پێ هات. ئەگەر هەرەسهێنانی هەسەدە، دەسپێکی گەڕانەوە بۆ سیاسەتی نەتەوەیی و خرۆشی شەقام بێت بۆ یەکگرتوویی کورد، ئەوا بە دڵنیاییەوە کۆتایی ئەو شتەشە کە من ناوی دەنێمە «وەهمی کوردی»؛ ئەو وەهمەی کە کورد دەتوانێت لە سنوورە نەتەوەییەکانی خۆی دەرباز بێت و لەسەر ئاستی ئەو وڵاتانەی کە ئێستا لە ناو سنوورەکانیاندایە، وەک ئەکتەرێکی سەراسەری بۆ دیموکراتیزە کردنی ئەو دەوڵەتانە کار بکات. پاشخانی ئەو وەهمەش تێکۆشانی ئاگایانە یان نائاگایانە بوو بۆ زیندووبەچاڵکردنی خەونی دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا دەیبینین، هەرەسهێنانی وەهمێکە کە لەوانەیە بەشێکی گەورە لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەژێر خۆیدا وردوخاش بکات. ئەمڕۆ نەک هەر بەهۆی ڕۆژئاواوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕۆژهەڵاتیش لەبەردەم گۆڕانکاریی مێژووییدایە، زۆر پێویستە کورد بە ڕاشکاوی پێداچوونەوە بە «وەهمی کوردی» بکات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵە مێژووییە لە پارچەکانی تری کوردستاندا بکات. بەڵام ئەو وەهمە و بە گشتی ئەو قەیرانە گەورە سیاسییەی کە بزووتنەوەی کورد تووشی بووە، نەک لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە باکووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. بزووتنەوەی کورد لە باکوور چەقی بەستووە و بەبێ هەڵسەنگاندنەوەی ستراتیژییەکانی ئەو بزووتنەوەیە، بەتایبەتیش بەبێ پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی پەکەکە، کورد ناتوانێت یەک هەنگاوی تر بەرەو پێش بڕوات. (هەرچەندە ئەو حیزبە وەک ناو نەماوە، بەڵام دیارە وەک ڕێکخراو و سازمان لەژێر هەر ناوێکدا بێت، هێشتا گەورەترین ڕێکخراوی کوردییە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان). مەخابن، دوایین هەڵسەنگاندنەکانی قەندیل[4] هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە ئەو حیزبە بتوانێت پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بکات و بەشی خۆی بەرپرسیاریێتیی ئەو ستراتیژییە بگرێتە ئەستۆ، کە ڕۆژئاوای گەیاندە هەڵدێر. ئەوان بە سەنگەرگرتن لە پشتی چەمکی دروستی «برایەتیی-خۆشکایەتیی گەلان»ـەوە، دەیانەوێت سیاسەتی هەڵەی پەرتەوازەکردنی ماڵی کورد بشارنەوە.

ئەزموونی ڕۆژئاوا (وەک باکووریش) ئەو ڕاستییەی دەرخست کە کورد لە دەرەوەی خاک و نیشتمانی خۆی، نەک وەک هێزێک بۆ دیموکراتیزە کردن، بەڵکو وەک هێزێکی بێگانە و تەنانەت داگیرکەریش سەیر دەکرێت. ئەوە هەڵەیەکی مێژوویی بوو کە بەشێک یان تەواوی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا پێیان وابوو بە پێداگریکردن لەسەر کۆمەڵێک فانتەزیا و خەیاڵی سیاسی، دەتوانن هاوکات هەم هەستی نەتەوایەتیی کورد لاواز بکەن، هەم نەتەوە سەردەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو قەناعەتە بگەیەنن کە ئێمەی کورد دەستبەرداری داخوازییە مێژووییەکانمان بووگین؛ گوایە ئێستا ئیتر سنوورە دەستکردەکانی سەر نیشتمانمان قەبووڵ دەکەین و گەرەکمانە تێبکۆشین بۆ دامەزراندنی نەزمێکی دیموکراسیی نوێ لەناو ئەو دەوڵەتانەی کە ئێستا تێیاندا دەژین. لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە کوردی ڕۆژئاوا دوای ٢٠١٧ سیستماتیک کاری بۆ ئەوە کرد ناسنامەی کوردی لەو بزووتنەوەیە دابماڵێت و بەرگی «سووریای دیموکرات»ی لەبەر بکات. هەڵەی هەرە ستراتیژیی کورد، چوونە دەرەوە لە ناوچە زۆرینە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و گرتنە دەستی ئیدارەی ناوچە عەرەبییەکان بوو. کورد لە ڕۆژئاوا نەک لە سەرەتای ٢٠٢٦دا، بەڵکو لەو ڕۆژەوە گۆڕی بۆ خەونەکانی خۆی هەڵکەند، کە لەبری قایمکردنی پێگەی خۆی لە ناوچە کوردییەکان، ڕووی لە ناوچە عەرەبییەکان کرد. لەسەر ئەو بنەمایە، دروشمی «واحد واحد واحد، شعب سوري واحد» بوو بە دروشمی سەرەکیی چالاکییەکانی ڕۆژاوا. ئەگەر ئەمڕۆ دەبینین کە کورد یەکدەنگ هاوار دەکات «یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە»، ئەوە ڕێک پەرچەکردارە بەرامبەر بەو سیاسەتە هەڵەیەی کە ڕۆژئاوا لە حەوت-هەشت ساڵی ڕابردوودا پەیڕەوی کرد. چوونە دەرەوەی کورد لە جوگرافیای خۆی و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی خۆسەر لە دەرەوەی ناوچە کوردییەکان، گورزێکی کوشندە بوو لە بزووتنەوەی کورد؛ هەر وەک چۆن کشانەوەی هێزەکانی ڕۆژئاوا لەو ناوچانە و قوربانی نەدانی زیاتر لەپێناو پاراستنیاندا (کە زۆرینەیان بە خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی هاتنەوەی کۆنە دۆستە داعشییەکانیان دەکرد)، بڕیارێکی ژیرانە و وشیارانە بوو. کاتێک کۆنە جیهادییەک بە پاڵپشتیی زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچە هاتە شام و دەسەڵاتی گرتە دەست، هەموو دنیا بە چاوی قارەمانێکەوە سەیری کرد کە وڵاتی ڕزگار کردووە؛ کەس نەیگوت جۆلانی سووریای داگیر کردووە، بەڵام کورد هەر هەنگاوێک کە لە ناوچەی خۆی چووبێتە پێش، هەم لە ئاستی سیاسەتی ناوچەیی و هەم لە ئاستی جیهانیدا، وەک داگیرکەر سەیری کراوە. ئەمە ڕاستییەکی تاڵ دەردەخات: کورد (ڕێک بە بۆنەی بێدەڵەتیەوە) لە دەرەوەی جوگرافیای خۆی، وەک هێزی بێگانە و داگیرکەر دەبینرێت، نەک وەک هێزێکی پێشەنگ بۆ گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ و دیموکراسی. ئەم ڕاستییە تاڵە وانەیەکی مێژوویی گرنگی تێدایە، کە لە ئێستادا پتر لە هەر جەریانێکی تر، پێویستە «پارتی ژیانی ئازادی کوردستان» (پژاک) وانه‌ی لێ وەربگرێت و دەست لەو خەیاڵانە هەڵبگرێت کە دەتوانێت لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات و لەسەر ئاستی ئێراندا، وەک هێزێکی سەراسەری خەبات بکات. لە وتوێژێکی ئەم دوواییانەیدا، ئەمیر کەریمی[5]، هاوسەرۆکی پژاک، باس لەوە دەکات کە کورد نابێت خۆی بە ناوچەکانی خۆیەوە ببەستێتەوە و دەبێت لە جوگرافیای خۆی بچێتە دەرەوە، ئەگەر بیەوێت وەک هێزێکی کاریگەر لە مەیدانی سیاسەتدا بمێنێتەوە. ئەو دەڵێت کە مێژوو نیشانی داوە هەر هێزێک لەناو خاکی خۆیدا بمێنێتەوە، لاواز دەبێت و لەناو دەچێت. ئەم گوزارەیە دروستە، بەڵام بۆ ئیمپراتۆریەتێک یان لانیکەم دەوڵەتێکی نیمچە ئیمپریالیستی وەک تورکیا و ئێران؛ نەک بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و بێدۆست وەکوو کورد کە تەنانەت گوندێکی ئازاد و سەربەخۆشی نیە. هەروەها پەیمان ڤیان[6]، هاوسەرۆکی دیکەی پژاک، لە دیمانەیەکی نوێدا باس لەوە دەکات کە پژاک لەسەر ئاستی ئێراندا وەک تەنیا ئاڵترناتیڤی دیموکراتیک پێناسە دەکرێت و ئەم حیزبە خۆی تنیا بە ڕۆژهەڵاتەوە نابەستێتەوە و بۆ گۆڕانکاریی سەراسەری لە ئاستی ئێراندا خەبات دەکات. ئەم قسانە ئەگەر وتەی ئەندامانی ئاسایی و دوور لە ناوەندی بڕیاردانی حیزب، یان تەنیا ڕێتۆریکی ناو بەیاننامەکان بوایە کە پەیوەندیی بە کردەوەی واقیعیی حیزبەکەوە نەبێت، یان وەک بەشێک لە پروپاگەندە و دەمەقاڵە باوەکانی ناو حیزبەکان بوایە کە هەموو لایەنێک دەیکات، گرنگییەکی ئەوتۆی نەدەبوو. بەڵام ئەمانە قسەی ڕێبەرایەتی ئەو حێزبەن. مەخابن، ئەو نەخشەڕێگە و بانگەشانە، نەک لەسەر فاکتی ورد و هەڵسەنگاندنی واقیعبینانەی مەیدانی سیاسی، بەڵکو ڕێک لەسەر ئەو شتە داڕێژراون کە من ناوم ناوە «وەهمی کوردی»؛ وەهمی ئەوەی کە کورد لە دەرەوەی کوردستان جێگە و پێگەی هەیە، دەتوانێت نوێنەرایەتیی بەشێک لە کۆمەڵگەی نەتەوە سەردەستەکان بکات و ببێتە پێشەنگی دیموکراسیخوازکردنی ئەو وڵاتانە. وتەکانی ئەو دوو بەڕێزە نیشان دەدەن کە پژاک نەک لەسەر بینینی ڕاستییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو لەسەر بنەمای ستراتیژیگەلێک کار دەکات کە لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتەوە نییە؛ ئەوە تەنیا دووبارەکردنەوەی ئەو مۆدێلانەیە کە لە باکوور داڕێژراون و بەش بەحاڵی خۆیان کاریگەرییان لەسەر ڕووخانی ڕۆئاوا هەبوو. دیارە کە لە نێو کۆمەڵگەی ئێرانیدا و لە نێو فارسەکانیشدا هەمیشە کەسانێک هەن کە سۆزیان بۆ پرسی نەتەوە پەراوێز خراوەکان (کورد، بەلووچ، تورکەمەن، هتد) هەیە و هاوخەمی ئەو گەلانەن. بەڵام ئەوەی کە حاشا هەڵنەگرە و کەس ناتوانێ نکوولێ لێ بکات، ئەوەیە کە ئێستا هەستی ناسیووناڵیزمی ئێرانی زۆر زۆر بە هێزترە لە سەردەمانی شۆڕشی سالی ١٩٧٩ کە تەنانەت ئەو سەردەمێش جگە لە یەک دوو سازمان و ڕێکخراوی بەپەراوێزخراوی چەپ، بزووتنەوەی کورد هاوپەیمانی وای لە نێو کۆمەڵگەی فارس-ئێرانیدا نەبوو. دەرکەوتەکانی پاش شۆڕشی ژینا و بە تایبەت پاش هێرشی چەند مانگی پێشی ئێسراێیل بۆ سەر ئێران نیشان ئەدەن کە لە ناو بەشێکی بەرچاو لە فارسەکاندا هەستی دژایەتی لە گەڵ حێزبەکانی ڕۆژهەڵات، و بە عام بزووتنەوەی کوردستان زۆر پەرەی سەندوە. دوای شۆڕشی ژینا، کورد کرا بەو سووژەیەی کە گوایە ڕێگرە لە یەکگرتوویی ئێرانییەکان و وەک هێزێکی پەڕگیری ڕاستئاژۆ پێناسە دەکرا. پاش ئەو شۆڕشە بوو کە چەپی فارس-ئێرانی، دەستەواژەی «شۆناس‌خواز» (هویت‌طلب)یان بۆ پێناسەکردنی بزووتنەوەی کورد بەکار هێنا و خستیانە ترازووی پادشایێتیخوازەکانەوە؛ ئەوان باسی ئەوەیان دەکرد کە ئەوە شۆناس‌خوازەکان و پادشایێتیخوازەکان بوون نەیانهێشت شۆڕشی ژینا بە ئەنجام بگات. دیارە ئەگەر باسی ئەوەش بکەین کە چۆن ناسنامە کوردییەکەی «ژن، ژیان، ئازادی» پەراوێز خرا و لەژێر ناوی «زن، زندگی، آزادی»دا مۆرکی فارسی و ئێرانی لێ درا، باشتر ڕوون دەبێتەوە کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزسیۆنی فارس-ئێرانی چەندە خاوەنی فەرهەنگی سیاسیی دیموکراتیکن. لەسەر بنەمای ئەو واقیعانەی کە بە سەد زمان هاوار دەکەن، ئەو ئیدیعایانەی پژاک کە لەسەرەوە باسم کردن، زۆرتر لە خەون و خەیاڵی ڕۆمانسی دەچن تا هەڵسەنگاندن و شیکاریی سیاسی. من لێرەدا نامەوێت بکەومە ئەو داوەوە کە بڵێم ئێرانییەکان هێزی دیموکراتیکیان نییە یان هەموویان دژەکوردن؛ ئەوە دوورە لە ڕاستی. ئێرانییەکان ڕەوتی دیموکراسیخوازیان کەم نییە، بەتایبەت لە ئاستی تاکەکەسیدا (و بەتایبەت تر لەناو فێمینیستەکاندا) کەسی زۆر هەن کە لە هەموو سیستەمێکی ناوەندتەوەر ناڕازین و هاودڵییان لەگەڵ بزووتنەوەی کورددا هەیە. ئێمە لە شۆڕشی ژینادا دەمانبیست کە لانیکەم لە گەڕەکگەلێکی دیاریکراوی تاراندا دروشمی «تهران کردستان شود، ایران گلستان شود» (ئەگەر تاران ببێتە کوردستان، ئێران ئەبێتە گوڵستان) دەوترا، بەڵام ئەو دەنگە هیچ دامەزراوە و ڕێکخراوێکی نییە و لە دواجاردا لە کاتە هەستیارە مێژووییەکاندا، دەنگە ناسیۆنالیست و ناوەندتەوەرەکان قووتی دەدەن؛ هەروەک چۆن لە ڕاپەڕینی ئەمجارەدا بینیمان کە دەنگی زاڵی هەموو کون و کەلەبەرێکی ناوخۆی ئێران بوو بە بانگەوازی گەڕانەوەی سیستەمی پادشایێتی و تەنانەت دەستبەرداری هەر ئەو «زن، زندگی، آزادی»یەی خۆشیان بوون. ئەمانە نیشان دەدەن کە کورد ناتوانێت نوێنەرایەتیی هیچ بەشێکی کۆمەڵگەی فارس-ئێرانی بکات؛ هەر هەوڵێک بۆ نوێنەرایەتیکردن لەسەر ئاستی سەراسەریی ئێراندا، جگە لە شکست هیچی لێ ناکەوێتەوە. تەنیا سیاسەتێک کە کورد ئەبێت و ئەتوانێ پێڕەوی بکات، دروست کردنن هاوپەیمانیە، نەک نوێنەرایەتی کردن. دیارە «هاوپەیمانیکردن» لەگەڵ «نوێنەرایەتیکردن» ئاسمان و زەمینیان فەرقە.

لە ڕاستیدا ئەو شتەی کە من ناوم ناوە «وەهمی کوردی»، لە مێژووی کوردستاندا نموونەیەکی تری شکستخواردووی هەیە، ئەویش پێکهێنانی «حیزبی کۆمۆنیستی ئێران» بوو لە ساڵی ۱۹۸۳ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. هەرچەندە ئایدۆلۆژیا و پلانی سیاسیی ئەو حیزبە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە سەر بە پەکەکەن ئاسمان و زەمینیان فەرقە، بەڵام هەردووکیان لەسەر یەک بنەما دامەزران؛ ئەویش ئەوەیە کە گوایە کوردستان دەتوانێت و دەبێت هەم «نوێنەرایەتی» و هەم «پێشەنگایەتیی» شۆڕشێکی ڕادیکاڵی سەراسەری لە دەرەوەی خاکی خۆی بکات. پڕۆژەی «حیزبی کۆمۆنیستی ئێران» کە لە بنەڕەتدا هێزی سەرەکییەکەی هەر «کۆمەڵە» بوو، بە نیسبەت پڕۆژەکانی پەکەکە زۆر بەرتەسکتر بوو؛ ئەوان تەنیا لە هەوڵی ئەوەدا بوون سەرنجی چینی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، کەچی هیچیان پێ نەکرا و لە کردەوەدا جوگرافیای کاریگەریی ئەو حیزبە هەر تەنیا جوگرافیای کۆمەڵە بوو. بەڵام هەنگاوی «دیموکراتیزه کردن»ی پەکەکە، ئیتر لەو ئاستە بەرتەسکەی «حیزبی کۆمۆنیستی ئێران»دا نەمایەوە؛ ئەم دیسکۆرسە لە بنەڕەتدا خەونی بەوەوە دەبینی کە نوێنەرایەتی و پێشەنگایەتیی هەموو چین و توێژەکانی سەرتاسەری تورکیا یان سووریا بکات بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی. زاتەن ئەم سیاسەتە (بەتایبەت ئەوەی لە باکوور هەیە) ئاراستەکەی بەرەو چینی مامناوەندە؛ واتە هەوڵ دەدات خۆی لە داخوازییەکانی ئەو چینە نزیک بکاتەوە و بەشێک لە دەنگی ئەوان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. دیارە ئەم پەلهاویشتنە بۆ چوونە دەرەوە لە جوگرافیای کوردستان و بوون بە هێزی سەراسەری، لەسەر حیسابی کۆمەڵگەی کوردی دەکرێت. لێرەدا دەبێت بپرسین: دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ، حیزبی یاسایی کوردی لە باکوور (هەدەپە یان دەم پارتی) توانیویەتی چەندە دەنگی بەناو «هێزە دیموکراتەکانی تورک» بەدەست بهێنێت؟ وە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ڕێژەیە (کە بە دڵنیاییەوە ناگاتە یەک لەسەدی دەنگی دەنگدەرانی تورک)، چەندە خۆی لە کۆمەڵگەی کوردی و داخوازییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دوور خستووەتەوە؟

ئەوەی کە حێزبی قانوونی کوردی باکوور و بزووتنەوەی باکوور لەم ساڵانەدا کردوویە ئەوە بووە کە هێزی بزووتنەوەی کورد-کە سەرچاوەی سەرەکی ئەو هێزە چینی کرێکاری و زەحمەتکێشی کوردستانە نەک چینی مامناوەندی کە هەمیشە مەیلی سیاسی پرۆ-ناوەند بووگە– خستۆتە خزمەتی پرۆژەیەکەوە لە لە ئەساسدا پێوەندی نیە بە داخۆازیەکانی ئەو بزووتنەوەیەوە: دموکراتیزە کردنی تورکیا. لێرە مەبەستی من ئەوە نیە کە دموکراتیزە کردنی تورکیا کاریگەری نابێت لە سەر باکوور، مەبەستی من ئەوەیە کە داخوازیە نەتەوەییەکانی کوردستان و هێزی ئەو بزووتنەوەیە نابێت ببنە سووتەمەنی پرۆژەیەکی زەبەلاحی لەو چەشنە. پەکەکە جارێک پرۆژەی دروست کردنی دەوڵەتی کوردە بە لاوە نا لە بەر ئەوەی کە ئەو پرۆژەیە مومکین نەبوو (کە موحاسبەکەشی بۆ باکوور و بۆ ئەو سەردەمە دروست بوو)، بەڵام ئەوی کە ئێستا خۆی پێوە سەرقاڵ کردوە، واتا دموکراتیزە کردنی تورکیا لە سەر دەستی کورد، ئەگەر مەحاڵتر لە پرۆژەی درۆست کردنی دەوڵەتی کوردی نەبێت ئاسانتر نیە. جیا لەمانەش، ئەگەر بە ڕاستی ئەو پرۆژەیە (واتا دموکراتیزە کردنی تورکیا) جێدیەتی بۆ بزووتنەوەی باکوور هەیە، ئەوا دەبێ هاوپەیمانی ئەوان حێزی جەهەپە بێت کە لە حاڵى حازردا گەورەترین دەنگی دموکراسیخوازی تورکیایە، نەک ئاکپارتی و کۆنە فاشیستەکانی مەهەپە. دیارە ئێمە دەزانین سیاسەتی ئەو حێزبانە لە بەرانبەر بزووتنەوەی کوردستان و مافە نەتەوەییەکانی کورد جیاوازی ئەوتۆیان نیە پێکەوە، و مەبەستی من ئەوە نیە کە کورد ئەبێت ببێتە بەشێک لە ئەم یان ئەو کەمپی سیاسی ناو ئەو کۆمەڵگایە بێ ئەوەی کە بیر لە دەسکەوتەکانی بۆ کوردستان بکاتەوە. لێرەدا مەبەستی من ئاماژە کردنە بە پارادۆکسەکانی ئەو بزووتنەوەیە و هەر وەها تێچووی سیاسی ئەو پرۆژەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە باکوور. ئەوەی کە ئێمە لە باکوور و هەر وەها لە ڕۆژئاوا ئەێبینن ئەوەیە کە دەنگی خۆراوەی کۆمەڵگا شتێک داوا دەکات و نۆخبەی سیاسی کورد و حیزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوە، هەنگاو بۆ شتێکی دیکە هەڵدەگرن و هاوکاتیش هەوڵ دەدەن کە ئەو دەنگە ناڕازیانەی خوارەوە کپ کەن. دەنگی سانسۆر نەکراوی قامیشلۆ پێداگری کردن لە سەر دروست کردنی سووریای دموکراتیک نەبوو، بەڵکۆ هاوارێک بوو کە بۆ چەندین ساڵ کپ کرا بوو، و ئەویش هاواری گەڕانەوە بۆ پرۆژە و سیاسەتی نەتەوەیی و هاوچارەنووسی کورد لە هەموو پارچە جیاجیاکان بوو. مخابن، ئەو دەنگ کاتێ بەرز بوویەوە کە دەرفەتەکان لە کیس چوووبوون.

پێکەوەژیان یان بانگەواز بۆ دەسبەرداربوونی خەونە نەتەوەیەکان؟

یەکێک لە جووابەکانی پەکەکە و ڕووناکبیری لایەنگەری ئەو حێزبە بەو ڕەخنانەی کە ئێستا رووبەڕوویان دەبێتەوە، پێداگریە لە سەر دروست بوونی سیاسەتی برایەتی-خۆشکایەتی گەلان. دیارە ئەم پێداگریە زۆر کارێکی دروست و مەنتقیە، هەم لە لەحازی ئەخلاقی و لە سەر ئەساسی بەها ئێنسانیە گەردوونیەکان، و هەم لە سەر ئەساسی موحاسباتی سیاسی ئێستا و ئاییندەی خۆدی کوردستان. لە سەراسەری کوردستان، و بە تایبەت لە ڕۆژئاوا، ئێمە دەیان و بگرە سەدان شار و شارۆچکە و تەنانەت گوندیشمان هەن کە تێیدا پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جیاجیا ئەژین. برایەتی-خۆشکایەتی گەلان یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی هەر فۆرمێک لە حوکمڕانیە کە کورد بیەوی پەێڕەوی بکات. هەر لە ورمێ هەتا کەرکووک و قامیشلوو و زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستان، ئێمە لە گەڵ دمۆگرافیەک ڕووبەڕووین کە هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ دیاری کردنی سنوورێکی دەقێقی نەتەوەیی یان ئایینی بێ مانا دەکاتەوە. لە ڕاستیدا من پێم وا نیە کە حێزبێکی کوردستانیمان هەبێت کە بڕوای بەو پێکەوە ژیانە نەبێت و بانگەشەی سڕینەوەی پێکهاتە ناکوردەکانی ناو جوغرافیای کوردستان بکات. یەک لە سروودە هەرە بەناوبانگەکانی باشووری کوردستان کە بووگە بە یەکێک لە ناسنامەکانی بزووتنەوەی کورد، واتا سروودی «هەر کورد ئەبین»،[7] پێش پەکەکە باسی ئەوەی کردوە کە «گەلان هەموو برای منن، هەر زۆردارانن دووژمنن». بەڵام دیارە بۆ هەموو کەس ڕوونە کە ئەوە پەکەکە بوو ئەو چەمکەی هاوردە ناوەندی سیاسەتی کورد و لە سەر ئەو ئەساسە هەوڵیدا سیاسەتێکی نوێ دابڕىژیت. ئەو هێرشانەی کە لەم ڕوانگەیەوە ئەکرێنە سەر پەکەکە بە بڕوای من زۆرتر تووڕەیی کۆمەڵگا نێسبەت بە هەڵەکانیتری ئەو حێزبە نیشان ئەدەن تا ئەوەی کە مەسەڵەن ئاماژە بۆ ئەوە بکەن کە کورد ئەبێ سیاسەتی برایەتی-خۆشکایەتی گەلان بگۆڕێ بۆ سیاسەتی دوژمنایەتی گەلان. بەڵام لێرەدا دوو ڕەخنەی سەرەکی ئەبێ باس بکڕێن: یەک) ئایا پەکەکە و لایەنگەل پێوەندیدار بەو حێزبە چەندە هەوڵیان داوە کە برایەتی-خۆشکایەتی لە نێو ماڵی کورددا دروست بکەن؟ ئەوان زۆر هەوڵیاندا کە لە گەڵ دەیان هۆز و عەشیرەتی ناوچە بیابانیەکانی سووریا هاوپەیمانی دروست بکەن، و تەنانەت لە گەڵ هێزێکی وەکوو حەشدی شەعبیش لە شنگال زۆر سیستماتیک هاوکاری و هاوپەیمانیان دروست کرد. جیا لەمانەش، جینووسایدی و قەتڵ و عامی زیاتر لە سەد ساڵی دەوڵەتی تورکیان یەک لایەنە بەخشی و تورکیان کرد بە برای هەزاران ساڵەی کورد (کە لە ڕاستیدا ئێحتماڵەن نموونەی بەرچاوی ئەو برایەتیە ئەو دەورە بوو کە بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی لە کۆتاییەکانی ئێمپراتووری عوسمانی و بە تایبەت لە جەرگەی شەڕی جیهانی یەکەمدا بوون بە داردەستی تورکەکان بۆ ژینووسایدی ئەرمەنەکان)، بەڵام ئەوان چەندە هەوڵیان دا کە بتوانن لە چووارچێوەی بەرتەسکی حێزبی بێنە دەرەوە و هەنگاو بنن بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی لەو دووبەرەکی و شەڕە هێژموونی حێزبی ڕزگار بکەن؟ مەبەستی من ئەوە نیە کە ئەوە پەکەکەیە کە هۆکار یان تەنیا خەتاباری ئەم دابەشبوون و یەکنەگرتوویەیە، باسی من ئەوەیە کە ئەوان کە ئەیانەوى توورکیا و سووریا دموکراتیزە بکەن و بیکەنە جێگەی پێکەوەژیانی هەمووان، جێی تێڕامانە کە لە هەر شوێنێک کە هێزیان هەبووە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگای خۆیان بە ناووی دوواکەوتوو و کۆنەپەرست، یان بە ناوی ئەوەوە کە پێوەندیان لە گەڵ تورکیا هەیە لە خۆیان دوور خستەوە. یانێ زیادە ڕەووی نیە ئەگەر کەسێک بڵى برایەتی-خۆشکایەتی کردن لە گەڵ گەلانی غەیرە کورد هیچ پێشمەرجێکی نیە، بەڵام بۆ ناوماڵی کورد شەرتی بە برا یان خۆشک قەبووڵ کردن ئەوەیە کە ئەبێ لە پێشدا هێژموونی پەکەکە قەبووڵ کرابێت. دوو) برایەتی-خۆشکایەتی گەلان بەو شێوەی کە تا ئێستا بینیوومانە مانای ئەوەی پەیدا کردوە کە کورد ئەبێ جیاوازیە نەتەوەیی و داخوازیە نیشتمانیەکانی لە بیر بکات و بۆ ئەوەی نەتەوە سەردەستەکان ئەم برایەتی و خۆشکایەتیە قەبووڵ بکەن، کورد لە گەڵ ئەو نەزمەی کە ئێستا هەیە «خۆی بگونجێنێ». لە سەر ئەم ئەساسەیە کە ئۆجالان لە نامەکانی ئەم یەک ساڵەی ڕابردوویدا پێداگری لە «ئەنتگراسیۆنی دموکراتیک» کردوە، و باسی ئەوە دەکات کە تەنانەت سیستەمی فێدراڵی یان ئۆتۆنۆمی ناتوانن جوابی پرسەکانی ئێمە بدەنەوە و کورد ئەبێ لە ناو سیستەمی هەنووکەیی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئێستادا خۆی ئێدغام بکات. دیارە کە پرسی دەوڵەتی کوردی بە لاوە نرا، و پاش ئەوەش تەنانەت فێدراڵیزم و ئۆتۆنۆمیش داوا نەکرا، ئیتر ئەوەی کە دەمێنێتەوە ڕێک ئەو شتەیە کە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە ئێمەیان دەوێت و نموونە زیندوەکەشی لە پێش چاومان لە سووریا ئەێبینین: تێکەڵ بوونی تاکەکەسی لە ناو نەزمی نەتەوەیی سووریای عەرەبی و دەسبەردار بوونی داخۆازیە جەماوەری و بەکۆمەڵەکانی کورد. لێرەدا ئێتر ئەوە نە برایەتی-خۆشکایەتی گەلان، واتا بەرابری و یەکسانی نەتەوەکان لە ژێر چەتری یەک سیستەمی دموکراتیکدا، بەڵکوو ڕێک دابەزینە بۆ قەبووڵ کردنی جێگە و پێگەی برا-خۆشکە گەورەکان و دەسبەرداربوونی داخوازیە نەتەوەییەکانی گەلی کوردە. لەم حاڵەتەدا کورد (یان باشترە بڵێم حێزب و ئێلیتی سیاسی کورد) نەک هەر دەسبەرداری مافە نەتەوەییەکانی کوردستان ئەبن، کە سیستەماتیک هەوڵ ئەدەن کە بە خوێندنەوەی مێژوویی دڵخوازانە، لە ئەساسدا جیاوازی نەتەوەیی کورد لە گەڵ نەتەوە سەردەستەکاندا بسڕنەوە و تاوەکوو پرسی کورد بەو شێوەیە کۆتایی پێ بێت کە ئەو دەڵەتانە ئەیانەوێت. لێرە بە ڕێکەوت نیە کە کورد ئەچێتە گەمەێکەوە کە نێوی لێ نراوە «کۆتایی هاوردن بە تیرۆر» و بۆ خۆشی تاکلایەنە یەک لە دووای یەک هەنگاو بۆ سەرخستنی هەڵدەگرێت بێ ئەوەی کە چاوەڕوانی ئەوە بێت لایەنی بەرانبەر یەک تاقە ئێمتیاز بە کورد بدات. دیارە کە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نیە کە باسی ئەوە بکەین کە ئایا کۆمەڵگای کوردستان چەندە بەم پرۆسەیە و چەندە بەم فۆرمەی لە برایەتی-خۆشکایەتی گەلان ڕازیە، بەڵام ڕووداوەکانی پاش هەرەس هێنانی هەسەدە و ئەو دەرفەتانەی کە بۆ دەنگ هەڵبڕینی دەنگە ناڕازیەکان هاتنە پێش ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمەڵگا لە بنەوە ئەساسەن شتێکیتر داوا دەکات.

کۆتایی

ئەگەر ئەو دیمەنەی ناو مینی‌بووسەکەی ٢٧ ساڵ پێش بێنمەوە پێش چاوی خوێنەر، ئێستا ئیتر ڕەنگە ئەو ئۆتۆمبێلە هەر گەنجی تێدا نەمابێت و کورسییە ١٧ کەسییەکەشی نیوەی بەتاڵ بێت. گوندەکانی کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی ڕۆژهەڵات و باکوور، زۆربه‌یان چۆڵ کراون و لاوەکان لە گەڕەکە کرێکاری و هەژارنشینەکانی شارەکاندا بوونەتە خۆراکی مادە هۆشبەرەکان و ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە میدیا زەبەلاحەکان و سۆشیاڵ میدیای ئێرانی و تورکی پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن. لە نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی سەردەمیانەدا کە بتوانێت گۆڕانکارییە نوێیەکان لەخۆ بگرێت و ببێتە دەنگی داخوازییە سیاسییەکانی ئەم نەوەیە، «شار» دەبێتە کارگەی هاڕینی جیاوازییەکانی مرۆڤی کورد و تواندنەوەی هەستی نەتەوایەتی. جا ئەگەر لە ئاستی حیزبیشدا «خۆگونجاندن و ئینتیگراسیۆن» ببێتە پلان و بەرنامە، و کوردیش خۆی پاڵ بەو هەرەسەی ئاسیمیلاسیۆنەوە بنێت، لە داهاتوودا ئیتر دەبێت لە مۆزەخانەکاندا بەدوای کورددا بگەڕێین. بزووتنەوەی کورد هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا، لەسەر شانی لادێ و گەڕەکە هەژارەکانی شارەکانی کوردستان ڕاوەستاوە. پێگەی سەرەکیی هەموو حیزبێکی جەماوەریی کوردی یان یەکێک لەم دوو شوێنە یان هەردووکیان بووە. بەڵام لە ئێستادا بە گۆڕانی دیموگرافیی کوردستان و لارەسەنگبوونی کۆمەڵگە بەرەو شارنشینی، هەروەها تا ڕادەیەک پیربوونی دانیشتووان و پەرەسەندنی تاکگەرایی تایبەت بە چینی مامناوەند، چیتر بە گوتار و پڕۆژەی سەردەمی ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هیچ حیزبێک ناتوانێت وەڵامی گۆڕانکارییەکانی ئێستای کوردستانی پێ بێت. جیا لەمانەش، ئاستی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای شەڕ، هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی دەوڵەتەکان و بە زیانی کورد گۆڕیوە؛ سەردەمانێک کورد نەک هەر بە هەزاران لە شاخ بوو و ڕیزەکانی گەریلا و پێشمەرگە ئازادانە لە گوند و چیاکاندا جەولەیان دەکرد، تەنانەت لەناو شاریشدا خەباتی نهێنی یان «خەباتی ژێرزەمینی»یان دەکرد، بەڵام ئێستا کورد تەنانەت لە شاخەکانیشدا بە ئاسانی خەباتی ژێرزەمینیی بۆ ناکرێت: درۆن و تەکنەلۆژیای جی.پی.ئێس، خەباتی سەر شاخیشیان کردووە بە خەباتێکی نهێنی و ژێرزەمینی. ئەمانە لە لایەک و ئاستی پەڕگیریی ناسیۆنالیستی لەناو بەشێکی بەرچاو لە گەلانی داگیرکەر لە لایەکی تر، بزووتنەوەی کوردیان خستووەتە بەردەم ڕەوشێکی زۆر هەستیار، کە دوور نییە بڵێین ڕووبەڕووی مەترسییەکی بوونگەرایانە بووەتەوە.

ئەوەی کە کورد چۆن دەتوانێت لەم ڕەشەبا بەهێزانە خۆی دەرباز بکات و سیاسەتێکی واقیعبینانەی نەتەوەیی دابڕێژێتەوە، پرسێک نییە بەم وتارە وەڵام بدرێتەوە؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەو دەربازبوونە ئەوەیە کە حیزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کورد لە هەموو کوردستان، دەرگای ڕەخنە بکەنەوە و ڕەخنە نەک وەک هێرش، بەڵکو وەک یەکێک لە سەرەکیترین شێوەکانی دەربازبوون لە قەیران و خۆڕێکخستنەوە سەیر بکەن. ئەزموونی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێمان دەڵێت کە حیزبەکانی ئێمە یان گۆڕانکارییەکان (و هەروەها ڕەخنەکان) نابینن و نابیسن، یان کاتێک بە خۆیان دێنەوە کە ئیتر درەنگە و دەرفەتەکان لەدەست چووگن. با لەگەڵ خۆمان ڕاستگۆ بین: هەرەسهێنانی ئەزموونی ڕۆژئاوا کارەساتێکی نەتەوەییە بۆ هەموو کوردستان. لە ئێستادا دەستکەوتەکانی باشووریش لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدان؛ ئەگەر ئاراستەی گشتیی ڕووداوەکان بەو جۆرە بن کە لەم یەک دوو مانگەی ڕابردوودا بینیمان، زوو یان درەنگ هەموو بەشێکی کوردستان دەبێتە پارووی نەرمەقووتی ئەژدیهای «عوسمانییە نوێیەکان»ی ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ. ئەوەتا تورکیا مرخی لە ڕۆژهەڵاتیش خۆش کردوە کە لە ئەگەری ڕۆخانی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران، لە ژێیر ناوی ئەمنیەتی نەتەوەیی خۆی و پێشگرتن لە هاتنی پەنابەر هەر وەکوو ڕۆژئاوا دەس بە داگیرکردنی بەشێکی خاکی ڕۆژهەڵاتیش بکات[8]. دیارە ئیتر ناتوانین لەو هەڕەشە بوونگەراییگەلە کە بزووتنەوەی کورد ڕوبەڕوویان بۆتەوە خۆمان گێل کەین. نە پرۆپاگاندای حێزبی ئەتوانێ ئەو هەرەس هێنان و شکستە کارەساتبارەی ڕۆژئاوا وەکوو دەسکەوت بە کۆمەڵگای کوردی بناسێنێت و نە ئەو شرۆڤانەی[9] کە بە بەراوەرد کردنی دۆخی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوا، ئەتوانن هەستی ئەوە بە خەڵک بدەن کە کورد لە دووهەمیاندا دەسکەوتی مێژووی تۆمار کردوە. لە گەمەی جیۆپۆلیتیکدا هیچ کات کورد جێگەیەکی نەبووە؛ ئەوەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە، بە هێزی چەک و بەرخۆدانی جەماوەری بووە. لە ئێستادا کە ئاراستەی دیزاینی دووبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو هەژموونی ئیسلامی سوننە و ئیسرائیل دەڕوات، هەروەها جارێکی‌تر سیاسەتی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی سەنتراڵیستی بەهێزە، تا دێت جێگە بە ئەکتەری کورد تەنگتر دەکرێت. با حیزبەکانی هەموو کوردستان و بەتایبەت ئەوانەی ڕۆژهەڵات، لە خەوی خۆش و خەیاڵی جۆراوجۆر ڕاپەڕن و بیر لەوە بکەنەوە کە تەنیا شتێک بتوانێت لەم هەڕەشە جدییانە دەربازمان بکات، سیاسەتی یەکگرتوویی نەتەوەیی و پشتبەستن بە جەماوەری کوردستانە. مەخابن، بەشێکی گەورە لە حیزبەکانی ئێمە بە ڕاستی ئەوەیان پێوە دیار نییە کە چ تۆفان و زریانێک ڕووی لە ماڵی کورد کردووە. ئەو ڕەخنانەی کە ئاماژەم پێ کردن، زیاتر لەوەی پەیوەندییان بە ڕابردووی ڕۆژئاواوە هەبێت، پەیوەندییان بە ئاییندەی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە. سەد ساڵ پێش ئێستا، کورد ماڵ خراپی نەبوونی هزری نەتەوەیی جەماوەری و سیستەمی «دەرە بەگایەتی» بوو و هەتا ئێستاش هەر باجی ئەو ماڵ خراپی و دێر لە خەو ڕاپەڕینە ئەداتەوە. ڕێگای سیاسەتی نەتەوەیی، چۆڵکردنی دەرە و چیاکانی کوردستان لە بەگ و سەرۆک عەشیرەت و پڕ کردنیان لە حێزبی جۆراوجۆر نیە. ئەوە ناو نانرێتە سیاسەتی سەردەمیانە و مودێڕن. ئەوە گۆڕانی «دەرەبەگایەتی»ە بە «دەرەحێزبایەتی». بە ڕاستی کە بە سیستەمی «دەرەحێزبایەتی»ەوە ئێمە ناتوانین ڕووبەڕووی ئەو گۆڕانکاریە مەترسیدارانە ببینەوە کە لە بەردەمی ڕۆژهەڵاتدان. با پاش سەد ساڵ ئەمجارە حێزبەکانمان نەبنە بەربەست بۆ سیاسەتی یەکگرتوویی نەتەوەیی و ئەو رۆڵە وێرانگەرە نەبینن لە عەشیرەتەکانی کوردستان لە دەیەی ١٩٢٠دا بینیان.

وێنه: سلێمانی، خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی رۆژئاوا| سه‌رچاوه:که‌ناڵ ۸

سەرچاوەکان و پەراوێزەکان:

[1] Associated Press, “Members of the Kurdish Community Rally in Lebanon Following Developments in Syria,” YouTube video, posted January 20, 2026, https://www.youtube.com/watch?app=desktop&si=7LKK3pGMGleV4v11&v=SIUUsZUyWSM&feature=youtu.be.

[2] مەریوان وریا قانع، «پێکەوەبوون وەک ئەندامی یەک نیشتیمان و یەک نەتەوە: کوردبوون وەک بنەمای ناسنامە»، سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی، ٢ی شوبات ٢٠٢٦، https://sekokurd.org/?p=8470.

[3] Kamran Matin, “Are the Kurds Facing Another 1975?” The Amargi, updated January 22, 2026, https://www.theamargi.com/posts/are-the-kurds-facing-another-1975.

[4] زاگرۆس هیوا، «لێدان لە برایەتی گەلان، لێدانە لە ڕۆژئاوا»، شار پرێس، قەڵەمی ڕۆژ، ٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦،

https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=252596.

 

[5] Amir Karimi, Co-Chair of PJAK, interview by Rebaz Majeed, The Amargi, YouTube video, posted February 2026, https://youtu.be/_YEBeXEcI8M?si=4H7pdyEfiVV6AeJc.

[6] پەیمان ڤیان، «وتووێژی تایبەت لەگەڵ پەیمان ڤیان، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)»، Aryen TV، ۲۴ی ژانوویەی ٢٠٢٦، https://youtu.be/UEeE6LtDYHk?si=kxFFP3jIOaabgzN3.

 

[7] سروودی نیشتمانی «هەر کورد ئەبین»، شێعری ئیبراییم ئەحمەد، ئاوازی شاناز ئیبرایم ئەحمەد، وتنی حەمید بانەیی، کەناڵی یووتیۆبی کورد سات، چاو لێکردن ١٠ی شۆباتی ٢٠٢٦، https://www.youtube.com/watch?v=DYQ4wReivFI.

[8] امید منتظری، «گزارش‌ها از طرح ترکیه برای ایجاد «منطقه حائل» مرزی با ایران»، بی بی سی فارسی، ٢٥ ژانویە ٢٠٢٦، https://www.bbc.com/persian/articles/c1klr7840leo.

[9] Meghan Bodette, interview by Amberin Zaman, “What Does Future Hold for Syria’s Kurds After Dramatic Losses to Damascus?,” Al-Monitor Podcasts, accessed February 10, 2026, https://www.al-monitor.com/podcasts/what-does-future-hold-syrias-kurds-after-dramatic-losses-damascus.

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

چهار × دو =

دکمه بازگشت به بالا