بەسیاسەت کردنی شێوەگێڕانەوە لە ڕۆمانی کوردی دا

- Feb 12, 2025   |   کاوان محەمەدپوور
داگرتنی PDF
پووختە
ئەدەبیاتە وەپەراوێزخراوەکان هەمیشە هەڵگری هێماگەلی دیار و نادیاری سیاسیین و ئەم هێمایانەش لە پێکهاتەی گێڕانەوە و ناوەرۆکی بەرهەمدا خۆ دەنوێنن. ئەدەبیاتی داستانی کوردستان بە هۆی زێدە لە پەرواێزدابوونی بە بەراورد لەگەڵ ئەدەبیاتەکانی دیکە چەشنێکی تایبەتی لە گێڕانەوە بەرهەمهێناوە. هاوئاهەنگی سێ جەمسەری «فۆڕمی بیانی، ناوەرۆکی خۆماڵی و فۆڕمی خۆماڵی»، ئەم جیاوازییە تا ڕادەیەکی بەرچاو پێناسە دەکات. ئەم وتارە لە هەوڵی ئەوە دایە بە تاوتوێی ژمارەیەک ڕۆمان لە نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەها جیاوازییەک لە ئاستی شێوەگێڕانەوەدا دەستنیشان بکات. مێتۆدی هەڵسەنگاندنی ئەم وتارە، شیکاری گێڕانەوەیە و لە ئاکامدا بەم دەرەنجامە دەگات کە سەرچاوی گۆڕانی فۆڕمی ڕۆمان لای نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە تیۆرییە خۆرئاوایییەکان گرێ نەدراوەتەوە، بەڵکوو بەشی هەرەزۆری دەرئەنجامی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی ئەو ناوچەیە؛ کەوایە پێکهاتەی ڕۆمان لە کەش و هەوای کەلتووری-سیاسیی کوردستاندا شێوەگێڕانەوەی تایبەت بەخۆیەوە دەگرێت و ناکرێت بۆ شیکاری بابەت و ماکەکانی گێڕانەوە بەشێوەی ڕەها تەنیا پشت بە تیۆرییە خۆرئاواییەکان ببەستین.
وشە سەرەکییەکان: ڕۆمانی کوردی ڕۆژهەڵات، ئەدەبیاتی ژێردەست، شێوەگێڕانەوە، خۆماڵیکردنی گێڕانەوە، دژەگێڕانەوە، ئەدەبیاتە بچووکەکان
پێشەکی
هێژمۆنی زمانی فارسی وەها بەسەر ساحەی کەلتووری-سیاسیی ئێراندا زاڵ و بەربڵاوە کە جیاواز لە وەپەراوێزخستنی زمانەکانی تری ئەم ناوچەیە، تاقمەسازی و سنوورسازییەکی چەقبەستووانەشی لێ کەوتۆتەوە. بەم شێوەیە کە لە فەزای گشتی و تەنانەت ئاکادیمیشدا تەنیا ئەو نووسەرانە متمانەیان پێدەکرێت و بەرز دەبنەوە کە بەزمای فارسی بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە. بەرهەمی زمانەکانی تر، لە ژێر چەمکگەلێک وەک «ئەدەبیاتی ناوچەیی/ پەراوێز» زۆربەی جار وەک لقێکی ناگرینگی ئەدەبی و دوور لە داهێنانی جوانیناسانە خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت، بۆیە ئامراز و کەرستەکانی دەقی ئەدەبی وەک پێکهاتەی گێڕانەوەیی، شێوەگێڕانەوە، ماکەکانی چیرۆک، تێکنیک و شێوازە ئەدەبییەکانی ئەم جۆرە بەرهەمانە بە بیانووی ناوچەیی بوون و ناداهێنەربوونیان دەخرێتە پشت گوێ. ئەگەرچی دۆخی کەلتووری ئێران بەم شێوەیەیە و زۆربەی هەرە زۆری نووسەران لە هەر زمان و نەتەوەیەک بووبێتن بەرهەمەکانیان بە فارسی بڵاودەکەنەوە، بەڵام لەم نێوانەدا دەکرێت ئاماژە بە بەرهەمگەلێک بکەین کە لەمەڕ ئەم هێژمۆنییە زاڵە ڕادەوەستن و هەوڵ دەدەن چەشنێکی تر لە نووسین بەزمانێکی دیکە بخوڵقێنن. ئەم تاقمە لە نووسەران هەوڵ دەدەن بە ڕوانگەیەکی جیاواز و بەپشتبەستن بە تێکنیکە جۆربەجۆرەکانی ئەدەبی لەهەمبەر هێژمۆنی زاڵدا بوەستن و سنوورەکانی ببەزێن هەتا لەم ڕێگەیەوە «ئەدەبیاتێکی دیکە[1]» بەرهەمبێنن.
پانتای شێوازەکانی ئەم بەرخۆدانە ئەدەبییە لە ڕووی فۆڕم و پێکهاتەوە[2] وەها بەربڵاوە کە ناکرێت جیا لە چەمکی «ئەدەبیاتی سیاسی» لە هیچ چەمکێکی تردا پۆلێنبکرێن. مەبەست لە ئەدەبیاتی سیاسی، ئەدەبیاتێکە وا سنوورەکانی ئەدەبیاتی زاڵ دەبەزێنێت و هەوڵ دەدات سنوور و هەرێمێکی نوێ بۆخۆی دەستنیشان بکات. لەلایەکی ترەوە، ئەدەبیاتی سیاسی هەم لە ڕووی ناوەرۆکەوە و هەم لە ڕووی فۆڕمەوە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە گۆڕانکارییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە.
دوو ڕوانگەی تیۆری کە وەها بۆچوونێکیان لەبارەی ئەدەبیاتە وەپەراوێزخراوەکانەوە هەیە، یەکیان چەمکی «ئەدەبیاتە بچووکەکان[3]»ی «پاسکاڵ کازانۆوا»ـیە و ئەوەی ترینان «ئەدەبیاتی لاوەکی[4]» لە تیۆری «ژیل دۆلۆز» و «فیلیپس گۆتاری»ـیە. ئەگەرچی دەرئەنجامی کازانۆوا لە ئەدەبیاتە بچووکەکان لەگەڵ ئەدەبیاتی لاوەکی جیاوازی هەیە، بەڵام لە سۆنگێکەوە دەکرێت خاڵی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو چەمکە تیۆرییە بدۆزینەوە، ئەم خاڵە هاوبەشە «سیاسەت»ـە، واتە هەر دوو ڕوانگە جەخت لەسەر سیاسیبوونی ئەدەبیاتە بەپەراوێزخراوەکان دەکەن.
دۆلۆز و گۆتاری بەتاوتوێی بەرهەمەکانی فرانتز کافکا، سێ پێوەر بۆ ئەدەبیاتی لاوەکی دەستنیشان دەکەن کە بریتین لە: «سنوورداماڵێن [لە ئەدەبیاتی باڵادەست]، پێوەندیدانەوەی کردەوەی تاکی بە کردەوەی سیاسی و، بەکۆمەڵبوون» (Deleuze & Guattari,1986: 18). بە بڕوای ئەوان، ئەدەبیاتی لاوەکی «ئەدەبیاتی زمانێکی کەمینە نییە، بەڵکوو ئەدەبیاتێکە وا کەمینەیەک لە زمانی زۆرینەدا بەرهەمیدێنێت» (Ibid:16). ئەدەبیاتی لاوەکی سنوور لە ئەدەبی زۆرینە دادەماڵێت و بەکوورلێدان بۆ ڕەهەندێکی تر هەوڵ دەدا سنوورێکی دیکە بۆخۆی پێکبێنێت. ئەدەبیاتی لاوەکی بەهۆی «فەزای بچووک و بەرتەسک» شێوازی سیاسیش بەخۆیەوە دەگرێت و، لەناودڵی زمانی زۆرینەدا فۆڕمەباوەکان دەبەزێنێت، تەنانەت شێوازی ڕێک و دروست نووسینی زمانی باڵادەست لە ئاستی نیشانە زمانییەکاندا دەخاتە بەرپرسیارەوە و گەمەیەکی ئاخاوتەییان لەگەڵ دەکات. لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدا فەرهەنگ و کەلتوورێک بنوێنێت کە بە وتەی کافکا «لەبیرکراو یان بزربووە». ئەم دوو تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ئەدەبیاتدا ویستە تاکەکەسییەکان بەپەراوێز کەون و ببنە ویستێکی «بەکۆمەڵ».
لە خوێندنەوەی کازانۆوادا، کافکا، هەوڵی داوە لە فەرهەنگی ئەڵمانی-مەسیحیدا بە «زمانی ئەڵمانی» بۆ «جوولەکە نوقمبووکان» بنووسێت هەتا «تراژێدیای نوقمبوونیان بگێڕێتەوە» (کازانووا،٣٤٧:١٣٩٢). کافکا لەناو «کەلتووری زمانیی ییدیش»دا پەروەردە بووە، بەڵام بەم زمانە- واتە زمانی دایکیی خۆی- نەیدەزانی بنووسێت، هەر بۆیە خۆشی وەک کەسێکی نوقمبوو لە فەرهەنگی ئەڵمانی-مەسیحیدایە، لەمڕووە ناچار بوو بە زمانی ئەڵمانی دەست بداتە «خۆتاوانکردن» و لە ئەنجامدا بیرۆکەی ئەو جوولەکانەی لەم فەرهەنگەدا نوقم بوون ڕەتبکاتەوە[5].
چەمکی ئەدەبیاتی بچووک، لەهەمبەر «ئەدەبیاتی گەورە[6]» دەوێستێت، بۆیە «شوناسیی نەتەوەیی» بە بەراوردی دەستەواژەی «ئەدەبیاتی لاوەکی» زیاتر بەرجەستە دەکاتەوە. بۆ کازانۆوا ئەدەبی بچووک، ئەدەبیاتێکە وا سیستەمی جیهانیی ئەدەبیات بە هۆی «زمان» بەپەراوێزی خستوە، واتە زمانی ئەم چەشنە ئەدەبییە بەرهەمی کەمتر و لاوازتری بە بەراورد لەگەڵ «جوانیناسیی مۆدێرنیتەی ئەدەبیی خۆرئاوایی» هەیە. لەم بۆچوونەدا، ئەدەبی بچووک، سنووری نێوان دوو تاقمی نەتەوەبچووکەکان – واتە ئەو نەتەوانەی بەرهەمی ئەدەبییان کەمە و لە پەراوێزی ئەدەبیاتی جیهان دان- لەگەڵ نەتەوەگەورەکان- ئەوانەی بەشداری زۆریان لە ئەدەبی جیهانی هەیە- بەرجەستە دەکاتەوە.
بەوتەی کازانۆوا دەکرێت نووسەرانی ئەدەبیاتە بچووکەکان لە نێوان دوو تاقمی گشتیدا پۆلین بکەین: «هەموو نووسەرانی ژێردەست، جیاواز لەو مەودا زمانییەی لەگەڵ ناوەند هەیانە، داڵغەی زمانیان هەیە. نووسەرانی نوقمبوو، کە پێوەندیان لەگەڵ زمانی باڵادەست، دەرەنجامی دەرەکی بوون و نەبوونی هێمنایەتییە، هەوڵ دەدەن بە هەستیارییەکی زۆرەوە گشت نیشانەکان و پێوەرەکانی زمانی خۆیان [زمانی دایکی] بسڕنەوە، ڕێک وەک ئەو کارەی مرۆڤ لەگەڵ زاراوەکەی دەیکات. لەلایەکی دیکەوە، کەسانێکی تر کە دەکرێت ناوی نووسەرانی نوقمنەبوویان لێبنێین، چ بەسەر زمانێکی تردا زاڵ بن و چ نەبن، هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت مەودا لەگەڵ زمانی باڵادەست بگرن. [ئەم کارە] یان بە خوڵقاندی کارکردی نوێ (و تا ڕادەیەک سنووربەزێنانە)ی زمانی خۆیانە، یان بە بەدیهێنانی زمانێکی نەتەوەیی (بە توانستی ئەدەبیی) تازەوە دەکرێت» (کازانووا :٣٢٧).
بە ڕوانگەی دۆلۆز و گۆتاری، ئەدەبیاتی لاوەکی تەنیا لەناو زمانی ئەدەبیاتی گەورەتردا روودەدا، نەک لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو، واتە ئەدەبیاتی باڵادەست بەهەر زمانێک بەرهەم بێت، ئەوە ئەدەبیاتی لاوەکیش لەناو دڵی ئەو زمانە سنوورێکی نوێ بۆخۆی دەنێتەوە ( Yanli ,2020)- کافکا بە «زمانی ئەڵمانی» لەناو دڵی زمانی ئەڵمانیدا ئەدەبیاتێکی دیکەی خوڵقاند. بەڵام چەمکی ئەدەبیاتی بچووکی کازانۆوا، بە پێچەوانەی ئەدەبیاتی لاوەکی، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت کە «داهێنانی ئەدەبی» دەکرێت لە دەرەوەی سنوورە زمانییەکانی ئەدەبیاتی باڵادەستیش ڕوو بدات. سنووربەزاندنی ئەم ئەدەبیاتە نە تەنیا زمان، بەڵکوو شوناس، بیرەوەری، کەلتوور و تەنانەت گۆڕین و بەرهەمهێنانەوە پێکهاتە و فۆڕم کە هاوپەیوەند بە بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی ئەدەبیاتە، لە خۆ دەگرێت.
بەمپێیە ئەم وتارە، زیاتر خەجت لەسەر چەمکی ئەدەبیاتی بچووک دەکات تا ئەدەبیاتی لاوەکی. هۆی ئەم جەخت کردنەش دەگرێتەوە سەر ئەم ڕاستییە کە جیا لە هەندێک نووسەر نەبێت زۆربەی بەرهەمەکانی نووسەرانی کورد لە ئێران، بەزمانی کوردییە نەک فارسی، واتە نووسەری کورد لە ڕێگەی زمانی دایکییەوە هەوڵ بۆ بەرخۆدان و سنوورنانەوەیەکی نوێ دەدا و لە ڕووبەری زمانیی نەوەتەوییدا «ئەدەبیاتێکی دیکە» دەخوڵقێنێت.
1.ئیستراتێژی فۆڕم- سیاسەت
ئەدەبیاتی کوردی هەمیشە هەڵگری هێماگەلی ئاشکرا و شاراوەی سیاسی بووە. سیاسەت وەها لەگەڵ خوێن و دەماری ئەدەبیاتی داستانی کوردستان تێکەڵاوە کە ئەستەمە بتوانین مێژووی ئەدەبیاتی داستانی لە ئاڵۆگۆڕییە سیاسییەکانی جیا بکەینەوە. ئەگەرچی ناکرێت ئەدەبیاتی کوردی وەک ئەدەبیاتی یەکدەست و یەکچەشن ئەژمار بکەیەن و مێژووی گۆڕانکارییەکانی لە شەش ناوچەی ئێران، عێراق، تورکیە، سوریە، یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو و هەروەها کوردەکانی تاراوگە جیاوازی زۆریان لە نێواندا هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەش و سەرەکی نێوان هەمووان دەکرێت لە ژێرناوی «ئەدەبیاتی سیاسی»دا پۆلێن بکەین.
لەم سۆنگەوە، ئەدەبیاتی داستانیی کوردی (لە ئێران) هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە (١٩٤١ زایینی) هەڵگری باری سیاسی بووە و هەیە. ئەم سیاسیبوونە هەڵسووکەوتی نووسەری کوردی لەگەڵ ڕۆمان و چیرۆک تاڕادەیەکی بەرچاو جیاواز کردۆتەوە. بەم شێوەیەی کە فۆڕم و ژانرە ئەدەبییەکان لە ئورووپای مۆدێرنەوە هەرگیز بەشێوازێکی کاڵ و دەمەلاسکێیانەوە پەسەند نەکران، بەڵکوو ناخودئاگا نووسەری کورد شێوازی بەرهەمهێنانی بەستۆتەوە بە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەم جیاوازییە تەنیا ناوەرۆک ناگرێتەوە، بەڵکوو پێکهاتە و فۆڕمی ئەدەبیش دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەچەشنێک وا ژانرە ئەدەبییەکان هەر بەو شێوەیەی لە مێژووی ئەدەبیی خۆرئاوای جیهانەوە ئەزموون کراون، ڕێک و بێ دەستکاری لای نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرنەگیراون[7].
تەنانەت لە ساڵەکانی یەکەمی سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی داستانی لە کوردستاندا، کوردەکان جیاوازییەکی ئەتۆیان لە نێوان چەشنە جۆربەجۆرەکانی گێڕانەوە وەک کورتەچیرۆک، چیرۆکی درێژ، ڕۆمان و…هتد، دانەدەنا و بۆ هەموو چەشنە ئەدەبییەکان لە وشەی «چیرۆک» کەڵکیان وەردەگرت. ئەم جیاکردنەوە لە ساڵانی دواتر و بە پەیدابوونی نووسەران و ڕەخنەگرانی ئاشناتر لەگەڵ فۆڕمە جۆربەجۆرەکانی ئەدەبی سنووری ڕوونتریان بەخۆوەدی. لە ڕاستیدا مێژووی ئەدەبیاتی داستانی کوردی ئەوە نیشان دەدا-بەتایبەت بۆ نووسەرانی دوو جیلی یەکەم لە ١٩٤١ تا نیوەی دووهەمی ٢٠٠٠ زایینی[8]– زیاتر لەوەی پێکهاتەی ئەدەبی پرسیار بێت، ناوەرۆک و زمانی کوردی پەتیی بەرهەمەکان داڵغەی سەرەکی بووە، واتە نووسەری کورد بە نووسین بە زمانی دایکی و بەشێوازێکی ناڕاستەوخۆ بەرخۆدانی سیاسی دەکات.
لەم ڕووە، تەنانەت بەکارهێنانی شێوازگەلی جۆربەجۆری نووسینی ڕۆمان، ئەگەرچی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە -ئەوەیش وەرگێڕانی دەستە دوو و دەستە سێ- دەگەیشتە کوردستان، بەڵام نووسەران ئەم شێوازگەلەیان لە بازنەیەکی بەرچاودا بەپێی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕی؛ گۆڕانێک وا لە سوبژێکتیوەی[9] سیاسیی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت. بەم پێیە، سەرهەڵدانی ڕۆمانگەلێک لە قاڵبی پۆستمۆدێرندا هەرگیز بەمانای مشتومڕی تیۆریک و ئەدەبی لەسەر «فەلسەفەی چیرۆک» لە کوردستاندا نەبووە، بەڵکوو بەشێکی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە و بەشی هەرەزۆری بەبۆنەی ئەزموونی سیاسیی نووسەرەوە بەدیهاتووە. پێناسەکردنی ئەم چەشنە چیرۆکانە بە تەنیا لە ڕێگەی تیۆریی خۆرئاوایی و لە دەرئەنجامدا، پۆلێنکردنییان لە تاقمی «مۆدێرنیزم» یان «پۆستمۆدێرنی خۆرئاوایی»دا تا ڕادەیەک زۆر گرفتی لێ دەبێتەوە، چوون لە لایەکەوە بەستێنە کەلتووری و مەعریفییەکان بەو چەشنەی لە خۆرئاوا هەبووە لە کوردستان دا بوونیان نەبووە و لە لایەکی دیکەشەوە، لە شیکردنەوەی فۆڕم و هەڵسەنگاندنی «شێوەگێڕانەوە[10]»ـیاندا دەرئەنجامێکی جیاواز لە بەرهەمی خۆرئاوایی دەخەنە ڕوو. گۆڕانکاری لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا دەگەڕێتەوە سەر سوبژێکتیویتەی سیاسی نووسەری کورد و لە ڕاستیدا وەک ئەدەبیاتی خۆرئاوایی ماکەکانی مشتومڕی فەلسەفی پێوە دیار نییە.
دەکرێت وەها دەرئەنجامێک بۆ زۆربەی ئەدەبیاتە غەیرەخۆرئاواییەکان دەستنیشان بکەین، بۆ نموونە فریدریک جیمسۆن لە پێشەکییەک وا لەسەر کتێبی کوجین کاراتانی، بە ناوی «سەرچاوەکانی ئەدەبیاتی مۆدێرنی ژاپۆن» نووسیویەتی دەڵێت: «ناکرێت هەوێنی ئەزموونی کۆمەڵایەتی ژاپۆن و ئەو سەرچەشنانەی بەسەر پێکهاتەی ڕۆمانی خۆرئاواییدا هەن، وەک یەک ئەژمار بکەین» (Jameson,1993: Xiii)، واتە سەفەری فۆڕمگەلی نوێی ئەدەبی لە خۆرئاواوە بۆ وڵاتانی تر هەمیشە لەگەڵ ئاڵۆگۆڕی ناوچەیی تووشی گۆڕان بوون؛ بەڵام ئەوشتەی ئەزموونی چیرۆکی کوردی جیاواز لە ئەزموونی زۆربەی نەتەوەکانی تر دەکاتەوە، چەندتوێژی ژێردەست بوون و زێدە لە پەراوێزدابوونی ئەدەبیاتی کوردییە. کوردەکان بەم هۆیەی وا دەوڵەت-نەتەوەیەکی یەکگرتوویان نییە، ئەزموونی مۆدێرنیتەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەبووە، واتە هەمیشە نێوانجییەکی کەلتووری-زمانی بۆ ئەزموونی خۆرئاوایی و هاوتەریبی ئەویش، وەرگرتنی فۆرمگەلی نوێی ئەدەبی لە کوردستاندا لە ئارادا بووە[11]. ئەم دووکەڕەت لە پەراوێزدابوونە شێوەی نووسین و مامڵەی لەگەڵ ژانرە ئەدەبییەکان بۆ کورد جیاواز کردۆتەوە؛ لەگەڵ ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی نووسینەوەی مێژووی کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو تووشی لێڵی و ناڕوونی بێت، بۆ نموونە بە دەگەمەن مێژووی ئاڵۆگۆڕییە کۆمەڵایەتییە- سیاسییەکان بە ڕوانگەییەکی بێلایەن نووسراوەتەوە.
بە بۆچوونی چاکراڤۆرتی ئیسپیواک، دەقە ئەدەبییەکان دەتوانن وەک جێگرەوەیەکی متمانەپێکراو بۆ گێڕانەوەی مێژوو، ئەزموونی ژینکراو و دۆزینەوەی دەنگی بزربووی ژێردەستان ڕۆڵ بگێرن (Spivak, 2023). لەم سۆنگەیەوە، ئەدەبیات ڕۆڵی مێژوونووسی بۆ کوردەکان گێڕاوە؛ مێژوویەک وا بەم جۆرە ئەدەبیاتە دەنووسرێت وەک شێوەیەک لە «دژەگێڕانەوە» و «دژەبیرەوەری» زاڵ خۆ دەنوێنێت. میشێل فۆکۆ لەم بارەوە دەڵێت: دژەبیرەوەری لەمەڕ «بیرەوەرەی بەئایدیۆلۆژیکراو»دا دەوێستێت، بەرپرسیاری دەکاتەوە و دژوازییەکانی دەخاتە ڕوو، لە دەرئەنجامدا «زمان» کە گرینگترین کەرەستەی گێڕانەوەی بیرەوەرییە، لەمەڕ بەرهەمهێناندا چەق دەبێت و بۆشاییەک دەخاتە نێوان گوتاری زاڵەوە. بەمپێیە، دژەبیرەوەری لە نێوان بۆشاییەکانی گوتاری زاڵدا و لە ڕێگەی ئیستراتێژی جۆربەجۆرەوە بیرەوەرییەک وا بەپەراوێزخراوە سەرلەنوێ زیندوو دەکاتەوە. فۆکۆ لە درێژەی ئەم باسەدا لەسەر ئەم باوەڕەیە «گێڕانەوەی بیرەوەری زاڵ» بەهۆی پێوەندی نێوان «هێز» و «زانست» بەرسازە[12] دەکرێت؛ واتە زمانی هێز، گێڕانەوەیەکی تایبەت و چەواشەکراو لە بیرەوەری بەرهەم دێنێت (Foucault,1977). دەکرێت بڵێن «دژەبیرەوەری» جیا لەوەی ناکەوێتە پێوەندییەکانی نێوان هێز-زانستی زاڵەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدات بیرەوەرییەک بگێڕێتەوە کە لەهەمبەر ئایدیۆلۆژی و چەواشەکانیدا زەق دەبێتەوە و «نواندنەوەیەکی» واقیعی تری بە بەراورد لەگەڵ گێڕانەوەی بەئایدیۆلۆژیکراودا بەرهەم دێنێت.
دژەگێڕانەوەکان (دژەبیرەوەرییەکان)، دژبەری لێپرسینەوەی مێژوو دەبنەوە. بەوتەی ئیسپیواک ئەدەبیات دەتوانێت بە خوڵقاندنی چەشنێکی جیاواز لە فەزای ڕێتۆریک، وەک جێگرەوەیەک بۆ گێڕانەوەی مێژووی ژێردەستان ڕۆڵ بگێڕێت، چوون گێڕانەوەی ئەو لە «ژێرەوە بۆ سەرەوەیە» نەک وەک باڵادەستان لە «سەرەوە بۆ ژێرەوە» (Spivak, 2023).
2.بەرسازەکردنی دژەگێڕانەوە
2-1.تڕۆمای مێژوویی:
چیرۆکی کوردی لە شێوازگەلی جۆربەجۆر بۆ دژەگێڕانەوەی باڵادەستان سوود وەردەگرێت. ئەگەرچی گوتاری زاڵ لە ئێران زۆربەی نووسەرانی غیری فارسی قایل بە نووسینی فارسی کردەوە، بەڵام نووسین بە زمانی کوردی بۆ چیرۆکنووسانی کورد خۆی وەک بەرخۆدانێکی سیاسی لەمەڕ گوتاری یەکدەستسازیی زمان ڕۆڵ دەگێرێت. لە لایەکی ترەوە بەشیکی زۆر لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی کوردەکانی ڕۆژهەڵات، جەخت لەسەر گێڕانەوەی بیرەوەری فەرامۆشکراو دەکەن و ڕووداوەکانی چیرۆک بە هۆی گێڕانەوەی بیرەوەری تڕۆماتیک لە گەڵاڵەی چیرۆک دا تەکووز دەگرن. بۆ نموونە لە ڕۆمانی «گوڵی شۆڕان» نووسینی عەتا نەهایی دا، وەگێڕ(گێڕەرەوە)[13] بە پشت بەستن بە تێکنیکی «ڕابردووی زەمەنی گێڕانەوەیی» باس لە کارەساتەکانی نێوان ساڵەکانی ١٩١٧ تا ١٩٧٠ی زایینی کوردستان (بانە) دەکات و تڕۆمایەکی نەتەوەیی لە ناو گەڵاڵەی سەرەکیی ڕۆمان چەق دەبەستێت. ئەم تڕۆمایە، مێژووی فەرامۆشکراو و نەگێڕدراوەی کورد لە بازنەیەکی چەند دەیەی کوردستان بەرجەستە دەکاتەوە هەتا لەم ڕێگەیەوە دژەگێرانەوەیەک بەبەراوری گێڕانەوەی فەرمی بەرسازە بکات. لە ڕۆمانێکی تری ئەم نووسەرەدا، «باڵندەکانی دەم با»، وەگێڕی سوبژێکتیو لە نێوان بیرەوەری کەسایەتییەکانی وەک «میهرەبان» و «فەرهاد» بێژەری تڕۆمایەکی مێژووییە کە لە پێش و لە دوا شۆرشی 1979ی ئێران ڕووی داوە. ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتی جیلێکە وا لە لەناوبردنی ڕژیمی پەهلەویدا دەستییان هەبووە، بەڵام هەنووکە فەرامۆش کراون.
ڕۆمانی «ژیانەوە بەکاتی سیروان» نووسینی مەنسوور تەیفووری، شایەتیدەرانی تڕۆمای ڕابردوو (مێژوو) دەخاتە ئەستۆی بەشێکی زۆر لە کەسایەتییەکان و تەنانەت سروشتەوە. لەم ڕۆمانەدا، کەسایەتییەکان، چەمی سیروان، دارستان و شەقام و…هتد، گشتیان شایەتی بۆ ڕووداوەکانی دوا شۆرشی گەلانی ئێران ( ١٩٧٩) لە کوردستان دەدەن. هەروەها لە ڕۆمانی «تۆقی عەزازیل» نووسینی سەیدقادر هیدایەتی، وەگێڕ بە شێوەڕاوێژی خانەقایی و لە پۆششی توانج و پاڕۆدیکدا، چەوسانەوەی خەڵکی ئاسایی بەدەست شێخەکانی کوردستان و هەروەها ئاڵۆگۆڕییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچە لە پێش و دوای شۆرشی ٧٩دا دەگێڕێتەوە. ئەم نووسەرە لە ڕۆمانێکی تریدا بە ناوی «گابۆڕ» دۆخی میلیتاریزەی دەیەی حەفتای هەتاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قاڵبی گێڕانەوەیەکی چەندڕوانگەییدا ئاراستە دەکات.
تاقمێکی تری ئەم بەرهەمانە- هەر وەک ڕۆمانی گوڵی شۆڕان- مێژووی تڕۆمای نەتەوەیی دەگەیەنەوە سەردەمێکی دوورتر لە شۆرشی ١٩٧٩. ڕۆمانەکانی «هاورەبەرە» و «میرزا» نووسینی فەتاح ئەمیری، «گۆمی بەردەلانکێ» و «زینوی بەتەم» کامران حامیدی، سنوورەکانی گێڕانەوەی بیرەوەری و بەرخۆدان لەمەڕ بیرەوەری بەئایدیۆلۆژیکراو، کە دەبێتە هۆی یەکدەستکردن و بەپەراوێزخستنی نەتەوە جۆربەجۆرەکانی ئێران، دەگەیەنەوە سەردەمی پاشایەتی پەهلەوی و بەرلەویش. هەمووی ئەم ڕۆمانانە هەوڵ دەدەن چەشنێک مێژوو، بەپێچەوانەی مێژووی فەرمی باڵادەست بگێڕنەوە و گێڕانەوەکەیان لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، واتە لە گۆشەنیگای خەڵکی ژێردەستەوە پێچم دەگرێت.
2-2.جومگەبەندی فۆلکلۆر:
شەمەندکردنی ئەدەبیاتی زارەکی و فۆلکلۆری کوردستان-لەگەڵ زمانی کوردی- یەکێکی تر لە ماکەکانی بەرخۆدانی ئەم ڕۆمانانەیە. لە ڕۆمانگەلێک وەک «چریکە و تاریکستانی ساڵە سپییەکان» نووسینی بریا کاکەسووری و «هاوارەبەرە»ی فەتاح ئەمیری، ئەدەبیاتی زارەکیی کورد دەخزێتە ناو دەقی ڕۆمانەوە و سوود لە ڕاوێژە ئەدەبیی خۆماڵییەکانی وەک «حەیران» و «بەیت» بۆ هەناردەکردنی وێناکانی کەلتووری و نەتەوەیی وەردەگرن. هەروەها لە ڕۆمانی «گوڵی شۆڕان»دا بەیتی (لاس و خەزاڵ) لە ناو گەڵاڵە و فۆڕمی ڕۆماندا چێدەکرێت هەتا حەقایەتێکی فۆلکلۆر سەرلەنوێ زیندووبێتە و بەشێوەیەکی هێماین مێژووی هەنووکە بە مێژووی ئوستوورەی گرێ بداتەوە. لە بەشێکی ڕۆمانی «ژیانەوە بەکاتی سیروان»دا، بۆ شینگێری یەکێک لە کەسایەتییەکان لەبەردەم چەمی سیرواندا، شێوەڕاوێژی حەیران بەکارهاتووە، ئەم شێوەڕاوێژە پێوەندی نێوان هەنووکە و ڕابردوو و هەروەها جیاوازی شینگێری وەک هێمایەکی کەلتووری کورد بەرجەستە دەکاتەوە.
بەم جۆرەی لەم بەرهەمانەدا دەردەکەوێت، جوومگەبەندی فۆلکلۆر لە پێکهاتەی ڕۆماندا وەک ئیستراتێژی دەق لەمەڕ هێژمۆنی گوتاری زاڵەدا زەق دەبێتەوە هەتا ئیماژە شوناسییەکانی خۆی سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە. کارکردی گێڕانەوەی فۆلکلۆر لەم ڕۆمانانەدا جیاواز لە پتەوکردنی ناوەڕۆک بە هێمایەکی نەتەوەییەوە، هێڵی گەڵاڵەی چیرۆکیش لە ڕێگەی تەکووزدانی شێوەگێڕانەوە دەتەنێت، واتە پێکهاتەی فۆلکلۆر دەخزێتە ناو گەڵاڵەی چیرۆک و هێلی سەرەکیی ڕۆمان بەرەو ئاقارێکی تایبەت لە شێوەگێڕانەوە دەبات، ئەم شێوەگێڕانەوەیە «دەنگی وەگێری خۆماڵی» لە ناو «فۆڕمی بێگانە (بیانی)»دا دەتەنێت هەتا لەم ڕێگەوە بەرهەمێکی جیاواز لە بەرهەمی بیانی بخوڵقێنێت.
3.بەخۆماڵیکردنی شێوەگێڕانەوە
هەربەم شێوەیەی ئاماژەمان دا، وەرگرتن و پەسەندکردنی شێوازگەل و تێکنیکی نوێی نووسینی ڕۆمان لە کوردستان، پەسەندکردنێکی ئاسایی و دەمەلاسکێیانە نەبووە، بەڵکوو سەرچاوەی هەرەزۆری بەکارهێنانی ئەم شێوازە نوێیانە دەگەڕیتەوە سەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کوردستان. ئەم گۆڕانە بەتایبەت لە «فۆڕمی گێڕانەوەیی»دا دەستی هەبووە. بە شیکاری گێڕانەوە و تاوتوێی پێکهاتەی ئەدەبی هەندێک لە ڕۆمانەکان بۆمان دەردەکەوێت شێوازی بەکارهاتوو لەواندا ڕێک و ڕەها شێوازی خۆرئاوایی نییە. ئەم باسە جیا لە ناوەرۆک، باسێکی بووتیقایی لەسەر ئەدەبیاتە، واتە لەگەڵ تاوتوێی هێماکانی ناوەرۆک، شیکاری «شێوەگێڕانەوە»ی ڕۆمانیش دەکرێتەوە. یەکێک لە باشترین نموونەکانی ئەم چەشنە گێڕانەوە، ڕۆمانی «باڵندەکانی دەم با»ی عەتا نەهاییە.
«باڵندەکانی دەم با»، بەشێوازی مێتافیکشن[14] نووسراوە و ئەگەرچی زۆربەی خاڵە تێکنیکییەکانی پۆستمۆدێرنی ئەدەبی وەک نامسۆگەری[15]، کورتەپێوەندی[16]، گەمەی ئاخاوتەیی[17] و خۆژێدەری[18] لەم ڕۆمانەدا بەدەیدەکرێت، بەڵام لە سەرێکەوە جیاوازی فۆڕمیکی لەگەڵ ئەم چەشنە نووسینان هەیە. ڕیشەی ئەم جیاوازییە دەبێ لە هۆی بەکار هێنانی ئەم تێکنیکانەدا بدۆزینەوە. بۆ نووسەری پۆستمۆدێرنی خۆرئاوایی، ڕەچەڵەکی ئەم چەشنە نووسینە دەگەڕێتەوە سەر مشتومڕە مەعریفییەکانی ئەدەبیاتی ئەو ناوچەیە، بەڵام بۆ نووسەرێک وەک نەهایی، هۆی بەکار هێنانی وەها تێکنیکگەلێک دەگەڕیتەوە سەر بەربەستە سیاسییەکانی کوردستان.
پۆستمۆدێرنە خۆرئاواییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە تێکنیکەکانی مێتافیکشن لە هەوڵی نزیکبوونەوە بۆ ئاستی «بوونناسانە»ی ڕۆمان دان و بەچەشنێکی خوازەیی خوێنەر بەرەوڕووی «دەستکردبوونی چیرۆک» دەکەنەوە. لە ڕاستیدا ئەوان هەوڵ دەدەن هەرچەشنە هاوەڵدوانەکردن و «هاودڵی[19]» خوێنەر لەگەڵ کەسایەتی و جیهانەکەی لە دەقی چیرۆک بسڕنەوە. دەرئەنجامی وەها کردەوەیەکی تێکنیکی، دەبێتەوە هۆی ئەوەی خوێنەر بەجێگەی «ناوەرۆکی چیرۆک»، سرنجی زیاتر بداتە «شێوەگێرانەوە»ی وەگێڕ (.(McHale, 2003
بەڵام لە باڵندەکانی دەم با دا هەوڵێک بۆ دەستکردبوونی هەمووی چیرۆک یان هاودڵی نەکردنی خوێنەر لەگەڵ جیهانی کەسایەتییەکان ناکرێت. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، هەوڵ دەدرێت خوێنەر زیاتر لە ئاستەکانی گێڕانەوە نزیک بکاتەوە و لەگەڵ جیهانی چیرۆک هاودڵی بکەن. بە فەڕزی سەلماندی وەها گریمانەیەک لەبارەی باڵندەکانی دەم باوە، چ زەروورەتێک بۆ کەڵک وەرگرتن لە مێتافیکشن دەمێنێتەوە؟ ڕیشەی ئەم زەروورەتە لە مشتومڕی فەلسەفی لەگەڵ جیهانی چیرۆک-وەک خۆرئاوا- نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە سەر مشتومڕ و گرفتە سیاسییەکانی ناو مێژووی کۆمەڵایەتی نووسەر.
(باڵندەکانی دەم با) لە ڕێگەی وەگێڕێکی سوبژێکتیو چیرۆکی نووسەرێکی سیاسی بە ناو «میهرەبان» دەگێڕێتەوە کە سەرقاڵی نووسینی چیرۆکێک لەبارەی کەسایەتییەکی سیاسی بەناوی «فەرهاد»ـە. میهرەبان ماوەیەک دوا سەرکەوتنی شۆڕشی ٧٩ی ئێران، وڵات جێدێڵێت و ساڵگارێک لە دەرەوە ژیان بەسەر دەبات و هەنووکە بۆ نووسینی چیرۆکی فەرهاد گەڕاوەتەوە کوردستان. نێوان وەگێڕ، میهرەبان و فەرهاد هاوشێوەیەکی زۆر بەدیدەکرێت. بەتایبەت نێوان فەرهاد و میهرەبان کە چیرۆکێکی سیاسی و دڵدارانەی هاوشێوەیان ئەزموون کردوە. ئەگەرچی بەشی هەرە زۆری ڕۆمانەکە لە بازنەی میهرەباندا دەسووڕێتەوە، بەڵام چیرۆکی سەرەکی هیی فەرهادە. وەگێڕ، کە دەتوانین وەک سوبژێکتیوەی «نووسەری نادیار[20]» پێناسەی بکەین، بەهۆی زانیاری کەم سنوور لەبارەی فەرهادەوە، نووسەرێکی تر بەناوی میهرەبان دەخوڵقێنێت و لە گۆشەنیگای ئەو و بەهاوکاری ئەوەوە، هەوڵ دەدات بەسەرهاتی فەرهاد بگێڕێتەوە؛ واتە بەسەرهاتی کەسایەتییەکی سیاسی کە بەشداری بەرخۆدان و شەڕ لەگەڵ ڕژیمی پێشوو (پەهلەوی) بووە و هەنووکە فەرامۆش کراوە. هۆی بەرتەسک بوونی زانیاری وەگێڕ لە ژیانی فەرهاد لە دەرەوەی «دەقی گێڕانەوەیی[21]»دا، دەگەڕێتەوە سەر بەربەست و لەمپەرگەلێک وا ئایدیۆلۆژی زاڵ ڕووبەڕووی ژیانی ئەم جۆرەکەسانەی کردۆتەوە؛ ئەم جۆرەکەسانە دەبێ لە جەغزی گوتاری فەرمیدا بەپەراوێز بخرێن هەتا ئایدیۆلۆژی بەدڵی خۆی مێژووی ڕابردوو بەرسازە بکات.
چ پێویستییەک بۆ نووسین لەبارەی کەسێکەوە کە زانیاری تەواومان لەسەر نییە هەیە؟ پێویستی نووسین لەبارەی ئەم کەسانە تەنیا «پێویستییەکی سیاسی»ـیە. بەوتەیەکی تر زەروورەتێکە وا بەرخۆدانی سیاسی کورد بەسەر نووسەرەکەیدا دادەسەپێنێت. بەسەرهاتی فەرهاد، ڕابردووی ئەو تاقمە کوردانەیە کە لە لەناوبردنی ڕژیمی پەهلەویدا دەستیان هەبووە، بەڵام هەنووکە و لەدوا شۆڕش لەبیرکراون. ئەم چالاکە سیاسییانە لە مێژووی فەرمیی حکوومەتی هەنووکەدا هیچ جێگە و پێگەیەکیان نییە. لێرەدا ئەدەبیات لە چەشنی مێژوونووس دەرەکەوێت و مافی بزربوو و فەرامۆشکراوی ئەم کەسانە دەبێ لەلایەن نووسەری کوردەوە بدرێت. بەمپێیە چیرۆکی فەرهاد، وەک پلەی دووهەمی گێڕانەوە، چیرۆکێکە کە دەبێ باوەڕ بکرێت. «باوەڕاندن» خاڵی جیاواز نێوان مێتافیکشنی باڵندەکانی دەم با و مێتافیکشنی پۆستمۆدێرنی خۆرئاوایە.
لە پۆستمۆدێرنیزمی خۆرئاواییدا ئاماژەگەلی زۆر لەلاین نووسەرەوە ئاراستە دەکرێن هەتا دەستکردبوونی چیرۆک و هاوتەریب لەگەڵ ئەو، دەستکردبوونی ئایدیۆلۆژیش نیشان بدرێت. بەوتەیەکی دیکە، نووسەری خۆرئاوایی هەوڵی ئەوە دەدات سەرنجی خوێنەر بۆ تێکنیکەکانی بەرهەمهێنانی «جیهانی چیرۆک[22]» ڕاکێشێت تا لەم ڕێگەیەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ خوێنەر بەرەوڕووی ئەم ڕاستییە بکاتەوە کە گشت چیرۆکەکانی ئایدیۆلۆژیش لە دەرەوەی دەقی گێڕانەوەییدا هەر دەستکرد و بەرسازەکراون. باڵندەکانی دەم با، وەها کردەوەیە تەنیا لە پلەی یەکەمی چیرۆک-واتە چیرۆکی میهرەبان- ئەنجام دەدات و پلەی دووهەم- چیرۆکی فەرهاد- وەها تەکووز دەکات کە تەنانەت کەسایەتی خوڵقێندراوی وەگێڕ (میهرەبان) لە جیهانی فەرهاد دا نوقم دەبێت و بەتەواوی هاودڵی لەگەڵ ئەو دەکات. نوقمبوونی میهرەبان لە چیرۆکی فەرهاد دا تێکنیکێکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاودڵی خوێنەر و باوەڕاندنی چیرۆکی فەرهاد. بەکورتی هاودڵی خوێنەر لەگەڵ فەرهاد نیشاندەوەی ئەمەیە کە: ئەگەرچی فەرهاد کەسایەتی چیرۆکی میهرەبانە، بەڵام وەها کەسانێک لە مێژووی سیاسی-کۆمەڵایەتی کوردستاندا هەبوون و دەبێ فەرامۆش نەکرێن، واتە کەسایەتیگەلێک بە ئاگایی سیاسی بەرزەوە، بەڵام «فەرامۆشکراو». کەسانێک وا بەربەستە سیاسییەکان بۆنەتە هۆی ئەوەی تەنانەت خۆشیان خۆیان لەبیر بکەن؛ کەوایە دەبێ ئەوان وەک وەگێڕی باڵندەکانی دەم با، لە نێو «دووکەڵی» وەپەراوێزخەری سیاسیدا ڕاکێشی لووتەکی «ڕووناکی» بکەینەوە و پێگەیان لە مێژوودا دیاری بکەین.
نموونەیەکی تر لەم چەشنە نووسینە، ڕۆمانی «سروودێک بۆ ئیبراهیم» نووسینی عەزیز مەحموودپوورـە. گەڵاڵەی سەرەکیی ئەم ڕۆمانە، شێوازێکی کەموێنەی لە «تێکدانی زەمەنی گێڕانەوەیی»[23] تێدایە، بەشێوەیەک کە لە یەک پاڕاگرافدا چەندین گەڕانەوە و بەرەوپێشەوچوونی زەمەنی تێدایە و زۆربەی ڕستە و دیالۆگەکان درێژەی ڕستەی پێشخۆیان نیین و هەرکامەیان سەر بە زەمەنێکی چیرۆک و وردەگەڵایەکی ترن. ڕۆمانەکە دەقێکی تەواو هیستریکە و زەمەنی گێڕانەوەیی بەتەواوی تێکدەدات، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی هێڵی چیرۆک ون بکەین و ڕستەکانمان بۆ نەچنەوە سەر یەک. ڕەنگە بەکارهێنانی وەها زەمەنێکی پێچەڵاو بۆ گێڕانەوە، ڕێگەیە بۆ دەرچوون لە فەزای سانسۆر بێت. چیرۆکی ڕۆمانەکە بەسەرهاتی ئەوکەسایەتییانە دەگێڕێتەوە کە بەتەواوی لە مێژووی فەرمی و بەئایدیۆلۆژیککراوی سیاسیدا دوورخراونەوە، تەنانەت باسکردنیان جۆرێک نافەرمانی سیاسی بەحساب دێت.
لەم ڕۆمانەدا «زمان» پەل دەکێشێتە ناو ئەو بۆشاییە «حەقیقەتسازیی»ـیە کە ئایدیۆلۆژی لەبیری کردوە، یان سیستەمی بەرسازەکردنی بیرەوەری نەیتوانیوە دەستی پێڕابگات؛ ئەم بۆشاییە، «زەمەن»ـە. پاتەکردنەوە و هاوتەریبی ئەویش، حاشاکردن لە بەستێنی زەمەنیدا، لەلایەکەوە واتای تایبەت بەرهەم دێنێت و لەلایەکی تریشەوە واتاکانی دیکە بەپەراوێز دەخات. زەمەن لەم ڕۆمانەدا نەتەنیا ڕەهەندێکە بۆ پەلداکووتان لەناو بۆشایی حەقیقەتسازیی ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵکوو خۆی بەشێکە لە «نیزامی دەق»، بۆیە تێکدانی زمەن لەم چیرۆکەدا بیرخەرەوەی سەرەگێژەکان، تڕۆماکان، شکستەکان و ئەشکەنجەکانی مێژووی بەئایدیۆلۆژیککراوە. وەها تێکنیکێک بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتی «ئیبراهیم» و خێزانەکەی تەنیا بەهۆی ئاشنایی نووسەر لەگەڵ تیۆری ئەدەبیی خۆرئاواوە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی مێژووی بزربوو، بەپەراوێزخراو، پارچەپارچەکرا و چەند جەمسەری کوردستانە کە بەشێوازێکی ناخودئاگا لە سوبژێکتیوەی نووسەردا هێڵانەی کردوە، هەر بۆیە «زمەنی دەق» بەتەواوی «زەمەنی چیرۆک» کە ئاخنراو بە تڕۆمای ڕابردوویە، تێکدات و نەزمێکی بێنیزام لە گەڵاڵەی سەرەکیی ڕۆمان دا بەرهەم دێنێت. زەمەنی دەق پاژەکانی زەمەنی چیرۆک بەسەر کۆی وردە گەڵاڵەکاندا دابەش دەکات و هەر جارەی تەنیا پاژێک لە بەسەرهاتی کەسایەتییەکان دەگێڕێتەوە. ئەم دابەشکارییە، دەق لە ڕواڵەتی ئاسایی گێڕانەوە بەرەو گێڕانەوەیەکی چەند جەمسەری دەبات کە نەتەنیا هەرگیز کۆتایی نایەت، بەڵکوو هەرجارەش تڕۆمای ڕابردوو بەچەشنێکی تر نمایش دەدات. لێرەدا «ناوەرۆکی خۆماڵی»، «فۆڕمی بیانی گێڕانەوە» تووشی گۆڕانی بنەڕەتی دەکات هەتا لەم ڕێگەوە «دەنگی بزربووی مێژوو» لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەنووکەدا دووبارە بەرهەم بێنێتەوە.
دەرئەنجام
بابەتگەلێک وا لەم وتارەدا باسکرا تەنیا بەشێک لە ئەدەبیاتی داستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باس دەکات. ئەم بەشە بە بڕوای نووسەر دەتوانێت وڵامێکی شیاو بۆ شێوازی نووسینی ڕۆمانی کوردی لە دۆخی نەتەوەی ژێردەست بێت. نەتەوەیەک کە بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی کەرەستەیەک شایان تر لە چیرۆک نادۆزێتەوە، چوونکە «ڕۆمان شوێنی ئاخاوتنی کۆمەڵگایە». نووسەرانی کورد بە پشتبەستن بە ئاڵۆگۆڕییە مێژووییەکانی کوردستان، فۆڕمە خۆرئاواییەکانی ئەدەبی بە شێوەی دەمەلاسکێیانە بەکارنایەن و ئەو تێکنیک و شێوەگێڕانەوانە لەگەڵ ئەزموونی مێژوویی خۆیان تێکەڵ دەکەن. ئەم تێکەڵکردنە هەم لە ناو فۆڕم و هەم لە ناو ناوەرۆکدا بەڕوونی لە ڕێگەی شیکاری گێڕانەوەدا ڕەچاو دەکرێت. بەچەشنێک کە دەنگی وەگێڕ وەک نوێنەری زۆربەی خەڵکی کورد دەردەکەوێت. دەنگی وەگێڕ لە دەقی کوردیدا وەک ڕۆڵی زاڵ نمایش دەدرێت. ئەم ڕۆڵە، فۆڕمە خۆرئاواییەکان لە ئاستەکانی گێڕانەوە و هاوپەیوەند بە سوبژێکتیوەی نووسەر دەگۆڕێت و پێکهاتەیەکی جیاواز دەخوڵقێنێت. ئەگەرچی بەشی هەرەزۆری ئەدەبیاتی کوردستان بە هەموو چەشنەکانییەوە- لە ڕۆمان و شێعری نوێ بگرە تا دەگاتە کورتەچیرۆک و کورتیکەچیرۆک- دەرئەنجامی ئاشنایی لەگەڵ تیۆری ئەدەبی خۆرئاوایە، بەڵام «بەخۆماڵیکردنی» ئەم چەشنە ئەدەبیانە ڕەنگ و ڕواڵەتێکی دیکەی لای کورد بەخۆوە گرتوە. دەرئەنجامی ئەم دەستتێوەردانە ئەدەبییە، بەم جۆرەی فرانکۆ موورێتی(٢٠٠٣) ئاماژە پێدەکات، دەتوانین لە سێیانەی «فۆڕمی بیانی، ناوەرۆکی خۆماڵی و فۆڕمی خۆماڵی» یان بەوتەی تر لە ناو «گەڵاڵەی بێگانە، کەسایەتی خۆماڵی و گێڕانەوەی خۆماڵی»دا بدۆزینەوە. بەم چەشنەی وا فۆڕمی خۆرئاوایی لە گێڕانەوەدا لەگەڵ فۆڕمی خۆماڵی تێکەڵ دەبێت و دەنگێکی جیاواز لە دەنگی ئەدەبیاتی زاڵ بەرهەم دێنێت.
لە کۆتاییدا پێشنیاری نووسەر لەم وتارەدا ئەوەیە کە دەبێ گەڵاڵەیەکی تر لە گریمانە و تێوری ئەدەبی بۆ هەڵسەنگاندی ئەدەبیاتە غەیرەخۆرئاواییەکان بەرهەمبێت؛ گەڵالەیەک کە لەگەڵ چوارچێوەی بووتیقای ئەدەبی جیهانی، بناخەی کۆمەڵایەتی سیاسی و هەروەها چەشنەکانی گێڕانەوەی خۆماڵیش ڕەچاو بکات.
سەرچاوەکان:
English:
- Booth, W. C. (1983) [1961]. The rhetoric of fiction. U of Chicago P.
- Deleuze, G., Guattari, F. (1986). Kafka: toward a minor literature. U of Minnesota P.
- Foucault, M. (1980). Language, counter-memory, practice: Selected essays and interviews. Cornell University Press.
- He, Y. (2020). Rethinking Minor Literature and Small Literature as Secondary Zone Literature. Territories: A Trans-Cultural Journal of Regional Studies, 2(1).
- Jameson, F. (1993). In the Mirror of Alternate Modernities: Introduction to Karatani Kōjin’s The Origins of Japanese Literature. South Atlantic Quarterly, 92(2), 295-310.
- McHale, B. (2003). Postmodernist fiction. Routledge.
- Moretti, f. (2000). Conjectures on world literature. New left review, 2(1), 54-68.
- Spivak, G. C. (2023). Can the subaltern speak?. In Imperialism (pp. 171-219). Routledge.
کوردی:
- تەیفووری، مەنسوور (٢٠١٧). ژیانەوە بەکاتی سیروان. سلێمانی: غەزەلنووس.
- حامیدی، کامران (١٣٩٩). گۆمی بەردەلانکێ. سەقز: خانی.
- حامیدی، کامران (٢٠١٤). زینوی بەتەم. هەولێر: موکریان.
- شاکەلی، فەرهاد (١٣٩٩). گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی. وەرگێڕان: محەمەد خزریئەقدەم. سنە: مادیار.
- کاکەسووری، بریا (١٣٩٦). چریکە و تاریکستانی ساڵە سپییەکان، (گێڕانەوەی دووهەم).سەقز: بیریار .
- مەحموودپوور، عەزیز (١٤٠٠). سروودێک بۆ ئیبراهیم. سەقز: خانی.
- نەهایی، عەتا (١٣٩٤). باڵندەکانی دەم با. کەرەج: مانگ.
- نەهایی، عەتا (١٣٩٨). گوڵی شۆڕان. چاپی دووهەم. کەرەج: مانگ.
- هیدایەتی، سەیدقادر (١٣٩٦). گابۆڕ. چاپی سێهەم. سەقز: گوتار و خانی.
- هیدایەتی، سەیدقادر (١٣٩٧). تۆقی عەزازیل. سەقز: خانی.
- ئەمیری، فەتاح (١٣٩٧). هاوارەبەرە و میرزا. سەقز: خانی.
فارسی:
[1] . Other literature
[2] . Structure
[3] . Small literatures
[4] . Minor literature: بۆ ئەم دەستەواژەیە لە کوردیدا «ئەدەبیاتی کەمینە» پێشنیار کراوە، وێدەچێت ئەم وەرگێڕانە لە فارسییەوە (ادبیات اقلیت) کرابێت نەک فەڕانسی یان ئینگلیزییەکەی. لەم چەمکەدا کەمینە بۆ (Minor) بەتەواوی هەڵەیە. لە کوردیدا کەمینە (Minority) بۆ ژمارەی جەماور بەکار دێت، وەک (کەمینە ڕەگەزییەکان) بەڵام (Minor Literature) ڕاشکاوانە باسی ژمارە ناکات. من بۆ ئەم دەستەواژە «ئەدەبیاتی لاوەکی» پێشنیار دەکەم، جیا لەوەی یەکێک لەماناکانی (Minor) لە زمانی ئینگلیزیدا لاوەکی و ناگرینگە، لە پێناسەیەک وا (دۆلۆز و گۆتاری)یش لەم دەستەواژەیەی دەکەن ئاماژە بە ئەدەبیاتێکە کە بە بەراورد لەگەڵ ئەدەبیاتی زاڵ و باڵادەست، لاوەکی و ناگرینە، بۆیە بەپەراوێز دەکەوێت. بۆ شرۆڤەی زیاتر لەباری ئەم چەمکەوە سەردانی وتاری ژێرەوە بکەن:
- HE, Yanli (2020). Rethinking Minor Literature and Small Literature as Secondary Zone Literature. Territories: A Trans-Cultural Journal of Regional Studies, 2(1).
[5] . سەبارەت بە خۆتاوانکردنی کافکا لەمەڕ زمانی دایکییەوە، بڕواننە وتاری فارسی نووسەر بەناوی: « مسخشدگی در زبان مادری؛ یادبود زبان ییدیش در آثار فرانتس کافکا» لە ماڵپەڕی Vinesh.ir.
[6] . Major literature
[7] . جیا لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات ئەم چەشنە لە دەستتێوەردان و ئاڵۆگۆڕییە فۆڕمیکە لە ئەدەبیاتی باشووری کوردستانیشدا بەدیدەکرێت. عیززەدین مستەفاڕەسووڵ لەم بارەوە دەڵێت: «گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی نە بەرینکردنەوە و بە تانۆپۆداهاتنەوەیەکی ڕووکەشی و سادەی ئەفسانە کوردییەکانن و نە وەرگێڕانێکی دەقاودەق و دەمەلاسکێی ئەدەبی ئەرووپین، بەڵکوو ئەوان تێکهەڵکێش و ئاوێتەیەکی داهێنەرانەن لە نێوان میراتی زارەکی و نووسراوی کوردی و شێوازی دەربڕین و گێڕانەوەی خەڵکانی تر.» (مستەفاڕەسووڵ لە شاکەلی:٥٩،١٣٩٩)
[8] . بۆ زانیاری لەبارەی ڕەوتی چیرۆکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕواننە وتارەی ژێرەوە بە قەڵەمی نووسەر: «ڕەوت و قۆناغەکانی چیرۆکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان» لە ماڵپەڕی (Cultureproject.org.uk)دا.
[9] . Subjective
[10] . Narration
[11] . لە دەسپێکی وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی بۆ کوردی، زۆربەی جار وەرگێڕانەکان لە زمانە سەرەکییەکانی ئەدەبیاتیی خۆرئاواوە (ئینگلیزی، ئاڵمانی و فەڕەنسی) نەدەکرا، بەڵکوو هەمیشە نێوانجییەک وەک زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی بوونی هەبووە. بۆ درێژەی ئەم باسە بڕواننە وتاری ئینگلیزی نووسەر بە ناوی :
« Eurocentric Aestheticism, Reproducer of Western Symbolic Hegemony» لە کتێبی: « (2024) Mapping Minor/Small and World Literatures: Periphery and Center» دا.
[12] .Construct
[13] . Narrator
[14] .Metafiction
[15] . Uncertainty
[16] . short-circuit
[17] . Language game
[18] . Self-referential
[19] . Believability
[20] . دەستەواژەی (Implied Author) «نووسەری نادیار» یان (شاراوە) یەکەم جار لە لایەن «ڤین سی. بووس» لە کتێبی (ڕیتۆریکای چیرۆک)( The Rhetoric of fiction.1961)دا ئاماژەی پێکرا و دواتر لە لایەن کەسانێک وەک «سیمۆر چەتمەن»ـەوە پەرەی پێدرا و داکۆکی لێکرا. نووسەری نادیار بەرهەمی مێشکی خوێنەری ڕاستەقینەیە، وێنایەکی زەینییە کە خوێنەر بە پێی کۆی زاڵی نۆڕمەکانی دەق، لە نووسەری ساز دەکات. بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە لاپەڕەکانی ٣٤ تا ٤٣ی بەرهەمی نووسەر بەناوی: «بووتیقای گێڕانەوە: گێڕانەوەناسیی ڕۆمانی کوردی(١٤٠٢). کاوان محەمەدپوور. پەخشانگەی زانکۆ کوردستان-سنە».
[21] . Narrative
[22] . Diegetic
[23] . Anachrony