کورد و جەنگ: نەک ئەسپى تەروادەی ئەوانی تر؛ گرنگیی تێگەیشتن لە ئیرادەی ئۆدیسیۆس بۆ گەڕانەوە

 

داگرتنی PDF

 

کورد بەردەوام لە شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بێ ئەوەی بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی هەبێت، دەکرێتە ئامانجی هێرش یان وەک لایەنگر و جێبەجێکاری پڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل پێناسە دەکرێت. مەبەستی ئەوانەی بەو شێوەیە لە کورد دەڕوانن، دەتوانرێت لە چوارچێوەی «ئەسپی تەروادە»دا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بەڵام ئەم نووسراوە دەیەوێت، بە پێچەوانەی ئەو وێناکردنە، تێکۆشانی سیاسیی کورد و هێزە سیاسییەکانی وەک پێویستیی ئیرادەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەییی کورد، تیۆریزە بکات. هەروەها، لە دوو گۆشەنیگاوە ئەو ڕوانینەی «ئەسپی تەروادەی ئەوانی تر» دەخاتە بەر ڕەخنە: یەکەم، هۆکاری ئەو وێناکردنە لە لایەن داگیرکەرانەوە باس دەکات؛ دووەم، تیشک دەخاتە سەر گرفتی ئەسپی تەروادەی بێدەستکەوتی ئەوانی تر بوون.

ئەم ڕۆژانە ئەویندارانی فیلم و لایەنگرانی کریستۆفەر نۆلان سەرقاڵی فیلمە نوێیەکەی، ئۆدیسە (The Odyssey)ن، کە لە چیرۆکی شاعیری بەناوبانگی یۆنانی، هۆمەر، وەرگیراوە. هاوکات، هەوڵ دەدەن بتوانن لە شاشەی IMAX 70MM سەیری ئەو بەرهەمە هونەرییە بکەن.

هەر بۆیە، نووسەر لەم پارچەنووسینەدا چیرۆکەکە بۆ بەراوردکردن،ئوبهاندن و پێناسەکردنی دۆخی کورد بەکار دەهێنێت؛ هەم لە مانا فراوانەکەی، واتە کوردستانی گەورەی دابەشکراو و داگیرکراو لە لایەن تورکیا، سوریا، ئێران و عێراقەوە، هەم بە شێوەیەکی تایبەتتر و بە سەرنج و تەرکیزی زیاتر لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ململانێی ئێستای نێوان ئەمریکا–ئیسرائیل و ئێراندا.

ئەم نووسینە زیاتر پەیڕەوی لە چیرۆکەکەی هۆمەر دەکات تا فیلمەکەی نۆلان. گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم نووسینە کەسایەتیی ئەفسانەییی ئۆدیسیۆس وەک چوارچێوەیەک بۆ بەراوردکردن بەکار دەهێنێت، نەک بۆ گونجاندنی بێکەموکوڕی یان سەپاندنی ئەفسانەکە بەسەر کوردا. جگە لەوە، چیرۆکی ئۆدیسیۆس چیرۆکی تاکە کەسێکە، لە کاتێکدا باسی کورد دەگەڕێتەوە بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی؛ باسی نەتەوەیەک بە پارتە سیاسییەکانی و دەیان ئاڵۆزیی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک لە نێوانیاندا. بۆیە، ڕەنگە بەراوردکردنی ئەو بابەتە بە قارەمانێکی ئەفسانەییی تاکەکەسی، زێدەڕۆیی دەربکەوێت. بەڵام لێکچوونەکە لە ئاستی هەندێک تایبەتمەندیی چیرۆکەکە دایە، نەک لە ئاستی بەراوردکردنی قەبارەی ڕاستەقینەی کەسایەتیی ئۆدیسیۆس لەگەڵ قەزیەی کورد. هەروەها، ئامانجی ئەم نووسینە ئەفسانەیی و قارەمان کردنی کورد نییە، بە تایبەت لە سەردەمێکی ئاوا تاریک و ناڕوونی خەباتی سیاسیی کورددا؛ بەڵکو هەوڵێکی تیۆرییە بۆ تێگەیاندنی ئەو هێزانە بە تایبەتی و کورد بە گشتی، لە گرنگیی تێگەیشتن لە پێگە و تواناییی خۆیان و چۆنیەتیی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەم دۆخە ئاڵۆزە. ئۆدیسیۆس‌بوون وەسفی دۆخی ئێستای کورد یان شاعیرانەکردنی ئەو دۆخە نییە؛ بەڵکو زیاتر نەخشەڕێگایەکە بەرەو دوورکەوتنەوە لە دۆخی بەئامرازبوونی بێدەستکەوت. بۆیە، مەرجی سەرەکیی ئەم تێپەڕبوونە ئەوەیە کە هێزە کوردییەکان بتوانن یەکدەنگییەکی نەتەوەیی و هێزێکی یەکگرتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخەکە و سەرخستنی بەرژەوەندیی نەتەوەییی خۆیان پێک بهێنن. لە کۆتاییدا، ئەگەرچی نووسینەکە ئاماژە بە دۆخی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەکات و باوەڕی بە بەیەکەوەگرێدراویی هەموو کوردستانی گەورە هەیە، ئامانج و مەوداکەی لە پلەی یەکەمدا سەرنج دەخاتە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی شەڕ و ئاڵۆزیی ناوچەکەدا.

لەو کاتەوە شەڕی ٤٠ ڕۆژە لەگەڵ ئێران هەڵگیرساوە، ناوی کورد بە گشتی و کوردی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی، زیاتر لە جاران لە لایەن هەموو لایەنەکانی ململانێکەوە و هەروەها ئەو وڵاتانەوە دەبیسترێت کە ڕاستەوخۆ بەشداری ئەم جەنگە نین، وەک تورکیا. ئەگەرچی تورکیا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارە، کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەسەر سیاسەتی وڵاتانی بەشدار لەو شەڕەدا هەیە.

کورد و جەنگ

سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا، ترەمپ، چەندین جار باسی کوردی کردووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە حیزبێکی دیاریکراوی کوردی بکات. لە لایەکی دیکەوە، دیارە ئیسرائیل پلانی هەبووە لەگەڵ کوردانی ڕۆژهەڵات کار بکات، بەڵام بەهۆی دژایەتیی تورکیا و پاشگەزبوونەوەی ئەمریکاوە، پلانەکە لەسەر مێز لادرا. ئێران نەک تەنیا بە قسە، بەڵکو بە کردەوە، باشووری کوردستان و هێزە سیاسییەکان و کەمپە مەدەنییەکانی ئەو هێزانەی کردووەتە ئامانج؛ لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەی هەزار جار بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر باشوور. میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانیش، بە هەڵمەتە ڕاگەیاندنییەکان و هێرشە دڕۆنییەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی پارتە کوردییەکان، لە هێرشەکان دژی کورددا بەشدارن. ئەمە وەک بەشێک لە هێرشە بەرفراوانەکانی ئێران دژی کوردستان و بە تۆمەتی هاوکاریی کورد لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل باس دەکرێت.

حەوت پارتی سیاسیی کوردی لە ڕۆژهەڵات هەن کە ئێران ناوی «دژەشۆڕش» یان «جیاخواز» (تجزیه‌طلب)یان لێ دەنێت، بە مەبەستی بێبایەخکردنی بزووتنەوەی کوردی لە ناوخۆی ئێراندا. پاشایەتیخوازان و نەتەوەپەرستە ئێرانییەکانیش بە هەمان شێوە دەستەواژەی «جیاخواز» بەکار دەهێنن، بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری هەستی نەتەوەییی ئێرانی و دژی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد.بەڵام حیزبە کوردیەکان لە چوارچێوەی مافی چارەی خۆنووسین، خەباتی خۆیان پێناسە دەکەن. مافی چارەی خۆنووسین قەت لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانی و وڵاتانی دیکەی داگیرکار و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دانی پێدا نەنراوە و بە مەیلی جیاخوازی چاوی لێدەکرێت.

بەڵام لە ڕاستیدا، تەنیا یەکێک لەم پارتانە، کە بچووکترینیانە، واتە پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، بە ڕوونی داوای سەربەخۆیی و ڕاماڵینی داگیرکەر لە کوردستان دەکات. ئەوانی تر، واتە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستان و ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران، لە پلەی یەکەمدا داوای سیستەمێکی فیدراڵی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە ناو ئێرانێکی دیموکراتیکدا دەکەن. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، باڵی ڕۆژهەڵاتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، داوای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی ئێرانی دەکات کە تێیدا هەموو گرووپەکان مافی یەکسانیان هەبێت و بتوانن بە ئاشتی پێکەوە بژین. لەم ڕووەوە، ئەوانیش وەک هێزەکانی دیکە بیر لە دیموکراتیزەکردنی ئێران دەکەنەوە؛ تەنیا جیاوازییەکە لە چۆنیەتیی دابەشکردنی هێزدایە. ئەوان داوای سیستەمی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، بەو شێوەیەی کە دەیناسین، ناکەن؛ بەڵکو مۆدێلێکی ناناوەندیی خۆیانیان هەیە کە پێی دەوترێت «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک». ئەم بیرۆکەیە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە داڕێژراوە، کە نزیکەی ٢٧ ساڵە لە زیندانی تورکیادایە. ئەمە مۆدێلێکی سیاسیی لە خوارەوە بۆ سەرەوە و نادەوڵەتییە، کە گرنگی بە خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیی، دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، یەکسانیی ڕەگەزی و خۆڕاگریی ژینگەیی دەدات؛ لە هەمان کاتدا هەموو سیستەمە سیاسییەکانی ئێستا، لەوانە دەوڵەت–نەتەوە، فیدراسیۆن، کۆنفیدراسیۆن و مۆدێلە ڕێککەوتنییەکانی دابەشکردنی هێز، ڕەت دەکاتەوە. بەڵام ئەم تیۆرییە بە کردەوە لە ڕۆژئاوا خراوەتە بەر تاقیکردنەوە و دەرئەنجامەکەی ئەوە نەبووە کە چاوەڕوان دەکرا.

هەروەها، بزووتنەوەیەکی دژەداگیرکاری لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بڵاو بووەتەوە. وەک کۆمەڵناسی تورک، ئیسماعیل بێشکچی، لە بەرهەمەکەیدا بە ناونیشانی کوردستان؛ کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی ڕوونی کردووەتەوە، ئەوان کوردستان وەک خاکێکی ژێرداگیرکاری دەبینن کە لە نێوان تورکیا، سوریا، عێراق و ئێراندا دابەش و داگیر کراوە و دەبێت ڕزگار بکرێت. ئەوان ئازادیی نەتەوەیی و سەربەخۆییی خاک بە یەکەوە گرێدراو دەبینن.

بەڵام لە لایەن داگیرکەرەوە، بۆ نموونە کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەیان سیاسەت بۆ دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێز و خواستانە داڕێژراوە. بۆ نموونە، ئێران بۆ فراوانکردنی کاریگەری و هەژموونیی خۆی و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە، لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانییەوە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هێز و تاکە بەکرێگیراوەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتدا هەیە؛ ئەمەش لە ڕێگەی سوپای پاسداران و بەسیجەوە جێبەجێ دەکات. هەروەها، لە باشووری کوردستاندا لە ڕێگەی قەرارگای ڕەمەزان، کە سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە، بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت و هەژموونیی خۆی دەسەپێنێت. دابەشکردنی کورد و حوکمڕانی بەسەریدا ڕێگەیەکی دیکەیە کە ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان دابەش کردووە، بە هۆیەوە هەژموونیی خۆیان بەسەر کوردستاندا دەپارێزن و لە ڕێگەی بەکرێگیراوەکانیانەوە پێشی دەبەن. کورد بەو هێزانەی سەر بە داگیرکەرن دەڵێت «جاش»، کە لە مانا کەلتوورییەکەیدا واتە «بێچووی کەر» و بەهۆی کارکردنیان بۆ تاران، ئەنقەرە، بەغدا و شام، بە واتای «خائین» پێناسە کراون.

لۆژیکی ئەسپی تەروادە

جێی سەرنجە، لەو کاتەوە شەڕەکە دەستی پێکردووە، هەر یەک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ململانێیە، لەوانە تورکیا و ئێران، کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستانیان بە گشتی و ڕۆژهەڵات و باشووریان بەتایبەتی، بە شێوەیەک وەسف کردووە کە لەڕاستیدا پێناسەی ئەسپی تەروادە، یان ئامرازێکی سەربازی دەدات، کە خزمەت بە ئامانجە تایبەتەکانی هێزە دەرەکییەکان وەکوو ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن. ئەوان بۆ شەرمەزار کردن و وەبیرهێنانەوەی کارەسات بۆ کورد، ئاماژە بەوە دەکەن کە چۆن ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕێبەرایەتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کاری کردووە و دواتر، کاتێک ئامانجەکانی هاتنە دی، مەترسی داعش نەما و دەسەڵاتێکی ناوەندی بەهێز و لایەنگری تورکیا دەرکەوت، پشتی تێکردن. ئەوە ساتێکی وێرانکەر بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمی ڕۆژئاوا و برایەتی گەلان بە شێوەی بەرفراوان بوو.

سەرۆک ترەمپ کوردی تۆمەتبار کردووە بەوەی چەکی ئەمریکییان بۆ خۆیان هەڵگرتووە لەبری ئەوەی ڕادەستی ئۆپۆزسیۆن و ئەو خەڵکە ناڕازیەی ناو ئێرانی بکەن کە دژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەرخۆدانیان دەکرد، کاتێک لە ڕاپەڕینی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا لە ژێر سەرکوتی ڕژیم بوون.  هیچ پارتێکی کوردی وەرگرتنی ئەو چەکانەی پشتڕاست نەکردەوە. لە ٥ی ئازاری ٢٠٢٦، پێش ئەوەی سەرۆک ترەمپ لە نیساندا ئەو تۆمەتە بدات پاڵ کورد، لە وتەبێژی کۆشکی سپی کارۆلین لێڤیت پرسیار کرا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکان کە گوایە CIA چەک دەداتە گرووپە کوردەکانی ڕۆژهەڵات. ئەو دانی بەوەدا نا کە ترەمپ قسەی لەگەڵ ڕێبەرانی کورد کردووە، بەڵام گوتی: “هه‌ر ڕاپۆرتێک کە باسی ئەوە بکات سەرۆک ڕەزامەندی لەسەر پلانێکی لەو شێوەیە داوە هەڵەیە و نابێت بنووسرێت.  ” هەروەها، لێدوانێکی گرینگ لەلایەن وەزیری بەرگری پیت هێگسێتەوە هەبوو. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ڕاپۆرتەکان کە ئیدارەکەی بیری لە چەکدارکردنی حیزبە کوردەکان کردۆتەوە، گوتی: “هیچ کام لە ئامانجەکانمان لەسەر بنەمای پشتیوانی یان چەکدارکردنی هیچ هێزێکی تایبەت دانەنراون.  ” کۆشکی سپی لە ٥ی ئازاریشدا ڕایگەیاند کە ئەو ڕاپۆرتانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر پلانێک بۆ چەکدارکردنی هێزە کوردییەکان داوە، “هەڵەن”  بەڵام لە ١١ی ئایاردا، سەرۆک ترەمپ، لە کاتی قسەکردن بۆ ڕۆژنامەوانان لە کۆشکی سپی، دیسان کوردی تۆمەتبار کردەوە بەوەی، ئەو چەکانەی کە ویستبوویان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی بنێرن، لای خۆیان هێشتووەتەوە. گوتی: “بۆیە من زۆر لە کوردەکان بێهیوا بووم”.

بەڵام، تەنانەت ئەگەر قبوڵ بکەین کە چەک ڕادەستی کوردانی ڕۆژهەڵات کراوە، ئایا هێزە کوردیەکان وەک ئەسپی تەروادە وێنا نەکراون کە لە ڕێگەیانەوە بڕیار بووە خەڵکی ئێران لە ناوەوە دژی ڕژێم چەکدار بکرێن؟ لێرەدا، ئیرادەی کورد کەمکراوەتەوە بۆ خزمەتگوزاری گەیاندن. کوردەکان چۆن بزانن کێ شایەنی وەرگرتنی چەکەکان بووە؟ چۆن بڕیار بوو بیانگوێزنەوە بۆ ناو ئێران لە کاتێکدا سنوورەکانی وڵاتەکە شەو و ڕۆژ لەژێر چاوەدێری چڕ دان؟ کورد بۆ دەبێت چەک بگەیەنێتە دەستی کەسانێک کە ڕەنگە لە داهاتوو هەمان چەک دژی خۆی بەکار بهێنن؟ بۆچی دەبێت ژیانی خۆیان بخاتە مەترسییەوە لەسەر مامەڵەیەکی وا بۆ داهاتوویەکی نادیار، بپەڕێنەوە بۆ دۆزەخێکی پڕ لە خوێن، لە کاتێکدا ڕەنگە هیچ شتێکیان بۆ نەمێنێتەوە جگە لە هەزاران قوربانی و خەساری گەورە بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبەکانی و خەڵکی ڕۆژهەڵات؟ ئەم پرسیارانە هیچ وەڵامێکی ڕوونیان نییە، مەگەر ئەوەی کورد تەنیا وەک ئەسپی تەروادە یان سوپای کەسێکی دیکە وێنا بکریت لەکاتێکدا پێویست بوو بانگی بکەن.

ڕاپۆرت هەبوو کە ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئەمریکا، پلانێکی داڕشتووە بۆ چەکدارکردنی هێزە کوردییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ چوونەوە ژوورەوەیان بۆ ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستانەوە. پلانی سەرەتایی لە ئیسرائیلەوە سەرچاوەی دەگرت. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئەو بڕوایەیان سازکرد کە ئامانجی سەرەتایی ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان خاکی زۆرینە کورد، بە دەرکردنی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، کۆنتڕۆڵ بکەن و بیپارێزن.  ڕاپۆرتەکانی دواتر، بەڵام، باسی ئەوەیان کرد کە کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامانجی کۆتایی نەبووە.  بەڵکو، چاوەڕوان دەکرا هێرشێکی سەرکەوتووانەی کورد بەربەستی ترس بە ده‌رخستنی لاوازی ڕژێم بشکێنێت و هانی نەتەوە و قەومەکانی دیکە و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرانسەری ئێراندا بدات بۆ ئەوەی ڕاپەڕن، هێزەکانی حکومەت لە ناوچەکانی خۆیان دەربکەن  و بەمەش  پارچەبوون و لە کۆتاییدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی خێراتر بکەن. ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکان دواتر بەشێکی دیکەی ئەو پلانەیان باس کرد. بەو پێیەی کە هێزە کوردییەکان پێگەیەکی سەرەتایی لە ڕۆژهەڵات دادەمەزرێنن، چەکداری زیاتر و پشتیوانی جەماوەری لە ناو ئێراندا ڕادەکێشن، و دواتر ئۆپراسیۆنەکە دەگۆڕن بۆ پێشڕەوییەکی فراوانتر بەرەو تاران.  لەم سیناریۆیەدا، هێرشی کورد دەبێتە خاڵی دەستپێک بۆ ڕاپەڕینێکی سەرانسەری و لە کۆتاییدا ده‌بووه هۆی گۆڕینی ڕژێم.

لە ڕۆژئاوا، کورد کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی خۆیانی دەکرد و بە پشتیوانی ئەمریکا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی کە هێزێکی فرەنەتەوەیی بوو دامەزراند، کە بە یارمەتی هێزی ئاسمانی ئەمریکا داعشی بەزاند و خاکی زیاتری خستە ژێر دەستی خۆی. بەڵام، هیچ کاتێک ئەمە نەبووە هۆی دەستکەوتێکی سیاسی بەردەوام بە‌شێوەیێک کە بەشێکی ڕاستەقینە لە دەسەڵات بەدەست بهێنێت کە پێگەی ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەیان زامن بکات. بەڵام کاتێک ئەمریکا و تورکیا بڕیاریاندا، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، پشتیوانی لە دەستەی تحریر الشام و الشرع بکەن، دۆخی کورد کەوتە مەترسیەوە و ١٣ ساڵ خۆبەڕێوەبەری و ڕۆژئاوا وەکوو دامەزراوەیەکی سیاسی کۆتایی هات.

فەرماندەی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی، لە ئازاری ٢٠٢٥دا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە کوردانی ڕۆژئاوا پێشوازی لە هاوکاری هەر وڵاتێک دەکەن کە ئامادە بێت پشتیوانی لە مافەکانی کورد بکات و دەستکەوتەکانیان بپارێزێت. بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم داواکارییە ئیسرائیلیش دەگرێتەوە.  بێگومان کورد دەبوو زووتر بکەوێتە بیر کار کردن لەگەڵ ئیسرائیل و خۆی بۆ دۆخی کارەسات نەهێڵێتەوە. هەڵبەت مێژووی پڕئاڵۆزی پەیوەندی پەکەکە و ئیسرائیل دیارە ڕێگری لە بیرکردنەوەی ستراتێژیکی هەردوولا کردبێت و بەترسەوە لەیەک ڕوانیبێتیان. بەڵام ئیسرائیلیش هیچ هەوڵێکی بۆ نزیک بوونەوە لە کورد نەدا و جگە لە پڕۆپاگاندای میدیایی و ڕیتۆریکی سیاسی هیچ کردەوەی ڕاستەوخۆی لەبەرژەوەندی کورد نەبووە. ئیسرائیل، بە هەمان شێوە، بێدەنگ بوو و بڕیاری دا چاوپۆشی لە کورد بکات. بەم جۆرە، کورد وەک ئامرازێکی سەربازی و ئەسپی تەروادەی شەڕەکە لە ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥ مامەڵەی لەگەڵ کرا. هەڵبەت کەس ئاگاداری وردەکاری پلانەکەی ئیسرائیل نییە، بۆیە ناتوانین بەئاسانی باسی ڕوانینی ئیسرائیل بە کورد بکەین. هەڵبەت لە ڕۆژئاوا، کورد هەر ناچار بوو شەڕی داعش بکات، بەس ناچار نەبوو بەهۆی داواکاری هاوپەیمانان، زۆرتر لە توانای خۆی بڕوات و ئەو هەموو کوژراوەی لێبکەوێتەوە. ئەو هێزەی وا لە هەڵمەتی بەرخۆدانی دژی داعش تا ئاداری ٢٠١٩ نزیکەی ١١,٠٠٠ شەڕڤانیان لێ کوژرا و زیاتر لە ٢١,٠٠٠ کەسیان بریندار بوون، لە وەرچەرخانێکی مێژوویی و لە کەمتر لە یەک مانگ زۆربەی داڕما و هێزەکانی دژی هاوسەنگەرە کوردەکانیان چەکیان هەڵسووڕاندەوە.  لە ئەنجامدا، ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەیان هەڵوەشێنرایەوە، و ناچارکران تێکەڵی دامەزراوە کۆمەڵایەتی، سیاسی، و سەربازییە نوێیەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا ببن. کورد کە دیتی ئیسرائیل لە سەر هاوکاری کردنیان جدی نیە، لە ئەسپی تەروادەی ئامریکا دژی داعش بۆ ئەسپی تەروادەی دەوڵەتی نوێی سووریا هەڵسووڕاوەتەوە. ئەم گۆڕانە لە ئاستێکدایە کە هەندێ لە فەرماندەکانی باس لە بەرەنگاری ئیسرائیل و شەڕکردن دژی ئەوان بە هاوکاری دەمشق دەکەن. ئەوان توانای کردەوەیی و ئەیجنسی خۆیان لەدەست داوە و ئێستا لە ژێر فەرمانی دوژمنی پێشووی خۆیان دان. بۆیە بۆ سەلماندنی دۆستایەتیان بە دەسەڵاتی نوێ، خەریکی پڕۆپاگەندە و گەمەی مەترسیدارن. ئیسرائیل لە لێدانی ئەوان لە ئەگەری هەر جوڵەیەکی مەترسیدار دەست ناپارێزێت، بۆیە ڕەنگە خۆیان بکەنە قوربانی. بۆیە باشترە لەجیاتی ئەم قسانە، کە تەنیا دەبێتە هۆی بارگرانی بۆ کوردی ڕۆژئاوا، خۆیان نەکەنە کەوا سووری بەر لەشکەر و بیر لەوە بکەن چۆن دەتوانن خەڵکەکەیان لە هەر هێرشێکی ناوخۆیی و دەرەکی بپارێزن.

ئیسرائیل بە هەمان شێوە بە ڕوونی کورد وەک ئەسپی تەروادە بۆ پلانێکی سەربازی دژی ئێران دەبینێت، بێ هیچ ئاماژەیێکی ڕوون بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیژی ڕاستەقینە. بەرپرسەکەی موساد کە کاری لەسەر پڕۆژەی چەکدارکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات کردبوو، دوای ئەوەی پڕۆژەکە نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، دوورخرایەوە.  بە ڕوونی، ئەمە پلانێکی ستراتێژی نەبوو بەڵکو تاکتیکێک بوو بۆ ورووژاندنی ڕژێمی ئێران و دەست خستنە سەر لاوازییەکانی. بەڵام هەر ئەمە باجێکی زۆر گرانی بۆ کورد هەبووە؛ لەژێر ئەم جۆرە پلان و ناوزڕاندنەدا، پارتە کوردییەکانی دژی ڕژێم بە بەردەوامی و بێبەزەییانە بە دڕۆن و موشەک لە باشووری کوردستان کراونەتە ئامانجی هێرش، و ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار و وێرانی ماددیان لێکەوتووەتەوە. نەتەنیا ئەسپی تەروادە بوون بەکردەوە جێبەجێ نەکرا، بەڵکوو باس کردنی وەها هاوکارییەک تا ئيستا، کارەساتی بۆ کورد لێکەوتووەتەوە.

ئەمریکا و ئیسرائیل قسەیان لەسەر پلانی خۆیان کرد بۆ کارکردن لەگەڵ کورددا، بەڵام هەرگیزیش لە ڕاستیدا ئەو هاوکارییە بەدی نەهات. ئەوان کوردیان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا هێشتەوە، بەتایبەت بە بەردەوام باس کردنی ئەوەوەی کە کورد چەکی ئەمریکای پێگەیشتووە. لەو کاتەوە ئەمە و چەند هۆکاری دیکە بووەتە هۆی ئەوەی دەیان قوربانی و خەساری گەورەی بەر هەرێمی کوردستان و بنکە سەربازییەکان و کەمپە مەدەنییەکانی پارتە کوردییەکان بکەوێت. هەڵبەت ئەمریکا بڕیار نیە بەرژەوەندی خۆی بکاتە قوربانی کورد و کوردستان. هیچ وڵاتێک بڕیار نیە لە کورد بۆ ئەو دڵسۆزتر بێت. کورد دەبێت خۆی بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بکاتەوە. بەتایبەت کە ئەمریکا ئاگاداری دوو ئیدارەیی، لاوازی و یەکنەگرتنی سیاسی و نیزامی دوو زۆنی باشوور و پێشمەرگە هەن. ئەوان دەزانن ئەو دۆخە لە ڕۆژهەڵاتی ٧ حیزبی سیاسی دابەشکراو و خاوەن هێز و چەکی جیاواز زۆر ئاڵۆزتر دەبێت. بۆیە ڕەنگە تاقەتی خۆسەرقاڵکردنیان بە کوردەوە نەبێت. بەڵام، ئاوات و خواستێکی ڕوون لە نێوان پارتە سیاسییە کوردییەکان و بزووتنەوەی نەتەوەیی بەرفراوانی کورددا هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، ئەگەر، جەنگەکە بگاتە خاڵێک کە هێزە کوردییەکان بتوانن بۆ ناو ڕۆژهەڵات پێشڕەویی بکەن.

لە لایەکی دیکەوە و بەشيوەیەکی سەیرتر، سوریا، عێراق، تورکیا و ئێران کە مێژوویەکی درێژیان لە سەرکوتکاری و توواندنەوەی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا هەیە، کورد وەک ئەسپی تەروادەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەبینن. ئەوان، کورد وەک مەترسییەکی ئەمنی دەبینن. بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ئەوان، کۆمەڵناسی تورک ئیسماعیل بێشکچی لەسەر ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان دابەشکردووە نووسیویەتی:

[ئەوان] هەرگیز بە دادپەروەری حوکمی کورد ناکەن. ئەوان، هەمیشە لە ڕێگەی شەڕی کیمیایی و بیۆلۆجی، گازە ژەهراوییەکان، چەوسانەوە، و لەڕێگای هێزەوە حوکمیان دەکەن. ئەوان زۆر جار لە ماڵەکانی خۆیان ڕایاندەکێشن و بۆ بیابان دەریان دەکەن. هەموو ڕێگایێکی بەردەست بەکاردێنن بۆ لەناوبردنی ناسنامەی کوردی: پاکتاو کردن، هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، ترساندنی منداڵان، و ناچارکردنی خەڵک بۆ ژیان لە دۆخی ترس و دڵەڕاوکێدا. ئەوان سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، دارستانەکانی، کێڵگەکانی، ئاژەڵ و باڵندەکانی، لە ڕێگەی دەرمانی کیمیایی و گازە ژەهراوییەکانەوە وێران دەکەن.

ئەم دەوڵەتانە یان بەردەوامن لە لێدانی کورد بەبێ بەرچاوگرتنی دۆخەکە بە موشەک و دڕۆن، تا ئاستێک کە تەواو لاوازی بکەن. یان، وەک لە پڕۆسەی ئاشتی ئێستای نێوان تورکیا و پەکەکەدا دەردەکەوێت، هەوڵ دەدەن دڵنیا بن کە کورد دژی ئەمنیەتی هەمان ئەو دەوڵەتانە کار نەکات کە ئەم کارەساتانەیان بەرامبەریان کردوون. بۆیە پاش لاواز کردن و دەیان ساڵ کوشتنیان بیر لە دۆزینەوەی ڕێکاری نوێ بۆ بەردەوامی سەروەری خۆیان دەکەنەوە. کورد لە هێزی دژبەر و ئێرادەی سەربەخۆییەوە، دەبێتەوە ئەسپی تەروادەی سیستمی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتە بۆ پەتەوکردنی بنەماکانی دەوڵەت-نەتەوەی تورکی، یان ئەو شتەی من ناوی ڕێکەوتنی سەدە بۆ ژیانەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکی دەنێم. ڕەنگە ئێرانیش هەست بە گرنگی وەها ڕێکەوتنێکی سەدە بکات.

هەروەها، ناوبردنی کورد وەک ئەسپی تەروادەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەن ئێران و تورکیاوە، خزمەت بە گێڕانەوە و ڕوانینێک دەکات کە دەتوانرێت بۆ بەئامانجگرتنی کورد بەکار بهێنرێت؛ بەو پێیەی کورد مەترسییەکی ئەمنی بۆ سەروەریی خاکیی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریایە. ئێران ئێستا ئەم بیانووە بەکار دەهێنێت بۆ شەرعییەتدان بە هێرشکردنە سەر کورد و دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی چالاکوانان، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا. هەروەها، تورکیا لە مەترسیی ئیسرائیل بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەییی خۆی، لە ڕێگەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکەوە، کە خۆی بە دوژمنی ئیسرائیل و سەرمایەداری دەزانێت، کەڵک وەردەگرێت.

نموونەیەکی بە تایبەتی ڕوون لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ڕوویدا. دەستبەجێ دوای جەنگی ١٢ ڕۆژە، ئێران سێ کوردی لە ورمێ لەسێدارە دا. دەسەڵاتدارانی ئێران تۆمەتباریان کردن بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و گواستنەوەی پارچەکانی ئەو چەکەی کە گوایە پەیوەندییان بە تیرۆرکردنی زانای ئەتۆمی، موحسین فەخریزادە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەبوو. ڕۆیتەرز ڕاپۆرتی لەسێدارەدانەکانی وەک بەشێک لە سەرکوتکارییەکی زۆر فراوانتری دوای جەنگ بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە ٧٠٠ کەس بە تۆمەتی سیاسی یان ئەمنی دەستگیر کراون؛ زۆربەیان بە تۆمەتی سیخوڕی. لە هەمان کاتدا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکارە ئەمنییەکان زۆر توند کراونەتەوە و خەڵک لە ژێر دۆخێکی پڕمەترسیی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا دەژین.

پێویستی کردەوەی ئۆدیسیۆس ئاسا و داهێنەری ئەسپی تەروادە، نەک ئەسپی تەروادەی ئەوانی تر

دوژمنانی کورد و هاوپەیمانە کاتیەکانی، هەڵدەبژێرن چۆن پێیان خۆشە کورد پێناسە بکەن. بەجۆرێک کە ئیرادەی کورد بۆ بابەتی هێزێکی بەکرێگیراو، هاوپەیمانیەکی کاتی یان واتایەکی نزیک لەمانە، کورت کراوەتەوە. دوژمنانی کورد ئەم تۆمەتانە بە ڕێکاری گونجاو دەبینن بۆ پێشخستنی ئەجێندای سیاسییان. وەها مامەڵە لەگەڵ کورددا دەکەن تا بتوانن دابەشیان بکەن و حوکمیان بەسەردا بکەن، لە کاتێکدا، بەردەوامن لە چەوسانەوەیان. بەپێچەوانەی ئەم ئیدیعای دەیکەن، لەڕاستیدا کورد نابێت ئەسپی تەروادەی کەس بێت؛ بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی ئۆدیسیۆس‌ئاسا هەموو ئەو هێز و ئامرازانە کۆ بکاتەوە کە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و نیشتمانەکەی پێویستن.

تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ئۆدیسیۆس خۆڕاگری و بەرگەگرتنییەتی. ئەو تووشی تێکشکانی کەشتی، دیلبوون و لەناوچوونی هەموو پیاوەکانی دەبێت، بەڵام بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بەرەو ماڵ. بەشێوەی بەراوەردی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگە مەدەنییەکەی، و کورد بە گشتی، هەمان ئەم تایبەتمەندییانەیان پێوە دیارە. ئەمە خۆی لە دۆخی ژێردەستەیی ڕژێمه داگیرکەرەکانی کوردستان و لەنێوانیاندا، ئێرانی داگیرکار خۆی پێناسە دەکات. ئەوان سەرکوت و ئاوارە کراون؛ ناوچەکەیان بە هەژاری و گەشەنەسەندوویی هێڵدراوەتەوە؛ لە ژێر هەڕەشەی لەسێدارەدانی سیاسی و دەستبەسەرکردن بە بەربڵاوی ماونەتەوە؛ زمان و کلتووریان لە خوێندنی فەرمی قەدەغەکراوە؛ کانزا و سەرچاوەکانیان دەردەهێنرێن، لە کاتێکدا کەمترین خزمەتگوزاری گشتی لە بەرامبەردا پێشکەش دەکرێت، وە هەروەها سەروەریان بە سەر خاک و نیشتمانیانەوە نیە. بە سەر هەموو ئەمانەشەوە، ئەوان هێشتا بەرخۆدان و شەڕ دەکەن بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگارکردنی خەڵک و خاکەکەیان. ئەو هەموو ئازارە بە سەر بەجێهێشتنی ترۆمای دەروونی و زامی جەستەیی قووڵ، نەبووەتە هۆی کۆڵدانیان و بەردەوام خۆڕاگرن. بەڵام، خۆڕاگری و بەرخۆدان بەبێ نەخشەڕێگایەکی نەتەوەیی لە سەر بنەمای یەکگرتوویی و بەرژەوەندی نەتەوەیی ناتوانێت کورد بپارێزێت.

ئۆدیسیۆس بە وەفادارییەکەی بۆ ماڵ و خێزانەکەی ناسراوە. وەفاداریی کورد بۆ کلتوور، زمان، و نیشتمانەکەیان، و ئاواتی بۆ وەرگرتنی مافی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی بۆ دیاریکردنی چارەی خۆنووسین، تایبەتمەندییەکی دیکه‌یه کە پشتیوانی لە بەراوردکردنەکە لەگەڵ ئۆدیسیۆسدا دەکات. جێی سەرنجە کە بیرۆکەی ئەسپی تەروادە دەدرێتە پاڵ ئۆدیسیۆس. کوردیش بە هەمان شێوە دەبێت لە جیاتی ئەسپی تەروادە و هێزی کاتی ئەوانی تر، خۆی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی ئەسپی تەروادە بێت. بیرۆکەی دامەزراندنی هەسەدە لە بەزاندنی داعش هەرچەند بەهاوکاری ئامریکا بوو، بەڵام بناخەکەی کوردیە و دەبێت وەکوو ئەسپی تەروادەی کوردی کاری بکردایەت. بۆیە کورد دەتوانێت هەمان توانایی بهێنێتە ئاراوە بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەی لە ململانی لەگەڵ ئێراندا. بەڵام، ئەوان نابێت هەڕگیز بهێڵن، وەک ئەسپی تەروادەی ئەوانی تر بەکار بهێنرێن و پاشان کاتێک ئەرک جێبەجێ کرا، لەهەمبەر دوژمنێکی بەهێز پشتیان خالی بکەن. لەبری ئەوە، دەبێت سوپایەکی تایبەت ساز بدەن و ڕێبەرایەتی بکەن، کە لە سەرجەم حیزبە کوردییەکان و هەندێک تاکەکەسی ناكورد پێک بێت، تا کاتێک دەستکەوتەکانی داهاتوویان لە ژێر ئەم یەکگرتوویە زامن دەکرێت. کورد بەهۆی لێکدابڕان و نەبوونی یەکگرتویی، دوورە بگاتە ئەم ئامانج و دۆخەی باسی دەکەین. کورد بەسەر فکری بەرتەسکی سیاسی و بەرژەوەندی حیزبی لە سەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی دابەش بووە. بزووتنەوەی ڕزگاری کوردستان لەژێردەستی داگیرکار، دەبێت تەنیا لەبری بەرژەوەندی و خزمەتی کوردستان بێت و خۆی فیدای ئاواتی بەرفراوانی کەسانی دیکە و دەوڵەتان نەکات.

بەڵام، خۆڕاگری بە تەنیا ئەوە نییە کە ئۆدیسیۆس دەکاتە کەسی گۆڕانکارییە گەورەکان. تایبەتمەندی سەرەکی ئەو، mêtis (زیرەکی و فێڵبازی)یە، توانای زاڵبوون بەسەر دژبەرەکەی لە ڕێگەی بیرکردنەوە لێی لەبری تەنیا شەڕکردنی. لێرەدا، ئەگەر زیرەکی و یەکگرتوویی ببنە بناغە، چیرۆکی کورد دەبێتە شتێک زیاتر لە چیرۆکی ئازارچەشتن. هەسەدە خۆی داهێنانێکی ستراتێژی  بوو لە دۆخی ڕۆژئاوا، ئەگەر وەک ئەسپی تەروادە، تەنیا بۆ شەڕی دژی داعش کاری پێنەکرابا و ئەوەندە بناخەی بە هێزەکانی عەشیرەتی پشتی نەبەستبا و خۆی گرێدراوی ئایدیۆلۆژی خەیاڵی نەکردایێت.. ئەگەر بیرۆکەی پاک بۆ داماڵینی داگیرکەر و سەربەخۆیی، خواستی پژاک بۆ ناناوەندیبوون سەرەڕای هەموو ناڕوونی و ئاستەنگەکانی گواستنەوەی تیۆری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆ کردەوە، پشتیوانیی پارتەکانی دیکە بۆ سیستەمی فیدراڵی و شەپۆلە نوێیەکانی وریایی نەتەوەیی کە داوای کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی کوردستان دەکەن، هەموویان وەک پلانێکی تۆکمەی نەتەوەیی بخرێنە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پلانە جیاوازەکانی گەیشتن بە دەستکەوت لە دڵی هێزێکی نەتەوەیی و کوردستانیی یەکگرتوودا، ئەوا دەتوانێت وەک بزوێنەری ئەکتەرێکی زیرەک بێتە بەرچاو کە چەند هەنگاوێک لە پێشەوە دەبینێت و بیری لێ دەکاتەوە. ئەمە هەر هەمان شێوەیە کە ئۆدیسیۆس پلان دادەڕێژێت بۆ تێپەڕین بەسەر سایکلۆپ، سێرێنەکان و سیرسیدا. بەڵام کورد هێشتا زۆر لەو تایبەتمەندییە دوورە و نەیتوانیوە جیاوازییەکان لە ژێر چەتری یەکگرتووییدا بۆ فریودانی داگیرکەرەکەی و گەیشتن بە دەستکەوتەکانی بەکار بهێنێت. کورد فێر نەبووە لە مێژووی کارەساتەکان وانە وەربگرێت و هەندێک جار خۆی دەبێتە پاڵنەری سەرهەڵدانی کارەسات.

تورکیا وەک پۆسایدۆن

لە چیرۆکی گەڕانەوەی ئۆدیسیۆس بۆ ماڵەوە، پۆسایدۆن، خوای دەریا، دوژمنی سەرەکی ئاسمانی ئەوە و دژبەری سەرەکییە لە درێژایی گەشتەکەدا. لە دۆخی کورددا، و بە چاولێکردنی لە پڕۆژەی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ کارکردن لەگەڵیاندا یان بەشێوەی سەربەخۆ بۆ جوڵەی سیاسی و نیزامی لە هەر بەشێکی کوردستان، تورکیا وەک هێزێکی هەرێمی کاریگەر، هەمان ڕۆڵی پۆسایدۆن دەگێڕێت. تورکیا هەمان ڕۆڵی دژی کوردی لە ڕۆژئاوا، لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ شەرع گێڕا.

دژایەتیی پۆسایدۆن دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە ئۆدیسیۆس بۆ ڕزگارکردنی پیاوەکانی، پولیفێمۆسی سایکلۆپی کوێر کرد. دواتر دەرکەوت کە پولفێمۆس کوڕی پۆسایدۆنە. پۆسایدۆن لە وەڵامی دوعای کوڕەکەی دژی ئۆدیسۆس، کەشتییەکانی ئۆدیسیۆسی تێکشکاند، ستافەکەی بڵاوە پێکرد، و گەشتەکەی بۆ ساڵانێک درێژکردەوە. هەموو جارێک کە ئۆدیسیۆس نزیک دەبووەوە لە پێشکەوتن، پۆسایدۆن گەردەلوولێک یان ئاستەنگێکی دەخستە ڕێگەی، بە دراماتیکی‌ترین شێوە پەڵەی دارەکەی دوای ئەوەی دوورگەی کالیپسۆی جێهێشت، تێکشکاند. تورکیا، بە هەمان شێوە، ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی ئێران بۆ لێدان لە کورد دەکات ئەگەر بەرەوە ڕۆژهەڵات بێنەوە، و ڕەنگە تەنانەت ناوچەیەکی دابڕێنەر لە ناو ئێراندا بۆ وەستاندنیان دامەزرێنێت.  ئەگەر ئامریکا و ئیسرائیل پشتیوانی کورد بکەن، ئانکارا پشتیوانی تاران دەکات. دژایەتی تورکیا بۆ گەڕانەوەی کورد بۆ ماڵەوە، خۆبەڕێوەبردنیان، و دەستکەوتنی پێگەیەکی سیاسی کە لە دەستدرێژی تورکیا و ئێران بییانپارێزێت، تا ڕادەیەک لەو ترسەوە سەرچاوە دەگرێت کە هۆشیاری نەتەوەیی کورد پەرە بەرە‌و تورکیا و بەشەکانی تری کوردستان بستێنێت. تورکیا کوردی بە جۆرێک دەوێت کە لەناو چوارچێوەی کۆتایی هێنان بە تێڕۆڕ و بەو جۆرەی خۆی پێی خۆشە، بیانگونجێنێت و حوکمیان بکات. تورکیا هەرجۆرە دەستکەوتێکی سیاسی هاوشێوەی باشوور و نزیک یان سەرتر لەوە وەکوو مەترسی ئەمنی دەبینێت و دژی دەجوڵێتەوە. ئانکارا کوردی خۆشدەوێت ئەگەر داواکاریەکانی سنوورێکی فەرهەنگی و سیاسی دیاریکراو تێنەپەڕێنێت و دژی نەخشەی سیاسی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت. پەکەکە خەریک خۆ گونجاندن لە چوارچێوەی وەها چاوەڕوانییەکە.

وەک چۆن بەشە جیاوازەکانی ئەم وتارە نیشانی دەدەن، دۆخی کوردانی ڕۆژهەڵات لە شەڕی ئێستای نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێراندا ڕەنگدانەوەی بەشداریەکی پەسیڤ، بەڵام فرەلایەن، ئاڵۆز، و نادیارە لەم ململانێیەدا. کورد ئێستا خۆی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی شەڕدا دەدۆزێتەوە، کە بەهێزترین گوشار لەلایەن ئێران و بریکارەکانییەوە، و تورکیا وەک ئەکتەرێکی ناڕاستەوخۆ بەڵام کاریگەر لە جەنگەکەدا دەبینێت و دەزانێت ئاستەنگی زۆری بۆ ساز کردووە. ناڕوونیەکی جدی سەبارەت بە داهاتووی جەنگەکە بەدی دەکرێت و ئەوەی کە چۆن پارتە کوردییەکان ئەو شۆکانە وەردەگرن کە ئێستا ڕووبەڕوویان بونەتەوە و چۆن هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکەن، نادیارە. ئامانجی ئەم نوویسن و شڕۆڤە، به ئەفسانەیی کردنی کورد نیە. کوردی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا بەهۆی لێکترازان، ئامانجی جیاواز، جیاوازی لە کار و چالاکی حیزبەکانی، نەبوونی ناوەندێکی ڕاستەقینەی کاری هاوبەشی بەردەوام بە دوور لە هاوپەیمانیەکی کارتۆنی و بێ تێگەیشتن و پێناسەکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و کوردستانی ئەستەمە بتوانێت ئۆدیسیۆس ئاسا بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و ئازادی نیشتمان کار بکات. بەڵام ئەگەر دەیهەوێت ڕۆڵی ئەسپی تەروادە بگێڕیت، کە ئەوەش لە سیاسەتدا ئاساییە، دەبێت بۆ بەرژەوەندی کورد و کوردستان بەکاری بێنێت، نەک بۆ خواستێکی دەرەکی کە دەتوانێت هەبوونی خۆی بخاتە مەترسی ئەمنییەوە. کورد بۆ ئەوەی ئۆدسیۆس ئاسا خەبات بۆ گەڕانەوە و ئازادکردنی خاکی بکات، پێویستە پيشتر ئاڵۆزی و لێکترازانی ناوخۆیی خۆی چار بکات. هەروەها، بەرژەوەندی حیزبی لە پلەی دووای ئازادی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی دابنێت.

ئەم دەقە وەرگێڕاوی وتارێکە لە ژێر ناونیشانی « Kurds and the War: No One’s Trojan Horse, but Odysseus’s Will to Return » By Yahya Zarrinnarges August 17, 2026

https://thepundit.org/2026/08/17/kurds-and-the-war-no-ones-trojan-horse-but-odysseuss-will-to-return/

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1]. Beşikçi, İ (2015), Internation Colony Kurdistan, Gomidas Institute, London, ISBN-10 1909382205.

[2]. https://amp.dw.com/en/iran-war-us-kurds-donald-trump-iraq/a-77216394

[3]. https://www.washingtonpost.com/national-security/2026/03/05/trump-iran-kurds-iraq/

[4]. https://apnews.com/article/kurdish-dissident-groups-iran-war-iraq-f76efe372becb7d80d3ed026791e67ba

[5]. https://www.washingtonpost.com/national-security/2026/03/05/trump-iran-kurds-iraq/

[6]. https://www.reuters.com/world/asia-pacific/us-kurds-discuss-potential-iran-military-operation-sources-say-2026-03-04/

[7]. https://www.reuters.com/world/middle-east/israel-backing-iranian-kurdish-plans-seize-iran-border-areas-sources-say-2026-03-06/

[8]. https://www.reuters.com/investigations/trumps-mixed-messages-irans-bombs-kept-kurds-out-war-2026-04-08/

[9]. https://www.middleeastmonitor.com/20250307-sdf-leader-says-syrias-kurdish-militias-would-welcome-support-from-israel/

[10] https://www.govinfo.gov/content/pkg/CHRG-116shrg19104886/pdf/CHRG-116shrg19104886.pdf .

[11] https://www.timesofisrael.com/liveblog_entry/mossad-deputy-said-ousted-by-gofman-over-failed-iran-regime-change-efforts-agency-sources-deny-claim/ .

[12]. https://www.forbes.com/sites/pauliddon/2026/02/25/possible-precedents-for-a-future-turkish-buffer-zone-in-iran/ also see: https://www.al-monitor.com/originals/2026/07/irans-araghchi-reveals-turkeys-role-thwarting-kurdish-offensive.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

5 × 4 =

دکمه بازگشت به بالا