بنیاتنانی ”ئەویتر” لە گوتاری شوناسی کوردیدا

  • Sep 19, 2025   |   محەمەد حەقمورادی| وەرگێڕ: کامیل شەریف پوور

PDF داگرتنی فایلی

 

پوختە

ئەو بابەتەی[1] کە وەکوو “ئەویتر” لە گوتاری شوناسی کوردیدا، پێناسە دەکرێت، ناتوانێت ئەرکی شوناس بگێڕێت. چونکە ئەم “ئەویترە” یان لە پێگەی سووژە و ئەویتری سەرتردایە کە سووژەی کوردی هەوڵ دەدات خۆی هاوشێوەی ئەو لێبکات یان بەشێک لە خۆیەتی کە بە هۆکارگەلێک، ئەوی لە جێگەی “ئەویتر”دا داناوە. بە واتایەکیتر، دەتوانرێ بگوترێت، کە “ئەویتری” کوردێک، بەردەوام کوردێکی دیکە بووە. ئەم “ئەویترە ناوەکییە” بە هۆی دەوری دووبەرەکیانەی، لە بنەڕەتدا دژایەتی لە گەڵ دامەزراندن یان چەسپاندنی گوتاری شوناسی کوردیدا هەیە. بە شێوەی گشتی، ئەم دوو جۆرە لە “ئەویترێتی” چونکە لە بنەڕەتدا تایبەتمەندی واقێعی دوژمنایەتی و ململانێیان نییە، ناتوانرێت بابەتی سیاسی لە سەری ڕۆ بنرێت. ئەم دوو پڕۆسەیە، بە شێوەیەک پەیوەندییان لە گەڵ یەکدا هەیە، چۆنکە نەبوونی “ئەویتر” وەکوو دەرەکییەکی سازێنەر، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە خۆ وەکوو ئەویتر پێناسەبکات. دۆخێک کە لەم بەستێنی گوتاریەدا ڕوودەدات، بەراوەژووکردن یان جێگۆڕکێ­کردنی لۆژیکی هاوسانی و جیاوازییە: زەقکردنەوەی جیاوازییە پاژەکی و ناوەکییەکان لەگەڵ “خۆ” و وێکچواندنی خۆ لە گەڵ “ئەویتری” سەرتردا.

لاکلائۆ و مووفە، هەوڵ بۆ پینەکردنی دڕاوی ناوەکی ترۆماتیکی سەرەتایی،واتا دوژمنایەتی بنچینەیی و بنەڕەتی لە هەر ڕوخساربەندییەکدا، بە نامومکین دەزانن. سەرەڕای ئەمە، کورد بەردەوام خەریکی ئەویترسڕینەوە و دوژمنسڕینەوەی بووە، لەکاتێکدا ئەم کارە، بنەمای سیاسەت و ئەمری سیاسی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەم دۆخە، بۆ لای گشتێتی­سڕینەوە لە “خۆ” ڕادەکێشرێت و بەناچار خۆی لە ئەویترسازی ناوەکی و دوژمنسازی ناوخۆییدا وەدەردەخات. ئەمە لە حاڵێکدایە، کە دوژمنایەتی ناوخۆیی، خاڵی لە تایبەتمەندی دوژمن وەکوو مەرجی سازێنەری “خۆی”ـه. بە هەر شێوەیەک، بوونی دوژمن، واقێعیەتێکی بەرهەستە نەک ئەمرێکی دەرهەست و دروستکراو، لەم ڕووەوە، ناتوانرێت بە شێوەی نۆرماتیڤ، ئارەزووی نادیارکردنی بکرێت.

وشە سەرەکییەکان: شوناسی کوردی، گوتار، ئەویتر، دوژمنی، ڕۆمانتیسیزمی سیاسی

ورووژاندنی پرساژۆ[2]یەک

“ئەویتر” وەکوو مەرجێکی بنیاتنەری “خۆ” لە گوتاری شوناسی کوردیدا بوونی نییە. بەم مانایە، ئەوەی لە شوێنی “ئەویتر”دا دانراوە، یان بەشێکە لە “خۆ” و ئەویترێکی ناوەکییە، یان “ئەویترێکی بەرز و سەرترە”، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ناتوانرێت وەکوو دوژمنێک بێبایەخ و سووک چاوی لێبکرێت یان وەکوو بوونێتییەک کە دەبێت بتارێنرێت یان لەناوببردرێت، وێنا بکرێت. کەوابوو ئەگەری سازاندنی تەواوێتی و بنیاتنانی ئەمری سیاسی لەسەری مەحاڵە. شوناس و بنیاتنانی خۆ لە پەنای بنیاتنانی ئەویتری بێبایەخ و دوژمندا دێتە ئاراوە نەک ئەویتری مەزندا؛ چونکە لە ئەویتری مەزندا، خۆ هەمیشە لە ئارەزووی لێکچوویی و هاوکات جیاوازی­سڕینەوە لە گەڵ ئەودایە.

کاتێک باس لە پێویستی دامەزراندنی “ئەویتر” دەکرێت و ئەمە تێز و بیرۆکەی تیۆریکی باسەکە بێت، لە سەرەتادا بەو مانایەیە کە شوناسی کوردی تەنیا ناوێکە و هێشتا لە چوارچێوەی گوتارێکی یەکپارچەدا جومگەبەندی نەکراوە و یان ئەوەش کە کراوە، تەنیا دەسپێکەکان و هەوڵە بەراییەکانە. چونکە هەر جۆرە شوناسسازیی و بنیاتنانی گوتاری ناسنامەیی ڕۆنراو لەسەر ئەم بنەمایە، تەنیا بە “ئەویترسازی[3]” دەست پێدەکات و پێکدێت. بە واتایەکی­تر دەتوانرێ بگوترێت کە توخم و پێکهاتەکانی ئەم ناسنامەیە، هێشتا لە چوارچێوەی گوتارێکدا جومگەبەندی نەکراوە. شوناسی “خۆ” و “ئەویتر” لە ڕێگەی گوتارەکانەوە نانوێنرێنەوە، بەڵکوو، دەئافرێندرێن. دەسپێکی ئەم نووسراوەیش، بە ئەم چەمکەوە(ئەویتر)، ئەمرێکی بیرلێکراوەیە بۆسازاندنی ئەویترێک کە بە پێی گوتەی ئیشمیت، بەبێ بوونی ئەو، ئەمری سیاسی نامومکینە.

مرۆڤەکان،  بە پێی گوتارە جیاوازەکان کە پێگە- سوبژێکتی[4]  جیاواز بەرهەم دێنن و خۆیان لە گەڵ ئەو پێگانەدا یەکسان و هاوواتا دەبینن، شوناسگەلی جیاوازی چینایەتی و نەتەوەیی و ئیتنیکی و ڕەگەزی قەبووڵ دەکەن، کە هەریەکەیان بە پشتبەستن و ئاماژە بە “ئەویترێک،  شوناسی خۆیان پێناسە دەکەن. شوناسە کۆییەکان، لە ڕەوتی دوژمنایەتی و نامۆیەتی لە گەڵ “ئەویتر”دا کە گوتار پێناسەی دەکات، دروست دەبن و لە ڕێگەی لۆژیکی لێکچوویی و جیاوازی کە گوتار بەرهەمی دێنێت، دەتوانن پێکبێن. هیچ گرووپ و شوناسێکی کۆیی، تا کاتێک کەسێک بە نوێنەرایەتی لەبارەیەوە نەدوێت، ناتوانێت دەربکەوێت.

بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، ویست و داواکاریگەلێکی شوناسخوازانە و بزاڤ و شۆڕشگەلێک کە لەسەر بایەخە مرۆیی و ماف تەوەرەکان، جەختیان کردووە، لە سەرتاسەری وڵاتی کوردستاندا بوونیان هەبووە، کە من ئەوانە لە ژێر دەستەواژەی “فەلسەفەی ژیان” پێناسەیان دەکەم، بەڵام ئەمە بە مانای بوونی ناسیۆنالیزم وەکوو ئایدیۆلۆژیەکی گشتگیر یان گوتارێکی شوناسی کوردی/کوردستانی کە بە سازاندن و بونیاتنانی بەرچاو و بەهێزی “خۆ” و “ئەویتر” خەریک بووبێت، بوونی نییە؛ بەڵکوو، دەتوانین لە ناسیۆنالیزمی کوردی وەکوو بزاڤێکی پرژوبڵاو و داخوازیگەلێکی نەتەوەخوازانە(سیاسی و فەرهەنگی) قسە بکەین، بەڵام ناتوانرێت لە ناسیۆنالیزمی کوردی وەکوو ئەندێشە، تیۆری، ئایدیۆلۆژی یان گوتارێکی سیاسی باسی لێبکرێت، چونکە ناسیۆنالیزم ئایدیۆلۆژییەکە کە لە سەر بنەمای مێژوونووسی نەتەوەخوازانە، گێڕانەوەی ئوستوورەیی و وێناسازی ڕۆمانتیک لە “خۆ” و بەڕمووزنکردنی”ئەویتر” ڕۆنراوە. هەروەکوو لە “کەماڵیزم” و “بەعسیزم”دا وەکوو دوو ‘ڕژێمی حەقێقەت”[5] لە “خۆ”و کورد بەرهەمیانهێناوە، یان بە ئەو شێوەیەی کە لە مێژووی گێڕانەوەی ئێرانیدا لە “ئێرانی” و “نائێرانی” و یۆنانیەکان لە بەرامبەر بەڕبەڕەکاندا وێناکراوە.

ڕەنگە ڕووبەڕووی پرسیار کردنەوەی بابەتێک کە بە ڕواڵەت خۆڕوون و بەسەلمێنراو زانراوە، ئەستەم بێت، بەڵام زانستی کۆمەڵایەتی ڕەخنەیی و ڕادیکاڵ، بەردەوام بە پڕۆبلێماتیزەکردنی بابەتە خۆڕوون و سەلمێنراوەکان و پێشگریمانەکانەوە خەریکە و لە بنەڕەتدا پڕۆبلێماتێکی ئەو زانستە، ڕوخاندنی هەر ئەو پێشگریمانە و زانستە سەلمێنراوانەیە کە شیکاری و ڕاڤەکانی خۆی لەسەر ڕۆناوە. لەبەر ئەوەی تەکووزی زانستی باو، ناسیۆنالیزم و گوتاری شوناسی کوردی، بە بابەتێکی پێشینی و سروشتی و خۆڕوون و گریمانەکراو دەزانێت، قسەکردن لەمەڕ بنەماکانی ئەستەم و نامومکین کردووە. یەکێک لە گرینگترینی ئەو بنەمایانە، گێڕانەوە و وێناکردنی “ئەویترە” کە نەبینراوکراوە. پڕۆبلێماتیکی ئەم نووسراوە، هەر ئەو پرساژۆکردن[6] و بینراوکردنیەتی و بە واتایەکیتر، دەیەوێت ئەو پێکهاتەیە کە بە سەر بیرکردنەوە لە شوناسی کوردیدا زاڵە، پرساژۆبکات. لە واقێعدا، ئەم وتارە، بە وەرچەرخاندنی تێگەیشتنی باو سەبارەت بە ئۆنتۆلۆژی هەبوو لەمەڕ کورد و ئەویتر، هەوڵێکی بنەڕەتی بۆ پڕۆبلێماتیزەکردن و ئافراندنی وەکوو پرسێک ئەدات.

من شیکارییەکانی خۆم لەسەر دەزگای تیۆریکی و چەمکی “کارێل ئیشمیت” و “لاکلائۆ” و “مووفە” ڕۆناوە. یەکێک لە بنەما فکرییەکانی لاکلائۆ و مووفە، کارێل ئیشمیتە، هەوەها لاکلائۆ و مووفە لە ژێر کاریگەری تیۆری ئایدیۆلۆژی ” ئاڵتوسێر و تیۆری هێژمۆنی “گرامێشی” دان. بیرۆکەی سەرەکی ئەم نووسراوە، وەکو تیۆریکاری و تێزێک ئاراستە دەکرێت کە پێداویستی بە لێکۆڵینەوەی تیۆریک و ئەزموونی لە دەقەکاندا بە مانای گشتی وشە هەیە کە ڕووداوە مێژووییەکانیش (سیاسی و کۆمەڵایاتی) دەگرێتەوە. کەوابوو ئەم وتارە، تەنیا پێشەکییەک و ئاراستەی باسێکە کە هەم دەتوانرێت ڕەخنەی لێبگیردرێت و هەم وەکوو داڕێژە[7]یەکی لێکۆڵینەوەیی لە مانای “لاکاتۆشیەکەیدا، بکرێتە بنەمای لێکۆڵینەوە و ڕاڤەی مژارە فکری، سیاسی و ڕووداوە مێژووییەکان و هەروەها تێڕامانەکانی، بە پێی داتا مێژوویەکان و دەق و بەڵگەنامە جیاوازەکان، دەتوانرێت ڕووبەڕووی ڕەخنە و ڕاڤە و ڕوونکردنەوە بکرێتەوە.

 

شرۆڤەی تیۆریک: بنیاتنانی “ئەویتر” و مومکین­کردنی بابەتی سیاسی

ئەلف) ئیشمیت و بنیاتنانی ئەمری سیاسی لە سەر جیاوازی دۆست – دوژمن

کارێل ئیشمیت (1888-1985.م) یەکێک لە دیارترین بیرمەندانی سەدەی بیستەمە و له هەمان کاتدا جێی مشتومڕترینیانە. ئەندێشەکانی لە بوارگەلی سیاسەت و مافدا، جێی تێڕامانە و زۆرترین سەرنجی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەو بە مژار و تەوەرگەلێکی سیاسی گرینگ وەکوو دەوڵەتی تووتالیتر[8]، ئیلاهیاتی سیاسی، ئەمری سیاسی، جیاوازی دۆست- دوژمن و واقێعگەرایی سیاسی و ناتەبابوونی دیمۆکڕاسی و لیبرالیزم خەریک بووە. ئەو لە ژێر کاریگەری ماکیاولیدایە و مرۆڤ بە بوونەوەرێکی بە شێوەی سروشتی مەترسیدار دەزانێت و هەڵگرسانی شەڕ بە ئەگەرێکی هەمیشەیی دێنێتە ئەژمار، لەم ڕووەوە، تاقمێک ئەو بە “هابزی” سەدەی بیستەم ناو لێدەبەن.

ئەو ڕەخنەگری ڕۆمانتیسیزمی سیاسییە و تێگەگەلێکی وەکوو ئاشتی و مافی مرۆڤ و دیمۆکڕاسی و دادپەروەری بە مەترسیدار و ئامێری ئایدیۆڵۆژیک بۆ پەرەپێدانی ئیمپڕیالیزم دەزانێت. بە باوەڕی ئیشمیت: ” کاتێ دەوڵەتێک لە ژێر ناوی مرۆڤایەتیدا لە گەڵ دوژمنی سیاسی خۆی شەڕ دەکات، ئەو شەڕە لەبەر مرۆڤایەتی نییە، بەڵکوو ئەوە شەڕێکە کە تێیدا دوژمنێکی تایبەت، دەیەوێت تێگە[9]یەکی گشتی لە دژی دوژمنی نیزامی خۆی داگیر بکات”(ئیشمیت،1392، 78). سیاسەت بە پێی گوتەی باو، لەخۆگری دۆست و دوژمنە کە لە ئاساییترین مانادا، واتا ئەوانەی کە لە گەڵ تۆن و ئەوانەی لە گەڵت لەشەڕدان. شەڕ و ئەگەری کوژران بۆ سیاسی بوون، پێویستە”(هەر ئەوە، 9).

بە باوەڕی ئیشمیت(1392) لیبڕالیزم بە هۆی زاڵبوونی سوودخوازی، تاکخوازی، ڕوانگەی پێڤاژۆیی، پشتبەستن بە ڕێککەوتن و کێبەرکێ لە جێی دژایەتی واقێعی و بەرخۆرخوازی، بۆ لای سیاسەتسڕینەوە[10] و مرۆڤسڕینەوە[11]ڕادەکێشرێت و ئەمری سیاسیش هەڵدەپەسێرێت. کەوابوو لە ڕوانگەی ئەوەوە، لیبڕالیزم، تەنیا ڕێگەچارەی کاتی و کورتخایەن ئاراستە دەکات. ئیشمیت، لیبڕالیزم بە هۆی ئەو ئەنتڕۆپۆلۆژیەکەیەوە کە بۆ مرۆڤ بە شێوەی دەرهەستی و گەشبینانە دەڕوانێت، بەخاوەن تیۆریی سیاسی نازانێت. بەباوەڕی ئەو ئەگەر دەزگایەکی فیکری، شتێکی سەبارەت بە شەڕ پێ­نەبێت، سەبارەت بە سیاسەتیش شتێکی بۆ گوتن پێ­نییە. بە پێی ئەم ڕوانگە، بە باوەڕی ئەو، ” لە بنەڕەتدا شتێک بە نێوی سیاسەتی لیبڕاڵ بوونی نییە و تەنیا ڕوانگەیەکی لیبڕاڵ سەبارەت بە سیاسەت هەیە(لەیلا، 1389). شەڕ و ململانێ لە ڕوانگەی ئیشمیتەوە، نە لە نێوان تاکەکان، بەڵکوو لە نێوان گشتێتییەکان وەکوو دەوڵەت- نەتەوە ڕوودەدات. دۆخێک بە پێچەوانەی هابز کە دەبێت بە گرێبەست کۆتایی پێبێت، ئیشمیت بە دۆخێکی دەزانێت کە دەبێت بەردوام بێت، تا ئەمری سیاسی بپارێزرێت(عەبدوڵڵاە پوورچناری،1392). دەتوانرێ بگوترێت کە جیاکردنەوەی دۆست و دوژمن بە “دالی ناوەندی” لە گوتاری سیاسی ئیشمیتدا دێتە ئەژمار.

بە باوەڕی ئیشمیت(1393) ئەگەر لە بەستێنی ئابووریدا لۆژیک و کۆدی قازانج و زیان، لە بەستێنی ئەخلاقدا خێر و شەڕ و لە بەستێنی جوانیناسیدا کۆدی ناشیرینی و جوانی دەکاردەکرێن، جیاکردنەوەی دۆست و دۆژمن، لۆژیکی گۆڕەپانی سیاسەتە و لەڕاستیدا، پێشگریمانەی هەڵسووڕان و چالاکی سیاسییە. دوژمن ئەمرێکی وەهماوی و دەرهەست یان هێمایین نییە، بەڵکوو ئەمرێکی ڕاستەقینەیە کە هەڕەشە لە بوون دەکات. کەوابوو، ئەگەر نەتەوەیەک ئەم گریمانە مەحاڵە قەبووڵ کات کە دوژمنێک بوونی نییە، ئەوە سیاسەت بۆ ئەو نەتەوە کۆتایی پێهاتووە.

ئیشمیت لە کتێبی “تێگەی بابەتی سیاسی”[12]دا باوەڕی وایە کە سەقامگیربوونی کۆتایی سیاسەت، بە لەناوچوونی دوژمنەوە بەستراوەتەوە. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەگەرچی ئەو شەڕ بە ئامانجی سیاسەت نازانێت، بەڵام باوەڕی وایە ناتوانرێت ئەم واقێعیەتە پشتگوێ بخرێت، چونکە لە حاڵەتێکدا “ئەویتر” لەناونەچێت، ئەوە “خۆ”یە کە بەناچاری قۆناخەکە بەجێ دێڵێت و لە ڕاستیدا لەناودەچێت. هەڵبەت بە باوەڕی ئیشمیت(1393) “پێویست ناکات دوژمنی سیاسی لە لایەنی ئەخلاقییەوە بزۆز و خراپ بێت، یان لە ڕووی جوانیناسییەوە، دزێو بێت، هەروەها پێویست ناکات ڕکابەرێکی ئابووری بێت، ڕەنگە تەنانەت پەیوەندی لە گەڵیدا سوودبەخش بێت. دوژمن بە وردی شتێکی دیکەیە، غەوارەیە. هەر بۆ ئەمە بەسە دوژمن بوونێتییەکی­تر و غەوارە بێت، بە جۆرێک کە ڕووبەڕووبوونەوەی توندئاژۆیانە لە دژی مومکین بێت.

ئیشمیت(1393) باوەڕی وایە بابەتی سیاسی گرانترین و بانترین ئاستی دوژمنایەتییە و کۆتاهێڵی بابەتی سیاسی، پۆلێنکردنی دۆست – دوژمنە. بابەتی سیاسی، خەستترین وکۆتاییترین ئاستی دوژمنیەکانە و هەر دوژمنایەتیەکی بەرهەست، هەتا زیاتر لە خاڵی کۆتایی یانی پۆلێنی دۆست و دوژمن نزیک بێتەوە، ئەوە سیاسیترە. دەوڵەت لە تەواوێتی خۆیدا، وەکوو یەکەیەکی سیاسی ڕێکخراو، خۆی لەبارەی دۆست/دوژمنەوە بڕیار دەدات(ئیشمیت، 28:1393).

لە سیاسەتدا یان دۆست بوونی هەیە یان دوژمن و جگە لەمەیش، سیاسەت مانای نییە و ئەمری سیاسی بە مانای ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دوژمندایە و ڕووبەڕووبوونەوەیش بە مانای شەڕە. لە حەقێقەتدا، سیاسەت یەک بابەتی هەیە، ئەویش بە مانای شەڕە. سیاسەت ناسینی دوژمن و چەکداربوون و بەهرەمەندی لە هێزی سەربازی و سەرکوتی فیزیکی دوژمن لەخۆدەگرێت. ئیشمیت هەڵکردن لە گەڵ دوژمن لە بەستێنی نێونەتەوەییدا بەقەبووڵکراو نازانێت. لە ڕاستیدا ئیشمیت، بە کەڵکوەرگرتن لە پەیوەندی گشتی “جیاوازی دۆست و دوژمن” ئەمە وەکوو “جیاوازییەکی بەتایبەت سیاسی” پێناسە دەکات. ڕوانین بۆ بابەتەکان، بە پێی جیاوازی دۆست/ دوژمن خاوەنی دوو توخمە کە لە نێوانیاندا توخمی “دوژمن” بە ئاشکرا لایەنی سەرەکیە(ئیشتڕاوس،1393: 125 لە عابید ئەردەکانی و ئیلاەدادی، 1397).

لە ڕوانگەی ئیشمیتدا، ئەم پۆلێنکردنە، دەتوانێت هەم لە نێوان دەوڵەتەكاندا ڕوو بدات و هەم لە نێوان حیزبە سیاسییە ناوخۆیەکاندا. ئەگەر ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە نێو حیزبە سیاسییەکاندا، ببێتە تەنیا ململانێی سیاسی نێوانیان، ئەوە گرژی سیاسی ناوخۆیی بە ئەوپەڕی خۆی دەگات؛ ئەمە بە واتای پۆلێنکردنی دۆست و دوژمنی ناوخۆییە نەک دەرەکی. ئەگەر کەسێک بیەوێت لەسەر سیاسەت لە کۆدەقی پێشایەتی سیاسەتی ناوخۆیی جەخت بکات، ئەوکات ئیتر ئەم ململانێیە،  پەیوەندی بە شەڕی ناوخۆییەوە هەیە نەک شەڕی نێوان نەتەوە سەقامگرتووەکان. (ئیشمیت، 1392ئەلف: ١٠١، 105). لەسەر ئەم بنەمایە، یەکێک لە بیرۆکەکانی ئیشمیت، ئەم تیۆرییەیە کە شوناسە سیاسییەکان، بریتین لە جۆرێکی تایبەت لە پەیوەندی ئێمە/ ئەوان، پەیوەندی دۆست/ دوژمن کە دەتوانێت بە فۆڕمگەلی جۆارجۆر لە هەناوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی دەربخات(مووفە، 1391: 21- 23).

لێککردنەوەی دۆست-دوژمن، دیاریکەری بوونی نەتەوەیەکە و ئەگەر نەتەوەیەک ئیتر هێزی چێکرنی دۆست و دوژمنی نەبێت یان بە ڕاگەیاندنی دۆستی لە گەڵ هەموو دونیا، چەکدانانی  داخوازانە قەبووڵ بکات، لە بوونی سیاسی خۆی دەستی هەڵگرتووە. ئەگەر خەڵکێک توانا یان ویستی پارێزگاری لە خۆی لە پانتایی سیاسەتدا نەبێت، بەو مانا نییە کە پانتایی سیاسی لەناو دەچێت، بەڵکوو بەو مانایەیە کە خەڵکی لاواز لەناودەچێت، ئەوکات خەڵکانێک سەرهەڵدێنن کە خۆیان لە قەرەی تاقیکاری نوێ دەدەن و حوکمڕانی سیاسی بە دەست دێنن(ئیشمیت، 74_ 75: 1392). دوژمن تەنیا لە هەمبەر شوناسێک یان “ئێمە”ی کۆیی مانا پەیدا دەکات و بە مانایەکی ڕاشکاو، لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ نەتەوەیەکی دیکەدا مانا دەدۆزێتەوە و ئاماژە بە “hostis” دەدات کە واتای سیاسیی هەیە نەک تاکەکەسی و تایبەتی(ئیشمیت،1392). دوژمنایەتی ناوخۆیی(foe) لایەنی تایبەتی هەیە و خاڵی لە مانای دوژمنە(enemy) وەکوو دوژمنێک کە ڕەهەندی گشتی هەیە و ئاماژە بە تەواوێتی دەدات(شواب لە ئیشمیت،1392: 58) و زیاتر هێمای نەبوونی تەواوێتییە.کاتێک بنەمای لێککردنەوە و پۆلێنبەندی دۆست- دوژمن ناوخۆیی بێت، تەنیا دەکرێت لە خۆخۆری سیاسی و شەڕی ناوخۆیی باس بکرێت.

ئیشمیت، لووتکەی سیاسەت بەو ساتانە دەزانێت کە دوژمن بە شێوەیەکی تەواو ڕوون، وەکوو دوژمن دەنوێنرێت. لەم دەڕبڕینەدا، کە لە ژێر گێڕانەوەی “کووژە” لە “هێگل”‌دایە، ناسینی بەرهەست لە دوژمن وەکوو دوژمن لە لایەکەوە و بناغەدانانی شوناسی خۆ لە لایەکی دیکەوە، دوو بەشی سەرەکی ئەمری سیاسین(ئیشمیت،1393 :15).

بەسەرنج بە تیۆری ئیشمیت سەبارەت بە ئەمری سیاسی، ئەو پرسیارەی دەورووژێت، ئەمەیە: “دوژمن کێیە و چ تابەتمەندییەکی هەیە؟. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەم دوژمنە، ئەویترێکە، غەوارەیەکە، و بۆ پێناسەی چییەتی ئەم دوژمنە، هەر ئەوەندە بەسە کە لە ڕووی ماکییەوە شتێکی جیاواز و نامۆ بێت، بە جۆرێک کە لە دۆخی کۆتاییدا، بشێت دژایەتی و ململانێی لە گەڵدا بکرێت. دوژمن ڕکابەرێکی تایبەتیش نییە، کە تاک قینی لێی بێت. لە ڕوانگەی “ئیسلاڤی ژیژێک” ڕەهەندی لێککردنەوەی دۆست و دوژمن، قەت بە تەنیا نواندنەوەی جیاوازیەکی واقێعی نییە. دوژمن بە شێوەی ئاسایی، بەردەوام نادیارە. ئەو وێنەی یەکێک لە ئێمەیە و ڕاستەوخۆ ناناسرێتەوە. هەر بەم هۆیەیە کە کێشە و شەڕی گەورەی سیاسی بریتییە لە پێکهێنانی وێنەیەک لە دوژمن کە دووبارە بناسرێتەوە (ژیژک، 128: 1385). بیرۆکەی ئیشمیت سەبارەت بە بابەتی سیاسی، پرسە پەیوەندیدارەکان بە مافی مرۆڤ، ئازادی، ئاشتی و دادپەروەری هەڵدەواسێت و نامومکینی دەکات. ئەندێشەی ئێشمیت دەرفەتێک بۆ بەرگری لە ژێردەستان و زوڵملێکراوان دابین ناکات، بەڵام شیکاری ئەو لە بنچینەی ئەمری سیاسی، بە شێوەی ئەرێنی دەتوانێت ئەگەری دامەزرێنەرانە مسۆگەر بکات.

ب) لاکلائۆ و مووفە و ڕۆڵی سازێنەری ” ئەویتر”

ئاڵتۆسێر، ئیدعا دەکات کە ئایدیۆلۆژییەکان لە پەیوەندی لە گەڵ یەکدا و لە بەستێنی دوژمنایەتییەکدا پێکدێن. ئەو باوەڕی وایە کە ئەم ئایدیۆلۆژییانە بە پەیوەندی لە گەڵ ئایدیۆلۆژییەکانی دیکەدا، مەرجە تایبەتەکانی خۆیان ئاراستە دەکەن و شوناسی ئەوان لە پێشدا دیاری نەکراوە، بەڵکوو، شوناسیان لە ڕێگەی دژایەتی لە گەڵ یەکدا ڕوخساربەندی دەبێت. ئایدیۆلۆژی لە نێو فەزایەکی بەربەرەکانێدا بەدی دێت و ئایدیۆلۆژییەکان لە ڕەوتی خەباتدا چێ دەبن. ئاڵتۆسێر، ئاماژە دەکات کە هیچ جۆرە ئایدیۆلۆژییەکی بەدەر لە ئایدیۆلۆژی دژبەر بەدی نایەت(مەک دانێل،1380: 96).

 بە کەمێک تێڕامان، ئەگەر لە جێی ئایدیۆلۆژی بە واتا ئاڵتۆسێریەکەی، دەستەواژەی “گوتار” دابنێین، کاریگەری قووڵی بیری ئالتۆسێر سەبارەت بە شێوازی بەدیهاتنی گوتار لە سەر لاکلائۆ و مووفە ڕوون دەبێتەوە. تێزی ئالتۆسێر، سەبارەت بە ورووژانی ئایدیۆلۆژی لە پەیوەندییەکی ڕۆنراو لەسەر “دوژمنایەتی” و لە هەمبەر ئایدیۆلۆژیەکانی دیکەدا، وەکوو بنەمای بنەڕەتی گوتاریش دێتە ئەژمار(94: 2002، malesevic).

گوتار، بەرهەمی کردەوەی جومگەبەندییە[13]. جومگەبەندی کردەوەیەکە کە لە ڕێگەی لۆژیکی هاوسانی و زنجیرەی جیاوازی، پەیوەندی لە نێوان توخمگەلی لێکچوو و نالێکچوو دروست دەکات، بە جۆرێک کە لەم ڕەوتەدا، شوناسی جومگەبەندیکراو، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و شوناسێکی نوێیی بۆ بەدی دێت. مرۆڤەکان و شتەکان و ڕووداوەکان تەنیا لە چوارچێوەی گوتارێکدا و بە نێونجی پێکهاتەی وتەزابەندییان، بە پێی لێکچوویی و جیاوازییەکانە کە مانا دەدۆزنەوە و بەدەر لەوە، تەنیا بابەتگەلێکی پرژوبڵاو و بێئوقرە و دابڕاو لەیەکن. کەوابوو لە کاتی ئاڵوگۆڕی گوتارەکاندا، دەلالەتەکان و پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاڵووگۆڕیان بەسەردا دێت.

لە ڕوانگەی لاکلائۆ و مووفە، گوتارەکان بەردەاوم لە ڕێگەی پڕۆسەی پەڕاوێزخستن و زەقکردنەوە، دەیانەوێت گوتار و جومگەبەندی ڕکابەر لە پەڕاوێز بخەن و بتارێنن و لە هەمان کاتدا هەوڵ ئەدەن توخمگەلی گوتاری خۆیان زەق بکەنەوە و هەمیشە حاڵەتێک لە ڕکابەری و دژایەتی و کێشمەکێش لە نێوان گوتارەکاندا بپارێزن(34: 1990، Laclau). لەم ڕوانگە تیۆریکییەدا، بۆ هێژموونبوون، جومگەبەندی بەس نییە، بەڵکوو دەبێت ئەم جومگەبەندییە، لە نەیارییەکی ڕادیکاڵیش بەهرەمەند بێت تا داڕێژگە بە سنوورە سیاسیەکان ببەخشێت.کەوابوو، شوناس لە بەستێنێکدا و بە شێوەی کاتی چێ دەبێت و دەتوانێت لە بەستێنێکی بڕیارهەڵنەگردا، بڕیار بدات.

لاکلائۆ ومووفە، بابەتی سیاسی بە سەر بابەتی کۆمەڵایەتیدا پێش دەخەن. چونکە ئیدعا دەکەن کۆمەڵگا، گشتێتییەکی بەیەکەوە لکێندراو نییە. لە وێناکردنی ئەمری سیاسیدا، بە باوەڕی ئەوان، چونکە جومگەبەندی بە گوێرەی حەزەکان و قازانجەکان چێ دەبن، هەر ڕوخساربەندییەکی کۆمەڵایەتی بە شێوەی سورشتی سیاسییە. بابەتی سیاسی کە  هەمان ململانێی جومگەبەندییە جۆراوجۆرەکانە، لە ئەنجامی دوژمنایەتی بنەڕەتی کە هۆکاری کراوەیی سیاسەت و سازێندرانی هەڵوێستی هێژموونیکە، لە نێو ڕوخساربەندییە جۆراوجۆرەکان بەبێ­پەنابردنە بەر تووندتیژی جێگیر نابێت(ڕەببانی خوراسگانی و میرزایی، 45: 1393).

پۆلێنبەندییەکان بەردەوام ئەزموونگەلێکن لە هەرێمێکی بڕیارهەڵنەگردا و هەروەکوو گوتار، لە قەوارەی گشتی خۆیدا، تەنیا بۆ وەلانانی ڕاڤە ڕکابەرەکان بەکار دێن. کەوابوو، له پۆلێنبەندی گوتاری “ناخۆیی”دا، جیاوازییەکانی نێوانیان، لەبەرچاو ناگیردرێت(یورگێنسێن و فیلیپس، 85: 1387). لە ڕوانگەی لاکلائۆ و مووفەوە، دوژمنایەتی کۆمەڵایەتی، ئەو دژایەتییە کە تێیدا شوناسە جیاوازەکان، دولایەنە یەکتر دەتارێنن. بە باوەڕی لاکلائۆ و مووفە، پۆلێنکردن لەسەر بنەمای ململانێ، لەسەر چۆنییەتی مانا دان بە ئەفسانەی کۆمەڵگا دێتە ئاراوە و بەستێنی کۆمەڵایەتی، بە گرووپگەلێکی جیاواز دابەش دەکات. مارکسیزم لەسەر بنەمای چینایەتی و فیمینیزم لە سەر بنەمای جێندەری و نەتەوەخوازی بە پێی ڕەچەڵەک و زمان. بەڵام لە هەر شێوەدا، ئەم گرووپبەندییانە، گرینگییەکی بنەڕەتییان بۆ کۆمەڵگا هەیە.

لاکلائۆ و مووفە، چەمکی “هێژموونی”یان لە گرامشی وەرگرتووە. بە باوەڕی ئەوان، شوناسێک کە دەدرێتە پاڵ کارگێڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنیا بەهۆی جومگەبەندی لە چوارچێوەی ڕوخساربەندییەکی هێژمونیکدا مومکین دەبێت. ئەوان هەوڵی پڕۆژە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی گوتارەکانی خۆیان، بە کردەگەلێکی هێژموونیکی دەزانن. بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بابەتە، بوونی دوژمنایەتی و هێزە لێکدژەکان و بێ­ئوقرەکردنی ئەو سنوورانەی کە ئەم دوو هێزە لێک جیا دەکاتەوە، پێویستە. ئامانجی ئەم کردەوە هێژمونیکانە، بەدیهێنان یان چەسپاندنی مانایەک یان ڕوخساربەندیەکی هێژموونیک لە دەوری دالێکی ناوەندیدایە( حەقێقەت،1387: 536).

هاوسانکردنی ژومارەیەک دالی مەلەوەن[14] لە دەوری دالێکی ناوەندی و بەدیهێنانی جیاوازی و دژایەتی لە پێوەندی لە گەڵ ئەودا، بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندییەکی هێز پێکدێت. هەر داڕێژگەیەک لە هێز بە شێوازی کردەوەخوازانە لە ڕێگەی لۆژیکی هاوشێوەیی و جیاوازی[15] ڕێک دەکەوێت(لاکلائۆو مووفە،1393 :228). لە کردەوەی جومگەبەندیدا، دالە سەرەکییەکان لە زنجیرەیەکی هاوشێوەدا لە گەڵ یەکتر تێکەڵ دەبن. ئەم دالانە نیشانەگەلێکی بێ ناوەڕۆکن، واتا بە تەنیا و بۆ خۆیان، مانایان نییە تا ئەوەی لە ڕێگەی زنجیرەیەکی هاوسان له گەڵ نیشانەکانی دیکە کە ئەوان پڕ لە مانا دەکەن، تێکەڵ دەبن و لە بەرامبەر شوناسە نەرێنییەکانی ئەویتردا دەوەەستن کە وا نیشان ئەدات هەڕەشەیان لێدەکەن. گوتارەکان لە ڕێگەی زنجیرەی هاوسانی، جیاوازیەکان دادەپۆشن. لەم ڕوانگەدا، کۆمەڵگا بە شێوەی سرشتی فرەچەشنە و زنجیرەی هاوشێوە ئەم فرەچەشنی و جیاوازیانە دادەگرێت و تەکووزی و یەکگرتنیان پێ دەبەخشێت. لە هاوسانیدا، توخمگەل، تایبەتمەندییە جیاواز و مانا ڕکابەرەکانیان لە دەست دەدەن و لەو مانایەیدا کە گوتار دەیخولقێنێت، دەتوێنەوە(حەقێقەت: 540: 1387).

لە ڕوانگەی لاکلائۆ و مووفە، ململانێ یان دوژمنایەتی[16] زۆر گرینگە. بەدیهێنان و ئەزموونی دژایەتییە کۆمەڵایەتیەکان، بۆ تیۆری گوتار لە سێ لایەنەوە ئەمرێکی بنەڕەتییە: لایەنی یەکەم: دروسکردنی پەیوەندییەکی دوژمنانە کە  زۆرجار سەردەکێشێ بۆ لای بەرهەمهێنانی “دوژمن” یان “ئەویتر” کە بۆ دامەزراندنی سنوورە سیاسییەکان، بابەتێکی گرینگە. دووهەم: هاتنەئارای پیوەندیی دوژمنانە و چەسپاندنی سنوورە سیاسییەکان، ئەمرێکی بنگەهینە بۆ جێگیرکردنی شوناسی ڕوخساربەندییە گوتارییەکان و کارگێڕانی کۆمەڵایەتی. سێهەم: ئەزموونی دژایەتی، نموونەیەکە کە ڕووداوبوونی شوناس نیشان ئەدات. بە گوێرەی تیۆری گوتار، دژایەتی بەو هۆکارە روو ئەدات، کە بەدەستهێنانی جۆرێک شوناسی تەواو و ئەرێنی لە لایەن کارگێڕان و گرووپەکان ئەمرێکی مەحاڵە. ئەمەیش بەو هۆیەوەیە کە بوونی دوژمن لە پەیوەندییەکی دوژمنکارانەدا لە بەدەستهێنانی ناسنامە لەلایەن “دۆستەوە” ڕێگری دەکات(هوارێس، ٢٠١٧: ٢٠٦). لە تیۆری لاکلائۆ و مووفەدا، دەرەوەی بنیاتنەر[17]، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پێکهاتنی شوناسدا دەگێڕێت. دەرەوەی بنیاتنەر، ئاماژەیە بە ئەویتر و دوژمنێک کە بەبێ ئەو، شوناس پێک نایێت.

دالێکی مەلەوەن کە تەواوێتییەک دەنوێنێتەوە، لە لای لاکلائۆ و مووفە، بە مانای ئوستوورەیە[18]. دالێک کە نواندنەوەی فەزایەکە کە بە ئوبژکتیڤیتەی پێکهاتەیی تانشین بووە و خاڵی لە پەیوەندییە.” لە لایەکەوە نواندنەوەی چەواشەکراوی واقعییەتە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەم چەواشەیە،چارەنەهاتوو و سازێنەرە، چونکە ئاسۆگەلێکی پێویست بۆ کردەوەکانمان بەدی دێنێت”(بورگێنسێن و فیلیپس، 1389: 77). چەمکی ئوستوورە “جۆرێکی ئاڵۆز لە دالێکی مەلەوەنە کە بەشوێن بنیاتنانی کۆمەڵگە وەکوو تەواوێتیەک لە گەڵ شوناسێکی بێئەملاولا و بە تەواوی دووراوەیە”(Rear,2013:11 وەرگیراو لە محەمەدی،٩٨: 1398).کاتێک ئوستوورەیەک لە بەسروشتیکردنی بێ­ئوقرەیی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی وێنەیەکی تایبەت لە تەکووزی کۆمەڵایەتی سەرکەوتوو دەبێت، دەتوانرێ بگوترێت کە بە ئاستی وێنای کۆمەڵایەتی[19] گەیشتووە. شتێک کە لە لایەن لاکلائۆوە (1999)بە “ئاسۆ” نێونراوە. ئەم چەمکە ئەوە دەگەیێنێت کە چینێک لە داخوازییە ئابووری و پیشەییەکانییان تێدەپەڕن و نواندنەوەی بەشێک لە بەرژەوەندی و ویستی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بەئەستۆدەگرن. لەسەر ئەم بنەمایە، لاکلائو(1996)دەڵێت ئوستوورەکان لە ئاستی بەرژەوەندییەکانی گرووپێکی دیاریکراودا کار دەکەن، لە حاڵێکدا وێنای کۆمەڵایەتی کاتێک ڕوودەدات کە گروپێک دەتوانێت لەسەروی ئەم بەرژەوەندییانە و لە هەرێمێکی هەموانیدا هەڵبسووڕێت(Rear, 2013:11، وەرگیراو لە محەمەدی، 98: 1398).

بەڵام نابێت وا بزانرێت کە گۆڕان بەردەوام لە ئوستوورەوە بۆ وێنایە، بەڵکوو دەکرێت پێچەوانە بێت. یانی گۆڕان لە وێناوە بۆ ئوستوورە. لە گۆڕان لە وێناوە بۆ ئوستوورە، لۆژیکی جیاوازی لە ڕەوتی هەڵوەشاندنەوەی وەهمی یەکبوونی نێوان بەرژەوەندییەکان، جیاواز کار دەکات و بە بەدیهێنانی جومگەبەندی ئاڵۆزتری توخمەکان و دژوارترکردنی دابەشبوون بە دوو ئوردوگای کۆیی ” ئێمە” و “ئەوان” لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدا خەریک دەبێت. بە شێوەی گشتی دەتوانرێ بگوترێت، کە” وێنای کۆمەڵایەتی بە پێچەوانەی ئوستوورە، هەمووان دەگرێتەبەر و نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکات. لە ڕاستیدا، وێنای کۆمەڵایەتی فەزایەکی ئایدیالی ئافرێندراو لە لایەن ئوستوورەیەکەوەیە کە لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی گشتگیر، تەواوێتی بەدەستهێناوە” (کەسرایی و پوزش شیرازی 355: 1388). لایەنی مێتافۆری[20] ئوستوورە بە وێنای کۆمەڵایەتیەوە گرێ دەدات. ئوستوورە بۆ ئەوەی تا ئاستی وێنای کۆمەڵایەتی بەرز بێتەوە، لایەنی مێتافۆریی بە خۆی دەگرێت. لایەنی مێتافۆری، ئوستوورە لە بەرژەوەندی و حەزەکانی گرووپێک تایبەت جیا دەکاتەوە و وەکوو خێرێکی گشتی یان بەرژەوەندی و حەزی گرووپگەلێکی یەکگرتوو نیشان ئەدات. هەڵبەت گوتارێک ناتوانێت بەردەوام یان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، ئیدعای نوێنەرایەتی هەموو گرووپەکانی هەبێت و نایشتوانێت بێهێزیەکانی خۆی بشارێتەوە.

هاوتەریب لە گەڵ تیۆری گوتاری لاکلائۆ و مووفە، ئەو شتەی کە کۆمەڵگا وەکوو تەواوەتییەک بنیات دەنێت، ئەفسانە یان ئوستوورەیەکە، کە ئامانجی بەدیهێنانی شێوەیەک لە سیاسەت و کردەوەی لەو پێناوەدایە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، چەمکگەلێکی وەکوو نیشتمان و نەتەوە و وڵات و چەمکگەلێکی دیکەی لەو شێوە، تەنیا ئەفسانەگەلێکن، کە ئاسۆی پێویست بۆ بەکارهێنانی سیاسەتگەلێک لە چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەدا دابین دەکەن(محەمەدی، 141: 1389).

لە ڕوانگەی لاکلائۆ و مووفەوە، چەمکگەلێک وەکوو، “وڵات” “نەتەوە” “توێژ” یان هەر شتێکی دیکە، کە تەواوەتییەک دەنوێنێتەوە، تەنیا دالێکی مەلەوەنە. له سیستەمی فیکری ئەواندا، هەر دالێکی مەلەوەن، کە تەواوێتییەک نیشان دەدات، تەنیا ئەفسانەیەکە. ئەفسانە لە لایەکەوە نواندنەوەی چەواشەکرانەی واقیعیەتە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەم چەواشاندنە، بێدەرەتان و سازێنەرە، چونکە ئاسۆگەلی پێویست بۆ کردەوەکانمان بەرهەم دێنێت. بەم پێیە، ئەفسانەی “وڵات” سیاسەتکاری نەتەوەیی مسۆگەر دەکات. سیاسەتمەدارگەلێکی جۆراوجۆر بەرهەم بهێنێت کە بە گوێرەی بۆچوونی جیاوازیان، لەگەڵ یەکتردا وتووێژ بکەن. لە هەمان کاتدا، هەڵبژاردنی “ئەفسانە” ئەو شتەی کە باسکردن لەبارەیەوە مانادارە و هەروەها شێوازی هەڤپەیڤین لەبارەیەوە دیاری دەکات. ئەگەر “وڵات” خاڵی دەسپێکی باس بێت، ئەوکات “ئابووری نەتەوەیی” گرینگ دێتە ئەژمار و بابەتەکانی ئابووری خۆجێی و ناوچەیی و جیهانی لە ڕوانگەی ئەوەوە تاوتوێ دەکرێن(یۆرگێنسێن و فیلیپس،1387: 77).

هەڵسوکەوتی لۆژیکی هاوسانی، شوناسگەلی هاوشێوە دروست دەکات کە دەرئەنجامی نکۆڵیکردنی پەتی سیستەمێکی گوتارییە. ئەم لۆژیکە قەڵشتێک لە سیستەمی جیاوازییەکاندا بەدی دێنێت و سازێنەری سنووری سیاسی لە نێوان دوو ئۆردوگای دژبەیەکە. بە گشتی لۆژیکی جیاوازی پێچەوانەی لۆژیکی هاوشێوەییە. لە کاتێکدا لۆژیکی هاوشێوە، دەیەوێت فەزای کۆمەڵایەتی بە چڕکردنەوەی مانا لە دەوری دوو ئۆردوگای دژبەیەک، دابەش بکات، پرۆسەی ڕۆنراو لەسەر بنەمای لۆژیکی جیاواز، بەشوێن لاوازکردن و جێگۆڕینی سنووری  نێوان جەمسەرە ئانتاگونیستەکانەوەیە. کەوابوو، لە بنیاتنانی ئەمری کۆمەڵایەتیدا، یان جەخت لەسەر لایەنێکی تایبەتی داواکارییەکان دەکاتەوە کە پەیوەندییەکی جیایی لەگەڵ داواکارییەکانی دیکەدا هەیە، یان جەخت لەسەر شتێک دەکاتەوە کە هەموو پاژەکان تێیدا هاوبەشن. یەکەم شێوە، لۆژیکی جیاوازییە و دووەمیان کە سنوورێکی ئانتاگونیستی دەکێشێت، لۆژیکی هاوشێوەییە (تاجیک، ٢٠١٩:٦٦، لاکلاو، ٢٠٠٥a:٧٧-٧٨).

لۆژیکی هاوشێوەیی، تایبەتمەندییە لێکدابڕاوەکانی شوناسە کۆمەڵایەتییەکانی ناو زنجیرەکە لاواز دەکات. هەروەکوو چۆن لۆژیکی جیاوازی زاڵ لە نێوان بڕگەکانی گوتارییدا، شوناسەکانیان لە پەیوەندییە لێکدابڕاوەکاندا دەسازێنێت، لۆژیکی هاوشێوەیی، شوناسی پێکهاتەکانی خۆی بە پێی بنەمای پەیوەندییە هاوشێوەکان و لە سەر بناغەکانی نکۆڵی- لە ڕێگەی دەرەکی سازێنەر- بنیات دەنێت. هەڵبەت شوناسی بەرهەمهاتوو لە هاشێوەیی، چییەتی جیای شوناسەکان و ئەو داخوازییانەی بەیەکەوە گرێدراون، هەڵناوەشێنێتەوە. بەڵام جیایی ئەوان لەناو دەبات و دەبێتە هۆی یەکگرتنی نێوان سووژەکان. بەم پێیە، بە بەدیهاتنی سەرکەوتوانەی زنجیرەیەکی هاوشێوەیی، داواکارییە دێمۆکڕاتیکە جۆراوجۆرەکان، ئێستا بە داواکاری کۆیی پوپولار گۆڕدراون و سووژەی پوپولار پێکدێت. داواکاریەکانی پوپولار، لە “خەڵک” کارگێڕێکی مێژوویی هێزەکی چێ دەکات. کەوابوو، کۆکردنەوەی دووبارەی داواکارییەکان، یەکەمین پێش مەرجی جومگەبەندی سیاسییە کە نێوی پۆپۆلیزمە(تاجیک و شەکورزادە، 66: 1398).

یەکگرتنی زۆرێک لە داواکارییە کۆمەڵایەتییە دابیننەکراوەکان و نەتوانینی سیستەمی دامەزراوەیی لە وەخۆگرتنی جیایی ئەوان، دەبێتە هۆی دابڕانی پۆپۆلیستی. ئەم دابڕانە،  قەڵەشتێکی ئانتاگونیستی نێوان ئەو دوو ئوردوگایەیە. زنجیرەی هاوشێوەیی، لەگەڵ دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆ دوو ئۆردوگای لێکدژ، هاوڕێ دەبێت: ئۆردوگای دەسەڵات و ئۆردوگای چەوسێنراوان. سنووری نێوان “ئێمە” و “ئێوە” دەكێشرێت و لە ئۆردووگای “ئێمە”دا سووژە تاک و ناهاوچەشنەکان لە ڕێگەی جومگەبەندی داواکارییە وڵامنەدراوەکانەوە بە سووژەی خەڵکی دەگۆڕدرێت. هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئێمە لە بەرانبەر ئەواندا، لایەنێکی خەباتکارانە بە داواکارییەکان دەبەخشێت. “دوژمن” توخمێکی دەرەکی سازێنەرە کە گەل دروست دەکات. پۆپۆلیزم بەبێ سازدانی گوتاریی دوژمنێک، ناتوانێ پێکبێت. دەبێت قەڵەشتێک یان سنوورێک لە نێوان گەل و دوژمندا دروست بکرێت. کەوابوو لانیکەم دوو پێش مەرج بۆ پۆپۆلیزم هەیە: یەکەم: هاتنەئارای سنوورێکی ئانتاگۆنیستی کە خەڵک لە دەسەڵات جیا دەکاتەوە. دووەم: جومگەبەندی هاوسانی داواکارییەکان کە دەرفەتی بەدیهاتنی خەڵک مسۆگەر دەکات(laclau,2005: 76وەرگیراو لە تاجیک و شوکورزادە، ٢٠١٩: ٦٧).

زۆرێک لە ئەندێشەکانی فۆکۆ سەبارەت بە گرێدراوی زانست -هێز، پەیوەندی بە پرسی تاراندن و ئافراندنی سووژەی ژێردەستەوە هەیە و لەم گۆشە نیگاوە، کاریگەری لەسەر زۆرێک لە تیۆری­داڕێژانی پاش کولۆنیالی، فێمینیستەکان و کەسانێ وەکوو ئیدوارد سەعید داناوە. لە ڕوانگەی فۆکۆوە،”ئەویتر” تەنیا لە مەسەلەی جیاوازیدا بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکوو مەسەلەی بەدیهاتنی پلەبەندیش لە گۆڕێدایە. لەم ئەویترسازییەدا، “ئەویتر” لە پلە و پێگەی خوارتر یان سەرتردا جێگە دەگرێت(تاجیک، 95: 1377). “دریدا” لە کۆمەڵێک پلەبەندی دیاریکراو ناو دەبات کە لە سەر بەرەوڕوویەکی دووفاقە ڕۆنراوە و یەکەمی بەسەر دووەمیەکەدا باڵادەستی تەواوی هەیە. دەستەواژە دووەمیەکان، خوارتر و بەدەر لە لۆژیک پێناسە دەکرێت، هەرچەن وەکوو دەرەوەی سازێنەری مەرجی پێویستی ئەگەری شرۆڤەی یەکەم سەیر دەکرێن. لەم ڕووەوە، ناسینی خۆت، پێویستی بەوەیە ئەویتر بە نامۆ و پڕنهێنی بزانیت و لە ئاکامدا بە خوارتر لە خۆ دانانی ئەویترە(تاجیک، 126: 1372).

شوناسی سووژە، پەیوەندێتی، بگۆڕ، ناپێویست، لێکدابڕاو و دووفاقەیە. لەم پەیوەندیی ناتەبای شوناسەکاندا کە بۆ لای دژایەتی و تاراندن، سەردەکێشێت، دیاریکردنی هەر شوناسێک، هاوتەکی لە گەڵ سەرکوتی شوناسەکانی دیکە و بە کارهێنانی هێزوە هەیە. بە واتایەکیتر، ئانتاگونیزم، بەربەستێکە و لە هەمان کاتدا، مەرجی بیچمگرتنی شوناسە و لۆژیکی هێژمونی، گرینگترین کارگێڕە لە بەستێنی شوناسدۆزیدا. کەوابوو، سووژە ئەمرێکی سیاسییە و لە شەڕێکی ئانتاگونیستیدا دێتە ئاراوە(تاجیک و شەکوورزادە، 70: 1398). بە وتەی لاکائۆ و مووفە، ئانتاگونیزم و خەباتی هێژموونیک، پێویستی بە تێگەیشتنێک لە سووژە هەیە(Laclau & Mouffe, 1985a: 115).

بابەتی سیاسی بە هۆی ململانێ و دوژمنایەتی چارەهەڵنەگر لە کۆمەڵگادا بەردەوام دەبێت. ئەم ململانێیە، بەردەوامە، چونکە پێکهێنانی کۆمەڵگا لە سەر بنەمای نەیارێتی و دوژمنایەتی بنەڕەتی و خۆنەبوێر ڕۆنراوە. هەر ئەم “دوژمنایەتییە بنچینەییە” بنەمای سازێنرانی جومگەبەندی هێژمۆنیککراوی جۆراوجۆرە بۆ هەڵاتن لە کەوتنە نێو زنجیرەی گشتێتیخوازی و تەواوئەندێشی و هەموو شتێک  یەکسان و تەواو و بێ کەموکوڕی زانینە. ئەمە ناوکی تڕوماتیکییە کە لە قۆناخی دەسپێکی بەدیهاتنی ڕوخساربەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە یەکگرتنی شوناسە یەکپارچەکان لە وێناکردنی مەیدانە یۆتۆپیاییەکان ڕێگری دەکات. بە گوتەی ژیژێک، لاکلائۆ و مووفە، پەردە لە سەر دژایەتییەکی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە نێو دڵی هەر ڕوخساربەندییەک لادەدەن. ئەوان ئیدعا دەکەن کە دژایەتی مەرجی ناوەکی هەر شوناسێکە. بە واتای ژیژێک، لاکائۆ و مووفە باوەڕیان وایە کە ناوکی تڕۆماتیک بوونی هەیە کە ئەگەر بیسڕینەوە ئەوسا دەکەوینە نێو چاڵی تەواوێتیخوازییەوە. ژیژێک ئیدعا دەکات بۆ خۆگونجاندن لە گەڵ ژینگە، دەبێت ئەم پچڕانە قەبووڵ بکرێت و دان بەم دوژمنایەتی و خۆبواردنە بنەڕەتیەدا بنرێت. بە باوەڕی ژیژێک، لاکلائۆ و مووفە، ئەم گەورەیی پێشدەسییەیان پێ بڕاوە کە کتێبی “هێژمۆنی و ستڕاتیژی سوسیالیستی” لە سەر بنەمای ئاوا چەمکێک لە دوژمنایەتی ڕۆنراوە. یانی لە سەر بنەمای ناسینەوەی تڕۆمایەکی ئاخێزگەیی، ناوکێکی مەحاڵ/ خۆبوێر کە لە بەرامبەر بەهێمایی کردن، تەواوێتیخوازی و ئاوێتەبوونی هێمایی، خۆڕاگری دەکات. ئەوان هەر هەوڵێک بۆ پینەکردنی ئەم دڕاوییە سەرەتاییە (دژایەتی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە هەر ڕوخساربەندییەکدا) بە شکەستخواردوو دەزانن(ژیژێک،1389: 41). موژدەدەری ئەمری سیاسی و هەوڵ بۆ ڕووخان و بنیاتنانەوەی جومگەبەندییەکان و گوتارەکان، ئەم ناوکی تڕۆماتیکەیە کە دژایەتی بە جەوهەری هەر پێکهاتە و ڕێکخراوەیەک دەزانێت. تیۆری دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ[21]، ئەمری سیاسی وەکوو هەرێمی لەبڕان­نەهاتووی دژایەتی و ململانێ و دوژمنایەتی پێناسە دەکات (Barnet, 2004: 50، لە ڕەبانی خوراسگانی، 43-42: 1393).

 

ڕۆمانتیسیزمی سیاسی کورد و مەحاڵکردنی بابەتی سیاسی

کوردە سەرەڕای هاوبەشی لە هەموو پێکهاتە فەرهەنگییەکان وەکوو زمان و مێژو و بیرەوەری و جیهانبینی و ئایین و ڕێوڕەسمەکان، تەنیا خەڵکانێکی بێدەوڵەت نین، بەڵکوو گەلێکی بێ نەتەوەیشن. چونکە لە بنەڕەتدا نەتەوە و نەتەوەسازی، ئەمرێکی سیاسییە و لە چوارچێوەی گوتارێکدا، ڕوخساربەندی دەبێت و بە پێی پێناسەی “ئەویتر” یان بە واتای ئیشمیت، بوونی دوژمن بەرهەم دێت و ئەمەش لە ئەدەبیاتی شوناسی کوردی و ئەندێشەی سیاسی ئەودا بوونی نییە. شیکاری ئەمەیش دەکرێت بۆ زەینی کوردی و پێکهاتەی زمانی یان مێژووی هاچەرخی ئەو کە هاوکاتە لە گەڵ دەرکەوتنی دەوڵەت- نەتەوەکانی زاڵ و یان بۆ مێژوویەکی درێژخایەنتر و مێژووی کەونارا بگەڕێندرێتەوە. هەڵبەت وێناکردنی ئەویتر یان دوژمن لە زمان و هێماکان و ئوستوورەکان و نیشانەکانی دیکە بوونی هەیە و نەسڕدراوەتەوە، بەڵام لە گۆڕەپانی سیاسیدا وەلانراوە و بوونی هێز و ئیرادەی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی لە چوارچێوەی گوتارێکدا بەدی ناکرێت.

ئەگەرچی لە گوتاری بەرخۆدانی کوردیدا، سازێنرانی “خۆ” لە ڕەهەندە فەرهەنگییەکاندا وەکوو جل­وبەرگ، ئایین، داب ونەریت، مۆسیقا و فۆلکلۆر و بە تایبەتی زمان، گرنگی پێدراوە، بەڵام ئەم جیاوازدۆزییە لە ڕەهەندی سیاسیدا،کە گێڕانەوەی مێژوویی و ئاراستەکردنی گێڕانەوەی ناسیۆنالیستی لە مێژوو تێیدا گرنگی و پێگەی تایبەتی هەیە، کەمتر سەرنج و گرنگی جیدی پێدراوە. مێژوونووسی نەتەوەخوازانە، گرنگی و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە لەدایکبوونی نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەییدا هەیە. کورد نەریتی مێژوونووسینی ناسیۆنالیستی نییە. بەبێ بوونی نەریتێکی مێژوونووسی ناسیۆنالیستی، ناتوانرێت ناسیۆنالیزم بنیات بنرێت و نەتەوەیش دروستکراو و بەدیهێنراوی ناسیۆنالیزمە.

کورد چ لە داڕێژگەیەکی ئایدیۆلۆژییەکدا و چ وەکوو گوتارێک، خاوەنی ناسیۆنالیزم نییە و تەنیا گوزارەگەلێکی پرژوبڵاوی سەبارەت بە خۆی هەیە کە زیاتر گەوهەرێکی نیشتمانی و فەرهەنگی هەیە. هەر ئەم نەبوونە، بۆتە هۆی ئەوەی کە لە لایەن گوتارە جیاوازەکانەوە بانگهێشت بکرێت و ببێتە سووژەی ئەو گوتارانە. بەم هۆیەوە، سووژەیەکی نایەکگرتوو، لەت لەتکراو و پێش­سیاسی خولقێنراوە کە لە باری ناسنامەییەوە، دەرەنجامی سیاسی زۆری لێکەوتۆتەوە. ناسیۆنالیزمی کوردی وەکوو تیۆری، گێڕانەوەی مێژوویی، ئایدیۆلۆژی و گوتار بوونی نییە، یان لە دەسپێک و قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە. ئەو شتەی کە بە کوردایەتی ناودێرکراوە، تەنیا گوزارەگەلێکی پرژوبڵاوی فەرهەنگی و ئەدەبییە سەبارەت بە خۆشەویستنی زمان، سروشت، فەرهەنگ و نەریتە کوردییەکان و خاڵی لە جومگەبەندی بە شێوەی گوتارێکە. ئەم هەلومەرجە، دەرفەتی ئەوە ناڕەخسێنێت لە لایەکەوە تەواوێتی لێ سازبێت و لە لایەکی دیکەشەوە لە کورد وەکوو سووژەی خۆی بانگهێشت بکرێت. لە گوتاری پێش­مۆدێرندا، دالی وڵات یان وەتەن، دەلالەت دەکات لە سەر دێ، شار یان ناوچەیەک کە ئەو مرۆڤە تێیدا هاتۆتە دونیا، بەڵام لە گوتارێکی ناسیۆنالیستیدا، واتاکەی هەموو جوگرافیای سیاسی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و لە گوتاری شۆڤینیستیدا کە بە پێشگری “پان” دیاریکراون، تێریتۆری ڕەچەڵەکێک یان زمانێک لەخۆ دەگرێت کە دەکرێت داگری بەشێک لە وڵاتانێکی­تر یان تەنانەت چەندین وڵاتی دیکەیش بێت. بەم پێێە، وا دەردەکەوێت ڕەچەڵەکناسی ئەم چەمکە لە گوتاری باوی کورددا، هێشتا دەلالەتێکی ناوچەیی و پێش­مۆدێرنی هەیە.

شوناس و ئایدیۆلۆژییەکان لە دژایەتی یەکتر و لە بەستێنی خەبات و هاودژی لەگەڵ یەکتردا سەرهەڵدەدەن. شوناسی کوردی، چ لە پێگەی ئایدیۆلۆژیا و چ وەکوو گوتار، لە توخمی “دوژمنایەتی” کە خەمڵێنەر و بنیاتنەری هەر جۆرە ئایدیۆلۆژیا و گوتارێکە خاڵییە، بەم هۆیە، ناسیۆنالیزم یان گوتاری شوناسی کوردی ناتوانێت بچێتە نێو فەزای ململانێ لە سەر پێناسەکردنی ماناکان و پێناسەکردن و بانگهێشتی سووژە و وێناکردنی بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیەوە. گوتاری شوناسی کوردی، کەمتر توانیویە خۆی لە نێو ململانێ و ڕکابەری گوتاریی[22] لە گەڵ گوتارە شوناسییەکانی دراوسێدا ببینێتەوە و مانای دڵخوازی خۆی لە پانتای زماندا بچەسپێنێت و شێوازی تایبەت بە خۆی لە تێڕوانین و تێگەیشتنی جیهانی سیاسی-کۆمەڵایەتی هێژمۆن بکات. گوتاری سیاسی دەبێت توانایی و لێهاتوویی ئافراندنی مانا و ئەندێشە بۆ بەدەستهێنان و جێگیرکردن یان پاراستنی هێزی هەبێت.

هیچ ڕەوت و گرووپێک نەیتوانیوە، گشتێتییەک بنوێنێتەوە کە بە ئاستی وێنای کۆمەڵایەتی بگات و بە واتای لاکلائۆ و مووفە، ئاسۆیەک ئاراستە بکات. بەم مانایە کە بە نێوەنجی لایەنی مێتافۆریک، نواندنەوەی گشتێتی و بەرژوەندی گشتی و سەرووگرووپی بێت. دالی کورد لە هیچ گوتارێکی بنیاتنراوی کورددا بە تەواوی مسۆگەر نەبووە و هیچ گوتارێک نەیتوانیوە ڕێگری لە خزینی مانایی بۆ ناو گوتارە ڕکابەرەکان بکات.

لەم ڕووەوە، هەبوونی مەدلوول­گەلێکی جۆراوجۆر بۆ ئەم دالە، دۆخێکی فرەداڕێژراوی بۆ ئافراندووە. گوتاری چەپ، ئایینی، ئێرانی، تورانی و سامی، یان نکۆڵیان لە بوونی سەربەخۆی ئەو(کورد) کردووە، یان بە چەواشەکردن و خەوشدارکردنی لە ژێر ناوگەلێکی وەک گەلی کۆلۆنیالیزەکراو، بەشێک لە نەتەوەی ئیسلامی، هۆزێکی ئێرانی، تورکێکی شاخی، یان هۆزێک لە جنۆکە، شوناسی سەربەخۆی ئەویان نەناساندۆتەوە کە تەنیا بە لابردنی پاشگر و پێشگرەکان مسۆگەر دەبێت. پێگەگەلی سوبژێکتێڤیتەی شوناسی کۆیی کورد لە ڕێگەی هەلومەرجی مێژوویی و سیاسی و جوگرافیای تایبەتی خۆی بە هۆی گوتارە جۆراوجۆرەکانەوە ئافرێندراوە و لە کورد سووژەیەکی فرەداڕێژە و لەت و پەتی دروست کردووە. شکەستە سیاسی و سەربازییەکان، کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر سوبژێکتێڤیتە هەیە. کەوابوو بۆ شیکردنەوەی داڕووخان و داهێزیایی کورد، پێویستە چەند ساتێکی مێژوویی گرنگی وەک ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ماد، هاتنی ئیسلام و کۆتاییهاتنی حکومەتە کوردییەکان لە ڕابردوودا و لەم دواییانەشدا، کۆتایی هاتنی میرنشینە کوردییەکان و دواجار پێکهێنانی دەوڵەت – نەتەوە دەسەڵاتدارەکان شی بکرێتەوە.

لێککردنەوەی دۆست و دوژمن، بەدیهێنەر و پێکهێنەری نەتەوەیەکە و ئەگەر نەتەوەیەک لە سازاندنی دۆست و دوژمن ناتەوان بێت یان لە گومانی ئەگەری دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ هەموو گەلانی دونیادا ڕۆچوو بێت، ئەوا لە بەرامبەر ئەواندا خۆبەخشانە خۆی چەککردووە و لە بوونی سیاسی خۆی دەستی هەڵگرتووە. لەم حاڵەتەدا توانا و ئیرادەی بۆ پاراستنی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسیدا نابێت، ئەو کات، تەنیا شێوازێک لە ژیانی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی بۆ خۆی بەرهەم دێنێت.

بوونی دوژمنایەتی و هێزە لێکدژەکان بۆ سەقامگیرکردنی گوتار و هێژموونیکردنی لە پێناو دەستەبەرکردنی پڕۆژە سیاسییەکاندا پێویستە. ئەگەر نەتوانرێت لە دەور دالێکی ناوەندی­دا، مانایەک بچەسپێنرێت، هیچ ڕوخساربەندییەکی هێژموونیکی سەقامگیر نابێت. ئایا دەتوانرێت ئیدعا بکرێت، ئەوەی ئێمە لە ژێر ناوی گوتاری شوناسی کوردی­دا دەیناسین، بابەتێتی پەیاکردووە و تانشین بووە و ئەو مانایانەی کە بۆ فەهمی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاراستەی دەکات، بۆتە شتێکی سروشتی و بەڵگەنەویست؟

” ئەویتر” وەکوو مەرجی سازێنەری “خۆ” لە گوتاری کوردیدا بوونی نییە[23]. ئەمەیش لە دوو فاکتەری پەیوەندیدار لە گەڵ یەک، سەرچاوە دەگرێت: یەکەم بانگهێشتنی کورد لە لایەن گوتاری نەتەوەیی و ئایینی زۆر و بڕێ­جار دژبەیەک کە بەسەر ژیانی سیاسی کورددا زاڵن و ئەویان بە سووژەیەکی بێ ناوەند و پرژوبڵاو و لەت لەت گۆڕاوە و بە دەستێوەردانی هێژموونیک وەکوو بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی و ستڕاتیژی­گەلی جۆراوجۆر لە هاودژبوونی پەیوەندی خۆیان لە تەک کورد ڕێگریان کردووە. دووەم فاکتەر، نەبوونی گوتاری ناسیۆنالیزمی بەهێز و گشتگیرە کە بتوانێت سووژەی کوردی لە سەروی ئەم گوتارانەوە، بانگهێشت بکات. ئەم دۆخەش، خۆی لە دابەشبوون و دابەشبوونەوەی کۆلۆنیالیستی کوردستان و نەبوونی پێکهاتەیەکی سیاسی نەتەوەیی سەرچاوە دەگرێت کە بتوانێت کورد لە سەروی هەموو فرەچەشنییە ناوەکییەکان لە ڕووی بن­زاراوە و ئایینزاوە وەکوو گشتێتییەک و یەکەیەک دروست بکاتەوە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ گوتاری هێژمۆنیک، گوتارگەلی بەرخۆدان (وەکوو ناسیۆنالیستە بێدەسەڵاتەکان) هەوڵی “نیشتووسڕینەوە” لە “بابەتێتی” گوتاری هێژمۆنیک­ داوە و هەروەها پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی ئەوان، تووشی ئالێنگاری بکەن و بە پەنابردنە بەر شۆڕشی جۆراوجۆر و بەرخۆدانی فەرهەنگی ورد و هەرڕۆژە، دەیانەوێت “تەواوێتی­سڕینەوە” لە ڕوخساربەندی کۆمەڵایەتی پیشاندراو لە لایەن ئەوانەوە وەکوو “تەواوێتی”یەک بکەن و کەمایەسییەکەی بخەنە بەرچاو. دەربازبوون لەم دۆخە، پێویستی بە گوتارێکی دیکەیە، کە ڕوخساربەندییەکی جیاواز لە پرسەکان و یەکەمایەتییەکان و چارسەرییەکان وێنابکات. گوتاری شوناسی کوردی بە شێوازی ڕەخنەیی و ئەخلاقی ویستوویەتی نیشتووسڕینەوە لە بابەتێتی­بوونی گوتارە هێژمۆنیک­کراوەکان بکات. بەڵام ئەم پراکسیسە پێویستە گوتارێک بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بسازێنێت. بۆ ئەوەی جومگەبەندییەکی دیکە لە بنەماکان بێنێتە ئاراوە و ئەم گوتارەش لە ڕێگەی نەیارێتی و ئەویترسازی لە نێوان “خۆ” و ئەویتر”دا بیچم دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، دەکرێت بگوترێت “ڕوخساربەندی مافی مرۆڤانە لە پرسی کورد لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە، لە داشکاندنی پرسێکی سیاسیی بۆ پرسێکی یاسایی سەرچاوە دەگرێت، چونکە لە بنەڕەتدا مافەکان، گرێدراوی پرسی دەسەڵات و ململانێیە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، پێگەی یاسایی، پێویستی بە دیاریکردنی پێگە لە گۆڕەپانی سیاسیدایە کە گۆڕەپانی ململانێیە.

گوتاری شوناسی کوردی توانایی و لێهاتوویی پێویستی بۆ بانگهێشتی هەموو پاژ و بەشەکانی خۆی لە بن زاراوە و ئایینزا جیاوازەکانەوە وەکوو سووژەکانی خۆی بە شێوەی یەکسان نییە. بەم هۆیەوە لەکەکان بە تەواوی لەو نێوەدا جێیان نابێتەوە و لە لایەن گوتارەکانی دیکەوە بانگهێشت دەکرێن و بەشێک لە کوردە ئێزەدییەکان، خۆیان بە کورد نازانن. هۆکاری ئەم بابەتە، جگە لە سیاسەتە فەرهەنگی و فێرکارییەکانی دەوڵەت کە لەتەک شوناسی هێزی زاڵدا تەبایە، بۆ سیاسەتی ناوەکی گوتاری شوناسی کوردی دەگەڕێتەوە کە سیاسەتی تاراندن[24] و بەرتەسک­کردنەوەی گرتۆتە بەر و بە شێوەیەکی تایبەتخوازانە مامەڵەی لە گەڵ خۆیدا کردووە. بەم ئاڕاستەیدا، بە پێی وەرگرتن و دەروونیکردنی وێنایەکی ڕۆژهەڵاتناسانە، ڕەسەن و ناڕەسەن­کردنی لە خۆی گرتۆتەبەر و تەنیا نزیک بە دوو دەیەیە تا ڕادەیەک لەم بابەتە دوور کەوتۆتەوە.

بەبێ باوەڕ بە بوونی سووژەیەکی کوردی، قسەکردن لە ئەمری گشتی کوردی بوونی نییە. مەبەست لە سووژە، سووژەیەکی خۆئایین و دێکارتی یان سووژەی مێژوویی وەکوو کرێکار بەو جۆرەی کە لاکلائۆ و مووفە لە ڕەخنەی ڕاڤەی زاڵ لە مارکسیزم، ڕەخنەی لێدەگرن، نییە، بەڵکوو جۆراوجۆری و فرەچەشنی سووژەگەلێکە کە لە دژی هەلومەرجی ستمکارانە و چەوسێنەرانە و گوێڕایەڵکەر لە ژین جیهانی کوردیدا، خەباتی کۆمەڵایەتی دەکەن. خەباتێکی کۆمەڵایەتی فرەچەشن و بە ڕواڵەت پرژوبڵاو کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی ستڕاتیژیک لە ژێر چەترێکدا یەکگرتوو بکرێن. فرەچەشنی توێکان و سەرچاوە شوناسییەکان، بە مانای نکۆڵی لە سووژەی کۆیی نییە، بەڵام ئافراندنی ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر چاوەڕوانی سازاندن لە چوارچێوەیەکی گوتاری یان بانگهێشت لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژییەکەوەیە.

ئاخاوتن لە سووژە وەکوو دالێکی مەلەوەن، ئاماژە بە گشتێتییەک دەکات کە بوونی نییە، کەوابوو بە گوێرەی ڕوانگەی لاکلائۆ و مووفە، ئەفسانەیەکە، بەڵام ئەفسانەیەک کە ڕێگەی دەربازبوون لێی نییە. چونکە سازێنەرە و بە پێی ئەو دەتوانرێت سیاستکاری بکرێت. هەر بۆیە نەبوونی ئەفسانەی نەتەوە و وڵات، سیاسەتکاری لە “باشوور”دا مەحاڵ کردووە، هەر بەم هۆیەوەیە، شوناسی نەتەوەیی، سوپای نەتەوەیی، سیاسەتی نەتەوەیی و ئابووریی نەتەوەیی لە بنەڕەتدا بوونی نییە و ئەوە شوناسی حیزبی، سیاسەتی حیزبی، هێزی سەربازی حیزبی و هتد دەور دەگێڕن. بەگشتی دەتوانین بڵێین، کوردستان سوبژێکتێڤیتەیەکە کە هیچ جەستەییەکی لە سووژەی سیاسیدا پەیدا نەکردووە.

ڕەنگە بتوانرێت باس لە گوتارەکانی شوناسی کوردی بکرێت، بەڵام ناتوانرێت لە گوتارێکی هێژمۆنیک قسە بکرێت. هیچ دالێک وەکوو دالی ناوەندی کە مەدلوولێکی تاقانە و هاوبەشی بە بەردا بکرێت، بوونی نییە. هێژمۆنی بە مانای یەکگرتووکردنی گرووپە جیاوازەکانە لە ڕێگەی پڕۆسەی جومگەبەندییەوە کە لە هەناوی دوژمنایەتییەکەوە تێدەپەڕێت. لە سەر ئەم بنەمایە، دەتوانرێت بگوترێت، کە هیچ گوتارێکی کوردی تایبەتمەندی هێژمۆنیکی نییە. هەرکات مەدلوول و مانایەک بۆ دالی ناوەندی و دالە مەلەوەنەکان نەچەسپێنرێت، سیاسەتێکیش لە سەر بنەمای ئەوە پێک­نایەت، چونکە لە بنەڕەتدا سیاسەت بە واتای هەوڵ بۆ چەسپاندنی ماناکانە. بە شێوەی گشتی لەم ڕێگەیەوە، دەتوانرێت بگوترێت “ئێمە”یەکی کۆیی بە نێوی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی گوتارێکدا ڕووخساربەندی دەکرێت.

دوژمنایەتی ناوخۆیی نێوان گرووپ و ڕەوتە سیاسییەکان، زیاتر لە گشتێتی­سڕینەوە لە بوونی سیاسی سەرچاوە دەگرێت و بەم پێیە، ئەوان خاوەنی دوژمنێکی هاوبەش نین. حیزبە کوردییەکان، دوژمنییان بۆ دوژمنایەتی حیزبی و ناوچەیی و بنەمەڵەیی داشکاندووە و ئەمری گشتییان تووشی چەواشەیی و ناڕوونی کردووە. بەم هۆیەوەیە، کە هیچ سیاسەت و بەرژوەندییەکی گشتی(نەتەوەیی) بۆیان واتادار نیە و بە ئاسانی دەتوانن لە دژی یەک لە گەڵ دەوڵەتێکی دیکە، کە بە شێوەی سروشتی، بە دوژمنیان دەژمێردرێت، یەک بگرن و ڕێک بکەون. سیاسەت لە سەر بنەمای حیزب و هۆز و بنەماڵە و تەریقەت و شەریعەت، هەر سیاسەتی حیزبی و بنەماڵەیی و تەریقەت­تەوەر و شەریعەت­تەوەری لێدەکەوێتەوە، چونکە هەر لە سەر ئەو بنەمایە، ” خۆ” و “ئەویتر” پێناسە دەکەن. بۆیە سیاسەتی نەتەوەیی نامومکین دەکرێت. گشتێتی­سڕینەوە، ئەمری سیاسی و پرسی نەتەوەیی ئەستەم دەکات و تەنیا شێوەی دەسەڵاتداری حیزبی و ناوچەیی مسۆگەر و لە کۆتاییدا بەرهەم دەهێنێتەوە. واتە جۆرێک لە دەسەڵاتدارێتی نانەتەوەیی لە شێوەی “میرنشین”ێک کە مێژوویەکی دریژخایەنی لای کورد هەیە، دەڕەخسێنێت. ڕادەستکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، لە ” شانزەی ئوکتۆبر” ڕیکەوتێک نەبوو، بەڵکوو دەرەنجامی حەتمی ئەم شێوە دەسەڵاتدارییە و ڕوانین بۆ سیاسەت و بابەتی سیاسی بوو. بە واتایەکی­تر، بەپێچەوانەی ئەو باوەڕە کە لە ئەدەبیاتی خەڵکیانە و شیکاری ژورنالیستیدا، بە خەیانەتی حیزبی ناوزەد کراوە، نییە، بەڵکوو ئاخێزگەکەی لە نەبوونی گشتێتی و ئەمری گشتی و زاڵبوونی ئەمری حیزبی بە سەر سیاسەت لە چەن دەیەی ڕابردوو لە باشووردایە کە خۆی لە ئاوا ڕووداوگەلێکی گرینگدا زەق دەکاتەوە.

بە گوێرەی باوەڕی ئیشمیت، بەقازانج بوونی وڵاتێک، ڕەتکەرەوەی دوژمن بوونی ئەو وڵاتە نییە، هەروەکوو تورکییە کە لە باری ئابوورییەوە بۆ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێراق زۆر قازانجی هەیە، بەڵام بۆ تەواوێتی بوونی کورد لە باشوور و دەرەوەی ئەوێ، دوژمنێکی واقێعییە لەبەر ئەوەی بابەتی سیاسی تورکییە، بەردەوام لە سەر لەناوبردنی نەتەوەی کورد ڕۆنراوە. بەم پێیە، من باوەڕم وایە شەڕی کوردەکان لە گەڵ داعیشدا ڕەنگە چارەهەڵنەگر بووبێت، بەڵام لە هەر حاڵدا ئەم شەڕەیان بە سەردا سەپاو و کوردیش دەبوو شەڕ بکەن و تێیدا سەرکەوتوو بن. بەڵام شەڕ لە گەڵ گرووپێکدا نەبوو کە لە بنەڕەتدا لە ڕووی بوونییەوە دوژمن بێت و چونکە شەڕ لە گەڵ دوژمندا نەبوو، هەر بۆیە سەرکەوتن تێیدا، دەسکەوتێکی جێی سەرنجی هەم بۆ کورد لە باشوور و هەم لە ڕۆژاوادا تێدا نەبوو.

کاتێک شەڕێک بۆ شەڕی سەربازی دابەزێت و گشتێتی­سڕینەوەی لێبکرێت، ناتوانرێت وەکوو ئەمرێکی سیاسی قسەی لەسەر بکرێت. کەوابوو، دەبێت شەڕ لە ئاستی گشتێتییەک لە بەرامبەر گشتێتییەکی دیکەدا، ڕوخساربەندی بکرێت. بۆیە بەردەوام لایەنە لێکدژەکان، هەوڵ ئەدەن، لە شەڕ و خەباتی بەرامبەرەکەیان گشتێتی­سڕینەوە بکەن و ئەو شەڕە بە دوژمنایەتی و شەڕهەڵگرسانی گروپێک یان سیستەمی دەسەڵاتدار دابشکێنن و لەم ڕێگەوە، ڕەوایێتی­ لێ بسێننەوە و سەرکەوتن بە دەست بێنن. هەڵبەت سیاسەتی گشتێتی­سڕینەوە، دابەشبوون و دابەشکردنەوە لە  بوارگەلی دیکەشدا بەڕێوەدەچێت. بە پێی ئەم بنەمایە، ئیدعا دەکرێت کە نابێ لە “کورد” بەڵکوو دەبێت لە “کوردەکان” باس بکەین(هوشمەند، 1383) هەروەها شوێنکەوتووانی “ئایدیۆلۆژی” ئێرانشاری پێداگرن لە سەر ئەوە کە دەبێت بە جێی زمانی کوردی، لە زمانی سۆرانی و کرمانجی و هەورامی و لەکی  ناوببردرێت.

کورد، ئەو زوڵم و توندوتیژیانەی لە دژیان کراوە وەکوو ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ژینۆسایدی درسیم و دۆڵی زیلان، زۆر بە کەمی لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا جومگەبەندی کردووە و هەروەها بە کەمی لە چوارچێوەی گوتار و عەقڵانییەتی بەعسیزم و کەمالیزم کە تێیدا کورد وەکوو “ئەویتر”ێک یان دوژمنێک کە دەبێت سەرکوت کرێت یان لەناو ببردرێت، مانا کردۆتەوە. تا ڕادەیەکی زۆر، دەسەڵاتدارەکانیان تاوانبار کردووە یان بە دوژمنی دەسەڵاتداران لە گەڵ کوردا لێکیانداوەتەوە[25] و ڕەخنەیان لە سیستەمی ڕەوایی­دەر بەو زوڵمانە نەگرتووە. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ڕەنج و زوڵم و کارەساتانەی کە کورد لە بەشە جیاجیاکاندا هاتووە بە سەریاندا، نەبوونەتە زوڵم و ڕەنجی نەتەوەیی و وەکوو برین و بیرەوەری جەستەیەک “ڕوخساربەندی” نەکراون. لە لایەکی­ترەوە، هەموو ئەو ڕەخنانەی کورد بە پێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، ئاراستەی سیستەمی عەقڵانییەت و گوتار و ئایدیۆلۆژی دەسەڵاتداری دەکەن، گلەیی لە سیستەمێکە کە لە ڕاستیدا ئەو کارانەی دژی کورد دەیکات، سرشتی ئەو گوتارە و ڕژێمی حەقێقەتەیە کە کوردی وەکوو دوژمن پێناسە کردووە.

ئەو شتەی لە ژێر نێوی “ئەویتر”دا لە گوتاری شوناسی کوردیدا دەتوانرێت پێناسە بکرێت، لە بنەڕەتدا ناتوانێت ئەرکی شوناسی بگێڕێت، چونکە ئەم “ئەویترە” یان لە دۆخی سووژەی سەرتر و “ئەویتری سەرتر”دایە کە سووژەی کوردی لە هەوڵی خۆوێکچواندن لە گەڵ ئەودایە یان بەشێک لە “خۆ”یە و بە هۆکارگەلێک لە جێگەی “ئەویتر”دا داناوە. بە واتایەکی­تر، دەتوانرێت بگوترێت، “ئەویتر”ی کوردێک بەردەوام کوردێکی دیکە بووە. ئەم “ئەویتری ناوەکییە” بە هۆی دەوری دووبەرەکینێرەوەی، لە بنەڕەتدا لە دژایەتی لە گەڵ دامەزراندن یان چەسپاندنی گوتاری شوناسی کوردیدایە. بەشێوەیەکی گشتی ئەم دوو جۆرە “ئەویتربوون”ـە چونکە سروشتی ڕاستەقینەی دوژمنایەتی و ململانێیان نییە، ناتوانرێت ئەمری سیاسییان لە سەر ڕۆبنرێت. ئەم دوو پرۆسەیە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە بە شێوەیەک کە نەبوونی “ئەویتر” وەک دەرەکییەکی بنیاتنەر، دەبێتە هۆی سازێنرانی بەشێک لە خۆی وەکوو ئەویتر. دۆخێک لەم فەزای گوتارییەدا ڕوو ئەدات، پێچەوانەکردنەوە یان جێگۆڕکێکردنی لۆژیکی هاوشێوەیی و جیاوازییە: زەقکردنەوەی جیاوازییە پاژەکی و ناوەکییەکان لە گەڵ “خۆ” و سازدانی هاوشێوەیی لە گەڵ “ئەویتر”ی سەرتردا. هەڵبەت دەسەڵاتەکان، هەوڵ ئەدەن بە دەستێوەردانی هێژمۆنیک و پەنابردنە بەر شێوازگەلێکی جیاواز وەکوو سڕینەوەی ئاوێتەیی و یان شوناس­سڕینەوە، لە دوژمنانەبوونی شوناسە ئیتنیکییەکان لە هەمبەر ئەو شتەی بە شوناسی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت، ڕێگری بکەن.

 

وتەی کۆتایی

لاکلائۆ و مووفە، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان و ناوکی تڕۆماتیکی سەرەتایی، یانی دوژمنایەتی بنچینەیی و بنەڕەتی لە هەر ڕوخساربەندییەکدا، بە نامومکین دەزانن. لە گەڵ ئەمەیشدا، کورد، بەردەوام خەریکی ئەوێترسڕینەوە و دوژمنسڕێنەوە بوون و ئەم کارەیش، بنەڕەتی سیاسەت و بابەتی سیاسی هەڵدەوشنێتەوە. ئەم دۆخە، بوەتە هۆی تەواوێتی سڕینەوە لە خۆ و بەناچار خۆی لە ئەویترسازی ناوەکی و دوژمن­سازی ناوخۆییدا وەدەرخستوە. ئەمە لە حاڵێکدایە، کە دوژمنایەتی ناوەکی، هەڵگری تایبەتمەندی دوژمن وەکوو مەرجی سازێنەری خۆ نییە. لە هەر شێوەیەکدا، بوونی دوژمن، واقێعییەتێکی بەرهەستە نەک ئەمرێکی دەرهەست و سازێندراو، لەم ڕووەوە، ناتوانرێت بە شێوەی نۆرماتیڤ، ئارەزووی نەهێشتنی بکرێت. کەوابوو ئەگەر دەرفەتی جیاوازی­دانان لە نێوان دۆست و دوژمندا هەڵبوەشێتەوە، لەو حاڵەتەدا، سیاسەتیش هەڵدەوەشێتەوە ، ئیتر پرسی نەتەوەیی وەکوو تەواوێتیەک لە ناو دەچێت و ناتوانرێت لە سیاسەت، ئابووری، کەلتوور و زمانی نەتەوەیی قسە بکرێت. نەبوونی “ئەویتر” نیشاندەری گوێڕایەڵی سووژەی کورد و داگیربوونیەتی کە خۆی بە ئارامی لە پڕۆژە سیاسییە داشکێنەرەکاندا دەرخستووە. بونیاتنانی “خۆ” و “ئەویتر” و کێشانی سنوورە شوناسییەکانی ڕۆنراو لە سەری، ڕۆڵی دامەزرێنەرانە و بنیاتنەرانەی هەیە. تەنیا بە دامەزراندنی “ئەویتر”ـە، کە کورد وەکوو ئەمرێکی گشتی دروست دەبێت و لە سەر ئەم بناغەیە دەتوانرێت لە نەتەوە و ناسیۆنالیزم و سیاسەتی نەتەوەیی و هتد باس بکرێت.

هەموو نەتەوەکان لە پەیوەندی لە گەڵ “دیتەران” و لە گۆڕپانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا، بانگەشەی دۆستی و برایەتی و یەکسانی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە دەکەن، تەنانەت ئەو کاتەیش هێرش دەکەنە سەر وڵاتێکی دیکە، یان بۆمبارانیان دەکەن. خۆڕوونە کە ئەمە لایەن و مەیدانی ئایدیۆلۆژیکی مەسەلەکەیە. ڕاگەیاندنی دۆستایەتی و برایەتی لە گەڵ هەموو نەتەوەکاندا، ئەگەر لە ئاستی ڕیتۆریکی سیاسیدا نەبێت، بە واتای خۆچەککردن و بە جۆرێک ڕۆمانتیسیزمی سیاسییە. لەبەر ئەوەی ڕۆمانتیسیزم لە سیاسەتدا، دۆست و دوژمن دەشارێتەوە، بە ناچار سیاسەتی نەتەوەیی نامومکین دەکات. بەڵام کورد، زۆرجار سیاسەتکاری خۆیان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا لە سەر ئەم ڕیتۆریکە سیاسییە بنیات ناوە. بە واتایەکی­تر،ئەم بۆچوونە کوردییە سەبارەت بە سیاسەت، وەکوو ڕۆمانتیسیزمێکی سیاسی، هەلی تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی هێز و دامەزراندنی سیاسەتی واقێعی کە ئەویترسازی و ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دوژمن لە پێداویستییەکانیەتی، لێیان داگیردەکات. کەوابوو قسەکردن لە برایەتی و دۆستایەتی هەموو نەتەوەکان، جۆرێک لە ڕۆمانتیسیزمی سیاسییە و لەبەر ئەوەی جیاوازی نێوان دۆست – دوژمن تێک دەدات و ئەرکی کردەوەی سیاسی، نادیار و تووشی هەڵپەساردن دەکات. کورد دەبێ لە جیاتی ئەوەی بە شوێن ” دۆستێک جگە لە چیاکان”دا بن، دەبێ بە شوێن دوژمنێک جگە لە خۆیاندا بن. بەم پێیە، لە سەر ئەو بنەمایە، دۆستانی خۆیشیان دەدۆزنەوە.

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان

Barnett, C. (2004). ‘Deconstracting radical democracy: articulation, representation and beingwith-others’, political geography, 23.

Malesevic, S. (2002). ‘Rehabilitating Ideology ofter poststructuralisme’, in: Malesevic S. & Mackenzie, I; Ideology ofter poststructralism, experiences of  Identity in a Globalising World, London: Pluto press.

Jorgensen, M. & Philips, L. (2002). Discourse analysis as theory and method, London: Thousand Oaks, New delhi, Sage publication.

Rear,david(2013). laclaue and mouffes discurse theory and fairclouphs ciritical discurse analysis: an introduciton and comarison, availbillity in: http://www,academia. edu/291234.

Laclau, E. (1990) new reflections on the revelution of our time, London: Verso.

Laclau, E. (1996) Emancipation (s). London: Verso.

Laclau, E. (2005b) Populism: What’s in a name?, in The Populism and the mirror of democracy. London: Verso.

Laclau, E. (1993a). Discourse, in The Blackwell Companion to Contemporary Political. Philosophy, By R. Goodin and P. Pettit (eds), Oxford: Blackwell.

 اشمیت، کارل (1392الف،) “مفهوم امــر سیاســي،” در قــانون و خشـونت، گـزینش و ویـرایش: مـراد فرهادپور، امیـد مهـرگان، و صالـح نجفـي، تهـران: رخـداد نـو

اشمیت، کارل (1393ب،) مفهوم امر سیاسي، ترجمه یاشار جیراني و رسول نمازي، تهران: ققنوس

 تاجیـک، محمـد رضـا،( )1372گفتمان تشـکل­هـای گفتمانی و جامعـه چندگفتار، مجله گفتمان، شـماره 2، صص130 – 116.

 تاجیک، محمد رضا (1377) فرانوگرایی، غیریت وجنبش­های نوین اجتماعی، مجله گفتمان، شمار یک.

 حقیقت، سید صادق ( 1387) روش شناسی علوم سیاسی، چاپ دوم . یم : انتشارات دانشگاه مفید.

 ژیژک، اسلاوي (1389) عینیت ایدئولوژي، ترجمه علي بهروزي، تهران: طرح نو.

 ژیژک، اسلاوي ) (،1385به برهوت حقیقت خوش آمدید، تهران: هزاره سوم.

 شـواب، جـرج (1390) مقدمـه مترجـم انگلیسـی در کارل اشـمیت (1390 )  الهیـات سیاسـی، ترجمـه لیـلا چمـن خـواه، نشـر نـگاه معاصـر.

 عابدی اردکانی و اله دادی (1397 ) دسترسی در .http://elmoiman.ir

 عبدالله پور چناری، محمد (1392)  نقد لئو اشتراوس بر الهیات سیاسی کارل اشمیت؛ اشتراوس علیه اشمیت در – علـی ربانـی خوراسـگانی و محمـد میرزایـی (1393) ایدئولـوژي، سـوژه، هژمونـي و امـر سیاسـي در بسـتر نظریـه گفتمـان، غربشناسـي بنیـادي، پژوهشـگاه علـوم انسـاني و مطالعـات فرهنگـي سـال پنجم، شـماره اول.

 کسـرایی، محمـد سـالار و پـوزش شـیرازی، علـی ( 1388) نظریـه گفتمـان لاکلائـو  و  مـوفه؛ ابـزاری کارآمد در فهـم و تبییـن پدیـده­های سیاسـی.فصلنامه سیاسـت، دوره  29، شـماره 3.

 لاکلائو، ارنستو و شانتال موفه (1392) هژمونی واستراتژی سوسیالیستی ترجمه محمد رضایی.تهران نشر ثالث

 لیـلا، مـارک (1389) چـرا متفکـران در جوامـع بسـته بـه فیلسـوفان خاصـي روي میآورنـد؟،” ترجمــه کــاوه شــجاعی، شــماره  ،8، دی، در http://www.magiran.com.

 محمـد رضـا تاجیـک و پریسـا شـکوزاده (1398) تأملـی بـر امـکان سـوژه سیاسـی بـا توجه بـه نظریه ی ارنسـتو لاکلائـو، فصلنامـه رهیافـت­های سیاسـی و بیـن المللـی، دوره  10شـماره  3، پیاپی 57.

 محمـد عابـدي اردکانـي و نفیسـه الهـدادي (1397) کارل اشـمیت و تئوریـزه کـردن خشـونت، دو فصلنامه غرب­شناسـی بنیادی، سـال نهـم شـماره اول، صـص 109-132.

 محمـدی، محمـد کریـم (1389 ) گفتمـان کنفدرالیسـم دمکراتیـک در شـمال سـوریه و عبـور از دولت- ملـت سـازی، رسـاله دکتـری رشـته علـوم سیاسـی، گرایـش جامعـه شناسـی سیاسـی، دانشـگاه رازی.

 مک دانل، دایان ( 1380)  مقدمه­ای بر نظریه­هاي گفتمان،  ترجمه حسینعلي نوذري، تهران: فرهنگ گفتمان.

 موفه، شانتال (1391) درباره امر سیاسی، ترجمه منصور انصاري، تهران: رخداد نو.

 نظـری، علـی اشـرف (1394) بازخوانـی انتقـادی مفهـوم امـر سیاسـی در نظریـه کارل اشـمیت، فصلنامه سیاسـت، دوره  45شـماره  4، صـص 991- 1014.

 هوشمند، احسان (1383 ) کرد یا کردها: مدخلی جامعه شناختی بر کردشناسی، مجله گفتگو، شماره40.

 هوارث، دیوید ( 1397) گفتمان، ترجمه احمد صبوری، نشر آشیان.

 یورگنسن، ماریان و فیلیپس، لوئیز ( 1389) نظریه و روش در تحلیل گفتمان، ترجمه هادی جلیلی.تهران ، :نشرنی.

[1] ئەم دەقە وەرگێڕانی وتارێکە لە ژێر ناوی: ضرورت تأسیس دیگری در گفتمان هویت کوردی، محمد حقمرادی، مجله پولیتیا، سال دوم شماره چهارم، صص 4-25

[2] Problematic

[3] Othering

[4] Subject- podition

[5] Truth regime

[6] Problematization

[7] form

[8] Totalitarian

[9] Concept

[10] Depoliticization

[11] dehumanization

[12] Concept of the political

[13] articulation

[14] Flaoting

[15] the logic of equivalence & difference

[16] Antagonism

[17] Constitutive outside

[18] Myth

[19] Social imagination

[20] metaphoric

[21] Theory of radical democeracy

[22] Discursive struggel

[23]  – بەم هۆیەوەیە کە دوورخستنەوە و کۆچاندن و بەعەرەب­کردن و ئەنفال و هەڵەبجە و هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ ژێر پێ خستنی کەڕامەتی کورد ئەنجام دراوە، لەبێر دەکرێت و دەبەخشرێت.

[24] exclusion

[25] بەم هۆیەوەیە کە دوورخستنەوە و کۆچاندن و بەعەرەب¬کردن و ئەنفال و هەڵەبجە و هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ ژێر پێ خستنی کەڕامەتی کورد ئەنجام دراوە، لەبێر دەکرێت و دەبەخشرێت.


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

one × 2 =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان