ئەو یەکگرتن و سەرکەوتنەی کە نەبینرا

بۆچی خەڵاتی جیهانیی هاندەرانی یانەی زاخۆ وەک ڕووداوێکی کوردستانی نەبینراو نەخوێندراوە؟

 

داگرتنی فایلی PDF

کورتەی باس

ڕووداوەکان بە یەکسانی ناچنە ناو مەیدانی دید و بینینەوە. ئەوەی وەک “بابەتێکی گرینگی مانادار” دەبینرێت و دەوترێت و دەناسرێت و دەبیسترێت، بەرهەمی نەزمە گوتارییەکان و ئەپیستیمەکانە کە سنووری بینین و بیستن بە شێوەی پێشوەختە دیاری دەکەن. ئەم وتارە لە پاش داکۆکی لەسەر لایەنە گرینگەکانی ڕووداوی خەڵاتی زاخۆ، دەیهەوێت ئەو مەسەلە پرۆبلماتیزە بکات کە بۆچی ڕووداوێکی گرینگی جیهانی وەک خەڵاتی باشترین هاندەرانی جیهان بۆ یانەی زاخۆ لە لایەن زۆربەی ڕۆشنبیران و قەڵەمبەدەستانی کوردەوە، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات، ئاوڕێکی ئەوتۆی لێنەدراوەتەوە؟ لە سوێنگەنیگای وتاری بەردەستەوە، ئەوە دیسکۆرس و نەزمی مەعریفەتی باوە کە مەعریفەی ڕۆشنبیرانی وەها جومگەبەندی کردووە کە ناتوانن ئەم ڕووداوە گرینگانە، بینراو و مەرئیسازی بکەن. بۆ ئەم مەبەستە، بە ورووژاندنی چەمکی”کوردستانئەندێشی” باس لە نەزمێکی مەعریفیی دیکە دەکرێت کە تێکدەری ئەم نەزمە باوەیە و دەوترێت گرینگی ئەم ڕووداوە جیهانییە، تەنیا بە گۆڕانی ڕادیکاڵ مەیدانی مەعریفەتی و لەچاوکردنی لێنزی کوردستانئەندێشانەیە کە دەکرێت گرینگایەتی ئەو ڕووداوە بەرچاو بکەوێت و بینراو بکرێت و وەردوشەن بدرێت.

 

دەروازەیەکی نەزەری

ڕووداوەکان بە یەکسانی ناچنە ناو مەیدانی دید و بینینەوە. ئەوەی وەک “مەسەلەیەکی واتادار و گرینگ” دەبینرێت و دەوترێت و دەناسرێتەوە، دەرئەنجامی ئاشکرابوونی واقیعییەت نییە، بەڵکوو بەرهەمی نەزمە گوتارییەکان و ئەپیستیمەکانە کە سنووری بینین و بیستن بە شێوەی پێشوەختە دیاری دەکەن. بەم مانایە، نەبینین هەمیشە دەرئەنجامی سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ یان سانسۆرێکی ڕووت نییە؛ بەڵکوو زۆرجار لە ڕێگەی بەرهەمهێنانەوەی ئارام و بێدەنگ و نائاگایانەی ڕژێمەکانی حەقیقەتەوە ڕوودەدات[1]. ڕۆشنبیر، وەک سووژەیەکی بنیاتنراو لە پەیوەندی زانست/دەسەڵاتدا، نەک لە دەرەوەی ئەم ڕێبازە هەڵناکەوێت بەڵکوو لەناو ئەو نەزمەدا دەبینێت و دەنووسێت و بێدەنگ دەبێت و یان قسە دەکات. هەروەها ڕۆشنبیر و خوێندەوار لە چوارچێوەی هەر ئەو یاسانەدا کە ئەگەری بینین ڕێکدەخەن، دەجووڵێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە مەسەلەی ئەم وتارە “غەفڵەت” یان “کەمتەرخەمی” یان نەخوازەڵا ” پشت تێکردن و خەیانەت”ی تاکەکەسی نییە لە ئاست ڕووداوێکی گرینگی وەک ئەو خەڵاتەی زاخۆ، بەڵکوو مەسەلە دەروونیسازی نەزمی مەعریفەتی باندەستە لە لایەن زۆربەی ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی کوردەوە؛ نەزمێ کە پێشوەختە هەندێک ڕووداوی کوردستانی دەخاتە دەرەوەی بازنەی دەلالەت و هەواڵ و گرنگایەتی. دەسەڵاتێک کە هاوکات هەم “دیتن” ڕێکدەخات و هەم جۆرێکیش لە “نابینایی” بەرهەم دێنێت. لەم بارەوە دەستەواژەی پانبتیکۆنی فۆکۆیی دەتوانێت ڕوونکەرەوە بێت. لای فۆکۆ پانبتیکۆن[2] تەنیا ماشینی دیتن نییە بەڵکوو میکانیزمی نەدیتنی ئەو شتەیشە کە لە دەرەوەی مەنتقی ئەودایە[3].

لە وەها ڕژێمێکی بینین و مەرئیسازیدا، ئەو ڕووداوانەی کە لە چوارچێوەی موختەسات و تایبەتمەندییە جوگرافی، زمانەوانی، یان هێمایینی نەزمی باودا جێیان نابێتەوە، نەک وەک ڕووداو بەڵکوو وەک بابەتێکی پەراوێزی یان ناپەیوەندیدار تێگەیشتنیان بۆ دەکرێت. چونکە زۆربەی ڕۆشنبیری کورد، دەستپەروەردی نەزمی مەعریفەتی باوە. نەزمێ کە لانیکەم لە ڕووی مەعریفەتی و زەینییەوە کوردستانتەوەر نییە، نەخوازراو دەبێتە بریکاری بەرهەمهێنانەوەی هەر ئەو نەزمەی کە واقعی کوردستانی لەتلەتکراوی دەروونی کردۆتەوە، نەزمێک کە تەنانەت لە هەمبەر چرکەساتەکانی سەرکەوتن، شادی، یان خەڵاتی گرینگی زاخۆ تووشی “کوێری  و بنبەستی گوتاری[4] دەبێت. کوێری گوتاری بە مانای نائاگایی نییە، بەڵکوو لێکەوتەی کارکەردی ڕژێمی قابلی دیتن کردن و دابەشکاری بابەتی بەرهەستە[5]. نەزمێ کە دیاری دەکات کام ڕووداو ببینڕێت و لە هەمبەر کام ڕووداودا نابینا بێت و چ شتێک و چ کەسێک مافی بینراوبوونی هەیە[6].

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە بۆچی گوتاری ڕۆشنبیری کوردی کە لە نێو رژێمی حەقێقەتی زاڵدا دەجووڵێتەوە، زێدەتر لەتلەتبوونی کوردستان بە بنەما دەگرێت و نەزمی مەعریفەتی لە نێو جوگرافیای باودا دەروونی دەکاتەوەو ناسنامەی کوردی لە نێو پارادایمی دیمۆکراسیخوازی بۆ دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان بۆی گرینگ دەبێتەوە و بەم شێوازە ناتوانێت ڕووداوێکی بانئاسیی وەک خەڵاتی جیهانی بۆ یانەی زاخۆ کە گرینگایەتیییەکی بەرچاوی سیاسیی-کۆمەڵایەتی هەیە بینراوی بکات  و تیۆرییزەی بکات و چەمکاندنی لەسەر بدات. مومکینە بوەترێت چونک وەرزش و فووتباڵ و خەڵکی ئاسایی تێدان، ڕۆشنبیری کورد خۆی لە قەرە نادات. ئەم وڵامە لە چەن ڕووەوە هەڵەیە چونک لەلایەک دەکەوێتە ناو بازنەی “نوخبەباوەرییەکی خاو” و بێبنەما و پەیوەندی لەگەڵ جەستەی کۆمەڵایەتی جەماوەری خەڵک کە خاڵی بزوێنەری مێژوون لە دەست دەدات. لەلایەکتر ئەوە نابینێت کە ئیرادە و خواستێکی نەتەوەیی مەبەستدار هاتە پشت بۆڵدکردنە و دەنگدارکردنی ئەو ڕووداوە و گشتاندنی لە نێو جەماوەردا کە بۆ ئەم مەبەستە هەندێک لە نوخبە هونەری و سیاسیی و… ڕۆڵیان نواند. کەواتە ناکرێت بەو شێوازە لێک بدرێتەوە و بە بۆچوونی ئێمە مەسەلەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتەی لەسەرەوە ناوم نا “کوێری و بنبەستی گوتاری” کە وادەکات ئەم ڕووداوە گرینگانە نەیێنە ناو بازنەی ناسین و خوێندنەوە. لە درێژەدا ئەمە زیاتر پرۆبلماتیزە دەکەین. بەڵام سەرەتا هەندێک لەسەر گرینگایەتی ئەو خەڵاتە دەرۆین،لایەنە جیاوازەکانی گرینگایەتی ئەو ڕووداوە لێک دەدەینەوە، پاشان هەوڵ دەدرێت وەڵامی پرسیارەکە بە شێوەی کورت و پوخت شەنوکەو دەکرێت.

 

خەڵاتی یانەی زاخۆ بۆ گرینگە؟

لەم ڕۆژانەدا لە ئاکامی یەککەوتن و پێکگرێدرانی هێزە جۆراوجۆرەکان و بە تایبەت کەڵکوەرگرتن لە هێزی سازێنەری دیجیتالی([7] Digital potensia) و لە بەرهەمی کۆدەنگییەکی نەتەوەیی کوردیدا بۆ سازدانی “کۆمەڵگەیەکی وێناکراو[8]“، هاندەرانی یانەی زاخۆی کوردستان وەکوو باشترین هاندەرانی جیهان ناسێندران. ڕووداوێکی جیهانی کە ئیمەیجی نەتەوەی کوردی بردە ئاستێکی گەورەی نێونەتەوەیی. ئەم ڕووداوە تەنیا مەسەلەیەکی وەرزشی ڕووتووقت نییە، بەڵکوو بابەتێکی یەکجار گرینگی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و… چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لە ئاستی جیهانیدایە.  لە دەرئەنجامی ڕووداوێکی مرۆڤدۆستانەی کوردی، خاڵی دەسپێکی خەمڵێندرا، دواتر لە خاڵی گڕنان و گشتاندندا، بە کۆدەنگییەکی کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە، لە خەڵکی ئاسایی تا کەسایەتی هونەری و سیاسیی چوونە پاڵ ئەو دەنگدانەوەو پرسەکە لە کۆگای هێزەکان و یەکخستنی دەنگەکان چووە ئاقارێکی جیهانییەوە. ئینجا لە خاڵی دامەزراندن و براوەبوونیشدا هەمدیسان هێز و توانایەکی دیکەی بۆ پرسی نەتەوەیی وەگەر خست. وەک ئەوەی وەرزش و بە تایبەت فووتباڵی زاخۆ، بێتە نێو ژیانی ڕۆژانە و نەتەوەخوازی هەرڕۆژەی ( Banal nationalism)[9] بەشێکی زۆر لە جەماوەری کوردستان. کۆمەڵناسانی فەرهەنگی گرینگایەتی ئەم ئاستە وردانەی ئامادەیی و کاریگەریی وەرزش لە ڕۆژەڤی خەڵکدا دەسەلمێنن. بە تایبەت بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستەی بێدەوڵەت وەک کورد کە ئاپاراتووسەکانی باندەست مەیلی خەڵک بۆلای خۆیان ڕاکێش دەکەن، ئەم ڕووداوە دەتوانێت ئیختلال لەو ڕەوتەدا درووس بکات و زەینەکان و مەیلەکان بەرەو ئاراستەی بووژانەوەی کوردییدا ڕابکێشێت. ڕوانینی خەڵک و ڕۆشنبیرانیش بۆ هەندێک لە دەسکەوتە گرینگەکانی نیمچە دەسەڵاتی کوردی لە باشوور بە هەمووی ئەو ڕەخنانەی لەسەریانە ولە جێگەی خۆیەتی، ڕابکێشێت. ئینجا یانەی زاخۆ لە ڕێگەی دوو ملوێن و حەوسەد دەنگەوە، دەتوانێت ناوی بچێتە ناو ڕیکوردەکانی کتێبی گینەسەوە و ئەمەش لە خۆیدا دەسکەوتێکی مێژووییە، چونکە ئەستەمە هیچ یانە و تیمێکی دیکە بتوانێت ئەو ژمارە دەنگە بۆ خۆی تەرخان بکات و ئەو ریکۆردە بشکێنێت، ڕیکۆردێک کە ئیرادەیەکی میللی کوردستانی بەدیهێنا لە گینەسدا تۆمار دەکرێت و تا ماوەیەکی زۆر مومکینە ئەو ریکوردە بە کەس نەشکێت. دوای ئەو خەڵاتە سەرنجی دەزگای ڕاگەیاندنی پیشەیی و دووربینەکانی وەرزش و سیاسەتی جیهان بۆلای ئەو شارە و بە گشتی بۆ لای کوردستان زیاتر ڕاکێش دەکرێت. ئەمانە خۆی لە ململانێی هێزەکان و بەرەکاندا و لە مەیدانی جەنگی دەسەڵاتدا، هێزی لایەنی کوردستانی زیاتر دەکات. ڕوویەکی دیکەی باسەکە، ڕووی دەروونناسانەی مەسەلەکەیە. ئەم ڕووداوە بڕوا و بتمانەبەخۆییش دەبەخشێتە خەڵکی کورد کە لەو ئارکیتایپە دەروونییە[10] کە وەک مۆتەکەی جەوهەرێکی دێرین ببووە ترۆمایەک لەسەر مێشکیان، ڕزگارییان بکات کە دەگوتراوە: کورد هیچ کات ناتوان ئیتفاق و کۆدەنگیی و پێکەوە وەستانیان هەبێت. ئەم ڕووداوە گرینگە هەمووی ئەم مەسەلانە دەباتە قۆناغێکی دیکەوە، سەرتر لە جاران. ئەمانە بەلایەک، لایەکتر پاراستی دەسکەوتەکانی ئەو ڕووداوە لە بەدیهێنانی ڕووداوەکە، گەر گرینگتر نەبێت کەمتر نییە. لێرەوە خودی هەوڵ بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان بەردەوام کۆدەنگیی و کۆگرییەکە وەبیر دێنێتەوە و لە دژی فەرامۆشی کە خەسارە بۆ ژێردەستان دەیوەستێنێت. کەوایە ڕووداوێکی وەها گرینگ کە نەتەوەی وەک کۆمەڵگەی وێناکراوی کوردی لە زاخۆ هەتا عەفرین، هەتا سنە و کرماشان و هەتا دیاربەکر و هەولێر پێکەوە گرێداو سنوورەکانی بەزاند و وێنای نەتەوەسازیی، کە لەتلەتکراوی نێو سنوورەکان قەبووڵ ناکات، هەمدیسانەوە وەگەڕ خست. لەم بارەوە لانیکەم خەڵکی کورد وەک یەک دیمۆس خۆیان دەبیننەوە کە نە مومکینە و نە باشیشە کە ببنە دیمۆسی ناو دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان. ئەم ڕووداوە ئەو خاڵەشی وەبیرهێناوە کە دیمۆس لە نێو دیمۆکراسیدا کێیە؟ و چ شتێک و چ کەسێک سنوورەکانی دیاری دەکات[11]؟  هۆکارەکانی گرینگایەتی ئەو رووداوە زۆرتر باس هەڵدەگرێت و ئەرکی جەماوەری کوردستان و ئەم دوو نیمچە دەسەڵاتە کوردییەش بۆ قۆستنەوەی زیاتری ئەو ڕووداوە بە سوودی دەنگی کورد لە جیهاندا، خۆی لە خۆیدا جیگەی گفتگۆیەکی تێروتەسەلە بەڵام لێرەدا کورتی دەبڕێنەوە و دەپرسین بۆچی نەزمی مەعریفی زاڵ لە فەزای ڕۆشنبیری کوردیدا بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕووداوەی نەبینیی و کاری جیدی لەسەر نەکرد؟!

 

نەزمی مەعریفەتی باندەست و نەبینراوکردنی ڕووداوە کوردستانییەکان     

ڕووداوێکی گرینگ و بەرچاوی جیهانی لەو چەشنە کە هەڵگری دەیان وتاری جیددییە، لە ئاستی نووسینی تیۆریک و چەمکاندنی ئاکادمیک، کارێکی ئەوتۆی لەسەر نەکرا و وەپشت گوێ خرا. لەم بارەوە زۆربەی قەڵەمبەدەستانی کورد بە تایەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوڕێکی بەرچاویان تەنانەت لە ئاستی کۆمێنتێکی چووکەدا لێنەدایەوە. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم ڕووداوە لایان “نەبینراو و نامەرئی[12]“بوو؟

بەپێی ئەو شرۆڤانەی سەرەوە، بەبۆچوونی خاوەنی ئەم قەڵەمە، مەسەلەکە دەبێت لە بازنەی  نەزمی زانست و ئەو دیسکۆرسەدا لێک بدرێتەوە کە نوخبە و ڕۆشنبیری کورد تێیدا دەسووڕێتەوە. نەزمەکە جۆرێک چێ کراوە و زانستەکە جۆرێک جومگەبەندی بووە، کە ئەو ڕووداوانەی ئارایشی هێزەکانی مەوجوود تێک دەدەن، نابینرێن و وەلا دەنرێن، تووڕ دەدرێنە دەرەوە و خامۆش دەکرێن. لەو چوارچێوەیەدا ڕووداوەکە تەنیا ئەوە نییە کە ڕوودەدات، بەڵکوو ئەو شتە ڕووداوە کە توانای ئەوەی هەبێت بچێتە ناو گوتارەوە. ڕووداوێک تەنیا کاتێک دەبێتە “ڕووداو” کە لەناو ڕژێمێکی حەقێقەتدا، ناوی لێبنرێت و هەڵگری گێڕانەوە بێت و ببەسترێتەوە بە مانا زاڵەکانەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​زۆرێک لە ڕووداوەکان پێش لەوەی ئینکار بکرێن، هەر ناگەنە ئاستانەی بینراو بوون. ئەوانە نە سەرکوت دەکرێن و نە ئینکار دەکرێن؛ ئەوان لە بێدەنگی پێکهاتەییدا کە لێکەوتەی کارکەردی ئاسایی دیسکۆرسە دەتوێنەوە و  جاری وایە هەر  ناگەنە ئاستی شهوود، چ بگات بە ئاستی ڕاڤە و لێکۆڵینەوە.

دەکرێت سەرکەوتن و وەرگرتنی خەڵاتی یانەی زاخۆ لەم ئاستەدا بە وردی تێگەیشتنی بۆ بکرێت. ئەم ڕووداوە، لە ئاستێکی ئەزموونیدا، سەرکەوتنێکی وەرزشییە؛ بەڵام لە ئاستی گوتاریدا، هەڵگری واتایەکی سەروووەرزشییە: مانای بابەتی نەتەوەیی کوردستانییە، ئەگەری پێکهێنانی “ئێمە”ی بەکۆمەڵە و بەرهەمهێنانی شادی و شانازی لە جوگرافیایەکدا کە عادەتەن لە نەزمی مەعریفی باودا، کە زۆربەی خوێندەوارانی کوردیش لەو بازنەدا دەجووڵنەوە، وەک پەراوێز دەبینرێت یان بە تەواوی لە مەیدانی مانای نەزمی باودا وەدەر دەنرێت. لە بۆچوونیکی ترەوە مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئەم ڕووداوە بچووکە یان گەورەیە؛ مەسەلە ئەوەیە کە گوتاری باڵادەستی ڕۆشنبیری کوردی، ئامرازی پێویستی بۆ مەرئیسازی و بینراوکردنی ئەم ڕووداوە لە ئیختیاریدا نییە. خاڵی گرینگ لێرەدا هەڵوێستی ڕۆشنبیرانی کوردە. ڕۆشنبیری کورد، وەک بابەتێک کە لە چوارچێوەی نەزمی ئیپیستمۆلۆژی زاڵدا سازکراوە، زۆرجار هەمان ڕێساکانی بینین پەیرەو دەکات کە پێشتر دۆزی کوردیان وەک بابەتێکی لێکدابەڕاو، لە ئاستی دەستەواژەگەلێ وەکوو شارۆمەندی دەرجە چەندی ئێرانی یان تورکی یان… دابەزاندووە بە مەسەلەی ناوخۆی ئەو وڵاتانە. ئارشیڤی ئەم نەزمە جۆرێک جومگەبەندی دەکرێت کە ڕووداوی بانئاسایی و نانۆرماڵی یەکگرتوویی نەتەوەیی لەو خەڵاتەدا، ناتوانیت بێتە ناو بایگانی ئەو سیستمە هزرییە و وەلا دەنرێت. لە ئەنجامدا چاوپۆشیکردن لە ڕووداوێکی وەک سەرکەوتنی زاخۆ لە دوژمنایەتییەکی هۆشیارانەوە نییە، بەڵکو بەرهەمی ئینترنالیزەکردنی گوتاری باڵادەستە؛ گوتارێک کە لە ڕووی موختەسات و تایبەتمەندییەکانی ئەو ئەپیستیمەوە “گرنگی”، “هەواڵ” ” بابەتی کوردستانی”، “مەسەلەی نەتەوەیی” و “ڕووداو” پێناسە دەکات، هەر بۆیە بابەتی ئەم خەڵاتە جیهانییە، نەک هەر ئەوەی بۆی بیرهەڵنەگرە( Unthinkable) بەڵکوو لە بنەڕەتەوە هەر نایەتە ناو لێنزی گوتاری بینینیەوە.

لەم ڕوانگەیەوە دەبێ بێدەنگیی ڕۆشنبیرانی کورد سەبارەت بە خەڵاتی جیهانی زاخۆ وەک فۆرمێک لە بەرهەمهێنانەوەی ڕژێمی حەقیقەت سەیر بکرێت. هەر لەو چرکەساتەدا کە دەیانتوانی ئەم ڕووداوە بە ناولێنان و ناوهێنان و نووسین و بەستنەوەی بە مەسەلەی نەتەوەیی کوردەوە دیار بکەن، بێدەنگییان لێهێنا کە ئەم بێدەنگییەش خۆی بەشێکە لە میکانیزمی دەسەڵات/مەعریفە. ئەم بێدەنگییە نەک لە نەبوونی وتاردا، بەڵکو کارکەردی وتاری  باڵادەست لە قاڵبی نەوتندایە؛ نەوتن و بێدەنگیی هەر ئەوندەی وتن و دەنگدارکردن سیاسییە .

بەڵام هەر ئەو نەزمە زاڵە مەعریفییە، وادەکات ئەگەر بۆ نموونە کلووبێک یا ئەنجوومەنێکی بیست سی کەسی فارس یان تورک یان… کۆ ببنەوە بۆ باسی دیمۆکراسی لە ئێران یان تورکیا یان…ئەوە نوخبە و ڕۆشنبیری کوردە هەر خێرا بۆی بەرجەستە و زەق دەبێتەوە و بۆلای پەلکێش دەکرێت و باشترین وتار و لێدوان لەسەری دەدات. مەسەلە ئەوەیە نەزمی زانستێک کە ئەوانی تێدا دەسووڕێنەوە وەها خەمڵێندراوە و چفت و بەست کراوە کە ڕووداوە گەورە کوردییە جیهانییەکان وەک نموونەی ئەم خەڵاتە دەخاتە دەرەوەو نەبینراوی دەکات. نەزمی زانستی کۆنترۆڵکراوی باندەست( لێرەدا دیمۆکراسیخوازی لە نێو ئەو وڵاتاندەدا)، بەشێوەیەکی تەواوکۆ، هێز و توانای فەلسەفی-مەعریفیی بەشێک زۆر لە نوخبەی کوردی لە درێژایی چەندین ساڵدا لووش داوە و وایکردووە لە بنەڕەتەوە ناتوانن بیر لە “ژئوفەلسەفەیەکی[13]” ( تەعبیری ژیل دلۆزە) تر بکەنەوە و نیزامی مەعریفەیەکی دیکە بسازێنن، لە کاتێکدا دەشزانن ئیمکانی دیمۆکراتیزەکردنی سەردەستان نزیک لە سیفرە. نووقمبوون و ئیستحالەی ئەندێشە لە کۆمەڵگە یان شاری هەنووکەیی کۆنترۆڵکراو، مەعریفەیەکی دەستەمۆ و گێرۆدەی جوگرافیای باو بەرهەم دێنێت کە بە خەستی تێکەڵاوە بە “ناسیۆنالیزمی میتۆدۆلیژیک[14]” چونک کۆمەڵگە و جڤاک و جوگرافیای زاڵ، لای ئەو جێگەی بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفە و فەلسەفەیە. واتە مەیدانی کایەکە ئەوانیتری سەردەست دیاری دەکەن و بابەتەکانی دەورووژێنن و خوێندەواری کورد دەستەویەخەیە لەگەڵ بەرپەرچدانەوە و نەرێکردنی ئەو کایەی ئەوان ڕێکی دەخەن. مەیدانی کایەکەیش ڕێک هاوتا و هاوتەریبە لەگەڵ سنوورەکانی ناسیۆنالیزمی زاڵ. ئەونەیشی کە دەگەڕێتەوە بۆ ناو خۆی کوردستان، زێدەتر ئەو باسانەی پێکدادانی ناوخۆیی و حیزبی و دەستەجاتییە لایان بۆڵد دەبێتەوە، نەک بابەتێکی کوردستانتەوەر. هەربۆیە ئەو خەڵاتە جیهانییە کە پێشکەشی ئەو ڕووداوە بانئاساییە نەتەوەییە کراوە و زۆربەی کوردان بە بیر و باوەڕی جیاوازەوە تێیدان بەشدار بوون، ئیختلال وناکۆکییەکی گەورەیە بۆ دیسکۆرسی باو، بۆ دەسەڵات/مەعریفەی زاڵ. سووژەی ئایدیالی دیسکۆرسی باو، مرۆڤی کورد بە دیموسی کۆمەڵگەی باندەست دەژمێڕێت، هەر بۆیە ئەو سووژەیەی ئەو ڕووداوە کوردستانییە-جیهانییەی بەدیهێنا لای ئەوان سووژەیەکی نۆرمال نییە و دەچێتە دەرەوەی سەربوردەی دیمۆسی ناو مێشکی ئەوانە. لێرەوەیە کە دەتوانین بڵێین هەلومەرجی ئیمکانی ڕەچاوکردن و ڕەسەدی ئەو ڕووداوە، بەو تایبەتمەندیانەوە، لە نێو ئەو ئەپیستیمە مەعریفییە بەدی نایەت و بیری لێناکرێتەوە، گڵۆپە سەوزەکانی نابینرێت و بە گشتی ناتوانرێت لە نێو فۆرماسیۆنی ئەو نەزمەدا بخەمڵێندرێت.

ژئۆفەلسەفەیەکی تر و ڕووداوە کوردستانییەکان

بەم پێیە پرسی سەرەکی ئەم وتارە، یانەی زاخۆ تەنیا وەک تیمێکی وەرزشی تۆپی پێ نییە، بەڵکوو ئیمکان یان ئیمتناعی پرسی کوردە لەناو ئەو گوتارەی کە زۆربەی ڕۆشنبیران و خوێندەوارانی کورد هەناسەی تێیدا هەڵدەکێشن. پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە: تا چ ڕادەیەک ڕۆشنبیری کورد دەتوانێت خۆی لەو ئیپیستیمەی کە سووژەسازیی لەو دەکات و قایل بە نەزمی باوە و لە فرەیەک لە حاڵەتەکاندا سەردەکێشێت بۆ ئیسڵاحتەڵەبی لە نێو بازنەی دەسەڵاتی ئەواندا، دوور بکەوێتەوە و ڕووداوەکە نەک تەنیا لە “چاوی نەزمی زاڵەوە”ەوە نەبینێت و ناوی لێ نەنێت، بەڵکوو لە ناو ئاسۆیەکی کوردستانییەوە، ناودار و پێناسە و شرۆڤەی بکات؟

بۆ دیتن و مەرئیسازی ئەو رووداوە، پێویستمان بە فەلسەفەیەکی ترە کە لەم جوگرافییەیە دەربچێت. پێویستمان بە نەزمێکی تر و سیستەمێکی زانستی دیکەیە کە بە تەعبیری ژیل دلۆز “نا”فەلسەفەیەکی”تر بپەروەرێنێت کە گرێدان و ئیتسال و پەیوەندارێتی بە هیزگەڵی ترەوەیە، لە دەرەوەی ئەم مەیدانە، بۆ سازدانی زەمینێکی نوێ و خەڵکێکی نوێ. فەلسەیەکی تر کە “مێزی موزاکەرەی ریچارد ڕوورتی” بشێوێنێت و نێوان سووژەییی  inter subjectivity))ی هابەرماس بباتە مەیدانێکی تر و ئیجماع و کۆدەنگی لە مەیدانێکی دیکەدا ساز بکات کە ئەو ڕووداوە سەرچەشنی مەیلە بۆ مەیدانێکی دیکە و بانگەوازێکە بۆ ئاسۆیەکی دیکە[15].

لەم ڕووەوە بە خوێندنەوەی ئێمە: کوردستانئەندێشی دەتوانێت ئەو ژئۆفەلسەفەی تر بێت کە مەیدانی کایەکە دەگۆرێت و بوونی هەڵپەسێردراویی کوردی دێنێتە گۆ و هێزگەلی ژێردەستە بۆلای ئەندێشەیەکی تر و بۆلای ساحەتێکی تر و بۆلای جەماوەرێکی تر دەجمێنێت. ئایدیای کوردستانئەندێشی هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانە خێرا و رادیکاڵانەی کە بە تایەبەت ڕۆژهەڵاتی ناڤینی گرتۆتەوەو کارتێکەریشی  لەسەر دۆخی هزری-مەعریفی کوردستان داناوە، پێگەیشتووە. واتە لە ئاکامی ئەو گۆڕانکارییانەدا قەڵەمبازێکی مەعریفی جیدی لە ساحەی ئەندێشەی کوردیدا ڕوویداوە. لەم ڕووە ئێمە کوردستانئەندێشیمان وەک چەترێکی چەمکی یان وەک پارادایمێک داهێناوە کە بە هۆی گرینگی بابەتەکەوەو بە هۆی تازەباوبوونیەوە، ڕاوەساتان و وەردوشەندانێکی جیدی دەوێت. کوردستانئەندێشی ئایدیایەکە کە دەیهەوێت بوونی هەڵپەسێردراوی کورد و کوردستان (داکۆکی لەسەر گرنگی پرسی فەزا و قەڵەمڕەو لێرەدا جێگەی سەرنجە) بخاتە ڕوو و لایەنە شاراوەو بێدەنگەکانی لە هەژموونی سیستەمی دەسەڵات-مەعریفەی باڵادەست ڕزگار بکات و پێکهاتەکەی بشکێنێت و سەرلەنوێ پێکهاتەسازی بکات. کوردستانئەندێشی واتە بیرکردنەوە لە کوردستان و بۆ کوردستان و ڕامان لە بوونناسیی تایبەت و تاقانەی[16]کوردستانە لە پەیوەند بە بابەتی جیهانی و یونیڤرساڵدا. کوردستانئەندێشی دەخوازێت بوونناسیی تایبەتی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی و … کوردستان بەتەواوەتی و بە وردەڕیشاڵ شەنوکەو بکرێت و موختەساتی هێزەکانی چرکەساتی هەنووکە وێنا بکرێت . لە توانای کوردستانئەندێشیدایە کە گرینگایەتی خەڵاتی زاخۆ و هەموو ڕووداوەکانی هاوچەشنی ئەو وەک دەنگی کپکراوی نەتەوەیەک کە ئارەزوویەکی هەیە لە دەرەوەی نەزمی باو مەرئیسازی  و بەرجەستەسازی بکات[17].

شایانی ئاماژەیە کە لە داهاتوودا زیاتر لەسەر کوردستانئەندێشی دەنووسین و ئەو ئیمکانە هزریانەی لەم چرکەساتە مێژووییەدا بۆ پرۆبلماتیزە کردنی کێشەی کورد دەیخاتەڕوو، پتر شەنوکەی دەکەین.

 

پەراوێزەکان

[1] . خوێنەر دەتوانێت بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕوانێتە:

Foucault, The Archaeology of Knowledge. 1972: 126-131

[2] . بۆ خوێندنەوەی زیاتر و ئاسانتر لەسەر دەستەواژەی ( Panobticon) لای میشل فۆکۆ خوێنەر دەتوانێت ئەم ئادرەسە ببینێت:

https://www.moyak.com/papers/michel-foucault-power.html

[3] . Foucault,1977: Discipline and Punish: The Birth of the Prison, pp: 195-201

[4] . Discourse blindness and disclosure

[5] .Distribution of sensible

[6] .Ranciere, the Politics of Aesthetics. 2004: pp12-13

[7] . بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ ئەم چەمکەدا بڕوانە ئەم وتارە لەم ئادرەسەدا:

https://journals.sagepub.com/doi/10.1177/01914537241308108

[8] . Imagined Community

[9] .بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر نەتەوەخوازی هەرڕۆژە، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کتێبی: ناسیۆنالیزم و بێدەوڵەتی، بە وەرگێرانی خاوەنی ئەم وتارە، وتاری ناسیۆنالیزمی هەرڕۆژەیی: ل 181تا 185.

[10] . Psychological archetype

[11] . بۆ ڕەخنە لە ئایدیای دیمۆکراسیخوازی لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکان، بڕواننە وتاری حیسام خاکپوور و توورەج محەمەدی لەم ئادرەسەدا:

ئایدیای دیموکراسیخوازی مرۆڤی کورد لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکاندا، لە ئاوێنەی ڕەخنە و بۆچووندا.

https://sekokurd.org/?p=7340

[12] . invisible

[13] .geophilosophy

[14] . بۆ ئاگاداری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕواننە:

https://onlinelibrary.wiley.com/doi/10.1111/1471-0374.00043

[15] .بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە و چەمکی ژئۆفەلسەفە، بڕواننە کتێبی ” فلسفە چیست؟” ژیل دلوز و فلیکس گتاری،1393، بەتایبەت لاپەڕەی119 بەولاوە.

[16] . Singular Ontology

[17] . هەندێک لە لایەنەکانی ئایدیای “کوردستانئەندێشی” مان لە وتاری ” سوبژکتیویتەی کوردی و دموکراسی خواهی در سایه عقل سیاسی ایرانی: یک واکاوی انتقادی” باس کردووە. https://govarikomar.org/?p=843&preview=true  ( خاکپوور، محمدی،2025: 64-70)

دکمه بازگشت به بالا