
حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات؛چۆنیەتی پێکهێنانی هاوسەنگی دێمۆکراتیک
داگرتنی فایلی PDF
پێشەکی
هەروەک چۆن جەنگ و شۆڕشە مەزنەکانی سەدەی بیستەم گۆڕانکاریی گەورەیان دروست کرد و وێڕای وێرانکردنی ژیانی مرۆڤ و وڵاتان، نۆرم و دامەزراوە و ئەندیشەی نوێیان بهرههم هێنا؛[1] ئێستاش لە چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، شاهیدی شەڕ و گرژیگەلێکین کە بێگومان لە داڕشتنەوەی داهاتووی جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕۆڵێکی بەرچاویان دەبێت.
دەرەنجامەکانی ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣؛ وەرچەرخانێکی جیۆپۆلیتیکییە کە هەندێک کەس لە گەڵ ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ بەراوردی دەکەن. دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە ناوچەکەدا دەست پێ کردووە کە تا ئێستاش بەردەوامە. بڕیاری ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک جەنگ لە ناوچەکەدا، چەندین لێکەوتەی جیاوازی هەبووە : هەوڵدان بۆ لەناوبردنی حەماس، چەککردنی حیزبوڵڵا لە لوبنان و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا؛ ئێستاش، ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی ئێران وەک ئامانجی سەرەکی دەستنیشان کراوە؛ بەرنامەیەک کە لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە وەک هەڕەشەیەکی وجوودی بۆ سەر وڵاتەکەی پێناسه دەکرێت[2]. جگە لەمە، کێبڕکێی ستراتیژیی ئەمریکا لەگەڵ چین بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی لە ئاستی جیهانی، بەشێکی لە ڕێگەی سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئابووری و ناوچەییی چینەوە جێبەجێ دەکرێت. کە ئەم ئامانجانە لە پرسی ئێراندا، لەگەڵ ئامانجەکانی ئیسرائیل یەکانگیر بوونەتەوە و ئێستا بەرەو لاوازکردن و ڕەنگە لە داهاتووشدا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران بچن.[3]
دیارە هەوڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ لاوازکردن یان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، لە پاڵ زەربەی جییدی لە پێکهاتە نیزامی و سیاسیەکانی ڕژێم، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی خەڵکیش هەبووە و لەم ناوەشدا هاووڵاتییانی مەدەنییش بوونەتە قوربانی؛ هەروەها پەرچەکردارەکانی کۆماری ئیسلامیش، تێچووی شەڕی بۆ خەڵکی مەدەنی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا قورستر کردووە؛ بەڵام هاوکات گوشارەکان بۆ سەر ئێران دەتوانن رەوتی لاوازبوون و داڕمانی کۆماری ئیسلامی خێراتر بکەن. ئەم دۆخە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەڕەخسێنێت تا لە کاتی گونجاودا بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی سوود لەو بۆشاییە وەربگرن و لە ئامانجە ستراتیژییەکەی خۆیان، واتە دەستەبەرکردنی “مافی دیاریکردنی چارەنووس”، نزیک ببەنەوە.
بێگومان تەنها لاوازبوون یان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، گەرەنتیی وەدیهاتنی داخوازییەکانی کورد ناکات؛ مەگەر ئەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانییەوە لە حیزب و ڕێکخراوەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی سەربەخۆ بە وردی پێداچوونەوە بە خاڵە لاوازەکانیدا بکات تا بتوانێت وەک نەتەوەیەک، عاملییەتی خۆی لە گۆڕانکارییەکاندا بسەلمێنێت. چون سەرەڕای هەبوونی دەرفەتەکانیش،گرینگترین فاکتەر لە دیارییکردنی چارەنووسی کورددا بزووتنەوەی کوردستانە. لەم نێوەدا، حیزبە سیاسییەکان پێگەیەکی دووفاقیان هەیە؛ لە لایەکەوە خۆیان قوربانیی ئەو پەراوێزخستن و بێدەسەڵاتییەن کە بەسەر نەتەوەیەکی داگیرکراودا سەپێنراوە، لە لایەکی دیکەشەوە بەشێکن لە هۆکارەکانی لاوازیی بزووتنەوەی کوردستان. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕەخنەیە، هێشتا حیزبەکان فاکتەرێکی گرینگن بۆ چارەسەری؛ چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لە نێوان پێگەی حیزب و بزووتنەوەکەدا هەیە: بەهێزبوونی ئەوان گەشانەوەی بزووتنەوەی نەتەوەییە و هەر جۆرە لاوازییەکیشیان، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی پاشەکشەی ئەم بزووتنەوەیە.
لەم پێناوەدا، چەندین هەنگاوی جۆراوجۆر دەتوانن ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن: بەهێزکردنی هاوپەیمانی لە نێوان حیزبەکاندا، کردنەوەی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی، پڕچەککردن و بەهێزکردنی پێشمەرگە و گەریلا بۆ بەرگریی ڕەوا و دروستکردنی پەیوەندییەکی ئۆرگانیک و زیندوو لە نێوان حیزبەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕێگەی چالاکانی مەدەنی و دامەزراوە ناحیزبییەکانەوە. ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی بزووتنەوەی کوردستان لە ڕۆژهەڵات، چ لە بەرانبەر دەوڵەتی ناوەندیی ئێران و چ لە بەرانبەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی دژەکورد.
بێگومان، لە هەموو ئەو بوارانەی ئاماژەم پێ داوە پێویستمان بە هەڵسەنگاندنی تواناییی هێزەکان، لەبەرچاوگرتنی خاڵە لاوازەکان و داڕشتنی ستراتیژییەک هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانج. بەڵام من لەم وتارەدا، سەرنجی خۆم تەنیا دەخەمە سەر پەیوەندیی نێوان حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگەی مەدەنی. بۆ ئەم مهبهسته، سەرەتا دۆخی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگەی مەدەنی لێک دەدەمەوە و لە درێژەدا بە سوودوەرگرتن لە سێ بیرۆکەی ڕێکخەر (ئیدەی تەنزیمی)، نیشانی دەدەم کە چۆن دەکرێت هاوسەنگییەکی دیمۆکراتیک لە نێوان ئەم دوو بەشە، بە مەبەستی بە هێزکردنی عاملییەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد پێک بێت. پێویستە ئەمەش زیاد بکەم کە کەڵکەڵەی سەرەکی ئەم وتارە هەوڵ بۆ ڕوونکردنەوەی یەکێک لەو ڕێکارانەیە کە دەتوانێ ببێتە هۆی بەهێز بوونی بزووتنەوەی کوردستان وەک بزووتنەوەی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت نەک بابەتی دێمۆکراتیزەکردنی ئێران و بەستنەوەی پرسی کوردستان بە باسی دێموکراسی و مافەکانی هاووڵاتیبوون لە ئاستی ئێراندا.
ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەیاننامەی هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەفتەکانی ڕابردوودا، شەپۆلێک لە کاردانەوەی ئەرێنیی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان و هەروەها لە نێوان لایەنگرانی بزووتنەوەی کورد لە ئێراندا لێ کەوتووەتەوە. ئەم کاردانەوانە، خۆی یەکێکە لە نیشانەکانی گرنگیی ئەم هاوپەیمانییە؛ هاوپەیمانییەک کە بەپێی ڕاگەیاندنی ئەندامانی بەشداربوو، دەرئەنجامی نزیکەی هەشت مانگ گفتوگۆی بەردەوام بووە لە چوارچێوەی «ناوەندی دیالۆگی حیزبەکان»دا.
هەرچەندە گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و لێکەوتەکانی دوای جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پێویستیی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەتییەیان دوو هێندە کردووە، بەڵام پێش ئەم قۆناغە بە درێژایی دوو دەیەی ڕابردوو پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی لەم شێوەیە، بەردەوام لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستانەوە لە حیزبە سیاسییەکان داوا کراوە. جگە لەمەش، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢١دا، چەند حیزبێک بەشداری پلەتفۆرمێک بە ناوی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» بوون، و ئەزموونێکی تری هاوکاری و هەماهەنگییان پێکەوە تاقی کردووەتەوە.
جگە لەوەی ئەم هاوپەیمانییەتییە لە بنەڕەتدا وەک بەرەوپێشچوونێک لە پەیوەندییەکانی نێوان حیزبەکاندا هەژمار دەکرێت و دەتوانێ ببێتە زەمینەساز بۆ بەهێزکردنی متمانەی سیاسی لە ناو کۆمەڵگهدا و چەسپاندنی جۆرێک لە فەرهەنگی سیاسیی پێشکەوتنخواز کە لەسەر بنەمای هاوکاری بونیاد نراوە؛ بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ بابەتی ئەم وتارەدا، جەختکردنەوە لەسەر دوو بڕگەی ڕاگەیەندراوەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەو بڕگانەی کە تێیاندا دیدگای ئەم هاوپەیمانییەتییە بەرانبەر بە کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات ڕەنگی داوەتەوە.
لە نێو ئەم ڕاگەیەندراوەدا، لە دوو قۆناغی سەرەکیدا، واتە قۆناغی “ڕزگاریی کوردستان” (خاڵی ٦)[4] و قۆناغی “بەڕێوەبردنی کاتیی ناوچە کوردنشینەکان” (خاڵی ١٢)[5] جەخت لەسەر ڕۆڵی گرینگی کۆمەڵگەی مەدەنی کراوەتەوە. ئەم ئاماژە ڕاشکاوە ئەوە دەردەخات کە حیزبە کوردییەکان هەم کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات وەک بەشێکی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی کورد بە فەرمی دەناسن، و هەم ئاگاداری توانا و کارایییەکانی ئەم کۆمەڵگایەن لە هەردوو قۆناغەکەدا؛ چ لە پرۆسەی وەدەرنانی هێزە داگیرکەرەکان و چ لە ڕێکخستن و ئێدارەکردنی کاتیی ناوچە ئازادکراوەکاندا. بەڵام، تەنیا ئاماژەکردن بەم پێگەیە بەس نیە؛ بەڵکوو پێویستە پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستاندا بە شێوەیەکی جیددیتر بخوێنرێتەوە تاوەکوو ئیمکانی چەمکسازیی بۆ بڕەخسێت. لەسەر ئەم بنەمایە، لە درێژەدا سەرەتا بە کورتی دۆخی هەر کام لەم دوو لایەنە ڕوون دەکەمەوە و پاشان بە پشتبەستن بەو گریمانەیەی کە بوون و کارکردی هەردووکیان بۆ سیاسەتکردن لە کوردستاندا پێویستە، چۆنیەتیی پێکهێنانی هاوسەنگییەکی دیمۆکراتیک لە نێوانیاندا دەخەمە بەر باس.
حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات، دیالکتیکی پایداری سازمانی و قەیرانی کارایی
بەپێی پێناسە باوەکان، حیزبی سیاسی پێک هاتووە لە کۆمەڵێک کەس کە خاوەن ڕوانگەی تا ڕادەیەک هاوشێوەن و هەوڵ دەدەن لە کۆمەڵگەیەکدا (لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا) دەسەڵات بەدەست بهێنن، تاوەکوو پەرە بەو نەزمە کۆمەڵایەتییە بدەن کە خۆیان پێیان باشە. هەروەها حیزب وەک ڕێکخراوێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی، لانیکەم چوار کارکردی سەرەکیی هەیە: بەیانی بەرژەوەندییەکان و شێوەپێدان بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک، نوێنەرایەتیکردن، پێگەیاندنی سیاسیی خەڵک و ململانێ و کێبڕکێی سیاسی[6].
لەم سۆنگەیەوە، دەکرێ حیزبی سیاسی وەک ڕێکخراوێک پێناسە بکرێت کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نوێنەرایەتیکردنی بەشێک لە خەڵک و بە ڕێکخستن و فۆرمۆڵەکردنی داواکارییەکانیان، بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیاریکراودا هەنگاو بنێت یان کاریگەریی لەسەر بڕیارەکان دابنێت. دیارە ئەم جۆرە پێناسەکردنە زیاتر لەگەڵ مۆدێلی حیزبایەتی لە ناو سیستەمە باوە پەرلەمانی و لیبڕاڵەکاندا دەگونجێت و بۆ خوێندنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت تایبەتمەندییەکانی چالاکیی حیزبی و سیاسی لە دۆخی ئێران و کوردستان لەبەرچاو بگیرێت. لە درێژەی ئەم باسەدا، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی ئایدۆلۆژی و بەرنامەی حیزبەکان، بە مەبەستی نیشاندانی زەروورەتی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و دیموکراتیک لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی، تیشک دەخەمە سەر هەندێک لە تایبەتمەندییەکانیان لە دۆخی کوردستان و ئێراندا.
بۆ تێگەیشتن لە دۆخی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، سەرنجدان بە تایبەتمەندییە ناوازەکانیان زەروورییە. ئەم حیزبانە لە ناو چوارچێوەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، وەک ڕێکخراوگەلێکی نایاسایی پێناسە دەکرێن و لە هەر جۆرە دەرفەتێکی بەشداریی فەرمی لە کایەی سیاسیی ناو ئێراندا بێبەشن. بە واتایەکی تر، ئەم حیزبانە لەو مافانە کە حیزب لە سیستەمە پەرلەمانی و لیبڕاڵەکاندا هەیەتی، بێبەش کراون؛ لەوانە مافی بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان و هەبوونی چالاکیی ئاشکرا و یاسایی لە کایەی گشتیدا. ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ئەندامان و لایەنگرانیان، سەرەڕای چالاکی لە چوارچێوە ڕێکخراوەییە نهێنییەکاندا، لە هەندێک حاڵەتدا بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەی سیاسیی خۆیان، لە ڕێگەی کۆمەڵ و دامەزراوە مەدەنییە نادەوڵەتییەکانەوە لە بەستێنی کۆمەڵگەی مەدەنی دا چالاکی بکەن. لەم سۆنگەیەوە، ناکرێت سنوورێکی تۆخ لە نێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی بکێشرێت؛ لە ئەنجامدا، لە نێوان ئەم دوو پانتایە جۆرێک لە تێهەڵکێشبوون دروست بووە کە دینامیزمی هەر کامێکیان، کاریگەریی لەسەر ئەوی تریش هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئاستی شیکاریدا، ناچارین ئەم دوو دیاردەیە واتە کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزب، لە ڕووی چەمکییەوە لێک جیا بکەینەوە.
حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ناوخۆی ئێراندا ڕووبەڕووی سەرکوت و کۆتوبەندی توند بوونەتەوە، لە پەنای سنوورە دەستکردەکاندا و لە ناوچە شاخاوییەکان و هەندێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، خاوەنی بنکە، بارەگا و پێکهاتەی سیاسی-سەربازین و توانیویانە سەرەڕای زیاتر لە سێ دەیە چالاکی لە تاراوگە و گوشارە بەرفراوانەکان، درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن. بەم چەشنە، لە کاتێکدا تەشکیلاتە ناوخۆییەکانی ئەم حیزبانە ناچار بە چالاکیی نهێنین و لە ئەگەری ناسینەوەیاندا ڕووبەڕووی ڕێکاری ئەمنیی قورس دەبنەوە، ڕێکخستنەکانیان لەو دیو سنوورەکانەوە دەتوانن پەنا بە چالاکانی سیاسی بدەن، ڕێکیان بخەن و مەشق و ڕاهێنان بە هێزە سەربازییەکانیان(پێشمەرگە/گەرێلا) بکەن. هەر ئەم تایبەتمەندییە، وەک یەکێک لە ڕەهەندە جیاکەرەوە دیارەکانی ئەم حیزبانە لە چاو ڕێکخراو و ڕەوتە سیاسییەکانی تری ئێران دادەنرێت.
بابەتێکی تر ئەوەیە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەگەرچی خۆیان بە هێزگەلێکی پێشەنگ دەزانن، بەڵام بە کردەوە بۆ وەدیهێنانی تەواوەتیی ئەم ئیدعایە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆرن. بۆیە ئەم ڕەوتانە زیاتر لەوەی وەک هێزی پێشەنگ گۆڕانکاری لە گۆڕەپانی سیاسیدا وەدی بهێنن، زۆرتر بوونەتە «قەڵای بەرگری»؛ بە واتایەکی تر کارکردی سەرەکییان پاراستنی مانەوەی تەشکیلاتی و بەرهەمهێنانەوەیرەی خەباتکارانەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە بواری پایەداری و بەردەوامیی ڕێکخراوەیی و نفووزی کۆمەڵایەتییەوە، دیاردەگەلێکی جێی سەرنجن. تەمەنی هەندێک لەم حیزبانە پتر لە نیو سەدەیە، تا ڕادەیەکی زۆر تەنانەت لە قۆناخە دژوارەکانی خەباتیاندا لە بواری ئەندامگیری و پەروەردەکردنی کادیری سیاسی سەرکەوتوو بوون، هەروەها بوونیان وەک زەرفێک بۆ کەڵەکە کردن و گواستنەوەی یادەوەریی سیاسی و بەردەوام بوونی خەبات گرینگ بوە. ئەمانە هەمووی تاییدی ئەم ئیدعایە دەکات کە هیشتا لە کۆمەڵگادا خاوەن مەشروعییەتن.
سەرەڕای ئەمە، لەو وەرچەرخانە هەستیارانەی کە ڕاپەڕینە ناڕەزایەتییەکان سەرهەڵدەدەن، ئەم ڕەوتانە لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگا، میدیاکان و تەنانەت هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و نێودەوڵەتییەکانەوە، وەک نوێنەرانی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان وەردەگیرێن. وڵامدانەوەی بەشێکی بەرچاوی خەڵک بۆ بانگەوازە ناڕەزایەتییەکانیان، وەک داوای مانگرتنی گشتی[7] ئیدعای ئەوانی لە بابەت نوێنەرایەتیکردنی سیاسی جێگیر و بەهێزتر کردووە. هەروەها، بەرزڕاگرتنی یادی ئەو ئەندامانەی حیزبەکان کە لە پێناو ئامانجە نەتەوەییەکاندا گیانیان بەخت کردووە و لە یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلی کورددا وەک «شەهید» ناویان دەبرێت، بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی سەرمایەیەکی سیمبۆلیی گەورە بۆ ئەم حیزبانە.
گشت ئەم دەستکەوتانە لە بارودۆخێکدا بەدەست هاتوون کە ئەم حیزبانە دەرفەتی بەشداریی ئاشکرایان لە مەیدانی سیاسیی ئێراندا نەبووە. لە نیو سەدەی ڕابردوودا، تەنیا لە قۆناغێکی کورتی دوای شۆڕشی ١٩٧٩، دەرفەتی چالاکیی تا ڕادەیەک ئازادیان بۆ ڕەخساوە؛ بەڵام دوابەدوای ئەوە، بوونی سیاسیی ئەم ڕەوتانە هەمیشە لە ژێر گوشارە ئەمنییەکان، تیرۆر، هێرشی سەربازی، لەسێدارەدان و بەندکردنی ئەندامان و لایەنگرانیان بووە؛ ئەم گوشار و هێرشانە تەنانەت لە تاراوگەشدا بەردەوام بووە.
ئەگەرچی هەر ئەو جۆرەی باسم کرد ڕاستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، سەرەڕای کێشە ناوخۆیییەکانیان وەک ئینشعابەکان و چەقبەستووییی پێکهاتەی دەسەڵات پەرستنی کەسایەتی/ ڕێبەر(کیش شخصیت)، پیاوسالاربوون، چڕبوونەوەی درێژخایەنی سەرکردایەتی لە دەستی کەسانی دیاریکراودا بەڵام خاوەنی سەقامگیریی ڕێکخراوەیی لە ئاستێکی بەرزدان. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەڵسەنگاندنی کارایی هێزێکی سیاسیدا، سەقامگیری تاکە پێوەر نیە؛ چونکە ڕێکخراوێکی سیاسیی کارا دەبێت هاوکات لەگەڵ بەردەوامییدا، خاوەنی سیفەتی سوودمەندییش بێت.
بە واتایەکیتر، یەکێک لە کارکردەکانی هەر حیزبێک، توانایی ئەو حیزبەیە لە وەدیهێنانی داواکارییەکانی کۆمەڵگا و بەشداری لە بڕیاردان بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی ژیانی هاووڵاتییانە. بەڵام حیزبە کوردییەکان بەهۆی کۆتوبەندە پێکهاتەیی و پەڕاوێزخرانیان لە کایەی سیاسەتی فەرمی، لە ئیمکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بێبەشن و وەلا نراون. ئەم چەقبەستووییە پێکهاتەییە بووەتە هۆی دروستبوونی درزێکی قووڵ لە نێوان داخوازییەکانی خەڵک و توانایی جێبەجێکردنی لە لایەن حیزب کە لە ئاکامدا بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی نوێنەرایەتی؛ بە جۆرێک کە لە ئاسۆی کورتخایەن و میانخایەندا، ئەم حیزبانە زیاتر لەوەی کەرەستەی وەدیهێنانی قازانجی کۆمەڵایەتی بن، هەندێک جار وەک هێزگەلێک کە هەزینەیشیان بۆ خەڵک هەبووە (لە بەر سەرکوتی ئەندامەکانیان لە لایەن دەوڵەت) لە فەزای گشتیدا وێنا کراون. ئەگەرچی لە چوارچێوەی مەنتیقێکی شۆڕشگێڕانەدا، دانی تێچووی قورس لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبێکی شۆڕشگێڕ بۆ بەردەوامی و سەرکەوتن لە خەباتدا وەک ئەمرێکی ناچاری و پێویست دادەنرێت، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەم بارودۆخە لە درێژخایەندا لەگەڵ ئاستی تەحەمولی خەڵکدا ناگونجێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە حیزبە سیاسییەکان بە سوودوەرگرتنی ژیرانە لە ئەگەری وەرچەرخانە مێژووییەکانی داهاتوو، ستراتیژەکانی خۆیان لە ئاراستەی وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات و دابینکردنی دەسکەوتە بەرجەستەکاندا پێناسە بکەنەوە.
لە بارودۆخی ئێستادا، کەلێنی نێوان کارکردی حیزبەکان و ژین-جیهانی جەماوەر، بووەتە ئاڵنگارییەکی جیددی. جگە لەمە، ئەگەرچی ئەم حیزبانە ڕەنگە لە گواستنەوەی هەندێک لە دەرفەتەکاندا بە قازانجی خەباتی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنابێت، بەڵام لە خوڵقاندنی دەرفەتی نوێ و داهێنانی شێوازە نوێیەکانی خەبات، ڕووبەڕووی کێشەی جیددی بوونەتەوە. لەم سۆنگەیەوە، بەردەوامیی ڕۆڵگێڕانی سیاسی و جێگیرکردنی نوێنەرایەتیی حیزبە کوردییەکان لە داهاتوودا، بە توانای ئەوان بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە (بازاندیشی انتقادی) سەبارەت بە پێگە و کارکردەکانیان بەستراوەتەوە. ئەمەش پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە گۆڕانکارییه پێکهاتەییەکانی کۆمەڵگهی ڕۆژهەڵات و دوورکەوتنەوە لە تێڕوانینی شەرعییەتی مێژوویی هەیە تا وەک دیاردەیەکی نەگۆڕ نەبینرێن و تووشی ئەو وەهمە نەبن کە درێژەدان بە خەبات بە شێوەی ئێستا، دەتوانێ سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
لە وەها دۆخێکدا، کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت وەک فەزایەکی دینامیک بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان حیزب و بەدەنەی کۆمەڵگه ڕۆڵ بگێڕێت؛ ئەم کارکردە نێوەندگیرییە، هەم لە بواری خەبات بۆ تێپەڕین لە دۆخی ئێستا و هەم لە قۆناغی جێگیرکردن و چەسپاندنی نەزمێکی سیاسیی دیموکراتیک لە کوردستاندا (چ لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێت یان شێوازەکانی تری وەک فیدراڵیزم)، گرنگییەکی زۆری دەبێت.
کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات؛ چالاک بەڵام بەرتەسک
ئەگەرچی لە سەدەی بیستەم حیزبی سیاسی وەک منداڵی دیموکراسی ئەژمار دەکرا بەڵام ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە و حیزبە سیاسییەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەدروستی جێبەجێ بکن. بۆیە ئێستا بۆ برەودان بە ئەنگارە دیموکراتییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی وەک سەرچاوەی دیموکراسی دەبینرێت.
وەک چۆن مایکل ئێدواردز[8] ئاماژەی پێ کردووە، کۆمەڵگەی مەدەنی یەکێک لە پڕبایەخترین و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزترین و سەرلێشێوێنەرترین چەمکەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکانه؛ بەڵام لە پێناسەیەکی گشتیدا، دەکرێ وەک کۆی ئەو فەزا گشتییانە سەیر بکرێت کە لە نێوان دەوڵەت و بازاڕدا هەڵکەوتوون. بە دەربڕینێکی تر، کۆمەڵگەی مەدەنی مەودایەکی بەرفراوان لە دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دەگرێتەوە، لەوانە کۆمەڵە کولتوورییەکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGOs)، میدیا سەربەخۆکان و سەندیکا پیشەییەکان کە لە دەرەوەی پێکهاتەی فەرمیی دەسەڵات و مەنتیقی قازانجخوازیی بازاڕدا چالاکی دەکەن.
بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبە سیاسییەکان بە گشتی لە ئاستی جیهاندا و هۆکاری ئەولەوییەت پەیداکردنی یەکەمیان بەسەر دووەمیاندا، دەکرێت ئاماژە بە چەند خاڵی سەرەکی بکرێت: یەکەم ئەوەی لە زۆرێک لە سیستەمە دیموکراسییە پەرلەمانییەکاندا، بەشێکی بەرچاوی هاووڵاتییان، بەرانبەر بە پۆتانسیەلی گۆڕانکاری لە ڕێگەی کەناڵە حیزبییەکانەوە، تووشی جۆرێک لە بێهیوایی بوونەتەوە. دابەزینی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی نەتەوەیی لە زۆرێک لە وڵاتاندا، نیشاندەری کەمبوونەوەی شەرعییەتی حیزب و ناڕەزایەتییە لە مۆدێلە تەقلیدییەکانی نوێنەرایەتیی سیاسی. لە لایەکی ترەوە، لە ئەزموونی مێژوویی سیستەمە تەک-حیزبییەکاندا کە تا سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی بیستەم پانتایییەکی بەرفراوانیان هەبوو، حیزب لە ڕێگەی قۆرخکردنی جومگەکانی دەسەڵاتەوە، زۆربەی کات گۆڕاوە بۆ ئامرازی سەرەکیی بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتەی ستەمکارانە و گەندەڵیی سیستماتیک.
لە بەرانبەر ئەم مۆدێلەدا، ئەزموونی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا نیشانی دا کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت وەک هێزی بزوێنەری سەرەکی لە ڕەوتی تێپەڕین لە تۆتالیتاریزمەوە بەرەو پلۆرالیزم ڕۆڵ بگێڕێت. لە ڕاستیدا، لەم کۆمەڵگهیانەدا، کۆمەڵگەی مەدەنی بە خوڵقاندنی بەستێنی گشتیی سەربەخۆ، شەرعییەتی قۆرخکراوی حیزبی دەسەڵاتداری خستە بەردەم ئاڵنگاری و زەمینەساز بوو بۆ جێگیرکردنی سیستەمە فرەحیزبییەکان.
سەرەڕای ئەم ڕاستییە نکۆڵی لێنەکراوانە، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە دەگمەنەکانی دۆخی کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، نابێ بکەوینە ناو تەڵەی گەشبینییەکی لەڕادەبەدەر بەرانبەر بە کۆمەڵگەی مەدەنی. بەڵکوو پێویستە هاوکات لەگەڵ سەرنجدان بە توانا و دەرفەتەکانی، سنوورداربوونی مەودای کۆمەڵگەی مەدەنیش، بەتایبەت لە بوارە جیاجیا کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، لەبەر چاو بگرین. بۆ وێنە، کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێ لە گۆڕینی هەندێک ڕەفتار و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا، خوڵقاندنی فەرهەنگێکی پێشکەوتنخواز و بەهێزکردنی ڕەوشتی کۆمەڵایەتیدا دەورێکی گرنگ بگێڕێت؛ بەڵام هیچ کام لەم کارکردانە ناکرێ وەک هاوتای نوێنەرایەتیی سیاسی یان جێگرەوەیەک بۆ ڕێگەچارە سیاسییەکان ئەژمار بکرێن، چونکە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، زۆربەی کات جەخت لەسەر چەند بابەتێکی دیاریکراو و سنووردار دەکەنەوە، بۆ وێنە سەندیکا کرێکارییەکان کە لە زۆرێک لە وڵاتاندا وەک گرینگترین دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەناسرێن، تەرکیزی سەرەکییان لەسەر پرسە پیشەییەکانە. هەر بەو شێوەیەش ڕێکخراوە ژینگەییەکان و ئەو گرووپانەی نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییە تایبەتە کۆمەڵایەتی یان سیاسییەکان دەکەن، یان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە تەنیا لە بوارەکەی خۆیاندا دەجووڵێنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، حیزب ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگای بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کە پرسێکی گشتیە گرتووەتە ئەستۆ و نوێنەرایەتیی سیاسیی خەڵک دەکات.
ئەگەرچی لە دۆخی سەرکوتکاریدا (بۆ نموونە ئێران) دەوڵەتەکان زۆربەی کات هەوڵ دەدەن ئەم دامەزراوە و کۆمەڵانە بگۆڕن بۆ فەزاگەلێکی نمایشی و کۆنترۆڵکراو لە خزمەتی خۆیاندا، بەڵام لە کوردستاندا، هەرچەندە کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستێکی سنووردارە و کەم و کۆڕیی بەرچاوی هەیە، بەڵام گوتاری باڵادەست لەم فەزاگەلەدا گوتاری بەرگری بەرانبەر بە دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیە. نیشانەکانی ئەم بەرگرییە دەکرێت لە چالاکییەکان و گوتارە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخراوە ژینگەییەکان، کۆڕ و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکان و گرووپە چالاکەکان لە بواری پرسی ژناندا بەدی بکرێت.
بۆ تێگەیشن لە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی گوتاری بەرگری لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتدا، پێویستە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی چوار دەیەی ڕابردوو بکرێت. لە ساڵی ١٩٨١ی هەتاوی بەدواوە، حکوومەتی ناوەندیی ئێران بە پشتبەستن بە هێزە چەکدارەکانی، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی لە شارەکانی کوردستان دەرکرد و چالاکیی گرووپە جەماوەرییە خۆڕسکەکانی قەدەغە کرد. ئەم دۆخە بووە هۆی دروستبوونی ماوەی زیاتر لە یەک دەیە خەباتی چەکداری لە نێوان حیزبە کوردییەکان و حکوومەتی ناوەندیدا.
لەو ساڵانەدا و هەتا ئێستاش، پرسی کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی وەک بابەتێکی ئەمنی تەماشا کراوە و لە لایەن حکوومەتەوە وەک یەکێک لە گرنگترین هەڕەشە ناوخۆیییەکان دژی یەکپارچەیی ئێران ناسێنراوە. تەنانەت لە سەردەمی ئاوەدانکردنەوەی دوای جەنگی ئێران و عێراقیشدا، سیاسەتی دەوڵەتی هاشمی ڕەفسەنجانی بەرانبەر بە کوردستان، سەرەڕای گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکان لە ئاستی ماکرۆدا، هەر لە چوارچێوەی دیدگای ئەمنیدا مایەوە[9]؛ بە چەشنێک کە تا دەیەی ١٩٩٠، بە گوێرەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، پتر لە ٢٠٠ هەزار هێزی سەربازی یانی نزیکەی ٢٥ لەسەدی تێکڕای هێزە چەکدارەکانی ئێران بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە سەرجەم ناوچە کوردنشینەکاندا جێگیر کرابوون[10].
دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی ناسراو بە «ئاوەدانکردنەوە» (سازندگی) و بە هەڵبژاردنی خاتەمی بۆ سەرۆک کۆماری ئێران، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی دەستی پێ کرد؛ قۆناغێک کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێراندا بە «سەردەمی چاکسازی» دەناسرێت. لە جۆزەردانی ١٩٩٧دا، دەوڵەتێکی چاکسازیخواز بە دروشمگەلێکی وەک «ئێران بۆ هەموو ئێرانییەکان»، «گەشەپێدانی سیاسی»، دەسەڵاتی گرتە دەست. وەدیهاتنی زۆرێک لە بەڵێنەکانی دەوڵەتی چاکسازی تا ڕادەیەکی زۆر بەند بوو بە بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە؛ کارێک کە لە چوارچێوەی ستراتیژیی «چەنە لێدان لە سەرەوە و گوشار لە خوارەوە»دا پەیڕەو دەکرا.
ڕێفۆرمخوازان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان، پێویستییان بە جۆرێک لە کۆمەڵگەی مەدەنیی کۆنترۆڵکراو هەبوو تا لەم ڕێگەیەوە بتوانن گوشار بخەنە سەر دامەزراوە سەرەکییەکانی دەسەڵات. ڕێکخراوە ناحکومییەکان و NGOەکان لەو دامەزراوانە بوون کە دەیانتوانی پرسی بەشداریی مەدەنی لە بوارە جیاجیا کۆمەڵایەتی، کولتووری و ژینگەیییەکاندا ڕێک بخەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خاتەمیدا، شاهیدی پەرەسەندنێکی بەرچاوی ئەم جۆرە دامەزراوانە بووین.
کۆمەڵگەی مەدەنیی نوێی ڕۆژهەڵات، کە ئەزموونی شوراکان و بنکەکانی لە سەر و بەندی شۆڕشی ١٩٧٩ و ئەنجومەنە کولتووری و ئەدەبیەکانی دوای قۆناخی شەڕی لە پشت بوو، زەمینەی سوودوەرگرتن لەم فەزایە نوێیە بۆ شوێنگرتنی داواکارییە نەتەوەیییەکانی ڕەخساند، هەڵبەت ئەم جارە بە شێوەیەکی سەرەکی لە قاڵبی ڕێکخراوە ناحکوومییەکاندا و گۆڕا بۆ مەیدانێک بۆ پێناسەکردنەوەی گوتاری بەرگریی کوردی و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گوتاری ناوەندگەرایانەی دەسەڵات. بۆ کوردەکان، کە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و سەرکوتکردنی خوێناویی بزووتنەوەی کوردستان، دەرفەتی ئامادەییان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا لەناو چوو، ئەم بارودۆخە بە جۆرێک وەک دەرفەتێکی سیاسی ئەژمار دەکرا.
ڕیفۆرمخوازان کە بەشێک بوون لە حکوومەت، هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەسەڵاتی دەوڵەت پەرە پێبدەن و سوژەکانی خۆیان ساز بکەن؛ کارێک کە بە مانای دروستکردنی هەژموونی واتە ئاوێتەیەک لە زەبروزەنگ و ڕەزامەندی (بەپێی تێڕوانینی گرامشی)، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە بنەڕەتدا نەگۆڕ نییە و عاملیەت و بیر و ڕای بەشداربووانی لە داڕشتنیدا کاریگەرە، ئەم فەزایە هەمیشە توانای وەرچەرخان و گۆڕانی تێدایە و هەندێک جار ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بکەوێتە ژێر کاریگەریی گرووپێک یان چینە ژێردەستەکان.[11] لەگەڵ ئەوەشدا، لە شوێنێکی وەک کوردستاندا، کە بارودۆخە سیاسی و کولتوورییە تایبەتەکانی دەرفەتی بەرگری لە بەرانبەری ناوەنددا (ناوەندگریزی) ڕەخساندووە و هەڵگری نەریتی خەبات و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بووە، کۆمەڵگەی مەدەنییەکەی بوو بە فەزایەک بۆ بەرگری بەرانبەر بە گوتاری ناوەندگرا، ئەم دۆخە فەزایەکی بۆ بووژانەوەی داواکارییەکانی بزووتنەوەی کورد ڕەخساند.
گۆڕانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وەک بەرفراوانبوونی چینی مامناوەند، زیاد بوونی ڕێژەی شارنشینی و خۆیندەوارانی زانکۆ و لەم دواییانەدا دەستڕاگەیشتنی جەماوەری خەڵک بە ئەنتەرنێت و بە کارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی بیروڕای جیاواز، ئێعتراز و هەر وەها پەرەپێدانی پێوندیی نێوان چالاکانی کۆمەڵایەتی، بووە هۆی پەرەسەندنی چالاکییەکان لە بوارە کولتوورییەکان، ئەنجومەنەکانی فێرکردنی زمانی کوردی، ڕێکخراوەکانی ژنان و ژینگەپارێزی و هتد. جگە لەوەش، دامەزراندنی هەرێمی فیدراڵی کوردستان لە باشوور لە ساڵی ٢٠٠٥، کاریگەرییەکی قووڵی کردە سەر ژیانی فەرهەنگی، سیاسی و تەنانەت ئابووریی خەڵکی ڕۆژهەڵات و بووە هۆی دەرفەت بۆ زۆرێک لە نووسەران کە بەرهەمەکانیان بە زمانی کوردی بڵاو بکەنەوە؛ هەروەها هەل بۆ هونەرمەندان و ڕۆشنبیران هەڵکەوتووە تا لە باشوری کوردستان لە کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی و کولتوووری بەشداری بکەن و بەرهەمەکانیان پێشکەش بکەن. هاوکات خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگهش لە ڕێگەی بەرنامەکانی کەناڵە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی وشیاری نەتەوەییان بە نیسبەت پێشتر زیاد بکات. لە ساڵی ٢٠١٢ سەرهەڵدانی ڕۆژئاوای کوردستان توانی گڕوتینێکی نوێ بداتە کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات تا لەم ڕێگەیەوە وشیاریی نەتەوەیی لە ڕێگەی تێگەیشتنی زۆرتر لە هاوچارەنووسی لە تەک پارچەکانی تری کوردستان، گەشە بسێنێت. بەشداریی بەهێزی چالاکانی مەدەنی لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی زیندوو بوون و کاریگەریی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و گوتاری ڕۆژهەڵات بوو.
سەرەڕای کاریگەریی حیزبەکان لە سەر مەیدانی گوتاریی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات و لە لایەکی تریشەوە گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، بەڵام ئەم ئەنجومەنانە لە ڕووی ڕێکخستنەوە بە سەربەخۆیی کار دەکەن؛ هەروەها لە ڕووی دارایییەوە پشت بە هاوکاریی خەڵک و ئەندامەکانی خۆیان دەبەستن و هەر ئەمە ناسنامەیەکی سەربەخۆی بۆ ئەم دامەزراوانە خوڵقاندووە، بە جۆرێک کە و هاوکات کە لە بەرانبەر گوشار و زەختی ناوەندە ئەمنیەکانی دەوڵەتدا بەرگری لە خۆیان دەکەن و نابن بە بازووی حیزبە سیاسییەکانیش.
چالاکوانانی مەدەنی، بەهۆی پەیوەندیی نزیک لەگەڵ کۆمەڵگه و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بەشداری لە چالاکییە بەکۆمەڵەکاندا لە بارودۆخە قەیراناوییەکانی وەک بوومەلەرزەکەی سەرپێڵی زەهاو ساڵی ٢٠١٧، یارمەتیی خەڵک لە سەروبەندی پەتای کرۆنا و بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستانەکاندا توانیویانە متمانەی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگا بەدەست بهێنن. هەر بۆیە، چاوەڕوان دەکرێت تەنانەت لە ئەگەری گۆڕانە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکانیشدا وەک ڕزگاریی کوردستان لە دەست دەوڵەتی ناوەندی، بەشێک لەم دامەزراوە و چالاکوانانە خوازیاری پاراستنی پێکهاتە مەدەنی و دامەزراوەکانی خۆیان بن و تەنانەت لەو کاتەیشدا سەربەخۆییان لە حیزبەکان بپارێزن.
کۆی ئەم گۆڕانکارییانە نیشانی دەدەن کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە سێ دەیەی ڕابردوودا، لە کاتێکدا حیزبە کوردییەکان لە تاراوگەدا بوون، بە شێوەی ڕێژەیی گەشەی بە خۆیەوە بینیووە و بەشێک لە مەیدانی گشتیی ناحیزبی و نادەوڵەتیی پێک هێناوە. هەروەها ئەم دۆخە لەگەڵ گەشەکردنی گوتاری کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئاستی جیهانیدا هاوتەریبە؛ ئەو گوتارەی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک فاکتەرێکی گرنگ لە چەسپاندن و جێگیرکردنی دیموکراسی و بەرزکردنەوەی ئاستی عاملییەتی هاووڵاتییان دەناسێنێت.
لە ئەنجامدا، کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرچەندە لە ئاستێکی گشتیدا پانتاییەکی زۆری نییە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو زیندوو و کاریگەر و چالاکە. ئەم تین و تەوژمە لە ئامادەییی چالاکوانانی مەدەنییەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە ناسینێکی ورد لە تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان، پەیوەندییەکی ئۆرگانیک و نزیکیان لەگەڵ خەڵکدا پێک هێناوە. چالاکییەکانی ئەوان لە بوارەکانی کولتووری، ژینگەیی، یەکسانیی ڕەگەزی و جێندەری، فێرکاریی زمانی کوردی و ڕۆشنبیریدا، نیشاندەری توانای کۆمەڵگەی مەدەنی یە بۆ داڕشتنی کولتووری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی شوناسی بەکۆمەڵ.[12]
مەرجەکانی پێکهاتنی هاوسەنگیی دیموکراتیک لە نێوان حیزب و کۆمەڵگهی مەدەنی
حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی ئێستادا، هەردووکیان بە پلەی جیاواز لەژێر دۆخی سەرکوتی توندوتیژانەی کۆماری ئیسلامیدان؛ لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا خاوەنی توانا و پوتانسیەلی بەرچاون. بەڵام گرینگ ئەوەیە بزانین ئەگەر بە شوێن بەهێزکردنی عاملییەتی سیاسیی کۆمەڵگادا بین، هیچکام لەم دووانە نابێت ببنە جێگرەوەی ئەوی دیکە. چونکوو یەکێک لە جیاوازییە گرنگەکانی نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە ئەم ڕێکخراوانە زۆربەی کات گوزارشت لە دیدگایەکی دیاریکراو و بەرتەسک دەکەن، لە کاتێکدا حیزبەکان دەبێت ڕەچاوی کۆمەڵێکی بەرفراوانتر لە داخوازی و ڕوانگە جیاوازەکان بکەن که لە سیاسەتەکانیاندا ڕەنگ بداتەوە تا بتوانن نوێنەرایەتیی بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگه بکەن.
هەروەک چۆن دەسەڵاتخوازی و داخراوو بوونی حیزبەکان دەبێتە هۆی نائومێدی و کەمبوونەوەی متمانەی سیاسیی خەڵک و دەرەنجامەکەی قووڵبوونەوەی دابڕانی نێوان حیزب و کۆمەڵگه و سەرهەڵدانی کێبڕکێی ناڕەوای لێ دەکەوێتەوە؛ لە بەرانبەریشدا، خۆسەرسامیی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران بەوەی کە تەنیا خۆیان سەرچاوەی حەقیقەت و دیموکراسین، بە هەمان ئەندازە مەترسیدارە. هەندێک نموونەی مێژوویی، وەک بەنگلادیش لە دەیەی ١٩٩٠دا، نیشانی دەدەن کە تەنانەت لەو بارودۆخانەشدا کە کۆمەڵگەی مەدەنی خاوەنی هێزێکی بەرچاوە، نەبوونی هەماهەنگی و کارلێکی کاریگەر لە نێوان حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی دا دەتوانێ ڕێگر بێت لەبەردەم وەدیهاتنی دەسکەوتی مانادار. هەروەها، لە سەرهەڵدانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبیدا، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەزموونی شۆڕشیان تێپەڕاند، بەهۆی نەبوونی حیزبی سیاسیی بەهێز بۆ وەئەستۆ گرتنی ڕۆڵی نوێنەرایەتیی سیاسی، گواستنەوە بەرەو دیموکراسی و بەدیهاتنی داخوازییەکانی خەڵک ڕووبەڕووی شکست بووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لەو بارودۆخانەدا کە حیزبێک یان کۆمەڵە حیزبێک، بەبێ ئامادەییی چالاکانە و بەشداریی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگهی مەدەنی، بە شوێن هێنانەدیی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگهدا بن، ئەم دۆخە دەکرێت ببێتە هۆی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی حیزبەکاندا و لە کۆتاییشدا، ببێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی ڕژێمێکی تۆتالیتەر. کەواتە، لە بارودۆخێکی وەهادا، پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکە جیاوازەکانی ئەم دوو مەیدانە و لەسەر بنەمای ستراتیژییەکی تۆکمە کە بتوانێت چالاکییەکانیان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و تەواوکەر ڕێک بخات، بگەینە جۆرێک لە هاوسەنگیی دیموکراتیک.
دەتوانین بڵێن لە نموونەی ڕۆژهەڵاتدا، خوڵقاندنی هاوسەنگییەکی دیموکراتیک لە نێوان ئەم دوو دیاردەیەدا، دەتوانێ بێتە هۆی بەهێزبوونی توانای کۆمەڵگای کوردستان لە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندیدا و هاوکات پرۆسەی دیموکراتیزەبوونی ناوخۆیی کوردستان(نەک ئێران) و گەشەپێدانی مەیدانەکانی خەباتیش خێراتر دەکات. بۆ نموونە، حیزبەکان دەتوانن بەرژەوەندییەکانی خەڵک بەیان و فۆرموولە بکەن، دایانبڕێژنەوە و ئاراستەیان بکەن، و گونجاو لەگەڵ بارودۆخەکەدا، یارمەتیدەر بن لە پێکهێنانی بەرژەوەندیی نوێدا. جگە لەوەش، دەتوانن داواکارییەکان کۆبکەنەوە و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی دیاریکراودا ڕێکیان بخەن و لە ئەگەری گەیشتن بە دەسەڵاتدا، بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنی بگرنە ئەستۆ و تا ئەو کاتەی لە پێگەی ئۆپۆزیسیۆندان، دەتوانن بە پشتبەستن بە بەرژەوەندیی نیشتمانیی، ناکۆکییەکانی نێوان حیزبەکان بۆ کەمترین ئاست دابەزێنن و لە لۆژیکی جیاکارییەوە (تفاوت) بەرەو لۆژیکی هاوتاسازی (هم ارزی) هەنگاو بنێن. بە واتایەکی تر بۆ دروستکردن و بەردەوامکردنی هاوپەیمانییەکانیان، هەر لایەنێک دەبێت بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ لایەنەکانی تر، جیاوازییەکانی کاڵ بکاتەوە تا لە ئاکامدا ئیمکانی سازکردنی جۆرێک لە گشتایەتی(کلیت) بڕەخسێت.
لە بەرامبەردا، کۆمەڵگهی مەدەنی دەبێت لەو بنەمایەوە دەست پێ بکات کە نە دەتوانێت و نە پێویستە ببێتە جێگرەوەی حیزب؛ بەڵکوو دەبێت لە ڕێگەی چاودێریی بەردەوام، گرتنەبەری ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی بەرانبەر بە گوتار و کردەوەی حیزبەکان و گوشارخستنە سەریان لە ڕێگەی ئامرازە بەردەستەکانی خۆیەوە، پەیوەندییەکی یەکسان و زیندوو لەگەڵیاندا پێک بهێنێت. بۆ نموونە، لە بارودۆخی ئێستادا کە حیزبەکانی کوردستان بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک هەنگاوێکی مێژوویی گرینگیان هەڵگرتوە، کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێت بە هەستیارییەوە بەرانبەر بە پرۆسەی جێگیرکردن، بەدامەزراوەکردن و بەردەوامیی ئەم هاوپەیمانییە کار بکات و داوا لە حیزبەکان بکات بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان، بابەتە سیاسییەکان و پرۆسەکانی بڕیاردانی خۆیان بە شێوەیەکی شەفاف لەگەڵ کۆمەڵگادا باس بکەن و سوود لە پێشنیار و ڕوانگەکانی ڕۆشنبیران و چالاکانی مەدەنی وەربگرن، چونکە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگیان هەبێت لە پێشکەشکردنی زانیاری و بەیانی تەرجیحاتی سیاسیی خەڵک لەو بوارانەی کە کاری تێدا دەکەن.
هەروەها خاڵێکی زۆر گرینگ ئەوەیە کە نابێت ئامانجی حیزبەکان گۆڕینی ڕێکخراوە مەدەنی و دامەزراوە ناحیزبییەکان بێت بۆ دامەزراوەی پاشکۆی خۆیان، یان لاوازکردنی سەربەخۆیییان؛ بەڵکوو پاراستن و بەهێزکردنی سەربەخۆییی ئەم دامەزراوانە، وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ دینامیزم و تەندروستیی مەیدانی سیاسی و مەدەنی دەبێت لە بەرچاو بگیرێت. کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ڕێگەی ئامادەییی چالاکانەی ئەندامانی لە نێو جەماوەردا، ئاشنایەتی بە تایبەتمەندییە ناوچەییەکان و هەبوونی تۆڕی پەیوەندی، دەتوانێت لە دۆخە هەستیارەکانی وەک نزیکبوونەوە لە هەرەسهێنانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆڵێکی بەرچاو لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی هاوپەیوەندیی جەماوەری و بەرزکردنەوەی هەستی بەرپرسیارێتی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا بگێڕێت. لە بەرانبەردا، حیزبەکانیش دەتوانن لە بارودۆخێکی وەهادا، چوارچێوە دامەزراوەیییە پێویستەکان لە ڕووی سیاسی-سەربازییەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دابین بکەن و زەمینەی گواستنەوە بەرەو نەزمێکی نوێ بڕەخسێنن. ئەزموونی وڵاتانی وەک شیلی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕەوتی گواستنەوە لە دیکتاتۆرییەتی پینۆشە، و هەروەها سربیا لە هەمان قۆناغدا، بە نموونەی تا ڕادەیەک سەرکەوتووی هاوکارلێکی (هم افزایی)، کارلێکی (تعامل) و تەواوکاریی(مکمل) نێوان حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگای مەدەنی هەژمار دەکرێن.
سێ ئایدیای ڕێکخەر وه کوو چوارچیوهیهک بۆ پێکهێنانی هاوسەنگی دیموکراتیک
بە پشتبەستن بەوەی تا ئێستا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگهی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات و پێویستیی چەسپاندنی هاوسەنگیی دیموکراتیک باسم کرد، دەتوانین جەخت لەسەر سێ ئایدیای ڕێکخەر بکەینەوە کە وەک چوارچێوەیەک دەرفەتی ئاراستەکردن و دروستکردنی هاوئاهەنگی لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵگەی مەدەنی و پێناسەکردنی دەوڵەتی ناوەندی/ داگیرکەر دەڕەخسێنن؛ بەم جۆرە شێوازی پەیوەندییە ناوخۆیییەکانی حیزبەکان لە فەزای کوردستاندا و کارلێکی نێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕوون دەبێتەوە. ئەم بیرۆکانە، هەڵگری ئیمکاناتێکی بەرچاوی تیۆریکن بۆ ڕێکخستنی کرداری سیاسی لە ئاستە جیاوازەکاندا.
یەکەم؛ تێڕوانین بۆ دەوڵەتی ناوەندی وەک هێزێکی داگیرکەر و لە پێگەی «ئەویتر» یان «دوژمنێک» کە دەبێت لە جوگرافیای کوردستان وەدەر بنرێت و پێویستە ململانێ تا ساتەوەختی کۆتاییهاتنی داگیرکاری بەردەوام بێت. ئەم پرەنسیپە دەتوانێت وەک بنەمایەک بۆ پێکهاتنی جۆرێک لە کۆدەنگی لە نێوان هێزە سیاسی و مەدەنییەکاندا کار بکات. ئەم تێگەیشتنە، دەرفەتی هاوگەرایی لەدەوری ئامانجێکی هاوبەش دەڕەخسێنێت و ڕێگری لە پەرتبوونی هێزەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەکات. لەم چوارچێوەیەدا، چڕبوونەوە لەسەر ململانێی سەرەکی لە گەڵ دەرەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هەماهەنگیی نیوان داواکاری و کردەکان لە ناوخۆدا، و ڕێگری لە بەفیڕۆدانی سەرچاوە و وزە لە ململانێ لاوەکییەکاندا بکات.
دووەم؛ تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان حیزبەکان لە چوارچێوەی «کێبڕکێ»دا لەبری دوژمنایەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی داهێنانی کردەی سیاسی نوێ و هاوکات بەهێزکردنی لێپرسراویەتی. کێبڕکێ لەم مانایەدا، نەک وەک نکوڵیکردن لە ئەویتر، بەڵکوو وەک سازوکارێک بۆ لێک جیاکردنەوەی بەرنامە، ستراتیژ و شێوازەکانی کردەی سیاسی سەیر دەکرێت. ڕوانگەیەکی وەها دەتوانێت هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی فرەییی سیاسی، ڕێگری لە گۆڕانی جیاوازییەکان بۆ کەلێنە تێکدەرەکان بکات و زەمینە بۆ هاوکارییە تاکتیکی یان ستراتیژییەکان لە کاتە پێویستەکاندا بڕەخسێنێت.
سێیەم؛ پێناسەکردنی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و حیزبەکان لە چوارچێوەی «هاوکاری» و «تەواوکەری»دا، جەخت لەسەر پێویستیی جۆرێک لە کارلێکی دیالێکتیکی نێوان ئەم دووانە دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵگای مەدەنی بە پاراستنی سەربەخۆییی خۆی، ڕۆڵی چاودێریکردن، پێشنیارکردن، ڕەخنەکردن و بزوێنەری دەگێڕێت؛ لە کاتێکدا حیزبەکان بەرپرسیارێتیی ڕێکخستنی سیاسی، نوێنەرایەتیکردنی داواکارییەکان و گۆڕینیان بۆ بەرنامەی سیاسی لە ئەستۆ دەگرن. پەیوەندییەکی وەها، ئەگەر لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە، شەفافییەت و دیالۆگی بەردەوام دابڕێژرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو لایەنە و لە ئەنجامدا، قووڵکردنەوەی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆن لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
بە گشتی، هاوگونجاندنی ئەم سێ ئایدیا ڕێکخەرە دەتوانێت یارمەتیدەری شێوەگرتنی جۆرێک لە عەقڵانییەتی ستراتیژیک بێت کە هاوتەریب لەگەڵ دانپێدانان بە جیاوازییەکان، جەخت لەسەر پێویستیی هاوگەرایی لە ئاستی کەلان و پاراستنی هاوسەنگیی نێوان هێزە جیاوازەکان دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، لە هەلومەرجی ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامی شەڕ، قەیرانی ئابووری، دابەزینی تواناییی سەربازی و بە گشتی سەرهەڵدانی قەیرانە پێکهاتەیییەکان، بەراورد لەگەڵ ڕابردوو لە پێگەیەکی لاوازتردایە، پێشبینی دەکرێت گۆڕانی بنەڕەتی لە ئێراندا لە داهاتووی نێزیک ڕوو بدات. بارودۆخێکی لەو شێوەیە دەتوانێت دەرفەتی عاملییەتی زیاتری کوردەکان بۆ دەستەبەرکردنی دۆخی دڵخواز بڕەخسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، وەدیهاتنی ئەم مەبەستە بەستراوەتەوە بەوەی بکەرانی نێو بزووتنەوەی کوردستان وەک حیزبەکان و کۆمەڵگای مەدەنی، بەر لە هەر شتێک، لە بەرانبەر «ئەویتر» یان دوژمنی هاوبەشدا بگەنە جۆرێک لە یەکگرتوویی و جیاوازییە ناوخۆیییەکانیان لە ڕێگەی عەقڵانییەتەوە مودیرییەت بکەن و لە کۆتاییدا بە تێگەیشتن لە ڕۆڵە جیاوازەکانیان بەتایبەت کارکردەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و حیزبە سیاسییەکان، بەرەو جۆرێک لە تەواوکەری و هاوکارلێکی هەنگاو بنێن.
پەراوێزەکان
[1] Hobsbawm, E. (1995). Age of Extremes: The Short Twentieth Century 1914-1991, London: Time Warner Books Uk.
[2] دیارە پڕۆژە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بۆ سەر ئیسرائیل مەترسی نین، بەڵکو هەرەشەیش بۆ سەر هەرێمی کوردستانیشن وەک دراوسێیەکی ئێران. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بە دەیان جار هێرش کراوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییانی مەدەنی و بارەگای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمدا.
[3]بڕوانە وتاری«بازطراحی خاورمیانه؛ از غزه تا ایران»، نووسینی فابریس بالانش. https://govarikomar.org/%d8%a8%d8%a7%d8%b2%d8%b7%d8%b1%d8%a7%d8%ad%db%8c-%d8%ae%d8%a7%d9%88%d8%b1%d9%85%db%8c%d8%a7%d9%86%d9%87%d8%9b-%d8%a7%d8%b2-%d8%ba%d8%b2%d9%87-%d8%aa%d8%a7-%d8%a7%db%8c%d8%b1%d8%a7%d9%86/
[4] لە خاڵی شەشی بەیانییەی هاوپەیمانیدا هاتوە: ” باوەڕمان بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو شکڵ و شێواز و ڕەهەندەکانی ڕەوای خەبات و هەروەها مافی بەرگریی ڕەوایە و هاندەر و پشتیوانی هاودەنگی و یەکگرتوویی نێوان خەباتکارانی مەدەنی، سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات دەبین. پێمان وایە پێوەندیی نیزیک و بەرهەمداری حیزبە سیاسیەکان لە گەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی مەدەنیی نێوخۆ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هەم بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەهێز دەکا و هەم دەرگای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخاتە سەر پشت.
[5] لە خاڵی ١٢ هاتوە: ناوەندی بەڕێوەبەریی هاوپەیمانیی کوردستان لە ئێدارەکردنی کاتیی ناوچە ئازادکراوەکاندا بەرپرسە و لە سەریەتی دەرفەت بۆ بەشداریی خەڵکی شارەزا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و هەروەها دامەزراوە گەلییەکان بڕەخسێنێ.
[6] Hofmeister, W., & Köppinger, P. (Eds.). (2022). Political Parties and Civil Society: The Need for Stronger Linkages to Defend and Promote Democracy. European Network of Political Foundations.
[7] حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا و بە مەبەستی جۆراوجۆر، چەندین جار داوای مانگرتنی گشتییان لە خەڵک کردووە؛ زۆربەی ئەو مانگرتنانەش بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوە چوون. ئاخرین نموونەی ئەم چالاکییە مەدەنییانە، مانگرتنی بەفرانباری ١٤٠٤ بوو کە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرکەوتنێکی کەموێنەوە بەڕێوە چوو.
[8] Edwards, M. (2011). Introduction. In M. Edwards (Ed.), The Oxford Handbook of Civil Society. Oxford University Press.
[9] Sharifi Dryaz, M. (2021). Minority, state and nation: Kurdish society in Iran in the aftermath of the revolution. In H. Bozarslan, C. Gunes, & V. Yadirgi (Eds.), The Cambridge History of the Kurds (pp. 407–435). Cambridge University Press. https://doi.org/10.1017/9781108623711.017
[10] HRW (Human Rights Watch) (1997). ‘Ethnic minorities. www.hrw.org/reports/1997/ir
an/Iran-06.htm#P421_90030.
[11] بوراوی، مایکل.(1397) جامعهشناسی مردممدار در کارزار عمل. ترجمهٔ بهرنگ صدیقی و روحالله گلمرادی. تهران: نشر نی.
[12] بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکاریانەی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و لێکۆڵینەوە لە هەمەچەشنیی چالاکییە ناوخۆییەکانی، بڕوانە بۆ:
Cabi, M. (2026). Kurdistan in the belly of modernization and revolution: A social history of Iranian Kurdistan in the twentieth century. Bloomsbury Academic. https://www.bloomsbury.com/in/iranian-kurdistan-under-the-islamic-republic-9780755654383