
کوردستان بۆ کورد و یەکسانی بۆ گەل
چوارچێوەیەکی تیۆری-چەمکی بۆ خوێندنەوەی پڕۆژەی "کاژیک" و ئەندێشەی جەمال نەبەز
پوختەی وتار
وتاری بەردەست لەجیاتیی پێشەکی بۆ وەرگێڕانی کوردیی کتێبی “المستضعفون الکورد و إخوانهم المسلمون” نووسراوە. کتێبەکە بیرمەندی کورد “جەمال نەبەز” بە زمانی عەرەبی و بە زانستێکی فرەڕەهەندەوە نووسیویەتی. ئەم وتارە هەوڵ دەدات بە ئاماژەیەکی تیۆریک بە ناوەرۆکی کتێبەکە، پڕۆژەی داهێنەرانە و کوردستانئەندێشانە بەڵام کەمتر ناسراو و مەهجووری نەبەز و هاوبیرانی”کاژیک” بە ناو “کوردستان بۆ کورد و یەکسانی بۆ گەل” بە چڕی شەنوکەو بکات. جومگەبەندی ئەو پرۆژە بۆ چارەسەری مەسەلەی ئیتنی-ناسیۆنالی کورد و هەروەها چارەسەری نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و یەکساندا، ڕاکێشەری تایبەتی هەیە و دەکرێت بە ڕوانینێکی ڕەخنەییی سەردەمیانەوە، لە جستوجۆ بۆ ئالتێرناتیڤە پێشکەوتووەکان ڕەچاو بکرێت.
دەروازەی باس
ئەم کتێبەی لەبەردەستی خوێنەردایە،”کوردانی چەوساوە و برا موسوڵمانەکانیان”، دەپەرژێتە سەر یەکێک لە جیددیترین و پڕباسوخواسترین باسەکان، واتە مەسەلەی کورد و دۆخی مرۆڤی کورد لە بازنەی ئیسلام و جیهانی موسوڵماناندا. جەمال نەبەز وەک ناوێکی بەرچاوی بواری “کوردستانئەندێشی”[1] و وەک نووسەرێکی خاوەن گوتاری تایبەت کە پتر لە شەست ساڵی تەمەنی بۆ مەسەلەی کورد تەرخان کردووە و ئاسەواری جۆراوجۆری لەپاش خۆی بەجێ هێشتووە، لەم کتێبەدا بە زمانێکی ڕەوانی وتاربێژیانە و بەشێوەی زانستی و بابەتیانە مەسەلەی دۆخی کورد و جیهانی ئیسلام لێک دەداتەوە. بەڵام بەهۆی گرینگیی لەڕادەبەدەری باسەکەوە، ڕوونکردنەوەیەکی تیۆریک و چەمکیانە و شرۆڤەیەکی کورت و پوختی چوارچێوەی ئەندێشەی نووسەر لەسەر مژاری کوردستان و کورد بەگشتی؛ و بەتایبەتی لەسەر بابەتی کتێبەکە بە پێویست زانرا. ئەم پێشەکییە بۆ ئەوەیە خوێنەر ئاسانتر و وردبینانەتر بچێتە نێو دڵی باسەکانەوە و تێگەیشتنی لەبابەت هێڵە فیکرییەکان ساناتر بێت و هاوکات لە خوێندنەوەی پێچوپەناکان و ئاڵۆزییەکان و هەوراز و نشێوەکانی باسەکەدا تووشی سادەسازیی داشکێنەرانە نەبێت. گەر لەم ڕێگایەشدا بە دەم خوێندنەوەی پێشەکییەکەوە؛ گوڵی پرسیار و ڕامانی زیاتریش لە مێشکیدا بپشکوێ، ئەوە خۆی لە خۆیدا بەهادارە، چونکە تەنیا خولقاندنی یەک پرسیاریش بە واتای گەیاندنی ئەمانەتەکەیە بەدەستی خوێنەر و ڕاپەڕاندنی ئەرک و ڕیسالەتە؛ بگرە بۆ بەرەکان و نەوەکانی داهاتووش. هەر بۆیە ئەم پێشەکییەم بە پێچەوانەی پێشەکیی کتێبی “سەبارەت بە کێشەی کورد[2]” تەنیا بە ناساندنێکی سادەی پرۆژەی فیکری جەمال نەبەز بەسەندە ناکات بەڵکوو دەیهەوێت بە جەخت لەسەر بابەتی ئەم کتێبە کۆی پڕۆژەی فیکری نەبەز و هاوبیرانی کاژیک شروڤە و تیۆریزە و جومگەبەندی بکات. پڕۆژەیەک کە دەتوانێت لە هەناویدا ئاڵتێرناتیڤێکی پێشکەوتووی ڕادیکاڵ بۆ دۆخی چەقبەستووی ئێستەی کوردستان بێتە دەرەوە.
کەوابوو ئێستا پرسیار ئەوەیە ئەم باسە پڕئاڵەنگارییە؛ واتە مەسەلەی کورد لەنێو جیهانی ئیسلامدا، لە چ چوارچێوەیەکی نەزەری و فیکریدا بخوێنرێتەوە کە زیاتر مژارەکە ڕوون بکاتەوە و باشتر تیشک بهاوێتە سەر لێکۆڵینەوەکەی نووسەر؟ پڕۆژەی فیکری نەبەز و هاوبیرانی کاژیک چۆن دەڕوانێتە ئەم باسانە و زیاد لەمانەیش، بە گشتی ئایدیای “کوردستان بۆ کورد و ئازادی و یەکسانی بۆ گەل” چۆن جومگەبەندی دەکات؟
ژینگەجیهانی کوردی و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاکان
شێوازی ڕووبەڕووبوونەی ژینگەجیهانی کوردی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکان و چیرۆکی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەو مەیدانانە لە ڕووبەڕووبوونەوە، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش، دوورودرێژ و پڕ وردەڕیشاڵە؛ و لە تاقەتی ئەم پێشەکییەدا ناگونجێت. بۆ نموونە پەیوەندی و نیسبەتی کورد و ئیسلام، چ لە پێش جیهانی مۆدێرن و چ لە پاش جیهانی مۆدێرن و ئەو فۆرماسیۆنە جۆراوجۆرانەی لە چرکەساتە جیاوازەکاندا بەخۆیەوە بینیویەتی و تیۆریزەکردن و چەمکاندنی ئەو چرکەساتانە خۆی لە قەبارەی کتێبێکی تێروتەسەلدا دێتەدی. لەبابەت ئایدیۆلۆژیاکانی دیکەشەوە وەک مارکسیزم و…؛ هەروەتر خۆی لە خۆیدا، توێژینەوەیەکی سەربەخۆ هەڵدەگرێت کە بە لێنزێکی ڕەچەڵەکناسانەوە پیشانی بدات؛ لە چرکەسات و شوێن-کاتە جیاوازەکان و بڕگە مێژوویییە جۆراوجۆرەکاندا؛ بۆ وێنە مارکسیزم لە مەیدانی ململانێی هێزەکانی ژینگەجیهانی کوردیدا چۆن کاری کردووە و چ پێکدادان، یان هاوگیریی، یان یەکتربڕییەک لەنێوان هێزەکان ڕووی داوە و بەگشتی چ میراتێکی لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە؟ هەر هەمووی ئەمانەیش، پێویستیی بە شیکاری لە مقیاسی درشت و ورددا هەیە. لە مقیاسی درشت و مەزندا پێویستە سەرنج بدرێتە سەر ئەوەی کە پارادایمی زاڵی سەردەمی مۆدێرن چییە؟ و کورد لە کوێی ئەو پارادایمەدایە؟ لە ئاستی ورد و گچکەشدا پێویستە لایەنە جۆاوجۆرەکانی ئەو ژینگەجیهانە توێکاریناسی بکرێت.
سەردەمی مۆدێرن و پارادایمی زاڵی ناسیۆنالیزم
هەر وەک دەزانین مۆدێرنیتە لە ئاستی سیاسیدا لەسەر پارادایمی زاڵی ناسیۆنالیزم دەسووڕێتەوە. ئەم پارادایمە بووە بە پێوەر و مقیاسێکی مەزن و داگر و بەرگر لە ژێنگەجیهانی مۆدێرندا، هەر بۆیە واقیعییەت و حەواڵەتی مێژوویی ئەم دەورانە، پارادایمی ناسیۆنالیزم[3] چێی دەکات و هەمووی ئەو ئایدیۆلۆژیانەی تر بە شێوازێک لە شێوازەکان لەنێو ئەم پارادایمەدا دەجووڵێنەوە، دەچەمێنەوە، لۆچ دەخۆن، کەڵەکە دەبن، دەتەقێنەوە یان خامۆش دەبن و دەکەونە پەراوێزەوە. بەگشتی لەنێو ئەم پارادایمە زاڵەدا هێز دەخەنە گەڕ، بەڵام ناتوانن یان باشترە بڵێین هەتا ئێستە نەیانتوانیوە ئەم پاردایمە سەروەرە تێپەڕێنن. بە واتایەکی تر ئایدیۆلۆژیاکانی دیکە ناسیۆنالیزە و بگرە ئیتاتیزە دەکرێن[4]. ئینجا کە دەوترێت “ناسیۆنالیزم وەک پارادایم”؛ واتە هەم لە ئاستی پێکهاتە زەبەلاحە سیاسییە دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، هەم لە ئاستی ژیانی ڕۆژانە و وردی خەڵکی ئاساییدا، وەها دەروونی دەکرێتەوە کە باوەڕ و ئایدیۆلۆژییەکانی دیکە لەنێو نەتەوە و ناسیۆنالیزم وەک بابەتێکی مەرجەع دەخوێندرێتەوە[5] و دەرچوون لەم سەرچاوە خۆپێناسەکەر و خۆئیرجاعە[6] بە ئاسانی مومکین نییە.
لەم ڕووەوە ئەزموونی مرۆڤی کورد لە مۆدێرنیتە کە لە سەدەی نۆزدەوە دەست پێ دەکات و هەتا ئەمڕۆکە چەندین قۆناغی بڕیوە[7]، لە قۆناغێکدا دەکەوێتە دۆخی بێدەوڵەتی و نەبوونی ئەو پارادایمە زاڵە. بەم پێیە لە پەیوەند بەو ئایدیۆلۆژیایانەوە خوێندنەوەیەکی بە وردەڕیشاڵ و تایبەتی دەوێت کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی لێک بداتەوە. بەڵام بەکورتی دەتوانین باس لەوە بکەین کە کورد لە سەردەمی مۆدێرندا بەهۆی نەبوونی پارادایمی ناسیۆنالیزمی کوردی لە پێگەی دەسەڵات و حوکمدا[8] لەبابەت ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی دیکەشدا ئەزموونی تایبەت بەخۆی هەبووە کە لەگەڵ ئەزموونی مرۆڤە دەوڵەتدارەکانی دیکە جیاوازیی زۆری هەیە.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە دونیای مۆدێرندا، هاتنی ئایدیۆلۆژیاکانی دیکە بۆ ناو ژینگەجیهانی کوردی، وەک “شمشێرێکی دوو لێو” کاری کردووە. لێوارێکی ئەو شمشێرە ناو دەنێین لێواری زۆرینە، واتە زۆرینەی خوێندنەوەکان لەو ئایدیۆلۆژیانە بە هۆکاری جۆراوجۆر، کە سەرەکیترینیان نەبوونی پارادایمی ناسیۆنالیزمە، هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە کەمتر ئاراستەی کوردبوون و کوردایەتیان ڕەچاو کردووە و وەک لە درێژەدا باس دەکرێت لە نێو پارادایمی نەتەوە سەردەستەکاندا خوێندنەوە و ئەکتیان نواندووە. جا ئەمە هەم بۆ ئیسلامی سیاسی، هەم بۆ مارکسیزم و هەم بۆ فیمنیزم و… ڕاست دەردەچێت. بەپێچەوانەوەی ئەو ڕەوتە، لێواری کەمینە هەیە کە ئەو خوێندنەوە و بزاڤانە لە خۆ دەگرێت کە توانیویانە بە پێی ژینگەجیهانی مۆدێرن و بە تایبەت زاڵیەتی مۆدێرنیتەی سیاسیی واتە پارادایمی ناسیۆنالیزم و هەلومەرجی تایبەتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووریی کوردستان، خوێندنەوە و ئەکتی خۆیان ئاراستە بکەن. لە درێژەدا ئەم خاڵە زیاتر تاوتوێ دەکەین و ڕوونی دەکەینەوە کە پێگەی ئەندێشەی نووسەر و پێگەی ئەم کتێبە و ئەو بابەتەی باسی دەکات لە کوێی ئەم هاوکێشانەدایە.
ئەگەر دەبینرێت خوێندنەوەکان و تەنانەت ئەکتی سیاسیی مرۆڤی موسوڵمانی کورد یان مرۆڤی مارکسیستی کورد و…، زۆر جار تابع و پاشکۆ و چاولەدوای فۆرماسیۆنی ئیسلامی سەردەست یان مارکسیزمی سەردەست بووە، ئەوا هۆکارە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو “فیقدان و بۆشایییە گەورە”؛ واتە نەبوونی ئەو پارادایمە وەک چەترێکی داگر و بەرگر کە دەبێتە هۆی ئەوەی جیهانبینیی مرۆڤی ژێردەستەی بێدەسەڵات بە زۆرینە جیهانبینییەکی سەربەخۆ نەبێت و جووڵانەوەکەی لە نێو پارادایمی ئەوانی دیکەی سەردەستدا گەمارۆ بدرێت. ئەزموونی مارکسیزم لە کوردستان یەک لەو نموونانەیە کە زۆر بە درەنگی و پاش خەساردانی هێز و وزەی لەڕادەبەدەر زۆرەوە، تێگەیشتووە کە مارکسیزمی مرۆڤی عەرەب، تورک، فارس و … هتد، تەنانەت لە فۆرمەتە بەڕواڵەت سووپەر ڕادیکاڵەکەیشیدا نەیتوانیوە و ناتوانێت قەبارەی ناسیۆنالیزمەکەی تێک بشکێنێت. واتە، بۆ نموونە نەک قوتار، مرۆڤی مارکسیستی شیوعی لە عێراق؛ لە کۆتاییدا نەیتوانیوە لە پارادایمی ناسیۆنالیزمی عەرەبی تێپەڕێت. هەربۆیە لە ئاکامدا سەدان و هەزاران مرۆڤی مارکسیستی کورد کە پەیوەست بوون بە شیوعییەکان و پارتە کۆمۆنیستەکانی ئەو سەردەمە، یان هەر نەیانزانی یان زۆر بە درەنگەوە زانییان کە جیهانبینییەکی پاشکۆی عەرەبیزم لەنێو بازنەی داخراوی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا داوێنی گرتوون. هەربۆیە “تەواویەتی سەرزەوینی” و “یەکیەتیی نیشتمانی عێراق”، کە سازکراوی 1920بەملاوە بوو، وەک بابەتێکی حاشاهەڵنەگر و بەدیهی لەلایەن کوردەکانیشەوە بەرهەم دەهاتەوە.
لە نموونەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا چیرۆکی هاوپەیمانی و هاوکاریی کوردان لەگەڵ حیزبی “توودە”ی ئێرانی، بە هەمان شێوە گیرۆدەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بوو،”حیزبی توودەی ئێرانی و فیدائییانی خەلق و ڕەنجبەران ماوەی چەند ساڵێک بوونە زوڕناژەنی شۆڤێنیزمی فارسی دژە کورد”[9]؛ و دەستیشیان هەبوو لە دوو کەرتکردنی حیزبی دیمۆکراتدا[10]. هەتا ئەوەی کە پاش ماوەیەک بەشێک لە کوردەکان لەم حیزبە پاشگەز بوونەوە و وانەیەکی مێژوویییان وەرگرت. بە هەمان شێوە بەرەی “حیکمەتیزم” لەنێو کۆمەڵەدا لە بازنەی هەمان تەنگەژەدا دەسووڕانەوە[11]. ئێستەیش و لە چرکەساتەکانی هەنووکەدا، نوێترین و ڕادیکاڵترین ڤێرژەنی مارکسیزم واتە مارکسیزمی سپینۆزایی لە ئێراندا، هۆشیارانە یان ناهۆشیارانە، هەندێک لە خوێندەوارە کوردەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قووت داوە، لە کاتێکدا بە خەستی لە پارادایمی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا دەجووڵێنەوە[12].
“وێکچوویی بنەماڵەیی[13]“هەموویان، گەرچی بە ڕاشکاویش دانی پێدا نەنێن، ئەوەیە کە گرفتاری ناسیۆنالیزمی میتۆدۆلۆژیک[14] و مەعریفەناسیی نەتەوەخوازانەی باندەستن و تەنانەت مەعریفەیان لەسەر مارکسیزم، مەعریفەیەکی ڕاستەوخۆ لە سەرچاوە جیهانییەکان نەبووە و نییە؛ بەڵکوو بە نێوەنجیی مارکسیزمی ناوەندەوە و لە لێنزی گوتاری ئەوانەوە و بە تێپەڕبوون بە داڵانی ڕژێمی حەقیقەتی ئەوانەوە لەگەڵ ئەم ئایدیایانە ئاشنا بوون و خوازراو و نەخوازراو، ئەندێشەیان لەنێو گوتاری سەردەستدا جومگەبەندی کراوە. جەمال نەبەز وەک کەسێک کە بەپێی سەردەمی خۆی ئاگاداری میراتی فیکریی مارکسیزم بوو، لەم بارەوە بە ڕاشکاوی دەبێژێت: “هوردەبۆرژوازیی خوێندەواری کورد لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە، بیری مارکسیستی ریفۆرمیستانەی کردووە بە ئایدیۆلۆژیای خۆی… و کولتووری ئەم چینەش کولتوورێکی کوردانە نییە، بەڵکوو خڵتەی ڕۆشنبیریی ئەم دەزگە و قوتابخانانەیە کە داگیرکەرانی کوردستان بۆ ئاوەکی کردنی کوردستان دایانناوە و تەنانەت ئەو مارکسیستە دەستکاریکراوەی خۆیانی پێوە بادەدەن، لەڕێی هوردەبۆرژوایی عەرەب، فارس و تورکەوە وەریانگرتووە، نەک یەکسەر لە سەرچاوە ڕەسەنە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە”[15].
قەتیسمان لەنێو ئەو ڕژێمی حەقیقەتەدا، وادەکات لە بنەڕەتەوە پێناسەیان لە “کۆمەڵگە” و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە “یەکەی شیکاری”یەکەیان؛ ڕێک کۆمەڵگەیەک بێت کە سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست سازی کردووە و تەنانەت چەمکاندن، بیردۆزی و بەرهەمهێنانی مەعریفەشیان بەخەستی لەنێو ئەم سنوورانەدا دەخرێتە گەڕ[16] و بارگاوی دەبێت بەو شتەی لە تەعبیری نەبەزدا بە “خڵتەی ڕۆشنبیری”ی نەتەوە سەردەستەکان ناوزەد دەکرێت. ئینجا مرۆڤی فاقدی پاردایمی ناسیۆنالیزم وەک مرۆڤی کورد و ئەمازیغ و بەلووچ و…؛ زۆرجار جیهانبینیی مارکسیزمەکەیشی دەبێتە پاشکۆ لەنێو مارکسیزمی سەردەستدا؛ و ڕژێمی حەقیقەت، سیستەمی مەعریفەتی، لایەنگری بەهایی و… ئەوان بەرهەم دەهێنێنتەوە. ئەمە ئەو لێوارە زۆرێنەکە بوو کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا. هەڵبەت لە مێژووی هاوچەرخی ئەندێشەی کوردیدا ڕیزپەڕ و پێچەوانەی ئەم ڕێسا و ڕەوتە باو و زۆرینەش هەبووە، کە بۆ ڕۆچوونی زیاتر لە چوارچێوەی ئەندێشەی نەبەز، شرۆڤەکردنی ئەم لایەنە بابەتێکی پێویستە چونک لێواری کەمینەی شمشێرەکە زیاتر ڕوون دەکاتەوە.
کاژیک وەک قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم
لەم ڕەوتەدا کە بە لێواری کەمینەی شمشێرەکە ناوزەدمان کرد، دەتوانرێت باس لەم بیرۆکە کەمتر ناسراوە بکرێت کە “کاژیک[17]” واتە “قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم” یان “قوتابخانەی بیری نەتەوەیی” لە ئایدیای “کوردستان بۆ کورد و یەکسانی بۆ گەل” خستیانە گەڕ و تێیدا هەوڵیان داوە لە پاشکۆیەتیی مارکسیزمی باندەست؛ وەک عەرەبی شیوعی و هەروەها حیزبحیزبێنەی کوردی ڕزگاریان بێت[18] و بە چاویلکەیەکی کوردستانییەوە یان بە تەعبیری ئێمە لە پارادایمی کوردستانئەندێشییەوە مەسەلەی ئازادی، یەکسانی، سەربەخۆیی و… لێک بدەنەوە. لە خوێندنەوەی ئەواندا “ئازادی و یەکسانی[19]” بە دوانەیەکی لێکدانەبڕاو دادەنرێت.”کوردستانێکی ئازاد تەنێ بە گەلێکی یەکسان دەبرێ بەڕێوە و گەلێکی یەکسانیش دەبێ لە کوردستانێکی ئازاددا بژی و ناتوانێ لە کوردستانی دیلدا هەڵ بکا. لەبەر ئەمە ئازادی و یەکسانی بەلای هاوبیرانی ئەم قوتابخانەیەوە هاوکێش و تەواوکەری یەکن، واتە تای تەرازووی مافی ئێتنی ناسیۆنالی و مافی کۆمەڵایەتی، جووت بەرانبەری یەکن و پێکەوە چارەسەری دەردەکانی کۆمەڵگە دەکەن…”[20].
ئایدیاکانی نەبەز و هاوبیرانی بیری نەتەوەیی کاژیک، لە ئازادی و یەکسانی بۆ کوردستانی سەربەخۆوە دەست پێ دەکات و بەرەو مەبەستێکی باڵاتر دەڕوات و پەل دەکێشێت بۆلای بنەمای “ئازادی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگەی گەورەی ئادەمزاد”. نەبەز لەم بارەوە و لەبابەت میتۆدی ڕەسەن و بیری ڕەسەنەوە دەبێژێت: “بەکورتی ئامانجی بیری نەتەوەییی کوردی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی گەورەی ئادەمزاد لەسەر بنچینەی ئازادی و یەکسانیی مرۆڤ درووست ببێ. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوە نایەتە دی، هەتا ئەندامانی ئەو کۆمەڵگە مەزنە- کە هەر یەکەیان سەر بە کۆمەڵگەیەکی گچکەی ئیتنییانەن- کۆمەڵگەیەکی ناسیۆنالانەی ئازاد و یەکسان درووست نەکەن، بۆیە خاڵی دەستپێکردنی بیری نەتەوەیی خاڵێکی کەرتانەیە(جزئی: Partiell)یە، و دەستپێکردن لە کەرتەوە بۆ گشت (Whole)، واتە لە کۆمەڵگەیەکی ئیتنیی ناسیۆنالەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئینترناسیۆنالە. چونکە قوتابخانەی بیری نەتەوەیی پێی وایە چارەسەرکردنی “گشت” هەر لەڕێی چارەسەرکردنی کەرتەکانەوە دەکرێت و دەستپێکردنیش بە گشت بەبێ دەستپێکردن لە کەرتەوە کارێکی نەکردەیە( مستحیل). هەر لەبەر ئەمەشە کە بیری نەتەوەیی کوردی دەچێ “بابەتی کۆمەڵگەی ناسیۆنال” دەکاتە کەرەسەی لێکۆڵینەوە و بەراوەردکاری و هەر لەم بابەتەشەوە دەچێتە دەرەوە و تیۆریی کارکردن دەردەهێنێ و لەسەر ئەم بنچینەیە دەست بە بزووتنەوە دەکات. ئەم میتۆدەش ناو دەنێ “میتۆدی ڕەسەن” و بە بیرەکەش دەڵێ “بیری ڕەسەن”، لەکاتێکدا بەو میتۆد و بیرە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە لە کەرەستەی بابەتە ناسیۆنالەکە وەرنەگیراون، پێیان دەبێژێ میتۆدی ناڕەسەن و بیری ناڕەسەن”[21]. لێرەدا دەردەکەوێت کە قوتابخانەی بیری نەتەوەیی “کاژیک”، قایل بە ئۆنتۆلۆژییەکی فرەجۆرە و لەو ئۆنتۆلۆژییەوە، مەعریفەناسی و میتۆدناسی و ئەندێشەی کۆمەڵناسانەی خۆیشی سەقامگیر دەکات. بە زمانێکی تر ئەم ڕێبازە باوەری وایە جیهان لە نەتەوەی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە خاوەنی بوونناسی تایبەت بە خۆیانن. نەتەوەی کورد و بوونناسی کوردیش یەکێک لەوانەویە کە پێویستە لەو بوونناسییەوە بەرەو مەعریفەناسی و میتۆدناسی تایبەت، ئینجا بەرەو بابەتی جیهانشموولی گەردوونی هەنگاو هەڵبگیردرێت. مادامێ کێشەی بوونی نەتەوەیەک چارەسەر نەکرێت، نە دەکرێت و نە دەشێت بەرەو ئارمانجی جیهانی پەل بهاوێت[22].
ئەم شێوازە لە خوێندنەوەی مەعریفە و میتۆد و بیری ڕەسەن دەتوانین لەم چوارچێوەیەدا بگونجێنین کە “لیندا سمیت” ناوی دەنێت، “ئیستعمارسڕێنەوە لە میتۆدەکان[23]” و لە خوێندنەوە خۆجێییەکان و موتالەعاتی بێدەوڵەتی و توێژینەوەی نەتەوە ژێردەستەکان باسوخواسی تایبەت هەڵدەگرێت و لە سازاندنەوەی مێژوو[24] و بەرچاوگەکانی داهاتوو بە گێڕانەوەی ژێردەستانیش کارامەیی بەرچاو دەبینێت.
کوردستانئەندێشیی کاژیک وەک ژئوفەلسەفەیەکی داڕێژراو
بە پێی ئەم باسانەی سەرەوە مۆرکی کوردستانئەندێشی لە قوتابخانەی کاژیکدا وەکوو ژئۆفەلسەفەیەکی داڕێژراو[25] بەڕوونی دەبینرێت. ژئوفەلسەفە بە ڕاوێژی “جیل دیلۆز” وەکوو میتادیسکۆرسێک لێک دەدرێتەوە و تێدەکۆشرێت شیکارییەکی نێوانڕشتەیی لە چەمکی فەزا، مەکان و قەڵەمرەو بخاتە ڕوو. ژئۆفەلسەفە داکۆکیی ئەندێشەی فەلسەفییە لەسەر شوێن و جوگرافیا[26]. بەم پێیە کوردستانئەندێشی داکۆکیی ئەندێشەیە لەسەر جوگرافیا و تایبەتمەندییەکانی شوێن-کاتی جیاوازی کوردستان، واتە ئەندێشەوەرزی لەمەڕ کوردستان و لێکدانەوەی هەمەلایەنەی پێکهاتەکانی. لەم ڕووەوە کوردستان وەک ناوەند و چەقی توێژینەوە دەبینرێت؛ نەک ڕوانین بۆ کوردستان وەک پەڕاوێز و نەک لە چاویلکەی سەردەستانەوە ڕوانین بۆ کوردستان، کە دەبێتە چەند قاتکردنەوەی هەڵپەسێردراوی دۆخی کورد. داهێنان و سازێنەری ئەندێشەی نەبەز لەم بوارەدا سەرنجڕاکێشە بە شێوازێک کە ژئۆفەلسەفەیەکی کوردستانی دادەڕێژێت؛ بە مەبەستی ئەوەی کە لەو هەڵپەسێردراوییە کەم بکاتەوە کە کوردستان تێی کەوتووە. لەم ڕێبازە فکرییەدا کوردستان وەک گشتییەتێکی لێکدانەبڕاو بیری لێدەکرێتەوە کە درووستە بابەتی واقیع، دابەشکراویی و پارچەپارچەبوونی سەپاندووە بەسەریدا بەڵام ئەم ڕێبازە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەگەرەکانی عەرزی واقیعەوە، و جووڵاندنی ئەندێشەی سەروەریخوازی، بە ئارمانجی کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسانەوە نزیک بێتە. “هەر بۆیە ئەم ڕێبازە بە پێچەوانەی زۆربەی حیزبە کوردییەکان لە سەر ئاستێکی نەتەوایەتی دامەزراوە کە هەموو کوردێک لە خۆ دەگرێت[ نەک تەنیا کوردی بەشێک لە کوردستان] چونک گشت کوردێک لە هەر کوێ بن هەمان کێشەیان هەیە و دەچەوسێندرێنەوە و دەڕەتێندرێن و دادەشۆرێن”[27].
لەپەیوەند بەم باسەوە؛ نەبەز پێی وایە بیری ڕەسەنی زانستانە، نایەت کۆمەڵگەی کوردستان بە پێوانە و تەرازووی کۆمەڵگەیەکی دیکە بپێوێ، بەو کەسە کە وابکات؛ “هەر نەک ناگوترێ زانا، بەڵکوو پێی دەگوترێ ڕێ بە خەڵک هەڵەکەر و سەرلێشێوێن و قومارباز”[28]، بەڵکوو کوردستان و تایبەتمەندییەکانی و مەیدانی ململانێی هێزەکان بە وردەڕیشاڵ دەناسێت، پاشان گەز و پێوانە و میتۆدی گونجاو لەگەڵ دۆخەکە دەکار دەکات. نەبەز هەر لەم بەستەرەدا و لەمەڕ سۆسیالیزمیش دەبێژێت: هەر وەک چۆن ئەگەر جلوبەرگ و پێڵاوێک بە بەرت نەکات؛ سوودێکی نییە بۆ تۆ. ئەوا سۆسیالیزمێکیش پڕ بە پێستی کۆمەڵگەکەت نەبوو و لە واقیعی کۆمەڵگەکەی خۆت و پێویستییەکانییەوە سەری هەڵنەدابوو و قۆپی ئەم و ئەو بوو و لەملاوئەولا خواسترابوو، ئەوا ئەم سۆسیالیزمە نەبوونی چاکترە. ناوبراو سەبارەت بە سۆسیالیزم بە ڕاڤەی کاژیک دەبێژێت: “جا لەبەر ئەوەی سۆسیالیزمەکەی ئێمە لەسەر بنچینەی واقیعی کۆمەڵگەکەمان دامەزراوە و لە تاقیکردنەوەی ژیانی زەحمەتکێشانی ئەو گەلانە کەڵکی وەرگرتووە کە لە هێندێ لایەنەوە لە هیی کورد دەچێ، و ئازادیی مرۆڤ و مرۆڤایەتی کردووە بە ئامانج، ئەوا نێوەرۆک و شێوەیەکی تایبەتی بۆخۆی گرتووە و هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە بە سۆسیالیزمەکەی خۆمان دەڵێین: سۆسیالیزمی قوتابخانەی کوردی”[29]. ئەم قوتابخانە بیر و بۆچوونی کوردە سۆسیالیستەکان بۆ سۆسیالیزم پیشان دەدا. کرۆکی ئەم بیرە وەک ئاماژەی پێ کرا ئازادی مرۆڤە و ئازادیش هەر لە یەکسانیدا بوونی هەیە واتە ئازادی و یەکسانی تەواوکەری یەکن و بێ یەکدی نابن[30]. ئازادی بە پێی ئەم تیۆرییە یەکینەیەکە شێوای پلەپلەکردن و دابەشکردن نییە، واتە ئازادی وەک مەرگ و ژیان وایە، ئازادی یان هەیە یان نییە وەک چۆن مرۆڤ یان مردووە یان زیندووە و ناکرێت نیوەزیندوو و نیوەمردوو بێت[31]. لێرەدا یەکسانی لە ئاستی دەسەڵاتیشدا لەو خاڵە گرینگانەیە کە قوتابخانەی بیری نەتەوەیی ئاماژەی پێ دەکات. واتە ناکرێت مرۆڤێک هەبێت دەسەڵاتی مەزن و گچکەی هەبێت و مرۆڤی واش هەبێت وەکوو کورد لە هەموو ڕوویەکەوە بێدەسەڵات بکرێت ئەمە خۆی یانی نایەکسانی و نائازادی. هاوبیرانی کاژیک لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە پێویستە لەسەر شۆڕشی کورد، هاوئاهەنگ لەگەڵ ڕزگارکردنی هەر بەشێکی خاکی کوردستان، وا پێویست دەکات ڕژێمی گەندەڵی دەرەبەگایەتی هەڵبقەندرێت و ڕیشەکێش بکرێت و لەم پێناوەدا بەرژەوەندی و خواست و ئاواتەکانی چینە ژێردەستە، لەوانە جوتکاران و کرێکاران و ژنان و… دەستەبەر بکرێت[32]. کاژیک بڕوای بە کۆمەڵگەی بێ چینە کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ئازادانە بۆ گشت کەس فەراهەم بکرێت. لەم پێناوەدا دەبێت هی خۆیەتی تاکی سنوور و مەودایەکی بۆ دابنرێت کە بەر بە دادۆشین بگرێت. ئەو دەزگەیەی ئەرکی چاودێری دەست بەسەرداگرتنی ئەمرازەکانی داهێنان دەگرێت، دەوڵەتە کە دوو ئەرک دەگێڕێت: لە بواری نێوخۆییدا بەر لە دادۆشین دەبەستێتەوە و نەتەوەکە بەو بیر و باوەرە گۆش دەکات و لە ئاستی دەرەوەشدا پارێزگاری لە وڵات دەکات[33].
کەواتە جەمال نەبەز و هاوبیرانی ئەم پرسە گرینگانەیان لەنێو بیرێکی نەتەوەیی ڕزگاریخواز و یەکسانیباوەڕی کوردستانیدا لێک دەدایەوە و لەنێو گوتارەکەیاندا گرینگایەتیی سەردەمی ناسیۆنالیزمیان، بەپێچەوانەی زۆربەی لایەنەکانی دیکە ڕەچاو دەکرد. کەواتە کۆی ئەم باسانە تا ئاستێک پیشانی دەدات کە پڕۆژەی فیکریی نەبەز دەیهەوێت دابڕانێکی مەعریفەتی هەم لە سیستەمی ناوەندگەرای ڕۆژاواتەوەر و هەم لە سیستەمی مەعریفەتی-بەهایی سەردەستەکانی کوردستان بێنێتە گۆڕێ و ستاندنەوەیەکی مەعریفەتی-سیاسی[34] لە کوردستان بکات. بەم شێوازە، ئەم پڕۆژە فیکرییە بە مۆرکی کوردستانئەندێشییەوە سەرچەشنێکی باشە بۆ ئەو شتەی لە خوێندنەوە خۆجێییەکانیشدا[35] وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە دراوە. کوردستانئەندێشی بە ڕاوێژی نەبەز و کاژیکییەکان دەیهەوێت بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی و بە پارێزێکی دوورئەندێشانەوە بڕوانێتە چاویلکەی ڕۆژاوایی و چاویلکەی ناوەندە سەردەستەکانی کوردستانەوە، چونکە پێی وایە ئەم چاویلکانە سیستەمێکی مەعریفی لە کوردستان دەخەنە گەڕ، کە بارگاوین بە دیسیپلینی زانست و ڕژێمی حەقیقەت و ڕێساکانی کردار و تێگەیشتنی جیاواز لە زەمان و مەکان و زەین و کۆمەڵگە و … هتد. وەک چۆن لە خوێندنەوە خۆجێییەکاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە زانستی ڕۆژاوایی زگپڕە بە لایەنگری فەرهەنگی، سیستەمی بەهایی و تێگەیشتنی جیاواز لە بابەتگەلی وەک کات، شوێن، زەینییەت، تیۆری جۆراوجۆر و ڕکابەریی زانست و فۆرمگەلی تایبەتی زمان و پێکهاتەی دەسەڵات[36]. کەواتە ناکرێت و ناشێت ئەم سیستەمانە لە هەموو شوێن-کاتەکاندا بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەیی، ڕێک قۆپی پەیست بکرێت و کتومت هاوردە بکرێت بۆ ژینگەجیهانە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەت ژینگە-جیهانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان یان لە کۆدەقێکی تردا؛ هاوردە بکرێت بۆ نێو هەلومەرجی چینە ژێردەستەکان لە شوێن-کاتە جیاوازەکاندا. چونکە ئەمە بە واتای لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندییەکانی مەیدانە جۆراوجۆرەکان و موختەساتی ئەو هێزانەیە کە لە مەیدانەکاندا دەسووڕێنەوە. لەم ڕوانگەوە داکۆکی لەسەر جیاوازیی بەستێن و کۆدەقی کوردستان و دووریگرتن لە فتشیزمی تیۆر و تێگەکان، گرینگایەتیی تایبەتی پێ دەدەرێت. ئەمە سەرەڕای داننانە بەو هاوبەشیانەی لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جیهاندا هەیە و ناسینی ئەو ژین-سیاسەتە[37]یە کە لە ئەنجامی ئەم هەلومەرجانەدا، کورد تێی کەوتووە.
ئەم بۆچوونە ئاگایە بەوەی کە کۆدەقە جیاوازەکان کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی ئەندێشەکان هەیە و مێژوو کارتێکەریی خۆی لەسەر ئایدیاکان و تێگەیشتن لە ئایدیاکان دادەنێت. گادامێر بەمە دەڵێت “مێژووی کارتێکەر[38]“. کەواتە ئەم ڕوانگە، بەستێنتەوەر و کۆدەقمەند ئەندێشەکان دەخوێنێتەوە و بەستێن و کۆدەق و شوێن-کاتی تایبەتی کوردستان لەبەر ئەو ئەندێشانەی ئیدعای گەردوونی دەکەن، بەڵام بە چڕی بەستراونەتەوە بە مێژوو و کۆدەقێکی تایبەت بە خۆیانەوە، هەڵناپەسێرێت. بۆ نموونە و لەپەیوەند بەم باسەوە؛ کێڤین بی ئەندرسۆن لە کتێبی “مارکس لە پەڕاوێزەکاندا” دەڵێت: “چوونی مارکس لە ئاڵمانەوە بۆ لەندەن وەکوو ناوەندی گەورەترین ئیمپراتۆریی جیهان، بووە هۆی ئەوەی گرینگایەتی و سەرنجێکی زیاتر بخاتە سەر کۆمەڵگە نائەورووپییەکان و کۆلۆنیالیزم[39]“. ئەمە ڕێک پێمان دەڵێت کە جیاوازیی بەستێنەکان جیاوازی لەسەر بۆچوون و ئەندێشەکان درووست دەکات[40]. هەر لەسەر مێژوومەندی بیرۆکەکانی مارکس، کە ئێستە وەک مارکسیزمی کلاسیک[41] یان ئورتۆدۆکس ناوزەد دەکرێت، مەسعوود محەممەد بە درووستی جەخت لەسەر ئەو دەکات کە “ئەگەر مارکس، پەنجا ساڵێک درەنگتر هاتبایە دنیا وازی لە بەشی هەرە زۆری شۆڕشگێڕایەتی خۆی دەهێنا چونکە ئەوسا تەجربەی لەگەڵ پرۆلتاریایەکی زۆر جودا دەبوو لەوەی کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا دیتی…”[42].
کوردستانئەندێشی بە “تەرجومانی فەرهەنگی” ئایدیا جیهانییەکان دەیهەوێت جیهانی کوردی بناسێت و ئایدیاکان بەپێی ئەم ژینگەجیهانە چەکوشکاری بکات و لە قەوارەی تایبەت بەودا هەڵیبشێلێت و بیسازێنێت. بۆ نموونە لەبابەت ئەم باسەوە کوردستانئەندێشی دەڵێت: پێویستە نەک هەر بزانین ئایدیاکانی مارکس و مارکسیستەکانی دواتر، لە چ بەستێنێکەوە پژاوە و بۆ چ بەستێنێک قسە دەکات، بەڵکوو پێویستە لەوە بیر بکەینەوە ئەگەر مارکس لە ئێستە و ئێرەی کوردستاندا بایە، چی دەگوت و چۆن ئایدیاکانی جومگەبەندی دەکرد؟ بە خوێندنەوەی ئێمە ئەم جۆرە ڕاڤەکردنە، واتە تەرجومانی فەرهەنگی ئایدیاکان، جۆرێکە لە پێکهاتەشکێنی و سەرلەنوێ سازاندنەوەی ئایدیاکان. جەمال نەبەز هاوپەیوەند بەم باسەوە دەڵێت: “هونەر ئەوەیە مەسەلەی ناسیۆنالی کورد بە یارمەتیی ئەو زانیاری و هیپۆتێز و تیۆرییانەی کە تا ئێستە لەسەر ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمەوە هەن، بخرێتە چوارچێوەی خۆیەوە و شتێکی تازەی لەگەڵ باری کورددا بەگونجاوی لێ دەربهێندرێ، لێکۆڵینەوەی زانستانەش هەر ئەمەیە. ئەگینا کاوێژکردنی قسەی ئەفلاتوون و لێنین و ئیبن خەلدوون و کێ و کێ، چ نرخێکی هەیە ئەگەر نەتوانین تیپی کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان و دوورییە ژیارییەکانیان دەستنیشان بکەین”[43].
کوردستانئەندێشی ئەم ڕاستییانە بەجیددی وەردەگرێت و هەر وەک نەبەز دەڵێت: میتۆد و بیری ڕەسەن ئەو میتۆد و بیرەیە ئەم وردەکارییانە بە هەند وەربگرێت و لە هەناوی واقیعی کوردستانەوە، میتۆد و چەمک و ئەندێشەی تایبەت دابهێنێت. ئینجا میتۆد و بیری ڕادیکاڵ و شۆڕشگانەیش، گەر کۆدەق و بەستێنە جیاوازەکان ڕەچاو نەکات، ڕەنگە دژی خۆی دەربکەوێت و بگرە لە کۆدەقێکی دیکەدا و لە مەیدانی هێزەکانی بەستێنێکی تردا، ئەگەر چاودێریی ڕەخنەیی جیددی لەسەر نەبێت، نەک تەنیا ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە نەبێت بەڵکوو کۆنەپارێز و پارێزەری دۆخی زاڵ دەرکەوێت. شایانی ئاماژەیە گەر تیۆر و میتۆدەکان بەپێی کۆدەق و بەستێنەکان نەچەمێندرێنەوە و ڕێک لێرەولەوێ بەتایبەت لە زانستی ڕۆژاواوە قۆپی پەیست بکرێن، جۆرێکە لە ڕۆژاواتەوەریەکی ڕووکەش و ڕوانینێکی هێڵیی تاکڕەهەندی بەرهەم دێنێت، کە دەبێتە نەبینراوکردنی مەیدان و بەستێنی ناڕۆژاوایی. لەم بارەوە خودی هێزەکانی ئەو بەستێن و مەیدانانە بەتەواوەتی مل نادەن بە تیۆر و تێگە هاوردەکراوەکان. ئەمە لە خۆیدا وانەیەکە کە کوردستانئەندێشی و پرۆژەی هاوبیرانی کاژیک دەتوانێت بیدات بە بواری تیۆری و تێگە و چەمک و میتۆد.
هەربۆیە لەم ڕوانگانەوە زۆرجار شۆڕشی مەعریفەتی- زەینی، کە نەبەزیش جەختی لەسەر دەکردەوە، و سەرکێشی و خۆلادان لە بازنەی مەعریفە و میتۆدی سەردەستان، هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی سیاسیی؛ بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر دەزانرێت، بۆ ئەوەی ڕزگاریی زەینی-مەعریفەتی بتوانێت واقیعە ژیانکراوەکە بەو شێوەیەی کە هەیە بپێوێوێت، نەک لە چاویلکەی واقیعێکی دیکەوە و نەک بە گەز و پێوانەی شوێن-کات و واقیعە جیاوازەکانی دیکەوە بیپێوێت و توێکارناسی بکات. داهێنانەکانی جەمال نەبەز و هاوبیرانی لەبابەت ئەم باسانەوە جێگەی سەرنج و توێژینەوەیە.
شایانی ئاماژەیە لێرەدا و پەیوەست بە باسی زاڵیەتیی پارادایمی ناسیۆنالیزم، ئەوە بوەترێت کە مەبەست لەم وردەکارییانە، داوەریی بەهایی و نۆرمەتیڤ لەسەر ئەم باسانە نییە و نامانەوێت بڵێین: پارادایمی ناسیۆنالیزم چاکە یان خراپە، یان پەیوەندیی ناسیۆنالیزم و مارکسیزم یان ناسیۆنالیزم و ئایین و… دەبێت وابێت یان وانەبێت، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە زەویی واقیعی مەسەلەکە لێک بدەینەوە کە بەشێکی زۆر لەم زەوییە، ئێستەیشی لەگەڵدا بێت و لە سەردمی تەکنۆلۆژیای سنووربەزێنیشدا نەیتوانیوە تەوەرییەتیی ناسیۆنالیزم تێک بشکێنێت و شیفتی بکات بۆ قۆناغێکی تر و تەوەرییەتیی ئەندێشە و ئایدیۆلۆژیایەکی تر[44]. ئەگینا ڕەخنە لە و پێداچوونەوە بە پارادایمی ناسیۆنالیزم، یان تەنانەت باسی فیکری-نەزەری لەسەر تێپەڕاندنی ئەو پارادایمە بۆ پارادایمێکی تر، بە کۆدەنگییەکی جیهانی و هاودەنگییەکی نێوان جڤاکییەوە، باسێکی دیکەی سەرنجڕاکیشە کە مەجالێکی تری دەوێت و لێرەدا ناتوانین بپەرژینە سەری. ئەوەی هەیە؛ ئاسۆکانی زەوینی واقیعی جیهانی، جارێ لەسەر ئەم پارادایمە دەگەڕێت. ئینجا با بینە سەر باسی ئایدیۆلۆژی ئیسلام و خوێندنەوە جۆراوجۆرەکانی لە پەیوەند بە پرسی کوردەوە.
ئایدیۆلۆژیای ئیسلام و پرسی کورد
سەبارەت بە مەسەلەی ئیسلام و کوردیشەوە لە سەردەمانی جیاوازدا، بەتایبەت لە سەردەمی مۆدێرندا چرکەساتی جۆراوجۆری ڕووبەڕووبوونەوە و خوێندنەوە لە ئیسلام وەک بابەتێکی ڕاڤەهەڵگر دەبینڕێت. بەڵام بە گشتی ئەو تەعبیرە میتافۆرە؛ ” شمشێری دوو لێو” لەم باسەشدا ڕاست دەردەچێت. بۆ نموونە تا پێش درووستبوونی دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان، واتە پێش دۆخی بێدەوڵەتیی کورد، خوێندنەوەی مرۆڤی کورد لە ئیسلام جیاواز بوو لەگەڵ ئەو سەردەمەی کە دەوڵەت-نەتەوەکان بیچم دەگرن و بە سەر کوردستاندا زاڵ دەبن. لە چرکەساتی پێش دۆخی بێدەوڵەتیدا، بۆ نموونە لە سەردەمی ئیمارەتە کوردییەکاندا، فەتوای زانایاکی دەسترۆیشتوو بە ناو “مەلای خەتێ” لە ئیمارەتی سۆراندا دەبینین کە داوای کرد سوپای کورد خۆی ڕادەستی سوپای عوسمانی بکات، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە هەر لەو سەروبەندەدا زانا ئایینەکانی جامعەی ئەلئەزهەری میسر پشتگیریی پرۆژەی سەربەخۆیی میسریان لە دەوڵيتی عوسمانی دەکرد کە لە سەردەستی محەمەد عەلی بەڕێوە دەچوو[45].
ئەمە لەلایەک، لایەکتر خوێندنەوەی هەندێک لە سەرکردە کلاسیکەکانی کورد وەک شێخ عوبەیدوڵڵا لە ئیسلام دەبینرێت، کە تێدەکۆشن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی مرۆڤی کورددا، خوێندنەوەیان لە ئایین جومگەبەندی بکەن[46] بەڵام هەر لەو سەردەمەشدا عوسمانیزم بەشێکی زۆری لە خوێندنەوە ئایینییەکانی مرۆڤی کورد بۆلای خۆی ڕاکێشابوو، بەشێوەیەک کە وەفاداری بە ئیسلامی عوسمانیزم و هەندێک هۆکاری دیکە وەک تێکەڵکردنی بەرژەوەندی خێڵەکان لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی، وای کردبوو زۆربەی خەڵکی کورد بە سوڵتانێکی ستەمکار و گەندەڵی وەک سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم، ناسناوی “باوکی کوردان” ببەخشن[47]. وەک نموونەیەکی دیکە، هەر لەم سەروبەندەدا “حاجی قادری کۆیی” بە تەواوەتی دژی عوسمانییەکان دەوەستێت و بۆ سەروەری کوردستان دەکۆشێت، بەڵام مەحوی لە سۆڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم نزیک دەبێتەوە و مووچەی بۆ دەبڕدرێتەوە و دەکرێت بە سەرۆکی “خانەقای سلێمانی” کە بە “خانەقای مەحوی” ناسراوە[48]. یان لە نموونەیەکی تردا شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، لە بیرۆکەی عوسمانیزم لای نەدەدا و قایل بە ئۆتۆنۆمی بوو بۆ کوردستان لە نێو دەسەڵاتی عوسمانیدا. دەوترێت کاتێک مستەفا کەماڵ ئەتاتۆرک لەگەڵ یۆنانییەکان کەوتبوو شەڕ و لە گیانەڵادا بوو، باشترین دەرفەت بوو بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری و چەسپاندنی هەندێک لە بەندەکانی پەیمانی سیڤەر، تاقمێک لە ئەندامانی لاوی کۆمەڵەی هێڤی وەک مەمدووح سەلیم دەچنە لای شێخ عەبدولقادر کە جڵەوەی هەڵسووڕان و کاروباری سیاسیی کورد بەدەستیەوە دەبێت، پێیان وتووە: لاوەکانی حیزب وا بەباش دەزانن کە کورد لە زروفی شەڕی یۆنان و تورک سوود وەرگرێت و چونکە تورکیا زۆر زەبوونە، دەستی خۆی بوەشێنێ و مافی نەتەوایەتی خۆی بسێنێ. شێخ لە وەڵامدا وتوویەتی: “نابێ ئێمە لەم وەختەدا لە تورک بدەین چونک ئیسلامە”،” ئەگەر من ئێستە هەڵسم و لەم کاتەدا لەم زەبوونییەدا لە تورک بدەم، باپیرم، جەدم کە پێغەمبەرە لەعنەتم لێدەکا”[49]. دواتر ئەتاتۆرکیش بە درۆژمی فریودەری “برایەتی” خۆڵی لە چاوانی زۆربەی ئەلیت و دەستەبژێری کوردی ئەو سەردەمە کرد[50] و هەر کە دەسەڵاتی سەقامگیر بوو دەستی دایە قڕکردنی کورد.
لە بڕگەیەکی دیکەی میژوودا واتە لە دۆخی بێدەوڵەتی و ژێردەستەییدا، خوێندنەوەکان لە ئیسلام، بەتایبەتی بە هاتنی ئیسلامی سیاسی بۆ کوردستان، بە زۆرینە لەنێو ئیسلامی سیاسیی سەردەستدا کە بارگاوییە بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی یان عەجەمی و … هتد دەجووڵێنەوە. ناوەندە فێرکارییە ئیسلامییەکانیش وەک حوجرە لە ئیسلامێکی فەرهەنگی-کوردییەوە بۆ ئیسلامێکی سیاسی بە ڕاوێژی عەرەبیزم، بەبێ فەرهەنگی کوردی، پەلکێش دەکرێن. زۆرجاریش بێئاگان لەوەی کە خەڵکانی موسوڵمانی نەتەوەکانی تر لەنێو ناسیۆنالیزمی خۆیاندا وەک بابەتێکی بەدیهی و لەبەردەست[51] و نکۆڵیهەڵنەگر دەژین و وەک بابەتێکی ئاشکرا و حەتمی ئینترنالیزەیان کردووە و شەو و ڕۆژ وەک هەناسە هەڵیدەمژن. لەم ڕەوتەدایە کە دەستەواژەگەلێک وەک “خەلافەت” و “برایەتیی ئیسلامی” و…؛ ڕیتۆریک و پۆششێکە بۆ خافڵاندنی ژێردەستانێ وەک کورد بۆ ئەوەی خواستی مافی نەتەوەییی خۆیان پەک بخەن. هەربۆیە ئەو “برا موسوڵمانانە” لەبابەت مەسەلەی کوردەوە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ مرۆڤی سکۆلار و چەپ و ڕاست و … هتد نییە، هەموویان گەر دەستیان نەبووبێت لە ژینۆسایدی کورددا، ئەوە لانیکەم نکۆڵییان لە مافی ئینسانی کورد کردووە و هیچ گوێشیان نەداوە کە زۆرینەی کوردیش “برای موسوڵمانی” ئەوانە و خوداش فەرموویەتی: “إنّما المؤمنین إخوة”!. جا ئەو خاڵە نەزەرییە گرینگە لێرەدا زیاتر خۆی ڕوو دەکات کە بزانین دەستەواژەگەلێک وەک “خەلافەت” یان “برایەتی و خۆشکایەتیی ئیسلامی” یان ” هاوکاریی ئیمانی-ئیسلامیی نەتەوەکان” زیاتر لە ئاستی ڕیتۆریک و درۆشمدا دەمێننەوە و ناتوانن لە قەڵای ناسیۆنالیزم وەک پارادایمێکی گشتگیری داگر و بەرگر دەرباز بن. لەنێو ئەم بازنەدایە کە بۆمان دەردەکەوێت؛ چۆنە موسوڵمانی عەرەب، تورک و فارس و… لەهەمبەر ژینۆسایدی ئینسانیی موسوڵمانی کورددا بێدەنگییان کردە پیشە و متەقیان لە خۆیان بڕی، تۆ دەڵێی ئیتر برای موسوڵمان و “ئیخوانولموسلمین” هەر نەبووە و کار ناکات! لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا، لایەنێکی کەمینە هەن کە لەسەر ڕێبازی کوردستانی سەردەمیانە، دژهەمبەری ئەو لایەنە زۆرینەن و لە هەوڵی ئەوەدان ئیسلام نەبێتە ئەفیۆنی جەماوەر بەڵکوو وەک فریادی مەزڵوومان و ڕۆحی جیهانی بێ ڕۆحیش[52] نواندنەوەی بۆ بکرێت. نموونەی ئەم لایەنە کەمینە لە شمشێرە دووسەرەکە لەم کتێبەدا بە وردی شەنوکەو دەکرێت.
لە ڕووکارێکی دیکەوە، ناسیۆنالیزمەکان زۆرجار دەست بەسەر ڕاڤەی ئاییندا دەگرن و بەسوودی خۆیان موسادەرەی دەکەن و دەیقۆزنەوە، بە مەبەستی فراوانخوازیی دەسەڵاتەکەیان یان بۆ بنەبڕکردن و سڕینەوەی نەیارانیان و یان بۆ ئەوەی خۆیان و دەسەڵاتەکەیان ڕەوا پیشان بدەن. هەر وەک لەم کتێبەدا ئاماژەی پێ کراوە، ناسیۆنالیزمی عەرەبی بەعسیزم، عرووبەت و باڵادەستخوازیی عەرەبی سوننەی عێراقی لەگەڵ خوێندنەوە و ڕاڤەی ئایینی تێکەڵ کرد و لە قەوارەی “ئەنفال”دا تاوانی ژینۆسایدی دژی کوردستان ئەنجام دا و هیچ برایەکی ئیسلامیش لە جیهانی ئیسلامدا نەک تەنیا دەنگی هەڵنەبڕی، کە ئەمە خۆی نیشانەی ڕەزامەندییە، بەڵکوو جاری وابوو وەک تورکیای موسوڵمان، ڕێیان لە ئاوارەکانیش دەگرت. کەواتە ئەوە ناسیۆنالیزم وەک پارادایمی زاڵی سەردەمە؛ خەریکە ئایین بەسوودی خۆی دەچەمێنێتەوە و بەشێوەی گوزینشی لە ئاراستەی خۆیدا سەرلەنوێ ڕاڤەی دەکاتەوە. نموونەی ئەم باسە لە کتێبەکەدا بە فراوانی باس کراوە. بۆ میناک؛ ئەوە بەرژەوەندیی ناسیۆنالە کە وا دەخوازێت، هاوپەیمانیی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی کۆمۆنیست ببێتە دیاردەیەکی ئاسایی، بەشێوەیەک کە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیکیان بکەوێتە پەڕاوێزی بەرژەوەندیی ناسیۆناڵیانەوە. ئەمە وەک شتێکی بەدیهی و ڕاشکاو پەسەند دەکرێت. واتە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەبێتە شتێکی ڕوونتر لە خۆر و نەتەوە و خاک و… وەک شتێکی خۆتەوەر و خۆئیرجاع، لەنێو وڵاتێکدا تەواوی جەمسەرە فیکرییەکان لەنێو خۆیدا هەڵدەلووشێت، تەنانەت ئەگەر هیچ تێگەیشنێکی فیکریشیان لە مۆدێرنیتە، ناسیۆلیزم، نەتەوە و… نەبێت. بەڵام وەک چۆن لە ئینتێرنێت وەک دیاردەیەکی مۆدێرن و بەدیهی کەڵک وەردەگرن بەبێ ئەوەی ئینتێرنێت بناسن، ئەوا لە ئیمتیازی ناسیۆنالیزمیش وەک شتێکی بەدیهی کە دەبێت هەبێت و نابێت نەبێت، کەڵک وەردەگرن، بگرە بە شتێکی ئەزەلی و هەتاهەتاییش لەقەڵەمی دەدەن؛ بەبێ ئەوەی تێگەیشتنێکی ئەوتۆیان لە مەسەلەکە هەبێت. واتە وەک کارەبا، مۆبایل و ئینترنێت ودیکەی شتە مۆدێرنەکان، لە ناسیۆنالیزمیش کەڵک وەردەگرن و هیچ بۆیان جێگەی پرسیار و دڕدۆنگی نابێت[53] و لە چەوساندنەوەی ژێردەستانیش، لەوانە “برا کوردە موسوڵمانەکان” مێشێکیش میوانیان نییە و بەها ئیسلامییەکانیش وەک عیداڵەت و قست و ڕەحمەت و … هەر دەڵێی کەس نەیگوتووە و کەسیش نەیبیستووە.
جا لەم گۆشەنیگایەوە گەر خاوەن فیکری “ڕۆژهەڵاتناسی” واتە “ئیدوارد سەعید” دان بە تاوانی عەرەب لەدژی کورددا نانێت[54]، ئەوا ئیشی ئەوەیە کە هەر هەموویان ناسیۆنالیزمی خۆیان دەروونی کردووەتەوە و هەر شتێک سەرئێشە و تەزاحوم و بەربەست بۆ ناسیۆنالیزمی ئەوان درووست بکات، ئەوا گەر خۆشیان دەستیان لە سڕینەوەیدا نەبووبێت؛ لانیکەم نکۆڵی لێ دەکەن و پەراوێزی دەخەن. ” تەنانەت پاش بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن دەوڵەتی عەرەبی عێراقەوە دژی کورد(بەتایبەت هەڵەبجە) و کوشتنی هەزاران کورد؛ کۆنفڕانسی دەوڵەتە موسوڵمانەکان دەیگوت ئەوە درۆیە و عێراق چەکی کیمیاوی دژی کورد بەکار نەهێناوە”[55]. ئینجا لە جیهانی ئیسلامیشدا ئەم پارادایمە لانیکەم مێژووی ئەم سەت ساڵەی دواییەی نەخشاندووە و دەستی باڵای هەبووە. کەواتە ئیسلام و جیهانی موسوڵمانیش بەخەستی گیرۆدەی ناسیۆنالیزمە و دەرچوون لەم بازنەیە بۆیان مومکین نەبووە. لەم بارەوە مرۆڤی ڕاستەقینە و ڕێزپەڕی وەک “ئیسماعیل بێشکچی” و کەسانی دیکەی وەک “هادی ئەلعەلەوی[56]“، کە لەم کتێبەدا ناوی هەندێکیان دەبرێت، زۆر دەگمەنن کە دژی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەستی خۆیان، بەسوودی ژێردەستانی ستەملێکراوی وەک کورد بوەستن.
ئەم کتێبە “کوردانی چەوساوە و برا موسوڵمانەکانیان” دەیهەوێت سەربوردەی مرۆڤی کوردی ژێردەست و چەوساوە لە پەیوەند بە موسوڵمانانی سەردەستدا بەشێوەیەکی شیکاری-مێژوویی و بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەرەکییەکان بگێڕێتەوە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم مەسەلە بخاتە ڕوو. ئەم شیکارییە چاوێکی خێرا بە سەردەمی پێش مۆدێرندا دەگێڕیت و ئامادەیی مرۆڤی کورد و خزمەتەکانی بە ئیسلام لەو سەردەمانەدا دەستنیشان دەکات و بە جەخت لەسەر ئەو چەرمەسەری و چەوساندنەوانەی کە کوردی موسوڵمان لە سەردەمی مۆدێرندا لە برا موسوڵمانەکانی دیویەتی و شەنوکەوکردنی هەڵوێستە جۆراوجۆرەکانی ئەو بوارە درێژە پەیدا دەکات. پاش شیکاری و ڕەخنەکاریی ئەم بابەتانە، لە ئاکامدا پێشنیارەکان بۆ چارەسەریی مەسەلەکان شەنوکەو دەکرێت.
ئاخێزە فەلسەفییەکانی نەبەز و داهێنانە فکرییەکانی
بەبۆچوونی من جەمال نەبەز لە ئاخێزی فیکری-فەلسەفی جۆراوجۆر کەڵکی وەرگرتووە بۆ ڕۆچوون لە نێو بابەتەکانی کوردستاندا. لەلایەک لە ئایدیاکانی مارکسیزم بۆ مەسەلەی بنیاتنانی یەکسانی لە کوردستان بەهرەمەند بووە. لەلایەکی دیکەوە لە کۆبەندی ئاسەواری نەبەزدا بۆمان دەردەکەوێت کە نەریتی “ئایدیالیزمی ئاڵمانی” بە تایبەت لە مەسەلەی ڕۆح و زەینی مێژوویی نەتەوەیی و هەروەها گرینگی دەوڵەتخوازی و ئیرجاع بە هیگڵ لەم بارەوە و داکۆکی لەسەر گۆڕینی ڕادیکاڵی ڕۆشەنگەرانە و شۆڕشگێڕانەی زەینی کوردی، کارتێکەری هەبووە لە سەریدا. بۆڵدکردنەوە لایەنی زەینی مەسەلەی کورد خۆی نیشانێکە لە کاروەگری لەو نەریتە فکرییە. بەڵام نەبەز هەمووی ئەو خوێندنەوانەی لەگەڵ خوێندنەوەکانی لە زانستە ئیسلامییەکان پێکەوە گرێ داوە بۆ شیکاری و چارەسەری مەسەلەی کورد. نەبەز زیاد لەم بابەتانە داهێنان و خولقاندنی جێگەی تێڕامانیشی هەبووە کە لە ژێرەوە هەندێک لەو باسانە شرۆڤە دەکەین.
نەبەز نووسەری ئەم کتێبە بیرمەندێکی داهێنەری کوردستانی و کوردستانئەندێشە کە گوتاری نەتەوەییی کوردی ناتوانێت لە ئاسەواری ئەم بیرمەندە ناوازە بۆ پتەوکردنی چوارچێوەی گوتارەکەی بەهرەمەند نەبێت. نەبەز لە یەکەم کەسانێکە کە “کوردایەتی وەک هەست” گواستووەتەوە بۆ “کوردایەتی وەک فەلسەفە”؛ واتە ڕامانی فیکریی فەلسەفی لە کوردبوون و کوردایەتی[57]. جێپەنجەی نەبەز وەک نووسەرێکی فرەڕەهەندی ئەنسیکلۆپیدیایی و فرەزمان لە زۆر بواردا وەک بواری زمانەوانی، وەرگێڕان، چیرۆک، سیاسەت، ئەندێشە و فەلسەفە و میتۆلۆژیای کوردیدا دیارە. نەبەز لەگەڵ هاوبیرانی “کاژیک” بە ئایدیای “کوردستان بۆ کورد و یەکسانی بۆ گەل” باسیان لە ئازادی، یەکسانی و سەربەخۆیی لە فۆرماسیۆنی “قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم” دەکرد. ئەوان جیا لە ئەکتی سیاسی وەک دامەزراندن و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان[58] و ڕاوێژێکی جیهانی بۆ مەسەلەی سەربەخۆییی کوردستان، لە بواری فیکریشدا ئاسەوارێکی گرنگیان بۆ گوتاری نەتەوەیی بەجێ هێشتووە. ئەم قوتابخانە فیکرییە و سەرچڵی هەموویان واتە جەمال نەبەز، ئەندێشەی نەتەوەییی کوردییان پەرە پێداوە. نەبەز لە کتێبی “بیری نەتەوەیی کوردی…” ڕەچەڵەک و ڕیشەکانی بیری نەتەوەیی لێک دەداتەوە و بانگەشەی جیاوازیی بیری نەتەوەیی کوردی لەگەڵ قەومییەی عەرەبی و ناسیۆنالیزمی ڕۆژاوایی دەکات. هەروەها جیاوازیی بیری نەتەوەیی کوردی بە تێگەیشتن و فۆڕماسیۆنی کاژیکی، لەگەڵ بیر و ڕوانگەی چینی “سەرکردە کلاسیکەکان” و چینی “هوردەبورژوازی کورد” لەسەر مەسەلەی کورد و کێشە کۆمەڵایەتی-سیاسییە پەیوەندیدارەکان، بە تێروتەسەلی وەردوشەن دەدات. بۆ نموونە یەکێک لە ڕەخنەکانیان لە سەرکردە کلاسیکەکان ئەوە بوو کە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان وەک مەسەلەی جیاوازیی چینایەتی[59] و مەسەلەی ئافرەتان و… دەکرد بە ژێر لێوەوە وهیچ بۆیان گرینگ نەبوو و هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی نەدەدا. یان بۆ نموونە، یەکێک لە ڕەخنەکانیان لە چینی هوردەبورژوا ئەوە بوو؛ کە ئەوان لەسەر کاغەز خۆیان بە مارکسیست و پێشڕەوی گەل و تاکە نوێنەری جووتکار، کرێکار و پرۆلتاریا دەدایە قەڵەم، بەڵام لە کردەوە و هەڵوێستدا نوێنەر و پارێزگاری بەرژەوەندیی دەستەیەک ڕووناکبیری تێکنۆکراتی هوردەبورژوا بوون[60].
نەبەز و هاوبیرانی قوتابخانەی بیری نەتەوەیی، لەو کەسە یەکەمانە بوون کە باسی “مافی دیاریکردنی چارەنووس و بڕیار لە ئازادیدا بۆ ئازادی”یان دەکرد و دواتر لەژێر کاریگەریی ئەواندا لایەنەکانی دیکە باسی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هێنایە گۆڕێ. ڕەنگدانەوەی ئەدەبیاتی سیاسیی کاژیک تەنانەت لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و کەسایەتییە فیکرییەکاندا دەردەکەوێت[61].
نەبەز لە کارەکانیدا بەتایبەت “ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد” مەسەلەی پێوەندارێتی و ئینتمای کوردی لێک دەداتەوە و بۆ یەکەمین جار بەشێوەیەکی زانستی؛ تایبەتمەندییەکانی کوردبوون دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و وڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە کورد کێیە و کوردبوون مانای چییە؟ نەبەز لە ماکەکانی کوردبوون، زمان و بنەچە و ڕچەڵەک و ئایین و کولتور و مێژوو و خاک و … هەتد ناو دەبات بەڵام لەسەر هەمووی ئەمانەوە”هەستی وەکیەکی کورد بوون” بە گرینگتر دەزانێت. ئەو کورد بەو کەسە دەزانێت کە هەستی هاوبەشی هەبێت بە چارەنووسی هاوبەش لەگەڵ کۆمەڵێک مرۆڤی تر کە خۆیان بە کورد دەزانن، جا مومکینە ئەو کەسە زمانی کوردیش نەزانێت کەوایە هەستی خۆ بە کوردزانین لەم ئاراستەدا زۆر گرینگ دەنوێنێت[62].
نەبەز و هاوبیرانی لە یەکەم کەسانێک بوون کە بەشێوەی زانستی ڕەخنەی ڕادیکاڵیان لە دروشمی فریودەری “برایەتیی گەلان” و “برایەتیی ئیسلامی”، کە بەرباسی ئەم کتێبەیە دەگرت. نەبەز دەیگوت کاتێک ئەم نەتەوانە دژی ئازادی و سەربەخۆییی کوردستانن واتە نایانهەوێت کورد وەک ئەوان ئازاد و یەکسان بێت، هەربۆیە لە چەندین شوێن لە کارەکانیدا بەتوندی ڕەخنەی لە دروشمی فریودەری “برایەتی” دەگرت. “بەکورتی ئەوانە دژی ئەوەن کە ئازادیی کورد هێندەی ئازادیی ئەو گەلانە بێت کە کوردستانیان لە خۆیان بەش کردووە. واتە ئەوانە گەلی کورد لە گەلانی تورک، فارس و عەرەب بە کەمتر دەزانن، ئیدی با هەزار و یەکجار باسی “برایەتی” بکەن[63].” کاژیک داگیرکەرانی کوردستان هەموو بە یەک چاو تماشا دەکات، کوردستان بەتەنیا بە موڵکی کورد دەزانێ و ئەبێ کورد هەر خۆی فەرمانڕەوایی کوردستان بکات. لەبەر ئەمە بڕوای بەو برایەتییە درۆزنە نییە کە لە ڕێگەیەوە سەروەت و سامانی کورد بەتاڵان ئەبرێ و لە کەمترین مافی مرۆڤانە بێبەش ئەکرێ. لەبەر ئەمە فەرمانڕەوایی هەموو ناکوردێک بەسەر کوردستاندا بە کارێکی ناشەرعی دەزانێت”[64].
نەبەز هەروەها لە یەکەم کەسانێک بوو کە بیردۆزانە لە دۆخی کورد ڕادەما و چەمکی “کۆلۆنیالیزمی” لە زۆر ڕووەوە بۆ وەسفی دۆخی داگیرکراوی و ژێردەستەیی کورد دەکار دەکرد[65]، “داگیرکەرانی کوردستان، کۆلۆنیالیستن لە تیپێکی تازەدا”[66]. هاوبیرانی کاژیک بەپێچەوانەی بیرۆکەی هوردەبورژوایی کوردەوە پێیان وابوو: ئەمپریالیزم تەنیا ئەمپریالیزمی ڕۆژاوا نییە، بەڵکوو ئەو سیستەمە سەردەستانەی کوردستانیش جۆرێکن لە ئەمپریالیزم واتە ئەمپریالیزمی ڕۆژهەڵاتی[67]. نەبەز و هاوبیرانی “ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان دابەش کردووە؛ بە بێگانەی داگیرکەر دەدایە قەڵەم و ئەمپریالیزمی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی وەکوو یەک بە گوناحبار دەزانی لە ئاستی درووستکردن و پارێزگاریی سنووری دەستکردی ئەو دەوڵەتانەدا”[68]. لە شوێنێکی تردا هەر ئەم ناوەرۆکە ئاوا دەردەبڕێت:” داگیرکەرانی کوردستان لە تورک، فارس و عەرەب هیچ کات نە لە کۆندا و نە لە ئێستەدا لە کۆلۆنیالیستەکان و ئەمپریالیستەکانی ئەورووپا نەچوون و ناچن، بەڵکوو تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، واتە کۆلۆنیالیستن لە چەشنێکی تایبەتی و ئەمپریالیستن لە چەشنێکی تایبەتی و دەبێ بزانرێت ئەم چەشنە تایبەتییە چییە و چۆنە؟”[69]. نەبەز و هاوبیرانی بیری نەتەوەیی، لە کۆتاییی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، “بە دانانی ڕێبازێکی کوردستانیانە، بە بەکارهێنانی دەستەواژەی ناوابەستە بە داگیرکارییەوە، ئازادیی وڵاتیان لە هزری مرۆڤی کورددا چاند. دەستەواژەکانی “باشووری کوردستان”، “باکووری کوردستان”،” ڕۆژهەڵاتی کوردستان” و “ڕۆژئاڤای کوردستان” یەکەم جار لەنێو چاپەمەنی و نووسراوەکانی ئەواندا فراوان بوون؛ وەک دەستەواژەی تازەی سیاسی کە دەربڕی بیرێکی تازە و بیرکردنەوەیەکی تازەبوون سەبارەت بە وڵاتەکەمان”[70].
نەبەز و هاوبیرانی لە مەسەلەناسیی دۆزی کورددا و هەروەها چارەسەریی مەسەلەکە و وێناکردنی تەڤگەری داهاتوو و خستنەڕووی ئاڵتەرناتیڤی پێشکەوتوو بۆ دۆخی باو[71] و ڕەخنە لە چارەسەریی وردەمافی “ئۆتۆنۆمی”[72] و لە ئاستێکی تردا “فیدراڵیزم”… مەعریفەیەکی بەربڵاویان پێشکەش کردووە. ئەوان لەسەر ئەم باوەڕە بوون مەسەلەی کورد:”ناسنامەی نەتەوەیەکی لەتلەتکراوی، نیشتمان دابەشکراوی بێدەوڵەتە”[73]، ناکرێت و ناشێت جگە لە هەوڵدان و کۆششی نەتەوەیی هەمەلایەنەی نێوان کوردییەت[74]، بەبێ پشتبەستن بە کۆمەڵەیەکی گچکەی دیمۆکراسیخوازی ناو نەتەوە سەردەستەکان ، بۆ ڕزگاری و سەربەخۆییی نەتەوەی کورد و لە کوردستانێکی ئازاد و دیمۆکراتیکدا چارەسەر بکرێت[75].” دیارە بە پێچەوانەی سەربەخۆییەوە، ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی هیچیان نابنە هۆی گۆڕینی سنووری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە بنچینەوە. لە باری کۆمەڵایەتیشەوە هیچ گۆڕانێکی ئەرێنی ئابووری لە پێوەندی نێوان چین و توێکەکانی کۆمەڵگە بەدی ناکرێ، بۆیە ئەم بزووتنەوانە بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستن…”[76].
ئەوان هەڵوەدای کوردستانێکی ئازاد و یەکسان بوون و دژی هەر جۆرە چینایەتی و سوڵتەیەک بوون، چ چینایەتیی ئابووریی و چ چینایەتیی تیکنۆکرات و ڕۆشنبیری و ئەلیتێری. هەروەها دژی هەرجۆرە سوڵتەیەک بوون کە ڕێگر بێت لەبەردەم سازدانی کۆمەڵگەی هاوئاهەنگ، ئازاد و یەکساندا. بەم شێوەیە بەپێچەوانەی مارکسیزمی کلاسیک دژی سوڵتەی پرۆلتاریاش بوون.”سۆسیالیزم بە سیستەمی تۆتالیتەری چینی کرێکار بەدی نایەت، بەڵکوو بە ئازادی و پەروەردەی مرۆڤایەتی دێتە دی”[77]. وێنای ئەوان کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان بوو بە حوکمرانییەکی سکۆلار و بە ڕەچاوکردنی جیددی مافی ژنان، مافی کەمینەکان، مافی ئایینی و…؛ لە نموونەی مافی ژناندا پڕۆژەی گۆڕینخواز و پێشکەوتووییخوازی جەمال نەبەز و هاوبیرانی، گرینگایەتییەکی کەموێنەیان دەدا بە پرسی ژنان. “ڕەوتی گۆڕین دەبێ مافی ئازادی و یەکسانیی ژنان بکاتە سەردەستەی داخوازییەکانی خۆی[78]“.
بە گشتی نەبەز و هاوبیرانی تەنیا بە ڕەخنە لە دۆخی باو و نەفی و نەرێکردنی سەردەستان کیفایەتیان نەدەکرد؛ بەڵکوو پڕۆژەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەریشیان بۆ وێناکردنی تەڤگەری داهاتوو دەخستە ڕوو کە بتوانێت ئازادی و یەکسانی لەنێو کوردستاندا بێنێتە دی و پاشان ئازادی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگەی گەورەی ئادەمزاد دەستەبەر بکات[79]. ئەم پڕۆژە بنیاتنەرە نایهەوێت ئەزموونی شکستخواردووی هەندێک لە دەوڵەتە ناسیۆنالیستە چەوسێنەرەکان دووپات بکاتەوە بەڵکوو” بە پێچەوانەی زۆربەی بیرە ناسیۆنالیستییە چەوسێنەرەکان لە گەلێک لە وڵاتانی گەشەنەکردوو و ژێردەستە و کۆلۆنی دونیای سێهەم و چوارەم، بیری نەتەوایەتی بیر و ڕێبازێکە بۆ ڕزگارکردن و ئازادکردنی نەتەوەکان لە کۆتی دیلییەتی ئیمپریالیزم و فیۆدالیزم و کەپیتالیزمە چاوچنۆکەکان”[80].
هەروەها لە ئاراستەیەکی تردا دەتوانین بڵێین: به خوێندنهوهی پڕۆژهی فیکریی نهبهز، مرۆڤی کورد ”لاق لهسهر زهمینی سفت و پتهوی خۆھۆشیاریی نهتهوهیی“ دادهنێت. میتافۆری ”زهمینی سفت[81]“ له بەرانبەر ”زهریا“دایه که زهریا بزۆک و بجووڵ و لهرزۆکه و ئهملاوئهولا زۆر دهکات و ھیچ شتێکی لهسهر بهند ناکرێت. بهڵام زهمینی سفت و ژێرخانی پتهو دهکرێت لهسهری ڕابوەستین و بناغهی ھهر جۆره خانوویهکی لهسهر دابنرێت. بهپێچهوانهوه، لهسهر زهریا خانوو ساز ناکرێت. بهرھهمهکانی جهمال نهبهز زهوی و ژێرخانێکی سفت و قایمی مهعریفی بۆ خوێنهری کورد ساز دهکهن که له گێژاوی لهخۆنامۆیی و ناھۆشیاری و خۆبهکهمزانین و قهتیسمان له زیندانی تێگه و چهمکی ساختهیی ئهوانیتری سهردهست و ھهروهھا خۆھهڵواستن بهوانهوه ڕزگاری دهبێت. نهبهز به جیھان-زهینێکی بهربهرینەوە، سهرهڕای ھهوڵ بۆ سازدانی خانوویهکی خۆھۆشیاریی نهتهوهیی و ھهڵوهشاندنهوهی چوارچێوهی مهعریفیی ئهویدیکهی کورد، ئهویترناسییهکی چڕوپڕیش دێنێته ئاراوه. واته نهبهز به جۆرێک قوتابخانهیهکی کوردییه و ئهو خانووه ساختهیییانهی پێش به سهربهخۆییی مرۆڤی کورد و سهربهخۆییی کوردستان دهگرن، وهبهر تێخی ڕهخنهی زانستییانه و بابهتیانه و بوێرانه دهدات[82]. نهبهز بیرمهندێکی ھۆشیاره بهئاگایی نهخۆش و شکاوە[83] و لەتوپەتکراوی کورد و ژیانی ھزریی خۆی بۆ ڕهخنه لهو پاڕادایمه فیکری و سیاسییانه تهرخان کردووه که بوونهته ھۆی ئهو نەخۆشییە گهوره و ئهو کۆیلایهتییهی له ئاستی ئهندێشهی کوردیدا ھاتووەته دی. نهبهز لهم سهد ساڵهی دواییدا که مهسهلهی کورد لهنێو ململانێی ھێزگهلی جۆراوجۆر و له ھاوڕێژی لهگهڵ ھهلومهرجی نائاسایی و دهگمهن و ئاوارتهی کوردستاندا فۆرمڕێژ کراوه، ئیمکانێکه بۆ دهربازبوون لهو ئاگایییه تێکشکاو و موسلهکراوهی که له خاچی تیۆر و کردهی نهتهوه داگیرکهرەکانی کوردستان و بهردهفڕکێیی بژێوخوازانهی حیزبایهتیی ناوخۆ دراوه. پڕۆژهی فیکریی نهبهز لهنێو ململانێی ئهم ھهمووه ھێز و دهسهڵاتانهی که جهستهی مرۆڤی کوردییان گهمارۆ داوه، دهتوانێت ئیمکانێکی بهرخۆدان و بهرگری زۆر جیددی بێت که بهردهبازی له خۆڕامانێکی حهقیقی و ڕۆشنگهرانه ساز بکات. پڕۆژهی ئهو ھێزێکی مهعریفییه که لە ململانێی ھێزەکاندا دهتوانێت جهستهی شهلوپهلکراوی سابجێکتی کوردی تاڕادهیهک وهخۆ بێنێتهوه و ھۆشیاری بکاتهوه لەوەی که: کورد چییه؟ کورد کێیه؟ کورد چی دهوێت[84] و له چ دۆخێکدایه؟ بەگشتی “لەنێو پەرتووکەکانی نەبەزدا خۆت وەک نەتەوە و کوردستانت وەک وڵات دەدۆزییەوە[85]“. بە گشتی لە ئاسەواری ئەم قوتابخانە فیکرییە نەتەوەییەدا بە تایبەت لە میراتی فیکریی نەبەزدا، ئیتر ئیزن نادرێت، ئەوانی دیکە بڕیار لەسەر ئەندێشە و چارەنووسی مرۆڤی کورد بدەن. “ئەوانی دیکە هاتن، دیتیان، ناویان لێنا و بانگەشەیان لەسەر کرد”[86]. ئەندێشەی نەتەوەیی ئەم قوتابخانە فیکرییە ڕێبەند لەوە دەکات ئەوانی دیکە ناو بنێن لە کوردستان و بانگەشەی لەسەر بکەن و کورد بکەنە سووژەی ملکەجی خۆیان.
نەبەز لەپەیوەند بە باسی تیۆریزەکردنی تایبەتمەندی فەرهەنگی-ئایینی کوردەوە، چەمکاندنێکی نوێ دێنێتە ئاراوە و دەڵێت ئەو تایبەتکارییە فەرهەنگییە ئایینییەیە کە بووەتە هۆی مانەوەی کورد وێرای دۆخی ژێردەستەیی و سەرکوت و ئاسیمیلاسیۆن. ئەو باس لەوە دەکات فەرهەنگی کوردی تایبەتمەندی سینکریتیستی(Syncretistic) هەیە، تەرکیبێک لە جۆراوجۆری و فرەڕەنگی و فرەچەشنی. سەمفۆنییەکی پلۆرالیستی و هەمەجۆر، کە ئەو بەشە فرەچەشن و فرەجۆرانە پێکەوە لەگەڵ یەک لەسەر بنەمای سینکرتیزم یەک دەگرن[87]. مەبەست لە وشەی سینکریتیزم ( Syncretism) لە بواری ئایینیدا یەکیەتیی نێوان تێگەیشتنە ئیلاهیاتییە جیاوازەکان و توخمە ئایینییە یەکدژەکان بۆ خەمڵاندنی یەکەیەکی عەقیدەتی نوێیە. ئەم یەکە نوێیە بەتەواوی جیاوازە لە ئایینە تێکەڵاوەکان. “من ئایینی سینکریتیستی دەشوبهێنم بە دەستەگوڵێک، هەر گوڵێک لەگەڵ گوڵەکەی دیکە لە ڕەنگ و شێوەدا جیاوازە. بەڵام ئەم گوڵە لەگەڵ گوڵەکانی دیکەدا یەکانگیری ساز دەکەن و هەر یەکە و بە تاقی تەنیا خۆی ناتوانێت ئەو پێکهاتە بخەمڵێنێت. هەروەها دەتوانم ئەم پێکهاتەیە بشووبهێنم بە سەمفۆنیایەکی موسیقا. لە سەمفۆنیادا هەموو ژەنیارەکان بەشدارن و ئامێری مۆسیقای جۆراوجۆ دەژەنرێت کە لە هەر کام لەوانەوە دەنگێک دێتە دەرەوە کە لەوانی دیکە جیاوازە. مرۆڤ دەتوانێت هەر کات بیهەوێت ئەو دەنگە جیاوازانە بناسێت. ئەم دەنگانە سەرجەم بە کۆ، یەکەیەکی نوێ ساز دەکەن کە قەتعەیەکی مۆسیقایی تەواوە و تەنیا دەنگی یەکێک لەو ئامێرانە نییە و دەنگی هەموویان بە شێوەی یەکانگیر دەبیسرێت. لێرەدا مەبەستمان لە سینکریتیزم یەکگرتنی توخمە ئایینییە جیاوازەکانە، کە دەگەڕێنەوە بۆ بیروباوەڕی ئایینیی جیاواز لەگەڵ یەکتر و پێکهێنانی یەکێتییەکی باوەڕمەندانەی نوێ. ئەم جۆرە یەکێتییە جیاوازە لە پرۆسەی تێکەڵکردن و تێکچڕژان. لە پرۆسەی تێکەڵکردن و تێکچڕژاندا توخمە جیاوازەکان تەجزیە دەبنەوە و لە یەکتردا دەتوێنەوە. لە یەکێتیی سینکریتیکدا توخمە یەکگرتووەکان وەک خۆیان دەمێننەوە، بەڵام بەگشتی یەکینەیەکی نوێ دەنوێننەوە کە بەتەواوی جیاوازە لە هەریەک لەو توخمانەی کە ئەو یەکێتییەی پێک هێناوە. لەم ئایینە سینکریتیانەدا کە زێدی ڕەسەنیان تا ئێستا خاکی کوردستانە، توخمەکانی بیروباوەڕی میترایی، پیرۆزکردنی ڕووناکی، زەردەشتی، بنەمای چاکە و خراپە وەک بنەمای ئافراندن، سیانەکانی ژیان: ئەندێشەی چاک، قسەی چاک و کاری چاک دەبینین و مانەوی: ڕووناکی واتە ڕۆح، و تاریکی واتە ماددە، یەکەمیان بە ئاراستەی ئاسمان و دووەمیان بە ئاراستەی زەوی، و تێگەکانی میزۆپۆتامیا لە ڕووی دۆنادۆنی ڕۆحەوە ئەم توخمانە لەگەڵ یەکتردا کۆ دەبنەوە و ئایینی نوێ و یەکگرتوو و تەواو ساز دەکەن. تێگەیشتن لەم ئایینانە ئەستەمە مەگەر ئەوەی وەک کۆیەک لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت کە خاوەنی تایبەتمەندیی جیاوازە”[88].
ئەمانە لەلایەک، لایەکی تر دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە نەبەز لەو دەگمەن نووسەرە کوردانەیە کە جگە لەوەی زاڵیەتییەکی تایبەتی بەسەر دۆخی کورد لە سەردەمی مۆدێرندا هەیە و کەلێن و قوژبنەکانی ئەم سەردەمە بەوردی دەناسێت[89]، ئاشنایییەکی قووڵیشی لەسەر فەرهەنگی عەرەبی-ئیسلامی[90] و لقوپۆکانی و دۆخی کورد لەو سەردەمانەشدا هەیە. ئەم ڕووبەرە مەعریفییە لەم کتێبەدا بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت. هەروەها وەک کاری ئاکادیمی؛ لە بواری خوێندنەوە ئێرانناسییەکاندا دەستێکی باڵای هەبووە و لە یەکەم کەسانی بواری ڕەخنە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی، بەتایبەت لە پەیوەند بە مەسەلەی کوردەوە بووە[91]. جا هەمووی ئەو خەزێنە مەعریفەتییە و زاڵییەتی بەسەر چەندین زماندا؛ تێکڕا خستوویەتە گەڕ بۆ خزمەتی پرۆژەی نەتەوەییی کوردی، بەشێوەیەک کە هەم خوێنەرە پسپۆڕ و ئاکادیمیستە شارەزاکان دەتوانن لەم خەزێنە مەعریفییە کەڵک وەربگرن، هەم خوێنەری گشتیش بە بۆنەی زمانی ڕەوانی نووسینییەکانیەوە دەتوانێت بەڕادەی پێویست توونیایەتیی مەعریفیی خۆی لەم ئاسەوارەدا بشکێنێت. ڕێک ئەم تایبەتمەندییە لەم کتێبەشدا هەیە و هەم پسپۆڕان و ئاکادیمیستەکان بۆیان دەردەکەوێ کە باسی زۆر تایبەتی پێیە، هەم زەینی گشتیی جەماوەری خەڵکی کوردستانیش دەتوانێت ئەو پرسە گرینگانەی کە ئێستەیشی لەگەڵدا بێت لە ژیانی ڕۆژانەیدا دەستەویەخەیە لەگەڵی، تا ئاستێک ئەگەر نەڵێم وڵامی بۆ دەدۆزێتەوە، لانیکەم دەتوانم بڵێم باشتر ڕوون و پرۆبڵماتیزەی بکات.
لەم پێشەکییەدا ناشێت هەموو لایەنە مەعریفییەکانی ئەندێشەی نەبەز و هەروەها ڕەخنەکانی خۆم لەسەر ئەندێشەی هاوبیرانی کاژیک و بەتایبەت ئاسەواری جەمال نەبەز باس بکەم[92]، تەنیا بۆ کردنەوەی باسەکە و ڕەخساندنی بەستێنێکی لەبار بۆ ڕۆچوون لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە و ڕوونبوونەوەی زیاتری بابەتەکە و ناساندنی چوارچێوەی ئەندێشەی نەبەز؛ هەندێک شەنوکەوکردنی ئەم باسانەم بە پێویست زانی.
نەبەز وەک بیرمەندێکی فرەڕەهەندی فرەزمان، هەوڵی داوە مەسەلەی کورد بە جیهانی ڕۆژاوا و هەروەها بە جیهانی عەرەبی-ئیسلامیش بناسێنێت، بۆیە ئەندێشەکانی بە چەندین زمان پێشکەش کردووە[93]. لەنێو ئاسەوارەکانیدا چەند کاری بە زمانی عەرەبی بڵاو کردووەتەوە. ئەم کتێبەی بەردەست، سەمینارێکی تۆمارکراوە و بۆ بەردەنگی جیهانی عەرەبی-ئیسلامی وتراوە و دواتر کراوە بە کتێب. بەڵام خوێندنەوەی بۆ مرۆڤی کوردیش زۆر پێویستە، چونکە هێشتا مەسەلەی کورد و جیهانی ئیسلام نەک تەنیا یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵکوو تەنانەت لە ئاستی ئاشنایی و ناساندنیشدا بەباشی نەناسراوە. هیوامە هەم ئەم پێشەکییە و هەم وردەکاریی نێو کتێبەکە تیشکێکی زانستی بخاتە سەر ئەم باسە گرینگە و چەند گڵۆپێکی توێژینەوە بۆ توێژەرانی ئەم بوارە ڕۆشن بکات.
وێنە: هێمن قارەمانی, ۲۰۲۳
پەراوێزەکان
[1]. مەبەست لە چەمکی “کوردستانئەندێشی” ڕامانە لەسەر کوردستان و بۆ کوردستان، بە مەبەستی ئەوەی کوردستان لە “هەڵپەسێردراوی”( Suspension) بێتە دەر و بەپێی پێداویستییەکانی زەمینە و زەمانەی مۆدێرن و پێویستییەکانی چرکەساتی “ئێستە و ئێرە” لێک بدرێتەوە. لە توێژینەوەکانی داهاتوودا زیاتر چەمکی کوردستانئەندێشی وەک ژئۆفەلسەفەیەک و ئیلزاماتی تیۆریکی ئەم بوارە شی دەکەینەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەوەی کە جەمال نەبەزم وەک تایپێکی سەرچەشنی چەمکی “کوردستانئەندێشی” وەسف کرد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جەمال نەبەز بە ڕاشکاوی توێژینەوەیەک بە درووست و ڕەسەن و باوەڕپێکراو دەزانێت کە خاڵی دەستپێک و لێوەدەرچوونی، کوردستان وەک “کۆمەڵگەیەکی ئیتنیی ناسیۆنال” بێت و لەوێوە بچیتە نێو بابەتی گشتگیری هەمەکی و گەردوونییەوە. بەم پێیە میتۆدی ڕەسەن و بیری ڕەسەن لە ڕوانگەی نەبەزەوە ئەوەیە کە میتۆدێکی زانستی ڕەچاو بکات، میتۆدی زانستیش ئەوەیە، بابەتیانە بێت و میتۆدی بابەتیانەش ئەوەیە کە هەڵقوڵاوی واقیعی ژیانیی ئەو کۆمەڵگە ئەتنییە و پێداویستیی ئەو شوێن-کاتە تایبەتە بێت و دوورییە ژیارییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لەبەرچاو بگرێت. کوردستانئەندێشی بازدان بەسەر واقیعی زاڵ و دۆخی هەنووکەدا نییە و نایهەوێت بکەوێتە داوی ئایدیالباوەڕی و ئارەزووئەندێشی؛ بەڵکوو لە چوارچێوەی سنوورمەندییەکانی موناسەباتی هێزدا دەیهەوێت کوردستان لە هەڵپەسێردراوی ڕزگار بکات و لە ئاستی توانا و لە کاتی درز و بۆشایییەکاندا هەوڵی کوردستانباوەڕانەی خۆی بخاتە گەڕ. لە داهاتوودا زیاتر ئەم مژارانە وەردوشەن دەدەین. ئەوندەی بۆ ئێرە بەسە کە دەتوانین جەمال نەبەز و هاوبیرانی قوتابخانەی بیری نەتەوەییی کوردی وەک سەرچەشنێکی کوردستانئەندێشی بناسێنین. لە داهاتوودا چەمکی کوردستانئنەدێشی کە دەکرێت وەک پارادایمێک بە کۆمەڵێ پێشگریمانە و میتۆدۆلۆژیەوە لێک بدرێتەوە زیاتر شەنوکەو دەکەین.
[2]. وەرگێڕانی کتێبی “سەبارەت بە کێشەی کورد”مان لە ساڵی 2023 بڵاو کردەوە و لەوێدا پێشەکییەکی کورتم بۆ ناساندنی ئەندێشەی جەمال نەبەز نووسیبوو. بەڵام لەم پێشەکییەدا هەوڵم داوە لە چوارچێوەیەکی تیۆری و چەمکیدا، کۆی بەربەرینی ئەندێشەی نەبەز و هاوبیرانی کاژیک، بە تێروتەسەلی شیکاری بکەم.
[3]. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ناسیۆنالیزم وەک پارادایم؛ خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کتێبە بەناوبانگەکەی مایکێل بیلیگ بەم ناونیشانە:
.Billig, Michael, 1995. Banal Nationalism, London and Thousand Oaks,CA: Sage
[4] . ناسیۆنالیزەکردن (Nationalization) و ئیتاتیزەکردن(Etatization)کە لە ڕیشەی Stateوە دێت بە مانای بە دەوڵەتیکردن و بە نەتەوەیی کردنە، واتە ئەندێشە و ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکان لەوانە ئایدیۆلۆژیا دینییەکان، ناسیۆنالیزە و ئیتاتیزە دەکرێن و لەنێو ئەو بازنەدا و تەنانەت بەپێی بەرژەوەندییە ناسیۆنالەکان دەخوێنرێنەوە و ڕاڤە دەکرێن. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم ڕوانگە تیۆریکە، بڕوانە کتێبی “ناسیۆنالیزم و بێدەوڵەتی” کۆمەڵەوتار، وەرگێران لە ئینگلیزی و عەرەبییەوە: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور، بەتایبەت وتاری “ئایین و ناسیۆنالیزم: چوار ڕەهەند”، نووسینی ڕۆجێرس برۆبەیکێر، ل: 29تا60.
[5]. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم ڕوانگەیە، بڕوانە کتێبی “ناسیۆنالیزم و بێدەوڵەتی” کۆمەڵەوتار، بەتایبەت وتاری “ناسیۆنالیزمی هەرڕۆژەیی”،2025،ل 170تا 174.
[6] .Self Defining and Self Referential
[7] . بە بۆچوونی من ئەگەر قایل بین بەو تێزەی کە مۆدێرنیتەی جۆراوجۆرمان هەیە، ئەوا پڕۆژەی “کورد و مۆدێرنیتە” یان “مۆدێرنیتەی کوردی” و وێناکردنی تایبەتمەندی و موختەساتی گۆڕانکارییە ماتریالیتی و مێنتالیتییەکانی( ماددی و زەینییەکانی) و هەروەها گەڕان بەدوای قۆناغە جۆراوجۆرەکانی، لەوانە بۆ نموونە؛ سەرهەڵدانی قۆتابخانەی ڕۆشەنگەری(تەنویر) لە فیکر و ئەدەبی کوردیدا و … هتد، شایانی توێژینەوەیەکی بەربەرینە. چونکە ئەم بابەتە لەو باسە گرینگانەیە کە هێشتا بە تێروتەسەلی ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە. ئەم بابەتە پرۆژەیەکی زانستیی هەمەلایەنەی دەوێت کە بتوانێت مۆدێرنیتەی کوردی وێنا بکاتەوە و ئاراستەکانی هەڵبداتەوە. وەکوو خوێندنەوە، چەندین ساڵە لەسەری دەخوێنمەوە، بەڵام هێشتا وەک نووسینی جیددی نەمتوانیوە دەست بدەمە نووسین لەسەری، چونکە وردەکاریی هێندە زۆرە کە وادەزانم جارێ خوێندنەوەی یەکجار زۆرتری پێویستە. هۆکاری سەرەکیی ئەم پەلەنەکردنە بۆ نووسین لەسەر ئەم مەژارە گرینگە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێشینەی توێژینەوە لەم بارەوە یەکجار کەمە و زۆربەی توێژەرەکان فۆکۆسیان خستووەتە سەر کۆتایییەکانی عوسمانی و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم، لە کاتێکدا بە بۆچوونی من توێژینەوە لەسەر ناسیۆنالیزم بەبێ گونجاندنی ئەم باسە لەنێو توێژینەوە لە مۆدێرنیتە و ڕۆشەنگەری و ئاقارەکانی، کە سەرەداوەکانی ئەو مۆدێرنیتەیە پێشتر وەدەرکەوتووە، کارێکی ناتەواوە. هەربۆیە خوێندنەوەیەکی چڕ و هەمەلایەنەی بەبێ پەلەوپەلەکاری و بەبێ هەوڵ بۆ ڕکابەرایەتیی خۆ بە یەکەم کردنی پێویستە. چونکە باسەکە و لقوپۆپە جۆراوجۆرەکانی، خوێندنەوە و تێڕامانی بە سەبرێکی ئەیووبئاسا دەخوازێت. لەم بەستێنەدا کەسانێکی دیکەش هەنگاویان هەڵێناوە کە دەتوانین ئاماژە بکەین بە وتاری ” ئەزموونی کورد لە مۆدێرنیتی لە دۆخی دابڕاندا” لە نووسینی محەمەد حەقمورادی، یان کتێبی “کورد و مۆدێرنیتی” هەرێم عوسمان. لە کارەکانی داهاتوودا زیاتر ئەم مژارانە شی دەکەینەوە.
[8] . پڕڕوونە کە تایپۆلۆژیی جۆراوجۆر هەیە بۆ ناسیۆنالیزم، و ناسیۆنالیزمی کوردی وەکوو ناسیۆنالیزمێ کە لە پێگەی بەرخۆداندایە، جیاوازە لە ناسیۆنالیزمی نەتەوە سەردەستەکان کە لە پێگەی دەسەڵاتدان. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر تایپۆلۆژی و فۆرمە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیزم خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کتێبی:
-The Ethics of Nationalism,2001, Margaret Moor,Oxford University Press, p:4
-هەروەها عەتا قەرەداخی لە پڕۆژەی “گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی”، بەرگی چوارەمی تەرخان کردووە بە شرۆڤەی ناسیۆنالیزمە
جۆراوجۆرەکان. لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ، چاپی یەکەم ، سلێمانی، 2021.
[9] . بڕوانە کتێبی “بیری نەتەوەیی کوردی…”، جەمال نەبەز، بڵاوکردنەوەی کوردنامە، 2002: ل120.
[10] . بڕوانە کتێبی”ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد، جەمال نەبەز، چاپی دووهەم، بڵاوکراوەی کتێبفرۆشی سۆران، هەولێر، ل 116.
[11] . بۆ خوێندنەوەی چڕوپڕتر لەسەر ئەم باسە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ:
-هەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی سۆسیالیزمی کوردی، جەمال نەبەز،چاپی دووهەم، 2001.
– Frgile Solidarity: The Iranian Left and the Kurdish National Question in 1979 Revolution, Rasmus C.ELLing and Jahangir Mahmoudi, 2024
هەروەها ئیسماعیل بازیار و عەباسی وەلی لە کارەکانییاندا مەسەلەی کورد و ئەندێشەی چەپی بە تایبەت مشتومڕی سووژەی نەتەوەیی و چینایەتیان لای هەندێک لە بزاڤ و حیزبە سیاسییەکان شەنوکەو کردووە.
نەبەزیش لە هەندێک لە ئاسەواریدا بە وردی هەڵوێستی پارت و کۆمەڵە چەپییەکانی وڵاتە داگیرکەرەکان و دیکەی پارتەکان لەسەر مەسەلەی کورد شەنوکەو دەکات.خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی “کوردستان و شۆرشەکەی”، زنجیرە گوتارێکە بە زمانی ئاڵمانی، بڵاوکراوەی نۆکسە لە ساڵی 1972، وەرگیڕان بۆ کوردی: کوردۆ، 1985، ل 18تا 20. هەروەها بەشی یەکەمی کتێبی “سەبارەت بە کێشەی کورد”.
[12] . نیشان بەو نیشانە کە ئەم تاقمە، بێ هێچ دڕدۆنگی و نیشانەی پرسیارێک لەنێو پارادایمی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا دەجووڵێنەوە و “زمانی فاخری فارسی” بگرە لە فارسان باشتر دەکار دەکەن و لە ئیمتیازاتی کار و وەرگێڕان لەو بازنەدا بەهرەمەندن. لێرەدا جێگەی ئەوە نییە بەوردی پارادۆکسەکانی ئەم تاقمە بخەینە بەرباس و ڕەخنەکارییەوە، تەنیا ئەوندە بەسە؛ گەر زمان شتێکی گرێبەستی نێوان مرۆڤەکانە، دەخۆ زمانی فارسیش هەر وایە، ئەدی گەر نووقمبوون لە پارادایمی زاڵی ئێرانیدا نەبێت، چۆنە دەکارکردنی زمانی ژارگۆنی فارسی بۆیان وەک وەحیی مونزەل وایە، بەڵام هەر نازانن دەقێک بە زمانی کوردی بخوێننەوە!. ئیتر ئەم باسە بمێنێت کە “فتشیزمی تیۆر و تێگەکان” کە خۆیان هەڵقوڵاوی واقیعێکی تایبەتن، وای لێ کردوون کە لە شیکاریی دۆخی باو و مەیدانی ململانێی هێزەکاندا، دۆش دابمێنن و قسەیەکی ئەوتۆیان پێ نەبێت. بەڵام ئەم لاوازییە لە شیکاری و گۆڕانی دۆخی زاڵدا، بە گەشبینییەکی سادەئەندێشانە لە سەودای گۆڕانی جیهاندا قەرەبوو دەکەنەوە، بەڵام لە کۆتاییدا گیرۆدەی مۆدەیەکی فیکرین کە لەلایەک بەقووڵی بارگاوییە بە زەمینی کایەی ئێرانییەتەوە و لەلایەکی دیکەوە لە پێگەی کرداریدا هیچ توانایەکی گەردوونی نییە؛ و بەپێچەوانەی ڕواڵەتی ڕادیکاڵی، زگپڕە بە زمان و زەین و زەمین و زەمانی نەتەوەی باڵادەستەوە، چونکە واقیعی هەنووکە هەڵدەپەسێرێت، نەک تەنیا ڕادیکاڵ و پێشکەوتوو نییە بەڵکوو بگرە لە هەندێک حاڵەتدا پارێزەر و ڕاگری دۆخی زاڵی پاشڤەڕۆکخوازە. ڕەخنەی زۆر زیاتر لەم بوارەدا هەیە کە دایدەنێین بۆ دەرفەتێکی تایبەت.
[13] .”Family Resemblance” وێکچوویی بنەماڵەیی چەمکی ڤیتگنشتاینە، بۆ دەرخستنی وێکچوویی نێوان دیاردەکان بەبێ کەوتنە ناو داوی جەوهەرخوازی( Essentialism).
[14] . بۆ ئاشنایی زیاتر لەسەر چەمکی “ناسیۆنالیزمی میتۆدۆلۆژیک” خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە:
Methodological nationalism and beyond: nation-state building, migration and the social scince. Andreas Wimmer And Nina Glick Schiller, 2002
[15] . بڕوانە کتێبی “بیری زانستانە…”، جەمال نەبەز، 1987، ل3.
[16] . شایانی ئاماژەیە کە ڕوانگەی کوردستانئەندێشانە، ڕەخنە لە ئەم شێوە لە پێناسەی کۆمەڵگە و ئەم یەکەی شیکارییە دەگرێت کە هاوتا و هاوسانە لەگەڵ سنووری ناسیۆنالیزمی سەردەست و پێی وایە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵپەساردنی کوردستان قبووڵکردنی ئەو ڕوانگانە و بەپێوەرگرتنی ئەم یەکە شیکارییانەیە.
[17] . کاژیک کورتکراوەی “کۆمەڵی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتیی کورده”. ئەم کۆمەڵەیە ساڵی 1956 لە سلێمانی دامەزرا کە دەیانویست لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی، کار بۆ مەسەلەی کورد بکەن. جەمال نەبەز نووسەری ئەم کتێبە خۆی یەکێک لە حەوت کەسی دامەزرێنەری کاژیک بووە. دامەزرێنەرانی کاژیک کە بە “حەوتەوانەی بیری نەتەوەیی” دەناسرێن: جەمال نەبەز، کامیل ژیر، ئەحمەد هەردی، ئیحسان فوئاد، عەبدوڵڵا جەوهەر، فەرەیدوون عەلی ئەمین، فایەق عارف بوون. کەسانی سەر بەم کۆمەڵەیە بە “هاوبیر” ناوزەد دەکران. دروشمی سەرەکییان “کوردستان بۆ کورد” واتە سەروەریی نەتەوەی کورد بەسەر کوردستان و “یەکسانی بۆ گەل” واتە گۆڕینی کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆمەڵگەیەکی نایەکسانی ئاخا و مسکێنەوە، بۆ هاونیشتمانییەکی یەکسان لە دەسەڵاتدا. ئەنجامی هاوبیریی ئەم حەوت کەسە مانیفیستێکی لێکەوتەوە کە بەرهەمی بیری هەموویان بوو بە ناو “کاژیکنامە”. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم کۆمەڵە و ڕوانگەکانیان، خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی”کاژیک 1959 پێشخان و پاشخانەکانی، کۆبەرهەمی ژمارە 13″، سلێمانی، 2015، بە تایبەت ل 2تا10.
[18] . ئەم بەرە نەتەوەیییە لای خەڵک بە “ڕێبازی سێیەم” دەناسرا، چونکە نە لەگەڵ پارتی بوون نە لەگەڵ کۆمۆنیستەکان( بڕوانە ” سەرچاوەی پێشوو، ل 2).
[19]. بۆ ئاشناییی زیاتر لەگەڵ ڕاڤەی ئەوان لە چەمکی ئازادی و یەکسانی و دەسەڵات و … هتد، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتاری “ئازادی و دەسەڵات” لە کتێبی “هەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردی سۆسیالیزم”، چاپی دووهەم، 2001، لل22 تا 32.
[20]. هەمان سەرچاوە،ل 58.
[21]. بڕوانە کتێبی “بیری نەتەوەیی کوردی…”ل: 158-159.
[22] . شیاوی ئاماژەیە کە لەم سوێنگە نیگاوە ئەو ڕەخنانەی کە توێژەرێک وەک کامران مەتین دەیگرێت لە بووچوونی پاش کۆلۆنیالیستەکان کە ڕەنگە تووشی خۆجێیی باوەڕی بن و بابەتی جیهانداگر و یونیڤرسال ڕەچاو نەکەن، لەم قوتابخانە فیکرییەدا چارەسەر دەکرێت، بەڵام لە بابەتی بەشەکییەوە واتە بابەتی کوردستانییەوە دەچنە نێو بابەتی یونیڤرسال. بۆ خوێندنەوە لەسەر ڕەخنەکانی مەتین لەم بارەوە بڕوانە وتاری:
“Redeeming the universal: postcolonialism and the inner life of Eurocentrism”, European Journal of International Relaions.19(2), 353-377
[23] .Decolonizing Methodologies.
[24] . Remaking History.
[25].Derivative GeoPhilosophy .
[26] . لەم بارەوە خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە وتاری:
– Menatti, L. (n.d.). Geophilosophy: A new approach to the study of nature and landscape.p:2-3
[27] . بگەڕێوە بۆ کتێبی “کوردستان و شۆڕشەکەی”، ل 236.
[28] . بڕوانە کتێبی “هەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردی سۆسیالیزم”، ل 46.
[29] . هەمان سەرچاوە، ل47.
[30] . بڕواننە کتێبی “کاژیک 1959 پێشخان و پاشخانەکانی”، ل 100.
[31] . نەبەز لە زۆربەی کارەکانیدا ئەم ڕوانینەی شی کردۆتەوە. بۆ نموونە:
The kurds;History and Culture, First published in German in 1997, First publication in English, Translated into English by: Hanne Kuchler, WKA Publications – London.P: 73
[32] . بڕوانە کتێبی ” کوردستان و شۆڕشەکەی”، ل 234.
[33] . هەمان سەرچاوە، ل 236.
[34] .Poletical-Epestimic Reclamation
[35] .Indegenous Studies.
[36]. خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ:
.Smith, L. T. (2012). Decolonizing methodologies: Research and Indigenous peoples (2nd ed.). Zed Books. p: 42
[37].Biopoletic.
[38] .Effective History.
[39] . Kevin B. Anderson Marx at the Margins,On Nationalism,Ethnicity, And Non-Western Societies, The University of Chicago Press C h i c ag o & L o n d o n, 2010,P: 1
[40].هەر لەبابەت ئەم باسەوە، نەبەز پێکهاتەشکێنیی ئەو ئایدیایە دەکات کە چۆن ستالین لەو شوێنکاتەدا، “ئابووریی نێوکۆیی” بە ماکی سەرەکی بۆ پێناسەی نەتەوە دەناسێنێت. نەبەز دەڵێت ستالین بە دانانی “ئابووریی نێوکۆیی” بە ماکی سەرەکی بۆ نەتەوەبوون، فرەیەک لە نەتەوەکانی ژێردەستەی خۆیانی لە ئیدعای نەتەوەبوون دەخست. ئەو دەڵێت “ئابووریی هاوبەش” بە دەوڵەت ساز دەکرێت. بەکورتی هیپۆتێزەکەی ستالین هەر ڕەئیی زانستکارە بۆرژواکانە کە نەتەوەی بێدەوڵەتیان بە نەتەوە نەدەزانی. بەڵام ئەمەی ستالین هەر ئەوەی ئەوانە بەڵام کەمێک بەئەدەبانەتر نووسراوە، کە لەوێدا بە ئاشکرا ناوی دەوڵەت نابا، بەڵکوو بە پێچوپەنا ناوی دەبا، ئەگینا پڕروونە کە دەوڵەت ئابووریی هاوبەش ساز دەکات. “چونکە خۆشیان ئەزانن ئەگەر ناوی دەوڵەت بەرن و بیکەن بە مەرج بۆ نەتەوە، دیارە ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان نییە بە جارێک لێیان زیز ئەبن… چونکە یەکیەتیی سۆڤیەت بە دەیان نەتەوەی بێدەوڵەتی تێدایە، خۆ ئەگەر بێت و هەر یەکەیان دەوڵەتێکی سەربەخۆیان بدەنێ ئەوا ڕووسیا دەستی لەبن هەمانەکە دەرئەچێ”.( بڕوانە کتێبی ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد، ل 123-124). لەم نموونەشدا ڕێک کۆدەقبەندی و مێژوومەندی ئایدیاکانی ستالینمان بۆ دەردەکەوێت کە زەمانێک لە ئاڵقە ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان لای هەندێ کەس بە پێغەمبەری ڕۆشنبیری ئەژمار دەکرا.
[41].هەر وەک ئاماژەی پێکرا، ڕێبازی کاژیکیش ڕەخنەی زۆری هەبوو لە مارکسیزمی کلاسیکی کوردی. ” کاژیک دژی ئەو مارکسییە تەقلیدییەیە کە کوێرانە نووسینەکانی مارکس و ئینگلز و هاوبیرانی بە چاکترین ڕەچەتە بۆ دەردی کورد تیدەگەن، بەلای کاژیکەوە ئەو کەسانە کۆنەپەرەست، نابینا، ناواقیعی و ناشۆڕشگێڕن”( بڕوانە کتێبی “کوردستان و شۆڕشەکەی”، ل 237).
[42]. بڕوانە: مەسعوود محەمەد، مرۆڤ و دەوروبەر، 2018، چاپەمەنی مانگ، ل 29. مەسعوود محەمەد لە چەندین شوێن لە ئاسەواریدا، ڕەخنە لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆشنبیری چەپی کورد لەگەڵ مارکسیزم دەگرێت. ئەو دەڵێت جیهانێکی بەو بەربەرینییە و ئاڵۆزییە ناکرێت و ناشێت بە ئەندێشەیەکی سنوورداری وەک مارکسیزم بە تەواوی لێک بدرێتەوە.” تۆ دەزانی فەلسەفەی تەسک و دونیای بەرین دوو لایەنی یەکجار پێچەوانەی معادلەی فیکرن، ناکرێت لە قەپێڵکی کەلەسەری مرۆڤدا جێیان بۆ بکرێتەوە مەگەر بە زەبری قامچی، زمانبڕین و… نەبێت”. ( هەمان سەرچاوە، ل 19). مەسعوود محەمەد ڕەخنە لە ملکەچی و فەرمانبەری ڕۆشنبیری چەپی کوردی بۆ دەقە بەرەو پاشبووەکانی سەد ساڵ لەمەوبەری کۆنینەی چەپ دەگرێت( هەمان، ل 31). هەروەها لە کتێبی “بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت” بە زمانێکی تر ڕەخنە لە خوێندنەوەی کوردە لایەنگرەکانی مارکسیزم دەگرێت.
[43]. بڕوانە کتێبی “بیری زانستانە…”، ل 11.
[44]. وا ئێستە کە ئەم پێشەکییە دەنووسم لە گەرمەی شەڕی ئامریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانداین. ئەم تیۆرییە لەم چرکەساتەشدا ڕاست دەرچوو کە ناسیۆنالیزم و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت-نەتەوە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. وەک لە شەڕی دوازدە ڕۆژە بینیمان کە چۆن چەپی ئێرانی بوو بە وەتەنپەرەست و ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵ، ئەوا ئەمریکا و ئیسرائیلیش لە گەرمەی شەڕدا بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی خۆیان لەبەرچاو دەگرت و ئێرانی ئیسلامیش جگە لە پرۆکسییەکانی خۆی، هیچ وڵاتێکی موسوڵمان پشتی نەگرت و کارتی بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان بۆ ئێران نەسووتاند و برایەتیی ئیسلامی وەک دروشمیش نەهاتە گۆڕێ، چ بگات بەوەی بە کردەوە پشتی ئێران بگرێت. “گۆرگەبۆرەکەش: تورکیا” بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی چی گێرەشێوێنی لە دەستی هات، بە تایبەت لە مەترسی مەسەلەی کورددا کردی. ئەمە سەبارەت بە نەتەوە دەوڵەتدارەکان و بەرژەوەندییەکانیان، لەلایەکی تر سەبارەت بە نەتەوە بێدەوڵەتە بێدەسەڵاتەکانیش، سەرنجڕاکێشە لەم نێوانەدا نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد وەک هەتیو و بێپاسەوان بەبێ ئەوەی یەک فیشەک بتەقێنێت، هەتا ئەم چرکەساتە بیست و یەک کەسی لێ کوژراوە و نزیکەی سەت کەسی لێ بریندار بووە. خوێنەری خاوەن سەرنج بەڕوونی بۆی دەردەکەوێت کە میللەتی بێدەوڵەت و بێ ناسیۆنالیزم، گەرەنتی مانەوەی زۆر کەمە و یەکجار بێدەرەتان و بێپاڵپشت و بێچارەیە. پۆل ڕیکۆر بەدرووستی ئاماژە بەم خاڵە دەکات کە دەوڵەت تەنیا وەکوو ڕێکخەری جڤاکێکی مێژوویی، جڤاکێک کە دەتوانێت بڕیار بدات، ئیش ناکات بەڵکوو ئەو دەوڵەتە گەرەنتی مانەوەیشی بۆ مسۆگەر دەکات. (بڕوانە پل ریکور، اخلاق، ایدئولوژی و سیاست، 1398: 209-210).
[45] . بڕوانە کتێبی ” الأمیر الکوردی، میر محمد رواندزی…” جمال نبز، ل 272.
[46]. کتێبی ” ئیسلام و ناسیۆنالیزمە ڕکابەرەکان…” ئەم لایەنانەی بە باشی شەنوکەو کردووە:
.Soleimani, Kamal, Islam and Competing Nationalisms in The Middle East, 1876-1926.Palgrave, 2016
[47]. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم باسە بڕواننە کارەکانی “ژین ڕایس باجەلان” کە لەسەر دۆخی کورد لە کۆتاییەکانی عوسمانیدا چڕ بۆتەوە بە تایبەت کتێبی:
.Bajalan, D. R. (n.d.). Kurds for empire: “The Young Kurds” (1898–1914) [Thesis manuscript],P.P: 49-58
[48]. بڕوانە کتێبی “سێ وتار لەسەر ئەدەبیاتی کوردی” جۆیس بلاو و…، ل24.
[49]. بڕوانە کتێبی ” بزووتنەوەی سیاسی و رۆشنبیری لە کۆتایی چەرخی نۆزدە تا نیوەڕاستی سەدەی بیست”، نووسینی ڕەمزی قەزاز، ل 24.
[50]. جەمال نەبەز دەگێڕێتەوە کە ئەفسەر جەمال عارف کەرکووکی کە خۆی یەکێک بوو لەو کوردانەی پشتگیریی مستەفا کەمالیان کردبوو، خۆی دەیگێڕاوە بۆم کە “مستەفا کەمال بە برایەتی کورد و تورک و زمانی لووس وا ئێمەی تەفرە دابوو، کە لە کۆنگرەی ئەرزرۆم، هەر ئێمە خۆمان کوردەکان بە سەتان تەلگرافمان لێ دەدا بۆ سەرکردەکانی سوێندخواردووان و دەماننوسی سەربەخۆیی کوردستانمان ناوێ، برایەتی کورد و تورکمان دەوێ. بەهەشتی ڕەفێق حیلمی لە یادداشتەکانیدا ( جزمی چوارەم، بەغدا 1956، ل 151) شتێک دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ ئەم قسەی جەمال عارفدا یەک دەگرنەوە. هەر لەو جێیەدا رفیق حیلمی دان بەوەدا دەنێ کە لە باوەڕکردندا بە مستەفا کەمال بە هەڵەدا چووە( بڕوانە کتێبی بیری نەتەوەیی کوردی…، ل 185). لە بەشی ئەرشیڤی ئەم کتێبەشدا وێنەیەکی مستەفا کەمال لەگەڵ دەستەیەک لە زانایایی ئایینی کوردی ئەو سەردەمەدا هاتووە.
[51].Taken for Granted
[52]. مارکس ئەم دەستەواژانە لەسەر ئایین دەکار دەکات و حەسەن حەنەفی بیرمەندی ناسراوی عەرەبیش لە کۆدەقێکی دیکە لە کتێبی ” الیمین و الیسار فی الفکر الدینی” باسی دەکات و دەڵێت : ئایین شمشێرێکی دووسەرە کە هەر چینێک، سەردەستان و ژێردەستان، بۆ پاساوی ئەو دۆخەی تێیداین، ڕاڤەیەکی جیاوازی لێ دەخەنەڕوو. ئەمە مانای ڕستەی ناسیاوی “ئایین ئەفیۆنی جەماوەر و فریادی مەزڵوومان”( حنفی، 1996، لل6و7، هەروەها بڕواننە پێشەکی خاوەنی ئەم قەڵەمە لەسەر کتێبی “سنت و نوسازی” پرۆژەی سەرەکی حەسەن حەنەفی، 1398، نشر نگاه معاصر، صص 42 و 43 ). میشل فۆکۆش ناوی ئەو کتێبەی کە لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران نووسی و دواتر بە هەڵە کوشەندەکەی خۆی زانی، “ئێران ڕۆحی جیهانی بێ ڕۆح” ئەو تەعبیرەی لە مارکس وەرگرتووە. ئێمەیش ئەم دەربڕینانەمان لەم بەستێنەدا بەکار هێناوە و لە کۆدەقی کوردیدا وەبەر باسمان داوە.
[53]. هەربۆیە ئیمتیازی خاوەن دەوڵەت و دەسەڵاتبوون بە جۆرێک بۆیان بەدیهی دەبێتەوە، کە هەر جۆرە خواستێکی نەتەوەییی نەتەوە ژێردەستەکان کە خوازیاری مافی بەرابەری سیاسی لەگەڵ ئەوان بن، بە دەستەواژەیەکی داهێنراوی ساختەی تارێنەرانە، بە ناوی “جوداییخوازی” دەتارێنن و لە خشتەی دەبەن و هیچ بیر لەوە ناکەنەوە کە خودی ئەو سنوورە دەستکردە ئیستعمارییەی ئەوان کە ساختەی زلهێزانە، بووەتە هۆی جودایی و فەسڵێک کە ئەو نەتەوانە بۆ وەسڵی تێبکۆشن. جوداییخوازی یەکێک لەو تۆمەتە قورسانەیە کە پاش شەڕی یەکەمی جیهانییەوە تا ئێستە بە مەبەستی پاراستنی ئیمتیازی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کوردستانەوە، دەدرێتە پاڵ بزووتنەوەی نیشتمانیی کوردستانەوە.
[54]. بڕوانە وتاری:
.Leftist Intellectuals and the kurds…., Barzoo Eliassi, 2013, Rudaw Journal
[55]. بڕوانە کتێبی “ناسنامە و کێشەی ناسیۆناڵی کورد”، ل 136.
[56]. ئیسماعیل بێشکچی کەسایەتییەکی ناسراوە و کاری زۆر لەسەر کراوە، کە هەڵبەت شایستەی ئەو مرۆڤە باڵابەرزە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام هادی ئەلعەلەوی کەمتر ناسراوە. هادی عەلەوی: ڕۆشنبیرێکی عێراقییە و یەکێک لەو نووسەرە دەگمەنانەی عەرەبە کە لە هەژمەتی شەهیدکردنی هەڵەبجە، حاشای لە ناسنامەی عەرەبایەتیی خۆی کرد و سەربەخۆییی کوردستانی بە ڕەوا زانی. عەبدوڵڵا پەشێو بە پێشوازی لەو ئەکتە مرۆڤانەی هادی عەلەوییەوە شێعرێکی تایبەت دەنووسێت: تۆ لە سەردەمی کورتەباڵایان/ باڵای بەرزی خۆت لە کوێ هێناوە/ تۆ لە سەردەمی قاتی و نەهاتی / وەرزی سەوزی خۆت لە کوێ هێناوە…/ لە ڕۆژهەڵاتی ڕۆژ لەبن پێدا،/لە ڕۆژهەڵاتی دەستنوێژ هەڵگرتن بە خوێن و پێترۆل…/ سەرم سوڕماوە/ چۆن توانیت گەورەم!/ بێدەنگی قانگ دەی؟/ تۆ چۆن زاتت کرد/ ئەو کوولەکەیە بدەی به عەردا و/ پڕ بە دەنگ بانگ دەی!/ ئەی ڕۆژهەڵاتی کورتەباڵایان، / ئەم باڵابەرزەت سەدجار پیرۆز بێ/ ئەی چاخی قاتی و ساڵانی نەهات/ ئەم وەرزە سەوزەت سەدجار پیرۆز بێ!
[57]. برایم ئەحمەد بە نەبەز دەڵێت: کە نووسینەکانت دەخوێنمەوە هەست دەکەم، بە شانازییەکی زۆرەوە کوردایەتیت کردووە بە زانستێک کە بەسەر پێی خۆیەوە ڕاوەستاوە. سیروان کاوسی دەڵێت: ” لە مێژووی هاوچەرخ و لە نێو زانایانی گەورەی کورد لە سەت ساڵی ڕابردوودا، مامۆستا جەمال نەبەز جێگە و پێگەیەکی هەرەبەرز و دیاری هەیە و بە مامۆستای کوردایەتی و دارێژەری زانستانەی بیری پێرۆزی ڕزگاری کورد ئەژمار دەکرێت”( لە پێشەکی سیروان کاوسی بۆ کتێبی “خوێندەواری بە زمانی کوردی” لە نووسینی جەمال نەبەز، 2007، ل 2). شیاوی ئاماژەیە کە سیروان کاوسی وەک سەربازێکی گومناوی ئەندێشەی ڕزگاری کوردی، لە هاوبیرانی جەمال نەبەز و جەماعەتی کاژیکە. زۆربەی زۆری ئاسەواری نەبەز بە تایبەت ئەو سەمینارانەی کە دواتر بوون بە کتێب و بڵاو کرانەوە، بە زەحمەت و ماندووبوونی بەرێزیان پێداچوونەوە و تایپ و چاپ و بڵاوکردنەوەیان بە ئەنجام گەیشتووە.
[58]. “ئەم کۆنگرەیە لە 14/4/1984 دامەزرا، یەکەم دەستە کە بیرۆکەی دامەزراندنی کۆنگرەی نیشتمانییان ئاشکرا کرد، ژمارەیەک کەسی نیشتمانپەروەر و نەتەوەییی ناسراو بوون وەک بەڕێزان: جەواد مەلا، د.جەمال نەبەز، جەنرال عەزیز عەقراوی، د. محەممەد ساڵح گابۆڕی و شێخ لەتیفی شێخ سەلام. دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کوردییەکانی دەرەوە و ناوەوەی کوردستان لایەنگرییان کردن، دەستیان کرد بە کۆبوونەوە گشتییەکانیان بە ناوی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستانەوە”. بڕوانە کتێبی “کوردایەتی و سەربەخۆیی”، کامیل ژیر، 2002، ل123.
[59]. نەبەز جیاوازی چینایەتی وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵگە پێناسە دەکرد.( بڕوانە “کاژیک 1959 پێشخان و پاشخانەکانی”، ل101).
[60]. بۆ خوێندنەوەی وردی ئەم باسانە و جیاوازیی ئەندێشەی ڕێکخراوی نەتەوەیی کاژیک لەگەڵ ئەم دوو جەمسەرەی تر، بگەڕێوە بۆ کتێبی “بیری نەتەوەیی کورد…”، لل 139-141.
[61]. بڕوانە کتێبی ” ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد، ل 101.
[62] . هەمان سەرچاوە، ل 7-34.
[63]. هەمان سەرچاوە، ل109.
[64]. بڕوانە “کاژیکنامە” سەرچاوەی پێشوو، ل 18.
[65]. شایانی ئاماژەیە لەم دەیەی ڕابردوودا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، خوێندنەوەی دۆخی کورد لە چوارچێوەی “کۆلۆنیالیزم” و ” کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی” و… پەرەی ئەستاندووە، بەڵام هیچ کام لە نووسەران وەک پێشینەی توێژینەوە، ئاوڕیان لە ئاسەواری جەمال نەبەز لەم بوارەدا نەداوەتەوە و وردەکاریی باسەکانی ئەویان نەبینیوە؛ کە لە ساڵانی 1950 بەملاوە ئەم دەستەواژەیەی لە نووسراوەکانی دەکار کردووە. ئەم توێژینەوەیە تازە ئاکادیمیانە وایان داناوە کە تەنیا ئیسماعیل بێشکچی و عەبدوڕەحمانی قاسملوو لەپێش ئەوانەوە ئەم چەمکەی دەکار کردووە( بڕوانە کارەکانی ئەحمەد محەممەدپوور و کەمال سلێمانی، مەعشووق کورد، نیتاشا کۆل وئۆمەر تێکدێمیر بە زمانی ئینگلیزی و کارەکانی ئەییووب کەریمی و هەروەها فاتێح سەعیدی و ئیبراهیم مەلازادە بە زمانی کوردی و تێزی دوکتۆری جەمیل ڕەحمانی بە زمانی فارسی و … هتد).بەڵام بە خوێندنەوەی من جەمال نەبەز و هاوبیرانی کاژێک لەم بوارەدا دەستپێشخەر بوونە. لەلایەکی ترەوە لێرەدا جێگەی باس نییە کە بۆچوون و ڕەخنەکان و هاودڵییەکانم لەگەڵ چەمکاندنی “کۆلۆنیالیزم” بۆ دۆخی کورد بنووسم. تەنیا بەکورتی دەتوانم بڵێم ئەگەر کۆلۆنیالیزم بۆ بواری زمانی و فەرهەنگی ڕاست دەربچێت و لایەنەکانی بپێکێت، ئەوا لە بواری ئابوورییەوە ناتوانێت هەموو چین و لۆچەکانی دۆخی کورد وەردوشەن بدات و لەم بوارەدا بەتایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵات مرۆڤەکان بە شهوودی خۆیشیان دەتوانن بیبینن کە کۆلۆنیالیزمی ئابووری ڕاست دەرناچێت و کەیسێ وەک “کۆڵبەر” ناتوانێت گشتاندن بدرێت بۆ دۆخی ئابووری لە کوردستان.
[66]. بڕوانە وتاری “پێوەندرارێتی کوردی” کە لە ساڵی 1986 لە دانیمارک پێشکەش کراوە و دواتر لە دووتوێی “کتێبی ناسیۆنالیزم و کێشەی ناسیۆنالی کورد” چاپ کراوە. ساڵی 2002: ل 47.
[67]. هەڵبەت دەتوانرێت ڕەخنەکانی لە ڕووسیای سۆڤیەت و تاوانەکانیان دژی کورد لەم چەمکەدا بخوێنرێتەوە.
[68]. بڕوانە کتێبی “بیری نەتەوەیی کوردیی…”، ل: 139.
[69]. بڕوانە کتێبی ” بیری زانستانە…”،ل 12.
[70]. بڕوانە وتاری “زانستکاری وڵات” لە نووسینی ئاکۆ محەممەد، لە کتێبی “بۆ وڵات” جەمال نەبەز، چاپی یەکەم، هەولێر، 2021. ل 7.
[71]. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر پڕۆژەی بەدیل و پێشکەوتووی ئەم ڕەوتە، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کتێبی ” گۆڕیننامە” بە قەڵەمی نەبەز کە لەم کارەدا؛ مەبەستی خۆی لە “گۆڕین” کە بە جێگەی “گۆڕان” دەکاری دەکات، وەک پڕۆژەیەکی جێگرەوە بۆ دۆخی زاڵ بەوردی دەخاتە ڕوو.
[72]. جەمال نەبەز پاش ئەوەی ڕەچەڵەکناسیی بیری ئۆتۆنۆمیخوازی لە کوردستان دەکات و ڕەخنەگرانە پێشینەی هاتنی ئەو بیرە بۆ کوردستان شەنوکەو دەکات، دەڵێت:”بەکورتی؛ پاش تەواوبوونی شەڕی دووهەمی جیهانی؛ دروشمی “ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” لە دروشمێکی ڕەشەخەڵەتێنی کاتیی داگیرکەرانی کوردستانەوە، بوو بە دروشمێکی هەمیشەیی وردەبوژوایی ڕۆشنبیری مارکسیستی کورد”.( بڕوانە کتێبی “ناسنامە و کێشەی ناسیۆنالی کورد، ل 95).
[73]. خوێنەر دەتوانێت بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم ڕوانگەیە؛ بڕوانێتە کتێبی “کوردستان و الکورد: وطن مقسم و أمة بلا دولة” لە نووسینی جەواد مەلا و پێشەکی بۆ نووسینی جەمال نەبەز.
[74].Interkurdish.
[75]. بڕوانە کتێبی “کوردایەتی و سەربەخۆیی”، کامیل ژیر، 2002، ل 122.
[76]. بڕوانە وتاری “کورد و شۆڕش” لە کتێبی ناسنامە و کێشەی ناسیۆناڵی کورد، ل 248.
[77]. بڕوانە:”کاژیک 1959 پێشخان و پاشخانەکانی”، ل 72.
[78]. بڕوانە “گۆڕیننامە”، جەمال نەبەز، 2009، ل7.
[79]. نەبەز و هاوبیرانی هەروەها ڕوانگەیەکی سەرنجڕاکێشیان لەسەر ڕۆڵی دەوڵەت هەیە کە جیاوازە لە ڕوانگەی مارکسیستەکان و هەروەها بۆرژوالیبراڵەکان. بە باوەڕی ئەوان بەهێزکردنی کۆمەڵگە و ڕەخساندنی ئازادی و یەکسانی و دیمۆکراسی لە ژێرەوە بۆ سەرەوە و یەکگرتنی دوورگە ژیارییەکانی کۆمەڵگەی هاوئاهەنگی ئازاد و یەکسان ئیتر ڕۆڵی دەوڵەت کەمڕەنگ دەبێتەوە.( بڕوانە کتێبی هەندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی سۆسیالیزمی کوردی، وتاری “ئازادی و دەسەڵات”، هەروەها کتێبی ” بیری نەتەوەیی کوردی… ل 160-161). نەبەز لە وڵامی ئەم ڕەخنەیە کە دەگوترا، ئەگەر دەوڵەتی کوردستان درووست ببێ، گەرەنتی ئەوە هەیە گەلی کورد ئازاد ببێ؟ دەیگوت ئەم گومانە شتێکی ڕاستە بۆچی؟ چونکە زۆر نەتەوە هەن دەوڵەتیان هەیە، بەڵام ئەو گەلانە ئازاد نین… . ئەو کوردانەی ئەو ڕەخنەیە دەگرن ناتوانن دوو شت لە یەک جیا بکەنەوە: دەوڵەت پەیوەندی بە سنوور و خاکەوە هەیە، پەیوەندی بە گەل، ئازادی، دیمۆکراسی و ئەو شتانەوە نییە…( بڕوانە کتێبێ “بۆ وڵات”، وتاری “ئازادی لە سەربەخۆیی بەنرخترە”، ل 135). دیارە نەبەز دەوڵەت وەک پارێزەر و گەرەنتیکەری مانەوەی سنوور و خاک دەبینێت. لێرەوە وێڕای ئەوەی هەم نەبەز هەم ئۆجەلان ئەندێشەی سۆسیالیزم ڕەچاو دەکەن، بەڵام سەبارەت بە ڕۆڵ و بوونی دەوڵەت جیاوازیی بنگەهییان هەیە. نەبەز هەر لە بازنەی مۆدێرنیتەی سیاسیدا دەمێنێتەوە و ڕۆڵێ دەوڵەت بۆ نەتەوەی ژێردەستەی کورد بە گرینگ دەزانێت، بەڵام ئۆجەلان و پرۆژە فیکرییە سیاسییەکەی مۆدێرنیتەیەکی دیکە و جیهانێکی ئەوپەڕ مۆدێرنە وێنا دەکات و بە تووندی دژی دەوڵەتخوازی بۆ کورد دەوەستێت. ڕەنگە خودئیرجاعی مۆدێرنیتە، شکستی هەم بە پرۆژە پێشامۆدێرنەکان وەک خەلافەتخوازی، هەم بە ئەوپەرمۆدێرنەکان وەک ئاپۆییزم هێنابێت.
ئەم باسە واتە ڕۆڵی دەوڵەت لای قوتابخانەی بیری کوردی، دەکرێت لە توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی و بەراوەردکارانە لەگەڵ ئایدیاکانی ئاپۆییزم تاوتوێ بکرێت و لایەنە جیاواز و هاوبەشەکانیان وەردوشەن بدرێت. ئەوە دەهێڵێنەوە بۆ پسپۆڕانی ئەم بوارە.
[80] . بڕوانە کتێبی ” کوردستان و شۆڕشەکەی، ل226″.
2. ڕهنگه کهڵک وهرگرتنم لهم میتافۆره لهژێر کاریگهریی ئهو باسهدا بێت که ھیگڵ له وهسفی دیکارتدا دهڵێت: « به دیکارتهوه و بۆ یهکهم جاره که بهرده بنهمای فهلسهفهی دنیای مۆدێرن دادهنرێت و وهکوو مهلهوانێک له دوای سهفهرێکی دوورودرێژ، له ئاکامدا دهتوانین دهنگ ھهڵبڕین و ھاوار بکهین، ئهوهتا نیشتمان و سهرزهوینهکهمان».(به گێڕانهوه له بڕوان یهکێک له قوتابییهکانی ھیگڵ) بڕوانه ئهم سهرچاوه:
Floy E. Andrews, Hegel’s Presentation Of The Cartesian Philosophy In The Lectures On The History Of Philosophy, 2000,p: 25
[82]. بڕوانە پێشەکیی کتێبی “سەبارەت بە کێشەی کورد” لە نووسینی جەمال نەبەز، وەرگێرانی خۆم، لە پێشکەیی وەرگێڕ، بەرلین، چاپی دووهەم2023، ل 10-11.
[83]. ئهم دوو دهستهواژهیه واته ئاگایی نهخۆش و شکاوهم له نووسینهکانی بهکر جاف لهسهر دۆخی ئاگاییی مرۆڤی کورد لهم سهدساڵهدا وهرگرتووه. بڕوانه یادداشتی بهکر جاف به ناوی ”جهمال نهبهز ژیان له ئایدیادا و مهرگ له ئایدیادا“ که له ماڵپهڕی کولتوور مهگهزیندا بڵاو کراوهتهوه.
[84]. ئهو سێ پرسیاره بهشێوهیهک ”ھانهلۆره کۆچلهر“ له تێزی دوکتۆراکهیدا ورووژاندوویهتی. « باسی تێڕوانینی خۆیی گهلێک، یان کۆمهڵگهیهکی گهوره، بهگشتی سێ نێوچهی بهیهکهوه بهستراو دهگرێتهوه: یهکهمیان: بنهچهو و ڕهچهڵهک واته ئێمه له کوێوه ھاتووین؟ ئێمه کێین؟ دووھهمیان ئێمه چۆنین واته تایبهتمەندییەکانمان چییه؟ سێھهمیان: تهڤگهری پاشهڕۆژ واته ئێمه چیمان دهوێ؟ ( بڕوانه کتێبی ناسنامه و کێشهی ناسیۆناڵی کورد، جهمال نهبهز، ل 39).
[85]. بڕوانە وتاری “زانستکاری وڵات” لە نووسینی ئاکۆ محەممەد، لە کتێبی ” بۆ وڵات” جەمال نەبەز، ل5.
[86]. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەسەر ئەم ڕستە کە لە کۆدەقێکی پاش کۆلۆنیالیستی باس دەکرێت، بڕواننە کتێبی :
.Decolonizing Methodologies, Linda smith,2012, p 80
[87] بڕوانە کتێبی:
.The kurds ;History and Culture, First published in German in 1997,P:57
[88]. ئەم تیۆریزەکردنە بۆ ناسین و ناساندنی تایبەتمەندیی میتۆلۆژی و فەرهەنگی و ئایینی کوردان، لە داهێنانەکانی نەبەزە. بڕوانە :جەمال نەبەز، “سەرنجێک لەسەر میتۆلۆژیای کورد” ساڵی 1986. لەم کتێبەی بەردەستیشدا ئەم باسانە بە وردی خراوەتەڕوو.
[89]. تەواوی ئاسەواری نەبەز ئەم ئاشناییە پیشان دەدات بەڵام کتێبی “کوردستان و شۆڕشەکەی” وردەکارییەکان زیاتر لێک دەداتەوە.
[90]. وەک نموونەیەک لەم بارەوە، نەبەز لە هەڤپەیڤینێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە “هەمووی قوڕئانم لەبەر بوو، هەر بەتەواوی”( بڕوانە کتێبی “بۆ وڵات”، ل 145) .
[91]. بڕوانە بەشی “ناسیۆنالیزمی فارس و دەوڵەتی ناسیۆناڵ” کە وتارێک بووە لە ساڵی 1984 لە ستۆکهۆڵم پێشکەش کراوە و دواتر گشت سەمینارەکە بە ناوی “بیری نەتەوەیی کوردی…” چاپ و بڵاو کراوەتەوە. 2002، چاپی دووهەم، ل : 86تا 114.
[92]. بۆ نموونە هەندێک لە بیرۆکەکانی نەبەز لەسەر بیری نەتەوەییی کوردی، بەم شێوەیەی کە ئایا بیرێکی مۆدێرنە یان لە سەردەمانی کۆنەوە هەبووە، لە ڕووی تیۆرییەوە جێگەی گەنگەشە و موناقەشەن. نەبەز زۆر ڕوونی ناکاتەوە ئایا بیری نەتەوەیی سازێندراوی سەدەکانی شازدە و حەڤدەیە، بە وتەی خۆی “بەڵگەی مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی کە بیری دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناسیۆنال لە کوردستاندا بە لایەنی کەمەوە لە سەدەی شانزەیەمدا بووبێ”( کتێبی ناسنامە و کێشەی ناسیۆناڵی کورد، 2002: 84) یان بیرێکە وەک بیردۆزە مۆدێرنیست کۆنستراکتیڤیستەکان دەڵێن، سازێندراوی موناسەبات و هەلومەرجی دنیای مۆدێرنە، کە نەبەز بۆخۆی دەڵێت: “دەوڵەتی فارس و تورک و عەرەب لەم سەتەیەدا دامەزران”( هەمان سەرچاوە؛ل 107). لە ڕووی تیۆرییەوە ئەم باسانەی نەبەز هەندێک ناڕوون و نایەکانگیرە، بۆ وێنە دەڵێت:”خواستی سازکردنی دەوڵەتی کوردی لانیکەم لە سەردەمی شەرەف خان و ئەحمەدی خانییەوە هەبووە” لە کاتێکدا دەزانین “دەوڵەت” سازێندراوێکی مۆدێرنە و لەو سەردەمانەیدا نەبەز باسی دەکات، دەوڵەت بابەتێکی بیرهەڵنەگر(Unthinkable) بووە و نەدەکرا بیری لێ بکرێتەوە، چ بگات بەوەی بە کردەیی بێتە مەیدانی ڕاپەڕاندن. بەڵی خواستی دەسەڵاتی کوردی لە شێوەی ئیمپراتۆریەتێک بۆ کوردستان زەمین لەو سەردمانەدا هەبووە، بەڵام خواستی دەوڵەت بە بۆچوونی من لەو سەردەمەدا لە هیچ کوێی جیهاندا نەبووە چ بگات بە کوردستان.
نەبەزهەستی نەتەوەیی بە هەستێکی خۆزا و ئەزەلی لە ناخی مرۆڤدا دەبینێت، هەربۆیە بە خوێندنەوەی من هەندێک لە نووسەرانی بە هەڵەدا بردووە کە نەبەز لە چوارچێوەی پرایمۆردیالیستەکاندا بگونجێنن کە باوەڕیان وایە نەتەوە بابەتێکی ئەزەلی و ئەبەدییە و کورت ناکرێتەوە بە سەردەمی مۆدێرن. لەم بارەوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کە نەبەز لێرەشدا نەیتوانیوە بەشێوەی یەکانگیر ئەم باسانەی ئاراستە بکات. بە خوێندنەوەی من کە کۆی ئاسەواری نەبەزم تاوتوێ کردووە، دەتوانم ئەم باسە ئاوا جومگەبەندی بکەم. نەبەز وەک لەم کتێبەشدا ئاماژەی پێ دەدا باوەڕی وایە هەستی نەتەوەیی، هەستێکی خۆزا و سروشتییە و لە ناخی مرۆڤدا هەر لە ئەزەڵەوە هەبووە، هەست و شعوورێکی کۆنە، بەڵام بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی بە شتێکی ئەزەڵی ئەبەدی نازانێت و هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، سەردەمێکی دیاریکراوی بۆ دادەنێت، بەڵام نایبەستێتەوە بە پەیدابوونی سەرمایەداری و بۆرژوازێتی(بڕوانە جەمال نەبەز، کتێبی کوردستان و شۆڕشەکەی، ل 226). ئەم جیاکارییە زۆر پێویستە بۆ تیۆریزەکردنی ئەندێشەی نەتەوەییی نەبەز. جیاوازیی نێوان هەستی ئەتنیکی-نەتەوەیی لەگەڵ بیریی ئەتنێکی-نەتەوەیی لەم بارەوە ڕوونکەرەوەیە. بۆیە بە خوێندنەوەی من دانانی جەمال نەبەز لە چوارچێوەی پڕایمۆردیالیستەکان، وەک لە کارەکانی عەباسی وەلی و شەماڵ میرزا و… کراوە، هەڵەیە و نیشانە لە قووڵ نەخوێندنەوەی نەبەز. لە ڕووکارێکی دیکەوە خوێندنەوەی ئەندێشەی نەبەز بە تیۆرییەکانی ناسیۆنالیزم، وەک ئەو کارەی وەلی و میرزا کردوویانە، ناتوانێت بە تەواوی باسەکە بیپێکێت. نەبەز بە ڕاشکاوی دەڵێت:” لە نووسینەکانمدا بیری ناسیۆنالیزم و بیری نەتەوەییم لەیەک جیا کردۆتەوە. رێکخراوەی کاژیک ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستانە نەبوو، بەڵکوو رێکخراوێکی نەتەوەیی بوو کە هەموو نەتەوەکەی دەگرتە بەرچاو بە یەکسانی، لەکاتێکدا دەوڵەتی ناسیۆنالیستی دەوڵەتی دەستە یان چێنێکە…” کەواتە زەرافەتێکی تیۆریکی جیددی گەرەکە کە هەمووی ئەو بوارانە بگرێتەوە. بە گشتی لایەنی سەرنجڕاکێشتری پرۆژەی فکری نەبەز لە شیکاری ڕیشەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزمدا نییە بەڵکوو لەو پرۆژە ئەرێنی و سازێنەرەدایە کە بۆ ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی نەتەوەی کورد ئاراستەی کردووە.
هەروەها دەتوانین لە ڕووکارێکی دیکەوە ڕەخنەیەکی تر سەبارەت بە پرۆژە فیکری-سیاسیی نەبەز و هاوبیرانی باس بکەین. بە خوێندنەوەی کۆی ئاسەواری نەبەز و هاوبیرانی بۆمان دەردەکەوێت، ئەم پرۆژەیە ڕەنگ و بۆنی نوخبەباوەڕی ئایدیایی لێوە دێت و کەمتر پەرژاوەتە سەر لایەنی گشتگیرکردنی ئەندێشەی نەتەوەیی و بە جەماوەریکردنی پڕۆژەکە. چونکە هەر پڕۆژەیەکی نەتەوەیی پێویستە زیاد لە شەرعییەت و ڕەوایی(Legetimacy)، ئیمکانی گشتاندن( Generalization) و بەجەماوەریکردنیشی( populization) هەبێت. لەم بارەوە بە وردبوونەوە لە ئاسەواری قوتابخانەی بیری نەتەوەیی بۆمان دەردەکەوێت ئەم پرۆژەیە زۆرتر وەک پڕۆژەیەکی نوخبەوی و ئایدیال دەردەکەوێت. هەڵبەت پێویستە دان بەوەدا بنێین کە گشتاندن و بەجەماوەریکردن لە دۆخی ئەمنی و میلیتاریزەکراودا یەکجار سەخت و تاقەتپڕووکێنە و بەربەست و ڕێبەندی زۆری لە بەردەمدایە. بەڵام بەگشتی هێشتنەوەی پڕۆژەی نەتەوەیی لە ئاستی زەینی و نوخبەویدا ناتوانێت لە موناسەباتی هێزدا کارامەیی خۆی ڕابگرێت. ئەم باسانە جێگەی ڕەخنە و ڕامان و باسوخواسی زۆرە. دەتوانرێت وەک ڕەخنەیەکی دیکە لە بیری نەبەز و کاژیک ئاماژە بەوە بکەین، کە پرۆژەی ” کوردستان بۆ کورد و یەکسانی بۆ گەل” لە ئەرزی واقعدا و لە موناسەباتی ناودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، چۆن پراکتیزە دەکرا؟ واتە میکانیزمەکانی بە کردەیی کردنی وەها پرۆژەیەک چین و چۆنن؟ وئایا لە ئاستی کردەوەدا ئەم پرۆژەیە دێتە دی یان نا، تەنیا پرۆژەیەکی زەینی ئاگاییبەخشە نەک کردەوەتەوەر. هەڵبەت دەبێت ئەوەش بزانین کە نەک ئەم پڕۆژە ڕادیکاڵە، بەڵکوو دیکەی پرۆژەکانیش تەنانەت چاکسازییەکی سادەی نێو ئەو دەوڵەتانە سەبارەت بە خەڵکی کورد، بەراستی لەم دۆخە تۆتالیتەرەدا مومکین نییە و زۆر جار ڕەنج بە خەساری مرۆڤی کوردی لێدەکەوێتەوە. واتە وەنەبێت تەنیا سەربەخۆیی خوازیی لە ئاست پراکتیزەکردن ناواقعی بێت، دیکەی پرۆژە ڕەقیبەکانیش وەک دیمۆکراسی خوازی یان چاکسازی خوازی و … لەم دۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناڤێن ناواقعی و لە ئاست پراکتیزەکردن نامومکینن. نەبەز بۆ خۆی لە وتاری” سەربەخۆیی کوردستان لە نێوان خەونی شاعیرانەی پەشێو و سیاسەتی مام جەلالدا” وڵامێکی دیکە بەم باسە دەداتە کە لە زمانی مام جەلالە دەیگێڕنەوە: واقیع بەربەستە لە بەرامبەر سەربەخۆییدا و خەونێکی شاعیرانەیە و بەدی نایەت. نەبەز دەڵێت:” واقیع فەرمان خودێ نییە کە ببێتە ڕەوشێکی لە بن نەهاتوو. هەر واقیعێک بەستراوە بە شوێن و کاتەوە و بە گۆڕانی شوێن و کات واقیعەکەش دەگۆڕێ. گۆڕێنی واقیعی ڕامیاریش کار و ئەرکی هەموو سیاسەتکارێکە( بڕواننە، جەمال نەبەز، کۆبەرهەمی ژمارە7، سلێمانی ، 2006، ل 122)
هەروەها وەک لە پێشەکیی کتێبی “سەبارەت بە کێشەی کورد” کە وەرگیڕانی کتێبێکی دیکەی نەبەزە باسم کردووە، باسی ڕیشە و ڕەچەڵەکی کورد و بردنەوەی بۆ سەر هێندوئێرانییەکان، ئێستە ڕەخنەی زۆری لەسەرە و مومکینە گەر نەبەز زیندوو بایە، لەم بیرۆکەیەی دەستی هەڵگرتایە. هەروەها پاش ئەو قەڵەمبازە مەعریفییە لە خوێندنەوە کوردییەکاندا لەم چەند ساڵەدا کراوە، پێداچوونەوەشی بەسەر یەکانگیریی تیۆریی کارەکانی لە ڕووی تیۆرییەوە بکردبایە وەک ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد.
[93]. نەبەز جیا لە زمانی کوردی، فارسی و تورکی، بە زمانی ئینگلیزی، عەرەبی، ئەڵمانی و فەرەنسی و … لەسەر مەسەلەی کورد نامیلکە و کتێبی بڵاو کردووەتەوە. لە نموونەیەکی سەرنجڕاکێشدا نامه دهنووسێت بۆ فهیلهسووفی بهناوبانگ ”بیرتڕاند ڕاسێل“ و داوای لێ دهکات پشتگیری له مهسهلهی کورد بکات و ڕاسێلیش له وڵامی نامەکەیدا ئامادهیی خۆی بۆ ئهم کاره دهردهبڕێت. (بڕوانه کتێبی: “کاژیک، پێشخان و پاشخانهکان”، جهمال نهبهز، 2015، ل 132)
