فێمینیزم: بزووتنەوەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی سێکسیستی

 

داگرتنی PDF

پێشەکی وەرگێڕ

ئەو دەقەی کە دەکەوێتە بەردەستتان وەرگێڕانی فەسڵی دووهه‌م لە کتێبی “تیۆری فێمێنیستی؛ لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند” لە نووسینی یەکێک لە بەناوبانگترین تێئۆریسیەنەکانی فێمێنیسمی ڕەش، بێل هوکس. بێل هوکس فێمێنیست و چالکڤانی بوواری جێندێری بوو. نووسەر لە کتێب و بابەتەکانی لە سێ کوچکەی نەژاد، سەرمایەداری و ڕەگەز دەکۆڵێتەوە و بە وردی ئەو ستەم و چەوساندنەوانەی کە مرۆڤی نەتەوەی ژێردەست تووشی دەبن، شی دەکاتەوە. بەڵام گرنگیی کتێبە بۆ خوێنەری کورد، زۆرتر لە تەرکیزی ئینتێرسێکشناڵ و تێکەڵاوی شێوە جیاوازەکانی چەوسانەوەدایە. نووسەر لە بڕگەی دووهەمی ئەم کتێبە زۆر بە جدی ڕەخنە لەو ڕوانگەیە دەگرێت کە گوایە ئەزموونی ژنان لە ژێردەستەیی، ئەزموونێکی گشتییە و هەموو ژنان وەک یەک لە ستەمی جێندێری ئازار دەبینن. بۆ ژنانی کورد، تاوتوێکردنی جێندەر جیا لە بارودۆخی سیاسی و کۆلۆنیالیستیی، لێکدانەوەیەکی ناتەواوە؛ چون پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی و کولتووری، سەرکوتی زمانی و پەراوێزخستنی ئابووری، لە سازبوونی ئەزموونی ژنانی کورددا ڕۆڵ دەگێڕن.

لە هەمان کاتدا، ژنانی کورد هەموویان بە شێوەیەکی یەکسان ئەم بارودۆخانە ئەزموون ناکەن؛ چینی کۆمەڵایەتی، ڕەنگدانەوەی ئایین، دەستڕاگەیشتن بە پەروەردە و کار و هتد. کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانە و ئەو دەرفەتە سیاسییانە هەیە کە بۆیان دەڕەخسێن. خوێندنەوەی ئەم کتێبەی بێل هوکس ڕێگەمان پێدەدات ئەو چوارچێوە فێمینیستییانە بخەینە ژێر پرسیار کە ئەزموونی گرووپە زاڵە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئەزموونی گشتی هەموو ژنان دەبینێت. ئەم بەرهەمە بانگهێشتێکە بۆ دەستپێکردنی شیکاریی فێمینیستی لە پەراوێزەوە؛ نەک بۆ جێکردنەوەی ژنانی ژێردەست لە ناو ئەجێندای فێمینیستیی (لەوەپێش دیاریکراوی) نەتەوەی سەردەست، بەڵکو وەک ڕێگایەک بۆ دووبارە بیرکردنەوە لەو بنەمایانەی کە چەوسانەوە، ئازادی و سیاسەتی فێمینیستی لەسەر پێناسە دەکرێن.

ئەم ڕوانگەیە بۆ بزووتنەوەی فێمینیستی کوردی لە ڕۆژهەڵات گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چون دەرفەت بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان خەبات دژی چەوسانەوەی جێندەری و خەبات دژی زاڵبوونی نەتەوەیی، کەلتووری و ئابووری دەرەخسێنێت، بەبێ ئەوەی یەکێکیان وەپێش ئەوی دیکە بخات. هەروەها، چوارچێوەیەکی ڕەخنەیی پێشکەش دەکات کە ژنانی کورد بتوانن بارودۆخی مێژوویی و سیاسیی خۆیان لێکبدەنەوە، جیاوازییەکانی نێوان ژنانی کورد/ناکورد بناسن و بیر لە  بزووتنەوەیەکی فێمینیستی بکەنەوە کە تێیدا ڕزگاری لە ستەمی جێندەری، نەتەوەیی و چینایەتی، لێک گرێدراون.

****

کێشەی سەرەکی گوتاری فێمینیستی ئەوەیە کە یا بە کۆدەنگییەک نەگەیشتووین لەسەر ئەوەی فێمینیزم چیە یان لەسەر پێناسەگەلێک کە  وەک خاڵی یەکگرتوویی دێنە ئەژمار ساغ نەبووینەتەوە. بێ ئەوەی لەسەر ئەو پێناسانە هاوڕا بین، بناغەیێکی پتەومان نابێت کە تیئوری فێمینیستی لەسەر ڕۆنێین و کردارێکی[1] بە مانا ساز بکەین. کارمێن وەسکوێز[2]  لە نووسراوەی ئەو دواییانەی بە ناوی « بەرەو ئەخلاقێکی شۆڕشگێڕانە»[3] ئاوا باسی وەڕەزی خۆی لە نەبوونی پێناسەیەکی ڕوون دەکات:

ئێمە تەنانەت لەسەرئەوە ڕێک نەکەوتووین کە فێمینیست چیە، ئیدی لەوە گەڕێین کە باوەڕی بە چیە و چلۆن ئەو بنەمایانە پێناسە دەکات کە عورفە ئەخلاقییەکان[4] پێک دێنن. حەزی سەرمایەدارانەی ئەمریکا بۆ تاکگەراییی و هەرشتێکی تر تا ڕادەیێکە کە هەرچی بتهەوێ پێت دەدات. کەسەکەم، فێمینیزم لە ئەمریکا هەر جۆرێک حەزت لێی بێ مانا دەکرێتەوە. هەندێک لە خوشکەکانم بە گاڵتە دەڵێن بە قەد ژۆمارەی فێمینیستەکان پێناسەمان لە فێمینیزم هەیە. من ئەوەم پێ گاڵتە نیە.

بە ڕاست ئەوە گاڵتە نیە؛ بەڵکوو دەرخەری بێمەیلییەکی ڕوو لە زیاد بوونە سەبارەت بە فێمینیزم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ڕادیکاڵ. بێ هیوایییەک کە ئەو باوەڕە پشت ڕاست دەکاتەوە کە هاوپشتی[5] لە نێوان ژنان دا مومکین نیە. هەورەها ئەوە نیشانەی ساویلکە بوونێکی سیاسیە کە بە شێوازێکی نەریتی بووە بە تایبەتمەندی چارەنووسی ژنان لە کولتووری زاڵی پیاوانە دا.

زۆربەی خەڵک لە ئەمریکا فێمینیزم (یان دەستەواژە زۆرتر بە کارهێنراوەکەی، “ئازادی ژنان” [6])، بە بزووتنەوەیەک دەزانن کە ئامانجی ئەوەیە ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە لەگەڵ پیاوان یەکسان بکات. ئەم پێناسە بەربڵاوە کە لە لایەن مێدیا و لقی زاڵی بزووتنەوەکە ناوبانگی دەرکردووە، پرسیاری زۆر دێنێتە گۆڕێ. بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە کە لە کۆمەڵگایێکی سەرمایەداری بە پێکهاتەی چینایەتی باوک/پیاو سالارانە کە سەروەری سپیەکان بە سەریدا زاڵە تەنانەت پیاوانیش لەگەڵ یەکتر یەکسان نین، ژنان گەرەکیانە لەگەڵ کامانە توێژی پیاوان یەکسان بن؟ ئایا ژنان هاودەنگن لەسەر ئەوەی یەکسانی[7] بە چ مانایێکە؟  ئەم پێناسە سادەیە  لە «ئازادی ژنان» نکۆڵی لە فاکتۆرگەلێک وەک چین و نەژاد دەکات کە لە ڕاستیدا، هاوتەریب لەگەڵ سێکسیزم، ڕادەی هەڵاواردن، چەوساندنەوە و ستەم بۆ هەر تاکێک دیاری دەکەن. ژنانی سپی بوڕژوا کە کەڵکەڵەی مافی ژنانیان هەیە بە هۆگەلی زۆر ڕوون ئەو پێناسە ساکارە لە فێمێنیزم پەسند دەکەن.  بەپێی ئەم ڕێتۆریکە خۆیان وە پاڵ ژنانی ستەم لێکراو داوە و ئیترهیچ خۆیان وەزەحمەت ناخەن باسی نەژاد و ئیمتیازی چینایەتی بکەن.

ژنانی هەژار و سەر بە چینی خوارەوە، بە تایبەت ئەگەر سپی نەبن، ئازادی ژنانیان بە یەکسانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوان پێنااسە نەدەکرد. چون لە ژیانی ڕوژانەیان بەردەوام وەبیریان دەهێندرێتەوە کە هەموو ژنان پێگەی کۆمەڵایەتی یەکسانیان نیە. لە هەمان کات دا دەزانن کە پیاوانێکی زۆر (لە گرووپی کۆمەڵایەتی خۆیان) دەچەوسێنەوە و ستەمیان لێ دەکرێت. چون دەیانزانی پیاوانی سەر بە چینی خوارەوە هێزی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییان نیە، هەر بە خەیاڵیشیان دا نەدەهات یەکسان کردنی پێگەی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ ئەو پیاوانە پێ ئازادیخوازانە بێت. ئەگەرچی بە باشی ئاگاداری ئەوەن سێکسیزم وای کردووە پیاوان سەر بە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بن ئیمتیازگەلێکیان ببێت کە ژنانی لێ بێ بەری کراوە، بەڵام ئەو دەربڕینە[8] زەقەی شۆوینیزمی پیاوانە[9] (لە نێو پیاوانی ژێردەست) زۆرتر لە بێ دەسەڵاتییەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە هەمبەر پیاوانی گرووپی سەردەست هەستی پێ دەکەن تا ئەوەی بیانهەوێت خۆیان لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی سەرەوە نیشان بدەن. ئەم ژنانە هەر لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ئازادی ژنانەوە، چون فێمینیزم پێناسەیەکی بەرتەسکی بوو، لێی بە گومان بوون. دەیانزانی کە ئەگەری هەیە ئەو فێمینیزمەی کە بە یەکسانی لەگەڵ پیاوان پێناسە دەکرێت، بزووتنەوەیەک ساز بکات کە پێش لە هەمووشتێک پێگەی کۆمەڵایەتی ژنانی سپی سەربە چینی مامناوەند و سەرەوەی کۆمەڵگا بپارێزێت و بە ئەستەم کاریگەری لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی ژنانی هەژار و کرێکار ببێت.

لە ڕاستیدا هەموو ژنانی پێشەنگ لە بزووتنەوەی ژنانیش دا لەگەڵ ئەوە هاوڕا نەبوون کە ئامانجی ئازادی ژنان گەیشتن بە پێگەی گۆمەڵایەتی پیاوان بێت. سێڵێستاین وار[10]، ژنە چالاکڤانی ڕەش لە هەوەڵ لاپەڕەکانی “هێزی ژنان: بزووتنەوەیەک بۆ ئازادی ژنان”[11] سەبارەت بە ئامانجەکانی فێمینیزم دەڵێت:

فێمینیزمی ڕادیکاڵ بۆ بنبڕکردنی باڵادەستی ونوخبە گەرایی لە هەموو پەیوەندیە مرۆییەکان دا تێدەکۆشێت. کەواتە پێویستە کۆمەڵگای ئێستا بەو جۆرەی ئێمە دەیناسین بڕووخێت و چارەی خۆ-نووسین[12]  دوایین ئامانج و ئاوات بێت.

هەندێک لە فێمینیستە ڕادیکاڵەکان وەک شارلۆت بانچ[13] ئەگەرچی پتر جەختیان لەسەر سێکسیزم کردووە، بەڵام لێکدانەوەکانیان لەسەربنەمای سیاسەتی باڵادەستی[14] و پەیوەندی دانەبڕاوی سیستەمە جیاوازەکانی زاڵ بوون ڕۆ ناوە. بەڵام ڕوانگەی کەسانی وەک بانچ لە لایەن ڕێکخەران و بەشداربووانی بزووتنەوەی ژنان کە لایەنگری ڕێفۆڕمی کۆمەڵایەتیی بوون، بایەخێکی وای پێ نەدەدرا. نووسەری نەناسراوی گۆتاری “ژنان و جیهانێکی نوێ”[15]  لەساڵی ١٩٧٦ ئەوخاڵەی بە جوانی پێکاوە کە زۆرێک لە چالاکڤانانی ناو بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ چەمکی فێمینیزم وەک ڕێفۆرمێک کە یاریدەیان دەدا بگەنە پێگەی کۆمەڵایەتی پیاوانی چینی خۆیان زۆرترموڕتاحن  تا فێمینیزم وەک بزاڤێکی ڕادیکاڵ کە سەردەستەیی بنبڕ دەکات و لە هەوڵی گۆڕینی کۆمەڵگا دایە.

ڕێکخراوە کانی ئازادی ژنان (سەرەڕای شوێن و شێوازی ڕێکخستن و گرووپی ئیتنیکیی بەشداربووەکانیان)، لەوەدا هاوبەش بوون  لە جیات بنەمای هزری ، لەسەر بنەمای فەکتی کۆمەڵایەتی یا بایۆلۆجیکی لە دەوری یەکترین کۆ بوونەتەوە. لە ناو بزووتنەوەی ئازادی ژنان ئەوەی ژنانی لە دەوری یەکتر خڕ کردبۆوە ئەوە بوو کە هەموویان ژنن و سووژەی زاڵبوونی پیاوانەن. ئێمە هەموو ژنان بە هاوپەیمانی خۆمان و هەموو پیاوانیش بە ستەمکار و داپلۆسێنەردەزانین. هەرگیز ئەمەمان نەبردە ژێر پرسیار کە تا چ ڕادەیەک ژنانی ئەمریکی بەها ماتریالیستی و تاکگەرایانەکان قبووڵ دەکەن کە  پیاوانی ئەمریکی قەبووڵیان کردووە. وچانیکمان نەدا کەبیر لەوە بکەینەوە کە لە ڕاستیدا ژنانی ئەمریکیش هەر بە قەد پیاوانی ئەمریکی بێ مەیلن بۆ سازکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر، هاوکاری و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی.

ئێستاکە دەرکەوتووە زۆرێک لە ژنانی چالاکی ناو بزووتنەوەی فێمنیستی ڕێفۆرم وەک ئامانجێکی کۆتایی دەبینن نەک وەک قۆناغێک بۆ پێشکەوتن بەرەو گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە. ئەگەرچی زیلا ئایسێنستاین[16] لە داهاتووی ڕادیکاڵی فێمینیزمی لیبڕاڵ[17] زۆر گەشبینانە بۆ پۆتانسیەلە ڕادیکاڵەکانی چالاکی ژنانی لیبڕاڵی ڕێفۆرمخواز دەڕوانێ، بەڵام شێوازی سەرهەڵدەدانی ئەو ڕادیکاڵیزمە، ڕوون ناکاتەوە. ئایسێنستاین ئەو داخوازیانەی لەسەر کێشەکانی مافی ژنان لە کۆنفرانسی هیۆستۆن[18] باس کران وەک نموونەیێک بۆ هەڵسوکەوتی بەرنامە فێمینیستیە ڕادیکاڵەکان دێنێتەوە و دەڵێ:

ڕاپۆرتەکەی هیۆستۆن وەک مافی مرۆڤ، داوای دەنگ و ڕۆڵێکی تەواو بۆ ژنان دەکات کە بتوانین چارەنووسی جیهانی خۆمان، نەتەوە، خێزان و ژیانی تاکەکەسییمان دیاری بکەین. بە تایبەت لە ناو ڕیپۆرتەکە داوای ئەم خاڵانە کراوە ١- سڕینەوەی توندوتیژی لە ناو ماڵ و سازکردنی شوێنی ئەمن بۆ ژنانی لێقەوماو، ٢- پشتیوانی کردن لە کار و کەسابەتی ژنان، ٣- ڕێگاچارەیەک بۆ ئازاری منداڵان، ٤- پشتیوانی دەوڵەت لە شێوازێکی غەیری سێکسیستی ئاگاداری لە منداڵان ، ٥- مسۆگەر کردنی دامەزرانی ژنانێک کە حەزیان لێیە و دەتوانن کار بکەن، ٦- پاراستنی ماڵبەڕێوەبەران[19] بۆ ئەوەی هاوسەرگیری وەک دابەشکاریی بێت، ٧- کۆتایی هێنان بە وێنا کردنی سێکسیستی ژنان لە مێدیا دا، ٨- هەوڵ بۆ ئازادی زاوزێ و کۆتایی هێنان بە نەزۆک کردنی زۆرەملێ، ٩ـ چارەسەری بۆ هەڵاوارنی دووقات[20] ژنانی کەمینە، ١٠- بە سەرداچوونەوەی کۆدە تاوانکارییەکان[21] لە مەڕ لاقە کردن[22]، ١١- بنبڕکردنی هەڵاواردن لە سەر بنەمای حەزی سێکسی[23] ، ١٢- بناغە دانان بۆ پەروەردەیێکی غەیری سێکسیستی، و ١٣- تاقیکردنەوەی کاریگەری بەرنامەکانی چاکسازی ئاسوودەیی گشتی[24]  لەسەر ژنان.

کاریگەری ئەرێنی ئەم ڕیفۆرمە لیبڕاڵانە لەسەر ژیانی ژنان نابێ باوەڕێک ساز بکات کە گۆیا ئەو بیرۆکەیە سیستەمی زاڵ بوون بنبڕ کردووە. لە هیچیەک لەو داخوازیانە دا باسێک لە بنبڕ کردنی سیاسەتی سەردەستەیی ناکرێت لە حاڵێک دا بۆ وەدیهاتنی هەر کامێکیان پێویستە سەردەستەیی هەڵوەشێتەوە. جەخت نەکردن لەسەر سەردەستەیی لەگەڵ ئەو باوەڕە فێمینیستییە لیبڕاڵە هاوئاهەنگە کە پێی وایە ژنان بە بێ ئاڵنگاریی و گۆڕینی بنەماکۆلتووریەکانی ستەم، دەتوانن بە یەکسانی لەگەڵ پیاوانی چینی خۆیان بگەن. ئەمە هەمان باوەڕە کە پێیوایە پۆتانسیەلی ڕادیکاڵی فێمینیزمی لیبڕاڵ قەت وەدی نایەت. توێژەری بڕازیلی، هێڵێس سافیۆتی[25] لە ساڵێ ١٩٦٧ باس لەوە دەکات کە چۆن فێمینیزمی بوڕژوا نائاگایانە و بە شێوازێکی بنەڕەتیانە ڕەنگدانەوەی فێمینیزمی چینی سەردەست بووە:

ئەو تۆزە خەسلەتە شۆڕشگێڕانەیەش کە لە ناو کرداری فێمینیستی وردە بورژوا[26]  بەدی دەکرێت، بە هەوڵی توێژی مامناوەند ( و بە تایبەت کەسانی دەستەنگ) بۆ بردنەسەرێی پێگەی کۆمەڵایەتییانە. بۆ ئەو مەبەستەش، هەوڵیان پەرە پێدان بە پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانە و قەت بەرەنگاری دۆخی هەنووکە[27] نابنەوە. کەواتە ئەگەرچی فێمینیزمی وردە بورژوا مەبەستی دروست کردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی نێوان ڕەگەزە جنسیەکانە، هۆشیاری وەک دەسکەوتێکی ئۆتۆپیایی لێ هاتووە بۆ بەدی هێنانی گۆڕانگارییەکی نیوەچڵ؛ ئەمەش بە بێ  تێکچوونی ئەو بنەمایانەی کە لەسەری ڕۆنندراوە جێ بە جێ دەکرێت…. کەواتە فێمینیزمی وردە بورژوا لە بنەڕەت دا فێمینیزم نیە؛ لە ڕاستیدا ئەم ڕوانگەیە بە داپۆشانی دژبەیەکیە نێوخۆیییەکان، یارمەتی پتەو کردنی کۆمەڵگای چینایەتی داوە.

لایەنی ڕادیکاڵی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی ژنانی لیبڕاڵ پشتیوانی ئایدۆلۆژیک لە سازکردنی فەزایەکی لێکۆڵینەوانە و ڕەخنەگرانە بۆ مانەوەی لیبراڵیزم دەکات؛ لیبرالیزمێک کە گەرەکیە دەرفەتی زۆرتر بۆ ژنان لە بەستێنی کاپیتالیستی و باوک/پیاو سالارانە کە سەروەری سپیەکان تێیدا زاڵە بڕەخسێنێ. ئەو چالاکیە لیبڕاڵەی مافی ژنان لە زاتی خۆی دا بازنەی خەباتی فێمینیستی بچووک کردۆتەوە. فەیلەسووف میهایلۆ مارکۆڤیچ[28]  لە بابەتێکی بە ناوی ئازادی ژنان و ڕزگاری مرۆڤ[29] باس لە سنووردار بوونی لیبڕالیزم دەکات:

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندیە بنەماییەکانی لیبڕاڵیزم کە بۆ ڕزگاری گرووپە ستەملێکراوەکان لەمپەر درووست دەکات چەمکی سرووشتی مرۆڤە. لاک و هەموو فەیلەسووفە لیبڕاڵەکان تەمایانە قەناعەتمان پێ بێنن کە خۆپەرستی[30] و شەڕئاژۆیی[31] ، کە پاڵنەری زاڵبوون و داگیرکارین، لە تایبەتمەندیەکانی پێناسەی مرۆڤن. بە پێی ئەو باوەڕە، ستەم کردن لە کۆمەڵگایێکی مرۆیی دا ( بۆ نموونە لە پانتایی کۆمەڵایەتییەک کە لە لایەن دەوڵەتەوە تەنزیم دەکرێت) ڕاستییەکی ژیانە و پەیوەندی مەدەنی نێوان ژنان و پیاوان بۆ هەتا هەتایە وەک مەیدانی جەنگ دەمێنێتەوە. ژنانیش کە بە ڕادەیەکی کەمتر شەڕئاژۆن، یان لە مرۆڤ خوارترن و شایەنی ملکەچین، یان دەبێت زۆرتر تینووی دەسەڵات بن و هەوڵ بدەن پیاوان ژێردەستە بکەن. بەدی هێنانی ئازادی بۆ ژنان و پیاوان پێکەوە ئەستەمە.

ئەگەرچی فێمینیزمی لیبڕاڵ جەختی لەسەر ڕێفۆرمە، هەندێک لەو رێفۆرمانە ئەگەر بە تەواوی جێ بە جێ بکرێن دەتوانێ کاریگەری ڕادیکاڵی لەسەر کۆمەڵگا بێت. هەر بۆیە ئەو ڕێفۆرمانە بە جدی پێشیان پێ دەگیرێ چون دەتوانن قۆناغگەلێک بۆ گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە بەدی بێنن. ئەوە ئاشکرایە کە کۆمەڵگا بۆ ئەو داخوازیە فێمینیستیانە کە جێی مەترسی نین و تەنانەت یاریدەدەرن بۆ مانەوەی دۆخی هەنووکەیی، زۆرتر کراوەیە. جین گرۆس[32] لە بابەتێکی دا بە نێو “ئەخلاقی فێمینیستی لە ڕوانگەیەکی مارکسیستیەوە”[33] کە ساڵی ١٩٧٧ لە چاپ دراوە نموونەیەکمان لە دەستبەسەرداگرتنی ستراتێژی فێمنیستی بۆدێنێتەوە و دەڵێت:

ئەگەر ئێمەی ژنان گۆڕانکاریمان لە هەموو بەستێنەکانی ژیانمان دەوێت، دەبێ بە جوانی ئەوە بزانین کە سەرمایەداری وردە وردە دەست بەسەر هەموو گۆڕانکاریەکان دا دەگرێت. سەرمایەداری پێی دەکرێت هەموو گۆڕانکارییە خەیاڵیەکانمان داگیر کات و دژ بە خۆمان کەڵکی لێ وەربگرێت. بۆ نموونە زۆرێک لە ژنان کە هاوسەرگیرییان لردووە، بە پێی هۆشیارییەک لەو ستەمەی لە ناو خێزان لێیان دەکرێت، لە هاوسەرەکانیان جیا بوونەتەوە. ئەو ژنانە  بە بێ هیچ ئامادەکارییەک بۆ پاراستنی خۆیان فڕێ دراونەتە نێو بازاڕی کارەوە. ئەوە بۆ زۆرێک لە ژنان بە مانای ئیش کردن لە پشت دەزگای چاپە[34] . کۆمپانیاکان ئێستا زۆر چاک لەوە تێگەیشتوون کە تا چ ڕادەیەک ژنانێک کە لە هاوسەرەکانیان جیا بوونەتەوە بچەوسێننەوە. لەو جۆرە ئیشانەدا، “ئاستی بەرهەم هێنان لە ماوەیێکی دیاریکراو” [35]بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر لە سەرەوەیە. “ ئەگەر گلەییش بکات، ئەوە کەسێکی دیکە شوێنەکەی دەگرێتەوە”.

بە تایبەتی سەبارەت بە کار، زۆرێک لە ڕێفۆرمە فێمینیستییە لیبراڵەکان (بە جەخت کردن لەسەر ئینعیتافی سەرمایەداری) بە سانایی و بە بێ ئەوەی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە ئازاد بکەن، بانگەشە بۆ بەها ماتریالیستی و سەرمایردارانەکان دەکەن.

ژنانی لیبڕاڵ تەنیا کەسانێک نەبوون کە بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان سوودیان لە فێمێنیزم دەگرت. زۆرینەی ئەو ژنانەی کە سوودیان لەو ڕێفۆرمە کۆمەڵایەتییانە وەرگرتووە کە سەرچاوەکەی مفێمینیزمە، نایانهەوێت وەک کەسانێک ببیندرێن کە داکۆکی لە فێمینیزم دەکەن. بەشداربووانی ئەم کۆنفڕانسانەی لەسەر کێشەی ژنان لە سەرانسەری ئەمریکا بەڕێوە دەچن (کە ئەگەر بزووتنەوەی فێمینیستی نەبوایە قەد ڕێکنەدەخران و بۆدجەیان پێ نەدەدرا)، نایانهەوێت وەک داکۆکیکارانێک بۆ فێمینیزم بناسرێن. ئەم کەسانە یا نایانهەوێت لە فەزای گشتی دا بە بزووتنەوەی فێمینیستی پابەند بن، یان گاڵتەیان بە دەستەواژەکە دێت. تاکی ئەفریقی-ئەمریکی، خۆجێیانی ئەمریکی[36]، ئاسیایی-ئەمریکی، هیسپانی-ئەمریکی خۆی لە پشتیوانی بزاڤی فێمینیستی بە تەنیا دەبینێتەوە. تەنانەت ژنانێکیش کە لە سایەی سەری گرینگییەک کە لایەنگرانی فێمینیزم پێیان دەدەن، ناو و ناوبانگ دەردەکەن و بە داهاتێکی باش دەگەن، ڕەنگە خۆیان لە بزووتنەوەی فێمینیستی لادەن. تەنانەت جار هەیە بۆ خۆ لادان لە وشەی فێمینیزم، دەست بە داتاشینی هەندێک وشەی دیکە دەکەن کە پیشاندەری کەڵکەڵەی ئەوان بۆ کێشەکانی ژنان بێت. داتاشینی وشەی نوێ کەهیچ پەیوەندییەکی بە چالاکیی سیاسی ڕێکخراوەیی نیە، بیانوو بە دەست ئەو ژنانە دەدات کە هەر لەبنەڕەتدا حەزیان لە بەشداری لە خەباتی فێمینیستی دا نیە. ئەمە لەجیات پێویستی پێناسەکردنەوەی فێمینیزم، قەبووڵ کردنی ناڕەخنەگرانەی هەندێک پێناسەی بەلاڕێداچوولە فێمینیزمە. ئەم کەسانە ڕەنگەپاڵپشتی لە هەندێک کەڵکەڵەی فێمینیستی بکەن بەڵام لە هەمان کات دا خۆیان لە بزووتنەوەی فێمینیستی دوور دەگرن.

لە نووسراوەی ئەودواییانەی باب گرین[37] بەناوی “خوشکان لە ژێر پێستەوە”[38] کە لە ڕۆژنامەی سانفرانسیسکۆ بڵاوی کردۆتەوە، باس لە بێزارییەک دەکا کە گۆیا زۆرێک لە ژنان لە وشەی فێمینیزم هەیانە. گرین پێی سەیرە زۆرێک لە ژنان کە ڕاشکاوانە باوەڕیان بە هەموو ئەو شتانە هەیە کە فێمینیستەکان داکۆکی لەسەر دەکەن، وشەی فێمینیست وەک شتێکی ناحەز رەت دەکەنەوە، وەک شتێک کە نایانهەوێ خۆیانی پێوە بلکێنن. ئەگەرچی ئەو ژنانە زۆرجار دان بەوە دادەنێن کە کەڵکیان لەو رێفۆرمانە گرتووە کە سەرچاوەکەی لە فێمینیزمەوە بووە و دۆخی کۆمەڵایەتی هەندێک گرووپی ژنانی بەرەو باشتر گۆڕیوە، حەز ناکەن بەشداری بزووتنەوەی فێمینیستی بکەن.

چی دی ناتوانین لەو ڕاستییە خۆ بدزینەوە. ئێستاکە وشەی فێمینیست زۆرێک لە ژنانی وریا و بەرزەفڕ ناڕەحەت دەکات و تەریقیان دەکاتەوە. ئیتر خۆیانی لێ لادەدەن. لێی دەسڵەمێنەوە.

وەک ئەوەی مانایەکی ناحەزی بێت، نایانهەوێ هیچ پەیوەندییەکیان پێوە بێت. ئەگەرهەرچی باوەڕی فێمینیستییە بۆیان باس بکەی، بە تەواوی لەگەڵ هەمووی هاوڕان و تەنانەت ئەگەر خۆشیان وەک فێمینیست دانێن، کە لێیان دەپرسی، بێ یەک و دوو نکۆڵی لێ دەکەن و خۆی لێ لادەدەن.

ژنانێکی زۆر چون ئەرخەیان نین سەبارەت بە مانای وشەی فێمینیزم، حەز ناکەن داکۆکی لەسەر بکەن. ژنانی ستەملێکراو و چەوساوەی سەر بە گرووپە ئیتنیکیە جیاوازەکانیش خۆیان لەم دەستەواژە لادەدەن چون نایانهەوێ وەک بەشێک لە بزووتنەوەیەکی نژادپەرست ببیندرێن؛ خۆی فێمینیزم زۆربەی کات وەک تێکۆشانێک بۆ مافی ژنانی سپی دەبیندرێ. ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان فێمینیزم، هاوواتای لێزبیەنیزم[39] دادەنێن؛ دژایەتی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازی وادەکات کە لەگەڵ ئەو گرووپانەی لایەنگری لێزبیەنەکانن، نزیکایرتی نەکەن. هەندێک لە ژنان لە وشەی فێمینیزم دەترسن چون خۆیان لە هەر چەشنە بزووتنەوەیەکی سیاسی (بەتایبەت ئەگەر ڕادیکاڵیش بێت) لا دەدەن. هەڵبەت ژنانێکیشمان هەیە کە بە هیچ جۆرێک حەز ناکەن تێکەڵی بزووتنەوەی مافی ژنان بن؛ کەواتە ڕەتی دەکەنەوە و دژی دەوەستن. زۆربەی ژنان زیاتر لەوەی ئاگاداری دەڵاڵەتە ئەرێنییەکانی فێمینیزم بن، لەگەڵ ڕوانگە نەرێنییەکان سەبارەت بە ئازادی ژنان ئاشنایەتییان هەیە. ئەم هێز و دەڵاڵەتە سیاسییە ئەرێنیەیە کە ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین بیپارێزین و بیبووژێنینیوە.

لە ئێستادا وێدەچێ فێمینیزم وشەیەک بێت بە بێ هیچ مانایەکی ڕوون. ئەوەی هەموو مانایەک دەگرێتە بەر، لە ئاستی کردەوە دا بە تەواوی بێ مانای کردووە. مەبەست لەوەیکە هەموو مانایەک دەگرێتە بەر ئەوەیە کە هەر ژنێک خوازیاری یەکسانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوان بێت سەرەڕای نێرینە سیاسیەکەی (جا حەز دەکا کۆنەپارێزێکی ڕاستڕەو بێت یان نەتەوەخوازێکی کۆمۆنیست) دەتوانێت خۆی وەک فێمینیست پێناسە بکات. زۆرێک لەو هەوڵانە بۆ پێناسە کردنی فێمینیزم ڕەنگدانەوەی سروشتی چینایەتی بزووتنەوەکەیە. پێناسەکان زۆرتر لیبڕاڵن و جەخت دەکەنە سەر مافی چارەی-خۆنووسین و مافی تاکەکەسی ژنان بۆ ئازادی. باربارا بێرگ[40] لە دەروازەی بیرەوەری؛ سەرچاوەکانی فێمینیزمی ئامریکایی[41] فێمینیزم بە “بزووتنەوەیەکی بەربڵاو کە قۆناغگەلی زۆری ڕزگاری ژنانی لە خۆ گرتووە”، پێناسە دەکات. بەڵام تەرکیزی لەسەر ئەوەیە کە ژنان ئازادی تاکەکەسیی زۆرتر وە چنگ خەن. بێرگ زۆرتر لەسەر ئەو پێناسەیە دەڕوات و دەڵێت:

ئەمە ئازادی بۆ بڕیار دان لەسەر چارەنووسی خۆیەتی؛ ڕزگاری لە ڕۆڵی دیاری کراوی ڕەگەزی؛ ڕزگاری لە لەمپەری سەرکوتکەری کۆمەڵایەتی؛ ئازادی بۆ دەربڕینی هەموو بیرو ڕاکانی و قواستنەوەیان بۆ ئاستی کردەوە. فێمینیزم خوازیاری قەبووڵکردنی مافی ژنانە لە هەڵسەنگاندن و هۆشیاری تاکە کەسی و هەوڵدەدات ئەو باوەڕە بچەسپێنێت کە بایەخی ژن لە مرۆڤایەتییەکی هاوبەش و هاوشێوەوە سەرچاوە دەگرێت نەک پەیوەندیەکانی تر لە ژیانی دا.

ئەم پێناسەیە لە فێمینیزم تا ڕادەیەک ناسیاسییە؛ بەڵام سەرنجی زۆرێک لە ژنانی لیبراڵی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم نێرینەبانگەشە بۆ تێگەیشتنێکی ڕۆمانتیک لە ئازادی شەخسی دەکا کە لە ڕاستیدا لە پێناسەیەک کە تەرکیزی لە سەر کردەوەی سیاسییە، زۆرتر قەبووڵ کراوە.

زۆربەی فێمینیستە ڕادیکاڵەکان ئێستاکە بەو قەناعەتە گەیشتوون کە نە ئەو فێمینیزمەی کە ژنان وەک مرۆڤگەلێکی سەربەخۆ دەبینێت کە شایەنی ئازادی شەخسین، و نە ئەم فێمینیزمەی کە بانگەشەی یەکسانی لەگەڵ پیاوان دەکات، ناتوانن کۆمەڵگا لە چنگ سەردەستەیی پیاوانە و سێکسیزم ڕزگار بکەن. فێمینیزم خەباتێکە بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی سێکسیستی. کەواتە خەباتێکە بۆ بنبڕکردنی ئایدۆلۆژیای سەردەستەیی کە دزەی کردۆتە لایەنە جۆراوجۆرەکانی کۆلتووری ڕۆژئاوایی. هەروەها پابەندییەکە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا کە تێیدا گەشەی خۆ[42] وە سەر ئیمپریاڵیزم، پەرەی ئابووری و ویستە مادییەکان کەوێت. لەسەر بنەمای ئەو پێناسەیە، بە دەگمەن وایە ژنان تەنیا بەهۆی ئەوەی لە ڕووی بایۆلۆجییەوە هاوشێوەن، پەیوەستی بزووتنەوەی فێمینیستی بن. کەواتە تاکێک بە فێمینیزم پابەند بێت پێویستە ئاگایییەکی سیاسی ڕەخنەگرانە و بەڵگەمەند بەدەست بهێنێت.

درووشمی “هەمووشتێکی شەخسی سیاسیە” (کە لە سەرەتاوە بۆ باس لە کاریگەری سیاسەت لەسەر واقعی ڕۆژەڤی ژنان و سیاسی بوونی ژیانیان بەکاردەچوو)، بوو بە پاڵنەرێک کە ژنان ئەو ڕاستییە بزانن کە هەڵاواردن، ستەم و چەوساندنەوە بە تێگەییشتن لە دەزگایەکی ئایدۆلۆژیک و دامەزراوەیی وڵامی دەدرێتەوە کە پێگەی کۆمەڵایەتی تاک دیاری دەکات. لەئاکام دا، زۆرێک لە ژنان کە بە تەواوی دۆخی خۆیان هەڵنەسەنگاندبوو، هەرگیز پەرەیان بە تێگەیشتنێکی تۆکمە لە واقیعی سیاسی خۆیان و پەیوەندی ئەوە بە کۆمەڵی ژنانەوە نەدا. ئەو ژنانە زۆرتر بۆ زەق کردنەوەی ئەزموونی شەخسی خۆیان هان دەدران. پێویستە چالاکوانانی فێمینیستیش وەک ئەو شۆڕشگێڕانەی کە لە ئاستی جیهانی بۆ گۆڕانی چارەنووسی داگیرکراوان هەوڵ دەدەن، لەسەر ئەوە سوور بن کە توانایی بۆ دیتن و شرۆڤەی واقیعی ژیانی تاک لە پرۆسەی درێژخایەنی خۆساڕێژکردنەوە[43] هەنگاوێکی گرینگە، بەڵام تەنیا سەرەتایە. کاتێک ژنان ئەو بیرۆکەیان دەروونی کرد کە باس کردن لە تەنگ و چەڵەمەکانیانیان پێ وەک پەرەپێدانی هۆشیارییەکی سیاسی ڕەخنەگرانەیە، بزووتنەوەی فێمینیستی لە پێشکەوتن وەستا. لە وەها ڕوانگەیەکی نا تەواوەوە، سەیر نیە کە تیئۆری و ستراتێژیگەلێک درووست بوون کە بە لاڕێدا چوون و کەم و کووڕییان هەبوو. ئێستاکە بۆ چاک کردنەوەی کەماسیی لێکۆڵینەوەکانی ڕابردوو ئێمە دەبێ ژنان هان بدەین بە پەرە پێدان بە تێگەیشتنێکی هەمەلایەنە و ڕوون لە واقیعی سیاسی خۆیان. ڕوانگەیەکی ئاوا بەرفراوانیش تەنیا کاتێک سەرهەڵدەدا کە ئێمە بۆشتانێکی شەخسی کە سیاسین، بۆ سیاسەتە شۆڕشگێڕییە جیهانییەکان وهەروەها بۆ سیاسەتەکانی کۆمەڵگا بەگشتی هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە بکەین.

پێناسەیەکی سیاسی لە فێمینیزم کەهاوکات جەخت دەکاتە سەر ئەزموونی تاکە کەسی و ئەزموونی بە کۆمەڵ، ژنان بەرەو ئاراستەیەکی نوێ ڕەوانە دەکات؛ ئاراستەیەک کە لەوهەڵوێستە ناسیاسییە کە پێیوایە سێکسیزم جارەنووسی ژنانە  تێدەپەڕێت و پەرە بە هۆشیارییەکی سیاسی دەدات. ژنان لە ڕووی ڕۆژەڤی خۆیانەوە دەزانن کە زۆربەمان بە دەگمەن باس لە سیاسەت دەکەین. تەنانەت کاتێکیش سەبارەت بە سیاسەتی سێکسیستی لە جەنگەی فێمینیزمی هاوچەرخ هاتنە گۆ، لەجیات ئەوەێ رێگا بدرێ بە تێکەڵ بوونی ئەم بابەتە لەگەڵ کێشە سیاسییە جیدییەکان کە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی لە پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان لێ بکەوێتەوە، ئێمە سوور بووین لەسەر ئەوەی پیاوان دوژمن وسەرچاوەی هەموو گرفتەکانی ئێمەن. کەواتە، ئێمە تەنیا لە پەیوەندی ژنان و سەردەستەیی پیاوان و بیردۆزی سێکسیزممان کۆڵییەوە. هەر وەک مارلێن دیکسۆن[44] لە گوتاری “هەوراز و نشێوی ئازادی ژنان: لێکۆڵینەوەیەکی چینایەتیانەدا”[45] باس دەکات، تەرکیز لەسەر ئەم بابەتە کە پیاوان دوژمنن سیاسەتێکی ستەمی دەروونی[46] پێک هێناوە کە کە “تاک بەرامبەر یەکترین دادەنێن و بنەمای کۆمەڵایەتی چەوساندنەوە لێڵ دەکەن”. لێکۆڵینەوەی ئێمە پێویستی بە شی کردنەوەی هەموو لایەنەکانی واقعی سیاسی ژنانە.  کەواتە دەبێت ئەوە ڕەت بکاتەوە کە تەرکیزی بزووتنەوەی فێمینیزتی لەسەر یەکسانی کۆمەڵایەتی[47] نێوان ڕەگەزەکان[48] بيت و هاوکات  جەخت بکاتە سەر سڕینەوەی بنەما کولتوورییەکانی ستەمی گرووپی[49]. واتا ستەمی نەژادی و چینایەتی هەر بە قەد سێکسیزم  کێشەی فێمینیستی بە حیساب دێن.

کاتێک فێمینیزم بە جۆرێک پێناسە دەکرێت کە سەرنج بۆ واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی ژنان سەر بە توێژە جیاوازەکان ڕادەکێشرێت، ئەزموونی هەموو ژنان دێنێتە ناوەند. بە تایبەت ژنانێک کە کەمتر دەربارەی دۆخی کۆمەڵایەتییان نووسراوە و لێکۆڵینەوە کراوە یان لە لایەن بزووتنەوی سیاسی تووشی گۆڕانکاری هاتووە. کاتێک ئێمە واز لەو هەڵویستە ساویلکەیە کە “پیاوان دوژمنن” دەهێنین، پێویستە سیستمگەلی سەردەستەیی و ڕۆڵی خۆمان لە هێشتنەوە و درێژەپێدانیان بخەینە بەرتاقیکردنەوە. نەبوونی پێناسەیەکی تۆکمە وای کردوەە ژنانی بورژوا(بە لیبراڵ ورادیکاڵەوە) هاسانتر بەسەر ڕیبەرایەتی و ئاراستەی بزووتنەوەکە دا زاڵ بن. ئەم هەژمونە تا ئێستاش لە زۆربەی ڕێکخراوە فێمینیستییەکان دا هەیە. ژنانی ستەملێکراو وچەوساوە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە هان دەدرێن کە وا بیر بکەنەوە کە بێهیوان و هیچیان لەدەست نایە بۆ لەناوبردنی سەردەستەیی. ئەم جۆرە بەکۆمەڵایەتی بوونەی ژنانی بندەست وایکردوو لە وڵامی زاڵبوونی سپییەکان و بورژواکان بەسەر بزووتنەوەی فێمینیستی دا، فێمینیزم لە بنەڕەت ڕا  رەت بکەنەوە و خۆی لێ لادەن. وڵامێکی واش بۆ ژنانێک کە دەیانەوێت بەسەر ئاراستەی تیئوری و کردەی فێمینیستی دا زاڵ بن، مەترسیدار نییە. ئەوان پێیان باشترە ئێمە بێدەنگ بین و بە بێ هیچ هەڵوێستێک بیر و ڕای ئەوان قەبووڵ بکەین. تەنانەت پێیان خۆشترە بەرهەڵستییان بینەوە و دژ بەوان بدوێین تا ئەوەی پەرە بە باوەڕی خۆمان سەبارەت بە بزووتنەوەی فێمینیستی بدەین.

فێمینیزم خەباتێکە بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی سێکسیستی و ئامانجیشی ئەوەنیە کە تەنیا لە بەرژەوەندی گرووپێکی تایبەتی ژنان، نەژاد یان چینێکی تایبەت دا بێت و ژنان بەسەر پیاوان دا زاڵ ناکات. فێمینیزم ئەو هێزەی هەیە بە شێوازێکی زۆر مانادار ژیانمان بگۆڕێت. گرینگتر لەوەش، فێمینیزم نە شێوە ژیانێکە و نە شوناسێکی ئامادە و بەردەستە کە خۆی پێوە ڕابنێی. زۆرێک لە ژنان بە گواستنەوەی وزەی بزووتنەوەی فێمینیستی کە مەبەستی گۆڕانکاری کۆمەڵگایە، جەخت دەکەنە سەر پەرە پێدان بە کولتوورێک دژ بە کولتووری باو[50] و دونیایەکی ژن-تەوەر[51]  کە بەشداربووەکان کەمترین پەیوەندییان لەگەڵ پیاوان هەیە. زۆرینەی ژنان لە ڕووی دەرکەوتە کولتوورییەکانیانەوە لەو ڕوانگانە ژن تەوەرانە نزیک نین. ماری دالی[52] لە بابەتی “ئەوپەڕی خوای باوک[53]” ژنان هان دەدات دەست لە “ئاسایش و ئەمنییەتێک کە لەلایەن سیستەمی باوک/ پیاو سالارییەوە پێیان پێشنیاز دەکرێت” هەڵگرن و فەزایەکی نوێی ژن-تەوەر بخولقێنن. جین گرۆس[54] لە وڵامی دالی دا ئاماژە بەو دژبەیەکییانە دەکات کە لە ئاکامی تەرکیزی بزووتنەوەی فێمینیستی لەسەر فەزایەکی نوێ ساز دەبێت:

درووست کردنی “جیهانێک دژ بە جیهانی باو[55]” گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ژنانێک کە لە هەوڵی وەها پڕۆژەگەلێک دان. سەرچاوەی ئەم گوشارەش ئەو باوەڕەیە کە بۆخۆمان تەنیا سەرچاوەگەلی متمانە پێکراو بۆ وەها هەڵمەتێکین. ڕابردوو کە بە تەواوی باوک-پیاوسالارانەیە قەرەبوو نابيتەوە.

ئەگەر ئێمە بە بێ ئاخافتن لەگەڵ کەسانی تر(وئەو دۆخە مێژووییانەی کە شوناسی ئەوانی درووست کردووە)، دەست بدەینە درووست کردنی کولتوورێکی جێگرەوە، هیچ پێوەرێکی واقعیمان بۆ تاقی کردنەوەی ئامانجەکانمان نییە. بەم شێوەیە مەترسی ئەوە زۆرە بیردۆزی زاڵی کولتور لە ڕێگای کولتووری ئەمپریالیزم لە ناو بزووتنەوەی فێمینیستی دا دووپات بێتەوە.

یەکسان کردنی خەباتی فێمینیستی بە ژیان لە دونیایەکی ژن-تەوەر، بە کولتوورێک دژ بە کولتووری باو ، هەندێک لەمپەری هێناوەتە گۆڕێ کە درگای بزووتنەوەکەی  لەسەر زۆرێک لە ژنان داخستووە. زۆرێک لە ژنان سەرەڕای هەڵاواردنی سێکسیستی، چەوساندنەوە و ستەم لێکران ژیانی خۆیان پێ گرینگ و بە بایەخە و ئاساییە ژیانی خۆیان بۆ شێوەژیانێکی فێمینیستی جێگرەوە بە جێ ناهێڵن و ئەم پێشنیازەیان پێ قەبووڵ ناکرێ. زۆرێک لە ژنان هەستیان بەوە دەکرد ئەزموونی ژیانیان بایەخی پێ نادرێت و هەر بۆیەش لە وڵام دا زۆر بە توندی هێرشیان کردە سەر فێمینیزم. ئێمە چەمکی “شێوە ژیانی فێمینیستی جێگرەوە” کە تەنیا کاتێک سەرهەڵدەدا ژنان وردە کولتوور[56] درووست بکەن، ڕەت دەکەینەوە. هەروەها بە سوور بوون لەسەر ئەوەی خەباتی فێمینیستی لە هەرجێگایەک کە ژنێکی لێیە دەتوانێ دەست پێ بکات، بزووتنەیەوەک ساز دەکەین کە تەرکیزی لەسەر ئەزموونی بە کۆمەڵی ژنانە و دڕێژە بە خاباتێکی جەماوەری دەدات.

لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو، زۆرکۆمەڵی جیایی-خواز[57] لە لایەن ژنانەوە پێکهاتوون کە تەرکیزیان لە گەشەی فەزایەکی ژن-تەوەر گواستۆتە سەر مەسئەلەی شوناس. کاتێک فەزایەکی ژن-تەوەر پێک دێت، تەنیا وەختێک دەمێنێتەوە کە ژنان لەسەر ئەو قەناعەتە بن کە ئێرە تەنیا شوێنێکە دەتوانن ئازاد بن و خۆیان بناسن. پاش هەڵگرتنی شوناسی فێمینیستی، ئینجا ژنان دەخوازن شێوە ژیانی فێمینیستی ڕەچاو کەن. ئەم ژنانە ئەوە نابینن کە ئەم ڕەوتە بزووتنەوەی فێمینیستی لاواز دەکات  چون «فێمینیست بوون» وەک ڕۆڵێکی لەوەپێش ئامادە-کراو لێدەکات (لە پەنای هەموو ئەو ڕۆڵانەی تر کە ژنان هەیانە) کە ئەو ژنانەی لە شوناسی خۆیان دەگەڕێن دەتوانن هەڵیبژێرن.

ئەم ویستە کە فێمینیزم لە جیات پابەندییەکی سیاسی وەک هەڵبژاردنی شێوە ژیانێک ببیندرێ ڕەنگدانەوەی سروشتی چینایەتی بزووتنەوەکەیە. سەیر نیە زۆربەی ئەو ژنانەی فێمینیزم بە شێوە ژیانێکی جێگرەوە یەکسان دادەنێن، سەر بەچینی مامناوەندن، هاوسەرگیرییان نەکردووە و زانکۆ ڕۆیشتوون. زۆربەیان خوێنکارانێکن بە بێ هیچ یەک لەو بەرپرسیارەتییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە ژنانی هەژاری سەر بە چینی کرێکار کە ماڵبەڕێوە دەبەن، منداڵدارن و هاوسەرگیرییان کردووە،  ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە. هەندێک جار لێزبیەنەکان بە هۆکارگەلی زۆر جیاواز فێمینیزم وەک شێوەژیانێک دەبینن. بە پێی ئەو هەڵاواردن و دەمارگرژییەی دژ بە لێزبیەنەکان لە کۆمەڵگای ئێمە دا هەیە، هەبوونی کۆمەڵانی جێگرەوە کە تایبەت بە ژنانن یەکێک لە ڕێگاکانی سازکردنی فەزایەکی ئەرێنی و دانپێدانەرە. هۆکارگەلێکی ئەرێنی وەک چێژ، پشتیوانی و دابەش کردنی سەرچاوەکان بۆ گەشە پێدان بە فەزای ژن-تەوەر هەیە (کە پێویست نیە لەگەڵ شێوە ژیانی فێمینیستی یەکسان داندرێ). بەڵام سەرەڕای ئەم قازانجانەش، جەخت کردن لەسەر درووست کردنی کولتوورێک دژ بە کولتووری باو، ژنانی لە بزووتنەوەی فێمینیستی لاتەریک کردووە. هەر بۆیە وەها فەزاگەلێک دەتوانێ لە کڵێسەکان، چێشتخانەکان و هتد ببێت.

زۆرێک لە ژنان کە بۆ پەیوەندی گرتن، ئامانجی هاوبەش و لە ناوجەماوەر دا بوون پەیوەستی بزووتنەوەکە بوون، پشتیوانی زۆریان لە ڕێکخراوە فێمینیستییەکان دا دۆزیوەتەوە. ئەو فەزا ئەمن و پشتیواندەرە کە ژنان تێیدا باسی بیردۆزی فێمینیستییان دەکرد، ڕەزامەندییەکی تاکەکەسی لەو پەیوەندیە نوێیانە دروست کرد، کە ئەو پرسیارەیان نەدەکرد گەلۆ ئاپۆرەی ژنان پێویستییان فەزا جەمعییانە هەیە. بە دڵنییاییەوە زۆربەی ژنانی ڕەش و هەروەها ژنانی سەر بە گرووپە ئیتنیکیە کانی تر، سەرەڕای چەوسانەوە و ستەملێکران، هەستییان بە نەبوونی ژیانی بەکۆمەڵ و فەزای جەمعی نەکردووە. بۆ ژنانێک کە ژیانی بەکۆمەڵ ئەزموون دەکەن و دەیانهەوێت کۆتایی بە چەوساندنەوە و ستەم لە ژیانیان بێنن، جەخت کردن لەسەر فێمینیزم وەک ڕێگایەک بۆ گەشە بە شوناسی هاوبەش و ژیانی بەکۆمەڵ ڕاکێشەر نییە. ئەگەرچی ڕەنگە سیاسەتی فێمینیستی بۆ بنبڕکردنی ستەمی سێکسیستی سەرنجیان ڕاکێشێت، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەرگیز شوناس و شێوەژیانێکی فێمینیستی بە پێویست نازانن.

زۆر جار پێداگری لەسەر شوناس و شێوەژیان ڕاکێشەرە چون تێگەیشتنێکی هەڵە دروست دەکات کە گۆیا تاک تێکەڵی کردەوە بووە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، کردەوە لە بزووتنەوەی سیاسی کە مەبەستیگۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ لە ناو کۆمەڵگایە، ناتوانێ بە تەنیا جەخت بکاتە سەر درووست کردنی فەزاگەلێک کە ئەو کەسانەی گۆیا ڕادیکاڵن ئەزموونی ئاسایش و پشتیوانی تێدا بکەن. بزووتنەوەی فێمینیستی بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی سێکسیستی بەشداربووان تێکەڵی خەباتێکی شۆڕشگێڕانە دەکات و خەباتیش بە دەگمەن چێژ دەبەخشێ و لە ئاسایش دا بەڕێوەدەچێت.

ئێمە بە جەخت کردن  لەسەر فێمینیزم وەک پابەندییەکی سیاسی، دژ بە بایەخ دان بە شوناسی تاک و شێوە ژیان دەوەستینەوە. (ئەمەش نابێ لەگەڵ ئەو پێویستییە گرینگە بۆ یەکخستنی تێئۆر و کردە تێکەڵ بکرێت.) ئەم بەرەنگاربوونەوەیە ئێمە تێکەڵی کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانە دەکات. ئەخلاقی کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی بە ئیلهام لە ئەمپریاڵیزم و کاپیتالیزم زۆرتر شەخسین تا وەکوو کۆمەڵایەتی بن. فێرمان دەکەن کە چاکەی تاک[58]  گرینگترە لە  چاکەی بە کۆمەڵ[59] و دەرەنجامەکەشی ئەوەیە کە گۆڕانکاری تاکەکەسی گرینگی لە گۆڕانکاری بە کۆمەڵ زۆرترە. ئەم فۆرمە تایبەتەی کولتووری ئەمپریاڵیزم، وا لە بزووتنەوەیەکی فێمینیستی ڕەنگی داوەتەوە کە تاکی ژنان ئەوەی کە ژیانیان لە لایەن فێمینیزمەوە بەو جۆرەی کە هەیە گۆڕدراوە بەو مانایە دادەنێن کە ئیتر هیچ پێویستییەک بۆگۆڕینی تیئوری و کردەوە نیە. تەنانەت ئەگەر فێمینیزم کارگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆمەڵگا و ئاپۆرەی ژنان نەبێت.

بۆ تێکەڵ بوون لەگەڵ خەباتی فێمینیستی وەک پابەندییەکی سیاسی دەتوانین خۆمان لە ڕستەی “ من فێمینیستم” (پێکهاتەیەکی زمانی کە بۆ هەندێک لایەنی شوناس و پێناسە کردنی خۆ بەکار دەچێت) لادەین و لە جیات ئەو بڵێین «من داکۆکی لە فێمینیزم دەکەم». چون تەرکیزێکی لە ڕادەبەدەر لەسەر فێمینیزم وەک شوناس یا شێوەژیانێکی تایبەت هەیە، خەڵک ڕوو دەکەنە ڕوانگەی کلیشەیی لەسەر فێمینیزم. سەرنج لابردن لەسەر ئەو کلیشانە زۆر پێویستن ئەگەر ئێمە بەسەر ئاڕاستەو ستراتێژیمان بچینەوە. من زۆر جار هەستم کردووە ئەگەر بڵێم من فێمینیستم، وا دەگەیەنێ کە بەهەندێک چەمکی شوناس، ڕۆڵ یان هەڵسووکەوتێکی تایبەت گرێ دراوم. کاتێک دەڵێم من داکۆکی لە فێمینیزم دەکەم، وڵامەکە ئەوەیە کە فێمینیزم چیە. ڕستەیەک وەک من داکۆکی لە فێمینیزم دەکەم ئەو جۆرە ملهوڕیەی کە من فێمینیستم هەیەتی، تێدا بەدی ناکرێت. ئێمە تێکەڵی دووانەی ئەم یا ئەو ناکات کە تایبەتمەندی سەرەکی هەموو سیستەمێکی سەردەستەیی لە کۆمەڵگایی ڕۆژئاواییە. ئەم ڕستەیە ئاماژەیەکە بە بڕیاردان و پابەندی بە فێمینیزم بە خواستی خۆمان. بەو مانایە نیە کە ئەگەر تاکێک بە فێمێنیزم پابەند بێت  نکۆڵی لە بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکە دەکات.

وەک ژنێکی ڕەش کە هۆگری بزووتنەوەی فێمینیستیم، زۆر جاران لێم دەپرسرێ ژن بوون گرینگترە یان ڕەش بوون؛ خەباتی فێمینیستی بۆ کۆتایی هێنان بە سێسکسیزم گرینگترە یان خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە نەژادپەرستی. هەموو ئەو پرسیارانە لە ڕوانگەی کێبەرکێکارانەی ئەم یان ئەو سەرهەڵدەدات. باوەڕێک کە تاک لە بەرامبەری ئەویتر دادەنێت. کەواتە تۆ فێمینیستی چون شتێکی تر نیت. زۆربەی خەڵک بە شێوەیەک کۆمەڵایەتی بوون کە لە جیات تەبایی،  بیر لە دژبەیەکی بکەنەوە. زۆربەی جاران لە جیات ئەوەی خەبات دژی نەژادپەرستی لەگەڵ خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە سێکسیزم تەبا ببینن، وەک دوو بزووتنەوەی کە لە کێبەرکێ دان دەبیندرێن. کاتێک پرسیار دەکرێت ئایا تۆ فێمینیستی؟ وێدەچێت وا لە وڵامی ئەرێنی تێبگەن.

کاتێکیش تۆ ڕەش بیت، وڵامی ئەرێنی بە ئەگەری زۆر وەک بێ بایەخ کردنی خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە نەژادپەرستی دەبیندرێ. ژنانی ڕش و هەروەها ژنانی چەوساوە و زوڵملێکرای سەر بەگرووپە ئیتنیکیە جیاوازەکان لە ترسی ئەوەی بە هەڵە لێیان تێنەگەن،  بۆیان ئەستەم بووە لایەنگری خۆیان لە فێمینیزم بە ئاشکرا باس بکەن و بەپارێزەوە کوتوویانە من فێمینیستم. بە کار بردنی ڕستەی من داکۆکی لە فێمینیزم دەکەم لە جیات من فێمینیستم ڕێگایەکی باشە بۆ سڕینەوەی ئەم تەرکیزە زۆرە لەسەر شوناس و شێوە ژیان.  ڕێگایەکە بۆ ئەو ژنانەی کە کەڵکەڵەی فێمینیزم یان بزووتنەوەی سیاسی دیکەیان هەیە بتوانن پشتیوانی خۆیان دەرببڕن و لە هەمان کاتیش دا لەم پێکهاتە زمانیانەش کە گرووپێک وەپێش ئەویتر دەخات، خۆ بپارێزن. هەروەها دەرفەتی توێژینەوەی زۆرتر لە تیئوری فێمینیستی دەخولقێنێ.

ئەو وەرچەرخانە لە چەمکەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی بەرەو کۆتایی هێنان بەسێکسیزم، بوو بە هۆی گۆڕانکارییەک لە  پەرەپێدان بە تیئوری. تا ئێستا پلەبەندیی نەژادی و چینایەتی ناو بزووتنەوەی فێمینیستی وای کردووە، گەشە ی تێئۆری ( کۆمەڵێک باوەڕ و ئوسولی ڕێ پیشاندەر کە بناغەیێک بێت بۆ کردەوە) تایبەت بووە بە زاڵبوونی هەژمۆنیکی ژنانی سپی لەئاکادێمیا دا.  ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە ژنان کە سەر بە گرووپە نەژادی یا چینایەتیە سەردەستەکان نین ئەم تەرکیزە لەسەر گەشەی تیئوریک و تەنانەت بە کارهێنانی دەستەواژەکەش وەک کەڵکەڵەیەک ببینن کە لە خزمەت بەهێز کردنی دەسەڵاتی گروپی ئێلیتە. وەها پەرچەکردارێک ئەوچەمکە چینایەتی/نەژادپەرستانە/ سێکسیستییە بەهێز دەکات کە گەشە ی تیئوری لە پانتایی ڕووناکبیری سپی دایە. ژنانی سپی خاوەن ئیمتیاز کە لە بزووتنەوەی فێمینیستی دا چالاکن، چ لیبراڵ بن و چ ڕادیکاڵ، ژنانی ڕەش هان دەدەن کە چیرۆکگەلی ژیانی خۆیان هاوبەش کەن. ئەزمونی تاکەکەسەی زۆر گرینگە بۆ بزووتنەوەی فێمینیستی بەڵام ناتوانن جێگرەوەی تێئوری بن.  شارلۆت بانچ لە بابەتێکی بە ناوی فێمینیزم و فێرکاری: نە لە رێگای بڕوانامەوە[60] تاوتوێی گرینگیی تیئوری دەکات و دەڵێت:

تیئوری وادەکات ئێمە ئەو پێویستیە گرینگە سەبارەت بە ئامانجە بەربڵاوەکان و ئەم ڕوانگە گشتیانە سەبارەت بە دونیا ببینین. کەواتە تێئوری چوارچێوەیەک بە ئێمە دەدات بۆهەڵسەنگاندنی ستراتێژیە جۆراوجۆرەکان لە درێژ ماوە و کورت ماوە کە ئەو گۆڕانکاریانەی دەتوانێ بەرهەمی بێنێت ببینین. تیئوری تەنیا کۆمەڵێک ڕاستی یان باوەڕی تاکەکەسی نییە و بریتییە لە شی کردنەوە وگریمانەگەلێک کە لەسەر زانست و ئەزموونی بەردەست ڕۆ نراوە. هەروەها پەیوەندی بە گومان و نێرینێکە کە چۆن ئەو ڕاستی و ئەزموونانە و گرینگییان خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

لەو ڕوەوە کە ژنانی سپی بوورژوا فێمینیزمیان جۆرێک پێناسە کردووە کە گۆیا هیچ گرینگییەکی بۆ ژنانی ڕەش نیە، دەتوانن بە هەمان شێوە بەو ئاکامە بگەن ژنانی ڕەش پێویست نیە بەشداری گەشەی تیئۆریک بن. ئێمە دەبوایە چیرۆکی ڕەنگامەی ژیانمان بخستایەتە بەردەست بۆ ئەوەی کۆمەڵێک گریمانە تیئوری باو بەڵگەمەند بکرێن و پشتراست بنەوە. جەخت کردن لەسەر پێناسەی فێمینیزم وەک یەکسانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوان  بۆتە هۆی تەرکیز خستنە سەر هاڵاواردن، هەڵس و کەوتی پیاوانە و ڕیفۆرمی یاسایی. فێمینیزم وەک بزووتنەوەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی سێکسیستی سەرنجمان بەرەو سیستەمی سەردەستەیی و تێکهەڵکشاوی ستەمی چینایەتی، نەژادی و سێکسیستی ڕادەکێشێت. کەواتە ئەم دۆخە پاڵمان پێوە دەنێت کە ئەزمونەکان و گیر و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی ژنانێک کە لە هەمبەر ستەمی سێکسیستی خۆڕاگری دەکەن بخەینە ناوەندەوە و وەک ڕێگایەک بۆ تێگەیشتن لە دۆخی کۆمەڵایەتی ژنان  لە ئەمریکا بیبینین. پێناسەی فێمینیزم وەک بزووتنەوەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی سێکسیستی بۆ گەشە پێدان بە تیئوری چارەنووس سازە چون خاڵی دەسپێکە بۆ پیشان دانی ئاراستەی توێژینەوە و شیکاریەکان.

بناغەی خەباتی فێمینیستی داهاتوو دەبێت لەسەر دان پێدانان بەسەر پێویستی بۆ بنبڕکردنی بنەمای کولتوری و هۆکارەکانی سێکسیزم و فۆرمەکانی دیکەی ستەم بێت. بە بێ گۆڕان و ڕەخنە گرتن لەە پێکهاتە فەلسەفییانە، هیچ رێفۆرمێکی فێمینیستی کاریگەریبەرفراوانی نابێت. لە ئاکام دا، هەنووکە بۆ داکۆکی کردن لە فێمینیزم پیویستە کە بە کۆمەڵ دان بەوە دانێین کە خەباتی مە ناتوانێ وەک بزووتنەوەیەک بۆ گەیشتن بە یەکسانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ پیاوان پێناسە بکرێت؛ کە دەستەواژەی وەک فێمینیستی لیبراڵ و فێمینیستی بورژوا نوێنەرایەتی هەندێک دژبەیەکی دەکەن کە دەبێ چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی چی دی فێمینیزم بۆ بەرژەوەندی گرووپی کۆمەڵایەتی تایبەت دەستی بەسەردا نەگیرێت.

پەراوێزەکان:

[1] Praxis

[2] Carmen Vasques

[3] Towards A Revolutionary Ethics

[4] Honor

[5] Solidarity

[6] Women’s liberation

[7] Equality

[8] Expression

[9] Male chauvinism

[10] Cellestine Ware

[11] Women’s Power: The Movement for Women’s Liberation

[12] Self-determination

[13] Charlotte Bunch

[14] Politics of domination

[15] Women and the New World

[16] Zillah Eisenstein

[17] The Radical Future of Liberal Feminism

[18] کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان کە بەپشتیوانی دەوڵەت لەساڵی ١٩٧٨ کە لەشاری هیۆستۆن ولایەتی تێگزاس بەڕێوە چوو خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی سیاسیی شەپۆلی دووهەمی فێمینیزم. لەم کۆنفرانسەدا بۆ یەکەم جار ٢٠٠٠ پەڕلەمانتار بۆ دەستەبەرکردن پلانێکی عەمەلی دەربارەی مافی ژنان کۆبوونەوە تا پێشکەشی پەڕلەمان و سیستەمی یاسای ئەمریکای بکەن.

[19] مەبەست بەڕێوەبردنی ماڵ لە لایەن ژنانەوەیە.

[20] Double discrimination

[21] Criminal codes

[22] لە ساڵی ١٩٧٧، یاسای سەبارەت بە تەجاوز و لاقە کردن لەویلایەتە یەکگرتووەکان کێشەی زۆریان هەبوو و زۆرجار لایەنگری ڕزگاربووەکانیان نەدەکرد. لە زۆرێک لە وڵاتەکان ڕزگاربوو دەبووایە سەلماندبای کە لە ڕووی جەستەییەوە هەوڵی داوە بەرگری بکات، و پێناسەی “تەجاوز” زۆر سنووردار بوو ـ زۆرجاران تەنها لە ئینتێرکۆرس یان نزیکییەک کورت دەکرایەوە کە ئەندامی نێرینەی پیاو چووبا نێو زێی ژنەوە. تەجاوز لە لایەن هاوسەرەوە بە تاوان نەناسرا بوو، و بەردەوام لە ڕاستی قسەی ڕزگاربووەکان بە گومان بوون، بەتایبەتی ئەگەر ژنانی سەر بە گرووپە ئیتنیکییە جیاوازەکان یان ئەندامی کۆمەڵەی پەلکە زێڕینە بووایەن. کۆنفڕانسی هیوستۆن بانگەوازێک بۆ گۆڕانکاری لەم یاسایانە دابوو و بوو بە هۆکاری گۆڕانی جیددی سەبارەت بە پێناسەی تەجاوز لە سیستەمی یاسایی ئەو کات دا.

[23] Sexual preference

[24] Wefare reform

[25] Heleith Saffioti

[26] Petty-bourgeois feminist praxis

[27] Status que

[28] Mihailo Markovic

[29] Women’s Liberation and Human’s Emancipation

[30] Selfishness

[31] Aggressiveness

[32] Jeanne Gross

[33] Feminist Ethics from a Marxist Perspective

[34] واتە کارگەلێک کە لە ڕووی داهاتەوە ئاست نزمن.

[35] Turnover

[36] Native American Indian

[37] Bob Greene

[38] Sisters Under the Skin

[39] Lesbianism

[40] Barbara Berg

[41] The Remembered Gate; Origins of American Feminism

[42] Self-development

[43] Self-recovery

[44] Marlene Dixon

[45] The Rise and Demise of Women’s Liberation: A Class Analysis

[46] Politics of psychological Oppression

[47] Social equality

[48] Sex(es)

[49] Group oppression

[50] Counter-culture

[51] Women-centered

[52] Mary Darly

[53] Beyond God the Father

[54] Jeanne Gross

[55] Counter-world

[56] Subculture، بێل هوکس لێرەدا مەبەستی ئەو وردە کولتوورانەیە وا ژنان لە کۆلێژی لێکۆڵینەوەی ژنان یان لە هەر فەزایەکیدیکە دا ساز دەبێت و جگە لە ژنان کەسانی تر وەخۆ ناگرێت.

[57] Separatist-oriented communities

[58] Individual good

[59] Collective good

[60]Feminism and Education: Not By Degrees

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

3 × 4 =

دکمه بازگشت به بالا