چرکەساتی پاش ژینایی

لە حکوومەتی سەرکوتەوە تا حکوومەتمەندیی فەرهەنگی و بەرهەمهێنانی «کوردی خوازراو»

 

داگرتنی PDF

 

پوختەی باس

لە دوای ڕووداو و ڕاپەڕینی ژینایی فرەیەک لە موناسەباتی و هاوکێشەکانی هێز ئەگەر نەڵێین لە تەواوی جیهاندا لانیکەم دەتوانین بڵێین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لەم نێوانەدا، ڕەفتاری حکوومەت بەرامبەر بە کوردستان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ بە جۆرێک کە تەنیا لە سەرکوتی ڕاستەوخۆ و کۆنترۆڵی ئەمنیدا چڕ نابێتەوە، بەڵکوو شێوازی جۆراوجۆری گرتووەتە بەر. ئەم یادداشتە دەیهەوێت سەرهەڵدانی دیاردەیەکی نوێ شەنوکەو بکات کە لە چرکەساتی پاش ژیناییدا وەک ڕەوتێکی باو، بەشێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوە دەچێت؛ واتە دیاردەی ڕێکخستنی خەڵات، فێستیڤاڵ، جەشنوارە، بۆنە و مەراسیمی ڕێزلێنان، کۆنگرە و هتد. لەم بەستێنەدا زۆر بە کورتی تیشکێکی تیۆریی ڕەخنەیی دەخرێتە سەر ئەم دیاردەیە و حکوومەتمەندیی فەرهەنگی، تەکنیکەکانی بەرهەمهێنانی «کوردی خوازراو» و سیاسەتی نواندنەوەی کورد لەو چوارچێوەیەدا شیکاری دەکرێت و لەقاو دەدرێت.

دەروازەی باس

شێوازی هەڵسوکەوت و ڕووبەڕووبوونەوەی حکوومەتی ئێران بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرهەڵدانی ئەم چوارچێوە سەرزەمینییە تا ئەمڕۆکە، گۆڕانکاری و هەورازونشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. لە سەرکوت و ئاسیمیلاسیۆنی توندئاژۆی ڕاستەوخۆوە تا سیاسەتی پێکەوەژیان، هەڵکردن، لەخۆگرتن، ڕیفۆرمخوازی و هتد؛ و لە هەمووشیاندا ویستوویەتی ئەندێشەی سەروەریخوازی مرۆڤی کورد لەخشتە بەڕێت و نەزۆکی بکات. بەڵام لانیکەم لەپاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، سێ چرکەساتی گرنگ لەم مێژووەدا و لە ململانێی هێزەکاندا، وەرچەرخانی گرنگیان لە شێوازی مامەڵەی حکوومەت بەرامبەر کوردستان دروست کردووە. یەکەمیان سەرهەڵدانی دەسەڵاتی هەرێم لە باشووری کوردستان کە بە گشتی کاردانەوەی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبوو؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا چرکەساتێکی دیکەی خولقاند و شێوازە مامەڵەیەکی نوێی لە پەیوەند بە هەڵسوکەوتی حکوومەتی سەردەست و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێنایە ئاراوە. لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە بە وردی گۆڕانکارییەکانی ئەم پەیوەندییە باس بکەین، بەڵام دەتوانین بڵێین حکوومەت ناچار بوو کرانەوەیەکی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست بکات بۆ ئەوەی قازانگەکە نەتەقێتەوە. ڕووداوی دووەم سەرهەڵدانی ڕۆژئاڤای کوردستان بوو کە ئەویش بە نۆرەی خۆی کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبوو. ڕووداوی سێیەمییان ڕاپەڕینی ژینا بوو کە بە سەرکوت، کوشتار، دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی جەماوەری ڕاپەڕیو تا ئاستێک خامۆش کرا.

لە هەموو ئەم چرکەساتانەشدا لایەنێک هەیە کە نەگۆڕە و وەک مەخرەجی هاوبەشی سەرجەم ئەم چرکەساتانە کار دەکات؛ ئەویش لایەنی سەرکوتی ڕاستەوخۆ و توندئاژۆیانەیە لەسەر  کوردستان. بەڵام لایەنە بگۆڕەکەی مەسەلەکە ئاڵۆزتر، شاراوەتر و چەتوونترە؛ ئەویش ڕووی نەرمی مەسەلەکەیە کە دەیەوێت بێ بەکارهێنانی زەبروزەنگ و زۆرداری، سووژەی کورد بە تەکنیکەکانی دەسەڵاتداری دەستەمۆ بکات. بۆ نموونە لە پاش ڕاپەڕینی ژینایی، دیاردەیەکی جێگەی سەرنج لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵداوە کە ئەویش بریتییە لە: زیادبوونی کۆنگرە، فێستیڤاڵ، خەڵات، بەرات، مەراسیمی “تجلیل از مفاخر” و هتد.

ئەگەرچی ئاماری فەرمی لەم بارەوە لە بەردەستدا نییە بەڵام جەماوەری خەڵک بە شهوودی خۆشیان زانیویانە کە ئەم بۆنە و فێستیڤاڵ و خەڵات و بەراتانە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کردووە. تەنانەت ئەو بابەتانەی بەر لە شۆڕشی ژینا «میوەی قەدەغەکراو» بوون و وەک «تابۆ» دەبینران، ئێستا سیستەم خۆی چووەتە سەر وەختیان و لە ڕێگەی میکانیزمی جۆراوجۆرەوە دەیەوێت بیکاتە هی خۆی، تا بە دەستەودایرە و میکانیزمی جۆراوجۆر دژایەتی و ئانتاگۆنیزمی نێوان خۆی و خەڵکی کوردستان بسڕێتەوە و یان بیگۆڕێت و جۆرێکی دیکە بیسازێنێتەوە. بۆ نموونە سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن: « ناوەندە ئەمنییەکان پێش ڕاپەڕینی ژینا، ڕێگەیان نەدەدا ڕێوڕەسمی خەڵاتی هەژار بەڕێوە بچێت، بەڵام دوای ڕاپەڕینەکە و هێوربوونەوەی ڕێژەییی دۆخەکە، مۆڵەتی بەڕێوەچوونی ئەو خەڵاتەیان بۆ زانکۆی کوردستان لە سنە دەرکرد» . ئەم خەڵاتە پڕتێچوو و شکۆدارە و دەیان و سەدان بۆنە و خەڵاتی دیکە لەم چوار ساڵەدا، چۆن وەک قارچک سەریان هەڵدا؟! چیرۆکەکە چییە و ئەم ڕووداوانە بەرەو چ ئاراستەیەک دەچن؟ تەکنیکەکانی دەسەڵات لە پشت ئەم ڕووداوانەوە چۆن دەخوێندرێنەوە؟!

پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئەم بۆنە، خەڵات و فێستیڤالانە باشن یان خراپن؛ بەڵکوو پرسیار ئەوەیە ئەم هەموو بۆنەیە لە چ چوارچێوەیەکی حکوومەتمەندی (Governmentality) ڕەنگ دەدەنەوە و چ کارکردێک دەنوێنن، هەروەها پەرە بە چ جۆرە سووژەسازییەک دەدەن؟!

تێزی ئەم یادداشتە بە کورتی ئەوەیە کە حکوومەت لە پاش ڕاپەڕینی ژینا، هاوکات لەگەڵ سەرکوتی ڕاستەوخۆ و کۆنترۆڵی ئەمنیی کوردستان، کە ئەمەیان هەمیشە پیشەی حکوومەتی ئێرانی بووە، شێوازێکی دیکەی ئیدارەدانی کێشەی کورد بەکار دەهێنێت؛ ئەویش سیاسەتی ناساندن، ڕێزلێنان، خەڵاتکردن و سووژەسازییە.

لە سەرکوتەوە تا ناساندن و ددانپێدانانی هەڵبژێردراو[1]

وەک دەزانین، دەسەڵات تەنیا ئامرازی سەرکوت، تاراندن و نکۆڵیکردن نییە؛ بەڵکوو دەسەڵات دەتوانێت لە تەواوی پەیوەندییە مرۆییەکاندا ئامادەیی هەبێت. فوکۆ ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵات هەمیشە «نەفی و نەرێکاری» نییە؛ بەڵکوو «بەرهەمهێنەر و ئیجابی»یشە، واتە مرۆڤ، ناسنامە و شێوازی ژیانیش دروست دەکات.

لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەت لە پاش ڕاپەڕینی ژینا تەنیا بە سیاسەتی سەرکوت، تاراندن و دەستبەسەرکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤی کورد بەسەندە ناکات و لە هەموو ئەمانەشدا وەڵامی شیاو وەرناگرێت؛ بەڵکوو بە سیاسەتی ڕێزلێنان، خەڵاتکردن و ناساندنی دەستەیەک لە مرۆڤە کوردەکان، مەسەلەکەی خۆی دەباتە پێشەوە. ئەمە تەکنیکێکی نوێی دەستەمۆکردنە کە لانیکەم بەشێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵات لەو کایانەدا دەنوێنێتەوە یان لەخۆیان دەگرێت.

ئەم تەکنیکەش دوو جۆر ژێرتەکنیکی هەیە. دەستەیەکیان لە بۆنە، مەراسیم و کۆنگرەکان بۆ جەماوەر و ئاپۆرەی خەڵک دادەڕێژێت؛ لە قاڵب و شێوازی فێستیڤاڵی جەماوەریدا وەک: فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ، گۆرانی، دەف، هەروەها فێستیڤاڵی هەنار، ترێ، هەنگوین، کڵاش و هتد، کە جەماوەری خەڵک بە لای خۆیدا—وەک ڕێزلێنان لە «کوردی فەرهەنگیی ئێرانی» و شتە سرووشتییە خۆماڵییەکان—ڕادەکێشێت. لە هەمووی ئەمانەدا ئەوەی هی کوردە “محلیە” و لۆکالە و لە ژێر سێبەری میللی ئێرانیدا گەشە دەکات.  دەستەکەی دیکەیشی بۆ توێژی نخبە، پسپۆڕ و شارەزایان دادەڕێژێت. فێستیڤاڵ و خەڵاتی نوخبەوییە بۆ چینی ئەلیتاری و خوێندەوار؛ لێرەدا تەکنیکەکانی دەسەڵات دەزانن چینی ئەلیت و نوخبەی کوردستان ڕەنگە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ ڕانەکێشرێن، بۆیە دێت و خەڵات، بەرات و ناساندنی نوخبەوی بەڕێوە دەبات. لە هەردوو جۆرەکەدا ئامانجێکی تایبەت کار دەکات کە لە درێژەدا زیاتر تیشکی دەخەینە سەر.

لەم ئاراستەیەدا فێستیڤاڵ، خەڵات، بۆنە، کۆنگرە و هتد، تەنیا ڕووداوی فەرهەنگی نین؛ بەڵکوو تەکنیکی حوکمڕانی، دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی زەینی خەڵکن. بەم شێوازە حکوومەت دەڵێت: کوردبوون قبووڵە، ئێمە لەم بۆنە، خەڵات و بەراتانەدا ڕێزی لێ دەگرین، بەڵام بەو شێوەیەی کە خۆمان  دەیناسین و دەیناسێنین؛ ناساندنێکی کۆنترۆڵکراوی نابەرهەڵستکار و دانپێدانانێکی هەڵبژێردراوی لەفیلتەردەرچووی ناسیاسی! جێگەی سەرنجە لە هەموو ئەم بۆنە و خەڵاتانەدا، یەک مرۆڤی کورد کە دۆسیەی سیاسیی هەبێت، نە بانگهێشت دەکرێت و نە خەڵات دەکرێت.

لێرەدا مەسەلە ئەوە نییە ئەو کەسانەی لەو بۆنانەدا بەشدار دەبن لەگەڵ ئەو سیستەمەدان. هەرگیزاوهەرگیز، مومکینە ئەوانە مرۆڤی کوردپەروەر و فەرهەنگیش بن، بەڵام مەسەلە ئەوەیە تەکنیکە نەرمەکانی دەسەڵات و ئاپاراتووسەکانی چۆن کایەی قودرەت دەکات و مەبەستیەتی چلۆن بەشێک لە کورد لە خۆ بگرێت تا بڵێت ئەوانی دیکەی کە لەم بازنەدا نین کوردی نەخوازراو و تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و فیتنەئەنگێزن.

سووژەسازی و «کوردی خوازراوی چاک»

سیستەمی سەردەست شێواز و تەکنیکی جۆراوجۆر دەکار دەکات بۆ خەمڵاندن و سازاندنی سووژە. چەمکی سووژەسازی(Subjectivation) بەمانای بەرهەمهێنان و کۆنتڕۆڵی سووژەیە. سووژە لە دەرەوەی دەسەڵات دروست نابێت؛ لە ناو پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا پێکدێت. کەواتە لەم موناسەبات و هاوکێشانەدا سیستەم دەیهەوێت جۆرێک لە سووژەسازی بخاتەڕوو. بە بۆچوونی خاوەنی ئەم قەڵەمە، حکوومەت بەم خەڵات و بەراتە دوو جۆر لە سووژەی کورد بەرهەم دێنێت.

کوردی خوازراو: ئەو سووژە کوردەیە کە نایەوێت ئاژاوە و بشێوی لە پەیوەندییەکان و دامودەزگای دەسەڵاتدا دروست بکات، هەروەها لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە و قەوارەیە نەجووڵێتەوە کە سیستەم وەک «تابۆ» ناساندوویەتی. ئیتر دوای ئەوە حەز دەکات وانەبێژیی زمانی کوردی بێت، بۆنەی فەرهەنگی بەڕێوە ببات، ڕێزلێنان بکاتە سەرمەشق، هەموو ساڵێک فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ، هەنار، هەرمێ، کڵاش و دەستکردەکانی دیکە ساز بکات و هتد تا ئەو شوێنەی بیر لە بابەتی سیاسی نەکاتەوە و پێوەندەکان و موناسەباتی زاڵ نەشێوێنێت، ئەوا لە چاوی ئێمەدا ناڕەوا نییە و کێشەشمان لەگەڵی نییە. ئەمە کوردی خوازراوە یان بە تەعبیری خۆیان “کُرد خوب”. بەم شێوازە بە شێوەی ژێرەوانکی ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە ئێمە لەگەڵ ئەم کوردانە کێشەمان نییە بەڵکوو خەڵاتیشی دەکەین و بۆ بۆنە و مەراسیماتەکەیشی ملیاردها ملیارد خەرج دەکەین. بەڵام ئەمە سووژەی خوازراو و مومکینە، لە دەرەوەی ئەم پێناسەیە بە تایبەت ئەو سووژانەی بیر لە بابەتی سیاسیی و مافە بنەڕەتییەکانی کورد دەکەنەوە، “وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ئازادی بۆ ئازادی” ئەوانە نەخوازراوونامومکیننو”کُردخوبنیستند”.

کوردی نەخوازراوی بەدکردار: بەڵام ئەو مرۆڤە کوردە سیاسییەی کە دەپرسێت: «من کێم؟ من چیم؟ من لە چ دۆخێکدام؟ من چیم دەوێت؟» و ناتوانێت یان نایەوێت لە سنووری «سیاسەتی ناساندن و دانپێدانان»ی سیستەمی سەردەستدا بگونجێت—واتە سووژەی سیاسیی کورد کە داخوازیی سیاسیی هەبێت، بۆ نموونە خوازیاری بنەمایەکی بەدیهیی وەک «مافی چارەی خۆنووسین» بێت، یان ئەوانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکەی سیستەمدا وەستاون—ئەوە کوردێکی نەخوازراو، بەرهەڵستکار و بەدکردارن و لە نێو «کُردِ خوب»دا ناگونجێن.

گۆڕینی ئانتاگونیزم

«شانتاڵ موف» دەڵێت سیاسەت لەسەر ئانتاگۆنیزم بنیات دەندرێت؛ واتە کێشانی سنووری نێوان «ئێمە/ئەوان». باسی ئەم یادداشتە ئەوەیە کە لە پاش ڕاپەڕینی ژینایی، سیستەمی سەردەست نایهەوێت خۆی و کورد یەکسەر لە بەرامبەر یەکدا بوەستێنێت؛ بەڵکوو سنووری «ئێمە و ئەوان» دەگوازێتەوە. ئەمجار خاڵی ئانتاگۆنیزم و دژبەری لە نێوان «کورد و حکوومەت»ەوە دەگۆڕێت بۆ دژبەریی نێوان «کوردی باش و کوردی خراپ». ئەم گواستنەوەیە، بە ناساندن و ڕێزلێنانی هەڵبژێردراوی لەفیلتەردەرچوو بۆ دەستەیەک لە کوردەکان ئەنجام دەدرێت؛ ئەوانەی خەڵاتیان دەکەین، مەراسیمیان بۆ دەگێڕین و بۆ فێستیڤاڵەکان بانگهێشت دەکرێن، «کوردی باش»ن؛ ئەوانەی دیکەش کوردی خراپ، ئاژاوەگێڕ و ناپاکن.

 سیاست‌سڕینەوە لە سووژەی کورد

لە هەموو ئەم بۆنە، خەڵات و فێستیڤاڵانەدا، بابەتی سیاسی کە تێکدەری دۆخی زاڵ بێت، دەسڕدرێتەوە، سانسۆر دەکرێت و دادەبەزێندرێت بۆ ئاستی «ڕووداوێکی فەرهەنگی». تەنانەت خەیاڵدانی سیاسیی بەشداربووانیش کۆنترۆڵ دەکرێت. کاتێک کێشەیەکی سیاسی دەبێتە تەنیا ڕووداوێکی فەرهەنگی، ئەوا جۆرێک لە «سیاسەتسڕینەوە» ڕوویداوە.

خاڵێکی دیکە لە ڕەهەندێکی دیکەوە شیاوی ئاماژەیە؛ چونکە زۆربەی ئەم خەڵات و بەراتانە لە ناوەندەکانی ئاپاراتوسی سیستەمدا، وەک زانکۆکان و ئیدارەی ئیرشاد و هتد بەڕێوە دەچن، ڕێگە لە سەرپێچی لە ناوەند ( نیروهای گریز از مرکز) و دەرکەوتنی «کوردی سیاسی» دەگیرێت و دەرفەتەکەی خامۆش دەکرێت. بۆ نموونە، ڕاستە کە لەم ساڵانەی دواییدا بۆنەکانی نەورۆزیش بە مۆڵەتی حکوومەت بەڕێوە دەچوون، بەڵام جیاوازییەکی گرنگ لە ئارادایە؛ ئەویش ئەوەیە کە بۆنەکانی نەورۆز لە شوێنێکدا بەڕێوە دەچوون کە ئیمکانی کۆنترۆڵکردنیان بۆ حکوومەت کەمتر بوو؛ جەماوەری خەڵک بە ئاراستەیەکی کوردستانیدا دەجووڵانەوە و بابەتە سیاسییەکان بەرجەستە دەبوونەوە. واتە کۆنترۆڵی تەواوەتی بۆ سیستەم نەدەکرا؛ هەر بۆیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەنجامی بۆنە نەورۆزییەکان بووە هۆی دیاریکردنی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ سیستەم، واتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێوە تا کوێیە!

بە گشتی لە بۆنەکانی نەورۆزدا “خاوەندارێتی هێمایینی فەزا” لە دەستی هێزی کوردیدایە و یان لانیکەم دەتوانین بڵێین ئەو خاوەندارێتییە هێمایینە لە کۆنترۆڵی چاوی سەرتاسەربینی حکووومەت دەردەچێت. ئەمە ئاوا، وەلێ حکوومەت بە ئاسانی دەتوانێت بۆنە و خەڵاتەکانی  ناو زانکۆ یان ئیدارەی ئیرشاد کۆنترۆڵ بکات و بابەتی سیاسیی لێ بسڕێتەوە.

ئەگەر تووشی دابەزاندن و داکۆتکردن نەبین، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرۆسەی سیاسەتسڕینەوە لە کوردستاندا بەم هاوکێشەیە دەردەکەوێت:

  داواکاریی نەتەوەیی → میراتی فەرهەنگی

سووژەی سیاسی → هونەرمەند و ئەدیب

مافی سیاسی → فۆلکلۆر

واتە لە پاش ڕاپەڕینی ژینا، تەکنیکەکانی دەسەڵات، مەسەلەکە لە ناوەڕۆکی سیاسی دوور دەخاتەوە.

هۆردەبورژوازیی شاری و هەژمۆنی

ئانتۆنیۆ گرامشی ئاماژە بەوە دەکات کە حکوومەتەکان بە تەنیایی لەڕێگەی زۆرداری و زەبروزەنگەوە هەژمۆنی دروست ناکەن؛ بەڵکوو ڕەزامەندی و ئیقناعیش لەم بارەوە کارایی هەیە. لە زۆرێک لە فێستیڤاڵ و بۆنەکاندا، هووردەبورژوازیی موحافزەکاری شاری دەبنە دەستەودایرە و دەمڕاستی ئاپاراتووسەکانی سیستەمی باندەست.  تەعبیری هووردەبورژوا موحافزەکاری شاریی بەو چین و دەستەوتاقمە خوێندەوارە کوردە دەڵێین کە لە خەیاڵیشیدا خەونێکی سیاسیی لە دەرەوەی دایرەی ئیسڵاحاتی ئێرانی و پێدانی وردەمافی فەرهەنگی بە مرۆڤی کورد، نەبینیوە. بەشێک لەم چینە، «کوردێکی فەرهەنگیی ناسیاسی»یە کە هیچ تێچوویەکی بۆ کوردبوونی خۆی نەداوە، بەڵکوو کوردبوونەکە نان و ناویشی بۆ دەستەبەر کردووە.

سیستەم بەشێک لە قایلکردنی زەینی جەماوەری خەڵک لە ڕێگەی ئەم چینە خوێندەوار و بڕوانامەدارەوە بەدی دێنێت، کە ڕەنگە دەسڕۆیشتوویی جەماوەریشیان هەبێت. ئەمانە لە هەموو شوێنێکدا ئامادەییی گەرمیان هەیە؛ نەک تەنیا بیری کوردستانی هەڵدەپەسێرن و خۆیان لە بابەتی سیاسی بێبەری دەکەن، بەڵکوو تەنانەت بیری ڕەخنەییش هەڵدەپەسێرن و دەبنە بەڕێوەبەرێکی بەدیسپڵین و دەستلەسەرسینە بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەکان. لە پێناسەیەکی دیکەدا، ئەم چینە «کوردی فەرهەنگیی ئێرانی»ن، نەک «کوردی سیاسیی کوردستانباوڕ».

کەواتە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: کێ چوارچێوەی مانابەخشین دیاری دەکات؟ ئەگەر چوارچێوەکە لەلایەن دەوڵەتەوە دیاری بکرێت، ئەوا تەنانەت ناساندن، ڕێزلێنان و خەڵاتکردنیش دەتوانن ببنە بەشێک لە حکوومەتمەندی فەرهەنگی کە هاواڵدوانەی نەرمەبڕیی لایەنی زبری سەرکوتە.

کۆتایی

بە بۆچوونی من لەپاش ڕووداو و ڕاپەڕینی ژینایی، لەگەڵ بەردەوامبوونی حکوومەتی سەرکوت، جۆرێکی نوێی حکوومەتمەندی فەرهەنگی بەدی دەکرێت. ئارمانجی ئەم تەکنیکانەی حوکمڕانی، سڕینەوەی تەواوەتیی ئانتاگۆنیزم نییە؛ بەڵکوو گۆڕینی شێوازی دەربڕین و جومگەبەندیییەکەیەتی. بەم شێوازە و لە ڕێگەی سووژەسازی، ناساندن و سیاسەتسڕینەوەوە، «کوردی خوازراو» بەرهەم دێت—سووژەیەک کە دەکرێت بناسرێت، خەڵات بکرێت و ڕێزی لێ بگیردرێت؛ بەمەش لە کوردی نەخوازراوی بەرهەڵستکار جودا دەکرێتەوە. بە واتایەکی دیکە پەیامی دەسەڵات ئەوەیە: لەگەڵ ئەم سووژە کوردەدا ئاشتین و کێشەمان نییە، بەڵکوو ئەوەی ناڕازی بێت و بڵێت «پاشا ڕووتە»، نە ڕێزی دەبێت و نە خەڵات دەکرێت، نە دەشهێڵین لای جەماوەڕ وەک سەرمەشق و پەترن بناسرێت.

ئەم سووژە کوردە، خوازراو و «ڕێگەپێدراو»ە، بەڵام تەنیا لە ناو سنوورەکانی دەسەڵاتدا؛ ئەگەر لەو سنوورانە بترازێت، ئەوا ئیتر دەکەوێتە بەر زەبروزەنگی ڕاستەوخۆ و هێمایینی حکوومەت و ئاپاراتوسەکانی. کەواتە لە پاش ڕاپەڕینی ژینا، هەم حوکمرانیی زبری سەرکوتی هەمیشەیی لەگەڵ «کوردە نەخوازراوەکان» بەردەوامە، هەم حکوومەتمەندی نەرمی فەرهەنگی بۆ لەخۆگرتن وئاشتی و سووژەسازیی و درووسکردنی «کوردی خوازراو». ەم شێوازە، دەسەڵات لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی بیرەوەری، دەستنیشانکردنی مەفاخیر و دەستبەسەرداگرتنی ڕەمزیی فەزاوە، سیاسەتی نوێنەرایەتیکردنی کورد نواندنەوەی کورد ئاراستە دەکات.

لە کۆتاییدا، پرسیارێک هەر لە ناوخۆی ئەو گوتارەدا کە بەڕێوەبەرانی ئەم خەڵات و مەراسیمانەی تێدا دەجووڵێنەوە، سەرهەڵدەدات: ئایا بەم هەموو بۆنە و مەراسیمانەوە، توانراوە مەسەلەیەکی فکریی کوردی ببرێتە قۆناغێکی دیکە و گەشە بە بابەتەکان بدرێت، یان تەنیا لە ئاستی نمایشکاری و بۆنەکاریی تەواودا ماوەتەوە؟!

پەراوێزەکان

[1] Selective Recognition

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

8 − 5 =

دکمه بازگشت به بالا