ژێردەستی؛ فەرهەنگ و بەنەریتکردنەوە

 

داگرتنی PDF

پوختە

فەرهەنگ بە واتایەک ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن سەبارەت بە خۆمان بیر دەکەینەوە و چۆن کێشە و پرسەکانی خۆمان روخساربەندی دەکەین. لە خوێننەوەیەکی رەخنەییدا،روانگەی فەرهەنگی کۆمەڵگایەک، دەتوانێت وەکو ئایدۆلۆژیایەکی ناوخۆیی یان خۆسازێندراو، دونیایەکی درۆیین و چەواشەکراو لە خۆت و دۆخی مێژوویی وێنا بکات و وێنایەکی خەیاڵین لە خۆت و دونیا بخاتە بەردەست. ئەم وێژمان یان روانینە فەرهەنگییە، زۆربەی خەڵک لە بەرهەمهاتن و بەرهەمهێنانەوەیدا بەشدارن. وێژمانی “کوردایەتی” لە هەندێک ڕەهەنددا، نە لە بەرەوڕووبوونە لەگەڵ نەزمی مەعریفی خۆرهەڵاتناسانە و ناوەندگەرایانە، بەڵکو تا ڕادەیەکی زۆر ئەو وێژمانانەی دەروونی کردوەتەوە. ئەم وێژمانە فەرهەنگییە، لەجیاتی  بەرەوڕووبوونەوەیەکی ڕەخنەیی، بە شێوەی ئاوەژوو، خۆی ئەو سترتیژیانە سەبارەت بە خۆی بەکاردەبات و لەقاویان نادات.ئامانجی ئەم توێژینەوە هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوە و شڵەژاندنی وێژمانی فکری و فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردستانە. هەروەها تێڕامانێکی مێژوویی و ڕەخنەگرانە سەبارەت بە فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردستان دێنێتە ئاراوە و پێوەندی نێوان پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگ و دەرئەنجامەکانی وێژمانی فەرهەنگی کورد، دەکاتە ئامانجی لێکۆڵینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە ئەم پرسیارە دەورووژێنێت کە کورد لە دەرکەوتە فەرهەنگیەکاندا خۆی چۆن وێنا دەکات؟. بەم شێوەیە توێژەر دەیەوێت لە ڕێگای پرساژۆکردنی روانینی فەرهەنگی زاڵ بە سەر کورددا، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی پرساژۆ بکات. هەروەها دەرئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ڕەوتە وەکو بەنەریتکردنەوەی کۆمەڵگای کوردستان شرۆڤە بکات.

وشە سەرەکییەکان: فەرهەنگ، بەنەریتیکردنەوە، پرساژۆکردن، جوانیناسەکردن، مرۆڤناسانە، مەڵبەند

 

دەستپێک

هێزی ناولێنان، وێناکردن، شرۆڤە و ڕاڤە کردن. کاریگەرییەکی گرنگ و قووڵی لەسەر جێگیرکردن و داسەپاندنی زاڵێتی(domination)دا هەیە. ئەم رەوتە، لە ڕێگای زمان و ئامرازە فەرهەنگییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. هێزە باڵادەستەکان بۆ گوێڕایەڵکردنی(subjection) ژێردەستەکان لە ستراتیژییە ڕێتۆریکیەکان بە شێوەگەل جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرن، مسۆگەربوون و سەرکەوتووبوونی پێوەندی باڵادەستی- ژێردەستی، پێویستی بە هاوکاری و هاوڕایی ژێردەستەکانە. خاڵی جێی تێڕامان ئەوەیە کە زۆرجار، گرووپە ژێردەستەکان ئەم وێژمانە دەروونی دەکەنەوە و خۆیان لە ئافراندنیدا و، بە واتایەکی تر، لە ‘خۆژێردەستکردن”دا چالاکی دەکەن. هاوتەریب لەتەک ستراتیژییە کولونیالیستییەکاندا، کورد نیزامی مەعریفی و وێژمانی(discursive)زاڵی دەرونی کردوەتەوە و خۆی هاوبەشی داگیرکردنی زەینی و عەینی خۆی بووە.

کرانەوەی پرس

ڕاڤەکردنی جیهان، هاوکات بە شێوەی دەروونی لەتەک گۆڕینی جیهاندا پێوەندی هەیە. ئەگەر فەرهەنگ بە هزرین و بیرکردنەوە پێناسە بکەین، ڕاڤەی جیهان لە هەناوی فەرهەنگدا دێتە ئافراندن. دیارە فەرهەنگ خۆی دەرئەنجامی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و لە پێواژۆیێکی مێژووییدا و لە پێوەندی لەتەک “شتەکان”دا بیچم دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە کاتێک باس لە فەرهەنگ دەکەین، لە ڕاستیدا باس لە دۆخی مێژوویی ئەو کۆمەڵگەیە دەکەین و لە ڕێگای پرساژۆکردنی فەرهەنگەوە، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی پرساژۆ دەکەین. واتا ئەو کومەڵگایە لە چ بارودۆخێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا هەڵکەوتووە کە لە فەرهەنگدا خۆی بە شێوەیەکی تایبەت وێنا دەکات.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین ئیدعا بکەین کە تا ڕادەیەک روانگەیەکی فەرهەنگی کە بە سەر فەزای فکریی کۆمەڵگەی کوردستاندا زاڵە، وەک ئایدۆلۆژیایەکی ناوخۆیی و خۆکرد دەور دەگێڕێت. ئەم تێڕوانینە روخساربەندییەکی فەرهەنگی لە زۆربەی کێشەکان دەنوێنێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە فەرهەنگ بە تایبەتمەندیگەلێکی مرۆڤناسانە(anthropological) و نەریتی پێناسە دەکات. هەر بۆیە فەرهەنگ دادەبەزێنێت بە جل­وبەرگ و هەڵپەڕکی و ئاگری نەورۆز و مۆسیقا و فۆلکلۆر و زۆر شتی هاوشێوەی تر و لە بانترین ئاستدا پرسی زمان، دەکاتە پرسی سەرەکی کورد/کوردستان.

پرساژۆکردنی(problematization) فەرهەنگ، تێڕامان لە دۆخێکی مێژوویی تایبەتە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین ئه‌م پرسیارە بورووژێنین كه‌ لە فەزای فکریی کوردستاندا، فەرهەنگ چۆن مانا دەکرێت و ئەم واتابەخشینە دەرهاویشتەی چ هەلومەرجێکی مێژووییە و لە هەمان کاتدا چ دەرئەنجامێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین پرسیار بکەین چۆن لە ڕێگای وێناکردنەوەی فەرهەنگییەوە، دەرفەت بۆ ئیماژکردنی کۆمەڵگایەکی نەریتی دەڕەخسێت؟.

تێڕوانینی تیۆریک

بیرۆکەکانی ئیدوارد سەعید(1992)، مێری پرات(1992)دەیڤید سپر(1993) و ستیوارت هاڵ(2007)دەتوانێت بنەمای تیۆریک و چەمکیانە بۆ شرۆڤە و لێکدانەوەی مژاری ئەم وتارە پێک بێنێت. بیرۆکەی سەرەکی و هاوبەشی ئەم بیرمەندانە لە پێوەندی لەتەک ئەم توێژینەوەدا، تێڕامان لەسەر شێوەی نواندنەوە و ئافراندنی ‘ئەویدی’ لە دەقە خۆرئاواییەکاندایە و بە نێونجی شیکاری وێژمانی(Discourse analysis) هەوڵدەدەن ئەم روانگەیە کە شێوەیەک لەژێردەستکردنی لێدەکەوێتەوە دەربخەن و هەڵیبوەشێننەوە.

لە ڕوانگەی سەعیددا(1992)،”خۆرهەڵات” داهێنراوی خۆرئاواییەکانە،کە لە ڕێگەی خۆرهەڵاتناسییەوە بەرهەمیان هێناوە و وەکو وڵاتێکی خەیاڵاوی، سەیروسەمەرە و ئەفسووناوی نواندوویانە. خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەمە تەنیا نواندنەوە نییە بەڵکو دەبێتە هۆی خولقاندن و داهێنانی خۆرهەڵات. ئەم نواندنە یان بە واتایەکی دورستتر، ئەم خولقاندنە، بە نێونجی زمان و فەرهەنگ بەرهەمدێت. بە بۆچوونی میلز(1997)، بیرمەندگەلێ وەک پیتر هۆلم، سپیڤاک و بابا لە درێژەی بیرۆکەی سەعید و هاوکات بە پێداچوونەوە و ڕەخنە لە بیرۆکەکانی سەعید، زیاتر دەپەرژێنە سەر کارتێکردنی دۆخی کولونیالیزم لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و روخساربەندی وێژمانی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان.

ستیوارت هاڵ(2007)لە کتێبی “رۆژئاوا و ئەوانیتردا’(West and Rest)، ئەم پرسیارە دەوروژێنێت کە بیرۆکەی”رۆژئاوا و ئەوانیتر” چۆن پێکهاتوە و پێوەندی نێوان ئەم دوو جیهانە چۆن وێناکراوە. بە باوەڕی هاڵ، ئەم وێژمانە کولونیالیستییە، جۆرێک “نیزامی نواندنەوە(System of Representation) یان “ڕژیمی حەقیقەت” بنیاتدەنێت و لەسەر بنەمای “بەرنگاری دووانەیی” مسۆگەر دەبێت. هاڵ ڕەسەن و ناڕەسەن کردن بە ستراتیژی کۆلۆنیالیستی خورهەڵات دەناسێت. هەروەها هاڵ بە ستراتیژی ئایدیالیزەکردن و “بەشکۆکردن”ی(glorify)سروشت و کۆمەڵگا غەیری رۆژئاواییەکان ئاماژە دەکات.

یەکێک لەو دەقانەی کە لە بواری ڕەخنەی وێژمانی کولونیالیزمدا نووسراوە، کتێبەکەی دەیڤید سێپر-ە لەژێر ناوی” ڕێتوریکی ئیمپراتووری”(1993)، کە باس لەوە دەکات کە چۆن نووسەرە خۆرئاواییەکان، لە دەقەکانیاندا، لەژێر ڕکێفی بۆچوونە فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیکییەکانیاندا، جیهانی غەیری خۆرئاوایی بەرهەمدەهێنن. بە  باوەڕی سێپر، ئەم دەق و بەرهەمانە، کە خۆی بە ڕێتۆریکی ئیمپراتووری ناویان لێدەبات، زمان یان شێوەیەک لە ئاخافتننە کە زاڵیێتی خۆیان و ژێردەستبوونی ئەویدی بەرهەمدێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە سێ ستراتیژی کەڵک وەردەگرێت کە سەرەکیترینیان، جوانیناسانەکردنی ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەیە.

دەیڤید سێپر روخساربەندییەکی تایبەت لە وێژمانی کولۆنیالیستی دەخاتە بەردەست. لە بیرۆکەی ئەودا، رێتۆریکی ئیمپراتووری، ڕێزمان و شێوەیەک ئاخاوتنە کە جیهانی غەیری خۆرهەڵاتی وەکو” ئەویدی” دەخولقێنێت. هەروەها وەکو زمانێک کاردەکات و ڕێزمانی خۆی بە سەر نووسین و ئاخافتن لەسەر جیهانی غەیری خۆرئاوایییدا دەسەپێنێت و لەم ڕێگەیەوە بە ڕۆژئاواییەکان یارمەتی ئەدەدات بتوانن هەم خۆرهەڵات بە شێوەی دڵخوازی خۆیان بخۆلقێنن و هەم بتوانن پێوەندی ژێردەستی- باڵادەستی و زاڵێتی خۆیان بەرهەم بهێنێتەوە(11 ،1993Spurr,).

لە روانگەیەکی نزیک لە چەمکی “چاوتێبڕینی ئیمپراتووری”( Imperial Gaze)دەیڤێد سێپر، مێری پرات(992) لە کتێبی “چاوەکانی ئیمپراتووری(Imperial Eyes) دەپەرژێتە سەر ئەوەی کە گەشتیارە خۆرئاواییەکان، چۆن لە دەقەکانیاندا، خۆڕهەڵات بەرهەمدێنن و هەوڵدەدات، وێژمانی ئیمپراتووری هەڵبوەشێنێتەوە. لە ڕوانگەی پرات و سێپردا، بەجوانیناسانەکردنی وڵاتی “ئەویدی”، ئەو سەرزەمینە دەکاتە ئامانجی چاوتێبڕین و بینراوکردن و بەم هۆیەوە دەبێتە مژارێک بۆ ئەوەی بخرێتە ژێر ڕکێفەوە.

ستراتیژیی جوانیناسانەکردن بە سێ شێوە بەڕێوە دەچێت: 1- جوانیناسانەکردنی ژیانی ئاسایی ڕۆژانە(Aestheticization of Everyday life)، جوانیناسانەکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی(Aestheticization of Social Reality)و جوانیناسانەکردنی دیمەن و مەڵبەند(Aestheticization of Landscape) کە ئەم سێ شێوەیە سەرەڕای جیاوازییان، پێکەوە پێوەندییان هەیە(کەوسەری و ئەحمەدزادە،2014). جوانیناسانەکردن بە شێوەیەک لە ویناکردن و نواندنەوەی فەرهەنگ و کۆمەڵگایەک ئاماژەدەکات کە لەو  ڕێگەیەوە خەڵکێک دەکرێنە ئاماجی روانینێکی جوانیناسانەوە و وەکو مرۆڤگەلێک سەیروسەمەر، قەشمەری(Grotesque) و جێگای سەیرکردن، وێنا دەکرێن. بەگشتی بە نێونجی ئەم ستراتیژیانە، پێوەندییەکی ژێردەستی- باندەستی بەرهەمدێت.

لە ستراتیژی جوانیناسانەکردنی دۆخی کۆمەڵایەتیدا، بارودۆخی کۆمەڵایەتی کە بە هەموو شێوەیەک بە نابەرابەری و پێوەندییەکانی دەسەڵاتەوە تەنراوە، نەبینراودەکرێت و ئەم دۆخە گشتییە بە گێڕانەوەیەکی جوانیناسانە ئاوەژوودەکرێت. بە واتەیەکی تر، شەڕ، وێرانی، برسیەتی،هەژاری و چەوساندنەوە لە رێگەی زمانەوە، بە شێوەیەکی جوانیناسانە هەڵدەگێردرێتەوە. دەرئەنجامی ئەم رەوتە ئایدۆلۆژیکە ئەوەیە کە واقیعی تاڵی ژیانی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی ژیانی خەڵکێک نادیاردەکرێت و بۆ وێنایەکی جوان دەگۆردرێت((دەبلیۆ ئاڕ. های ،2016؛ هووبارت  1916؛  سيسيل ئێدمۆندز،2004).

دەتوانین “ژنانەکردن”(Feminization) یەکێک لەو ستراتیژیانە ناودێربکەین کە لەو ڕێگایەوە کۆمەڵگای خۆرهەڵات وەک بوونەوەرێکی ژنانە یان مێینە شرۆڤە دەکرێت و ئەو تایبەتمەندییانە کە بۆ ژن پێناسەکراون، وەکو هەستەکیبوون، ناعەقڵانیبوون، پاشکۆبوون و نەبوونی توانای بڕیاڕدان، بۆ پێناسەی خەڵک و کۆمەڵگای خۆرهەڵاتیش بەکاردەھێنن. لە بەرانبەردا، رۆژئاوا دەکرێتە هێمای پیاوانە بوون و وەکو بوونەوەرێکی عەقڵانی، خاوەن بڕیار، بەهێز و خولیای پێشکەوتن دەناسرێت.

بیرمەندەکانی سەر بە ڕێبازی پۆستکولۆنیالیسم، هەروەها ئاماژە بە ستراتیژیگەلێکیتر وەک بەئەهریمەنکردن(Demonization)،بەقوربانیکردن(Victimize)،بەشتکردن(Objectify)،سەیرونائاساییکردن(xoticism) و گەوهەرینکردن(Essentialize) دەکەن. بە گشتی ئاکامی ستراتیژیە وێژمانییەکان، “ئەویدی کردن”، ڕاگرتنی باڵادەستی و هێنانەژێر رکێفی کۆمەڵگا و فەرهەنگەکانی ترە.

بە شێوەیەکی هاوشێوە، واڵتێر بی هەریس(1896)،فرێدریک میلینگن(1870) و فاولێر(1841) لە کتێبەکانیاندا لە ڕوانگەیەکی جوانیناسانەوە، سروشت و لادێیەکانی کورستانیان  وێناکردوە. هەروەها شێری ليزێر (2003) سروشت، ژیانی ئاسایی و جل وبەرگ و شێوەی ژیانی خەڵکیان نواندوەتەوە(کەوسەری و ئەحمەدزادە، 2014). هەر لەم ئاڕاستەیەدا شێری لیزێر(،2003،لە هەریس، 1986)، پرسی کورد وەک سیندرلای بزووتنەوە ئازادیخوازانەکانی جیهانی سێهەم  ناودەبات.

شرۆڤە و لێکدانەوە

وێنای خۆرهەڵاتناسانە و ناوەندگەرایانە لە کورد

خۆرهەڵاتناسان و گەشتیارگەلێک وەک(ڤان بڕوینسێن(2005؛ ئێوبن، 1983؛ مینۆرسکی، 2000؛ نیکیتین، 1987؛ فیفر، 2019؛ بایندر،1991؛ ئؤسکارمان، 2011؛ درێک کینان، ١٣٧٦؛ ئار.هئی، ٢٠١٦؛ ریچ، 2002؛ چریکۆف، 2013؛ نیپور2013؛ چەلەبی 1979)کە هاتوونەتە کوردستان لە گێڕانەوەی خۆیاندا، زیاتر ڕەهەندی مرۆفناسانە و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگای کوردستانیان شرۆڤە کردوە و ئاماژەیان بە بابەتگەلێک وەک سروشتی کوردستان، هەڵسوکەوتی ژنی کورد، جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێی کوردی کردوە. هەروەها بڕێک لە نووسەرانی فارس و کوردیش کە سەبارەت بە کۆمەڵگای کوردستان باسیانکردوە بە هەمان شێوە، ڕواڵەتە فەرهەنگییەکانیان زەق کردوەتەوە(سندی، 2008؛ خەلیقی، ١٩٩٢؛ مستەفا سۆزان کەریم، ٢٠١٩؛ غەفوری، ٢٠١٤؛ئەفخەمی،1984 فەتاح: ٢٠١٩؛ زارعی مێهروەرزو 2000؛ بەسری، ٢٠٠٢،  ئاڕ.هئی، ٢٠١٦ ؛ تەهازادە،2013؛ حوزنی، 1938).

لە نەزمی مەعریفی خۆرهەڵاتناسانەدا، هەڵپەڕکێ، وەکو تایبەتمەندییەکی بەرچاو و ناوازەی فەرهەنگی کوردی دێتە ئەژمار و هەروەها وەکو پێکهاتەی فەرهەنگێکی ژنانە دەخەمڵێنرێت. بەشێکی زۆر لە ناوەڕۆکی ئەو دەقانەی کە لە لایەن خۆرهەڵاتناساکانەوە بەرهەم­هاتوون، زەقکردنەوەی شێوەی پۆشینی جلوبەرگی کوردی و بەکارنەهێنانی ڕووبەند و حیجاب دەبینرێت و ئەم ڕواڵەتەیان بینراوکردوە. کتێبی”کوردستان لە ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسانەوە”، یەکێک لە گرنگرترین توێژینەوەکانە کە نووسەرەکەی، لە ڕوانگەی گەشتیارانی بیانی و ڕۆژاواییەوە زانیارییەکی زۆر لەسەر کار و جوانی و ئاکار و هەڵسوکەوت و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنی کورد لە کۆمەڵگای کوردستاندا باسکردوە(سندی، ٢٠٠٨: ١٤٠-٢٥٢).

بارینگ، پێکهاتەی فەرهەنگی کۆمەڵگای کوردستان، ژنانە دەخەمڵێنێت و لەسەر ئەم بنەمایە، پێیوایە، ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا، پێگەیەکی مەزنی هەیە.بارینگ بۆ بەڵگاندنی بیرۆکەی خۆی، ئیدعادەکات کورد لەو دەگمەن نەتەوانەن کە چەن سەد جۆر سەما(هەڵپەڕکێ) لەنێویاندا هەیە کە ئەمە خۆی لە فەرهەنگە کەوناراکاندا، شێوەیەک لەپێوەندی­گرتنە لەتەک خودا-دایک­دا(14:1991،Baring)هەروەها ئاساتریان پێیوایە، لە ئاینی ئێزەدیدا، کڵێلی دەرگاکانی بەهەشت لە دەستی ژنێکدایە و ئەو داوای لێبوردن بۆ مرۆڤەکان لە بارەگای خودا دەکات(89،2002:Asatrian). ئەم شێوە تێڕوانین و وێناکردنەوانە جیا لە بەجوانیناسانەکردن و بەژنانەکردنی فەرهەنگی کورد و دێرین و کۆن ناساندنی کۆمەڵگای کوردستان، ئەم تایبەتمەندییانە وەک ناسنامەی کۆمەڵگایەکی نەریتی و پێشامۆدێڕن دەخەمڵێنن.

بارینگ(1991) پێیوایە  پێکهاتەی فەرهەنگی کورد. ژنانەیە و ئەم ژنانە بوونە لە تەواو پانتایی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کورددا رەنگی داوەتەوە. بۆ نمونە ئاماژە بە ژمارەی زۆری هەڵپەڕکێ لەنێو کورددا دەکات کە تێیدا ژنان زۆر دەردەکەون و ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بە واتەیەکیتر ژمارە و جۆراوجۆری هەڵپەڕکێ لەنێو کورددا، نە تەنیا ئاماژەیە بە پێگەی ژن لەنێو ئەو کۆمەڵگایەدا، بەڵکو بەڵگەیەکە بۆ ژنانە بوونی ئەو کۆمەڵگایە.

مینۆرسکی لە کتێبی “کورد”دا ڕۆڵ و پێگەی ژن لەنێو کوردستان لە بەراورد لەگەڵ نەتەوە موسڵمانەکانی دیکەدا بەرز دەنرخێنێت (مینورسکی، 2000: 75). جەیمز ڕیچ(2003)، دەبێژێت ژنانی کورد لە سلێمانی، بەبێ ڕوبەند، هەڵدەپەڕین و خۆیان بە خشڵی ژنانە دەڕازاندنەوە. ڤاسیلی نیکیتین (1987) ئاماژە بەوە دەکات کە حیجاب لەنێو ژنانی کورددا باو نەبوە و وەکو ژنانی نەتەوە موسڵمانەکانی تر زۆر پابەند بە “حیجاب” نەبوون. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ژنان ڕوومەتی خۆیان نەدەپۆشاند و لە گەڵ پیاواندا بە تێکڕا هەڵدەپەڕین.

هەروەها بەشێوەیەکی لێکچوو کەسانێک وەک بایندر(1991)، ئایدیافیفێر(2019)، ئۆین(1983)، نیکیتین(1366)،سندی(2008)،مۆرگان(1339)،کینان(2019)، سەبارەت بە ژنانی کورد ئاماژە بە تایبەتمەندیگەلێک وەک جوان و ڕازاوە بوون، دانەپۆشینی ڕوومەت، پابەندنەبوون بە “حیجاب” و لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگامە و بەکارهێنانی خشل وزێڕوزیوکە دەکەن. ئەم شێوە وێناکردنە وێڕای دابەزاندنی دنیای زەینی و عەینی ژنی کورد و هەروەتر کۆمەڵگای کوردستان لە گێڕانەوە و شرۆڤەیەکی مرۆڤناسانەدا بۆ بابەتە ڕواڵەتییەکان، و بەم شێوە  بەرهەمهێنانی سوبژکتێکی کارناڤاڵی، مومکین دەکەن  کە لە دەرئەنجامدا ڕەنج و نابەرابەری ژیانی ژنان و لایەنە مێژوویی و سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردستان نەبینراو دەکەن. هەر لەم ئاراستەیەدا نیپور بە بێ ڕوبەندبوونی ژنانی کورد ئاماژە دەکات(2013: 136).چریکوف، لە کتێبەکەی­دا ئاماژە بە هەڵپەڕکێی ژنان و جلوبەرگی جوانی ژنان دەکات و هەڵپەڕکێی کوردی بە جوانترین سەما لە دونیادا دەزانێت(172:2013). هەروەها ئوسکارمان(2011)، نیکیتین(1987) لەسەر ئەو باوەڕەن کە ژن لە ناوەندی ئەدەبیات و فۆلکلۆر و ئاوازی کوردیدایە.

مارتین وان برۆنسێن لە کتێبێکی خۆی بەناوی ‘ژنانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت”دا(Women of a non-state nation)، دەور و پێگەی ژنانی کورد لە کۆمەڵگای کوردستان دا بەرز دەنرخێنێت(2005: 256-273).سەڕای ئەم ڕوانگەیە، برۆنسێن، بە شێوەیەکی مرۆڤناسسانە، لایەنە جوانیناسانەکانی ژنی کورد دەخەمڵێنێت. هەروەها، وێنەهەڵگرگەلێک وەک ئانتوان سوریوگین(Antoin Sevruguin) لەسەردەمی ناسرەدین شای قاجاردا و عەلیخانی والی، فەرمانڕەوای کوردستانی موکریانی سەردەمی قاجارییەکان، وێنە و ڕەسم گەلێکی زۆریان لەسەر ژیانی ئاسایی خەڵک، خشڵ و جلوبەرگ و زێڕ و زێویکەی ژنان هەڵگرتوە(حسەینی داوەرانی،2014).

خۆرهەڵاتناس و گەشتیارگەلێک وەک (نیکیتین(1987، مینۆڕسکی،2000، ئایدیا فیفێر (1398، بایندر،1370 :193و ئوژن ئوین،1983 :116 بە تێروتەسەلی جلوبەرگ و خشڵی ژنانەیەن بە شێوەیەکی مرۆڤناسانە، وێنایەکی جوانیناسانەیان لێکردوە. شرۆڤەی مۆرگان سەبارەت بە ژنانی ناوچەی سنە، جەستە و جوانی ژن و جلو بەرگی ژنان دەکاتە ئامانجی چاوتێبڕینێکی جوانیناسانە و جەستەمەندی دەکاتەوە. لە گێڕانەوەی مۆرگان دا(1960) ئەم ڕوانگەیە دیارە. “ژنانی دەڤەری سنە، بەڕاستی جوانن و حیجابیان نییە و لە هاوین و زستاندا، جلی کەم لەبەر دەکەن و پۆشاکەکانیان دڕاو و پیسن. لە شوێنی دڕاوی جلەکانیاندا پێستی زۆر سپی و خاڵەکانیان کە بۆ ڕازاندنەوەی خۆیان نەخشێندراوبوون، دیاربوون(مۆرگان، 1960: 22).

بەگشتی دەتوانین بڵێین لە دەرئەنجامی ئەم نەزمە مەعریفیە،خەباتی نەتەوەی کورد لە پێناو دەسەڵات و سەروەری بەسەر خۆیدا کە لەم ڕێگایەدا، تووشی کۆمەڵکوژی و کارەساتگەل جۆراوجۆر هاتوون، نەبینراو دەکرێت و نابێتە هەوێنی هەڵوێستێکی ئەخلاقی و سیاسی و، وەکو چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش دەگێڕدرێتەوە.

لەم توێژینەدا من لەژێر چەمکی”جەستەمەندکردن”دا، ستراتیژییەک بۆ توێژینەوە لەسەر ژێردەستکردن پێناسە دەکەم. لە ستراتیژی بەجەستەییکردندا،فیگوورێکی جەستەمەند لە ژن و پیاوی کورد بە دوو شێوە  و ئاراستەی جیاواز، بەڵام بۆ یەک ئاکام دەسازێنرێت. لەم ستراتیژییەدا پیاوی کورد وەکو مرۆڤێکی زوردار و بەهێز وێنادەکرێت و لە هەمان کاتدا و هەر بەو ئاڕاستەیەدا، ژنی کورد وەک فیگوورێکی جوان و هەڵپەڕکێکەر دەخەمڵێنرێت. وێناکردنی کورد وەکو کۆڵبەر و بەخشینی هێمایەکی کوردانە بە جۆرێک لە سووژەی ژێردەست، دەکرێت وەک نموونەیەک لەم ستراتیژییە ئاماژەی پێبکەین. سترتیژییەک کە کورد و ناکورد لە بەرهەمهێنانیدا دەورێکی هاوبەش دەگێڕن.

لە بەستێنی ئەم ستراتیژیەدایە کە لە هەڵکشان و داکشانی کۆڵبەران لە چیا بەفرگرتوەکاندا، وێنایەکی سوڕئاڵ دەخۆلقێنێت کە کۆڵبەرێکی بەهێز و شکۆدار لە دڵ سروشتێکی جوان و سامداردا، بارێکی قورسی هەڵگرتوە. ئەم ڕێتۆریکە زمانییە، بارودۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆڵبەران و کۆمەڵگا دەشارێتەوە و بەم شێوە دۆخێکی ناجوانیناسیانە بۆ وێنایەکی جوانیناسیانە هەڵدەگێڕێتەوە و ئاوەژوویدەکات. لە بەرهەمهاتنی ئەم ئیماژەدا کورد خۆیشی بەشدارە و لە ڕاستیدا ئەم ستراتیژییە ژێردەستییەی دەروونی کردوەتەوە. بۆ نموونە نەجمەی غوڵامی ئاوازێک بە ناو من ‘کۆڵبەرم’ دەخوێنێت.

وێژمانی فەرهەنگی کورد

لەژێر باندۆڕی نەزمی مەعریفی خٶرهەڵاتناسانە و ناوەندگەرایانەدا، کورد دەکرێتە گەلێکی نەریتی و کۆمەڵگایەکی پێشامۆدێڕن یان ئیتنیک وکەمینەیەکی فەرهەنگی کە خاوەن فەرهەنگێکی جوان، ڕەنگامە، دێرین و نەریتێکی بەهێزن، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە دۆخی مێژوویی کورد وەک پرسی وڵات و سەروەری ناکەن. بە واتایەک کە ریچارد دایێر(1997) دەڵێت لە پێناو بینراوکردنی(visibility) ئەم بابەتانەدا، لایەنە مێژووییەکی نەبینراو(unvisibility) دەکەن. لە هەمان کاتدا وێژمانی کوردیش، تا ڕادەیەک لە بەرانبەریاندا، دەست بە بەرنگاری ناکات، بەڵکو لە ڕێگای دەرونیکردنەوەی ئەو تایبەتمەنییانەوە، ئەو دوو نەزمە مەعریفییە بەرهەمدێنێتەوە. لەم توێژینەوەدا ئاماژە بە چەند تایبەتمەندی وەک ڕەسەنایەتی، ئاوارەتەبوون(exceptionness)، بەنەریتیکردنەوە(retraditionalization)، بەفەرهەنگیکردن(reculturalisation)، جوانیناسانەکردن، مووزەخانەییکردن و کردن بە ئەمرێکی تەماشایی، دەکەین کە دەرئەنجامی ئەو وێژمانەیە. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە دەتوانین لەژێر چەمکی بە بەفەرهەنگیکردندا روخساربەندی بکەین.

بەفەرهەنگیکردنی دۆزی کورد ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک نەتوانیت لە سیاسەتدا جێگای خۆت بکەیتەوە و لە جوگرافیادا سەقامگیر بیت، کۆچ دەکەیت بۆ فەرهەنگ و لە فەرهەنگدا خۆت نیشتەجێدەکەیت. بە واتایەکی­ تر، بەفەرهەنگیکردنی پرسە سەرەکییەکان و دۆزی کورد، دەرئەنجامی داماڵین لە جوگرافیا و سڕینەوە لە سیاسەتە کە تا ڕادەیەکیش ڕادەستکردنی ئەمری سیاسی لێدەکەوێتەوە.

دەسەڵاتە سەردەست و کۆلۆنیالیستییەکان ئاوا دەبێژێن کە “من” بە سەر فەزا-مەڵبەنددا- سەروەری دەکەم و “تۆ” لەم پانتاییەدا دەتوانیت لە هێمنایەتیی دا بژیت و ئەمە بەختەوەری گشتی تێدایە. بە واتایەکی تر هاوکات لەگەڵ داماڵین لە جوگرافیا و سڕینەوە لە سیاسەت، ڕوانگەیەک بە سەرخەڵک و نەتەوە ژێردەستەکاندا دەسەپێنن کە ئێوە دەتوانن بە ڕچاوکردنی هەلومەرجی دیاریکراو، فەرهەنگی خۆتان بپارێزن و چالاکی فەرهەنگی بکەن. ئەم پۆلێنکردنە، جۆرێک لە دابەشکردنی کار یان پانتایی کار و چالاکی لەنێوان فەرهەنگ و مەڵبەند و حکومەتکردندا چێدەکات. ئەم روانگەیە بە واتای پاوانسڕینەوە لە بواری سیاسەت و  پاواندانان لە پانتایی فەرهەنگدایە کە ئاماژە بە داخراوەیی دۆخی سیاسییە کە بە وێناکردنی خۆت لە فەرهەنگدا دەتهەوێت قەرەبووی بکەیتەوە.

پێناسەکردنی فەرهەنگ بە گێڕانەوەیەکی نەریتی، نەریت دەکاتە قەڵایەک کە وەک داڵدە و پەناگەیەک دەور بگێڕێت کە بتوانیت خۆت لە هێرش و تەوژمی هەڕەشەکانی دنیای دەرەوە بپارێزیت. ئەم ستراتیژییە، دەرفەتی بەرەوڕوبوونەوە لە گەڵ دۆخی هەنووکە و پرسە مۆدێڕنەکانی کورد ناڕەخسێنێت.

نەریتخوازی میکانیزمێکی بەرگرییە بو بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیران یان دۆخێکی مێژوویی پرساژۆ کە ترسی مان و نەمان بەسەریدا زاڵە. بەڵام توانای بەرەوڕووبوونەوەیەکی عەقڵانی نییە و دۆخی خۆی لە دونیادا لەبەرچاو ناگرێت و ڕێگەچارەیەکی پاشڤەڕۆیانە دەگرێتە بەر و ناتوانێت بۆ دۆخی ئێستا خۆی تەیاربکات. دەکرێت لایەنی ئایدۆلۆژیکی ئەم ڕەوتە، وەکو کشانەوە و لەسەرخۆکردن شرۆڤەبکرێت.

لە ناخی ئەم وێژمان و روانینە فەرهەنگی و مرۆڤناسانەدایە کە گرنگیدان بە کۆکردنەوەی پەند و بەیت و بالــۆرەکان، خواردنی ڕەســەن و “کوردی” و گەڕان بە شــوێن ئاسەواری کۆن وکوکردنەوەی مەتەل و بەیت و باوەکان  و هەروەها نوسینی فەرهەنگی زارەکی،فەرهەنگی ڕەنگ، فەرهەنگی گیاکان، فەرهەنگی ئامێر و وشە پێوەندیدارەکان بە شێوەی کشتوکاڵی پێشامۆدێڕن و نمونەگەلێکی دیکە لەم چەشنە کە زمانی کوردی و فۆلکلۆری کورد پێکەوەدەبەستن، بەرهەمدێن و بایەخیان پێدەدرێت. لە هەمان کاتدا پاراستنی زمان و ئەم جۆرە بەرهەمانە پێکەوە گرێدەدرێن و ئاوا  گریمانەدەکرێت کە پاراستنی زمانی کوردی و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی وەکو نەریتی کوردی پێکەوە بەستراون و بەم شێوەیە بە ئامانج دەگەن. لەسەر ئەم بناغەیە دەکرێت بەرهەمهاتنی ئەم بەرهەمە زمانییانە لەژێر چەمکی بە  مووزەخانەییکردندا، بخوێنینەوە. بەپێی ئەم وێژمانە لەسەر ئەوەی کە  زمانی کوردی لەبەراورد لەگەڵ زمانە دراوسێکاندا زۆر ڕەسەنترە پێداگریدەکرێت.

فۆلکلۆریزەکردنی فەرهەنگ و ناسنامەی کورد، هاوکات کە هۆکاری “بەئەتنیکیکردنەوە”ی(retraditionalization) کوردی لێدەکەوێتەوە  و لە پێناسەکردنی کورد لەژێر چەمکی مۆدێڕنی نەتەوە ڕێگریدەکات و زاڵیەتیی نەریت قایمتر دەکاتەوە.”بە ناوی فۆلکۆر و پاراســتنی کەلتــووری کوردەواری هەندێک گۆرانی، شــێعر، پەندی پێشینییان، جلوبەرگ، دابونەریت وەک میرات دەمێنێتەوە و ئیســتا دیســان بەرهەمدێتەوە کە خۆیان پێکهاتەکانی ســوڵتە بەرهــەمدەهێننەوە و لەگەڵ بەها مۆدێڕنەکانی کوردایەتیدا ناکۆکن”(ئەردەڵان،2721). بەشێک زۆر لە گۆرانی کوردی کە بە بەژن و باڵای کچ و کیژۆڵە و ژن و بێوەژن و ژنی مێردداردا هەڵگوتراوە تەنیا بۆ بزواندنی چێژی سێکسی پیاوانەیە. بۆیە جیا لەوەی ناتوانین وەکو نەریت بیخوێنینەوە، بەڵکو دەبێ بکرێتە ئامانجی تێڕوانینێکی ڕەخنەگەرانە.

لە دەرئەنجامی دووبارە هێنانە ئارای جلوبەرگی کۆن وەک فەرەنجی و پووزەوانە و خشل و زێڕوزیوکەی کۆنی ژنانە و زیندووکردنەوەی بۆنە کۆن و لەبیرکراوەکان، جوانیناسانە وێناکردنی خۆت لە رێگەی جلوبەرگ و هەڵپەڕکێ و سورشتەوە، سووژەیەکی تەماشایی بەرهەمدێنێت. ئەم نواندنەوانە هاوکات ستراتیژیگەلی بەڕەسەنکردن، جوانیناسانە کردن و مووزەخانەیی کردن لەخۆدەگرن. بۆیە ئوستوورەی شاماران زۆر زەقدەکرێتەوە و دۆزینەوەی ئاسەوارەکانی ئەشکەوتی شانەدەر و فوسیلی بوونەوەری نئاندرتاڵ، نە وەکو بابەتێکی شوێنەوارناسی و زانستی، بەڵکو وەک ئاماژەیەک بە ڕەسەن بوون و دێرین بوونی کورد وەردەگیرێت.

ڕەوتی باوی بەنەریت کردنەوەی فەرهەنگ لە بەشێکی زۆر لە دەرکەوتە فەرهەنگیکاندا خۆی دەردەخات. لەژێر ناوی نەریتدا، ژیانی ئاسایی لادێی و گوندنشینەکان وەک نانکردن و مەڕدۆشین و مەڕ و ماڵات بەخێوکردن و ئاژەڵداری دەکەن بە بابەتێکی جوانیناسانە و لە ڕێگای ئەم نواندن و وێناکردنەوەوە ماک و گەوهەرێک بۆ کورد پێناسەدەکرێت و کۆمەڵگای کوردستان وەکو کۆمەڵگایەکی نەریتی دەئافرێنن.

کاتێک زمان و فەرهەنگێک بە ڕەسەن پێناسە دەکرێت، بەو واتایەیە کە پێویست بە هیچ کارێک نیە تەنیا ئەرکی ئێمە تەنیا پاراستنیەتی هەر بە ئەو شێوەیە کە هەیە و پێویستی بە نۆژەن کردنەوە نییە. هەروا کە فرانتز فانۆن(1963)، ئاماژەدەکات فەرهەنگی نەتەوەیی، فولکلۆر یان پوپولیزمێکی ڕەها نییە کە پێی وایە دەکرێت سروشتی ڕاستەقینەی خەڵک بدۆزرێتەوە. سارۆ ئەردەڵان(2021) پێیوایە بیرۆکەی ڕەسەنایەتی بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ بەها مۆدێڕنەکان ناتەبایە و لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕابردویەکی زێڕین و دێرین، دەیەوێت ناسنامەیەکی نەتەوەیی بنیات بنێت “ناتوانێ لە وشــیاریی نەتەوەیییــەوە بەرەو ســازکردنی وشــیاریی سیاســی و کۆمەڵایەتــی هەنگاوبنێت”.

تایبەتمەندییە پێش مۆدێڕنەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەژێر چەمکی نەریتی کوردی یان ڕەسانەیەتیدا دەکرێت بە ماک و گەوهەری  کوردبوون و کورد بە شێوەیەکی ئاوارتە پێناسەدەکرێت. هەر لەم پێوەندییەدا سارۆ ئەردەڵان(2021)پێیوایە “سیستەمی کۆلۆنیالیســتی هەوڵ دەدات هــاوکات لەگەڵ ئەوەی بەردەوام پرســیارمان لێ بکا کە ئێوە چیتان هەیــە؟ هەندێک لــە تایبەتمەندییە نامۆدێڕنەکانی ڕابردوومان بکا بە تایبەتمەندیی کوردانە و لــەو ڕێگەیانەوە وێنــای کوردێکی ئایدیــال بــە شــێوەیەکی نەریتــی دووپات بکاتەوە”. نەریتخوازی دۆزی کورد دادەبەزێنێتە سەر سیاسەتی شوناس کە دەرنجامی لە بانترین ئاستدا دەبێتە سیاسەتی “بەفەرمیناسین”(recognition) کە ڕێزگرتن لە جیاوازی بەرهەمدێنێت.

لەم بەستێنەدا لە بواری زانستییدا کەسانێک وەک عیرفان مستەفا(2011)کە باوەڕیان بە نەریت یان زەینێکی کوردی هەیە، فرە ئاینی، فرە کولتووری و فرە زاری دەکەنە ماکی کورد بوون و بە پەرتەوازەیی و بێ ناوەندبوونی کورد شەرعیەتدەدەن و تیۆریزەی دەکەن و  سیاسەتێکی نەتەوەیی کە یەکگرتوویی و هێز بەرهەمبهێنێت ناموکین دەکەن. بۆیە سیاسەتی زمانیی کوردیش لە دۆخێکی سروشتی و لەتلەتکراودا دەمێنێتەوە. هەروەها بیرۆکەی کاسانێک وەک حاجیزادە(2019)، هێرش قادری(2022)دەکرێت لەم چوارچێوەدا بخوێنرێتەوە. کێشەی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە کە دۆخی ئێستەی کورد و ئەزموونی کورد لە مۆدێڕنیتە دەکاتە سروشت و دۆخی ئاسایی زەین یان نەریتی کوردی و بەسەر تەواوی مێژووی کورددا بڕەویدەدات. هەڵەیەک کە فۆکۆ(1998)لەژێر چەمکی”هەنووکەگەرایی”دا(presentism)ناوی لێدەبات.

لە ڕابردوودا ڕاگرتن یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوویەکی کۆن. دەبێتە هۆی داکوتان و بەستنەوە بە ڕابردووەوە.”گەڕانەوە بۆ کولتوورێکی بێخەوش، پارێزراو و ڕەســەن لە کوردســتان بــەرەوڕووی چەند کێشــەی ســەرەکی دەبێتــەوە. ســەرەتا وا گریمانــەدەکات کــە کولتووری ئێمە لــە ڕابردوودا بــێ گرێوگۆڵ و یەکدەســت، بــووە، کەواتە دەتوانین بەدۆزینەوە و پاراســتنی، بیکەینە هەوێنێکی هاوبەش بۆ ناسنامەی کوردستانی/کوردی. لە کاتێکدا لە ڕابردوودا ئەم جەوهەرە هارمۆنیکــە نەگــۆڕە نەیدەتوانــی هەبــێت، چونکــە لە بنەڕەتدا حکومــەت، پەروەردە و سیاســەتێکی کولتووریی کــوردی نەبووە تا کولتوورێکی وەها بەرهەمبهێنێت”( ئەردەڵان،2021).

دەرئەنجام

بۆ شڵەژاندن و هەڵوەشاندنەوەی روانین و زانستی باو کە بە سەر  شرۆڤەکردنی پرسەکاندا زاڵە و شێوەیەک لە ئوستوورەسڕینەوە و دژ بە ئاسایی و سورشتی  پێناسەکردنی دۆخێکی مێژوویی، پێویستمان بە دابڕانێکی پرساژۆیە. پرۆبلیماتیزەکردن (پرساژۆکردن) بە واتای نکوولیکردن لە تێگەیشتنی باو و دەرخستنی تاک­ڕەهەندی و نەشیاوبوونیەتی و، هاوکات ڕاگرتنی پرس یان پرسیارەکان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەتی تا بە شێوەیەکی تر روخساربەندی بکرێت. بە زاراوەیەکیتر پرساژۆکردن بە ئەو واتایەیە کە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی لە کات-شوێنێکی تایبەتدا، وەکو دۆخێکی ئاڵۆز، شڵەژاو، کێشەدار و قەیراناوی روخساربەندی بکرێت و هەروەها تێڕامانێکی هزرین و فەلسەفی و ڕەخنەگرانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای دەربازبوون لە ئەم دۆخە پرساژۆیە لەخۆدەگرێت.

بۆ وەدیارخستنی بابەتی نەبینراو پێویستمان بە دابڕانێکە کە بە خوێندنەوەی سیپتۆماتیک مومکین دەبێت. فرۆید(2021) پێی ­وایە خەونەکان، هەر لە خۆیاندا پچڕان و ناتەبایی و خەوشگەلێکیان تێدایە کە ئاماژەیە بە پێکهاتەی نهێنی خەونەکان یان ناخودئاگا. ئاڵتووسێر(1970) چەمکی سیمپتۆماتیک لە بیرۆکەکانی فرۆید-لاکان وەردەگرێت. فرۆید لە ڕاڤەکردنی خەونەکان دا دەپەرژێتە سەر پچڕانەکان، خەوش و ناتەباییەکان و بێواتابوونی ڕواڵەتی خەونەکان. کە ئەمانە دەرخەری پێکهاتەی بنگەهین و شاراوەی رۆیان کە دەبنە هۆی دەرخستنی خەونی ئاشکرا. هەر وا کە لەلای مارکس ژێرخان، خۆی لەسەرخان دا نیشاندەدات. بە ئەم شێوەیە فرۆید دەتوانێت ئەمری نەبینراو کە لە پرۆبلێماتیکی ڕۆنانی خەوندا نەبوو، بە یارمەتی رواڵەتی خەون وەدیاربخات. خەونی شاراوە خۆی لە ڕێگا و بە نێونجی خەونی ئاشکرا نیشاندەدات. هەر لەم چوارچێوەدا دەتوانین بیرۆکەی مارکس سەبارەت بە ژێرخان – سەرخان بخوێنینەوە.

هاوتەریب و یەکگرتوو لەتەک وێژمانی خۆرهەڵاتناسی و ناسیۆنالیزمە زاڵەکاندا­، کە وێنایێکی جوانیناسانەیان لە کورد ئافراندوە، فەزای فکری و فەرهەنگی کوردییش، ئەم ئیماژەی وەرگرتوە و دەروونی کردوەتەوە. هەڵبەت دیارە ئەمە گشت ئەو سووژەسازییە نییە کە لە کورد کراوە و لە هەمان کاتیشدا، کورد وەکو ڕێگر و یاخی و لەم دواییانەدا وەکو تێرۆریست ناسێندراوە، بە هۆی ئەوەی کە بەرهەڵستی نەزمی زاڵی ئەوان بوەتەوە و بەرهەڵستی سووژەسازی ئەوان لە کورد بووە.

لایەنێکی دیکەی سەرقاڵبوون بە فەرهەنگ، بەو  پێناسە و تایبەتمەندیانە کە لە فەرهەنگ کراوە، ئەوەیە کە سەرکوتبوون و ژێردەستبوون بەرهەمدێنێتەوە، یان بە واتایەک کە فۆکۆ دەڵێت لە ڕێگای بەرهەمهێنانەوە و بە شێوەی ئەرێنی سەرکوتدەکرێن نە لە ڕێگای نکوولیکردن و داپڵوساندنەوە. پێداگری لەسەر فەرهەنگ تەنیا ماننەوە وەک ڕەعیەت مومکیندەکات. بۆیە دەوڵەتە سەردەستەکان ڕێگری لە گەشەی فەرهەنگی نەتەوە یان کەمینە ژێردەستەکان لە چوارچێوەیەکی مرۆڤناسانەدا ناکەن و تەنانەت لە بڕێک لە وڵاتاندا وەکو فەرهەنگێکی نەریتی و ڕەسەن ناودێری دەکەن.

هەروەها ئاکامی بەنەریتکردنەوەی فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردستان ئەوەیە کە هەموو خەسار و کێشە کومەڵایەتی و سیاسییەکان، دەگەڕێننەوە سەر نەریتی کۆمەڵگای کوردستان و بە نەریت شرۆڤەی دەکات. وەک کوشتنی ژنان لەژێر ناوی “نامووس”دا. ئەم روانگەیە خۆێندنەوەیەکی مێژوویی دۆخی ئێستا دەخاتە پەراوێزەوە و لەجیاتی ئەوەی خودی نەریت و نەریتخوازی وەک مژارێک بۆ شرۆڤەکردن و لێکۆڵینەوە دەستنیشان بکات، لە جێگای شرۆڤەدەر پێناسەی دەکات.

پێوەندیەکی نێوخۆیی و هاوتا(symmetric) لەنێوان هێز(poweer)،زانست(knowledge)و ڕەهەندی هێمایین دا هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین مرۆڤناسانەکردنی دۆخی کورد بە نێونجی سیاسەتی بەفەرهەنگیکردن و تایبەتمەندییەکانی وەک جوانیناسانەکردن، ڕەسەنکردن و مووزەخانەییکردن لەم سۆنگەیەوە لێکبدەینەوە. لێرەدا باس لە داهێزیایی فەرهەنگی نیە یان ئەوەی کە هیچ دەرکەوتە و جموجوڵێکی فەرهەنگی لە ئارادا نییە، بەڵکو تێڕامانێکی ڕەخنەییە کە ئەم بەرهەمانە چ پێوەندیێکیان لەتەک دۆخی ئێستاماندا هەیە، چۆن بەرەوڕووی هێز و دەسەڵەت دەبێتەوە و ئایا بەرهەمهێنەری دۆخی بندەستییە یان ڕێگای دەربازبوون وێنادەکات؟.

لەژێر باندۆری وێژمانی فەرهەنگیی زاڵدا. هەموو رەهەند و بووارەکانی ژیانی پێش مۆدێڕنی کورد، وەک ماک و گەوهەرێک دەبینرێت و نابێتە مژارێک بۆ تێڕامانێکی مێژوویی و ڕەخنەیی. بە واتایەک مێژووسڕینەوەی لێدەکرێت. لەکاتێک دا ئەو شتانەی کە ئێمە لەژێر ناوی کولتوور و دابونەریت و میراتی کوردەواریدا هەوڵدەدەین وەک خەزێنەیەک نەک ھەر بیپارێزین بەڵکو وەکو دۆخێکی شیاو بۆ ژیانی ئێستامان بەرهەمیبهێنینەوە، لە ڕاستیدا ئەو شتانەیە کە رۆشنبیری کورد دەبێت لە تەقالایێکی ڕەخنەگرانەدا هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەیان بدات. هەروەها بۆ مێژووی هاوچەرخ و بیری سیاسی کوردیش دەبێت ئەم هەوڵە بدرێت.

وێناکردنی کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگێکی ڕەسەن و ناوازە و لەمێژینە، دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ پەراوێزخستن و لەگرنگی­خستنی­ لاوازی و داهێزیایی دۆخی سیاسی و ئابووری. لە کاتێکدا فەرهەنگ بە واتایەکی مۆدێڕن دتوانێت وڵامدەرەوەی هەلومەرجی بەردەوام لەگۆڕانی جیهان بێت. بتوانێت ئافرێنەری واتای ژیان بێت، گەورەیی و ڕێز  ببەخشێت، هێمنایەتی بەرهەمبێنێت و سەروەریت بە سەر خۆتدا مسۆگەر بکات. سووژەی کوردی دەتوانێت بێ پشتبەستن بە نەریت، و بەکەڵکوەرگرتن لە چەمکە مۆدێڕنەکان، دۆخی خۆی لێکبداتەوە و لەسەر دۆزی خۆی بپەیڤێت.

نیشتمان(fatherland) تەنیا پەیوەندی بە دێرین و لەمێژینە بوونی نیشتەجێبوون لە سەر ئاخێکدا و خاوەن فەرهەنگێکی نەریتی و ڕەسەن بوونەوە نییە، بەڵکو دەرنجامی خاوەندارێتی بە سەر خاک و سەروەری بە سەر خۆتدا هەیە. خەڵک دەتوانن بە شێوەی فەرهەنگی بەبێ دەسەڵاتداری و خاوەندارێتی بە سەر مەڵبەنددا، وەک جڤاکێکی مرۆیی بمێننەوە. بە واتایەکی تر ئەگەر فەرهەنگ لە ئاستێکی مرۆڤناسانەدا بمێنێتەوە و خۆی بە قەلەمڕەوەوە نەبەستێتەوە، ڕێگە لە وێناکردنی ناگیردرێت. بەکورتی، هێز شوێنێک دەکات بە نیشتمان یان قەلەمڕەو یان لە قەلەمڕەوبوونی دەیخات. هەروەها خەڵکێک دەتوانن ئەو تێریتۆریە بە داگیرکراو پێناسەبکەن و بۆ بەنیشتمانکردنەوەی خەباتبکەن.

پرۆبلێماتیزەکردنی وێژمانەکان، ئایدۆلۆژیەکان و تیئۆرییەکان لە دۆخی خۆڕاگریدا دەریدەخات کە چی پرۆبلێماتیک بکەین و چ پرۆبلێماتیکێک بونیات بنین. بۆیە تەنیا بزاڤێکی نەزەری نییە و پراکتیسێکی فکری- کرداریشە.گرنگی پرۆبلێماتیزەکردنی وێژمان، روانگەی فەرهەنگی و شێوەی بیرکردنەوەی باو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە راڤەکردن، هاوکات لە ھەناوی خۆیدا گۆڕینی جیهانیش دەگرێتە بەر، بۆیە ڕاڤەکردنی خۆت یان دەبێتە هۆی ئەوەی کە دۆخی بندەستی بگۆڕیت یان دیسانەوە بەرهەمبهێنیتەوە و جۆریک سووژەی بندەست لە خۆت بخۆلقێنیت.

 

سەرچاوەکان

کوردی

ته­ ها زاده، مسعود(2013)جایگاه زنان در جامعة کرد زبان با تأکید بر فرهنگ کار زنان، نشریه موج شماره 6

چریکوف، مسیو(2013)سیاحه­تنامه­ی مسیۆ چریکۆف، وەرگێڕانی سەلاح نساری، چاپی یەکەم، موکریانی، هەولێر

چەلەبی،ئەولیا(1979) کورد له مێژوی دراوسێکانیدا، وەرگێڕانی سەعید ناکام، بەغدا، چاپەمەنی کۆڕی زانیاری کورد

حوزنی حوسین ( 1938) کوردستانی موکوریان یا آتروپاتین، چاپی یەکەم، عێراق

خەلیقی، حوسێن(1992)کۆمەڵناسی کوردەواری، بەرگی یەکەم، بەغدا: چاپەمەنی الحوادث.

ریچ،کلۆدیۆس جیمس(2002)گەشتی ریچ بۆ کوردستان، وەرگێڕان لە عەرەبییەوە بۆ کوردی محەمەد حەمە باقی، هەولێر،چاپەمەنی وەزارەتی پەروەردە

سندی،بەدرخان( 2008) کۆمەڵگای کوردەواری لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسانەوە وەرگێڕانی ئیسماعیل ئیبراهیم سه­عید، چاپپی یه­که­م، چاپخانه­ی خاننی، دهۆک

فەتاح، ماجید خەلیل( 2019) تایبەتمەندییەکانی کوردبوون لە ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵاتی عادیله خان

مستەفا، سۆران کەریم (2019) پێگەی ژنی کورد لە سەرچاوە مێژووییەکاندا.

مستەفا، عیرفان(2011) بوونی نەتەوەیی کورد، چاپخانەی ڕەنج

ئار. های، دابلیو(2016) دوو ساڵ له کوردستان، وەگێڕانی لوقمان باپیرهەولێر چاپخانەی ڕۆژهەڵات

نیپور،کریستیان (2013)سەفەرنامەی نیپوور لە سەدەی هەژدەهەمدا، وەرگێڕانی ئەردەڵان عەبدۆڵڵا، چاپی یەکەم، هەولێر، موکریانی

ئؤسکارمان (2011)، توحفەی موزوفەریە، وەرگێڕانی هێمن موکریانی، چاپخانەی ئاراس، هەولێر

ئەردەڵان، سارۆ(2021)وەهمی ڕەسەنایەتی، ڕامانێک سەبارەت بە بیری کوردایەتیی ڕەخنەگرانە.گۆڤاری تیشک،ژمارەی 59-60

ئینگلیزی

Althusser, Louis (1970), Reading Capital, Translated by. Ben Brewser, Librairie Francois Maspero

Asatrian, G. (2002). “The Holy Brotherhood: The Yezidi Religious Institution of the “Brother” and the “Sister” of the “Next World”. Iran & the Caucasus”, p. 79-96.

Baring, A. and J. Cashford, (1991). “The myth of the goddess: Evolution of an image”. Penguin UK

Dyer,Richard(1997) Withness and Ethnicity in the History of With Ethnics in the United States, in Philomena essed and David Theo Goldberg eds Race Critical Theories, MA. Blackwell,2006

Fanon, Frantz (1963), The Wretched of the arth, tr. Constance Farrington (New York: Grove Press)-,

Foucault, M 1998a. “On the Ways of Writing History”. in James D. Faubion (ed.). The Essential Works: Aesthetics, Method and Epistemology. trans. Robert Hurley and others. New York: The New Press

Fowler, G)1841( Three Years in Persia: With Travelling Adventures in Koordistan. London

Harris W. B)1896( From Batum to Bagdad via Tiflis, Tabriz, and Persian Kurdistan.
Edinburg and London: William Blackwood and Sons

Hubbard, G. E. )1916( From the Gulf to Ararat: an Expedition through Mesopotamia and Kurdistan. Edinburg and London: William Blackwood and Sons.

Millingen, M. F)1870( Wild Life among the Koords. London: Hurst and Blackett
Publishers

Mills, S. )1997( Discourse, London and New York: Routledge

Pratt, M. L)1992( Imperial Eyes: Travel Writing and Transculturation. London: Routledge

Spurr, D) 1993( The Rhetoric of Empire: Colonial Discourse in Journalism, Travel Writing, and Imperial Administration. London: Duke University Press

فارسی

ادموندز، سیسیل جی ( 2004) کُردها، ترکها، عربها، ترجمة ابراهیم یونسی، چ دوم، تهران: روزبهان

افخمی، ابراهیم ( 1985) تاریخ فرهنگ و ادب مُکریان (بوکان،) چ اول، سقز: محمدی

اوبن، اوژن (1983) ایران امروز( خاطرات و سفرنامه)ترجمة علی اصغر سعیدی، چ اول، تهران: زوّار

بایندر، هانری (1991) سفرنامه هانری بایندر در کردستان، بین النهرین و ایران، ترجمة کرامتالله افسر، چ ،1تهران: فرهنگسرا

حاجی زاده، جلال(2019)، مقدمه ای بر کشف ذهن کوردی، مجله گوتارنامه شماره 3

حسینی داورانی، سیدعباس (2014) معرفی آثار و رویکرد عکاسی آنتوان سوروگین از ایران عصر قاجار،»چیدمان،

دمورگان، ژاک (1960) جغرافیای غرب ایران. ترجمة کاظم ودیعی، تبریز: نشر شفق، جلد دوم.

زارعی مهرورز، عباس (1390) بررسی جایگاه سیاسی و اجتماعی زنان ایالت کردستان در آغاز سدة 14 ه.ق/ مجله تحقیقات تاریخ اجتماعی، پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی

سعيد، ادوارد(1992)شرقشناسی. ترجمه ی عبدالرحيم گواهی. تهران: دفتر نشر فرهنگ اسلامی

سلیمی، اسماعیل و همکاران (2020) نقش و جایگاه زنان کرد در در جامعه کردستان با اتکا بر منابع نوشتاری دوران اسلامی، مجموعه مقالات نخستین همایش بین المللی جایگاه زن در تمدن ایران و اسلام

فروید، زیگموند( 2021) تفسیر خواب، ترجمه شیوا رویگردان، انتشارات مرکز، تهران

فیروزمندی، بهمن و رضایی، ایرج (2014) در جستوجوی ردپای زنان مادی در منابع تاریخی و بقایای باستانشناسی،» زن در فرهنگ و هنر، دوره 6 ،شماره 4

فیفر، ایدیا (2019) سفر زنی تنها به کردستان: سفرنامة ایدیا فیفر،» ترجمة مهرداد رامیدی نیا، فصلنامه کشکول س4 ،ش 1

قادری، هیرش(2022)صورت معقول شورشیان نامعقول، بی جا

کوثری، مسعود و احمدزاده مصطفی(2014) زيبايي شناسانه‏كردن‏ ديگري،‏ تحليل ‏رتوريك ‏بازنمايی كردها‏ در‏ ‏ سفرنامه های ‏غربی، مجله مطالعات جامعه شناختی، دوره 21 شماره یک

کینان، درک(2019) کردستان و کوردها، ترجمه ابراهیم یونسی، نشر نگاه، چاپ پنجم، تهران

مینورسکی، ولادیمیر(2000 )کُرد، ترجمة حبیباله تابانی، چ اول، تهران: گستره.

نیکیتین، واسیلی ( 1987) کُرد و کُردستان، ترجمة محمد قاضی، چ دوم، تهران: نیلوفر

هال، استوارت( 2007)اغرب و بقيه: گفتمان و قدرت. ترجمه ی محمود متحد. تهران: نشر آگه

وان برونسن، مارتین (2005) زنان در مقام رهبران سیاسی در تاریخ کرد،» ترجمة حمزه محمدی، شماره57  و56

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پانزده + 20 =

دکمه بازگشت به بالا