بانگەشەی ڕەسەنایەتی جلی کوردی ژنانە؛ جەستە لە ململانێی گوتاری ڕەسەنایەتی کولتووری و ئۆتۆنۆمی

 

داگرتنی PDF

 

پێشەکی

بزووتنەوەی ژینا یەکێک لەو بزووتنەوانەیە لە مێژووی هاوچەرخی خەباتی ئازادیخوازانە لە کوردستان کە پرسی «جەستەی ژن» وەک بابەتێکی سەرەکی دەورووژێنێت. ئەگەرچی بزووتنەوەی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخوازی جیاوازی لە خۆ گرتبوو و ڕەنگە داخوازیی نەتەوەیی بەسەر گوتاری ئەو شۆڕشە دا زاڵ بووبێت، بەڵام زیاتر لە هەموو کاتێکی تر جەستەی ژنی کرد بە بابەتی مشت و مڕی سیاسیی.

سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی پاش سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە ڕوویان داوە، ئەم نووسراوەیە تیشک دەخاتە سەر دیاردەی ڕەسەنایەتی جلی کوردی ژنانە کە بە تایبەت لەم دواییانەدا لە ڕۆژهەڵات پەرەی سەندووە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بوون لەو بابەتانەی کە باس لە ڕەسەن مانەوەی جلی کوردی ژنانە دەکەن، جلی کوردی کۆن بۆوەتە ترێند و هێرش دەکەنە سەر ئەو ژنانەی کە بە «تێک دان» و «ڕووت کردنەوە»ی جلی کوردی، ڕەسەنایەتی جلی کوردییان تووشی قەیران کردووە.

ڕەنگە خوێندنەوە‌یەکی جێندێری لە بزووتنەوەی ژینا کە جەختی لەسەر ئۆتۆنۆمی جەستەیە، لەگەڵ گوتاری ڕەسەنایەتی کە کەڵکەڵەی کۆنتڕۆڵ کردنی جەستەی هەیە، لە دژایەتی دابێت. لەو نووسراوەیە دا من وەک دوو ليکەوتەی بزووتنەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی دەربارەی دەدوێم و ئیستدلالی من ئەوەیە کە بزووتنەوەی ژینا گۆڕانکاری بەسەر تێگەیشتنی مادی و سیمبولیکی ئێمە لە جەستەی ژنی کورد هێنا. ئەگەرچی بزووتنەوەکە نەیتوانی دەستبەجێ هاوکێشەی دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت و لە ژیانی ژنان دا گۆڕانکاری خێرا ساز بکات، بەڵام مانای سیاسی و کولتووری چەسپاو بە چەمکگەلێک وەک جەستەی ژن، شوناسی کورستانی و ئازادی گۆڕیوە و دەگۆڕێ. لە گەرمەی بزووتنەوەکە و پاشانیش، جەستەی ژنان بوو بە گۆڕەپانێک کە تێیدا گوتاری فمنیستی، گوتاری نەتەوەیی و ژنان بۆخۆشیان کەوتنە ململانێ لەسەر چەمکگەلێک وەک «ئۆتۆنۆمی جەستە»، «کوردایەتی» و «نواندنەوەی کولتووری[1]».

لە ڕوانگەی فێمینیزمی پاش-پێکهاتەیی[2] بۆ جەستە و سیاسەتی سیمبۆلیک، هەوڵ دەدەم نیشان بدەم چۆن پاش دابڕانێکی سیمبۆلیک کە بزووتنەوەی ژینا لە گۆڕەپانی جێندێری سازی کرد، ئەو دیاردە بە ڕواڵەت دژ بە یەکانە لە کێبەرکێدان بۆ ئەوەی، جەستەی ژنی کورد پێناسە بکەنەوە.  بە پێی ئەو ڕوانینە جەستەی ژنی کورد نە بەتەنیا جێگای دەربڕینی ناسنامەی کولتووری ڕەسەنە و نە ئۆبژەیەکی ناچالاکە کە مانای سیاسی بەسەر دا بسەپێندرێت؛ بەڵکوو بەستێنێکی کۆمەڵایەتی-سیاسیە کە لەڕێگەی ململانێی جێندێر، شوناسی نەتەوەیی و ئۆتۆنۆمی، بەردەوام ماناکانی بەرهەم دێنەوە و پێناسە دەکرێنەوە. من پێموایە دەکرێت پەرەسەندنی دیاردەگەلێکی لە ڕواڵەت دا دژ بە یەک، وەک هەوڵێک بێت بۆ ئەوەی دیاری بکات جەستەی ژنی کورد پاش بزووتنەوەی ژینا چۆن دەرکەوێت، نوینەری چی بێت و چون شوناسی نەتەوەیی لە خۆ بگرێت.

بەشی یەکەمی وتارەکە بۆ خوێنەری شی دەکاتەوە کە چۆن جەستەیەکی لەوەپێش-سیاسی، دەبێتە هەوێنی داڕشتنەوەی مانای جەستەی ژنی کورد لەبزووتنەوەی ژینادا و بەشی دووهەمی وتارەکە باس لەوە دەکات ئەم ململانە هێماییە چۆن لەگەڵ گوتاری ڕەسەنایەتی کوردایەتی دەکەوێتە خزمەت پیاوسالاری بۆ سازکردنەوەی نەزمێکی جێندێری کە هەوڵ دەدات جەستەی ژن لە پرسێکی سیاسی بە پرسێکی کولتووری دادەبەزێنيت.

 

بزووتنەوەی ژینا؛ دابڕانی هێمایی[3] لە ئاستی جێندێری

گرینگی بزووتنەوەی ژینا لە ئاستی جێندێری نەک لە گشتگیربوونی داخوازییە جێندێرییەکان و وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵ و لە ناکاوی کۆمەڵایەتی لەسەر پرسی جێندێری، بەڵکوو لە ڕێکخستنەوەی جەستەمەندی هێماکان[4] لە سیاسەت دابوو؛ واتە ئەو شێوازەی کە لە ڕێگەی ئەودا مانای جەستەی ژن، شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی دووبارە ڕێک دەخسترێتەوە. خاڵی دەسپێکی بزووتنەوەکە لەوێ ڕایە کە جەستەی ژنێکی کورد لە تاران، و لەلایەن دامەزراوەیەکی دژە کورد بە هۆی شێوازی دەرکەوتن و ناپۆشتەبوونی کەوتۆتە بەر هێرش. ئەو جەستەیە بۆ بە خاک ئەسپاردن هاتەوە سەقز و گۆڕستانی ئایچی بوو بە شوێنی کۆ بوونەوەی خەڵک و ناڕەزایەتی دەربڕین و دواتر ئەم خۆپیشاندانانە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێرانی تەنی. ناڕەزایەتییەک کە لە دەستبەسەرداگرتنی جەستەیەکەوە دەستی پێکرد، بوو بە هەوێنی بزووتنەوەیەکی بەربڵاو کە پرسگەلی داگیرکاری، کۆنتڕۆڵی جێندێری، ئۆنۆتۆمی جەستە، ئازادی و نەتەوەخوازی لە خۆ دەگرت.

بەڵام سیاسی بوونی مەرگی ژینا، تەنیا بە هۆی  ژن بوون یان تووندووتیژی حکوومەتی نەبوو. ئەوەی هێزێکی سیاسیی تایبەتی بە ڕووداوەکە بەخشیوە، تێکهەڵکێشێک لە پەیوەندی مانا جیاوازەکانە، کە لە یەک کاتدا لە سەر جەستەی ژنێکی کورد بە یەک گەیشتن.

لە لایکەوە، ژینا دەکەوێتە ژێر شێوازێک لە کۆنترۆڵی دەوڵەت کە بە تایبەتی ئاراستەی دەرکەوتنی جەستەی ژنان دیاری دەکات. لە لایەکی دیکەوە، قوربانی، ژنێکی کوردە؛ سەربە نەتەوەیەک کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە سەرکوتی حکومەتی و بەرەنگاری دژبە دەسەڵات هەیە. شوێنی ڕووداوەکە تارانە؛ هێمای سیستەمێکی ناوەندگەرای سیاسی-ئابووریی کە مافی نەتەوەیی کوردی زەوت کردووە. بکەری ڕاستەوخۆی ڕووداوەکەش، گەشتی ئیڕشادی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە؛ دامەزراوەیەکی سیاسی-نیزامی کە هێمای سەرکوتی خەڵکی کوردە. لە وەها بەستێنێک دا، جەستەی ژینا دەبێت بە خاڵێک کە کۆنتڕۆڵی جێندەری، توندوتیژیی دەوڵەت و ئەزموونی سیاسیی کورد بە یەک دەگەن و لەسەر یەک کەڵەکە دەبن (١). هەر بۆیە گرنگیی سیاسیی جەستەی ژینا ئەوە نەبوو کە نوێنەرایەتی یەک داخوازی لەوەپێش پێناسەکراوی دەکرد؛ بەڵکو ئەو جەستەیە، لە ساتێکی هەستیاری کۆمەڵایەتی دا پەیوەندی فۆڕمە جیاوازەکانی سەردەستەیی بەیەکەوە لێ کۆ ببۆوە.

لێرەدا گرینگە ڕوونی بکەمەوە کە لە ڕوانگەیەی ئەو نووسراوەیەوە، جەستەی مادی هیچ کات، لەومانایانەی هەڵیدەگرێت جیا نییە. واتە جەستەی ماددی ژینا پێش مەرگیشی هەرجەستەیەکی سیاسی بوو. لە ڕاستی دا یاسای حیجاب لەسەر بنەمای نۆرمگەلێک دامەزراوە کە جەستەی ژنانی پێ ئۆبژەی دەستێوەردانی حکومەتییە. بۆیە ئەو جەستەیە ئەگەر سیاسی نەبووایە، لە سه‌ره‌تاوه نەدەبوو بە ئامانجی هەڵسەنگاندن، پشکنین و دەستێوەردانی دەوڵەت.

بە وتەی جودیت باتلێر[5]، ئەم ڕوانگەیە کە جەستەی مرۆڤ نە بە تەواوی لە بەندیخانەی هێما زمانییەکان دایە ( دێتێرمنیزمی کۆمەڵایەتی[6]) و نە بە شێوازێکی ڕەها ئازادە (ئۆمانیزم[7])، دووانەی جەستەی ماددی/ جەستەی سیمبولیک تێدەپەڕێنێت. باتلێر نکۆڵی لە جەستە مادی ناکات بەڵام پێی وایە  نۆرمە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتییەکان پێش هەبوونی ئەو جەستەیە، چالاکن و پاش ئەوەی جەستە دێتە ساحەتی بوونەوە، دەبێتە بەشێک لە  پرۆسەیەکی بەردەوام  کە مانا و تێگەیشتنی ئێمە لە جەستە ساز دەکەنەوە[8]. کەواتە ئەم نۆرمانه، ماناکان لە دەرەوە سوواری جەستەیەکی لەوەپێش بێلایەن ناکەن؛ بەڵکو لە سەرەتاوە بەشێکن لەو پرۆسەیەی کە جەستە تێدا بە شێوازێکی تایبەت دەبێتە جێی تێگەیشتن[9](٢). ئەم خوێندنەوەیە بۆ جەستە لەو ڕووە گرینگە کە ڕوونی دەکاتەوە جەستەی ژینا تەنها دوای گیانلەدەستدانی نەبووە بابەتێکی سیاسی. بەڵکو هەموو ئەو ڕووداوانەی پێش دەستبەسەرکردنی، پشتیان بە مەیدانێک لە نۆرمە جێندەریی و سیاسییەکان بەستبوو کە لە ڕێگای ئەوانەوە، جەستەی ژینا بۆ دەوڵەت وک شوێنی کۆنتڕۆڵ کردن دەبیندرا. کەڵەکەی ئەو مانا جیاوازانە لە جەستە ژینا دا وایکرد ئەم ڕووداوە لە نموونەیەکی تووندووتیژی حکومەتی تێپەڕێت و ماناگەلێکی زیاتر لە مەرگێکی ئاسایی ساز بکاتەوە. ئەم تایبەتمەندییانەیە کە پێموایە بزووتنەوەی ژینا دەکات بە دابڕانێکی هێمایی کە جەستە و نۆرمە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتییەکان دەکەونە ململانێ بۆ ئەوەی مانا چەسپاوەکان ناڕوون کەن و مەیدانێکی نوێی بەرهەم هێنانی مانا دروست بکەن(٣).

بە واتایەکی دیکە ئەو مانا، پۆلێنبەندی و پەیوەندییانەی لە جەستە دا کەڵەکەیان کردووە و ژیانی سیاسی لەسەر ڕۆنراوە، لە گرێژەنە دەچن و دەترازێن. ئەم دابڕانە هێماییە – کە هاوکات ماددیشە- کێشەکان چارەسەر ناکات؛ بەڵکو مەیدانێکی نوێ دروست دەکات کە تێیدا جەستە بە شێوازێکی چالاک دەکەوێتە مشتومڕ لەگەڵ نۆرمە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پێناسەکردنەوەی بەردەوامی خۆی (٤).

ئەوئیدعایە کە لە بزووتنەوەی ژینا دا جەستەی ژنی کورد هاتە ڕۆژەڤی سیاسییەوە بەو مانایە نییە کە گوایە پەیوەندییە پیاوسالارانەکان دەستبەجێ گۆڕان و ژنان بوون بە هاوبەشی یەکسانی خەباتی سیاسی. لەڕاستیدا، لە ڕۆژهەڵات، بزووتنەوەکە بە شێوەی سەرەکی لەسەر دژایەتی حیجابی زۆرەملێ دانەمەزرابوو. ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو نواندنەوەیەیە کە لە ئاستی نێو-نەتەوەیی فام کراوە و گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی فارس هەوڵ بۆ سەپاندنی دەدات. تەنانەت لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکان، کەمپەینێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڕێکەوت بە نێوی «کێشەی ژنی کورد حیجاب نییە»(٥). هەرچەند من پێموایە ئەم کەمپەینە هەوڵێکی چەوت بوو بۆ جیا کردنەوەی پرسی ژنان لە ڕۆژهەڵات و ناوەندی ئێران کە ئامانجی خۆی نەپێکا و پێشوازییەکی ئەوتۆی لێنەکرا. لە ڕاستیدا باسی حیجاب بەرفراوانتر لە سەرپۆشە و پرسی ئۆتۆنۆمی جەستە و تووندووتیژی جێندێری دەگرێتە خۆی کە کەڵکەڵەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتیشە. ڕەنگە ڕستەی «کێشەی ژنی کورد تەنیا حیجاب نییە» باشتر توانیبای مەبەستی ئەو جیاوازییە بپێکێ. بەڵام لە هەر حاڵ دا ئەوەیکە پرسی حیجاب لە ڕوژهەڵات قورساییەکی ئەوتۆی نەبوو لە خۆپیشاندانەکان، واتای ئەوە نییە کە ئەم باسە نەبووە بە جێی مشت و مڕ و گۆڕانکاری.

ئەوەی ڕوویدا، زۆرتر لێڵ بوونی ئەو پێوەرانە بوو کە سنوورێکی لە نێوان جەستەی مەشرووع و نامەشرووعی ژن دیاری دەکرد. هەروەها  دیاربوونی[10] ژنان بە ڕادەیەکی بەرچاو زۆر بوو. لە گەرمەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکان، ژنان لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا زیاتر دەبیندران و وێنە و ڤیدیۆکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبوونەوە. واتە «جەستەی ژن» بە ڕێژەیەکی بەرچاو نوێنەرایەتی خەباتەکەی دەکرد. بەڵام ئەم دیاربوونانە نیوەچڵ، فرە ڕەهەند و تا ڕادەیەکیش ناکۆک بوون.

ئەو ڤیدئۆیانەی کە لە بزووتنەوەیژینا دا بڵاو دەبوونەوە نموونەگەلێکی ڕوونن بۆ دەرخستنی ئەو ناکۆکی و نیوەچڵ بوونە. لە هەندێک لە ڤیدیۆکاندا، ئەوە پیاوان بوون کە ڤیدئۆکانیان تۆمار دەکرد و دەنگیان لەسەر دادەنا و مانای دیاربوونی ژنانیان بۆ بینەر پێناسە دەکرد. پیاوان ڕۆڵی گێڕانەوەی چیرۆکەکە و پێناسەکردنی واتای دیاربوونی ژنان دەگرنە ئەستۆ. لە یەکێک لەو ڤیدئۆیانەی لە سەردەمی بزووتنەوەکە دا بڵاو بۆوە. ژنێک کە چەن گولەی لەدەستی دا هەڵێناوە لە پشتەوە ڤیدئۆکەی لە لایەن پیاوێکەوە تۆمار دەکرێت[11] کە دەڵيت:«کچی وڵاتی خۆر گولەی خۆت بە گژ خۆت دادەکاتەوە، بە دەنگی خۆی، بە هاواری خۆی، بە بڵێسەی ئاگری شۆڕشی گەشاوەی. دەنگی خۆی بە دژ گولەکەت دا دەکاتەوە. ئەی دیکتاتۆری خوێن مژ، ئەی دیکتاتۆری داگیرکەر. ئەو گولەیەی دەستی ئەو کیژە بە گژ خۆت دا دێتەوە. هەتا ئاخردڵۆپی خوێنمان ئەو ڕێبازە، ئەو دیلانە بەر نادەین.»

پێداگری لەسەر «دەنگی کچی خۆر» لە حاڵێک دا پیاوێک لە حاڵی ڕوونکردنەوەی مانیفێستی شۆڕشەکەدایە، جۆرێک لە ناتەبایی لە نێوان ناوەرۆک و ڕواڵەتی پەیامەکە دەردەخات. جەستەی ژن ڕەنگی هەیە لەو فرەیمە دا بەڵام دەنگی نییە. ئەو نواندنەوەیە نیوەچڵە چون جەستەی ئەو ژنە قسە ناکات بەڵکوو دەنگێک پێناسەی دیاربوونەکەی دەکات. ئەو دەنگە لە جیات ئەو ژنەش قسە ناکات یان هەوڵ نادات ژنەکە بێدەنگ کات بەڵکوو دەنگ و پەیامی خۆی بە نێونجی جەستەی ژن دەردەبڕێت. کەواتە جەستەی ژن نێونجی نواندنەوەیەکی سیاسییە کە ژن ناوەندی بەرخۆدانە. ئەوە بە هیچ شێوازێک بەو واتایە نییە ئەو ژنانەی لە ڤیدئۆکان دا دیار دەبن، بوونەتە ئامرازی ئەو نواندنەوەیە بەڵام شێوازی تۆمار کردنی ڤیدئۆکە پەیامێکی ناتەبا و نیوەچڵی لە دیاربوونی جەستەی ئەو ژنە تێدایە کە بۆتە نوێنەری خەباتەکە.

خۆدی ڤیدئۆکەش نێونجییەکی میدیاییە بۆ نواندنەوەیەکی ناتەواوی/ناکاملی بزووتنەوەکە. واتە ئێمە لەگەڵ هەزاران بەرهەمی دەنگی و ڕەنگی بەرکەوتەمان هەیە کە هەرکامیان نێونجییەکی ناتەواوی بزووتنەوەکەن کە ڕەنگە داخوازی جیاوازیان ببێت. بۆ نموونە کۆمەڵێک ڤیدئۆ بڵاو بوونەوە کە جنێوی سێکسیستی بەرامبەر بە دەسەڵات بەکار دەهات. زمانێک کە تێیدا جەستەی ژن بۆ ئاستی ئۆبژەی سێکسی دادەبەزێنێت، لە دژی سووژە بوونی ژن لە مەیدانی سیاسەت دایە. کەواتە، لە ناوەند بوونی هێمای بەرخۆدانی ژن هاوکات بوو لەگەڵ نواندنەوەیەکی پیاوسالارانەش.

تایبەتمەندیەکی دیکەی بزووتنەوەی ژینا، پەرەسەندنی درووشمی ژن ژیان ئازادی بوو کە هەوڵێکە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی زمانی سیاسی کە تێیدا ژن خاڵی دەسپێکی تەسەورێکی سیاسی نوێیە (٦). ئەگەرچی بە پێی ئەو ڤیدئۆیانەی بەردەستن لە یەکەم چرکە ساتەکانی دەسپێکی ئەو بزووتنەوەیە لە گۆڕستانی ئایچی و دواتر لە خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام ڕێژەی درووشمە نەتەوەییەکان زۆر بەرچاو بوو، بەڵام وێدەچێ بەرجەستەبوونەوەی درووشمی ژن ژیان ئازادی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە هێمای قوربانی ڕووداوەکە کە ژنێکی کورد بوو، هەبێت. ئەوە جێی سەرنجە کە لە جیات ئەوەی نەتەوە یان چین (کە دوو گوتاری بەهێزی بزووتنەوە کانی گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتن) ببن بە خاڵی دەستپێکی تەسەوری سیاسی، «ژن» بوو بە ناوەندی ئەو خەیاڵە(٦). ئەمە بەو مانایە نییە کە پرسی مافخوازی نەتەوەیی یان یەکسانی چینە کۆمەڵایەتییەکان کەوتە پەراوێزەوە؛ بەڵکو بە شێوازێکی گشتگیر پرسی جێندێری هاتە ئاراوە و ئازادی لە ڕێگەی وێنا کردنەوەی ژنەوە دەستی پێکرد بە بەرهەم هێنانەوەی مانا (٧).

نابێت بەو شێوەیە لە دابڕانی هێمایی تێبگەین کە گوایە بزووتنەوەی ژینا مانایەکی یەکگرتوو و ئازادیخوازانەی نوێ بە جەستەی ژنی کوردی بەخشی. ئەوەی ڕوویدا، زیاتر لێڵکردنی مانا چەسپاوەکان بوو. جەستەی ژنی کورد بوو بە خاڵێکی سەرەکی بەرهەم هێنانی مانا، بەڵام ئەو مانایانە جێگیر و یەکدەست نین. لەو بەستێنە دا جەستەی ژن هاوکات توانای هەڵگرتنی مانای ئازادی، بەرخودان، کەرامەتی سیاسی، ناسنامەی کوردایەتی، توندوتیژیی دەوڵەت و بەردەوامی پەیوەندیی پیاوسالارانەی هەبوو. گرنگی بزووتنەوەکە لەوەدایە کە جەستەی ژنی کوردی کرد بە ناوەندی ئەم مانا جیاواز و هەندێک جار ناکۆکانە.

هەرچەندە خۆپیشاندانەکان دواتر کەمبوونەوە و دامەزراوە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوون، بەڵام ئەو مەیدانە سیمبۆلیک و جەستەمەندەی لە ناو بزووتنەوەکەدا درووست بوو لە گۆڕان بەردەوام بوو. جەستەی ژنی کورد بوو بە بابەتێکی سەرەکی لە گوتاری گشتی، میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمهێنانی کولتووری. لەبەر ئەوە، کۆتایی خۆپیشاندانەکان واتای کۆتایی ململانێی سیمبۆلیک-ماددی نەبوو. بەڵکو لەو ساتەوە مەیدانێکی نوێ درووست بووە کە تێیدا گرووپ و گوتارە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن دیاری بکەن جەستەی ئەو ژنەی لە بزووتنەوەی ژینادا بووە بە ناوەندی بەرهەم هێنانەوەی مانا، ئێستا دەبێت چی نوێنەرایەتی بکات. ئەم «ژیانی دوای بزووتنەوە[12]»یە، بنەمای بەشەکانی دواتری ئەم توێژینەوەیە پێکدەهێنێت.

پرسیارێک کە لەو دۆخە سیاسییە ساز دەبێت ئەوەیە لە بزووتنەوە  و ژیانی پاش بزووتنەوە دا، لێڵ بوونی مانا چەسپاوەکان و ئەو  ناکۆکییە هێماییانە‌ی وێنەی ژنی کورد چ لێکەوتەیەکی لە ژیانی ڕۆژانەی ژنان و لە ئاستی کۆمەڵایەتی و مادی هەبووە؟ لە بەستێنی کۆمەڵگا چۆن خۆی نیشان دەدات و بەرکەوتەی ژنان لە ئاستێکی بەرفراواندا لەگەڵ ئەو لێڵ بوونە سیمبۆلیکە چییە؟  لە ڕوانگەی ئەم توێژینەوەیەوە، پەرەسەندنی گوتاری «جلی ڕەسەنی کوردی»،  نموونەی ئەو دابڕانە جەستەمەند[13] و سیمبولیکانەن کە لە بزووتنەوەی ژینا ڕا دەستیان پێ کرد و پاش بزووتنەوەکەش بەردەوام بوون. من وانازانم کە تەنێ دابڕانی سیمبۆلیک لە بزووتنەوەی ژینادا هۆکاری بانگەشە بۆ ڕەسەنایەتی جلی کوردیە، بەڵکو لەم نووسراوەیە هەوڵم ئەوەیە تيگەیشتنێکی جەستەمەند لە ئاخێزی سیمبولیکی ئەو دیاردەیە بخەمە بەردەستی خوێنەر.

 

ڕەسەنایەتی نەتەوەیی و سیاسەتی نواندنەوەی جێندێری

ئەم کراوەیی و لێڵ بوونەی کە لە ژیانی دوای بزووتنەوە بۆ هێمای جەستەی ژنی کورد ساز بوو، لە هەمان کاتدا کە درگای بۆ ئاخافتن سەبارەت بە مافی ئۆتۆنۆمی جەستە کردۆتەوە، هەستێک لە نائارامی و نادیاریشی درووست کردووە (٣). ئەگەر جەستەی ژنی کورد بووبێتە مەیدانی سیمبولیکی بزووتنەوە بۆ ئازادی، ئەوا پرسیارێکی دیکە بە شێوەیەکی سرووشتی سەرهەڵدەدات: کام جەستە شەرعییەتی نوێنەرایەتی کردنی نەتەوەی کوردی هەیە؟ و ئەو جەستەیە دەبێت چۆن دەرکەوێت؟

مشت و مڕ سەبارەت بە «ڕەسەنایەتی» جلی کوردی ژنانە، یەکێک لەو نموونانەیە کە سنوورەکانی نواندنەوەی جەستەی ژنی کوردی، لە ژیانی دوای بزووتنەوە تووشی گۆڕانکاری دەکات.  لە ماوەی چەن ساڵی ڕابردوو، باس و گفتوگۆ دەربارەی جلی ڕەسەنی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گوتاری گشتی زیاد بووە. دەیان و سەدان پۆست لەسەر نیگەرانی بۆ جلی کوردی ژنانە ساز بووە کە سەرکۆنەی ژنانێک دەکەن کە جلە کوردیەکانیان بە شێوازێکی تەسک، تەنک یان ڕووت دیزاین کراوە. ڕەخنەیان لێ دەگیرێ کە وێنەیەکی نەشیاو لە کولتووری کوردی نیشان دەدەن. لە بەرامبەردا، ئەو جلە کوردییە کۆنانە بوونەتەوە مۆد کە کڵاو یان دەسماڵیان لەسەر دایە و پۆشتەن.

لە لاپەڕەیەکی ئینستاگرامی بە ناوی ژیلەمۆ[14] ، خاوەنی لاپەڕەکە کە خۆی وەک مامۆستای زمانی کوردی دەناسێنێت باس لە دەستدرێژی بۆسەر جلی کوردی ژنانە دەکات و دەڵێت[15]:«بۆ ئەو تاقمە بیر و هزر داگیرکراوەی دەفەرموون جل و بەرگ ساڵ بە ساڵ گۆڕانی بەسەر دا دێت و ئەتۆ ڕەخنەکەت بێ جێییە! خۆتان و ویژدانی داگیرکراوتان، ئەو شێوازە دوورینە جلی کوردی جوان کردووە یان دەستدرێژی کردۆتە سەر؟! کە بابەتی کولتووری و نەتەوەیی لە ئارادا بێ، ئیدی جیاوازی بیر و ڕا و دڵخوازە تاکەکەسییەکان و ئەو قۆڕیاتانە بێ واتان! جل و بەرگی نەتەوەییش وەکوو زمان و هەموو بابەتەکانی تر پێناسە و شوناسی ئەو نەتەوەیە و بەزاندنی سنوورەکانی، بە خەیانەت دێتە ئەژمار! هیوادارم بلاگێرەکان قۆڵ لەو بابەتە هەڵماڵن کە بمانهەوێ و نەمانهەوێ خەڵک چاوی لە ژیانی ئەوانە…».

ڕەنگە بۆ ژنانێک، لەبەرکردنی جلی نەریتیی کوردی دەربڕینی پەیوەندییەکی قووڵ بە مێژوو، بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی کوردی بێت. بە تایبەت لە ژینگەیەکدا کە دەوڵەت ساڵانێکی زۆر هەوڵی سڕینەوەی زمان و کولتووری کوردی داوە، پاراستنی نیشانە کولتوورییەکان خۆی دەتوانێت شێوازێک لە بەرخۆدان بێت. بەڵام خوێندنەوەیەکی تۆکمە لە شێوازی جل پۆشین وەک هەموو نواندنەوەیەکی کولتووری دیکە نابێت لە بەستێنی کات و شوێن هەڵکەندرێت. لە ژیانی دوایی بزووتنەوەی ژینا کە ئۆتۆنۆمی جەستە یەکێک لەو باسانە بوو کە بە شێوەیەکی بەرفراوان قسەی لەسەر دەکرا، پەرەسەندنی ترێندێک کە بانگەوازی خۆداپۆشینی ژنان دەکات هەڵکەوت نییە. لە لایەکەوە پەرچەکردارێکە بەو مانا نوێیە لە جەستەی ژنی کورد کە لە حاڵی ساز بوونەوەدایە؛ و لە لایەکی دیکەوە بەرهەم هێنانەوەی هەمان لۆژیکی داگیرکەرە کە «جەستەی ژن» دەکاتە هێمایەکی نیشتمانی. گۆڕان وەک دەستدرێژی و خەیانەت بۆ سەر ئەو جەستەیە لەقەڵەم دەدات و  پاراستنی ئەو پێناسە نەگۆڕانەی پێ ئەرکی نیشتمانییە.

لە پەیجێکی ئینستاگرام بە نێوی بێریوان[16] کە بەردەنگێکی زۆری هەیە، ڤیدئۆیێک کە لەسەر ڕەسەنایەتی جلی کوردی ژنانە قسە دەکات بە جیاوازییەکی بەرچاو لەگەڵ ڤیدئۆکانی دیکە دیتراوە. لە ڤیدئۆکە دا ژنێک کە بە هەمووستانداردەکانی جوانی خۆی ڕازاندۆتەوە و لیباسی کوردی ناوچەی موکریانی لەبەر دایە و جامانەیەکی بەحاڵ بەسەری داداوە، چیرۆکی بووکێک دەگێڕێتەوە کە داوای لێکردووە ئاستەڕێکی تەنک بۆ جلەکەی بەکار ببات. ئەم خاتوونە ئاوا بەردەنگەکانی ئامۆژگاری دەکات[17]:

«کوتم خوشکم ئەوەی تۆ دەفەرمووی بۆ جلی کوردی نابێت. ڤەڵا ئەوانە هی لیباسی عەجەمانە. هی لیباسی فارسییە. تێکەڵاو جلی کوردی ئێمە بێت زۆر عەیبە. لیباسەکە لە ڕەسەنایەتی دەکەوێ……  لە قسان هاوکارەکانم پێیان کوتوم بێ کلاس.. ڤەڵاهی من کلاس لە ڕووت بوونەوە دا نابینم خوشکێ. موشتەریت نەبێ زۆر باشترە تا بێنی شێوازی ئەو جلە کوردیە جوانە بشێوێنی. ڤەڵا لیباسی کوردی ڕەسەنایەتی خۆی لە دەست داوە. ڤەڵا دەبێ ڕایگرین بە هەموومانەوە.»

لە پۆستێکی دیکە دەڵێت[18]:«……کوتم ئەو یەخەیە بۆ جلی کوردی نابێ تەواوی شان و شەپیلکت وەدەر دەکەوێ. ئەوە ئاف شۆڵدێرە بۆ جلی ئوروپایی دەبێت….. بەداخەوەم بۆ ئەو کۆمەڵکایەمان کە زەمانی زوو نوێنەری ژنان حەپسەخانی نەقیب و مەستوورە ئەردەڵان بوون. ئێستاش ئەو شان و پیل داچەقاوانە بوونەتە ڕۆشنبیر و باکلاسەکانمان. ئەی بەداخەوەم بۆ کورد.»

هاوشێوەی ئەم ئامۆژگارییانە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵات لە لایەن دیزاینەرێکی بە نێو بانگی برەندی ئێچ ئێڵ دیزاین لە باشووەی کوردستان دووپات دەبنەوە[19]:«تکایە ئەوانەی کار لەسەر ڕەسەنایەتی جلی کوردی دەکەن فریای جلی ڕۆژهەڵات کەون….. کوا شان و پشتێنەکانتان کوا یەخە پۆشتەکانتان. بەڕاستی کولتووری کوردی شێواندووە. ئەم شان و ملە ڕووتە. ئەمە هیچ سیمایەکی کولتور و ڕەسەنایەتی پێوە نییە. لەسەر حیسابی ڕەسەنایەتی جلی کوردی تازەگەری نا…. تکا دەکەم خانمانی ڕۆژهەڵات….. جلی کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر وێرانە. با بە هانای جلی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە بچین….»

ئەمجار هەڵوێستی لارا دزەیی کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو تۆزێک واوەتریش دەچێت و دەڵێت[20]: «لیباسی کوردی بە پۆشتە بوونەکەیەوە جووانە.» واتە جوانی بە داپۆشاوی گرێ دەدات. ئەو قسەیە کە لە زمانی دیزاینەرێکەوە دەکرێت ئەوەندەی دیکە شەرعیەت بەو گوتارە موحافزە کارانەیە دەدات کە جەستە دەخاتە ژێر کونترۆڵی هەنجارە کۆمەڵایەتییەکان. ئەگەرچی بەستێنی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جیاوازی هەیە، بەڵام بۆ مەبەستی ئەو نووسراوەیە، گرینگی بە ئاستی بڵاو بوونەوەی ئەوپەیامانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵات دەدرێت. لە ڕاستی دا جیا لەوەیکە ئەم پەیامانە لە زمان کێوە کوتراون، کاریگەرییەک کە دەتوانێ لەسەر کۆمەڵگایەکی تر بیبێت جێی سەرنجە. ئەوەیکە بۆ شەرعیەت دان بە گوتاری ڕەسەنایەتی جلی کوردی، قسەی دیزاینێرێکی جل و بەرگی کوردی بە ملوێنان جار بڵاو دەبێتەوەو و وەک بەڵگە دەهێندرێتەوە، نیشان دەدات کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پێناسەکردنی جەستەی مەشرووع و نامەشرووع هەیە.

تاوتوێ سیمبولیکی هەریەک لەو قسانە لە تاقەتی ئەم بابەتە بەدەرە. بەڵام ئەوەی لە هەموویان دا هاوبەشە ئەوەیە کە تەنیا باسی پاراستنی ڕەسەنایەتی جلی کوردی نین، بەڵکوو هەوڵێکن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو جەستانەی کە هەڵیانبژاردووە جلی کوردی ژنانە لەبەر بکەن. لە ڕاستیدا، جل و بەرگ وەک هەمو ئێلێمانێکی کولتووری تابعێکە لە باروودۆخی ئابووری، ڕێژەی بەرهەم هێنان و مەسرەف، چینی کۆمەڵایەتی، ژینگە، پەیوەندی لەگەڵ کولتوورەکانی دیکە، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی لە جەستەی دڵخواز و هتد. بە پێی گۆڕان لە هەر یەک لەو بابەتانە، جل و بەرگی هەموو نەتەوەیەک گۆڕانکاری بەسەر دادێت. ڕەنگە تەنک بوونەوەی قوماشی کەوا و سەڵتە یان کورت بوونەوەی پشتێنەکان (لە ١٠ میترەوە بۆ ٣ میتر) زۆرتر پەیوەندی بە گەرمتربوونی کەش و هەواو و گرانی ئەو بەرهەمانەوە بێت. یان بەکارهێنانی کراسی پڕچین، نیمتەنە[21] یا چەند دەرپێ لەسەر یەک پەیوەندی بە کزی و قەڵەوی و پێوەرەکانی جەستەیەکی جوان لەو سەردەمە دابووبێت.  ئەمە ڕوونە کاتێک درگا بەرەو گۆڕانکاری لە جل و بەرگ دادەخرێت و ڕێی دەستێوەردانی لێ دەگیرێت، چون لەگەل پێداویستی و شێوازی دڵخوازی ئاپۆرەی خەڵک ناگونجێت، دەبێت بە بەرهەمێک کە یا تەنیا لە بۆنەکان دا کەڵکی ليوەردەگیرێت، یان بەرە بەرە وەلا دەندرێت و تەنیا دەبێتە کەرەستەیەک کە لە مووزوخانە و پێشانگاکاندا دەیبینین. ئەمە شتێکە کە ئێستا لە ژێر کاریگەری کۆلۆنیالیسمی ڕۆژئاوایی، بۆ زۆربەی جلو بەرگە نەتەوەییەکان (و تاڕادەیەک جل و بەرگی کوردیش) ڕووی داوە.  بەڵام ئەوەی بۆ ئەم وتارە جێی سەرنجە ئەوەیە کە  لە ژیانی پاش بزووتنەوە ی ژینا، چاوەڕوانی لە نەگۆڕ مانەوەی جلی کوردی ژنانە چ مانایەکی هەیە، لە کام گوتار دا جێدەگرێت و چ لێکەوتەگەلێکی دەبێت؟

لە پرسی جەستە دا پیاوسالاری هەمووکات هێزێکی دیاریکەرە  بۆ سنوودار کردنی هێما چەسپاوەکان کە بۆ ئەو مەبەستە، دەستەو دامێنی پێکهاتە کولتوورییەکان دەبێت. بەڵام ئەو ڕوانینە بۆ کولتوور کە بۆ پێناسە کردنی کوردبوون لە جەوهەرێکی نەگۆڕ لە ڕابردوودا دەگەڕێت بۆ ئەوەی وەک میراتی کورد و کوردستان لە ئێستادا بەکاری بێنێت، شتێک جگە لە وەهمی ڕەسەنایەتی کولتوری کوردی نییە. خۆی هەوڵ بۆ یەکسانسازی بە ناوی ڕەسەنایەتی و گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی ڕابردوو کەرەستەی سەردەمی مۆدێڕنە بۆ ساز کردنی نەزمی نوێ لە ئاستی کولتوری و سیاسی (٨). چاوەڕوانی ڕەسەنایەتی لە نواندنەوەی جلی کوردی ژنانە زیاتر لە هەوڵی پیاوسالاری مودێڕن بۆ دووبارە ڕێک خستنەوەی نەزمی جێندێری و کۆنتڕۆڵ کردنی جەستەی ژنان دەچێت کە لە پشت گوتارێکی چەقبەستووی کولتووری یەکسانساز خۆی شاردۆتەوە.

لە ڕاستیدا گوتاری ڕەسەنایەتی کولتووری بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی هاسانتری جەستە، لەسەر لۆژیکێکی «هەڵاواردن[22]» و «نەگۆڕ بوون»، شوناس پێناسە وپۆلێنبەندی دەکات.

لەو گوتارە دا شوناس جەوهەرێکی نەگۆڕی هەیە. مرۆڤی کورد تەنیا بە شێوازێکی پاشڤەڕۆیانە بۆی هەیە کورد بێت و ئەم جۆرە کوردبوونەش لە ئەزەلەوە هەر وا بووە و ناگۆڕێت[23] .هێماکان بەشێوەیەکی زاتی بەم جەستە کوردە چەسپاون و ئەرکی نەتەوەیی پاراستن و بەرهەم هێنانەوەی ئەو پێناسە نەگۆڕە لە کورد بوونە.  بە تێکەڵ بوونی مێکانیزمە پیاوسالارانەکان لەگەڵ ئەم گوتارە، ئەم مرۆڤە کوردە تەنیا بۆی هەیە ژن یا پیاو بێت و پێناسەی ژن یان پیاوی کوردیش بە هەمان شێوە نەگۆڕ و زاتییە. کەواتە پیاوسالاری وەک هیزێکی دیاریکەر، بۆ هەژمون کردنی ئەو پێناسانە، لەگەڵ گوتاری ڕەسەنایەتی کوردی یەک دەگرنەوە. هەر بۆیە  ئەو هەستیارییەی لەسەر گۆڕانی جل و بەرگی ژنان ساز بووە کە کەمپەینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ وەڕێدەخرێت، هەرگیز لەسەر جل و بەرگی پیاوانە نابیندرێت. ئەمە لە حاڵێک دایە کە جل و بەرگی کوردی و شێوازی دەرکەوتنی پیاوانیش بەردەوام گۆڕانکاری بەسەر هاتووە. واتە ئەگەرچی گوتاری ڕەسەنایەتی  تەرکیزی لەسەر نەگۆڕبوونی شوناسی کوردبوونە، لەسەرهەموو جەستە کوردەکان بە ڕادەیەکی یەکسان کاریگەری نییە و وەک یەک ئاوڕیان لێناداتەوە. هەربۆیەش لەم نموونەیە دا، جەستەی ژنی کوردە کەدەبێتە ئامرازی نواندنەوەی شکۆی نەتەوەیی و بانگەشەی ڕەسەنایەتی بۆ دەکرێت.

لە هەمان کات دا، گوتاری ڕەسەنایەتی کولتووری بە پێی لۆژیکی هەڵاواردن، شوناسی نەتەوەیی وەک کورد/ناکورد پۆلێنبەندی دەکات. تەنیا جەستەگەلێک لە بازنەی کوردبوون دا فام دەکرێن[24] و دەناسرێنەوە[25] کە ڕەسەن بن. ڕەسەن بوون لەم پێناسەیە دا، ئاراستەیەکی پاشڤەڕۆیانە و نەگۆڕی هەیە. لێرەدا ڕەسەن بە واتای شوناسێکی نەتەوەیی بێگەردە کە هیچی تێکەڵ نەبووە و لە ڕووی مێژووییەوە یەکپارچە و بەڕەچەڵەکە. هەربەو پێیە، تەنیا جەستەیەکی ڕەسەن  شەرعیەتی دەرکەوتن و نوێنەرایەتی نەتەوەی کوردی هەیە، واتە کورد بوون و ڕەسەن بوون بەیەک مانا بەکار دەچن. هەر جەستەیەک لەو پێوەرانە لایدا، ناڕەسەنە و لە بازنەی کوردایەتی وەدەر دەندرێ. ئەو پۆلێنبەندییە بەردەوامە کە جولیا کریستیڤا[26] وەک ماتریکسی هەڵاواردن ناوی لێدەبات(٩)، وادەکات دووانەی ڕەسەن/ناڕەسەن بە سانایی ببێتە پێوەرێک بۆ پەراوێز خستن و لە کوردایەتی خستنی  هەموو ئەو جەستانەی  لە بازنەی ڕەسەن بوون لایانداوە. واتە هەر ژنێکی کورد لەو سنوورە دیاری کراوانەی دیاربوونێکی ڕەسەن لابدات، لە کوردبوون دەشۆرێتەوە. گوایە تەنیا یەک پێناسە لە ژنی کورد بوون هەیە و ئەویش هەڵگرتنی هێما نەتەوەییەکانە بە پێوەرێکی تایبەت. ئیتر ئەزموونی ژیان لە جەرگەی ستەمی نەتەوەیی و جێندێری کە هوشیارییەکی سیاسی تایبەتی بە ژنی کورد بەخشیوە، مادام لەگەڵ ئەو هێما تایبەتە نەتەوەییانە نەبيت، کوردانە لە قەڵەم نادرێت.

ئەم خوێندنەوەیە بۆ شوناس لەگەڵ تایبەتمەندی داینامیک، سەیال و ئینترسێکشناڵی شوناسی مرۆڤ لە سەردەمی ئێستادا یەک ناگرێتەوە و بازنەی ڕەنگاوڕەنگی شوناس بەڕادەیەکی بەرچاو بەرتەسک دەکات. گوتاری ڕەسەنایەتی بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جەستە، سنووری شوناسە جیاوازەکان دیاری بکات و جیا جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکات. ئەمە بە پێچەوانەی واقعی ژیانی مرۆڤی ئەو سەردەمەیە کە هاوکات هەڵگری چەندین شواناسی جیاوازە. گوتاری نەگۆڕ بوونی شوناس جیا لە مامەڵەیەکی نابەرابەری جێندێری، هەروەها خەباتی سیاسی بۆ گۆڕانی دۆخی هەنووکە بێ مانا دەکات. ئەگەر ئەو شوناسە نەتەوەییە نەگۆڕ و زاتییە و گۆڕانکارییەکانی دونیا هیچ کاریگەرییەکی نابێ لەسر دابنێت، کەواتە بزووتنەوەی سیاسی بۆ چی دەکرێت؟ ڕەنگە ئەو پرسیارە ساز بێت کە ئەگەر وەک چەمکێکی دایمە لە گۆڕان بۆ شوناس بڕوانین، هیچ کات ناتوانین لەسەر بنەمایەکی قایم داکۆکی بۆ داخوازیەکانمان بکەین. بۆ نموونە، ئەگەر شوناسی کورد بوون یان ژن بوون دایمە لە گۆڕان دابێت، ئەوە هەرگیز نازانین ئاراستەی داکۆکی کردن و خەبات لە بەرژەوەندی کام مرۆڤی کورد یان ژنی کورد دایە. لە ڕاستیدا سیاسەتی شوناس کە جۆرێک لە سنووردار کردن و پۆلێنبەندی شوناسی نەتەوەیی و جێنديری بەدواوەیە دەتوانێ بەسوود بێت و بۆ پەرەدانی داخوازی یەکگرتوو و بزووتنەوەی یەکانگیری کۆمەڵایەتی یارمەتیمان بدات. بەڵام، بە وتەوی باتلێر لەگەڵ ئەوەی دان بە گرینگی سیاسەتی شوناس لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی دادەنێین، دەبێ ئاگادارئ ئەوەبین، نۆرمە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتییان هەرگیز ناتوانن سنووری ڕوون بۆ ئەو پۆلێنبەندییانە دیاری بکەن (وەک پۆلێنبەندی ژن/نا ژن، ژن/پیاو و کورد/ناکورد، ڕەسەن/ناڕەسەن). بۆیە دەبێت بەردەوام بەسەر ئەو پێناسانە دا بچینەوە، ناجێگیریان بکەین و وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە ئەو شوناسەی داکۆکی بۆ دەکەین دەتوانێ پێناسەگەلی جیاواز لە خۆ بگرێت[27](٢).

مادام بڕیار نەبێ ئەم پێناسانە پێداچوونەوەی بەسەردابکرێت، بزووتنەوەی سیاسی تەنیا بۆ گۆڕینی دەسەڵات و جێگیر کردنی دەسەڵاتێکی تر بە هەمان لۆژیکی داگیرکەرە کە ئاوڕ لە بنچینەکانی نایەکسانی کۆمەڵایەتی ناداتەوە و تەنیا کەڵکەڵەی ڕاگرتنی دەسەڵاتی دەبێت.

زیانێکی دیکەی ئەو گوتارە بە کولتووری کردنی پرسی نەتەوەیی (٨) و پرسی جێندێرییە کە وادەکات ئامانجی سیاسی بزر بێ و وا نیشان دەدرێ چالاکیی کولتووری دەتوانێ جێی بزووتنەوەیەکی یەکانگیر دژ بە هەموو فۆڕمەکانی ستەم بگرێتەوە. واتە ئۆتۆنۆمی جەستە و هەموو فۆرمەکانی تووندووتیژی دژی ژنان کە بە شێوازێکی بنەڕەتی دەبێ لە سیاسەت دا داکۆکی بۆ بکريت لە پرسێکی سیاسی دادەماڵدرێ و  جەستە دەبێت بە شوێنی نواندنەوەی هێما نەتەوەییەکان. بەڵام کامانە هێمای نەتەوەیی؟ کاتێک ڕەسەنایەتی کوردی بە چۆن دەرکەوتنی ژنان گرێ دەدرێت، جەستەی ژنی کورد جارێکی دیکە دەبێتە بارهەڵگری ئەخلاق و ناسنامەی نەتەوە. پرسی جەستە دەبێ بە پرسی شەرەف و شەرعییەتی کولتووری و ژنان وەک نوێنەران و هێمای نەتەوە دەبیندرێن (١٠). کەواتە بە کولتووری کردنی ڕەسەنایەتی تەکنەلۆژیایەکی کۆنترۆڵی جەستەیە کە بەتەمایە ئەو دابڕانە سیمبولیکەی کە بزووتنەوەی ژینا درووستی کرد بۆ لایەک ڕاکێشێت کە جەستەی ژنی کورد نوێنەرێکی نەتەوەییە.

 

کۆتایی

ئەم نووسراوەیە هەوڵی دا نیشان بدات کە گرنگترین لێکەوتەی بزووتنەوەی ژینا لەسەر پرسی جێندێر لەو دابڕانە سیمبۆلیکەدایە کە لە مانای جەستەی ژنی کورد دا ساز کرد. ئەگەرچی هاوکێشەی دەسەڵات نەگۆڕدرا و سەرکوت، ئێعدام، دەستبەسەرکردن و دیسیپلینکردنی جەستەی کورد بەردەوام بوو، بەڵام جەستەی ژنی کورد هاتە ناوەندی تەسەوری سیاسی. ئەو جەستەیە بوو بە شوێنێک بۆ بەرهەمهێنانی مانا، بۆ کێبەرکێی گوتارە جیاوازەکان و بۆ خەبات لەسەر پێناسەکردنی ئازادی، کوردبوون و ئۆتۆنۆمی جەستە.

بە پشت بەستن بەو نموونە ڤیدئۆیانەی کە بەردەنگێکی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو، هەوڵم دا ئەو دژبەیەکیانە نیشان بدەم کە جەستەی ژنی کوردی کرد بە ناوەندی بەرهەم هێنانەوەی مانا. هەروەها  پەرەسەندنی گوتاری ڕەسەنایەتی جلی کوردی ژنانەم وەک دەرکەوتەیەکی عەینی لەو دابڕانە سیمبولیکەی جەستەی ژنی کورد پاش بزووتنەوەی ژینا تاوتوێ کرد.

ئەم نووسراوەیە ئیستدلال ناکات دژی جلی کوردی یان پاراستنی کولتوورە، بەڵکو دژی ئەو گوتارەیە کە بە ناوی ڕەسەنایەتی هەوڵ دەدات مانای جەستەی ژنی کورد جێگیر بکات. لە ژیانی دوای بزووتنەوە، ئەم گوتارە جەستەی ژنی کورد دووبارە دەکات بە هەڵگری شەرەف، ئەخلاق و نوێنەرایەتیی نەتەوە. بەم شێوەیە، ئۆتۆنۆمی جەستە و پرسی جێندەر لە پرسێکی سیاسی کورت دەبنەوە بۆ پرسی نواندنەوەی کولتووری. ئیتر ئەوە کە ژنان وەک بکەری چالاک، چییان دەوێت کەڵکەڵە نییە؛ بەڵکو ئەوەی کە ژنی کورد دەبێت چۆن دەرکەوێت تا شەرعییەتی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کوردی هەبێت گرینگی هەیە. کەواتە گوتاری ڕەسەنایەتی زیاتر لەوەی هەوڵێک بێت بۆ پاراستنی کولتوور، هەوڵێکە بۆ داخستنی ئەو کراوەییە سیمبۆلیکەی کە بزووتنەوەی ژینا درووستی کرد.

گرنگترین میراتی بزووتنەوەی ژینا لەوەدا نییە کە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی بۆ پرسی جەستەی ژنی کوردی خستبێتە بەردەست. بە پێچەوانەوە، گرنگیی مێژوویی ئەو بزووتنەوەیە لەوەدایە کە ئەم جەستەیەی کرد بە مەیدانێکی کراوەی ململانێ، کە هێشتا دەسەڵات، ناسیۆنالیزم، پیاوسالاری و خودی ژنان لەسەر ماناکەی کێبەرکێ دەکەن.

 

سەرچاوەکان

حاتمی، ف. ، (١٤٠١). هویت مثلە شدە و ماتریس استعمار. نقد اقتصاد سیاسی

Butler, J. (1993). Bodies that matter: On the discursive limits of “sex.” Routledge.

Turner, Victor. 1974. Dramas, Fields, and Metaphors: Symbolic Action in Human Society. Ithaca, NY: Cornell University Press.

Sewell, W. H., Jr. (2005). Logics of history: Social theory and social transformation. University of Chicago Press.

حاتمی،ف. ، (١٤٠٤). میدان مقاومت و مرزهای ناممکن: تاملی انتقادی بر یادداشت «بحران سیاسی سازی امر خصوصی، در آینەیی سیاست پسا ژن ، ژیان آزادی در کردستان» .گۆڤاری کۆمار

رستم پور، س.،(١٤٠٤). بحران سیاسی‌سازی امر «خصوصی»؛ در آیینه‌ی سیاست پسا«ژن ژیان ئازادی» در کُردستان. گۆڤاری کۆمار

Ghaderi, F. (2023). Jin, Jiyan, Azadi and the historical erasure of Kurds. International Journal of Middle East Studies, 55(4), 718–723. https://doi.org/10.1017/S002074382300137X

ئەردەڵان، س. (٢٠٢١)، وەهمی ڕەسەنایەتی؛ ڕامانێک سەبارەت بە کوردایەتی ڕەخنەگرانە. گۆڤاری تیشک

Kristeva, J. (2024).Powers of horror (p. 140). New York: Columbia University Press.

Yuval-Davis, N. (1997). Gender & nation.

[1] Cultural representation

[2] Post structuralism

[3] Symbolic rupture

[4] Embodied regulation of symbols

[5] Judith Butler

[6] Social determinism

[7] Humanism

[8] باتلێر بە‌م پرۆسەیە دەڵێت ماددی-بوون یان مەتریالیزەیشن. ماددیبوون ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەکی بەردەوام کە نۆرمە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتییەکان تێگەیشتنی ئێمە لە جەستە ساز دەکەن و وادەکەن شێوازگەلێکی تایبەت لە دەرکەوتن و پۆلێنکردن بە تەواوی سرووشتی بنوێنن. واتە پۆلێنبەندی ژن/پیاو، ژنانە/پیاوانە، شێوازی پەسندی دەرکەوتنی جەستە، بە ڕادەیەک دووپات دەبنەوە و ئەوەندە لە گوێمان دەخوێندرێن کە وەک دیاردەگەلێکی سرووشتی و نەگۆڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین ئەم چەمکە لە بەشەکانی دیکەی ئەو نووسراوەیە کە باس لە ڕەسەنایەتی و نەگۆڕ بوونی شوناس دەکرێت زۆرتر شی دەکەمەوە.

[9] Intelligibility

[10] Visibility

[11]https://www.instagram.com/reel/ClIDN8LoC21/?igsh=MTFtNTFuZGJmNzV1NA==

[12] ژیانی دوای بزووتنەوە بە مانای دیاری کردنی خاڵێکی دەسپێک و کۆتایی بۆ بزووتنەوەکە نییە بەڵکوو زۆرتر دەپەرژێتە ڕووداوەکانی پاش خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام و هەر ئەو جۆرەی کە نووسراوەکە ئیستدلال دەکات ئەم بزووتنەوەیە لە درێژەی خەباتی سیاسی کوردستان دەبیندرێت و گۆڕانکارییەکان پاش کەمتر بوونەوەی خۆپیشاندانەکان هەر بەردەوام دەبن.

[13] Embodied

[14]https://www.instagram.com/kurdish_college_jilemo?igsh=Y2FzdHI4bWVkNnV0

[15]https://www.instagram.com/s/aGlnaGxpZ2h0OjE3OTA0NTYzODczODg3NjQ4?igsh=NmkwN3hxbm5oaWp6

[16] https://www.instagram.com/berivan.tailoring?igsh=aGJtMHB2ejZwdWFk

[17] https://www.instagram.com/reel/DMItS1XMCoH/?igsh=MTNtbjc1NWhoeTFhMw==

[18] https://www.instagram.com/reel/DZ2juFRMZJv/?igsh=ZjQ0aWd4cWg4NmZx

[19]https://www.instagram.com/reel/DPvmLjgjX2R/?igsh=MXM0ZDdrdmJvYjc3Zw==

[20]https://www.instagram.com/s/aGlnaGxpZ2h0OjE3OTA0NTYzODczODg3NjQ4?story_media_id=3254167920856635489&igsh=NmkwN3hxbm5oaWp6

[21] لە ناوچەی موکریان نیمتەنە بە جلێکی کورتی ژێر دەرپێیان دەڵێن کە لە لۆکە پێکدەهات و  نێو قەد و سمتی گەورەتر  نیشان دەدا و هەروەها پشتێنی  باشتر لەسەر ڕادەوەستا.

[22] Exclusion

[23] Essentialism

[24] Intelligibility

[25] Recognizability

[26] Julia Kristeva

[27] باتلێر بەم پرۆسەیە دەڵێت Disidentification

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

7 − شش =

دکمه بازگشت به بالا